ما 1524 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

بڕوانە ئێمە لە کوێی
ئەو ساتە ترسناکانە داین؟
بە شیعرێکی دواخراو دەچێ
ڕووبار و مانگی لە ئامێزدایە
شیعرێک لە چۆلەوانی تەنیایی و ژاوەژاو وەڕس نابێ 

 

گەمە شاراوەکانى با (٣)

نەژاد عزیز سورمێ

 

(1)

بڕوانە ئێمە لە کوێی

ئەو نامە لاڵانەداین

ماڵئاواییش  سیحری خۆی هەیە

سڵاو لە ئاسۆی ساویلکەیی

گەر ئەو قەدەرانەی تێدا بە نەمری بمێنێتەوە

ژیانمانى بە بەرائەت و جوانی ڕەنگ کرد.

 

بڕوانە ئێمە لە کوێی

ئەو ساتە ترسناکانە داین؟

بە شیعرێکی دواخراو دەچێ

ڕووبار و مانگی لە ئامێزدایە

شیعرێک لە چۆلەوانی تەنیایی و ژاوەژاو وەڕس نابێ 

سڵاو ئەی ڕووناکایی تیشک!

سڵاو لە تارماییەکانی مێژوو و جوگرافیا

لە نێو بۆشایی گەردوونی داڵانە تاریکەکاندا

دەبریسکێنەوە

سڵاوت لێ بێ نزاکانی سپێدە

پاش ئەوەی

بە داوی شەوی تاریکستانەوە بوون

بڕوانە ئێمە لە کوێین!

وەکو دوورگەیەکی سووتاو جێم مەهێڵە

یادەوەرییەکانى هەڵلووشێ

جێم مەهێڵە وەکو پەڕەیەکی سپی

هیچ شتێک نەنوێنێ

جێم مەهێڵە وەک ڕەزمێکی لاسەنگ

جێم مەهێڵە وەک پایز

 بە تەنیا بەرەو ڕووی چارەنووسی ببێتەوە

ج..

   ێ م

       مە 

             هێ

                    ڵە!

24102004

(2)

سروودگەلی پایز

هەر زوو زستان لە ئامێزی گرتن .

پرۆژەی هۆنراوەیەک بوو لە کریستاڵ

ساماڵێک ، بوونایەتی خۆی بەجێدێڵێ و

پرد بۆ پیاوی خۆڵەمێشی هەڵدەنێ

ئەوانەی بەسەر یادەوەری لە خاچدراوی

ڕۆژگاری پووچدا خۆیان ڕاگرتووە

ئا ئەمەیە حاڵ ، هۆنراوە ئازیزەکەم!

بێدەنگی لە هاوار ڕاستگۆترە

هاوار وای لێهاتووە لە چەقی ڕێگا چۆل و هۆڵەکاندا

بووە بە وەڕین ....

هەواداریی پاڵی بە ئارەزووی جەستەوە داوە

ئەوەی لە ئێواراندا دەمێنێتەوە

جێگەی هەناسەیەکی پڕ بە سییەکانی تێدا نابێتەوە

ئەوەی دەمێنێتەوە

بەشی ئەوە ناکا لە باوەشت بگرم

وەک چۆن لە تەلاناندا لە باوەشی ماندووم دەگرتی

ئەمانە سروودی پایزێک بوون

هەر زوو

زستان لە ئامێزی گرتن

پرۆژەی هۆنراوەیەک

نەخێر پرۆژەی گێژەنووسێک

کە سەرەتاو کۆتایی نقوم کرد

ئەمانە سروودی ساویلکەیی بوون

ئینجا بۆ ئەوەی بژیت

دەبینی شەو و ڕۆژ خەونەکانی دەکرۆژێ .

30102005

 

(3)

بە شەرمەوە   .

ئەوەتا چرا لە گۆشەکاندا هەڵواسراون

شەو بەسەرچوو ..

خەتی کازیوەش ڕووی تۆی

لە ڕووپەڕی دڵی ماندوومدا ،شاردۆتەوە .

لێو هەڵدەلەرزن ..

