عەبدولڕەزاق بیمار

لەئەو شیعرە ئازادەى لە ڕێچکەى (باو) دەردەچێت، نابێ سەرسام بین، ئەگەر نەک هەر خوێنەران، بەڵکو ڕەخنەگر و توێژەرانیش بە ڕووخۆشى ئاوڕى لێ نەدەنەوە. لە مێژووى ئەدەبدا بۆ ئەم جۆرە ڕەوتە نموونە زۆرە، دەشزانم شاعیرانی دەوروبەرت (شارەکەت) ئازارت دەدەن.

 

 

نامەیەکى کراوە بۆ سەباح ڕەنجدەر

عەبدولڕەزاق بیمار

1

براى دڵسۆزى خۆشەویست کاکە سەباح ڕەنجدەر! ئەوەى وەک هەڵوێستى داهێنەرێک لەلام مایەوە و جێگیربوو، لە ناوەڕاستى هەشتاکاندا شیعرێکت لە گۆڤارى (بەیان) بوو، لە سەردانێکدا بۆ بەغدا سەرێکت لە دەزگاى ڕۆشنبیرى و بڵاوکردنەوە کوردی دا، کە (ئازاد شوان) سکرتێرى نووسین بوو، ئێمەش دە کەس دەستەى نووسەران هەڵوێستێکى زۆر یاخییانە و بێمنەتت نواند و گوتت: من نەهاتووم داواى ئەوەتان لێ بکەم، ئەڵلاقۆیسەن شیعرەکەم بۆ بڵاوبکەنەوە. تەنیا دەمەوێ ئەوە بپرسم بڵاودەکرێتەوە، یان نا و بەس، خۆ ئەگەر شیعرى لە هی من باشتریشتان لایە، ئەو بڵاوبکەنەوە ئەوەى من بەلاوەبنێن. من لەو مامەڵەیە و بڕوابەخۆبوون و یاخى بوونە ڕاستەقینەیەدا ئەوەم لە بەهرەیەکى تازە لاو خوێندەوە و پێشبینى ئەوەم کرد دەبیتە شاعیرێکى گەورە، هەروەهاش دەرچوو. لە ڕۆژنامەى هەولێر 22/1/2017 و ژمارەکانى دواى ئەو مانیفێستە بە تانوپۆکەتم خوێندەوە بە ناونیشانى: (ناسینى بوونى شیعر و خۆ دەست نیشان کردن – مانیفێستى شیعرى)، کە پێکهاتووە لە (40) وێستگەى دەربڕینى بیروڕا و بۆچوون و ماکى داهێنانى ئەدەبیى بێ ناونیشان، یان بڵێین ناونیشانى هەر وێستگەیەک لە کۆتاییدا بە شێوەیەکى هونەرمەندانە دەست نیشان کراوە. ئەم وێستگەى دەڕبڕینانەش بە کۆى ناونیشانەکانیانەوە بە زمانێکى شاعیرانە ناوەرۆک و تانوپۆى شیعرى شاعیر دیارى دەکەن.

کاکى برا! لە جاڕدانى ئەم مانیفێستە دەست خۆشیت لێ دەکەم، ئەمەش شێوازێکى تازەیە، ئەگەر شیعرەکانت بە ئاسانى خۆیان بە دەستەوە نەدەن، ئەم مانیفێستە چەندان پەنجەرە و دەرکە لە باڵەخانەى شیعرەکانت دەکاتەوە و کەشوهەوایەکى تەواو تەنزیریانەت ڕسکاندووە.

2

بەو بۆنەیەوە، کە باسى شیعرەکانت هاتەکەیەوە، دەمەوێ پێت بڵێم بۆ من و ئێمەمانانى پەروەردەى شیعرى کلاسیکى بە کێش و پاشبەند و جەستەى ڕەقى فارسى و عەرەبى ئامێز. دواتر شیعرى تازەى: (گۆران)ى خاوەن ناوەند. شیعرى لاوێکى یاخى بێ ئەمر و گوێى شێوازى پەیڕەوکراو، دامەزرێنى شیعرێکى ئازاد لە بیرکردنەوە، ئازاد لە داڕشتن، ئازاد لە وێنە، ڕستەسازى و خاڵبەندى، ئازاد لە ڕێبازى ئایدیۆلۆژى و سیاسیانەى سەردەم و هى دیش. دیارە یەکەوهەل ئەوەمان لا پەسند نابێت، چونکە لەناو ئاپۆراى شیعرى ئەو سەردەمەدا شیعرێکى تازەى یاخى ئاوەها زۆر زەحمەتە جێ پێى خۆى بکاتەوە و زۆر کەس پشتیوانى لێ بکات، یاخى بوونى ڕاستەقینە ئەوەیە بزانى ئەو شتەى لێى یاخى دەبى چییە؟ تۆ زانیوتە ئەو شێوازەى لێى یاخى بووى چییە؟

منیش، کە تازە بەتازە لە ڕێى هەندێک کتێب و گۆڤارى (ئاداب و ئەدیب)ى لوبنانیەوە ئاگادارى باسى شاعیرانى ڕۆمانتیک و زەمزیى فەڕەنسا دەبووم، شاعیرانى یاخى وەکو بۆ (دلێر) و (ڕامبۆ) سەرنجیان ڕادەکێشام و بە دواى دەقى تازە و نوێخوازدا دەگەڕام. با لەگەڵ ڕێبازەکەى منیش لە شیعردا جیاوازبن. بە تایبەتى لە ئەدەبى کوردى تازەماندا.

ساڵانى حەفتاکانى سەدەى بیستەم و لەمەودوا کۆمەڵێک شاعیرى بە توانامان هەڵکەوتن، کە حەز بە شیعرەکانیان دەکەم. لەوانە: (جەلالى میرزا کەریم، شێرکۆ بێکەس، ئەنوەر قادر محەمەد، لەتیف هەڵمەت، ڕەفیق سابیر... تاد، بەڵام جگە لەوان و بە تایبەتیش شیعرى دوو شاعیرى تازەى ڕێچکە ئازاد زیاتر سەرنجیان ڕاکێشاوم، ئەوانیش: (سەباح ڕەنجدەر)ى خاوەندى (زێوان) و (ڕووەکەکانى خوداوەند) و (مردوویەک ئاگای لە هەمووانە) و (سروودى زەوى) و  هیتریش. لەگەڵ: (قوبادى جەلیزادە)ى خاوەندى (شەهید بە تەنیا پیاسە دەکات) و کۆشیعرەکانى دیکەى، کە ئازادانە لە بابەتى ئیرۆتیک و جوانیى لە شولارى ژن بەهرەى نواندووە. هەر دووکیان سەرفرازانە و سەرسەختانە ڕێبازى شیعرى خۆیان گرتووە بەر و لاسایی شاعیرانى تریان نەکردووەتەوە

3

کاکەى ڕەنجدەر! کە لە بەغدابووم چەند کۆپلەیەکى شیعرەکانتم لە کوردییەوە بەناونیشانى: (لە ئەدەبى تازەى کوردییەوە) کرد بە عەرەبى بردم بۆ ئیدارەى گۆڤارى: (الاقلام) و دامە دەست: (محەمەد موبارەک)ى سەرنووسەرى گۆڤارەکە، کە ناسیاوێکى نزیکم بوو، بە هیواى ئەوە لە ژمارەى داهاتووى ئەو دەمەى: (ڕقلام)دا بڵاوبکرێتەوە. داخەکەم دواى چەند ڕۆژ: (محەمەد موبارەک) بە هۆى هەندێک ئاڵۆگۆڕى سیاسییەوە لەسەر کارلادرا و دەقەکە بڵاونەکرایەوە و ڕەشنووسەکەشم دەست نەکەوتەوە و ئاگام لەبڵاوکردنەوەى بڕا. ئەمەش وەکو دەڵێن نازانم لە ناوچەوانى تۆ بوو، یان هى من.

4

کاک سەباح! لە شیعرەکانتدا سۆزێکى گەورەى خوداپەرستى و سەرچاوەى ئایینپەروەرى دەبینم. ئەگەرچى وەکو خۆت نووسیوتە سەر بە هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نیت و لایەنگریشى نابیت، هەروەها نووسیوتە: (بە نان و ئاوى ویست و خۆبوونى خۆم دەژیم)، بەڵام دەڵێى: (ئامۆژگارییە ئاسمانییەکان هەمیشە لە بیرم دان و فەرامۆشیان ناکەم.) تۆى شاعیرێکى یاخى، کە هەوڵ دەدەى شیعرى بێ گەرد بەرهەم بهێنى و دەسەڵاتى سیاسى دەستگیرت نەکات، دەبێ لەو واقیعەى تێیدا دەژى هەڵوێستێکى گەش و مرۆڤانەت هەبێت. وەنەبێ شیعرەکانیشت هەر لە بازنەى: (هونەر بۆ هونەر)دا بخولێنەوە و وازیان لە واقیعى گەل و کارەساتى ڕۆژگار هێنابێ و تەنیا لە ئاسمانى خەون و خەیاڵ باڵەفڕکێ بکەن. نا گەلێ باسى وەکو شەهید، براکوژى، کیمیاباران، ئەنفال، بارى کارەستبارى کورد و... تاد و گەلێک ماناى زادەى واقیع لە بەرگى ئاوریشمینى دێڕى پڕ خەون و خەیاڵ خۆیان بە دەردەخەن.

5

ئەو شیعرە ئازادەى لە ڕێچکەى (باو) دەردەچێت، نابێ سەرسام بین، ئەگەر نەک هەر خوێنەران، بەڵکو ڕەخنەگر و توێژەرانیش بە ڕووخۆشى ئاوڕى لێ نەدەنەوە. لە مێژووى ئەدەبدا بۆ ئەم جۆرە ڕەوتە نموونە زۆرە، دەشزانم شاعیرانی دەوروبەرت. (شارەکەت) ئازارت دەدەن و پەڵپی بآ بنەمات بۆ دەدۆزنەوە و ئاستەنگت بۆ دروست دەکەن. (ڕەسوولڕ هەمزە تۆڤ) گوتەنی: ئەوان گۆرانیبێژنین، کۆرسن.

لە ئەدەبى فارسى و عەرەبى لەناو شیعرى سۆفیگەریدا نموونەى وا هەیە، کە لە ڕێچکە دەرچوون و لە بازنەى غەزەلى خوداناسى و خۆشەویستیى خودادا شیعرى وایان هەیە مەلا و زانایانى ئیسلام بە چاک تێى ناڕوانن، بەڵکو هەندێ جار بەکفریشیان دادەنێن، ئەمە جگە لە (شەتەحات). شیعرى: (حەللاج) و جەلالەدینى مەولەویی ڕۆمى کەسى خۆى دەوێ بێ لەسەر ڕێبازى سۆفیگەریی شى بکاتەوە و مانا و مەبەستى خودا خۆشەویستى لێ بخاتە ڕوو.

لە ئەدەبى ئینگلیزیدا ت. س. ئیلیەت شاعیرێکى داهێنەر و بەناوبانگ و خاوەن ناوەندە، بەڵام شیعرەکانى بە ئاسانى خۆ بەدەستەوە نادەن. بە نموونە من شیعرێکى ت. س. ئیلیەتم بە زمانى عەرەبى بە ناونیشانى: (چوارشەممەى خۆڵەمێش) دەخوێندەوە لە مەبەست و ماناکەى نەدەگەیشتم. هەتا توێژینەوەیەکم لەبارەى ئەو شیعرە (هەر بە عەرەبى) خوێندەوە، کە زانیم: (چوارشەممەى خۆڵەمێش) بۆنە، یان سرووتێکى ئایینى دیان و مەسیحییە و شیعرەکە لە دەوریدا دەخولێتەوە و بیرى ورد و هونەکارى لە شێواز و داڕشتندا بەکارهاتووە.

شیعرەکانى تۆش، کە لە دووبەرگى (سى ساڵ شیعر: چاپخانەى ڕۆژهەڵات – هەولێر 2012.)دا، 900 لاپەڕەیان گرتووەتەوە، ئێستاش بەردەوام شیعر بڵاودەکەیتەوە،  بێ گومانئەگەر زۆر کەسیش لێیان تێنەگەیشتن ئەوە وەکو خۆت نووسیوتە: (گرینگ ئەوەیە ئەگەر لە شیعرەکە نەگەیشتى یادگارێکى جوان لە وشە و خەیاڵى ڕەنگاوڕەنگ بەدەست دەهێنى) بە دڵنیاییەوەش نموونەى داهێنانن و خاوەن ناوەندن، (چونکە نووسراوى داهێندراو تەنیا بە تێڕامان و ناخ و ڕوونبوونەوە و جیهانبینى و بەهرە خەمڵاندن مەزنایەتى وەردەگرێ.)

کتێبى: (سێ کتێب لەبارەى شیعرەوە: چاپخانەى بینایی - سلێمانى2013.) گوزارشتێکى گیانى ورد و قووڵە، زۆر دەروازەى شیعرەکانت ڕووناک دەکاتەوە، وێستگەى دەربڕین و بیروڕا و بۆچوونى هونەرى و وتارگەلێکى چڕ و پڕ مانان. پێشاندانى هونەرى کۆمەڵێک شاعیرى پێشەنگ لە ئەدەبى کوردیماندا جێگەى ئاوڕدانەوەیەکى دەستخۆشانە و نیگایەکى زانستانەیە و پێچەوانەى بەرچاوتەنگى و من منۆ کێیە.

6

لە ژمارەى ڕۆژى 2162016 ڕۆژنامەى هەولێردا شیعرێکت بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانى (ڕسکانى گیان) چى تێدا نییە، ئەگەر من بە ڕسکانى گیانى خانمى شیعرەکانتى بزانم، (نواڵە) خان، کە ئەم ناوە بەردەوام لە شیعرەکانتدا دووبارە دەبێتەوە. پێش پەنجا و دوو ساڵ وەکو نووسیوتە: (لە 2061964 ژان لە پشتى بابە ئادەم دەرچوو، شیر ڕژایە ڕەزى سینگى دایە حەوا، ناوکبڕینى نواڵە بوو بە ورشەى شکۆ و نەمریی.) چونکە هەر بیر دەکەمەوە، ئایا دەبێ مێژووى 2061964 چ مێژوویەک بێت؟ بۆچى لە ڕۆژى 2062016دا بە شیعر یادى دەکەیتەوە؟ هەر چۆنێک بێت شیعرەکە هەڵدەگرێ گەلێک ڕاز و نهێنى تێدا مەبەست بێت، کە من لێیان حاڵى نەبووم. ئەگەر وایە ئەو یادە هەر پیرۆزبێت.

622017 کۆیە

 

 

 Image result for melding kunst

بازدید: 719