ما 3473 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تفێکی خەستی رۆکرد. بەڕقێکی سەیرەوە هەستایە سەرپێ. هەموو جەستەی وەک شەقشەقە دەلەرزی. دەبوایە کارێکی بکردایە،... کارێکی وەها کە چیتر دونیا بەو گەڕەدا نەگەڕێ کە تا ئیستا گەڕابوو! سەیری بەهەشتی کرد. فریشتەکان ئەوەندەیان لە رووباری شەرابەکە خواردبووەوە خۆیان بەسەر پێوە رانەدەگرت. 

 

تەنیا شەیتان گریا!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کە خوا مرد، تەنیا شەیتان بۆی گریا! فریشتەکان خەنی لەوەی لە ئەرکێکی هەزاران ساڵە رزگاریان ببوو، لە بەهەشت لە تەنیشت رووبارەگەورە و بەخوڕەکە پاڵیان لێدایەوە و دەستیان خستە ژێر سەریان و تێر تێر کەوتنە روانینی ئاسمانی شین و جوانی سەرسەریان. لێو بەبزە و دڵشاد لەوەی ئیتر کەس نەبوو لەدەرەوەی خۆیان ئەرکی ژیانیان بۆ دیاری بکا و پێیان بڵێ کە دەبێ چاوەدێریی بوونەوەرێکی ترسناک و چاوچنۆک و تێرنەخۆرەی وەک مرۆڤ بکەن، بەدڵ لەو بەهەشتەیان رووانی وا لەو کاتەوەی مرۆڤ خوڵقێنرابوو، ئەمان ئاگایان لێ نەمابوو. راستییەکەی ئەوە بوو کە هیچ خوڵقێنراوێکی تری دەستی خودا بەقەدەر مرۆڤ، ئەوانی ماندوو و بەخۆیەوە سەرقاڵ نەکردبوو.

قریوە، دەنگی شادی و سەمای فریشتەکان سەرتاسەری بەهەشتی گرتبووەوە. باڵندەکان لەبیری چڕینی ئاوازێکی نوێدا بوون.

بەڵام لەو ناوەدا تەنیا شەیتان بوو کە لە شوێنێکی نێوان بەهەشت و جەهەننەم لە سەر تەرمی خودا دانیشتبوو و کوڕ کوڕ نەویبووەوە و بەکوڵ دەگریا. فریشتەی یاخیی خودا قەت لە ژیانیدا بەقەدەر ئەم دەمە هەستی بە بێ کەسی و بێ مانایی 'بوون' نەکردبوو.

شەیتان بە گەڵا بابردووەکانی نێوان جەهەننەم و بەهەشت کفنێکی بۆ تەرمەکە دروست کرد و بە شووشەیەک بۆنی ئاگر، گوڵاوپڕژێنی کرد و کێلێکیشی لە سەخت ترین بەردی قوڵاییەکانی جەهەننەمی بۆ سازکرد، ئەوسا لەسەری نووسی "انا لله وانا اليه راجعون!" و دیسان لە تەنیشتی تەرمەکە بە خەمباری دانیشتەوە. ئەو پێی وابوو هێشتا بۆ ناشتنی خودا یەکجار زوو بوو. لای ئەو، تەرمەکە دەبا بە هەزاران ساڵ لەوێ بایە تا سەرئەنجام 'کات' باوەڕ بەم مەرگە کتوپڕی و سەیر و سەمەر و باوەڕنەکراوە بێنێ و، ئیزنی ناشتنی بدات.

ئەگەرچی هەستی دەکرد لەگەڵ مردنی خوا 'کات' یش راوەستابوو.

لە کاتێکدا جاروبارە سەری بەرزدەکردەوە و لە دونیای بێ خودای دەڕوانی، ئەم پرسیارە زیاتر و زیاتر لای دەوروژا کە چۆن بوو خودا مرد؟ بۆچی و لەسەرچی کارەساتێکی وەها بەربینگی بە خڵقەت و بەپێش خڵقەت گرتبوو؟ پێی سەیر بوو کە چۆن کتوپڕ هەموو فەلسەفەی 'بوون' ئاوەژوو ببووەوە و لە جیاتی ئەوەی دیسان هەموو شتێ لە ژێر پێی خودادا ببێتەوە بە خۆڵەمێش و بە هیچ، کەچی ئیستا خودا بۆ خۆی وەک یەکێک لە مەخلوقاتەکانی دەستکردی خۆی گیانی سپاردبوو و بۆ هەمیشە دونیای بەجێ هێشتبوو. باشە چارەنووسی دونیا و بوونەوەرەکانی ناوی لەدووای ئەو چی ڵیدەهات؟ باشە قەراربوو گیانی خودا چی لێبەسەربێت؟