داڵانی تاریک و نووتەک

بۆ کوێ دەچێ ؟

وەشانی تەنیایی ،

وێنەى گەڵای پایز ،

بە بەر چاوتەوە پەرت دەبن

دڵەکوتەی شەوق و تامەزرۆیی گەڕایەوە

دیسان گەڕایەوە

باڵەکانم ببڕێت ..

کە لە ناپاکی باهۆزەوە خوێنایان لێ دەتکێ ..

بۆچى قیسارە شکاوەکەم ؟

لەبەرچی تارماییم ؟

دڵداریە شکست خواردووەکانت

لە جوگرافیای دڵم داوێی ؟

بۆچی ؟

من زەمەنێکم هەیە ، لە دەرەوەی زەمەنی تۆدایە

مێژوویەکیش ڕەنگە بۆرەپیاوان

پشت گوێی بخەن

بەڵام بەندەکانی

لە نێو خوڕەی جۆگەلە و هەناسەی درەخت و

سروودەکانی پایزدا .. دەمێننەوە

ئەو مێژووە بە تەواوەتی ..

لە ڕۆژو مانگ و ساڵانی

هەناسەبڕکێ بەدوای سەرابدا جیاوازە

ئا ئەمەشە حیکمەتی چرا هەڵواسراوەکانی

گۆشەو کونجان

کە بە شەرمەوە هەڵدایسێن ..

28112004

 

(4)

ئەوە بەدبەختیە

تۆ

بە بەختیارێکی بێ وێنەی دەبینی ..

ڕێچکەیەکی ئاڵۆزە ، هەنگاوە لەرزۆکەکانت

خستۆتە سەری ..

وەهمێک شک نابەی

بەرەو ئاسۆیەکت ببا

بەدبەختیە ، بەختیاری نییە

تونێڵە تاریکەکان جێدێڵى و

دەستت لە پرچت دەگێڕی

وەک ئەوەی لە کۆستێکدا بیت ..

ئەوەتا دەبینی ،

ئەوە ڕووبارە

وێڕای بەدبەختیی

بە ستراتیژیای پاکبوونەوەدا دەڕوا..

ئاوازی شەیدای ڕۆشنایی نوور ،

چرپەی فێنکی دارستانن ..

تژی خۆشی و کامەرانی

ئەوەی هەرگیز ، هەرگیز تۆ تێی ناگەی

پشیلەی فێڵباز !

5122004

 

(5)

ئەوە مەملەکەتی منە ،

نیشتیمانێک بە ئەستێرەی مەلان گەشاوەتەوە .

ئەی پاسەوانی ئاوێنە !

ئەوە مەملەکەتی منە ..

شەو بە دڵی دانیشتووانییەوە ماندووە ...

لە سرووتی ڕۆح ، چیمان دەست کەوت ؟

پاسەوانی ئاوێنە !

چیمان لە سووتانی زستان و بێڵایی شەوق دەستکەوت ..

چی ؟

چیمان لە هاوکێشە لاسەنگەکان و

سەیرکردنی ئاوێنەدا درویەوە ؟

فرمێسکەکانمان گەرماییان لە سۆزی کانیاوەکانەوە

وەرگرتووە ..

سێبەری داڵانەکانی مێژوو لە جوگرافیای ماندوودا

چەند هێمایێکن سیحرو تۆقاندنیان بەرجەستە کرد ..

هەورەکان نزمن ..

تەنیاییەکە بۆرەپیاوان تێی ناگەن

ئەوانەی کاتیان

بەو شتانە بەسەر دەبەن

کە کەسانی دى فڕێی دەدەن

ئینجا بۆچی سەرسڕمان؟

لە پای چی هاوڕێ ؟!

بۆچی سەرسڕمان..؟

کە تۆ بەدزیەوە هاتیتە ناو داڵانەکانی دڵم..

شار بوو بە بەردێکی لاڵ

میری مەیخانە و

پاڵەوانانی شەوانی سوور خلۆری دەکەنەوە...

تەنیاییەک بۆرەپیاوان تێی ناگەن

ئەوە تەنیایی منە ..

سەرگەردانییەک (( زانایانی تاریکی)) پەی پێ نابەن

سەرگەردانیی منە..

شوورەی شەوق و ناکاوی

تەنها ئەوانە دەتوانن لێی بپەڕنەوە

بە عەشق و ئەبەدیەت و

گۆرانی جودابوونەوە چەکدارن ...

ئەوە مەملەکەتی منە ، پاسەوانی ئاوێنە !

12122004

(6)

                            "هاوڕێ و گوڵ و ئەستێرە

                               هاوڕێ و گوڵ و ئەستێرە نین

                              ئەگەر هاوڕێ و گوڵ و ئەستێرەیان تێدا نەبینی ."

 

شاعیری ئەرژەنتینی

ئەنیتۆ نیو بۆرکیا

تۆ لە کوێی ،

خۆشەویستى لەوێیە ..

برادەران ،

لە سێبەرێکی کز بەدەر هیچیان لێ نەما ..!

کە لە نادیدەدا دەدرەوشێنەوە ..

هاوڕێیی چیدى مانای پەنجە نابەخشێ ..

کە دەستیان بەسەر ژێیەکانی دڵدا دەهێنا

یا ئەو  موژدەیەی ،

هەر کاتێک دەردەکەوت

خەندەی لە سیمایاندا دەکێشا...

برادەر !

سەردەم لە زەڵکاو دەچێ

چەندى بەهێزتر دەستی بگوشى

بەهێزێکی پترەوە نقوومت دەکا ..

گوڵیش وای لێهاتووە

بە دڕک خۆی دەپارێزێ ..

ئەستێرەیش قیبلەنمای بۆش دیاریان دەکا ..!

ئای داخی گرانم.. هاوڕێ..!

ئەستێرەکان

شوێنەوارێکیان نەماوە بیانبینی

چ جای ئەوەی

شتێکیان لێ بدۆزیەوە ..

19122005

 

(7)

شەپۆل خۆی بە تەنیایی خۆیدا دەدا ..

پەردە لادە بتبینم !

ناکاو ئەو دڕکانەم دێنە پێش

کە هەڵاڵەی گوڵانیان دزیوەو

خۆیان بە باخچەی هەڵواسراو داناوە ..

تەنیایی دڵى شەکەت کردووە ..

ئەی شەوگار !

ئەی ئاسایی و لە بەردەستان ..

تەنیایی درەوشانەوی لێ ون کردووە ..

پەپوولەیەک نە نشینگە و نە ئاسمانێکی هەیە

کەناری ڕۆحی پارچە پارچەم نەبێ ..

پارچەی وا ، لەگەڵ هۆرەی پێ پەتی و

ئاوازە ڕەنگاو ڕەنگەکان هەڵدەفڕن ..

نوزانەوەم لە دەوروپشتی دەم و چاوە هەڵبزرکاوەکان

باڵەفڕێیانە ..

ئەمانە نزای ماڵاوایین ..

دەبێ خۆمان بدەینە دەست چاوە خەواڵووەکان

موجیزە ئەوەیە تا دوا هەناسە بە عاشقی بمێنینەوە

نەک تەنیا خۆ بنوێنین و هیچیتر..

هەندێ شت هەیە دەڕۆن ،

هەندێکی دی دەمێننەوە ..

تۆیش هەڵبژێرە

چارۆگەی ((کەشتیەکەم)) ،

ئەی ئاوازە بێدەنگەکەم !

ڕۆژگار خەریکە دەگوزەرێ ، بەسەر دەچێ ..

لێ ڕامێنە ! تەماشام کە !

ئاخر سەیرو تەماشایش باخچەو کەناری هەیە

تەماشام کە !

چەندی تێتدایە تەماشام کە !

ئەی ئەو خەرمانەیەی چاوەکانت ماندوو کردووم و

یادەوەریەکانت دزیوم ..

