ما 6256 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە فارسییەوە: محەمەد محەمەدمرادی

مارکس نە تیۆرییەکی سیستماتیکی دەربارەی پرسی نەتەوەیی بە دەستەوە دا، نە پێناسەیەکی ڕوون لە چەمکی «نەتەوە» و نە ستراتیژییەکی گشتیی لەم بوارەدا بۆ پڕۆڵتاریا دەستنیشان کرد. وتارەکانی دەربارەی ئەم بابەتە بە گشتی کۆمەڵێ بەیانی سیاسی بوون پێوەندیدار بە نموونەگەلێکی تایبەتەوە. 

 

مارکسیستەکان و پرسی نەتەوەیی (١)                    

میشێل لۆوی
لە فارسییەوە: محەمەد محەمەدمرادی

مەبەست لە نووسینی ئەم وتارە، تاوتوێکردنی چەند ڕەهەندی گرنگی تیۆریک و مێتۆدیکی باسی کلاسیکی مارکسیستی دەربارەی پرسی نەتەوەییە. ئەم باسە بە هەڵوێستگەلێکی تاڕادەیەک ناڕوونەوە دەستی پێکرد کە مارکس و ئەنگێلس لە بەرهەمەکانی خۆیاندا گرتبوویان و دواتر پێش جەنگی جیهانیی یەکەم بە تەواوی هێزەوە لە ئینتێرناسیۆناڵی دووەمدا پەیشوێن گیرا و بە تیۆریی واقیعگەرایانەی «مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان» کە لێنین فۆرمولەی کردبوو، کۆتایی هات.

مارکس و ئەنگێلس: ناسیۆنالیتی و ئینتێرناسیۆنالیزم

مارکس نە تیۆرییەکی سیستماتیکی دەربارەی پرسی نەتەوەیی بە دەستەوە دا، نە پێناسەیەکی ڕوون لە چەمکی «نەتەوە» و نە ستراتیژییەکی گشتیی لەم بوارەدا بۆ پڕۆڵتاریا دەستنیشان کرد. وتارەکانی مارکس دەربارەی ئەم بابەتە بە گشتی کۆمەڵێ بەیانی سیاسی بوون پێوەندیدار بە نموونەگەلێکی تایبەتەوە. تا ئەو شوێنەی پێوەندیی بە تێکستگەلی «تیۆریتیکاڵ»ەوە هەیە، بەناوبانگترین و بەبڕشتترینیان بێگومان چەند بەشێکی تاڕادەیەک ئاڵۆزە لە «مانیفێست»دا کە  تایبەتن بە کۆمۆنیستەکان و نەتەوە. ئەم بەشانە لەو ڕووەوە کە بەشێوەی سازشهەڵنەگر و پێداگرانە ماهیەتی ئینتێرناسیۆنالیستیی بزووتنەوەی پڕۆلتێری نیشان دەدەن خاوەنی بەهای مێژوویین بەڵام هەمیشە بێبەری نین لە ئێکۆنۆمیزم و گەشبینییەکی ئێجگار سەرسووڕهێنەر بەنیسبەت ڕۆڵی تیجارەتی ئازادەوە. دەتوانی ئەم خاڵە بەتایبەتی لەم پێشبینییەدا بەدی بکەیت، کە بەپێی ئەوە پڕۆڵتاریای سەرکەوتوو تەنها ئەرکی لەناوبردنی بەیەکناکۆکی و ئانتاگۆنیزمە نەتەوەییەکانی لەسەر شان دەبێت کە بە «گەشەکردنی بورژوازی، تیجارەتی ئازاد و بازاڕی جیهانی و هتد»ەوە دەستی پێکردبوو. سەرەڕای ئەمە، ئەم ئایدیا لە تێکستگەلێکی دیکەی هەر ئەو دەورانەدا ڕەت دەکرێتەوە. مارکس لەم تێکستانەدا جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە کە «لەحاڵێکدا کە بورژوازیی هەر نەتەوەیەک هێشتا پارێزگاری لە بەرژەوەندیگەلی نەتەوەیی لێکجیا دەکات پیشەسازیی گەورە چینێکی خولقاندووە کە لە هەموو ناسیۆنالیتییەکاندا بەرژەوەندیگەلێکی یەکسانی هەیە و بەم هۆیەوە ناسیۆنالیتی چیتر مردووە.» (1) مارکس لە نووسراوەکانی دواتری خۆیدا (بەتایبەت لە نووسراوەکانیدا دەربارەی ئیرلەند) نیشانی دا کە بورژوازی نەک هەر مەیلی لە برەودان بە ناکۆکییە نەتەوەییەکانە بەڵکوو لەڕاستیدا هەوڵی بۆ چڕکردنەوەشیانە؛ چونکە:

1ـ خەبات بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕەکان، کۆمەڵێ ناکۆکی و بەریەککەوتن لەنێوان هێزە سەرمایەدارییەکاندا ساز دەکات؛ 2ـ چەوساندنەوەی نەتەوەیەک بە دەستی نەتەوەیەکی تر دوژمنایەتیی نەتەوەیی بەرهەم دێنێت؛  3ـ شوڤینیزم یەکێکە لە ئامرازە ئایدۆلۆژیکییەکان، کە توانای ئەوە بە بورژوازی دەدات کە زاڵێتیی خۆی بەسەر پڕۆڵتاریادا بپارێزێت.

جەختکردنەوەی مارکس لەسەر ئەوەی کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بە نێونەتەوەییبوونەوەی  ئابووری کۆتایی دێت، بەیس و بنەمایەکی پتەو و قایمی هەبوو؛ بە دیارکەوتنی بازاڕی جیهانی «لە ئاستی جیهاندا هەموو نەتەوەکانی بەشێوەی بەرامبەر بە یەکتر کردووە» و «بناغەی نەتەوەیی پیشەسازی لەناو بردووە.» بەڵام لەم دەربڕینەی مارکسدا کە «یەکدەستبوونەوەی بەرهەمهێنانی پیشەسازییانە و چۆنێتیی ژیان لەو دۆخەدا» دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەربەست و ناکۆکییە نەتەوەییەکان و هەروەها ئەم بۆچوونەی کە جیاوازییە نەتەوەییەکان دەکرێ تەنها بە هەمبەری جیاوازیگەلێک لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا وەربگیردرێت، هەڵگری ڕوانینێکی تا ڕادەیەک ئێکۆنۆمیستی بوو.

ئەم وتە بەناوبانگە پڕ لە تەوس و وروژێنەرەی مارکس کە «پڕۆڵتاریا نیشتمانی نییە» دەبێ لە بنەڕەتدا بەم مانا تەفسیر بکرێتەوە کە پڕۆڵتاریای هەموو نەتەوەکان بەرژەوەندیی یەکسانیان هەیە، واقعیەتێک کە مارکس بەشێوەیەکی ئاراستەدار بە هەمبەری لەناوچوونی ناسیۆنالیتیی دەزانی (سەیری ئەو بەشەی سەرەوە بکەن کە لە ئایدۆلۆژیای ئەڵمانییەوە گوازرایەوە)؛ بۆ پڕۆڵتاریا، نەتەوە تەنها چوارچێوێکی سیاسیی حازر و ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات. بەڵام دژەنیشتمانبوونی مارکس مانایەکی قووڵتری هەبوو:

1ـ لەدیدی هومانیزمی پڕۆڵتاریاییەوە سەرجەم مرۆڤایەتی گشتیەتێکە مانادار، بەهایەکی واڵا و ئامانجی کۆتاییە؛ 2ـ لە ڕووانگەی مەتریالیزمی مێژووییەوە، کۆمۆنیزم تەنها لە ئاستێکی جیهانیدا دادەمەزرێت؛ لەبەر ئەوەی کە گەشەی گەورە و بەرفراوانی هێزە بەرهەمهێنەرەکییەکان [productive] چوارچێوەی تەسک و سنوورداری دەوڵەت‌‌ ـ نەتەوەکان تێدەپەڕێنێت.

بەوەیشەوە کە لە «مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست»دا بەیس و بناغەی ئینتێرناسیۆنالیزمی پڕۆڵتێری دانرا، بەڵام لەپێوەندی لەگەڵ پرسی نەتەوەییدا، ستراتیژییەکی سیاسیی ڕوون لەبەرچاو نەگیرا. دواتر، لە بەرهەمەکانی مارکسدا وەها ستراتیژییەک  بەتایبەت لەپێوەندی لەگەڵ پۆلەند و ئیرلەند (و هەروەها بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی لیبڕاڵ ـ دێمۆکراتیکی ماتسینی و نیهیلیزمی نەتەوەیی پڕۆدۆنیستەکان لە ئینتێرناسیۆناڵدا) شکڵی گرت. پشتگیری لە خەباتی خەڵکی پۆلەند بۆ سەربەستیی نەتەوەیی هەمیشە بەشێک لە نەریتی بزووتنەوەی دێمۆکراتیکی کرێکاریی سەدەی نۆزدەیەم بووە. بەوەیشەوە کە مارکس و ئەنگێلسیش سەر بەو نەریتە بوون، بەڵام پشتگیریی ئەوان پتر لەوەی کە بەهۆی پڕەنسیپە گشتییە دێمۆکراتیکەکانی مافی چاری خۆنووسینی نەتەوەکان بێت، بەهۆی خەباتی پۆلەندییەکانەوە بوو دژ بە تێزاریزمی ڕووسیە واتە قەڵای سەرەکیی ئیرتجاعی ئەوروپا و دێوەزمەی بناغەدانەرانی سۆسیالیزمی زانستی. ئەم بۆچوونە، ناڕوونییەکی پێوە دیار بوو؛ ئەگەر خەڵکی پۆلەند تەنها بەو هۆیەوە پشتگیری دەکران کە خەباتی نەتەوەییان، هاوکات خەباتیش بوو دژ بە تێزاریزم، ئایا مانای وەها بۆچوونێک ئەوە بوو کە سلاوەکانی لایەنگری ڕووسیا (بۆ وێنە چێکەکان) مافی چارەی خۆنووسینیان نەبوو؟ ئەمە ڕێک پرسێک بوو کە ئەنگێلس لە ساڵەکانی «1848 ـ 1849»دا لەگەڵی دەستەویەخە بوو.

لە لایەکی ترەوە، نووسراوەکانی دیکەی مارکس دەربارەی ئیرلەند، کاربردێکی بەربڵاوی هەیە و بەشێوەی پاڵەکی هەندێک لە پڕەنسیپە گشتییەکانی پێوەندیدار بە بابەتی نەتەوە ستەملێکراوەکانی بەکار بردووە. مارکس سەرەتا لایەنگریی لەوە دەکرد کە ئیرلەند لە چوارچێوێکی یەکپارچە و یەکگرتوو لە بەریتانیادا ببێتە خاوەنی خودموختاری [Autonomy] و باوەڕی هەبوو کە لەناوبردنی زوڵم و ستەمێک (کە لە لایەن زەمیندارانی گەورەی بەریتانییەوە) لە ئیرلەندییەکان دەکرێت، پێویستی بە سەرکەوتنی چینی کرێکارە (چارتیستەکان) لە بەریتانیا. لە لایەکی دیکەوە، مارکس لە دەیەی 1860دا ئازادیی ئیرلەندی بە مەرجێک دەزانی بۆ ئازادیی پڕۆڵتاریای بەریتانیا. مارکس لە بەرهەمەکانی ئەو دەورانەی خۆیدا سێ تێمای ئاراستە کردووە کە بۆ پەرەپێدانی دواتری تیۆریی مارکسیستیی مافی چارەی خۆنووسین لە پێوەندیی دیالێکتیکییدا لەگەڵ ئینتێرناسیۆنالیزمی پڕۆڵتری گرنگ بوون:

1ـ تەنها بە ئازادیی نەتەوەیی نەتەوە ستەملێکراوەکانە کە ناکۆکی و دژایەتییە نەتەوەییەکان لەناو دەچێت و چینی کرێکاری هەر دوو نەتەوە (ستەمکار و ستەملێکراو) دەتوانن بەرامبەر بە دوژمنی هاوبەشی خۆیان ـ واتە سەرمایەداران ـ یەک بگرنەوە؛

2ـ سەرکوتکردن و زوڵم و ستەم لە نەتەوەیەکی تر دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی زاڵێتیی ئایدۆلۆژیکی بورژوازی بەسەر کرێکاران لە نەتەوەی  ستەمکاردا. بە باوڕی مارکس «هەر نەتەوەیەک کە نەتەوەیەکی تر دەخاتە ژێر زوڵم و ستەم، کۆت و زنجیرەکانی [کۆیلایەتی] خۆی دروست دەکات»؛

3ـ ئازادی و سەربەستیی نەتەوەی ستەملێکراو بناغە ئابووری، سیاسی، سەربازی و ئایدۆلۆژیکییەکانی چینی باڵادەست لە نەتەوەی ستەمکاردا لاواز دەکات و لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاری ئەو نەتەوەدا دەوری هەیە.