لەبیری دێ جارێکیان مرۆڤێکی سمێڵ زل و نەخۆشی ئاڵمانی لە سەدەی نۆزدەدا (شەیتان ئەم ناولێنانانەی کاتی یەکجار لا سەیر بوو)، کە نەخۆش بوو و بە ئاە و ناڵەوە دەژیا و خۆی بە فیلسووفیش دەزانی، باسی لە مردنی خودا کردبوو! لەبیری دێ لە دووای ئەو جاڕە سەیرەی ئەو پیاوە نەخۆشە، دوو شەڕی گەورەی وەها روویاندا کە تیایاندا بە دەیان میلیۆن مرۆڤ کوژران و بەدەیانی تریش بریندار و شەل و شکست هەڵگەڕان. جا باشە ئەو کاتە هێشتا خوا بەراستی نەمردبوو دونیا ئەم نەهامەتی و بەڵا گەورەیە رووی تێکردبوو، ئەی ئیستا، کە شتەکە راستە بڵێی چی بە سەر دونیا و مرۆڤی نەگبەتدا بێت؟

سەری بەرزکردەوە و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا.

بیری مرۆڤ، سەرلەنوێ هەمان رقی کۆنی لە شەیتاندا ژیاندەوە. قەت خەیاڵی بۆ ئەوە نەدەچوو کە خوا ئەو لەسەر عەبدێکی خاکی لە بەهەشت دەربکا و، بەم دەردەی بەرێ. رقە کۆنەکە، بێ ئۆقرەی کرد، حەجمینی نەما، هەستایە سەرپێ و بەپەرۆشەوە کەوتە قەدەم لێدان و ئەم سەراوسەرکردن. خۆی دەگوشی و بە مشت پەیتاپەیتا لە بەرە دەستی خۆی دەسرەواند. سەرئەنجام ئارام بووەوە. دەستی خستە ژێر چەناکەی و کەوتەوە بیرکردنەوە. لە خڵقەتی ئەو شتەی وا خوا ناوی نا مرۆڤ راستی چەند ساڵ دەگوزەرا؟ هەوڵیدا هەموو رووداوەکان بە جوانی بێنەوە یادی. بەڵام نا،... بێسوود بوو. لەو ساڵانە یەکجار دەگوزەرا. جگە لەوە، ئەوەندە بە شوێن مرۆڤەوە ئەمسەراوسەری ژیان و دونیا و کایناتی کردبوو کە چیتر زەینی، رابردووی بە جوانی نەدەهاتەوە یاد. هەر ئەوەندەی لەبیرە کە خوا لە سەر ئەوەی ئەم سوجدەی بۆ ئەو بوونەوەرە نوێیە گوێ قوڵە نەبردبوو وا لە گڵ دروستکرابوو، لەبەهەشت وەدەری نابوو و بۆ هەمیشە بەر لەعنەتی قورس و بێبەزەیی خۆی خستبوو.

ـ "دەی بخۆ دەی!"

ئەم رستەیە بە بێ ویستی خۆی بە دەمیدا هات و، بۆیە پەشیمان پەنجەی خۆی گەست. شەیتان لانیکەم لەوە تێدەگەیشت کە لەم کاتانەدا نابێ بەشوێن تۆڵەسەندنەوە بێت. ئەو ئەمەی بە یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان خۆی و مرۆڤی دادەنا. هەروەها هەرچی بوو خوا خوڵقێنەر و باوکی ئەویش بوو. لێرەدا قوڵپی گریانێکی بەکوڵی تر دایگرتەوە و دانەوییەوە سەر چۆک و بارانی فرمێسکێکی بەهارئاسای تری بە سەر گەڵا ـ کفنەکەدا هەڵوەراند. قەت باوەڕی نەدەکرد مردنی باوک ئەوەندە ئازاراوی بێ،... قەت قەت. لەبیری دێ لە شاعیرێکی نەگبەت و هەموو تەمەن ئاوارە و سەرهەڵگرتووی کورد کە ناوی هێمن بوو گوتبووی کە مردنی باوک لەهەرتەمەنێکی پیاودا رووبدا ئەوە فەرق ناکا، هەر هەست بە هەتیوی دەکەی! ئەمە یەکێک لەو دەگمەن قسە باشانە بوو کە لە مرۆڤی بیستبوو. بەڕاستی ئەو پیاوە چڵکنە راستی دەکرد! گەر تەمەنت بە هەزاران ساڵیش بێت هێشتا هەر هەتیویت، هەر هەست بە هەتیوی دەکەیت. ئەوەندە هەتیو کە بۆ گریان ئاوی هەموو هەسارەکانی دونیایش بەشت ناکا!

لەبەهەشتەوە بەردەوام دەنگی قریوە و شادی دەهاتە گوێ. دەڵێی نەک تەنیا فریشتەکان، بەڵکو هەموو بوونەوەرەکان کەوتبوونە سەما و هەڵپەڕکێ. پێی سەیر بوو. قەت باوەڕی نەدەکرد ئەوەندە رقی شاراوە دەرحەق بە خوا لە دەروونیاندا پەنگی خواردبێ. شەیتان هۆکاری ئەمەیشی بە مرۆڤ لێکدایەوە. لایکردەوە و لەو سەرەوە لە گۆی زەوی رووانی کە وەک مروارییەکی شین لە کاکەشاندا دەدرەوشایەوە.

ـ "چ شوێنێکی خۆش و جوانیش بۆ ژیان!"

تفێکی خەستی رۆکرد. بەڕقێکی سەیرەوە هەستایە سەرپێ. هەموو جەستەی وەک شەقشەقە دەلەرزی. دەبوایە کارێکی بکردایە،... کارێکی وەها کە چیتر دونیا بەو گەڕەدا نەگەڕێ کە تا ئیستا گەڕابوو! سەیری بەهەشتی کرد. فریشتەکان ئەوەندەیان لە رووباری شەرابەکە خواردبووەوە خۆیان بەسەر پێوە رانەدەگرت. لێویان سڕسڕ، وشەی بە زەحمەت پیادەگەڕا. لە کاتێکدا بە سەر شان و باڵی یەکتردا دەکەوتن، هەوڵیاندەدا باس لە بەهەشتی داهاتوو بکەن. بەهەشتی بێ خواو،... بێ ئەرک. ئیتر بەهەشت بە تەواوی بۆ ئەوان دەمایەوە و بەس.

شەیتان رووی وەرگێڕا و سەیری گۆی زەویشی کرد. ئیستا کاتی بوو! ئەوەی تا ئیستا پێی نەکرابوو، هەلی رەخسابوو. مرۆڤ بە بێ خوا چی بوو؟ هیچ!... هیچ هیچ! ئەوەندە هیچ کە قوڕ بەسەری! بزەیەکی شەیتانانە لێوەکانی تەنی. مرۆڤ تا خوا مابوو دەیتوانی لەو ئەقڵە کەڵک وەربگرێ کە خوا کاتی خۆی بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم پێی بەخشیبوو. بە بێ خوا ئەقڵیش وەک تەلیسێکی رزیو لەو گۆڕەی لێی دەکەوت.

ـ 'ئەقڵ!؟... قوڕ بەسەرتان،... قوڕڕڕڕ بەسەرتان!"

دەنگی پێکەنینی ترسناکی شەیتان وەک با و باهۆزێکی قایم و بەهێز بە کەل و قوژبنی کاکەشاندا بڵاوبووەوە و لە کاکەشانەکانی تریش دا دەنگی دایەوە. هەتاو گڕەکانی بۆ ساتێک بەرەو خۆی پەلکێش کردەوە، هەسارەکان بۆ چەند چرکەیەک لە رێڕەوەی هەمیشەیی خۆیان ترازان، ئەستێرەکان زۆریان کوژانەوە و، تاریکی تاریکتر هەڵگەڕا. شەیتان قەت لە ژیانیدا ئەوەندە هەستی بە هێز و بە توانای خۆی نەکردبوو. لێرەدا جۆرێک لە خۆشی بە دەروونیدا گەڕا،... خۆشیی مردنی باوکی،... مردنی خودا. ئەوسا باڵەکانی کردەوە و خۆی فڕێدایە ناو بێکەرانەوە. بیری ئەوەی فریشتەکان ئەوەندە سەرخۆش و ئەوەندە بەکەیفن کە چیتر بیری زەوی و مرۆڤ ناکەنەوە، ئەوەندەی تر تەزووی خۆشیی بەلەشدا گێڕا.

ـ "قوڕبەسەرتان،... فریشتەکانیش لەبیریان کردوون!... ئاخ!... ئاخ، هەر ئەوەندەی بگەمە ئەوێ،... هەر ئەوەندە!"

بەڵام کتوپڕ درا بە شتێکی بەهێزی نادیاردا. شتێک وەک دیوارێکی قایمی نادیار. شەیتان سەرەتا فڕینەکەی لێ شێواو و بەربووەوە، بەڵام زۆر خێرا خۆی گرتەوە. ئەوسا بە ئارامی و بە کاوەخۆ لە دیوارە نادیارەکە نزیک کەوتەوە. کوێرانە دەستی پیاگێڕا. سەر و ژێر و چەپ و راست هەر ئەوە بوو،... هەر دیوارەکە. رێگای دەربازبوون نەبوو. شەیتان شێتانە تا توانی دوور دوور فڕی بۆ ئەوەی کونێک، قڵشێک یان بوارێک بدۆزێتەوە. بەڵام بێسوود بوو،... بێسوود.

خوا چی کردبوو؟ لەگەڵ مردنی، یانخود پێش مردنی چ بڕیارێکی تری بۆ گەردوون دەرکردبوو؟ بەم بیرانەوە سوڕێکی بێهوودەی بەناو کاکەشاندا خوارد و ئەوسا گەڕایەوە سەر تەرمەکە. خوا هەروا بە ئارامی راکشابوو.

بۆ ساتێک بڕیاری دا بچێ و رووداوەکە بۆ فریشتەکان بگێڕێتەوە، بەڵام زۆر زوو پەشیمان بووەوە. مەگەر بەڵێن بوو ئەوان تازە لە شت بگەن؟

ئەوسا لە کاتێکدا چوارمیلکە لە تەنیشت خودادا دانیشت، سەیری زەوی کردەوە. باشە بەڵێن بوو چی بەسەر مرۆڤی نەگبەتدا بێت؟ لەو هەسارە رەنگ یاقووتییە لە کاتێکدا هەم خودا و هەم فریشتەکان و هەم ئەم جێیان هێشتبوو، بەڵێن بوو چ داهاتوو و چ چارەنووسێکی تر بەرۆکیان پێ بگرێ؟

خودا جارێکی تر مرۆڤی بەجێ هێشتبوو.

شەیتان دەستی بە جەستەی بێ جوڵەی خودادا هێنا. ئەوسا لەبەر خۆیەوە گوتی:

ـ "لە رەگەزی خۆت خوڵقاندت بۆ ئەوەی بتوانێ رۆژێ بتوانێ تەمسیلی خۆت بکا لەوێ. نەیتوانی! رەنگە هۆکارەکەی هەبوونی خۆت بوو. ئیستا کە خۆت نەماوی...، نازانم رەنگە بتوانێ! رەنگە بتوانێ، لە کاتێکدا نە من و نە فریشتەکان ئیتر قەت دەستیان نایانگاتێ."

تەرمی خودا جوڵا. 'کات' و 'شوێن' لێی جودابوونەوە و بەدەوری تەرمەکەدا کەوتنە فڕێن. ئەوسا دوورکەوتنەوە. تەرمەکە ئارام ئارام بەرزبووەوە و بەرەو ئاسمان کشا.

شەیتان سەیری کات و شوێنی کرد. شەیتان زانی مرۆڤ لەوێ لە سەر گۆی زەوی دیسان قەراربوو لەدایک بێتەوە و بمرێتەوە،... وەک هەمیشە. زانی بەڵێن بوو خەون سەری پێهەڵبگرێتەوە و بە هەزاران شوێنیدا بداتەوە،... وەک هەمیشە. چ چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش! خوا چ کتێبێکی بێ کۆتایی نوسیبوو، ئەو کتێبەی لە نەبوونی خۆیشیدا بەڵێن بوو هەر درێژەی هەبێ.

 

لە کاتێکدا فریشتەکان دەمیان بە رووباری شەرابەکەوە نابوو و گلەییان لە خوا دەکرد کە بۆچی وەهای نەخوڵقاندبوون کە بتوانن وەک مرۆڤ پێکەوە جووت بن، شەیتان لە دیوارە نادیارەکە نزیک کەوتەوە و لەوێوە لە زەوی وردبووەوە کە لێرەوە بێدەنگ دەینواند،... یەکجار بێدەنگ!

 Image result for GUD kunst

گەڕان بۆ بابەت