212005

 

 

(8)

دەشێ تۆز و گەرد

لە هەرای شەوانی سوورەوە هاتبن

جەنگێک بوو ، بۆنی نهێنیەکانی لێدەهات

سەدایەک لەگەڵ باڵی نەورەسە ماندووەکاندا دەفڕی

با باوەش بە گۆشەگیری و دوورەپەرێزیدا بکەین

بنەوشەیش ،

بڕیاریدا باخچەو مێرگان بەجێبێڵێ

هەموو هەوڵ دەدەن دونیا کۆبکەنەوەو

بە مێژوو و جوگرافیایەوە ،

لە گیرفانیانی بپەستن

ئێستا ((ڕەنگە)) و ((لەوانەیە)) بۆتە ڕاستیەکی زەق

کۆڵان و جادان تەی دەکەن ..

جادە بە جادە ..

کۆڵان بە کۆڵان

ئەوەی بێتە پێشی پێی پیا دەنێ

خۆشەویستیت شێوێندراوە

بۆچی چاوەکانت پشت گوێ خستووە و

لێی گەڕاوی بە نیانیەکی پووچەوە تیرۆر بکرێن ؟

بەسە !

ئیتر بەسە  شێوێنەری درۆزن... بەسە!

چیدى ناهێڵم گەردى

شەوە سوورە بە ژاوەژاوەکان

میزاجم تێک بدەن

1332005

 

(9)

چۆن بووی هەر وا بە!

ئاخر زۆربەی پیاوان لە پیشەسازی فریودان

لە سەرسڕمان زیاتر نازانن ...

پاشی ئەوەی ڕۆیی

چۆن بووی هەر وا بە!

لەبەردەم ئاوێنەدا گەمە دەکا و

تا خوا دەڵێ بەس ، یاریان پێ دەکا

چرایەکی هەڵواسراو خەو لە چاویان دەتۆرێنێ

لەگەڵ ئەوەشدا

وەکو خانمێکی قدیس لە هەواڵەکان دەردەکەوێ

بە عەترو بخور دەست نوێژ بشوا

بەڵام لە ڕاستیدا ئەو

جەستەیەکە بە وەرزەکان تێر نابێ

چۆن بووی هەر وا بە!

بۆچی وا نەبی؟!

مەودایەک لە نێوان هاوار و گۆرانیدا

لە نێوان ساوی ئاوریشم و ساوی تێلدڕ نەماوە !

چۆن بووی هەر وا بە!

ئافرەتی گەمەباز

کە بە پۆشاکی پەرییان خۆت دەنوێنی...

1332005

(10)

ئەوەندەی ناوی تۆیان هێنا ،

پیتەکانم پەرش و بڵاوبوونەوە

هەمووم لە تۆدا توایەوە

ڕۆژهەڵاتم ... رۆژئاوام

باکورم ...باشوورم

ئەرێ کاتی باوەش بەیەکدا کردن ، سووتان

نەهاتووە ؟...

ئەی ئافرەتە سەوزەکە.. ئافرەتی حەربا !

سپێدە خۆی لە بانیژەکەم دەسوێ ..

گوڵە زونبووقەیەک تازە دەمی کردوەتەوە

نەخشەیەکی تازە بکێشێ

بۆ نیشتیمانێک بە هەناسەبڕکێوە

بەسەر ڕووتدا دەڕوانێ

فرمێسکێکیش لەسەر ڕوومەتتدا ڕاکشاوە

چەند سرووتێک بوون بە ناچاری جێمان هێشتن

چەند ماچێک لە نێو ترسدا مت بوون

بە فرمێسک پیرۆزم کە ! تا بکوژێمەوە

من بە شێوە و ناوەرۆکەوە دەسووتێم

ساتێکە لە هەڵاتن ئەی حەربا!

کە شەوگار بە تاریکیەوە بەسەر جێگەماندا دەدا

وەختێ تەسلیمی سێوی گوناه دەبین....

 

 

تێبینی:

"ئەم  دەقانە لە ئەسڵدا بە عەرەبى  نووسراون . نووسەر و ڕەخنەگر (نەجات حەمید ئەحمەد) بە پێداچوونەوەى نووسەر کردوونى بە کوردى."

 

 Image result for wind kunst

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت