ما 4726 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

 

وشە لە شیعرەکاندا یەک ئاسۆى دراوەتێ، ئەمیش ئاسۆى ڕووکەش و یەک مانایى وشەکەیە، لە ساکارترین شێوازدا جێیان هێشتووە، ئاماژە ستوونى دادەبەزێت، بەهەمان شێوازى ستوونیش دێتە ناو بوونى یەک ئاسۆى نووسین.

 

ناسینی بوونى شیعر و خۆ دەستنیشانکردن

(مانیفێستى شیعرى)

سەباح ڕەنجدەر

           

بۆ عەبدۆڵڵا تاهیر بەرزنجى، یەکەم کەس بوو، هەستى بە گرینگى، یان ناگرینگى ئەم مانیفێستە کرد.

1

بەرپرسیارییەتیى شاعیرى ڕاستەقینە ئەوەیە، شیعرى بێگەرد بگەیەنێتە کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى. لە کۆتایى حەفتایەکاندا، بووم بە خوێنەرێکى تامەزرۆى شیعر، شیعرپەروەریش بە شێوازێکى سەرسوڕهێنەر لە ژیانمدا دەرکەوت و پەرەى سەند، هیچم نەدەبینى جگە لەو جوانییانەى لەناو شیعردا دەکرانەوە و جووڵەدار بوون، تەنانەت لە ڕۆیشتنى ناو شەقام و دانیشتنى ناو پۆل و لەسەر خوانى خێزانیشدا، شیعر وڕێنەى چێژدارى پێدەکردم. ژیانى من، قەرەباڵغ نەبوو بە پلە و پایەى فەرمانبەرى و باڵەخانە و خانووى گەورە و دەوڵەمەندبوون و... تاد، تەنیا بە شیعر قەرەباڵغ بوو، باس و بابەتى سەرەکیم لەگەڵ هاوڕێکانم و ژیان، شیعر بوو بەس، واش تێدەگەیشتم ئەگەر دوو دوژمنى ڕەچەڵەک کوشتەى سەرسەختى یەکتری لەناو کرانەوەى شیعریدا گفتوگۆ بکەن، دەماری گرژیان خاو دەبێتەوە، تا ڕادەى پاکبوونەوە، یەکترییان خۆش دەوێت و پشت دەدەنە یەک.

بنچینەى ئەم خۆشەویستی و پشتدانە یەکترییەش ئەفسوونى شیعرە، لەپاڵ ئەم بڕواهێنانە کەڵکەڵەى شیعرنووسین ناخى بە توندى ڕاتەکاندم.

بڕواهێنان جوانترین و بەهێزترین شیعرییەتى تێدایە، بانگى وشەشم هاتە بەرگوێ، بمهێنە ناو ژیان.

هێزم تێدایە خەونە نەبڕاوەکانت بە ئومێد و ناوەند بگەیەنم، ئەم بانگکردنى وشەیە، بە یەکەمین و گرینگترین هۆکار و پەیام دەزانم.

دواى ئەم ناخ ڕاتەکاندنە، ناوە ناوە دەقى شیعریم دەنووسى و بوێرانە بڵاوم دەکردنەوە، بەتەواوى بار و بواری بیرکردنەوەش بەدواى کەشوهەواى سەربەخۆ وێڵ بووم و بە هێڵى ئەفسوونیدا ڕۆیشتم تا بە ئێستاکە گەیشتووم، لەناو بەهەشتى نووسین لە پانتایى خەوندا کار دەکەم.

خەون کاریگەرى بوون بە شیعرى تێدا بەهێزە، جیهانبینیى منى لێوە ڕوون بووەتەوە و بووەتە پەیوەستێکى پتەو لەگەڵ پرسیارەکانى ژیان.

مرۆڤ، ئێستاى لە نەماندایە، ڕابردوو و داهاتووى هەیە، شیعرێک لەسەر بنەما و جیهانبینیى ڕوون بنیاد نەندرابێت، نە بە کەڵکى ئەمڕۆ دێت، نە هیچ سەردەمێکى دیکەیش وەک دەقى پتەو و پەتیى ئەدەبى قبووڵى دەکات.

ڕابردوو بەشى هەرە گەورەى ژیانى نووسەر پێکدەهێنێ و پێکهاتەى دەقیشە، چونکە ئێستا، کە خەریکى کار و کردەى نووسینى، دواى قاوە خواردنەوەیەک چرکەى کار و کردەى نووسینەکەت دەبێتە ڕابردوویەکى زیندوو، کەواتە: ئەو کاتەى کار و کردەکەى تێدا ئەنجام دەدەیت ئێستایە، بەشى هەرە گەورەى پێکهاتەکەى ڕابردووە. ئایندە تەنیا لەناو دەقدا دەبیندرێت و ئەندێشەیەکى تێکەڵ بە فەنتازیا بەگەڕ دەخات. ئەو ئەندێشە تێکەڵ بە فەنتازیایە بیرۆکە و خاڵى تێڕوانینە. ژیانبینى بە ئایندەبینییەوە تەواو دەبآ و بەبآ ئایندەبینى ناتەواوە. کرۆک و دیوى نهێنیى ژیان، ئایندەیە. ئایندەش خاڵى تێڕوانین و لە هەموو بەشەکانى دیکە چالاکترە، چونکە بەردەوام هەوڵى بۆ دەدرێت و هەستى قووڵاییى ژیانبینى سەر دەخات. ئەم هەوڵ و دەربڕینەش مایەی داهێنانى ئەدەبین.

تایبەتکاریى من ئەوەیە، شیعرم گەڕاندەوە بۆ خەون. خەونیش پاکییەتى ژیان ڕادەگرێت. هەموو دەقەکانیشم، دەقى بیرکردنەوەیی و درێژن، ئاسۆ و دووریى ئەفسانەیییان تێدا سەربەخۆ و گونجاوە بۆ پڕ نهێنى و ئەزموونکردنیان، بە شێوازی هەمەجۆر کارم لەناو کردوون، تا ئەو شوێنەى دەقەکە دەخوازێت خۆى بەکۆتایى بگەیەنێت لەگەڵیدا تەبا دەبم و دەڕۆم.

زمانى بێدەنگکراوم لە دەقەکاندا بە دەنگ هێناوەتەوە، بە ئاسانیش دەتواندرێت هێڵە جیاکارەکان لەم بەدەنگهێنانەوەیەدا دەستنیشان بکرێت.

شیعر ناوەندە، هەموو ڕەگەزەکانى دیکەى ئەدەبى بەرەو ناوخۆى بەکێش دەکات و چارەنووسى ڕاستەقینەیان بە ڕوونى دەداتە دەست، لە ژیانى شیعریدا سوودى گێڕانەوە و تەوژمى هۆش و گفتوگۆ لە هونەرى ڕۆمان و پەخشان و شانۆنامە و ئۆپێرا و ئۆپەرێت و سینەما و چیرۆک... تاد، وەردەگرم. لە ڕەگەزی خۆیان دەریاندەهێنم و هێزى کرانەوە و جووڵاندنیان پێدەدەم، پتەوتر و کاریگەرتر و سەیرتر و بەپیتتریان دەکەم، لە ئامادەکردنیان بۆ دامەزراندنى دەقى شیعرى. دەقیش خوێندەوارانى دڵنیا دەکات لە چێژ وەرگرتنى شیعرییەت و خواست، چاوەڕوانییان دەهێنێتە دى.

من بەرپرسیارییەتی دەنووسم، لەبارەی بەرپرسیارییەتییەوە نانووسم.

2

یەک لە دڵەڕاوکێى من ئەوەیە، شاعیرێک، یان گرووپێک کارێکى نایابیان بەرهەم هێنابێت، هەوڵ دەدەم باش لە چۆنیەتى و ڕەگى هەقیقەتى سەرکەوتنى کارەکەیان بگەم.

لە ڕووى هیچ ڕەگەزێکى ئەدەبى حەزم نەکردووە وەک کەس بم، کەسیشم لەبەرچاو نەگرتووە، هاوڕێى هەموو ئەو شاعیرانەم، کە پێش من پرۆژەى داهێنانیان هەبووە، ئەوانەى هاوچەرخن، ئەوانى دواى منیش دێن و دەبن بە شاعیرى خاوەن پرۆژە.

خۆم لە دەرەوەى هەموو نەوەیەکدا دەبینم، تەنانەت لە هەندآ شیعردا سەر بە شیعرى لە پێشترى خۆشم نیم، سەر بە ئەزموون و ئەفسانەى ئەو شیعرەم، کە دوا شیعرمە و لە نووسینیدام، زەمینەى ئەفسانەیى پێش ئەوەى لە هیچ ڕەگەزێکى ئەدەبیدا کارى پێکرابآ و هەبووبێت لە شیعردا کارى پێکراوە و هەبووە.

ناچمە ناو هیچ گرووپێکى ئەدەبى، خۆشم بە هیچ گرووپێک نەزانیوە، لە بنەڕەتدا ئەدەب و داهێنان کارى تاکە کەسییە، چوونە ناو بازنەى گرووپ، دەرکردن و چەواشەکردنى ئەم تاکە کەسییەیە لە بازنەى ئەدەب و داهێناندا.

خانەخانەیى و قۆناخبەندکردن، هەڵەیەکى کوشندەیە، شیعر تەنیا بە گەیشتن بە بارى دەروونڕۆشنى پێوانە دەکرێت، ئەمە بۆچوون و بیرکردنەوەى کۆمەڵێک خودى وریایە، دەق قسەیان بۆ دەکات و دەق قسەشیان پێدەکات.

بێوچان لەگەڵ خۆمدا لە جەنگى بآ ئاماندام بۆ ئەوەى بگەم بە بارى دەروونڕۆشنى تا بەسەر تەمەن و کاتدا زاڵبم، خۆشم بە تەلیسمى لێڵیى ساختەوە هەڵنەواسیوە، هەوڵم داوە ئاست و ئاراستەکانى توانا و بیرکردنەوەى ئەمڕۆ بم.

لەمڕۆدا بزواندن و پێشبینیکردنى ئایندە دەردەکەوێت، لە جیهانى خۆمدا ئارامی دروست دەکەم و بارێک دەهێنمە بەر زەین و تێیدا نیشتەجآ دەبم و دەنووسم، پەیوەندیشم لەگەڵ سۆراخکارانى بەرهەممدا بەردەوام و پتەوە، ناشزانم تا کوآ بڕ دەکەم، بەڵام خۆم لەوە دڵنیا کردووەتەوە لە شیعرەوە بەرەو ژیان و ئایندە دەڕۆم.

لەسەر هەموو ئاست و ئاراستەکانى ژیان لایەنگیرى گۆڕان و جێگیرنەبوونم، شیعرى کوردى لە کلاسیکەوە تا بە ئەمڕۆى گەیشتووە لەبارى وەستاو نەماوەتەوە، بگرە قۆناخ بە قۆناخى بڕیوە، ئەگەر گۆڕانى ڕیشەیى و داڕشتنى قووڵیشی پەیدا نەکردبێت، ئەوە بۆچوونى هاوچەرخ و ڕەسەنى لە ئاست شارستانییەتى وڵاتەکەیدا، هێندێک ناوکى بنەماى دۆزیوەتەوە. کارى زمان و شێواز و شیعرییەتى قۆناخەکەى لەسەردا کردووە.

چەند قۆناخێکى دانپێداندراوى شیعرى کوردى لە ئارادان و لێتۆژینەوەیان لەبارەوە دەنووسرآ، بەڵام قۆناخەکان قۆناخى درەوشاوە نین، بگرە هەر یەک لە قۆناخەکان دەنگێکى درەوشاوە نوێنەرایەتى قۆناخەکەى کردووە.

ڕەخنەى کوردى، نەهاتووە تەواوى قۆناخێک بە ئاستى دەنگەکان وەربگرآ و خوێندنەوەیەکى وشیارى بۆ بکات، گرینگییەتى سەربەخۆیى و هاوبەشی کارکردنیان و بنەما دۆزراوەکانى قۆناخەکە دەربخات.

بگرە یەکە یەکە نوێنەرە بەهێز و درەوشاوەکانى وەرگرتوون، ئەم یەک یەک وەرگرتنەش وای کردووە قۆناخەکان کارکردنى هاوبەشیان بە نەدۆزراوەیى بمێنێتەوە.

من ژیان دەنووسم، لەبارەى ژیانەوە نانووسم.

3

هەست دەکەم، ژیان لە دۆخگۆڕیندا جۆرە بەرزى و نزمییەکى ناڕێکى تێدایە، دەمەوآ لەم دۆخگۆڕین و بەرزى و نزمییە ناڕێکەدا ڕزگارم ببێت، لەناو شیعرى پەتیدا بژیم و مانایەک بە ژیان و دادپەروەرى بدەم، شاعیر ئەگەر خۆى خستە خزمەت دەسەڵات و سیستمى دیکتاتۆریى سیاسییەوە، هاوپەیمانى بوو، بێگومان ڕۆڵ و ئامادەیى گەشەکردن و پەرەسەندنى جیاکارى لە بەین دەچێت، ناتوانآ تواناى بەهێزى داهێنان ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەگەر دوور لە هێزى شەڕخوازی، جۆرێک باوەڕى سیاسى هەبآ بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانى ڕوودان، چالاکییەکى هۆشمەندییە لێیەوە کاریگەریى خۆى بەدى بهێنآ و تێڕوانینەکانى نیشان بدات و بیانچەسپێنێت. چرکەساتی نووسین، چرکەساتی تێکۆشانی گیانییە.

شیعرى داهێنراو، وشەکانى جەنگاوەرى سەربەخۆییخواز و سەرلەشکرى بەرەنگاربوونەوەن دژى دیکتاتۆریەتى بە زەبرى هێز خۆسەپێنەر، کە هەستم بۆ خۆشییەکانى ژیان جۆشا، ژیان زۆر بە ئاڵۆزى و گرانى خۆى پیشاندام، لەم کاردانەوەیەدا دەمەوآ لە ڕێگاى شیعرەوە ئاڵۆزى و سەختییەکانى ژیان بەتاڵ بکەمەوە، ژیان بهێنمە ناو زمان و نووسین، بۆیە ئاوا هۆگرى شیعر بوویمە، هەموو ژیانى لێ سەندووم.

بۆ ئەم داوایە لە ژیان. شیعر پێویستییە، لە چرکەساتى چاوەڕواننەکراو و نەبیندراو و خەونئامێزدا، بار و کەشێکى پیرۆز سەر تا پێم دادەگرآ و دەڵێت: خودى بەرپرسیار بەرانبەر بزواندن، پەیامى شیعر بەرز بکەرەوە.

شیعر حەوشە و ماڵى خودایە، گوناهى هەموومانى لێ پاک دەبێتەوە و تێیدا دەبین بە فریشتە و خوداوەند.

شیعر ئامانجى بەختەوەرى و جێگاى هەموو هیوا و خۆشادمانکردنێکە بۆ من، لە ڕێگایەوە دەتواندرێت پەیوەندى بە جیهانى فریشتە و خوداوەندانەوە ببەستى، هەروەها خەونەکانت کۆ دەکاتەوە، ئەگەریش زانیارییەکى گشتیت لەبارەى کەرەستە و ئامرازەکانەوە نەبێت، ناتوانى هەڵگرى خەونەکانت بیت.

من خەون دەنووسم، لەبارەى خەونەوە نانووسم.

4

بآ بەهرەکان، بە چالاکى و پڕ بەرهەمیم جۆرێک شڵەژاوییان کەوتووەتآ و نائاسوودە و سەغڵەتن، بەئاشکرا و ژێراوژێر لە پلان و پیلاندانانن دەمبەستم بکەن و بمچەوسێننەوە، یان ئەو ڕووناکییەى لێمەوە دروست بووە، ئەگەر بۆ ماوەیەکى کاتیش بێت، بیکوژێننەوە، یان بیشارنەوە، ئەگەرنا بیشێوێنن و گومانى بخەنە سەر.

