نەژاد عزیز سورمێ

داوای پەنابەریم
لە مەملەکەتی مەمکەکانت کرد
منێ کە نە ماڵ و نە نیشتیمانم هەیە 
نیشتیمانی من جەستەی تۆیە 
ڕەوە گورگیان تێدا نیشتەجێیە 

 

 گەمە شاراوەکانى با  (٤)

نەژاد عزیز سورمێ

"ئەم  دەقانە لە ئەسڵدا بە عەرەبى  نووسراون .

نووسەر و ڕەخنەگر (نەجات حەمید ئەحمەد)

بە پێداچوونەوەى نووسەر کردوونى بە کوردى ."

بەشى چوارەم

(1)

بێدەنگی وای لێهات بچێتە ڕیزی شتە دەگمەنەکانەوە

ئازاری خۆَ لێک سوین

ڕۆژگاری دێرینمان دێنێتەوە یاد

ڕۆژگاری دەسماڵ و نهێنی ماچی شەرمن

کە تێکڕای گەردوونی گڕ دەدا

ئیتر سپێدە فریامان ناکەوێ

لە ڕۆژگارێکدا  

گوڵەگەنمەکان لە ترسا دەلەرزن و

ئاسمان لە عەشقدا دەگری

سیمای تۆ ،

لەگەڵ ڕووناییدا دەردەکەوێ

کە لە شارە پێخواسەکاندا هاتووە

سرووتەکان لەو کەنارانە دەچن

ڕووبار جێدەهێڵن

شادی بەسەر چەند پەڵەیەک ڕاکشاوە

هەناسە سواران

لە زبڵدانی مێژوو  و جوگرافیادا کۆیان کردووەتەوە .

من بۆی دەردەچم

باڵدەگرم

با مۆم لەسەر تەپۆلکەکاندا پێبکەین

زەوی شەوگار دەپۆشێ

مەمکی تۆش ، بە ئاهەنگی ئاخ دەلەنگێنەوە ..

پێخەفێکی خاڵی

خشەخشی گەڵای تێدا گڕ دەگرێ ..

خامۆشیی شەوگار ،

فرمێسک چەند هەنگاوێک دوورلە ئێمەوە دەرژێن

ناکاو

هەست بە خۆمان دەکەین کوژاوینەتەوە ..

1042005

 

(2)

شەڕێک لە نێوان باڵی نەورەسەکاندا بوو

هاوڕێکەم وای دەگووت ..

لە کاتێکدا وەسفی برژانگە تەڕبووەکانی دەکرد

بە فرمێسکی تیمساحانە ،

وەرزەکان مژدەی گەڕانەوەی خانمی پیرۆزتان پێ نییە؟

پروشەیەک لە بۆن

بەسەر هەورە کۆچەریەکاندا پاڵى لێ داوەتەوە ..

بۆن ، دەبینرێ .. بۆن ناکرێ

وەک دەزانی سەردەم ، سەردەمی بینینە..

شتگەلێک دەبینین ، بۆن دەکران ..

هی دیکەش بۆنیان دەکەین ، دەبینران ..

ئێستە زانیم چی لە شەوێکی ساردا نوقمی کردووی

نوقمی کردووی و

بە دزیەوە ماچی تەنگەتاوت دەبرد

ئێستە تێگەیشتم

بۆچی ماندووی؟

خۆت بۆ چەند ... داوێیە باوەشانەوە 

کەچی هیچ لە مانای ئامێز ناگەی

چ زەمانێکی بێ ئەمەکە ، ئەم ڕۆژگارەی ئێمە

لە ئاسۆیەکدا پەیکەرێکی هەڵکۆڵدراو

لە گەرد و

لە ڕوونایی پێکەوە

ئای کە سەیرە !

ئەم ڕۆژگارە بێ ئەمەکەی ئێمە

لە تێکشکانێکەوە بۆ تێکشکانێکی دی

دەمان هێنێ و

دەمان با..

پشیلەی دەسباز...!

1552005

 

(3)

نەسیم هەڵدایسێ و

نوور هەڵدەکا 

ژیان بێ ڕوانگە 

لەگەڵ هەژموونی سواڵکردنی پۆست مۆدێرێنێتەدا 

سواڵکردن ، تەنانەت لە خۆشەویستی و ڕقدا

ئەوەتا بازاڕەکانیان تەنیوەتەوە

ئازاریان ڕۆژگاری پێ دادەپۆشرێ

نادیاران بە دوای خۆیدا بە جێبێڵێ 

مەمکی وای تێدا دەلەرێنەوە

ئێستاش مژدەی بەهارێکی دییان پێیە 

پەنجەرەکان داخراون 

هۆزگەلێکیش کە خەریکی دروست کردنی تاریکین

لە گۆشەیەکدا نیشتەجێن

لە هەموو شتێک داماڵدراوە  

ڕۆژگارێکی نوێ بێگومان دێت

خەریکە ئێمە بە زۆری بچینە ناویەوە

کەچی خەڵکی تر خەریکن بەجێی دێڵن 

کۆمپانیای بەرهەمهێنانی وەهمیش

خاوەنی لێپرسراویەتی بێ سنوور 

ئیدی لە کوێوە نەسیم هەڵدەکا؟

بە چ ئاراستەیەک ڕووناکی تیشک داوێ ؟

کە شەوق

بە ڕق و فێڵ دەورە دراوە ؟!

ئای هاوڕێکەم!

ئەسەف!

ئێشى ڕۆژگار هەند زۆرن، لە ژماردن نایەن.

662005

 

(4)

چارەنووسمان ڕوو لە گوڵە زونبوقەکانە

بە ئاسۆی سپێدەدەمان خۆیان دەشۆن 

شیعرەکانمان ئارەزوو دەکەن تیپ و وشەکانیان جێبهێڵن

تیشکی ڕاوەدوونراو

تاریکاییەکیش خۆی بەسەر سەرینی حەسانەوەدا داداوە.

چەندی چیرۆک و هەقایەتان دەپشکنم

حیکمەتێک نابینم

یارمەتیم بدات

دەستم بە بازنەی ترس ڕابگا ..

ڕووت لە منە

ڕووبارێکی شێت

ڕێژنەگەلێک لە سۆز ،

تێری دەکەن ..

مەملەکەتیش

گوێ لە خششەی گەڵاو

ناڵەی ڕێگا و

ئاخ و ئۆفی ڕووبار و دۆڵان ناگرێ

گۆشەکانی وەجد شوورە دەورەی داون.

ماچی ساختە لەسەر شۆستە و شەقامەکاندا

بێ تام و بۆ 

ئا ئەوەیە بەشێک لە دەنگوباسی

زەمانى سپڵە و

سەردەمی شادیی مردوو و

ئازادی ڕازاوە و

نیشتیمانی خەمبار ،

داماو لە نێوان ئاو و کارەبادا ..

572005

 

(5)

داوای پەنابەریم

لە مەملەکەتی مەمکەکانت کرد

منی کە نە ماڵ و نە نیشتیمانم هەیە 

نیشتیمانی من جەستەی تۆیە 

ڕەوە گورگیان تێدا نیشتەجێیە 

ئەی ئافرەتە شینە... حەرباکە ...!

بڕیارم دابوو چیتر مێرگی نیگاکانت جێنەهێڵم

کە پڕن لە شتی نائاسایی 

چرپەکان 

لۆچی ڕۆژگاری سپڵە دەرمان دەکەن 

ڕۆژگاری گومڕایی و شەو

پۆشینی ژاکان

ڕۆژگارێک ، هەر ڕۆژێ بەشێک

لە بێگوناهیت دەکرۆژێ ..

وشەکان ون بوون

نیشتیمانى جەستەیشت

ئەوەندەی گازی لێ بدرێت شێوێندراوە ....

وەک جاران نییە

سێوێکی تەڕ 

بەم جۆرە و

لە کۆتاییدا بڕیارم دا 

بە لاتی بژیم 

داوام لە مەملەکەتی مەمکەکانت بکشێمەوە

کە ڕەوە گورگی دڕندە تێی بەربوون ...

نۆشت بێ!

کازیوە و

نیوەڕۆی درۆزن و

شەوە ئەموستەچاوەکان

لە نێو باوەشی هەوەسبازاندا ..

نۆشت بێ ئافرەتی حەربا !

ئافرەتە دەست بازەکە !

1272005

 

(6)

بێباکى لە بێنى بردین 

خەمساردی کوشتمانی 

پەراوێزی کردین 

وەک دەبینی سەردەم سەردەمی خەمساردییە

هەناومان دەخوا و

یاریی بە خەونە دواخراوەکانمان دەکا 

چەند ئاماژەیەک هێشتا لە ئاسۆ ڕا دیارە

مانگ ڕەنگ زەرد 

سەدای بەندەرانیش

بەناو دڕک و ئەستری خەمساردیدا تێدەپەڕێ ..

منداڵیی شتان ،

شەوقێک لە چەقی ڕێگادا ،تیرۆرکراوە 

ئاڵای داگیرکراو

بێهوودە دەشەکێتەوە 

چەند هەنگاوێک جێوبالنگانی ئەوسەر

جووت بوون و

پێخەفی وا 

بۆنی لێ دێ ...

پەنجەرەکان داخراون

نوور هێشتا لە بێشکە دایە 

ژیانیش بێ ڕوانگە 

گەلەدەنگێک لە لوتکەوە خلۆر دەبنەوە 

هی تریش لەگەڵ هەوراندا لێ دەچنەوە 

گەرداوێکیش خۆی بە تەلانان هەڵپەساردووە 

ڕەنگ هێمای خۆی هەیە 

خەمساردی و گوێ پێنەدانیش ...

چەندان هێما 

با ئەم ڕووبارە جێ بێڵین و

جوانی ئەبەدی بدۆزینەوە و

شکست بە خەمساردی بێنین

لە هەموو حاڵەتێکدا 

خۆرێک هەر هەیە ڕۆژانە هەڵدێت.

282005

(7)

هەقایەتەکان لەگەڵ ئەو نەخشانەدا درێژ دەبنەوە

بۆ پیاسەیەک دابەشمان کردن 

سۆزێکی ڕووت 

هەستی پێ دەکەم

بەو شیعرانە دەگەن

بروسکەی عەشقێکی گەرم ڕفاندبوونی.

شەپۆلگەلێک لە سپێدەو ئێوارەمان لە بۆسەدان 

گوڵەکانمان لە ژمار نایەن 

گوڵەکان لە ژمار نایەن 

پەپوولە لە ژمار نایەن 

بێگومان خۆشەویستیش نایەتە ژماردن 

پۆشاکێک لە ڕەنگی پیرییەتی

((خانەی بکوژ)) تێم ناگا

من 

کە سرووتی پیرۆز 

بە خوێندنەوە دەخوێنمەوە ..

نیشتیمانێک لە نێوان هەنگوین و ژاڵەدا

نیشتیمانێک لە نێوان بێدەنگی و هاواردا

لە نێوان درۆ و ڕاستیدا

بەرەو کوێ دەچین؟

دادپەروەری بووە بە کەمالیات

ئارەزووبازی لە خۆشەویستی بەهێزترە .

ساتێکی شەرمنە

خەونەکانمان بە پێی پەتی لە شەقامەکاندا ڕادەکەن ..

ساتێکی شەرمنە

کە هاوین ئەو مەمکانە دەشارێتەوە

بۆنی یاسەمینیان لێ دێ 

لەم ڕۆژگارەدا

پیشەسازیەکی چەند قورسە

پیشەسازی خۆشەویستی.

982005

 

(8)

هێشتا خەون 

گەمە لەگەڵ ئاوێنە هەڵخەڵەتێنەرەکاندا دەکا.

ئاسۆی وا عەکس دەکاتەوە 

شایانی ڕوانینە شینەکانی تۆیە 

ڕۆژگار بە هەناسەبڕکێیەوە

وەک فرمێسکی 

ئەو ئەشکەوتانەی بەکەزیەکانت

شەختە بەستوو ، شۆڕبوونەتەوە ..

جەستەیەک کەڵبەی وا کێڵاویانە

شتێک لە زانستی ساو و لێکەوتن نازانن 

هەندێک جار گوێ نادەمێ

لە برینە خوێن لێ چۆڕاوەکانم دەخۆمەوە و

زەنگت بۆ لێ دەدەم

کەچی لە بێدەنگی زیاتر نابیسمەوە 

بۆ هەرکوێیەک دەچم تەنیایی هاوڕێمە

شەو ساردە... سارد

منیش پڕم لە نائاساییەتی

نەمدەویست سێبەری مەمکەکانت جێ بێڵم

بەڵام تۆ هاتی ناخی ناخمت هەڵکۆڵی

هەموو مۆمەکانت کوژاندەوە

ناچارت کردم شانۆگەریەکە کۆتایی پێ بهێنم و

پەردە دادەمەوە 

بێ دەستخۆشی... بێ ئافەرین

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا

لە ئاسۆدا ،

هەمیشە خۆرێک هەیە

ئێوارەم ڕۆشن دەکاتەوە و

بە کەزیە زێڕینەکانی دامدەپۆشی.

3082005

 

(9)

هەندێ جار لە بێ ئاگایی بێدەنگیدا 

دەنگت بەسەرم دادەدا 

دەمبینی پاڵی پێوە دەدەم

هەورێکی دووگیان

ئازارەکانم دەگوشم

کە بۆ هەر کوێ دەچم لەگەڵم دان 

ئومێدیش لە ڕێگەدایە 

خۆزگە نەمدیباى

تا کاتێ ڕقم لێت دەبێتەوە

بە هێوری ڕقم لێت ببێتەوە 

بە پێچەوانەی ئەوان ڕۆژانەی

بەوپەڕی هێزەوە خۆشم دەویستى..

کاتێک خۆشم ویستی بە توندیەوە خۆشم ویستی ..

خەیاڵێک لە بۆنی گوڵانەوە

بۆم دێ 

لە یەکەم ژوان دا مابووەوە 

وێنەکەت ئەوەتا لە تەمومژەوە دەردەکەوێ

ڕووە و برینەکان دێ

هەوڵ دەدەین کات بگەڕێنینەوە دواوە

غەریبین و لە تاریکیدا ڕادەکشێین ...

نمەی باران تەڕمان دەکا ..

لە تەنیاییەکی بێ سنووردا سەوڵ لێ دەدەین..

پێخەفمان 

کە بە جێخەوی فریشتان دەچێ 

سەوڵ لێ دەدەین 

منیش بە گوێتدا دەچرپێنم ... خۆشم دەوێی

دەنگ دێتەوە... خۆشم دەوێی

ئای خۆشەویستم!

بە وەهم دەستمان پێکرد

بە وەهمیش وەهمەکانمان بەردەوام بوون

بە وەهمیش خواحافیزیمان لەیەک کرد

تەنها لەو کاتەدا زانیم 

ڕەنگە ڕق هێرش بۆ

بازاڕ و کوچەو کۆڵانان بێنێ 

ژیانیش بێ ڕوانگە خۆی دەنوێنێ ..

692005

 

(10)

ئەم ئافرەتە 

هەر چەندە ماندووە 

بەڵام وەکو گەردەلوول

بە دوای سەرابدا ڕادەکا 

ئەم ئافرەتە 

وا پێدەچێت واز لە هەوای خۆی نەهێنێ

هەمیشە تێیدا دەگەشێتەوە 

هەندێ جار هەستەکانی دەیترسێنێ

جاریش هەیە سەر ئێشەی پاڵ کەوتن

شەرمەزاری دەکات 

لە شەڕێکی گەرمدا 

وەک بڵێی بەرەو ڕووی شکست بووبێتەوە 

ئەم ئافرەتە ،

وەک گەردەلوول بە دوای سەرابدا ڕادەکا 

لە پێخەفێکەوە بۆ ئەوەی دی 

سەر لە دارستانی تاریکی دەدات 

لە شتێک دەگەڕێت 

با ناوی بنێین سەرمەستیەکی کاتیی

وەک کەسێ جگەرەیەک دادەگیرسێنێ

یا کاتێ لە بانیژەکەیەوە

لە هەندێ شتی سەیر وورد بێتەوە 

زەمانی هەوەسبازی

بۆمبا چێندراوەکان و

ئۆتۆمبێلە مینڕێژکراوەکان 

بەم جۆرە.. ئەو ئافرەتە دەخوێنێ

لە باراندا خۆی دەشوا

وەکو گەردەلوولیش بە دوای سەرابدا ڕادەکا.

1492005

 

(11)

تاریکایی بێنە بەرچاو

وەک کەسێ ،

جووت لە کێڵگەی هەناسەکانیدا بکا ..

خەیاڵی سیماکانی خۆت لەبەر ئاوێنەدا بکە ..

سیمایەک لۆچی دڵڕەقیی تێدا دەرکەوتووە

سیمای دیکە پروشەی باران دەیشواتەوە

ڕکابەری بەردەوامە ..

ژیانیش بێگومان بەردەوام دەبێ...

ڕۆژێکیش دێ

ویژدانە نووستوەکان بێدار دەبنەوە و

خۆیان بە بەردی چارەنووسدا دەدەن

کە جێی بەزەیی پێدا هاتنەوەیە ..

دیارە هەموو شتێک بۆی هەیە مینڕێژ بکرێ

لە ئۆتۆمبێلەوە تا مرۆڤ

تەنها خۆشەویستی نەبێ

ناکرێ مینڕێژ بکرێ

خۆشەویستی ئەگەر هەبێ ،

ڕەنگە گوڵێک یا فرمێسکێک بیکاتە ئامانجی خۆی

یاخود لەوانەیە خەندەیەک ..

بەڵام ناشێ

ببێتە نیشانەی گوللە

یا بە درۆیانەوە بخنکێ .

11102005

 

 

 Image result for art

بازدید: 963