ئەنگێلس

هەڵوێستی ئەنگێلس سەبارەت بە پۆلەند و ئیرلەند زۆر هاوشێوەی هەڵوێستەکانی مارکس بوو. بەڵام، لە بەرهەمەکانی ئەنگێلسدا چەمکێکی تیۆریکی سەیروسەمەڕە واتە دۆکترینی «نەتەوە بێ مێژووەکان» بوونی هەیە. گەرچی بە باوەڕی من ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لەگەڵ مارکسیزم نامۆیە (2)، بەڵام وەکوو نموونەیەکی زیادەڕۆیانە لە هەڵەگەلێک کە پێدەچێت تەنانەت لە هەڵوێستی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕانە و دێمۆکراتیکەوە سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی ڕوو بدات، جێگای سەرنج و تاوتوێکردنە.

ئەنگێلس لە سالەکانی 1848 ـ 1849دا بە ئەنالیزکردنی  شکستی شۆڕشە دێمۆکراتیکەکان لە ئەوروپای ناوەندیدا، ئەو شکستانەی بەهۆی ڕۆڵی دژەشۆڕشبوونی نەتەوەکانی سلاوی باشوور (چێکەکان، سلاوکەکان، کرۆواتەکان، سێربەکان، ڕۆمانیاییەکان، سلۆوێنییەکان، دالماسییەکان (Dalmatian)، موراویاییەکان (Moravian) خەڵکانی ڕووسیای بچووک و هتد) زانی کە بەشێوەی جەماوەری لە سوپاکانی ئیمپراتۆریای ئوتریش و ڕووسیادا بەشدارییان دەکرد و هێزە ئیرتجاعییەکان بۆ تێکشکاندنی شۆڕشە ئازادیخوازانەکانی هانگاریا و پۆلەند و ئیتاڵیا کەڵکیان لێ وەردەگرتن.

لە ڕاستیدا، سوپای ئیمپراتۆریی ئوتریش لە جووتیاران، چ سلاو و چ ئەڵمانی ـ ئوتریشی، پێک هاتبوو. هۆکارێکی گرنگ لە سەرکەوتنی دژەشۆڕشدا، ڕێبەرایەتیی ئێجگار زۆر شل و شەوێڵ، «میانەڕۆ» و ترسنۆکی بورژوالیبڕاڵیی شۆڕش بوو کە خۆی لە وەڕێخستنی شۆڕشی نەتەوەیی نیشتمانی بواردبوو. لە ئەنجامدا، ئەم ڕێبەرایەتییە نەیتوانی کۆمەڵانی جووتیار و کەمینە نەتەوەییەکان بەرەو لای خۆی ڕاکێشێت و ڕێگە لەوە بگرێت ئەوانە کوێرکوێرانە بکەونە خزمەت ئیرتجاع. شۆڕشی 1848 نموونەی کلاسیکیی شۆڕشێکە کە بەهۆی ئاراستەنەکردنی ڕێگاچارەیەکی ڕادیکاڵ بۆ پرسی ئەرزی و پرسی نەتەوەیی شکستی هێنا. (واتە ڕێک ئەو شتەی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917ی سەرخست!)

ئەنگێلس چونکە نەیتوانی هۆکارگەلی چینایەتیی ڕاستەقینەی شکستی شۆڕشەکانی ساڵانی 1848 ـ 1849 ببینێتەوە، هەوڵی دا بە ئایدۆلۆژیایەکی مێتافیزیکی واتە تیۆریی دژەشۆڕشبوونی زاتیی «نەتەوە بێ مێژووەکان» ڕاڤەی بکات، گوتەزایەک کە بە شێوەیەکی شپرز و دەرهەم و بەرهەم سلاوە باشوورییەکان، بریتونەکان، سکاتلەندییەکان و باسکییەکانی تێدا گونجاندبوو. بە باوەڕی ئەنگێلس «ئەم پاشماوانەی نەتەوە، بە قەولی هێگل، لە ڕەوەندی مێژوودا بێبەزەییانە تێک دەشکێن. ئەم زبڵ و پاشماوە نەتەوەییانە هەمیشە نوێنەری کۆنەپەرستی دژەشۆڕشن و تا کاتێک کە بەتەواوی بنەبڕ یان نەتەوەیی‌سڕینەوە [de-nationalized]» نەکرێن هەر بەو شێوە دەمێننەوە چونکە هەموو هەستی و بوونێتییان لە خۆیدا ناڕەزایەتییە دژ بە شۆڕشی مەزنی مێژووییە» (3) هێگل، داهێنەری ئەم تیۆرییە، گوتبووی نەتەوەگەلێک کە نەیانتوانی دەوڵەتێک پێک بهێنن، ماوەیەک زۆر پێشووتر لەگەڵ دەوڵەتەکەیان لەناو چوونە، نەتەوەگەلی «بێ مێژوو» و مەحکووم بە لەناوچوونن. هێگل وەکوو نموونە بە ڕوونی سلاوە باشوورییەکان واتە بولغارەکان، سێربەکان و هتد دەستنشان دەکات. ئەنگێلس لە وتارێک لە ساڵی 1855دا درێژەی بەم باسە مێژووییە درۆیین و مێتافیزیکییە دا. لەم وتارەدا گوتی کە «پان سلاویزم بزووتنەوەیەکە کە هەوڵ دەدات ئەوەی کە مێژوو لە درێژەی هەزاران ساڵدا خولقاندوویەتی، لەناو ببات. بزووتنەوەیەکە کە ناتوانێ بە مەبەستی خۆی بگات مەگەر ئەوەی کە تورکیا، مەجارستان و بەشێک لە ئەڵمانیا لە نەخشەی ئەورووپا بسڕێتەوە...» (4) پێویست بە وەبیرهێنانەوە و جەختکردن ناکات کە وەها باس و بەڵگاندنێک پتر لەوەی کە بەپێی ئایدیا شۆڕشگێڕانەکانی مەتریالیزمی مێژوویی بێت پشتبەستوو بە بنەما کۆنەپارێزانەکانی قوتابخانەی مێژوویی ماف ـ ساویگنی و ئەوانی تر ـ بوو! سەیر ئەوەیە هەر ئەنگێلس، لە وتارێک هەر لەو سەروبەندەدا (1853) جەختی کردبۆوە کە ئیمراتۆریای عوسمانی دەبێ لە ئەنجامی ئازادیی نەتەوەکانی باڵکاندا پارچەپارچە ببێتەوە. حەقیقەتێک کە ئەنگێلس هیچ سەری لێی سووڕ نەدەما چونکە لە پێگەی دیالێکتیسیەنێکی باشدا، «گۆڕانکارییە هەمیشەییەکانی چارەنووسی مرۆڤایەتی... »ی لە مێژوودا ستایش دەکرد، چونکە لە مێژوودا «هیچ شتێک مانا و پایەدار نییە، مەگەر نەمان و ناپایەداری و هیچ شتێک نەگۆڕ نییە مەگەر خودی گۆڕان.» (5)

زنجیرە وتارەکانی ئەنگێلس دەربارەی پۆلەند لە ساڵی 1866دا (6) سەقام و یەکگرتوویی ئایدۆلۆژیکی ئەو نیشان دەدات. ئەنگێلس لەو وتارانەدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە «نەتەوە گەورە مێژووییەکانی ئەورووپا» (ئیتاڵیا، پۆلەند، مەجارستان، ئەڵمانیا) کە مافی ئەوان بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی و هەبوونی سەربەخۆیی قبووڵ کرابوو دەکەونە بەرامبەر و ڕووبەڕووی «پاشماوەگەلی زۆری نەتەوەکان» کە هیچ «گرنگییەکی ئەورووپی» و «جۆشوخرۆشی نەتەوەیی»یان نەبوو (ڕۆمانیاییەکان، سێربەکان، کڕۆواتەکان، چێکەکان، سلۆواکەکان، و هتد) و بوونەتە ئامرازی دەستی تزار و ناپلیۆنی سێیەم. سەرەڕای ئەم بابەتە، بۆ بەرگری لە ئەنگێلس دەکرێ بوترێت ئەمانە هەموو کۆمەڵێک وتاری ژۆرنالیستی بوونە و وردبینیی بەرهەمێکی زانستییان نییە، و کەواتە بەراورد بە بەرهەمە تایبەت و تیۆریکەکانی ئەنگێلس پێگە و شانێکی دیکەیان هەبوو. جگە لەوە، بنچینەی هەڵوێستی ئەنگێلس، دێمۆکراتیک و شۆڕشگێڕانە بوو: چۆن دەکرێ تزاریزم و ئیمپراتۆریای ئوتریش شکست بدرێت؟ هاندەری ئەنگێلس بەهیچ شێوە ترس و بێزاری لە سلاوەکان نەبوو. لە وتارێکدا کە بەر لە شۆڕشی 1848 نووسیویەتی، بۆ «لەناوچوونی هەموو بەربەستێک لە ڕێگای ئازادیی ئیتاڵییەکان و سلاوەکاندا» خوازیاری شکستی ئیمپراتۆریای ئوتریش بوبوو. (7) جگە لەوەش، ئەنگێلس هەرگیز دوچاری شوڤینیزمی ئەڵمانی نەبوو. بەڵگەی ڕوون بۆ ئەم بابەتە ڕەخنە و هێرشە توندەکانی ئەنگێلسە بۆ سەر کەمینەی ئەڵمانی مەجاری (siebenburger sachsen) کە «پێداگرییان دەکرد ناسیۆنالیتییەکی پووچ و بێمانا لە وڵاتێکی بیانی بپارێزن». (8)

 

 

ژێدەر:


1 Karl Marx, The German Ideology, Moscow 1964, p. 76. Cf. Friedrich Engels, ‘Das
Fest der Nationen in London’ (1846), in Marx, Engels, Lassalle, Aus dem literarische
Nachlass, Stuttgart 1902, Vol. 2, p. 408: ‘The dreams of a European Republic, of a
lasting peace under political organization, have become as grotesque as phrases
about the unity of nations under the aegis of universal freedom of commerce . . . In
each country the bourgeoisie has its own particular interests and cannot transcend
nationality . . . But in every country the proletariat has a sole and common interest,
a sole and common enemy, a sole and common struggle. Only the proletariat can
abolish nationality, only the vigilant proletariat can make the brotherhood of nations possible . . .’

«خەونی کۆماری ئەوروپا، ئاشتیی پایەدار لەژێر چاودێریی ڕێکخراوێکی سیاسی وەکوو بابەتێک کە دەربارەی وەحدەتی نەتەوەکان بە پاڵپشتیی ئازادیی بازرگانی دەوترێک، بووە بە بابەتێکی گاڵتەجاڕ ... بورژوازی لە هەر وڵاتێکدا بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەیە و ناتوانێ لەودیوی ناسیۆنالیتییەوە بێت یاخود ناسیۆنالیتی تێپەڕێنێت ... بەڵام لە هەموو وڵاتێکدا پڕۆڵتاریا بەرژەوەندیی تاکانە و هاوبەش، دوژمنێکی تاکانە و هاوبەش، خەباتێکی تاکانە و هاوبەشی هەیە. تەنها پڕۆڵتاریا دەتوانێ ناسیۆنالیتی تێکبشکێنێت، تەنها پڕۆڵتاریایەکی وشیار دەتوانێ برایەتیی نەتەوەکان بێنێتە دی ...»
2. See on this question the remarkable essay of the Polish Marxist, Roman Rosdolsky,
‘Friedrich Engels and das Problem der “geschichtlosen Vِlker” ’, Archiv für
Sozialgeschichte IV, 1964.
3 Engels, ‘The Magyar Struggle’, in Marx, The Revolutions of 1848, London 1973,
pp. 221–2.
4 Engels, ‘Deutschland und der Panslawismus’, (Neue Oder Zeitung 1855), MEW XI,
cited in Rosdolsky, op. cit. p. 174.
5 Engels, ‘What is to Become of Turkey in Europe?’ (New York Daily Tribune 1853),
MEW 1x, cited in Rosdolsky, op. cit. p. 174.
6 Engels, ‘What Have the Working Classes to Do with Poland?’, in Marx, The First
International and After, London 1974, pp. 378–88.
7 Engels, ‘Anfang des Endes in ضsterreich’ (1847), MEW 1v, p. 510.
8 Engels, ‘The Magyar Struggle’, op. cit. p. 279.

وەرگێڕانی ئەم بابەتە بەپێی سەرچاوەی یەکەم کراوە و لەگەڵ سەرچاوەی دووەم و سێهەم بەراورد کراوە:
http://www.samaneno.org/1112MarxisthaMelli.pdf
http://newleftreview.org/I/96/michael-lowy-marxists-and-the-national-question
http://www.negah1.com/negah/negah7/Negah7-5.pdf

 

 Bilderesultat for nasjonalisme og marx

گەڕان بۆ بابەت