ما 6535 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

راوەستام و گوێم لەو سواