مستەفا تەوحیدی

بە بیر و باوەری زەردەشتییەکان، خودا لە ماوەی ٣٦٥ ڕۆژی ساڵدا، ئافراندنی بە ئەنجام گەیاند. هەووەڵی فەروەردین واتا "خاکەلێوە" دەسی هەڵگرت و حەسایەوە. لە بیر و باوەری ئایینی ئەواندا، ئافراندن لە رۆژی نەورۆزدا تەواو بووه. یانی تا هەوەڵ رۆژی نەورۆز هەموو بوونەوەرێک بەدی هاتووە. رۆژی هەووەڵی خاکەلێوە، "فەرەوەهر" بۆ سەر زەوی دەگەرێنەوە.

 

کورتە پێناسەیێک لە سەر مێژووی نەورۆز، حەوسین، سێزدەبەدەر

مستەفا تەوحیدی


به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- مسته‌فا ته‌وحیدی، توێژه‌ر و شاعیری کورد له‌ یادداشتێکدا مێژووی نەورۆز، حەوسین و سێزدەبەدەر لێکده‌داته‌وه‌ به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێکراوی ئه‌ده‌بی فارسی و ناوچه‌که‌ له‌ چه‌ند روانگه‌یێکه‌وه‌ ئه‌و دیارده‌ که‌لتوورییه‌ کۆنانه‌ ده‌خاته‌ به‌ر باس.

بە بیر و باوەری زەردەشت و زەردەشتییەکان، خودا لە ماوەی 365 ڕۆژی ساڵدا، ئافراندنی بە ئەنجام گەیاند.

هەووەڵی فەروەردین واتا "خاکەلێوە" دەسی هەڵگرت و حەسایەوە.

لە بیر و باوەری ئایینی ئەواندا، ئافراندن لە رۆژی نەورۆزدا تەواو بووه.

یانی تا هەوەڵ رۆژی نەورۆز هەموو بوونەوەرێک بەدی هاتووە.

رۆژی هەووەڵی خاکەلێوە، "فەرەوەهر" بۆ سەر زەوی دەگەرێنەوە.

بابەتی گەرانەوەی "فەرەوەهر" لە ئەدەبیاتی شیرینی ئایینی "مزدیسنی" یە، کە حیکایەتی زۆر دڵرفێن و سەرنج راکێشی لە لایە و یەکێک لە فەلسەفە گرینگەکان ، جەژنی نەورۆز و هاتنەوەی "فەرەوەهر"ه کانە بۆ سەر زەوی.

1. "فەرەوەهر" یان "فرەوەشی" یەکێک لە وزە پیرۆز و مەعنەوییەکانی مرۆڤە، کە بەر لە ئافراندن، لە جیهانی باڵا بووە و لە کاتی ئافراندنی مرۆڤدا، هاتۆتە ناو لەشی مرۆڤەوە، ئەم وزەیە مرۆڤی راگرتووە و بەرزی کردۆتەوە و گەورەیی و مەزنیی پێداوە.

دوای لە دەس چوونی مرۆڤ، دیسانەوە هەر بە پاکی و پیرۆزیی هەووەڵ جاریەوە دەچێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.

2. لە "شاهنامە"ی فردەوسی و "‌آثار الباقیه"ی بیرونی و چەند کتێبێکی دیکەدا، جەژنی نەورۆز، بە "جەمشید"ەوە دەبەستن کە لە پاڵشا گەورەکانی زەنجیرەی "پێشدادی" یە.

دەگێرنەوە: "جەمشید" لە سەر تەختێکی زێرین دانیشت.

دێو و درنج، "جەمشید" و تەختی زێرینیان لە رۆژێکدا هەڵگرت و لە "دەماوەند"ەوە بۆ "بابل"یان برد. ئەو رۆژە هەووەلی خاکەلێوە بوو، ناوی هۆرمۆزد بوو.

خەڵک ئەو رۆژە جەژنیان گرت و شادییان گێڕا.