لەم دژایەتیکردنەدا هەست بە هیچ زیانێک ناکەم، بایى ئەوەندە گوێیان لێ ڕادەگرم بزانم چى دەڵێن، ئاست و ئاراستەکانیان چین، هێندە کاتیان نادەمآ بیریان لێ بکەمەوە، گیانى لەخۆبوردن و بێبایەخکردنى دوژمنەکانم لەمندا بەهێزە، ئەمەش لە ڕێگاى گیانپەروەردەکردنێکى بەردەوام و دۆزینەوە و خۆناسینەوە پێی گەیشتووم.

شیعر بۆ من پەیامى ڕاچڵەکاندن و ئەو ئاگرەیە قەت ڕووى لە خامۆشى نییە، تەواو بڕوام پێی هێناوە و ئەمەکدارم بۆى، دوژمنەکانم لەناوەوەیاندا لە ئاست ئەم ئەمەکدارییەى من داتەپیون، خۆیان بە گوڕنەتەڵە و چەوساوەى دەقەکانم دەبینن، منیش لە شەڕە بێفەڕەکان خۆم پاراستووە و فەرامۆشیان دەکەم.

لە گردەنشینى دەروونى ئامانجدارم، خەریکى بەرزکردنەوەى ئەو شتە پیرۆزە دەبم، کە بڕوام پآ هێناوە، بڕواهێنان جوانترین و بەهێزترین شیعرییەتى تێدایە، هەلومەرج و ئارامیی تەواوم بۆ دابین دەبێت وەک منداڵێک خەون دەبینم، ژیان لەناو خەوندا مشتوماڵ بکەم.

شاعیرى ڕاستەقینە هەموو کات وەک منداڵێک هەڵسوکەوت دەکات، هەرکاتێک ڕێگاى دا ئەو منداڵییەى ناوەوەى وەک گەورەیەک فەرمانى پێبدا و هەڵیسووڕێنێت، ئەوە لەم چرکەیەدا جاڕى بەتاڵبوونى خۆى دەدا، چونکە گەورە لە هەڵسوکەوتیدا تاکتیک بەڕێوەى دەبات و تاکتیکیش بەڕێوە دەبات، داهێنەریش پاکی و یەکڕوویى فەرمانڕەوایەتى، پاکى و یەکڕووییش تەنیا لە منداڵییەتیدا دەست دەکەوێت، لە پاکى و یەکڕووییدا دەگەیت بە دەروونڕۆشنیى خودایى.

پەرە بە خەونبینین دەدەم، خەون لە دەربڕیندا بنەڕەتى واقیع ون ناکات، ملکەچى دەسەڵاتیش نابآ، بەرهەمهێنەرى ترپە و ئاوازى نوێیە بۆ دەربڕین لێکردن و بەڕێوەچوونى واقیع لەناو دەقى فەنتازیادا.

من پاکى دەنووسم، لەبارەى پاکییەوە نانووسم.

 5

شاعیرى دامەزرێنەرى گەورەمەند بە ڕەخنە لێگرتنى نابەجێش بڕواى بە دامەزرێنەرى و گەورەمەندى خۆى لەق نابێت، پتەوتر و کاریگەرتر و پەتیتر دەبێتە هێماى ڕوونبوونەوەى زمان و نووسین. مێژووى لەناو دادەمەزرآ، ئەو بڕوا پتەوتربوون و کاریگەرییە و پەتییەشى هێزى ڕزگارکەر و ڕزگارکردنى دەقە لە پاشماوە جێماوەکان و پاشخاپەرۆکەکانى زمان و نووسین.

من ڕزگارکردن دەنووسم، لەبارەی ڕزگارکردنەوە نانووسم.

6

هیچ وشەیەک لە ژیان و مردن کۆنتر نییە، وشەش لەسەر کۆنى و نوێیى نەکەوتووە، بگرە لەسەر تێگەیشتنى نووسەر کەوتووە چۆن بەکارى دەهێنآ و ئاست و ئاراستە و ئاسۆى لێ دەدۆزێتەوە.

نەمویستووە جیهانی کۆن بڕووخێنم و جیهانى نوآ بنیاد بنێم، تێکۆشاوم لەناو جیهانى کۆندا جیهانى دیکە بدۆزمەوە و بیکەم بە نموونەى ڕوونى و خاوێنیى بەهەشتى تا هەتایە.

شاعیر دەتوانآ کەڵک لە تەواوى وزە سروشتییەکان وەربگرآ بۆ بنیاد و پێکهاتەى شیعرى.

شیعر، بە پەیوەندییەکى پێداگر و زیندووى ژیان دەزانم، هێندێک کارى سەرەتاییم سادە بوون، کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بە ناوەندی ڕۆشنبیرى کوردیم ناساندوون، بە شایستەى ئەوەیان نازانم لە کتێبێکدا بیانهێنمەوە ناو جیهانى زمان و نووسین، دووبارە پیشانیان بدەمەوە، یان جۆرە یەکترناسینێک بوون لەگەڵ خەیاڵى بە پیتى شیعر و هەڵڕشتنى مانادا. کارکردن لەپێناو مانادا لەناو ڕەگەزە شیعرییەکاندا ڕەگەزێکى بنچینەیى نییە.

وەک دەسپێک و زەمینە لە هێندێکیاندا جیهانبینیى شیعریم سەرەتایییە، لەگەڵ ئەوەشدا بە هەموو هێز و تواناى دەربڕینم لە تەواوى ژیان و بوونم ڕوانیوە، ئەو ڕوانینانەى لێیانەوە دەگەى بە قووڵایى ئومێدە پەیامدارە ڕاستەقینەکان.

هەوڵم داوە ئەوەى لە گیان و ناخى من جێگیر بووە، بیگوازمەوە بۆ گیان و ناخى کۆى ئادەمیزادەکان بەو حیکمەتەى شیعر پاکییەتى ژیان ڕادەگرێت.

من دۆزینەوە دەنووسم، لەبارەی دۆزینەوە نانووسم.

 7

پێشبینى لە بیرى مندا بەهێزە، زۆر جاران شەو خەونم بینیوە بۆ بەیانى، یان لە ماوەیەکى کورتدا ڕووداوى خەونەکە بە واقیعى هاتووەتە ناو ژیانم و بووەتە ڕووداوێکى بیندراو.

شیعر دەکەم بە ژیان، شیعریش دەورى ئەم چەترە دەبینآ هەموو چالاکییەکانمى لە سێبەردا یاداشت دەکەم.

شیعر وەک خەون وایە، ئەگەر نەیبینم هەست دەکەم وەک مرۆڤ تەواو بوویمە و شوێن و ئەرکم لە ژیاندا نەماوە.

ترپە و خورپەیەکى شاراوەى ناخە، دێت و دەستم دەگرێ، دەمباتە ناو ژیانێکى جوان و بەهەشتى تا هەتایە، لەم گەشتە جوانەشدا بە نەرمە گۆرانى گوتنەوە، شتە هەرە جوانەکان دەکەم بە هاوڕێى گیانى بە گیانیى خۆم و دەیانهێنمەوە ناو ماڵى هەمیشە دڵخۆش و فەرامۆشبەخشی زمان و نووسین.

من پێشبینى دەنووسم، لەبارەى پێشبینییەوە نانووسم.

8

شاعیر لە شیعرەوە هەستیارى خۆى دەگەیەنآ، شاعیرى داهێنەریش کەللەسەر و چاوی ڕوونی میللەتە، لە هەر شیعرێکیشدا ڕاستییەک لە کەللەسەر و چاوڕوونیدا دەدۆزێتەوە.

کۆمەڵێک دەقى پەتیم نووسیوە لە پانتایى خەون بوونەتە شێواز و بەرگرى لە ماناى جوان دەکەن، پێناسەى ئەدەبیى منیان پێکهێناوە، بە ئەدەبیاتبوونى خەونم لێیانەوە ناساندووە، تا ڕادەیەکى بەرچاویش سەر بە گۆبەندبوونە و لەرزەیەکى نوێبەخشیان خستووەتەوە، بەهۆى خۆ دامەزراندن و گورج هاتنە پێشەوە و بڕوا بەخۆبوونم لە بەردەوامیى بەخشیندا کاردانەوە و بەدگۆیى و ئیرەیى و نیازخراپی و دڵڕەشى و کەمسەری و ناکەسبەچەیى دوژمنە گوڕنەتەڵەکانم گەیشت بە پلەیەک هەڕەشەى زۆر ناشارستانیم لێ بکەن.

لە دەقەکانمدا سەرچاوە ئێستێتیکییەکانى ژیان لە هەموو شتێک بەرزترن، پەیوەندیشم لەگەڵ شوێندا، پەیوەندییەکى گیانییە، یەکەم خەیاڵگەى بەپیتمە هەموو یادەوەرییەکانم لە شوێنێکدا خەوتوون، کە چاو بوارى نییە کۆیان بکاتەوە و بیانگرێت، مەگەر لە ڕێگاى خەونبینینەوە بە ئاگایان بهێنمەوە و ئاوى چاوى تیشکهاوێژم بدەم، بیانخەمە ناو چالاکییە هەستى و خەونییەکانم.

ئەگەر ڕۆژێک بە هەست، دەستى نیانى هەتاوى شوێن لە خەو بە ئاگام نەهێنێت، وا دەزانم ئەو شەوە چالاکیى هەستى و خەونى تێدا نەبووە.

شوێن لە دەقدا خەیاڵ و ڕوانین و خەونى شاعیر دایدەمەزرێنآ، جیاکارە لەو زەوییەى ڕۆژانە بەسەریدا گوزەر دەکەیت. جیهانى خەونیش بەلاى منەوە سەرنجڕاکێشترین جیهانى شیعرییە، لەبەر ئەوەى باسى ژیانى تەواو داماڵدراو لە فرت و فێڵ و بەدگۆیى و ئیرەیى و نیازخراپى و دڵڕەشى و کەمسەری و ناکەسبەچەیى و تەواو ئازاد بە گشتگیرى دەکات.

من شوێن دەنووسم، لەبارەی شوێنەوە نانووسم.

9

ژیانى ڕاستەقینە، ئەو شتەیە، کە دەسەڵات و سیستمى دیکتاتۆریى سیاسی لێی سەندووین، ئەم لێسەندنەوەیەش لە دەسەڵات و سیستمى دیکتاتۆریى سیاسی تەنیا لە ڕێگاى خەونەوە دەبێت، کەواتە: ژیانى ڕاستەقینە تەنیا لە خەوندا هى خۆمانە، ئازادیى تەواوى لێ وەردەگیرێت.

شێوازى خەونیم پەیڕەو کردووە، لە دەقى خەونیدا دەتواندرێت خودى شاعیر بناسرآ و ڕەنگەکانى ببیندرێن.

خەون، یاخیبوونى بە جەرگانە و دەنگى ناڕەزایییە لەکار و ڕووداوە نابەجێیەکانى دەسەڵات و سیستمى دیکتاتۆریى سیاسی.

لە خەوندا شاعیر پرسیار ئاراستەى ژیان و کۆمەڵگا و دەسەڵات دەکات، لە ڕێگاى ئەم پرسیارکردنەشەوە دەگات بە دۆزینەوەى گەوهەرى مرۆڤ.

جووڵەى بەهێزى ناوەوەى شیعر لە توانایدایە ڕاستەوخۆ کار بکاتە سەر ژیان و بیگۆڕێت.

خەونى نایاب دەبێتە زمان و شێواز و بابەتى نایاب، دەقەکانم دەقى خەونین، خەونیش وەک گیان و هاندەر، هەمیشە تێکەڵ بە شیعرییەتى دەقم دەبێت و هەستى شکۆمەندى لە مندا ڕسکاندووە و دەڕسکێنآ.

ڕوانینەکانم دەخەمە ناو بازنەى خەونەوە، خەونە بەرجەستەکراوەکانیش پێویستییان بەوەیە دووبارە بیانهێنیتەوە ناو ژیان تا ڕۆڵ و کار و چالاکیى خۆیان ببینن و پتەوتر هاوبەشى لە گۆڕان بکەن.

لە بوارى خەونبینیندا پشت بە چاودێرى و سەرگەرمیى خۆم دەبەستم لە پێکهاتەى دەقیشدا خەون ڕۆڵى بنچینەیى دەبینێت، ئامادەبوونى بەردەوامیشى لە ژیانى کەسایەتیمدا بەدیار کەوتووە.

خەون هەڵوێست و بۆچوونى ڕوونە بەرانبەر بە دیمەنى شڵەژاو و دیکتاتۆریەتى ژیان.

من پرسیار دەنووسم، لەبارەى پرسیارەوە نانووسم.

10

نووسین کاتى هەستیاریى تەمەنە، لە درەوشانەوەى شیعریى دۆنایدۆنى کەشوهەواى ئازادیى بیرکردنەوە و خەونبینین دەبم، خەیاڵ و خەون و چەمکى سەرلەنوآ ژیانەوە لە پلەیەکى ئەفسوونیدا یارمەتیدەرمن بۆ کێشانى ئەو شتانەى کە چاوم نەیدیبوون.

لەناو شیعردا دەجووڵێم و بارودۆخى گیانیم ئارام دەبێت، سەیرى تەواوى جیهان دەکەم، لەم سەیرکردنەمدا هیچ دەسەڵاتدارێک بوونى نییە، تەنیا ئەو خودایە نەبێت، کە پەیوەندیم پێوەى بەهێزە و هەڵسووڕێنەرى گیانیمە، ئامۆژگارییە ئاسمانییەکان هەمیشە لەبیرمدان و فەرامۆشیان ناکەم، هەستى ئایینیم بەرجەستەکردووە. نەک بابەتى ئایینى، تا سنوورى ڕەوا لە نووسەرە گەورەکان نزیک دەبمەوە و بەهرە و سرووشیان لێ وەردەگرم، بەڵام ناچمە ناو ئەو بازنەیەى تایبەتە بە جیهانبینى و بڕواى ئەوان. خودى سادە و ساکار ژیاوى متەسەووف و سروشتخواز و خەونبین وەک بوونێکى گشتى تەماشاى دەوروبەر دەکەن و لەناو جوانییەکاندا دەتوێنەوە. لەم توانەوە دڵئاگایییەدا هەست بە شتەکان دەکەن و دەگەن بە خود و غوربەتى ناخ و گیانى باڵا، لە ڕێگای ئەم گەیشتنەشەوە شاد دەبن بە دوایین پلەى دەروونڕۆشنى و شینایى سەرەتا و بێگەردکردنەوەى تا هەتایەى هەموو شتەکان.

من بێگەردى دەنووسم، لەبارەی بێگەردییەوە نانووسم.

11

لە دەقى خەونیدا دەستەواژە لە ئازادکردنى مانا و بنیادى ڕستەدا هەمیشە لە سنووربەزاندندایە.

دەقى خەونى دەستکەوتێکە لە ئەوپەڕى زمان و جیهانبینیى ڕوون، دەربڕینە خەونییەکان پەنجەمۆرى لەسەر داناون، شێوازى هەمەجۆر لە دەقى درێژدا بەکار دەهێندرآ، جۆرێک لە دەستکرد و دروستکردنى تێدا ڕەوایە، لەبەر ئەوەى پشت نابەستێت بە چرکەى تەقینەوەیەک، بگرە زنجیرە تەقینەوەى یەک لەدواى یەک و جووڵاندنى ڕابردوو و تێڕامانى لە مێژینەن لە کەشى نووسین دەگەڕێیتەوە سەریان و جیهانبینى تێدا دەجۆشێت.

گونجاندن و لێک نزیککردنەوەى شێوازى شیعرى ئازاد و شێوازى پەخشانەشیعر ئاست بۆ سنووربەزاندنەکان دەدۆزێـتەوە. ماناکان لە هەناوى زمانەوە دەرپەڕیون، وێنە ڕاستەقینەکان لە هەست دەچن، هەندآ جار خۆیان ئاشکرا دەکەن، هەندآ جاری دیکەیش ون دەبن.

لەم ونبوونەدا ژیان یەکپارچە دەبێتە گومان، لەو گومانەشدا شیعرییەت دەبێتە خوداوەندى سەرزەمینێکی لێوانلێو لە ڕازى نوێبەخش و جیهان بە باشى و چێژ وەرگرتنەوە دەبینێت.

من گومان دەنووسم، لەبارەی گومانەوە نانووسم.

12

کەلەپوور بازنەیەکى نیمچە داخراوە، داهێـنەر هەمیشە پانتایییەکى ڕوون و ئاماژەیەکى گرینگى تێدا دەکاتەوە بۆ پرسیار، پرسیار دروستکردن لە دەقدا، پەیوەندییەکانى شاعیرە بە زمان و هەستەکانى ژیانەوە.

دەقى خەمڵیو لە ئەزموونى مرۆڤى وریا لە ئاست چارەنووسدا، خۆى لەو بیر و مانایانە دادەماڵێت، کە لەناو دەقدا یەقین دروست دەکەن، دڵەڕاوکآ و گومان دەستمایەى دەقى ئاستدار و خەونین.

کەلەپوور ئەگەر پانتایییەکى ڕوون و ئاماژەیەکى گرینگى تێدا نەکرابێتەوە بۆ پرسیار، یانى ڕابردوو، ڕابردووش وەستاوە و یەقینى تێدا زاڵە، بە هەموو توانامەوە هەوڵ دەدەم کەلەپوور وەک ڕابردوو وەرنەگرم، مەبەستمە بیکەم بە خەڵکى جیهانى ئەمڕۆ، خەڵکى جیهانى ئەمڕۆ بم، ئەمڕۆ شتێکى تەواو بیندراو و زاندراو و وتراو نییە. ئایندە بێئامانترین سەرچاوەى نیگەرانى و دڵەڕاوکێى ئەمڕۆیە، ئەو ئەمڕۆیەى ئایندە تێیدا کەرەستەیەکى خاوە، ملکەچى توانایەکانمان نییە.

من ئاماژە دەنووسم، لەبارەی ئاماژەوە نانووسم.

13

نووسینى واقیعى بیندراو لێکەوتنەوەى زەینى ئارام و خۆشنوودییە، بەڵام دەقى خەونى، لێکەوتنەوەى زەینى شڵەژاوە. زەینى ئارام حەز بە خوێندنەوەى ئەو نووسینە دەکات، زەینى ئارام نووسیویەتى، زەینى شڵەژاویش حەز بە خوێندنەوەى ئەو نووسینە دەکات، زەینى شڵەژاو نووسیویەتى.

لە دەقى خەونیدا هەست دەدۆزرێـتەوە، هەستیش زەمینەیەکى لەبارە بۆ بەرهەمهێنانى شیعرییەت، خەون کردەیەکى هەستییە لەوەى کردەیەکى عەقڵى بێت، لەگەڵ ئەمەشدا بنچینەى خەون هەست و واقیعە، بەڵام واقیع بەو شێوازە نا، کە دەبیندرێت، واقیع بەو شێوازەى هەست لە دەقى پەتیدا ئامادەى دەکات، لەم بار و کەشەدا خەون هێزى خەیاڵ لە نووسیندا بەرز دەکاتەوە و کار لەسەر لایەنە شاراوەکانى چارەنووسی مرۆڤ دەکات.

من شاراوە دەنووسم، لەبارەی شاراوەوە نانووسم.

14

ژیان لە هەموو دنیادا، جۆرێک چوونیەکى تێدایە، دەگونجآ شاعیر نەریتى هەموو دنیا لە دەقدا بکات بە هى خۆى، وەک بیر و ماناش لە شیعردا نیمچە نزیکییەک لە نێوان نەتەوەکاندا ئەگەر هەبێت ڕەوایە، بەڵام شیعرییەت لە زمانى نەتەوایەتیدایە. ماناى وێنەى شیعرى لە ترپە و ئاوازدا کۆ دەبێتەوە و لە ئەوپەڕى زماندا دەڕسکآ، شیعر تەنیا لە زمانى خۆیدا شیعرە، لە هیچ زمانێکى تردا  شیعر نییە. واتە: لە وەرگێڕاندا ناوێکى تر وەردەگرێت. ئەدەبێکى جوانە، بەڵام شیعر نییە. لەبەر هۆیەکى بنچینەیى، چونکە هەستى زمان و هەستى شێواز و هەستى فۆرم لە وەرگێڕاندا لە بنیادى یەکەمەوە ناگوازرێنەوە بنیادى دووەم، ئەگەر شیعریش ئەم سێ هەستەى تێدا بەهێز نەبوو، شیعر نییە پەیوەندییەکى شیعرییە.

زمان هەڵگرى بیر و ڕاکانى نەتەوەیە، شاعیریش لە ڕێگاى زمانەوە جوانییەکانى نەتەوە ڕادەگەیەنێت، نووسین بە زمانى نەتەوە ئینتیماى نووسەرە بۆ نەتەوەکەى، بەکارهێنانى زمان دەبێتە ناوەند و سەربەخۆیى داهێنان و ئینتیمابوون وەردەگرێت، زمانى درەوشاوە و جووڵەدار لە دەقدا یانى گەشەسەندوو و داهێندراو و درەوشاوە و ڕسکاو.

دۆزینەوە لە ڕێگاى خوێندنەوەوە، بە بەهرەمەندى نووسەر وەردەگیرآ، من کە لە دایک بووم و هاتمە ناو قسەکردن، وشەى مردنم نەدەناسى و نەمدەزانى واتای چى دەدات، لە خوێندنەوەدا گەیشتم بە کرۆکی واتایی و ئاسۆکانیم ناسى و بەهرەم لێ وەرگرت، چوومە ناخى وشەکە و وشەکەش هاتە ناو ناخى من و بووین بە هاوتاى یەکترى.

ئەو بە چاوى منى ڕوانى و منیش بە چاوى ئەو جوانییەکانى ژیانم بژارد، دواتر لەگەڵ بینینى مەرگى باوکم گونجاندم و هێنامە ناو زمان و نووسین.

وشەى دایە و بابە گەشترین و بەهێزترین شیعرییەتیان تێدایە، واتایەکى ڕاستەقینەى بەردەوامین، ژیان بە ئەمانەوە خۆشحاڵ و پەیوەستە، لەوێوە دەست پێدەکات. واتە: لە شیعر خۆیەوە، ژیان خۆى جووڵێنەرى خودى شیعرە.

من ناسین دەنووسم، لەبارەی ناسینەوە نانووسم.

 15

ئەرکى شاعیر ئەوەیە گۆڕان لە ڕوانین و نەریتى باوى کۆمەڵگا دروست بکات. واتە: شۆڕشگێڕبآ لە ڕوانین و گۆڕینى چێژ بۆ جوانى. کە جوانیشى خۆشەویست کرد لەناو کۆمەڵگادا، واتە: تەواوى ژیانى خۆشەویست و پەسند کردووە.

شۆڕشگێڕیش بەشێکە لە ژیانى پەسندکراو، بەڵام بیرى توندوتیژیى ناڕەوا، یان سیستمى دیکتاتۆریى سیاسى لە دەقى شیعریدا هۆى خنکێنەرى فەزا و هونەرى پەتییە.

بیرى توندوتیژیى سیاسی شیعرى هەڵچووندار بەرهەم دێنێت، هەڵچوونیش گرینگى بەهۆیەکانى لێکدانەوەى توندوتیژى و زەبروزەنگ نادات، بگرە دەیانخاتە ڕوو. قسەمان لە هەڵچوونى گیانى نییە، کە سووتان دروست دەکات و دەبیـَتە بەرهەمهێنەرى شیعرى ڕۆمانسیى هەستى و دەروونڕۆشنیى تەسەوف.

شیعرى تێڕامان، بەرهەمى بارودۆخى ئارامە، کە جوانى تێدا خەمڵێندراوە.

شیعرى هەڵچووندار، بەرهەمى بارودۆخى شڵەژاوە، کە جوانى تێدا بزر کراوە.

شیعرى هیچ نەتەوەیەکیش بە هەڵچووندارى ناگا بە غوربەتی ناخ و گیانى باڵاى خۆى و مەزنایەتی وەرناگرێت.

من تێڕامان دەنووسم، لەبارەى تێڕامانەوە نانووسم.

 

 

16

هیچ ئاستێکى جیاکار لە نێوان هەقیقەتى گەورە و داهێنراوى گەورەدا نابیندرێت، هەمیشە نووسراوى داهێندراو لە باسکردن و ڕووداوى بیندراو و بیستراو بەهێزتر و کاریگەرترە.

بەشێک لە بەشە کاریگەرەکانى ئەدەب، ڕەخنەیە، ڕەخنەش لە کرۆکدا هۆیەکە بۆ گەیشتن بە ئاکامى بیرى پێگەیشتووى دەق و خستنە ڕووى پێکهاتە زیندووەکانى بەرزى شێواز، هەروەها ناوەندى کارکردنى دۆزینەوەى داهێنانیشە، ئەو بۆچوونانەى لە بیر و شێوازى دەقەکەدا بەدەستیان دەهێنێت، ئاراستەى دەقەکەیان دەکاتەوە و گوتارى خۆى دادەمەزرێنآ، ئەو ڕەخنەگرەى توانى گوتارى تەریبى خۆى لەگەڵ کارە ئەدەبییە داهێندراوەکاندا دابمەزرێنێت، دەروونێکى بێگەرد و ئاشقە.

ڕەخنە، دەق بە ناسنامەى کراوەى ڕوون لەسەر بەرزایییەکی دۆزراوەى ناوەند ڕادەگرێت و پرۆژەى دامەزراندنى پێشنیاز دەکات، پێویستە دەروونى بێگەرد و ئاشق بەجێی بهێنآ و کارى لەبارەوە بکات، نەک دەروونى لێخن و نەخۆش.

دەروونى بێگەرد و ئاشق، بینینى ڕەخنەیى تێیدا ئاشکرایە، سۆراخکەرى نووسین یارمەتى دەدا و ئامانجە بۆ ئاشناکردنى.

دەروونى لێخن و نەخۆش، بینینى ڕەخنەیى تێیدا بزرە، سۆراخکەرى نووسین چەواشە دەکات و هۆیە بۆ بەلاڕێدا بردنى.

من پێکهاتە دەنووسم، لەبارەی پێکهاتەوە نانووسم.

 

17

خۆمم وەک خودێکی بیرکەرەوە لەناو خەیاڵ و فەنتازیای دەقەکانمدا، هەموو بنەماکانى ئەم خۆدەربڕینەشم لە جووڵەى دەقەکانى خۆمدا دۆزیوەتەوە. دیتنى منى بۆ شیعر بەڕوونى تێدا دەبیندرێت، شێوازى گێڕانەوەى خەونم وەک بنیاد و جووڵێنەرى نووسین وەرگرتووە، زمانیش وەک دامەزرێنەر و بەشێکى زیندووى دەقى ئاستدار و خەونى.

هونەرى کۆلاژ و هەڵڕشتن و بەدوایەکداهێنانى وێنەى جۆراو جۆر، یان هێنانەوەى وێنە لەدواى وێنە دەبێـتە هۆى ئارامى و ئاگرى زیندووى گیانى و زەینیى خوێنەر.

جۆرێک پەرتى و بایەخنەدان بە یەکێتى بابەتم وەک ڕەگەزى کتوپڕى پەیڕەو کردووە، ئەم هونەرەش لە شیعرى کلاسیکى کوردییەوە فێربووم، لەشیعرى کلاسیکى یەکێتى بابەت نییە، بگرە یەکێتى دێڕِ هەیە، من ئەم یەکێتى دێڕەم گۆڕیوە بۆ یەکێتى وێنە، لێچوون و لەوچووشم گۆڕیوە بۆ هێما و ئاماژە، هەروەها مۆسیقا و ترپە و ئاواز لە شیعری کلاسیکیدا لە کێش و سەروا و بڕگەوە دەبینرێت، لای من جووڵەی وشە تێکەڵ بەیەکتر دەبن. مۆسیقا و ترپە و ئاواز پێکدەهێنن.

من ڕەگەزی کتوپڕی دەنووسم، لەبارەی ڕەگەزی کتوپڕییەوە نانووسم.

 18

سەرنجدانى هیچ شتێک بۆ بەهرەمەند لە سوودوەرگرتن بێبەش نییە، هەر شاعیرێکیش لە ژیانى ڕۆژانەیدا زۆربڵێ بوو، زوو سەرنجەکانى دەربڕى نەیهێشت بارەکانى بگەن بە بارى تێڕامان و ناخ ڕوونبوونەوە و جیهانبینى و بەهرە خەمڵاندن، درکاندنى. بێگومان کارەکەى وەک نووسراوى ئاسایى پڕە، بەڵام وەک نووسراوى داهێندراو بەتاڵە، چونکە نووسراوى داهێندراو تەنیا بە تێڕامان و ناخ و ڕوونبوونەوە و جیهانبینى و بەهرە خەمڵاندن، مەزنایەتى وەردەگرێت. شتە بیندراو و هەستپێکراوە بەسوودەکان پێش ئەوەى لە نووسین جێگایان بکاتەوە بەسەر قسەکردن دابەشیان دەکات. لەم بارەدا بەهۆى قسەکردنەوە هۆشیارمەندیى نووسین لەدەست دەدات، یان بەردەوام بەپەلە قسە بۆ دیاردە سروشتییەکان هەڵدەڕێژێت، کە شیعر بێدەنگییەکى خودایییە، ناهێڵێت ئەم بێدەنگییە خودایییە ئەم بە قسە بێنێ، یان بە ئاماژە و نەرم نادوێت، بگرە بە تەواوى هێزى دەمى بەڕەڵڵا دەکات و بارەکانى بێدەستمایەى نووسراوى داهێندراو بەتاڵ دەبن.

من بێدەنگى دەنووسم، لەبارەى بێدەنگییەوە نانووسم.

 19

کتێبخانە کەسایەتى نووسەرە، من وەک بارستایییەک هێندە بەفرى کتێبم لەسەر کەوتوون، بەهرەى ئەو کتێبانەم چۆڕاوەتە هۆشیارى و کەللەسەر، تا وەک کانییەک لەژێر گرانایى ئەم بەفرەدا، کە هاندەرى گیانە دەربووم و جۆگەلەم هاوێشت.

لە دژوارترین کاتدا، کە زەبر و زەنگى واقیع و دەسەڵات و سیستەمى دیکتاتۆرى سیاسی ویژدانم دەڕەنجێنن. وەک منداڵێکى هەست بە شاڵاوى تۆقێنەرکردوو، کتێبخانەکەم بە دڵنیاترین قەڵاى پارێزگارکار دەزانم، لەناویدا ئاهى پشتیوانى و بەرگریم پێدا دێت و پشووى ویژدانم خۆش دەبێت، هەست دەکەم پارێزراوم، هەروەها وەفادارترین و جێى بڕواترین ئەنوا، ئەنواى خەونە، هەر فەرامۆشى ئەو ئەنوایە بوو، هەڵیبژاردم بۆ نووسین.

خەون لە چارەنووس دەپرسێت، بۆ ئەوە خەون دەبینم ڕووبەڕووى ئەو پرسیارە گرینگە ببمەوە سەرسامی چییە، یان من کێم، یان کەسەکانى ناو بەهەشت و دۆزەخ خۆشى و ئازارەکانیان چین.

پتر لە هەر کتێبێک قەرزارى خەونبینینى خۆمم، خەونبینینیشم تاکە بەشێوازى کۆ، هەمیشە لە نووسیندا من کاتى نووسینم، نووسین کاتى من نییە، کە کاتێکى زۆر بزر و تایبەت و هەستیارە، بەردەوام خەونەکانم دێنە ناو چرکەکانى نووسین، فریشتەى پەیامگەیەنەر هاوڕوانین و هاونووسین و هاوخەونبینینم دەبێت و ڕێنوێنى ڕژانى گیانم دەکات.

دواى تەواوبوونى یەکەمین ڕەشنووسیش بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ ڕادەمێنم و بیر دەکەمەوە بۆ چەند هەفتەیەک پشوو دەدەم، دواتر دەگەڕێمەوە سەر ڕەشنووسەکە و پاکى دەکەمەوە، ناونیشانى بۆ دادەنێم، ناونیشان وەک ڕووناکییەکى تیژ تێپەڕە بۆ ڕۆشنکردنەوەى پانتایى و بنیاد و جووڵەکانى ناوەرۆک و ناساندنى دەق، چونکە بەهۆى ناونیشانەوە نووسین و بینینى نووسەر پێشکێش دەکرێت، واتا و کرۆکی دەقەکە دێتە بەر بیر و خەیاڵى خوێنەر.

من چارەنووس دەنووسم، لەبارەى چارەنووسەوە نانووسم.

20

کۆمەڵێک حیکمەت و گیانى پەتى و بیر و مەوداى ئێستێتیکیم لە کەلەپوور و ڕۆشنبیریى کوردى بۆ ماوەتەوە، نموونە: لە حەیراندا خاڵبەندى پەیڕەو نەکراوە، سەربەند و ناوبەند و کرانەوەى دوابەند هەیە. بە گوێگرتن و هۆشیارییەکى ڕاستەقینەى ترپە و ئاواز هەستى خاڵبەندى لاى حەیرانناس دروست دەبێت، هەروەها لە شیعرى میللیى کوردى و شیعرى کلاسیکى خاڵبەندى پەیڕەو نەکراوە، پەیڕەو نەکردنى خاڵبەندى لاى من نەزانین نییە، بگرە وەک مەبەست و هونەر گەڕانەوەیە بۆ هەستى سەرەتایى کوردى و ڕەسەنایەتیى کەلەپوور.

لە سپێتى کاغەز و دابەشکردنى وێنەدا هەست و نیشانەکانى خاڵبەندى لە ئاستەکانى دەربڕین لە خەیاڵ و زەینى خوێنەرى خود وریا دەستنیشان دەکەم.

نموونە: ڕستەى بۆ کوآ دەچیت. ئەم ڕستەیە ئەگەر نیشانەى پرسیار، یان سەرسوڕمانم بۆ دانا. ئەوە بێگومان ڕستەکە دەستنیشان دەکەم. پرسیارە، یان سەرسوڕمان. ئەگەریش هیچ نیشانەیەکم بۆ دانەنا و بە کراوەیى هێشتمەوە لەم بار و بوارەدا ڕستەکە دەبێتە ڕستەیەکى ئاستدار و دۆخگۆڕ و زەینى.

من زەین دەنووسم، لەبارەی زەینەوە نانووسم.

21

تێگەیشتن و تێنەگەیشتن هیچ لە ئارەزووى من ناگۆڕآ بۆ ئەدەب، لە هێڵە گشتییەکانى هونەرى خودایى و سامانى ژیان و ڕەگەزەکانى شێوەکارى ..... تاد، خەیاڵ ئامادە دەکەم، لەسەر هەر شەش هەست کارى پێدەکەم و دەیخەمڵێنم. شێوەکارى بەشێک نییە لە سامانى جوانى، بگرە خاوەنى سامانى جوانییە، شێوازیشى ناوەندى سرووش و ئاماژە وەرگرتنە بۆ تەواوى هونەرە جوانەکان. هێڵ و خاڵ و بۆشایى و سێبەر و ڕووناکى و دوورى و نزیکى و گونجاندنی ڕەنگەکان لە بەرهەمى ئەدەبیی مندا دیار و نادیار ئەدگاریان درەوشاوەیە و بەکاربردراون.

شیعریش گەیشتووە بە چڕبوونەوە لە ڕۆشنایى و سەداسەد کردارێکى بەرهەمهاتووى جوانییە، جاروبار ڕووبەڕووى ئەم بارە بوومەتەوە لەکاتى گەرمەى نووسیندا مەبەست و نیازەکان دژوار دەبن، ڕوون و ئاشکرا دۆخى نووسین وەرناگرن، دادەمێنم، سکێچ دەکێشم بە سرووش و ئاماژە وەرگرتن لە سکێچەکان دەگەڕێمەوە دۆخ و بارى سەرەتایى نووسین. مەبەست و نیازەکان بە ڕوونى و ئاشکرا دەدوێنم و شێوازێک بۆ ئەوپەڕى زمان و ئامرازەکانى دەربڕین پێشنیاز دەکەم.

من جوانى دەنووسم، لەبارەى جوانییەوە نانووسم.

22

لە تاکیدا نووسەر لە هەقیقەتى ژیان دەپرسێت و سەربەخۆیە، سەربەستى تەواوى لە جۆرى بیرکردنەوە و خۆ دەربڕیندا دەستکەوتووە، ویژدانى لەبڕیارى گوتن و هێزى شێوازدا ئاسوودەیە، سەرچاوەکانى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئازادى و ئازایییەى خۆى بە خۆى داوە، پرسیویەتى: من بیرکەرەوەیەکم، شوێنم لە ژیاندا چییە. نابم بە داماوى هیچ شێواز و گرووپێک، سەردەمى گرووپ و قوتابخانە شیعرییەکانیش بەسەرچوون، ئێستا سەردەمى شاعیرى تاکە.

من سەرچاوە دەنووسم، لەبارەى سەرچاوەوە نانووسم.

23

شاعیرى ئەزمووندار کار لەناو ماناى ئامادەکراو ناکات، ئاماژەکان دەجووڵێنآ تا ئاستى پەرجوو دروستکردنیش سادە دەبێتەوە، لە سادەبوونەوەیدا دەگات بەخۆ دەربڕین و چێژى بوون، تەنیا مرۆڤە هەستیارەکانى ناو کۆمەڵگا بایەخ بە شیعر و درەوشانەوەى گیانى دەدەن، هەستیارەکان خاوەنى دەروونێکى ڕەنگاو ڕەنگى ئاشتى ویستن.

دەڵێى بەندەیەکى خودایى و سووتاوێکى پاکبووەوەم لە هەموو شتەکاندا، خەونى سادە دەبینم، سروشتى کەسایەتیم وا هەڵکەوتووە لە دانیشتندا کەم بدوێم، گوآ بۆ گفتوگۆى دەوروبەر ڕابگرم، بآ ئەوەى خۆم ئەو بێدەنگییەم وەک پلان بۆ ژیانم نەخشەڕێژ کردبێت، خۆى لەگەڵ قۆناخەکانى ژیانم هاتووە و لەدایکبوون و خودا بەخشیویانە.

بێدەنگى و کەمدوویى بووەتە بەشێکى سەرەکى لە ژیانم. زۆر گرفتیشى بۆ ناومەتەوە، چاوناسى وام لێ ڕاست هاتووە. دوور، زۆر دوور لەوەى هەڵسوکەوتى لەگەڵمدا هەبێت و تێکەڵ بە کەسایەتیم بووبێت، تەنیا بەهۆى ئەم کەمدوویییەوە ڕقى ئەستوورى لێم هەڵگرتووە و قسەى لەبارەمەوە هەڵبزڕکاندووە، بآ ئەوەى هیچ بار و بوارێکى بۆ هەقیقەتیش هێشتبێتەوە.

وا هەست دەکەم لە بێدەنگیدا بە کرۆکى بوون دەگەم، یان بوون نهێنییەکانى خۆیم بۆ دەدرکێنآ، خەونیش بە ئامرازێک دەزانم بۆ باش حاڵیبوون لە هەقیقەت و واقیع.

من کرۆک دەنووسم، لەبارەی کرۆکەوە نانووسم.

24

شیعرى نەوەى پێشە من هەرچییەک بووبن، بەڕێزەوە لە کتێبخانەکەمدا پاراستوومن، کە زۆرینەشیان یەکبینى و یەک هەستپێکردن و واقیعى هەڵچووندارن، بەلاى منەوە جێگاى مانەوەن، وەک نووسین و بەرهەمى نەتەوە شیاوى بە گەورەیى تەماشاکردنن، ئەگەرچى لە بیرى مندا کاریگەرییەکى وایان جآ نەهێشتووە و نەبوونەتە ناوەند و مایەى سوودبەخشین و جووڵاندنى یادگە تا بەردەوام وەک خەیاڵى جوانی گەشتی گەڕانەوەم بۆ لایان دووبارە بکەنەوە.

ئەوان شیعریان ستوونى بینى، یان بە ئاست و ئاراستەى بەرزبوونەوە، یان بە ئاست و ئاراستەى نزمبوونەوە، بۆ جیاکاربوون و خۆتازەکردنەوە بە لێزیادبوونى ستوونى و ئاسۆیى و بازنەیى بینیم، بە یەکەم بینین و هەستپێکردنێکى تەنک کەشى نووسینم بۆ ناڕەخسآ و ناچمە ناوى.

بینین و هەستپێکردن لەگەڵ فەنتازیا و خەون دەخەمڵێنم، دواتر وەک ئەزموونێک لە هەناوى گشتى سەر هەڵدەدا و دەبێت بە بوونێکى خاوەن قەبارەى شیاو، تەبایی و گونجاندن و هێز دەبەخشێـتە کارەکانى دیکەم.

من کەش دەنووسم، لەبارەى کەشەوە نانووسم.

25

شاعیرانى کلاسیکى کوردى، بە تێگەیشتنى ڕاستەقینەى شیعر، ڕوونتر و داهێنەرانەتر لە شاعیرانى ئێستا بایەخیان بە ئەوپەڕى زمان، ئێستێتیکاى زمان داوە، تەماشاى هۆگربوونیان بە ئەوپەڕى زمان و ئێستێتیکاى زمانەوە بکە، گەیشتوون بە ئاستى دەروونڕۆشنى و تێگەیشتنى ڕۆڵى زمان لە دەقى ئەدەبیدا.

زمانى کەم وێنە و دەسەڵاتدارى شیعرى کلاسیکى منى بەکێشى ناوچەقى زەمینەى بە پیت و هەوایەکى نوآ کرد، ئەزموونى خۆى لە ئامادەبوونێکى ڕۆشن و سروشتى و پڕ ڕەنگتر پآ تاقى کردمەوە.

کرۆکى ژیان و مردن بە نەدۆزراوەیى ماوەتەوە، هەروەها زمانى شیعرى کلاسیکى کوردیش.

زمان لە شیعرى کلاسیکیدا ئاست و ئاراستەى لەبارى وەرگرتووە بە تەواوى لایەنگیریم، شاعیرى هاوچەرخ لەناو زمانى شیعرى کلاسیکى قاڵ نەبووبێتەوە، ببڕاى ببڕ ناگاتە هیچ سەرکەوتن و پێشکێشکردنێکى هۆشمەندانەى زمانەوە.

دەمەوآ لە وشیاریى نووسیندا، کە دەربڕین لە خەم و هونەر و دەروونى کوردى دەکات، زمانێکى نزیک لە شیعرى کلاسیکیى ڕیشەدار و فرە ئاسۆیى، ئەگەر بتوانم دابهێنم، یان بەکاربهێنم. وەک شێواز نا، وەک گیان و زمان و سرووش و پرسیارە گەردوونى و چارەنووسسازەکان. دەچمە ناو کلاسیک و خاڵى دەرچوون دەدۆزمەوە. واتە: ئەوپەڕى زمان و خەیاڵى بینین.

لە دەقى خەونیدا زمان ڕستە دەکاتەوە و کەشوهەواى تەسەوف دادەکشێنێتە ناوەوەى تاک و مانا چەسپاوەکان ڕادەکێشێتە ئاقارى گۆڕان و بارگاوییان دەکات بۆ جووڵاندن.

ئەمەش بە لووتکە گەیشتنى شیعرییەت و جێبەجێکردنى ڕاسپاردەى جوانی و بە پیتکردنى ڕێڕەوەکەیەتى. جوانییەکان قەوارەیەکن بۆ ئازادکردنى مرۆڤ و ئەندێشەى ئەفسانەیى و نووسینى ئازاد.

لە دەقى خەونیدا مانا هەمەچەشنەیە، خەیاڵ پەرێشان ناکات و بانگەوازە بۆ خوڵقاندنى جوانییە هەمیشەیییەکان و بەڕێز ڕاگرتنى بەها تا هەتایییەکانى ژیان.

من ئەفسانە دەنووسم، لەبارەى ئەفسانەوە نانووسم.

 26

من سەر بە هیچ ئایدۆلۆژیایەک نیم و لایەنگری هیچ حزبێکیش نابم. بە نان و ئاوی، ویست و خۆبوونی خۆم دەژیم، ئەم خۆڕاگەیاندنە دڵی شێری دەوآ، شیعری بێگەرد دڵی شێرە. داهێنەری ڕاستەقینە لە سروشتی خۆیدا کەسێکی یاخی و دژە دەسەڵاتە. من شیعری بێگەرد بەرهەم دەهێنم، شیعری بێگەردیش پشت بە نوێبەخشی کۆمەڵگا دەبەستێت. کۆمەڵگا لە نوێبوونەوەیدا دڵی شێر دەدۆزێتەوە و دەیبەخشێتە داهێنەری ڕاستەقینە.

نووسەرى ئایدۆلۆژیست بەوە تاوانبارم دەکەن، کە دوورم لە کێشە و مەسەلە کۆمەڵایەتییەکانەوە، منیش بەهەموو ئاست و ئاراستەیەک خۆم پاراستووە لە فریوى ئایدۆلۆژیا و هەراسانکردنى ئەم جۆرە تاوانبارکردنە. ئەدەب بە گیانى پەتى و جوانى دەزانم، خۆ بەدوورگرتنیش لە ئایدۆلۆژیا بە هەقیقەتى ئەدەب، لە ڕێگاى هەقیقەتى ئەدەبیشدا بیر لە جیهان دەکەمەوە. گرفتەکانى لە خاڵێکدا کۆ دەکەمەوە ئەمیش خاڵى هێزى نووسین و درەوشانەوەى خەونییە. ئەو چەمکەى مەبەستیشمە بیگەیەنم پەراوێزى ناکەم، بآ دوودڵى وەک بەرزایییەک پیشانى دەدەم و دەریدەبڕم. ویستوومە خەون بکەمە کەسایەتى چالاک و ڕووبەڕووى ژیانى بکەمەوە، درەوشانەوەى خەونبینین لە کوێوە دێت، من بەبآ خەونبینین لە نووسیندا هیچم پآ ناکرآ و هیچ بە هیچ ناکەم، هەمیشە بەدواى ناوەندى درەوشانەوەى نووسین وێڵ و ماندووم، ئەى خودایە من مرۆڤێکى بە باوەڕم، بمگەیەنە دەروونڕۆشنى نووسین، پەیامبەرەکانیش مرۆڤى بە باوەڕ و گەورەترین خەونبین بوونە.

من گیانی پەتی دەنووسم، لەبارەی گیانی پەتییەوە نانووسم.