3. حەکیم و زانا "عومەری خەییام" لە "نەورۆزنامە" دا، بۆ پێکهاتەی نەورۆز بەم چەشنه دەنووسێ :

هۆکاری نێونانی نەورۆز، بەم جۆرەیە کە خۆر، لە هەر ٣٦٥ شەوانەرۆژ و چارەگێکدا دێتەوە سەر هەووەڵ خولەکی "حەمەل" واتا "خاکەلێوە".

"جەمشید" کە شارەزای ئەم بابەتە بوو، ئەو رۆژەی نێونا، نەورۆز.

4. دوای جەمشیدیش، پاڵشاکانی دیکە و خەڵکان بە تێکڕایی بە شوێنەواری "جەمشید" دا چوون و ئەو رۆژەیان جەژن گرت. بە تەواوی مرۆڤەکانی دنیایان سپارد کە ئەم رۆژە بناسن و بیپارێزن.

هەر کەسێ لە نەورۆزدا جەژن بگرێت و شادی بکات، هەتا نەورۆزەکەی دیکە لە شادی و خۆشیدا دەبێت.

حەوسین:

"عبدالله بن مقنع" لە کتێبی " بلورغ الارب" و "ابوجاحظ" لە کتێبی "المحاسن و الاضداد"ئاماژەیان بە حەوسین کردووە . دوای ئەوە کە بەرەبەیانی نەورۆز، پاڵشا جل و بەرگی ئاوێتە بە خشڵ و زەمبەری بە شکۆوە لە بەر دەکرد و بە تەنیا لە کۆشکدا ئامادە دەبوو، پیاوێکی پیرۆز نێو و خۆش قەدەم و رووخۆش و قسەخۆش ، کە شەو هەتا بەیان لە بەردەرکەی پاڵشادا رادەوەستا ، بەرەبەیان بە بێ ئیزن، بە خزمەتی پاڵشا دەگەیشت.

پاڵشا کە چاوی بەو پیاوە دەکەوێ لێی دەپرسێ کێی و لە کوێوە هاتووی و بۆ کوێ دەچی و ناوت چیە؟ پیاوەکە لە جوابدا دەیکوت: من وزەی سەرکەوتن و فایق‌بوونم و لە لایەن خوداوە هاتووم و تامەزرۆی دیداری پاڵشای خۆش ئیقباڵم. لە گەڵ ساڵی نوێ هاتووم و دیاری و سەوغاتم ساغی و سڵامەتییە و مزگێنیی خۆشی و شادیم، پێیە.

لە دوای ئەو قسانە، پاڵشا ئیزنی دانیشتنی پێدەدا و ئەو پیاوە نورانی و نێو چاو روونە دادەنیشێت.

 بە دوای ئەودا پیاوێک بە مجۆعمەیەکی زێوەوە دەهاتە ژوورێ کە دەوران دەوری، مەجۆعمەکەی کولێرەی لە سەر بوو کە لە حەوت دانەوێڵە درووست کرابوون وەکوو: گەنم، جۆ، هەرزن، گەرمەشانی ، نۆک، برنج و لوبیا. هەروەها لە هەر کام لەم دانەوێلانە حەوت دەنک و حەوت هێشو لە سەر مەجۆعمەکە بوون. دەنکێ دینار و درەمی تازە و شاخەیەک ئەسپەندەریشی لە سەر بوو.

هەروەها لە سەر مەجۆعمەکەدا لقی حەوت داری تێدابوو کە فاڵیان پێدەگرتەوە وەکوو: زەیتون ، هەنار، سێو، هەنجیر ، بی ، بیدمشک و بەی.

ئەم ئاکارە بوو بە هۆی بەدیهاتنی سفرەی حەوسین کە تا ئێستاش لە نێو ئێرانیەکاندا باوە و هەر ئاسەواری ماوە.

حەوسین یا حەوچین بە نێوی حەوت "امشاسپند" کە فریشتەن و بە مانای پاکی و هەرمانییە و لە ئیسلامدا " ملائکە" یان پێ دەڵێن.

بە پێی ئەم باسانەی سەرەوە، فەلسەفەی حەوسین دێتە دەسمانەوە.

حەوسین ، بە نێوی حەوت "امشاسپەند" یا "سپنتە"یە کە بریتین لە: هرمزد، بهمن، اردیبهشت، شهریور، سپندارمذ، خرداد و امرداد.

حەوسینی ئێرانیانی قەدیم، هاوسەنگه لە گەڵ حەوت شاری ئەوینی عارفان.

 گەییشتن بە هەر یەک لەو فریشتانە، وەکوو هەنگاوێک بەرەو کامڵ بوونە.

حەوت سین لە پێشتردا حەوت چین بە مانای چنینی حەوت شت لە پاڵ یەکدا بووە.

زەردەشتییەکان، سفرەیێکی پاک و خاوێن و سپی یان لە وەتاغێک رادەخست کە پاک و خاوێن بوو و شوێنی عیبادەت و کارە ئایینیه‌کان بووە.

لە سەر سفرە لە پێش هەموو شتێکدا ئاوێنە و گوڵاو و کاسەیێکی پڕ لە ئاوی خاوێنیان دادەنا و دەنکێ هەنار یا سێو و یا سککەیێکی زێویان تێدەهاویشت. رووبەرووی چرایێکی رۆشن و کتێبێکی "اوستا" و گوڵدانێک پر لە گوڵی جۆراوجۆر و لقی بە گەڵای داری سەرو و کاج و لە نێوە راستی سفرەدا حەوت جۆرە میوەی تازەیان دادەنا.

لە کاتی نوێ بوونەوەی ساڵدا، هەموو خاو و خێزان بە دەوری سفرەوە دادنیشتن و بە هۆی ساغی و سڵامەتی و ئەو هەموو ناز و نێعمەتەوە دەستی سپاس و پێزانینیان بۆ بارگای خودا "اهورامزدا" بڵیند دەکرد و بە خوێندنەوەی "اوستا" ساڵی تازەیان دەست پێدەکرد.

سێزدەبەدەر:

جێژنی سێزدەی خاکەلێوە، رۆژێکی پیرۆزە بەڵام لای ئێرانیان بە هۆی ناشارەزاییه‌وه‌ ئەم ڕۆژەیان، پێ نەحس و نالەبارە و بە دەرکردنی نەحسی و نالەباریی ئەم ڕۆژە ماڵ و حاڵی خۆیان بەرەو دەشت و دەر و سەوزایی و کەژ و کێو بە جێ دەهێشت و شادی و خۆشییان دەگێڕا.

هەتا ئێستاش هیچ پسپۆڕ و زانایێک باسی نەحسی و نالەباریی سێزدەی خاکەلێوەی نەکردووە، بەڵکوو بە تەواوی ئەو رۆژەیان مەبارەک و پیرۆز ناو بردووە.

بۆ وێنە بیرونی لە لاپەرەی 226 کتێبی "اثار الباقیه" دا کە باسی رۆژە پیرۆز و نەحسەکانی ساڵ دەکات، سێزدەی نەورۆز کە تیررۆژی ناوە بە رۆژێکی پیرۆز و باشی ناو دەبات.

جەمشید رۆژی سێزدەی نەورۆز لە دەشت و دەر و لە ناو سەوزایی چادری هەڵداەدا و ئیزنی هاتنی خەڵکی دەدا و چەند ساڵ بە دوای یەکدا ئەم کارەی بەرێوە دەبرد تا بوو بە رەسمێک بۆ ئێرانیەکان کە تا ئێستاش بەرێوە دەچێ.

سەرچاوەکان:

• شاهنامه فردوسی

• آثار الباقیه بیرونی

• نوروز نامه عمر خیام

• بلورغ الارب ابن مقنع

• المحاسن و الاضداد ابوجاحظ

 

*"مستەفا تەوحیدی" نووسەر ، شاعیر و بەرپرسی ماڵپەری "زریان"ە.

 

سەرچاوە: کوردپرێس

Bilderesultat for newroz

بازدید: 721