27

ئەدەب بە سەرجەم شتەکانى ناو کۆمەڵگا پێوەنددارە، بەوانەوە بوونێکى درەوشاوەیە، ناتوانآ لەناو دواکەوتوویى کۆمەڵگا دەرپەڕآ و خۆى وەک دەقى شارستانیى ئەزمووندار پیشان بدات، لەگەڵ گەشەکردنى کۆمەڵگا گەشە دەکات و ئەزموونى هاوتاى شارستانى بەدەست دەهێنێ، پەیوەندییە جێگیرەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، پەیوەندیى نوآ دادەمەزرێنآ بۆ بەڕێوەچوون.

تواناى گۆڕان لە ژیان ئاسان نییە، هەروەها گۆڕان لە ئەدەبدا چەند بارە گرانتر و دژوارتر، داهێنەرى سەیر و سەرسوڕهێنەر، کە دەگەنە دوایین پلەى داهێنان و دەروونڕۆشنی. بابەت و هونەرەکەیان تەواو خۆماڵى و وەرگیراوى ناو ژیانى گەرم و قووڵایى بیرکردنەوەن، بۆیە وەک دەقى سەرسامکەر خوێنەر قبووڵیان دەکات و بە ئەزموونى بەردەوامى خۆى دەزانێ، لە چاوگ و سەرچاوەى کولتوورى پڕ جموجووڵى کۆمەڵگا نیشانەکانى هونەر و جوانى پێکاوە، کولتووریش هەمیشە شۆڕشگێڕە، بەردەوامیش لەگەڵ بوون و پەرەسەندن کەرەستەکانى بەڕێوەچوون بەرهەمدار دەبێت.

بابەتى ئەدەبى هەرچەندە خۆماڵى و لەناو جەرگەى ژیاندا هەڵبژێردراو بێت و هونەرى تێدا بدۆزێتەوە دەرگاى بە جیهانبوونى فراوانتر بە ڕوودا دەکرێتەوە، بە قەناعەتتریش وەردەگیرآ.

من گۆڕان دەنووسم، لەبارەى گۆڕانەوە نانووسم.

28

تەواوى ژیانم خستووەتە خزمەت شیعرەوە، هەر بۆ شیعریش ژیانم دەوآ، بەهۆى ئەم خۆ تەرخانکردنەشەوە زۆر گێچەڵم پآ کراوە، لەمەشدا خودا یارم بووە و دڵشادم بەوەى ئەوانەى گێچەڵیان پآ کردووم هەر هەموویان ئەوانەن، کە لە پەراوێزى ئەدەبدا کارمەندن، یان خوێنەرى تەمبەڵن.

داهێنەرم زۆر لەبەر چاون، لە ژوورى کتێبخانە و نووسینمدا وێنەى هێندێکیانم هەڵواسیون، لە خەمە نیشتووەکانى سەر دەموچاویان ورد دەبمەوە سرووش و خەون و خەیاڵ و وشەیان لێ دەدۆزمەوە و لە شیعردا بەکاریان دەهێنمەوە.

نەشمویستووە ببم بە کەس، بگرە ویستوومە بەو ڕێگایانەدا بڕۆم، کە ئەوانەى لەبەرچاوم گرتوون پێی گەیشتوون بە شیعرییەتى پەتى و دەروونڕۆشنى.

من دەروونڕۆشنى دەنووسم، لەبارەى دەروونڕۆشنییەوە نانووسم.

 29

ڕەخنەى بنیادنەرى کوردى نا، بگرە پەراوێزەکانى ڕۆشنبیریى کوردین، تۆپەڵێک قسەى لە هیچە و پەلامارى بێمانا و بآ بنەمان، دەنا یەکێک لەم پەلاماردەرە هەڵبزڕکاوانە ئەو هەقیقەتبین و بوێرییەى لا دروست دەبوو ڕووبەڕووى دەقێکم ببێتەوە و گومان بخاتە تانوپۆ و ڕایەڵى بوونى، لێکدانەوەکانى بڕوا بە بەرانبەرەکەى بهێنآ بنیادى بەرهەمهاتووى شڵەژاوە.

من بۆ خۆم زۆر ڕێزم لە داهێنەرانى پێشە خۆم گرتووە، بەردەوامیش دەبم، بڕواشم بەوە هەیە ململانآ لە ئەدەبدا ناتگەیەنێتە هیچ و ڕەوایى تێدا نییە، بگرە خودناسى و بەردەوامبوون و سووربوون و نیازپاکى دەتگەیەنێتە ئەنجامێکى سەرنجڕاکێش، ئەوەى تا ئێستا من پێمزانیبآ و ئاگاداری بم لە مێژووى شیعرى کوردیدا، هیچ شاعیرێک بەقەد من تووشى شەڕ و گێچەڵ و قسەى لە هیچە و دەمهەڵبەست و پەلاماردان نەهاتووە، بەڵام هەقیقەتبین بەسەر ئاژاوە و بێتوانایى پەراوێزەکان ڕەت دەبێت و خۆى دەسەپێنآ و دەدرەوشێتەوە.

هەڵبزڕکاوە بەسەرچووەکان پەلامارى ناشارستانى ئەزموونى پتەوى جواننووسەکان دەدەن، خۆ مێشوولەش تەنیا لەناو نێرگزەجاڕدا دەنگێکى نەشازى لێوە دآ، بە خەیاڵى بەتاڵى بوونێکى کاتى بۆ خۆى دروست دەکات، دەشبیندرآ پەلاماردەرە هەڵبزڕکاوەکان دەکەون و وەجاخکوێر دەمێننەوە، دەقى پتەویش وەک شمشێرى هەڵکێشراو دێتە ناو ژیان و تێکەڵ بە جووڵانەوە کاریگەرەکان دەبێت، دواتریش دەبێتە هێماى مەزنى و درەوشاوەى نەتەوەکەى.

لەگەڵ ئەمەشدا، ڕەخنەگرانى بنیادنەر ڕووبەڕووى ئەم پەلاماردەرە بەسەرچووانە بوونەتەوە، ناچارى شەڕ و گێچەڵیش کراون لەپێناو پارێزگاریکردن لە ئەدەبى پەتیدا.

بەسەر پلان و پیلانى دوژمنان و پەلاماردەرە هەڵبزڕکاوەکان سەر دەکەوم، بە هەوڵ و کۆششى لە دڵەوەم بۆ شیعر بە سزاى داهێنانیان دەگەیەنم. بە بینینى داهێنان قەڵەمى دەست و پێیان دەشکآ.

ڕەخنە دوو باوەڕى نییە لەگەڵ دەقە، یان لەگەڵى نییە، یەک باوەڕى بە تینى هەیە ئەمیش کارکردن و بڕواهێنانە لەناو دەق.

ڕەخنەى خۆ نیشاندەر و مەبەستى دەرەکى و قسەى لە هیچە و پەلامارى بآ مانا و بآ بنەما، جێگا و متمانەى لەناو ڕۆشنبیرى پەتیدا نییە، بەتاڵکردنى ڕق و کینە و بێتوانایى و کەمسەرى و ئیرەیى و خۆخەڵەتاندن و ویژدان کوێرییە.

هیچ نیازێکى هاوبەش و ئاماژەیەکى گرینگیش لە نێوان قسەى لە هیچە و پەلامارى بآ مانا و بآ بنەما و دەقى ئەدەبى پەتیدا نییە.

هەر کەسایەتییەک گیانى بە ئەدەب و هەقیقەتبینین و پاکى و جوانی داگیرسابێت، بە هیچ جۆرێک دەرگاى ئاژاوە و ناشیرینى و دووڕوویى ناخاتە سەر پشت، هەر کەسایەتییەکیش بۆچوونى ئاژاوەچێتى لە دەرووندا ڕوابێت، هێشتان بە ئەقڵى پاشکۆیى و داردەستى و دڵڕاگرتنى ئەم و ئەو بەڕێوە دەچێت.

بۆ شیعرییەت تێدەکۆشم و نایەمە سەنگەرى قسەى لە هیچە و پەلامارى بآ مانا و بآ بنەما، قەڵەمى لێ ناجووڵێنم، بەکارێکى بێهوودەشى دەزانم، جەنگان لەگەڵ جێماو و پەراوێز و بێبار و لێخنبیر و قۆپیەچى و خەمەگڕووى ئەدەبى و پاشخاپەرۆک و ویژدان کوێران.

من تانوپۆ دەنووسم، لەبارەی تانوپۆوە نانووسم.

30

ببڕای ببڕ بیرم بۆ ئەوە نەچووە بڵێم لەم کردار و بەکاربردنە یەکەم کەسم، یان ئەم هونەرە لە ڕوانینى منەوە خوڵقاوە، پێشڕەو و هێماى ئەو ڕووداو و دیاردەیەم، ئەم جۆرە خەیاڵکردنانە، بە نەخۆشى کوشندە و گران و لەناوبەر دەزانم، بگرە هەموو خاڵەکانى گۆڕانکارى لە درەوشانەوەى شیعرییەت دەبینم و بەس. شاعیرى خاوەن دیدگاى ڕوون و بەهێز و جوانداڕێژەر بەئاماژە و ڕۆشنایى هیچ بڕیار و مەرجێکى سەپێندراو نانووسێت، ئەرکى دەوڵەتە ئیش بۆ کتێبى کۆمەڵایەتی و ئابوورى و هزرى و ئایینى و زانستى و پەروەردەیى و یاسایى و سەربازى و مێژوویى و فەلسەفى ..... تاد، بکات و بە تیراژى زۆر بڵاویان بکاتەوە، کەناڵەکانى ڕاگەیاندنیش بخاتە خزمەتیان.

ئەرکى شاعیر یەک شتە، پەیوەندییەکانى مرۆڤ و ژیان و جیهان بدۆزێتەوە، ئەم دۆزینەوەیەش جوان بنووسێت و بیگەیەنێت، ڕادەى ئاگادارکردنەوەى هێزى وشەى کاریگەریى و شوێن جآ بهێڵێت لەسەر هەست و ئاراستەى ئێستێتیکاى کۆمەڵگاوە. پرسیارە کاریگەرەکان بکات و ئامادەبوونى تاقانەى خۆى بپارێزآ.

ژیان بەرگەى مانەوەى گرتووە و دەگرێت، شیعریش نەگەڕێـتەوە بۆ منداڵدانى ڕۆشنبیریى پەتى و بەسووڕى سروشتى تآ نەپەڕێت دەبێتە لاساییکەرەوەیەکى یەکجار بآ بایەخ، یان کەناڵى ڕاگەیاندنى پڕوپاگەندەى پووکاوە.

هەرچى هۆى بەختەوەرى هەیە، دەسەڵات و سیستمى دیکتاتۆرى سیاسی لە مرۆڤی دەروونڕۆشنیان داگیرکردووە. مرۆڤی دەروونڕۆشنیش ئەم لەدەستچوونەى لە خەوندا بەدەست دەهێنێتەوە.

پێویستە ئێمە خەون بەجۆرێک لەناو دەقى ئەدەبیدا بەکار بهێنین پەیاموەرگر بڕواى پآ بهێنن و لێمان وەرگرن، تواناى بیرکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەیان لە ناخدا دروست بکەین.

لە پێناوى بەجوانی ڕاگرتن و هێشتنەوەى بەهاى شتەکاندا، شاعیر بە دادپەروەرێکى دانا دەزانم، پێویستە لەم دۆخەشدا بژى و بمێنێتەوە، مەشقى مەیدانخوازیی شایستە بکات.

شوێنى ڕاستەقینەش بدا بە شیعرى پەتى و بێگەرد، کە خەون و جوانى و مانا و ناڕەزایییە لە کردارە ناجۆرەکان، دەنگ هەڵبڕینە لە بێدەنگییە گشتییەکان، جوانییەکیش ڕەت دەکاتەوە ماناى تێدا ئاوەژوو کرابێتەوە.

من بەها دەنووسم، لەبارەی بەهاوە نانووسم.

 31

هەموو بوونەوەرێک خاکێکى خۆگونجاندنى خودى هەیە، بۆشى هەیە بۆ خۆگونجاندنى لەم خاکەیدا تایبەتکارییەکانى خۆى بپارێزێت.

من تایبەتکاری دەنووسم، لەبارەی تایبەتکارییەوە نانووسم.

 

32

پەیامى ڕاستەقینەى ئەدەب دەسەڵاتى دەقى خەونى بەهێز دەکات و دەیکات بە ڕەگەزێکى گرینگى پرسیارکردن لە ژیانى جوان، کە بوونى مرۆڤ پرسیارێکى کاریگەرە لەناوکى بوون دەکرێت.

مەسەلەى گیانى و جوانى لە هونەرەکانى نووسیندا هەمیشە خەبات و جۆشى ژیانى کەسى جوانیبینە، لە دەقى خەونیدا ژیان بەهاى پێکهاتەى جوانى وەردەگرێت.

شیعرى بیرکردنەوەى پڕ لە جووڵەى هاوتا بە جوانى، ڕوانین و درەوشانەوەى لە گیان و خەونەوە داڕژاوە، کە جووڵە و مانا و بەهاکان لە گەردوون و ژیان و مرۆڤ بە چەند ئاست و ئاراستەیەک وەردەگرێت، فرە پاڵەوانییەتى لەیەک پاڵەوانیدا ئامادە دەکات، دەیهێنێتە ناو ململانآ و جەنگى توندوتیژى هەمیشەیى، تا خودى شاعیر دەرباز بێت لە تاکییەوە بۆ ناو ڕۆشنایییە پڕ تەلیسمەکانى هاوتابوون، یان حەز و ئارەزووى ڕوو لە زیادبوون و چاوە نەسرەوتووەکانى بەردەوام لە گۆشە لەبیرکراوەکاندا داگیرساوە، خودى شاعیرى خاوەن ڕوانین و جیهانبینى بەهۆى بارستى کاغەزەوە هەست پێدەکرێت و وەک ژیانى جوان دەبیندرێت.

لە دەقى خەونیدا شیعر نە بۆ ئایندە دەچآ، نە بۆ ڕابردوو، بگرە هەموو کاتەکان ڕووگەنمان بۆ دۆزینەوە. بێگومان هەر شاعیرێک بیەوێت بەو شێواز و ئاست و ئاراستەیە بنووسێت، پێویستە ئەوە لەبەر چاو بگرێت، کە قووڵبینییەکەى لە ئاست کێشە هەبووەکانى ئەو ڕۆژگارەدا بێت، کە دەبێتە خوڵقێنەرى بارە ناهەموارەکان، یان بارە جوانەکان.

لەبارى یەکەمدا ناهەموارى دەبێتە مایەى هەڵچوون و توندوتیژیى نووسین.

لەبارى دووەمدا جوانی دەبێتە مایەى ئارامیى بیرکردنەوە و خوڵقاندنى نووسین.

ئەوەى پێویستى بە قسە لێ نەکردنە، ئەمڕۆى شارستانى و ڕووناکبیرى لە هەموو بار و دۆخەکانى پێشتردا سەرسوڕهێنەرترە، شارستانییەت و تەکنەلۆژیا بیرى جوانى ناشێوێنێت، بە پێچەوانەوە گەشەپێدەرى بیرى جوانى و مۆتیڤ و وێنە و خەیاڵ و گفتوگۆ و بەختەوەریى خەونە.

لە دەقى خەونیشدا یەکگرتنەوەى گشتى بەشە جیا جیاکان دەدۆزرێتەوە. ململانێى ڕوانین شڵەژاو و بارمردوو، لەگەڵ ڕوانین ڕوون و بار زیندووى نوێزادەى دۆزەرەوە لە گفتوگۆى لە یەکنەگەیشتنن. لە دەقی خەونیدا، لە جەنگى توندوتیژى لەگەڵ خۆتدا، دەتوانیت خۆت ڕەت بکەیت، ئەو شێواز و ئاراستە باوەى پێت نووسیوە، فڕێى بدەیتە پشت نووسینەکانى لە پێشترت، بە شێواز و ئاراستەیەکى تەواو جیاکار و نوێبەخش بێیتە ئاخاوتن و گۆڕانێک لە ڕابردووى خۆت بەرهەم بهێنیت، بەڵام ئەو گۆڕانە چۆن بەرپا دەبێت، کام هۆ و شێوازى دەربڕین فڕێی داونەتەوە لە نەناسراوییەوە بۆ ناسراوى، لە دۆخى وەستاو بۆ دۆخى پڕ بزاوت.

لە نووسینى ئەدەبى ڕاستەقینەدا پێویستە بە تەنیا جوانى ببیندرێت.

شیعرى سەردەمێک لەمەوپێشى کوردى ڕۆمانسییانە بیرى لە گەردوون و ژیان و مرۆڤ کردووەتەوە، لە ناوەرۆکدا لەگەڵ هەلومەرجى واقیعى سادە و ساکاردا زۆر گەرم و گوڕ و هەڵچووندار بوون، کەچى لە شیعرییەتى زمان و مۆرکى شێوازدا بە پێچەوانەوە ساردوسڕ بوون، نەیانتوانى مۆرکى شێواز و شیعرییەتى زمان ئاوێتەى زەین بکەن و بیکەنەوە، بیرکردنەوەکانیان بەشێوازى خەونى بخەنە ناو نووسینەکانیان، کە گەورەترین هۆش ئەمە بوو بۆ ئەوەى نووسینەکانیان وەک نووسینى داخراو بمێننەوە، نەگەن بە ئاستى دەقى فرە ئاست و ئاراستەیى.

وشە لە شیعرەکاندا یەک ئاسۆى دراوەتێ، ئەمیش ئاسۆى ڕووکەش و یەک مانایى وشەکەیە، لە ساکارترین شێوازدا جێیان هێشتووە، ئاماژە ستوونى دادەبەزێت، بەهەمان شێوازى ستوونیش دێتە ناو بوونى یەک ئاسۆى نووسین.

ئاسۆى فەنتازى و دەستوەشاندنى داهێنانى بلیمەتى تێدا هەڵبزڕکاو و گەشەنەکردووە. واتە: وەک چێژ بەکاربردراون نەک وەک دۆزینەوە، ڕەنگە هۆکارێک، یان یەک لە هۆکارەکان ئەوە بێت، کە واتا و هێزی وشەیان ون کردووە، نەیانتوانیوە کەڵکى باش و داهێنەرانە لە ئەزموون و مۆرکە زمانییەکانى قۆناخى شیعرى کلاسیکى وەربگرن.

دەقى خەونى لە منداڵدانى مێژووى مردوو لە دایک نابێت، هەست بەوە دەکرێت سەختى و دژوارى سروشت و زەبرو زەنگ، نووسەر دەترسێنێت، هەمیشە هەوڵى جووڵاندنەوەى دیمەنە پڕ کێشمەکێشمەکان دەدات، بارە بە پیتەکان بە وریایى و زیندوویى وەردەگرێت بە زمانێکى تەواو ئەفسوون و جادوویى دابڕاو لە زمانى کارەکانى پێشووى خۆى ناخى پێشکێش دەکات، وەک خودێکى هۆشمەند و سەرچڵ ئەم و ئەو لە بیرکردنەوەکانى خۆى دەسڕێتەوە، شتە زیندووەکانى جیهان لە دەقدا دەکات بە هى خۆى، خوێنەریش بازنەیى دەیخوێنێـتەوە و ستوونى لە ئەزموونى خەونەکە نزیک دەبێتەوە. پاشان دەچێتە ناو کەشوهەوا و لێکدانەوەى ئاسۆیى، چونکە دەقى خەونى لە خولانەوەى بەردەوامدایە، شیعرییەتى زمانیش ڕۆڵێکى ئێجگار گەورە و سەرەکى دەبینێت لە پێکهاتەى وێنەى سەرسوڕهێنەر. کە هەموو هەبووەکانى زەمینى قۆزتبێتەوە و ئاسۆکانى نادیاریشى دووچارى ڕاوەشاندن کردبێت، بەهۆى ئەوەى تاکى لەجیاتى کۆ بەکارهێناوە.

من ناوکی بوون دەنووسم، لەبارەی ناوکی بوونەوە نانووسم.

33

شیعر لە ژیان و بینینى کورددا ڕۆڵ و ئامادەیى و کاریگەریی خۆى سەلماندووە و خاوەنى شوێنى ناوەندە، لەبەر ئەمەشە وەک دیاردەیەکى پێویست و دامەزرێنەر تەماشاى دەکرێت، ئەم تەماشاکردنەش وای کردووە لە چالاکییەکانى بیرکردنەوەى کۆمەڵگاى کوردیدا، شیعر پێشەنگى وەربگرێت و زۆرینەى شتەکانى لەسەر دابمەزرێندرێت، ئەم دامەزراندنەش دەگوازێتەوە ناو ژیانى شیعر، شیعریش پرۆژەیەکە لەمێژە بەردەوامە، ئەم هەوڵانەى لەمەودواش دەدرێن، تێکەڵ بەو هەوڵانە دەبن، کە لەمەوپێش پرسیار بوون و لە ژیان کراون، بەردەوامیش پرۆژەى شیعرى پرسیارى ترسناک و ورووژێنەر لە ژیاندا دەکات و مەرگ لە ژیاندا ئامادە دەکات.

مەرگیش ترسناک و سەرەکیترین هۆیە بۆ دڵەڕاوکێى داهێنان، ئامادەکردنى ئەم مەرگەش هێزى شیعرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى لەگەڵ گرفتەکانى ژیان و مان.

ژیان و بوون چییە. پرسیارێکە و چەندان بیرمەندى دووچارى بەدواداچوون و سەرگەردانى کردووە، ئەگەرچى لە ڕێگاى ئەم پرسیارکردنەوە گەلێک بەرهەمى سوودبەخشیان خستووەتەوە، بەڵام گەوهەرى پرسیارەکە پڕ سرووش و خەیاڵ و تێڕامان و خەون و سەرسامییە، هەر بیرمەندێک شێواز و ئاستێکى بۆ داناوە، لە بەرزایییەکەوە وەڵامەکەى دەبینێ، ئەو پرسیارانەى لە دەقدا لە ژیان کراون، لە زەینى خوێنەردا جێگیر دەبن، دواتر ئەم پرسیارە دەبێـتە هۆ و ئامانجى پرسیارکردن لاى خوێنەر و نزیکایەتییەک دروست دەکەن لە نێوان نووسەرى پرسیارکەر و خوێنەرى پرسیارلێکراو و پرسیارکەر، کە بوونى مرۆڤ پرسیارێکى کاریگەرە لەناوکى بوون دەکرێت.

لە دەقى خەونیدا پەیوەندییەکانى نێوان هەست و وێنە دەدۆزرێنەوە، پەیوەندییەکانیش لەسەر بنچینەى خەوندا دامەزراون، واتە: ئەو وێنانەى لە دەقى خەونیدا دروست کراون، زیاتر ئەو وێنانەن، کە لە ژیانى سەخت و یاخیى ڕۆژانەماندا ئامادەیییان وەک شتێکى دوور هەیە و بەرهەست نین، خەون بوونى نییە لەناوەوەى خۆت نەبێت، هەروەها شیعریش.

من سرووش دەنووسم، لەبارەی سرووشەوە نانووسم.

34

نوێبەخشى بار و بوار و کار و کردەى خوڵقاندنە، بەردەوام لە زەمینەى بە بڕوادا گەشە دەکات و کەرەستەکانى دەگۆڕێت بە مەبەستى جیهانبینى و دۆزینەوەى پەیوەندیى نێوان بارەکانى هەست و بیرکردنەوە و خەون، خودى هۆشمەندیش هەموو جووڵانەوەیەک لەم گۆشە ڕووناکەوە دەبینآ و هەوڵ دەدا بیخەمڵێنێ، بەڵام بە چ هێز و ئەفسوون و جادوویەک ئەم بینینانە دەگۆڕێت بۆ دەقێکى ئەدەبى و هاوچەرخى و ڕەسەنایەتى تێدا دەپارێزێت، ئەمە خاڵى کارکردن و بەجێهێنانى داهێنانە، لە هیچ بار و بوارێکیش چەمکى نوێبەخشى نابێتە واقیعێکى دانپێدانراو بەبێ ئاکارێکى بیرى و فەلسەفى و کولتووریى ڕوون. لەگەڵ ئەمەشدا بە من وایە بۆ شیعر زاراوەى شیعرییەت پەسند و گونجاو و پڕ هێما و سرووشترە، چونکە ناتواندرێ بڕوا بەوە بهێندرآ شاعیری نوێبەخش تا قووڵایى مانا و فەزا و ڕاچڵەکاندنی وشە لە بابەت و مۆرکە زمانییەکانى خۆیدا شۆڕشگێڕ نەبآ و جەنگى توندوتیژى ڕانەگەیاندبآ بەرانبەر ئەوانەى لە زمان و نووسین و داهێنان گلاون، بەرەو ڕووبەرێکى سامناک مل دەنێن، یان ناتوانن لەناو گەرمایى گیان، گەوهەرى خۆبوونیی بدۆزنەوە، کە خۆبوونى سەروەرى شیعرییەتە، ئەگەرچى نوێبەخشى ئەنجامێکى دیاریکراوى نییە، بەردەوامیش گیروگرفت دەنێـتەوە لەبەر ئەوەى کەرەستەکانى دەربڕین دەگۆڕدرێن و فەنتازیاى هەمەجۆرى لێ دەخوڵقێندرێت، بەمەیشەوە نوێبەخشى سادەترین مافى مرۆڤە، کە تۆ لە ماڵەوە دەردەچیت بۆ سەر کار بەشدارییەکى ڕاستەوخۆیە لە کار و کردەى نوێبەخشی، کە لە کار دەگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە خۆ ئامادە دەکەى بۆ پیاسە، یان سەردانى پێشانگایەک، یان ئاودان و بژارکردنی باخچەکەت، یان بینینى شانۆگەرییەک ..... تاد، بەشدارییەکى دیکەیە لە کار و کردەکەدا، چونکە هیچ یەکێکیان سەداسەد بە شێوازێکى نەگۆڕ خۆیان دووبارە ناکەنەوە، بوونى تۆ وەک مرۆڤێک پەیوەندییەکى پتەوى بە جووڵانەوە و گەشەى ئەمڕۆوە هەیە، تۆ تاکێکى لە نوێبەخشى، نوێبەخشیش بە گۆڕان لە بنیادى هەموو کۆمەڵگا وەک ڕووداوێک ڕوو دەدات و دەچەسپێت. قەوارەیەکى دانپێداندراو بۆ خۆى دەستەبەر دەکات، هەریەک لە شاعیرانیش بە ئەزموون و شێواز و قەبارەى جیاى خۆى ڕۆڵى تێدا وەردەگرێت.

نوێبەخش لە کاتى خۆ هاتنەبەر چاو و ڕووبەڕووبوونەوەى لەگەڵ خودى بوێریى خۆى مەرگى بەدواوەیە، یان شێتبوون، بەو واتایەى ڕاوى خۆى و سەرجەم بوون دەنێت، لەم پێشبڕکێیەدا پێویستە قووڵبین و شێواز ڕاچڵەکێنەر بێت و بوێریى ئەوە بکات، ئەم بڕیارە خودییە بدات، هەر هەموو شاعیرێک بەو نیازە دەنووسێت کارەکەى بگەیەنێتە ئاستى دەق، بەڵام ئەوەى ڕوانین و جیهانبینییان تێدا نەبێ و ژانێک خاڵى دەرچوونى نەبووبێت، هێزى ئەوەى تێدا پەیدا نابێت کارەکەى بگەیەنێتە ئاستى دەق، گلاوە بەرانبەر مەرگ و سڕینەوە.

بوێرى ئەوەى تێدا ئامادە نابێت جەنگى توندوتیژى خۆى ڕابگەیەنێ، ئەگەر ئەدەبێکیش هێزى بەرگرى بەرانبەر مەرگ و سڕینەوەى تێدا پەیدا نەبووبێت، ناسنامەى بوون بە دەقى بەرناکەوێت، بوون بە دەقیش لە دۆخگۆڕین و جیهانبینییەوە دەستەبەر دەبێت، لە دەرەوەى دۆخگۆڕین و جیهانبینى هەر هەوڵێک لەم بارەیەوە بەرچاو بکەوآ هەوڵێکى ناکامڵ و زڕ و بەتاڵە.

پەراوێز بۆ شیعرکردن، یان شیعر نووسین بە مەبەستى لێکدانەوەى وشەکان، لەم کاروکردەیەشدا ناوەرۆکەکە ڕوون بکەیتەوە و ڕاستەوخۆ بیرەکەى بگەیەنى، یەکەم نیشانەیە شاعیر ڕوانین و جیهانبینى تواناى ئەوەى نییە مانا و هێزى وشە لەناو شیعرەکەدا ڕاچڵەکێنآ و ئاسۆیەک بداتە ڕاچڵەکاندنەکە، کەواتە: وشەکە وەک بارستێکى بآ گیان و مردوو لە جەستەى شیعرەکەدا بارە، هیچ دەور و کردارێک لە گەشەکردنى جەستەى شیعرەکەدا نابینێت.

شیعرى لەم جۆرە، هەوڵدانیشى وەک دەقى یەک ئاست و بێ دوورى و یەک ئاراستە دەمێنێتەوە، نابێتە دەقى ئاستدارى فرە دەنگ و فرە پەیوەندی، لەوانەیە کۆمەڵێک شاعیر لە سەردەمێکدا کاربکەن، تەنیا تاکێکیان هێز و ئەفسوون و جادووى ئەوەى تێدا بێت دەق بکاتە بوونێکى دیار و بیدرەوشێنێتەوە، جووڵەکانى ڕابردوو بکاتە پاڵنەرێکى سوودبەخش بۆ بەئاگایی بیرکردنەوە، ئەگینا ئەوانەى دى پەیوەندییان بە جووڵەکانى ڕابردوو وەک ڕابردوو هەیە، لە ئامادەکردنى ئێستاى نوێبەخشدا دەست و پێ سپین.

بلیمەتەکانى قۆناخى شیعرى کلاسیکى ڕوانین و جیهانبینیى خۆیان پێشکێش کرد و بڕوایى ئەدەبى ڕاستەقینەیان وەرگرت، کەچى چەندان وەچە دواى ئەوان هاتن و تێپەڕین، قەوارەیەکیان دەستەبەر نەکرد، لە هەمان کاتدا ئەوان هەروەک دەق و خاوەن قەوارە ماونەتەوە و جەنگى توندوتیژیی خۆیان بەرانبەر مەرگ و سڕینەوە ڕاگەیاندووە.

بەردەوامیش وەک دەقى ئاستدار و فرە دەنگ و فرە پەیوەندی خۆیان پێشکێش دەکەنەوە، هاوچەرخى هەموو ئەوانەن، کە لە پرۆژەى گەورەى دەقى شیعرى هاوبەشن و ژانیان تێدا گەرمە، بەدەقبوونیش پەیوەندى بە ئەزموونى ژیان و چرکەساتى مەستیى نووسەرەوە هەیە، دەقى ئاستدار و فرە دەنگ و فرە پەیوەندی زیاتر لە پانتایى زمان کارەکانى بەجآ هێناوە و جووڵە و بیرى زمان بیرى دەقەکە ڕادەگەیەنن، بۆ نموونە: شاعیرێک توانیویەتی تەنیا یەک بەرهەم بگەیەنێتە دەقێکى ئەدەبى ئاستدار و فرە دەنگ و فرە پەیوەندی.

بەو پێوەرەى هەر شیعرێک توانى بگاتە ئاستى دەقێکى ئەدەبى ئاستدار و فرە دەنگ و فرە پەیوەندی بەبێ هیچ گریمانەیەک، دەقێکى نوێبەخشە، ڕەنگە هۆکارەکەشى ئەوەبێ لەم دەقەدا ئەزموونى ژیان لە چرکەساتى سۆفییانە و مەستى گەیاندبێتییە ڕژانى گیان و ڕاچڵەکاندن و درەوشانەوەى زمان و نووسین.

من خۆبوونی دەنووسم، لەبارەی خۆبوونییەوە نانووسم.

 35

لە چالاکیى جووڵەدارى شیعرى کوردیدا، ئەم جۆرە شیعرەى لەپێناو هاوسەنگکردنى شیعر و شۆڕشدا نووسراون، تەنیا بۆى کرا ترپە و ئاواز بگۆڕێ و جووڵە و ئاگایى بۆ چەند هێمایەکى دیاریکراو دەستەبەر بکات، بەڵام بۆى نەکرا ئەم هێمایانە بە قۆناخى گەشەپێدان و گەیاندن بە بنەڕەتى گۆڕان بگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند شاعیرێکى دواتر، کە ویستى هێزى جوانى دەربڕین و دلێریى داهێنانیان لە هەڵچوونى شاعیرانەیان هێزدارتر بوو، بۆیان کرا هێماکانى ئەم جۆرە شیعرەى لە پێناو هاوسەنگکردنى شیعرو جوانى نووسراون، بە قۆناخی جووڵە و نیمچە گۆڕانێک بگەیەنن، دواى ئەوەى ئەم توندوتیژییە شۆڕشگێڕییەى شیعر هاوسەنگکردن بە شۆڕش نیشتەوە، جۆرێک تێڕامان و خەونبینین بوو بە بنەماى هونەرى، پرۆژەى نوێبەخشی قەوارەیەکى بۆ کارکردنى خۆى دیارى کرد.

خودى هۆشمەند کەرستەکان بە سەنگایى ژیان دەپێوێ، ژیانیش بە گرانایى شیعر، دەقەکان تواناى پێشنیاز و پرسیارکردنیان لە بنیادیاندا هەڵگرت، بۆیان کرا خاڵى جیابوونەوەى تەواو هەڵدەنە ناو پانتایى بار و بوارەکانى ژیان.

دەقێک توانیبێتى دوێنێ ڕابچڵەکێنێ، کەواتە: بوونى قەوارەیەکى هەستپێکراو و بەرچاوى هەیە، بوونى ئەم جۆرە دەقەش تێڕامان و خەون خاڵى هێنانە بوونیەتى، ڕوونتر لە پانتایى نوێبەخشى سەلماوە، هێماپێکراوەکانى پڕ کراوە بە جووڵەى نوێبەخشى، هێما لە کارکەوتووەکان دادەپۆشآ، هێمای سڕ و مەییو و لە کارکەوتوو ناتوانێت لە ئێستاى پڕ جووڵەدا ئاخاوتنى کاریگەرى هەبێت.

نوێبەخشى بەردەوامى وەجاخى ڕوونى ئادەمە، ئەو میوەیەى ئادەم خواردى نوێبەخشى بوو، نوێبەخشى پرسیارێکە نوێبەخش لەخۆى کردووە، ئایە دەتوانێت لەناو کۆمەڵگاى سەرەتایى و دواکەوتوودا لە هەموو ئاستەکاندا شکانێکى هەبێت، ئەم شکانە ویستى خودى هۆشمەند و ئازا دەسەپێنآ و خۆبوونیى دادەمەزرێنآ. داهێنان بڕیارێکى خودى کەسى ئازا و هۆشمەندە، هەر کاتێک نووسەر بوێریى ئەوەى کرد ئەم بڕیارە خودییە بدا، درەوشانەوە و داهێنان و گۆڕان بەرپا دەکات.

من ڕاچڵەکان دەنووسم، لەبارەى ڕاچڵەکانەوە نانووسم.

36

کار و کردەى داهێنان لە خودى شیعردا کەشوهەواى ئەمڕۆیە بەلێزیادبوونى کەشوهەواى خەونى، ئەمڕۆش لە خەونى سبەى ئامادەیى هەیە و هۆ و یارمەتیدەرە، ئەگەر ئەمڕۆ داهێنان بێت هەموو ڕۆژ و ڕۆژگارەکان ڕادەکێشێتە ناو خۆى، داهێنەر لەکاتى کار و کردەى نووسیندا ناکەوێتە دەرەوەى ڕۆژ و ڕۆژگار، لەو ڕۆژ و ڕۆژگارەدا دەبێتە بوونێکى سەربەخۆ، کە بوونى ئەمى نووسەر قەرەباڵغ و بارگاوى و دڵبەرز و جووڵەدارە، بەڵام کە لەکار و کردەى نووسین بووەوە، نووسینەکە بوونێکى سەربەخۆى وەرگرت، دەکەوێتە دەرەوەى ڕۆژ و ڕۆژگار. هەموو پەیوەندییەکان دەسڕێنەوە کاتێک دروست دەبێت، دەبێـتە کاتى داهێنان و خەونبینین و درەوشانەوە.

من درەوشانەوە دەنووسم، لەبارەى درەوشانەوە نانووسم.

37

دەقى شیعری لەناو پرسیارکردن ئامادەى لەدایکبوون دەبێت، هەر لەناو پرسیارکردنیشدا شیعرییەتى خۆى لە هەقیقەتى شتەکاندا وەردەگرێت.

پرسیار زانستە گشتییەکانى بوونە، بوونى خەون و سروشت و کۆمەڵگا.

شاعیریش وەک تاکێکى هەمیشە خەونبین و چاونەسرەوتوو و گوێ زرینگاوە و خەیاڵ گەرمى هەستکەر بە گرفتەکانى ململانێ لەناو کۆمەڵگادا هەڵسوکەوت دەکات. دەچێتە ناو ئاژاوە و هێمنیى کۆمەڵگا و کاریگەرى جێ دەهێڵێ، پێوەرى بۆ ئەو شتانە لا دروست دەبێ، کە دەیانبینێت، یان دەیانبیستێ، یان خەونیان پێوە دەبینێ.

ئەم بینین و بیستن و خەونبینینەش لە دەرەوەیەتى. لەناوەوەى خۆیدا ئامادەیان دەکاتەوە و ڕۆڵێکى دیکەیان پێ دەسپێرێ، دەیانکاتە بابەتى جوانی و شیعر بەهۆى دەستەواژەى سەخت و یاخى و ئامانجى زمان شیعرییەتیان پێدەدا، کەواتە: خودى شاعیر سەرچاوەى بابەتە بەهۆى ئامانجى زمان و خەونبینین.

جیهانى بیرکردنەوە و پرسیارکردن ئەو خودەیە، کە بڕیار لەسەر شتە بیستراو و بیندراو و خەونی و خەیاڵییەکان دەدا و بەهێز و گوڕ دەیانجووڵێنآ، تا بەهۆى ئامانجى زمان بیانکات بە بابەتى جوانى و شیعر، لە ئاسۆ بینییەک کاریان پآ بکاتەوە، کە داهێنان و لەدایکبوون و دەروونڕۆشنى و شیعرییەتە، لەدایکبوونەوەکەش باوەڕ بهێنآ بە هەقیقەتى ئەفسوون و جادوویى و لە گەشتى ڕوانین نزیکى بکاتەوە، بیخاتە ئاستى تێڕامان، لەسەر زمانى کەسایەتییە لەدایکبووەکەى دەق بدوێت، پاشان بە بڕیارى شیعرى هەڵوێستى خۆى لەبارەى سروشت و بوون و کۆمەڵگا و جوانى دەربڕێ، ڕووبەڕووبوونەوەى ناوەوەى شاعیر لە شێواز و ئاراستەدا، ئەو پەیوەندییە بە هات و پڕ هاوارە هێما دەیگەیەنآ، فراوانکردنى جەنگى هەستە لە بەبیرهێنانەوەى یادگارییەکان و ئامادەکردنى یادگارى ڕابردووە لەدەستچووەکانى لە ئێستاى بەرهەست و ئامادە بۆ هەموو جووڵەیەک.

لە قۆناخى سست و سڕ، دۆخگۆڕینى بۆ قۆناخى گەشە و جووڵەکردن.

لە قۆناخى لەدەستچوون و بیرچوونەوە، دۆخگۆڕینى بۆ قۆناخى دەستەبەرکردن و بیرهاتنەوە.

دۆخگۆڕین بەها و بەخششى خودى هۆشمەندە، بەو پێوەرەى چرکە بە دەقکراوەکان خەمڵیوى خودى هۆشمەندن، لەم خەمڵینەشدا گەشتى هەمیشەیى پاڵەوان ڕۆڵى کاریگەر دەگێڕێت بەرەو قووڵایى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر جاریش قووڵایى پەیوەندییەکان قووڵایییەکى خنکێنەرە، یان ڕزگارکەرە.

من دۆخگۆڕین دەنووسم، لەبارەى دۆخگۆڕینەوە نانووسم.

38

هەر کار و کردەیەکى هونەرى لە ڕوانین و جیهانبینیى خودى هۆشمەندەوە بکرێـت ئاراستەکەى لە ئەزموون و ژیانى ڕۆشنبیریى نووسەرى چالاکەوە ئاستى وەرگرتووە، هاوارێکى هێمن و بڕواهێـنەر و قەناعەتپێکەر. بەبڕوا بەخۆبوونەوەش خۆى پێشکێش دەکات و دەڵێت: ئەمە شێواز و ئاراستە سەربەخۆیەکانى منە لە ئاراستەى زمان و مۆرکى شێواز و کار و کردەى چوونە ناو جەرگەى ژیان و خەون. دواى کارلێکردن و مانەوە، ژیان و خەون هەڵیداونەتەوە سەر ڕووبەرى سپیى کاغەز، دۆستایەتى، یان ململانآ لە نێوان دەق و خوێنەرى قووڵبین و داهێنەر بەرپا بکەن. زمانى پاراوى نووسین جیاکارە لە زمانى ئاخاوتنى کۆمەڵگا، زمانى خەونیش جیاکارە لەگەڵ زمانى گفتوگۆى واقیعى بەئاگاى ڕۆژانەدا. ئەگەرچى هەست بە گەرمیى هەناسەى واقیعى ڕۆژانەش دەکرێت لەناو خەون، لە هیچ داهێندراوێکى گەورەشدا نووسەر پەیوەندى لەگەڵ واقیعدا کۆتایى پێ نەهێناوە.

لەناو هەموو مۆرکە هونەرییەکانى لە ڕوانین و جیهانبینیى خودى هۆشمەندەوە بە ئەنجام دەگەیەندرێن، فەزا و ئاکارێکى هزرى لەپشتییەوە نوێبەخشى و ڕەسەنایەتى دەپارێزێت، خاڵى دەستپێکردنیشى لە ڕوانین و جیهانبینییەوە ئاراستەکراوە، بەڵام با بە مۆرکى شێوازى بەتاڵ فریو نەخۆین، ڕێزى شێوازێک بگرین بزانێت خوێنەر بە چى ئاراستەیەک و بۆ کوآ دەبات. مۆرکى شێواز ئاراستەکانى ڕوونى زمان لە ڕوانین و جیهانبینى و ئەزموونەوە وەرگیراو بێـت، ڕێزگرتنە لە خوێنەر، بەهۆى ئەم ڕێزگرتنەش خوێنەرى قووڵبین پێشینەیەکى دەست دەکەوێ، دەتوانآ ببێتە هاوڕا و نزیکى کەسایەتى ناو دەقەکە، یان نا.

ئاڵۆزکردنى ڕستەى شیعرى بآ قووڵبینیى ڕوانین و جیهانبینى، تەنیا سەر لێشێواندنى شاعیرى لەپشتەوە دەبیندرێ و چیتر نا، ئەوەى لە زەینەوە هەستى پآ دەکەى بینووسیت کەشوهەوایەک بەرهەم دآ، کە جێگاى هەموومانى تێدا دەبێتەوە. ئاستداری و شیعرییەتى زمان، کە ڕابردووى ئەدەبى کوردى لێى بێبەش نییە، گەورەترین ئاستداری و شیعرییەتى زمان لە قۆناخى شیعرى کلاسیکى ئەنجام دراون.

شیعر نە ئەرکە، نە ئامانجە، نە هۆیە، کارکردن و چالاکییە لەناو ئەوپەڕى زماندا، بەهەموو دوورییەکانیەوە ئەوکاتەش زمان لە دەقدا دەگاتە لووتکە هارمۆنییەتى کۆمەڵێک وشە سەمفۆنیایەک پێکدەهێنن و هەستێک دەبەخشن، مرۆڤ دەگەیەنێتە دوایین پلەى مەستى و تەسەوف و فەنتازیاى نووسین. گەردوون هێزێکى نادیارى هەڵگرتووە، لە کاتى خەونبینین و سرووشدا دەیدات بە شاعیری نوێبەخش.

من فەنتازیا دەنووسم، لەبارەی فەنتازیاوە نانووسم.

39

نووسەر بەدرێژى و ستوونى و ئاسۆیى و بازنەیى، گفتوگۆى لە دڵەوەى لەگەڵ ژیان بەمانا گشتگیرییەکەى، بەردەوامە. مەرگیش وەک دەرخستنى جوانکاریى دەق لەو شێوازەى، کە دەینووسآ تەماشا دەکات. کەواتە: نووسین پێویستییەکى زەینى و جووڵانەوەى چالاک و ئومێدە. کە دەنووسیت هەست بە ئومێد و بەرگرى دەکەیت. ئەو هێزە لە گیانتدا دەگەڕآ و ئاماژەپێکردن و پشتیوانە بۆ زاڵبوون بەسەر ململانێدا. وەک بوونێک تێکەڵ بە چرکەکانى بیرکردنەوەت دەبێتەوە. چرکەى ئەو بیرکردنەوانەى هەستت کردووە، گفتوگۆت لەگەڵ ژیان بەمانا گشتگیرییەکەى بەردەوامە. چییەتى نووسین و دەسەڵاتى وشە دواندن و گفتوگۆیە لەگەڵ ژیاندا.

نووسەرى ئاگردز، نیمچە خواوەندێکى پڕ نادیارییە لە شێوازى گونجاوى دەقەکانیدا. ژیان بە مانا گشتگیرییەکەى بەرهەم دەهێنێتەوە. پێویستییە جوانییەکانى بەلێزیادبوونى خەیاڵپەروەرى نواندووە، کە واقیع بە شێواز و ئاراستە و کەشوهەوا و ڕێکخستنێکى دیکە نواندوویەتى.

لە هەمان ئاست و ئاسۆکاندا واقیع بە ئاستداری دەبینێت. بە لێزیادبوونى واقیعى گیانى و هێزى فەنتازى بەسەر ڕستە نووسراوەکاندا، کە لە پانتایى کاغەزى نووسراودا دەبن بە واقیع و جیهانى نووسین دادەمەزرێنێت.

مانا و فەزاى ئەو نووسینەى، کە لەسەر پانتایى کاغەز دەبێتە واقیع پێویستە لە ڕێگاى ئاسۆکانى زمانەوە ئاست و ئاراستەکانى بدۆزرێتەوە، نووسین، کە داخوازییەکى شیاوە تەنیا ڕۆشنایى و درەوشانەوەکانى زمان وەک جووڵە و بزاوت تێیدا دەسەڵاتە. کەسایەتى دوور و نزیکى ئەفسانەش دەبێتە گیانمایە و تانوپۆى لە کامڵترین شێوازى ساکاریدا.

داهێنەر پێویستە ڕووبەڕووى سیستمى دیکتاتۆرى سیاسى ببێتەوە و بە توندى دژایەتى بکات. مەرجیش نییە بەرانبەر دەسەڵاتى وڵاتەکەى، تەنانەت ئەو وڵاتەى کە میللەت دەسەڵاتەکەى هەڵبژاردووە و پێى ڕازییە، مولتەزیم بێت. بگرە پێویستە لەپێناو شیعرییەت و دامەزراندنى جیهانى نووسینى خۆى، کە ئومێد و بەرگرییە مولتەزیم بێت، کە گەوهەرى داهێنانیشى خستە ناو کتێبخانەى نەتەوەکەیەوە. دەبێتە مەزنترین هێماى درەوشاوە و مولتەزیمترین کەسایەتیى وڵاتەکەى.

داهێنان یانى ڕەسەنى و شارستانییەت و هەمیشەییترین ئیلتیزام و نوێنەرایەتى. ئەوانەى بە داهێنانەوە مولتەزیم نین، زیاتر کارمەندى ڕۆشنبیرى و هۆکارێکى یارمەتیدەرن. بەرپرسیارییەتى شاعیرى ڕاستەقینە ئەوەیە، شیعرى بێگەرد بگەیەنێتە کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى.

ڕۆشنبیرى کوردى زیاتر ڕۆشنبیرییەکى شیعرییە. تەنیا شیعریشى ڕۆشنبیرییەکى بە ئەزموونە و خاوەنى شوێنى ناوەندە.

قۆناخى شیعرى کلاسیکى تا ئێستاش تاقانەى ڕۆشنبیرى کوردییە.

چەقى نەبیندراوى دەقى پڕ شیعرییەت، هەم دەتوانێت جیهانى خود و خەیاڵ و خەون و منداڵییەتى شاعیر بنوێنێت. هەم پەیوەست بەواقیعى کراوەش بێت، چونکە خود و خەیاڵ و خەون و منداڵییەتى بەشێک لە سەرچاوەیان واقیعە. واقیعى قووڵ بەمانا گشتگیرییەکەى. پێچەوانەى واقیعى ڕووکەش و ڕووتى سڕ. واتە: ناتوانێت لە سەرچاوە هەڵبێت. کەواتە: واقیعى قووڵ ناوەندێکى فراوانە بۆ دەربڕینکردن لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دەمامکە ئایدیۆلۆژییەکان دابماڵدرێن. نیازەکانى سیاسەت و مێژوو وەک تاکتیک و تۆمار لە جەستەى شیعرى پەتى فڕێ بدرێنە دەرەوە، بەڵام ماک و بیرى سیاسى و هێمای مێژوویى، ئەگەر لە جەستەى شیعردا ڕوون خۆى بنوێنێ، خەون بۆ هەمیشە ڕابەرایەتى بکات. چالاکى شاعیرە لەو پەرستگایەدا خەڵوەتکێش بێت، کە وێرد و سرووتى جوانى و خەون دەستەڵاتیەتى.

لە شیعردا خۆم دەکەم بە واقیع و سەرلەنوێ پێکیدەهێنمەوە. واتە: واقیعى ناو نووسین، یان ئەو واقیعەى نووسین پێشنیازى دەکات، پەیڕەوکردنى چۆنیەتى واقیع لەم بارەدا دەناسرێت، یان پێناسە دەکرێت بۆ ناسین.

پێویستە ئەوە بە هەقیقەت بزانین، شیعر گیانى ئێشکگرى هەموو نووسینەکانى دیکەیە. ڕەگەز و جەستەیەکى سەربەخۆیى گرینگە لە پێکهاتەى ئەدەبى نووسراودا. کتێبى پیرۆزى پێغەمبەران هەموویان شێوازى شیعر و شیعرییەتیان تێدا لێوانلێوە. تەنانەت بۆ بڵاوکردنەوە و قەناعەت پێکردن و جۆرى قسەکردن و تێگەیشتنیان لەگەڵ کۆمەڵگادا، فەنتازیا و شیعرییەتى وەک هێزێکى قەناعەت پێکردن تێدا بەکار بردراوە.

بەم تێگەیشتنە شیعر فەنتازیاى نووسینەکانى دیکەیە، کەچى بەدەستى چەند ئاگر لێ هەڵبزڕکاوێک خەریکە دەبێتە هونەرێکى مردوو. ئەو ئاگر لێ هەڵبزڕکاوانە هەوڵ دەدەن دەقى نوێبەخش بنووسن. نوێبەخشی بنیادى بەشێکى بچووکى دەقەکەیە. لەپڕ هەست دەکەیت بنیادەکە لە بنیادى نوێبەخشی بۆ بنیادى واقیعى ڕووکەش و بەستووى سڕ و شڵەژاو دەگۆڕدرێت و بنیادە نوێبەخشییەکە بە ناکامڵى جێ دەمێنێ و تەواو ناکرێت. ئەم تەواو نەکردنە ڕەگەزى کتوپڕى نییە، بگرە ونبوونى ڕوانین و جیهانبینیى شاعیرە، ئەگەر شاعیر جیهانبینیى بەهێز و خەیاڵى گەرم پاڵنەرى گیانى بێت، دەتوانێت کەسایەتى دەقەکەى وا ڕابهێنآ قسەکانى واقیع لە خەون بکات. بنیادەکەشى وەک بنیادى بەهێز و پتەوى خەونى ڕابگرێت.

ڕۆشنبیریى کوردی زیاتر ڕۆِشنبیرییەکى شیعرییە، تەنیا شیعریشى ڕۆشنبیرییەکى بەئەزموونە و خاوەنى شوێنى ناوەندە.

قۆناخى شیعرى کلاسیکى تائێستاش تاقانەى ڕۆشنبیرى کوردییە.

من دامەزراندن دەنووسم، لەبارەى دامەزراندنەوە نانووسم.

 40

جیهان لە ڕوانین و جیهانبینینى داهێنەردا هەمیشە ناتەواوە، ناوەندى بیرکردنەوەى داهێنەر، خەونى ئەم ناتەواوییەیە دەیبینێت. خەونەکە دەکاتە سەرچاوەیەکى پاراو و ڕووبەر و پانتایى تەواوکەرى ئایندە، کە دڵنیاشە بە هیچ جۆرێک ناگات بە ئایندە. ئەم نەگەیشتنە هۆ و یارمەتیدەرە بۆ بینینى خەون و بەردەوامى بەرهەمهێنانى دەقى خەونى. تەنیا لە خەونیشدا دەتوانێت دەسەڵاتی سیستمی دیکتاتۆری سیاسی تێکبشکێنآ و پەیوەندییە پەرتبووەکان بەشێوازێکى ئێستێتیکى دروست بکاتەوە، ژیان بەمانا زیندووەکانیەوە وەک پرتەقاڵێکى بەدارەوەى بەباران شۆراوە ببینآ. ئازادى تەواو و گیانى یاخیبوون و دووربینین و بیستن و ئاماژەی لەناو خەوندا ئێجگار بەهێزە و ڕووداوەکان ئاراستە دەکات.

ساتى نووسینەوەى ڕووداوەکانى خەون. پرۆژەى بەردەوامییە لە نێوان دووریى بیر و هەست، بە یارمەتى خەونبینین و ئەزموونى ڕەسەنى خودى هۆشمەند. خەون و زمان لە شیعردا دوو دیاردە و ڕەگەزى بنچینەیین. من لە ڕێگاى زمانەوە بیر دەکەمەوە. هەر لە ڕێگاى زمانەوەش شیعر دەنووسم، دەشمەوآ هەموو ژیان بەهۆى خەونبینین بکەم بە شیعر و شیعرییەتى پێبدەم. دەقى شیعری لە پانتایى زماندا کار دەکات، نەک لە پانتایى بابەتدا، کەچى لە شیعرى کوردیدا ڕابردوو وەک کەلەپوورێکى تۆمارکراو مڵۆزمە و هەمیشە لەناو دەقەکاندا بابەتە. ئێستاش بە مڵۆزمى ڕابردوو ترسێندراوە. شاعیرەکان لە ساتى نووسینى دەقدا بوێرنین، نەوێراون، یان نەیانتوانیوە ڕابردوو وەک بوونێکى کارپێکراو بهێننە ناو ئاخاوتن. بەتەنیا لایەن و بەشە گەش و درەوشاوەکەیان پێشکێش کردووە بۆ ئەوەى ڕابردوو وەک ژیانى کۆمەڵگاى کوردى بێتە پێشەوە، پێویستە وەک گشتێکى سەربەخۆ بپێورآ و قەوارەى بۆ دابندرآ، تا لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و بوونی شارستانى و بنیادى شێواز پەرەى پێبدرێت.

ئاخاوتنى ئێستا کراوەیە، دەچێتە ناو ئاخاوتنى نادیارى ئایندەوە. دەقى خەونی ڕزگارمان دەکات لە ئیشکردن لەناو مێژوو و واقیعى دەسەڵاتدار و تۆقێنەردا، یان تووشبوونى هەڵەى مێژوویى، لە پەراوێزى مێژوو دێتە دەرەوە، دەچێتە ناو خەون، کە هەقیقەتى زمان و نووسینە، کەچى لەوەش دڵنیانین دیوانى شیعرى کوردى دەقى خەونى تێدایە، یان نا.

لە دەقى خەونیدا هەقیقەتى ژیان و کەسایەتى نووسەر ئامادە و ئارام و زاڵە. دەقى ئاسایى ڕێسا و زانستى ناو کتێبەکان دەتوانێت هەڵیسەنگێنێت، بەڵام دەقى خەونى بەتەنیا ناخ و قووڵایى گیان هەڵیدەسەنگێنآ. خوێنەر بۆ خوێندنەوەى هەر دەقێکى ئەدەبى چوارچێوەیەکى زەینى هەیە. ئەم چوارچێوەیەشى بەپێى بارى دەروونى بەردەوام لە فراوانبوون و بچووکبوونەوەدایە.

ساتى نووسینەوەى ڕووداوەکانى خەون چالاکییەکى زمانەوانى و وشیارییەکى ڕەسەن و ڕوونبوونەوەى ڕوانین و جیهانبینییە لەناو ڕووداوەکانى کولتوور و کۆمەڵگا و خەونبینیدا. لە ئاستێکى گشتگیرى سەیرى ساتى نووسینەوەى ڕووداوەکانى خەون بکەیت، سەیرکردنێکى دامەزرێنەرە. تا نووسراوە بەرهەمهاتووەکە بچێتە ناو کۆمەڵگا و شوێن نیشانە وەربگرێت، وەک ڕووداوێکى بە ئەنجام لەناوەوەى ڕووداوى کۆمەڵگادا کاریگەرى و جووڵانەوەى ئاشکرا بەدەستەوە بدات. بچێتە ناو بیر و بیرکردنەوەى ڕۆشنبیرى کۆمەڵگاى کوردى و ئاسۆى هاوچەرخى و ڕەسەنایەتى بەسەردا بکرێتەوە، کە ئاسۆى هاوچەرخى و ڕەسەنایەتى بەسەردا کرایەوە بەهاى ڕاستەقینە وەردەگرێت. لە چێژى میللى دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە ناوەوەى ئەدەب، ناوەوەى ئەدەبیش چێژى دەستەبژێرى کۆمەڵگایە.

هەر ئەدەبێکى نووسراویش نەیتوانى بچێتە ناوەوەى دەستەبژێرى کۆمەڵگاوە، پێویستە گومان لە زەمینە و مەبەست و ئاست و ئاراستەکانى بکرێت. ڕەگەزى سەرەکى لەناو ڕۆشنبیرى و کولتوورى کوردى هەبووە، کەچى نەتوانراوە بۆ ساتى نووسینەوەى ڕووداوەکانى خەون کارى پێبکرێت، بەسوود وەرگرتن، خەونبینین بهێنێتە پێشەوە. نموونە: خۆدواندن و دواندن و گەڕانەوەى ڕابردوو لە ڕێگاى بیرهاتنەوەى کتوپڕ و هونەرى پەخشانەشیعر، ئەم ڕەگەزانە لە حەیران و لاوک و بەیتە خۆماڵییەکاندا بەزەقییەوە دێنە ناو زەینمانەوە، کەچى لە نووسینى شیعرى کوردى، ئەم ڕەگەزانەمان لە ڕۆشنبیرى و کولتوورى بێگانەوە وەرگرتووە. نەمانتوانیوە بگەڕێینەوە بۆ ماک و ڕەگى ڕۆشنبیری و کولتوورى خۆماڵیمان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە بنچینەن، دەبووایە لەوانەوە بکەوتبووینایە ڕێ و هەنگاو هەڵگرى خۆمانبین.

وڕێنەکردن بەناوى نووسینەوە لەناو ئەدەبى کوردى دەرکەوتووە، لەهەمان کاتیشدا گومانى لێ دەکرێت، چونکە بەپێوەر و ڕێسا و بنەماى ناو کتێبان بەڕێوە دەچێت. بەتاڵە لە سەرچاوەى کوردى و ئاسۆ و ئاستداریی زمان.

بەم جۆرە کارکردن ڕوخسارى نووسینى کوردى ڕاستەقینەى لەکەدار و ئاوڵاوى کردووە، ئاسانە لاساییکردنەوەى بلیمەتانى بێگانە، ئاخۆ چەند لە گەورەیى ئەوان بەر منى کورد دەکەوێت. خۆ بوونى منى کورد لەم شێوازە نووسینە لە چیدایە.

ڕەنگە ئێمە لە بیناسازى و دیمەنى شەقام و باخچە گشتییەکان ..... تاد، نوێ ببینەوە، بەڵام لە گیان و خەونبینین نوآ نابینەوە، چونکە لە گیان گەمارۆى ئایینمان لەسەرە. تەنیا لە ئایینیشدا بینین جێگیر و نەگۆڕە و کڵێشە بەندى وەرگرتووە.

دەقى خەونى لە کۆمەڵێک هێما و هێماپێکراوی زمان و ڕوانین و جیهانبینین پێکهاتووە، هەمیشە گیان لە پلەیەکى ئەفسوون و جادووییدا یارمەتیدەریەتى بۆ چرکەساتى نووسین و چوونە ناو گیانى مانا زیندووەکان، لە ئازادکردنى شێواز و مۆرکە زمانییەکاندا. هەم لە وێنە و هەم لە ماناشدا پشت بە ڕەگەزى کتوپڕى و جیاکارى دەبەستم.

دەقى خەونی لە بنیادى گشتیى ڕستەکانیدا سنوور دەبەزێنێ، دەستکەوتێکە بەهۆى لێکدانى پیت و دروستبوونى وشە و ڕستەدا، بارەکان دەکرێنە هەست و دەخرێنە ڕوو. ئەو پرسیارەمان ڕووبەڕوو دەکەنەوە، نهێنى و ئەفسوونى مرۆڤبوونمان چییە.

بارەکانى دەقى خەونی هاوسەنگییەک لە نێوان هێما و هێماپێکراو دروست دەکات، ئەم دروستبوونەش کاکڵەى ئەزموون و سەرچاوەى کار و کردەى دامەزراندنى دەقى خەونییە لە دەستنیشانکردنى جۆر و ئاستى ئەو پەیوەندییەى نێوان هێما و هێماپێکراو.

دەقى ئاسایى لەسەر ئەم ڕێسایە دامەزراوە: نووسەر، دەق، خوێنەر، کات، شوێن. ئەمانە ئاماژەن بۆ سنووربەندکردن و یەک دووریى زمانى دەق، زمانى دەقى سنووربەندکراویش ناتوانێت هەموو هەست و خۆزگە و چالاکییەکانى مرۆڤ لەخۆ بگرێت، یان لەخۆى نزیک بکاتەوە، کە بوونى مرۆڤ پرسیارێکى کاریگەرە لە ناوکى بوون دەکرێت.

من زمان دەنووسم، لەبارەى زمانەوە نانووسم

 

 Related image

گەڕان بۆ بابەت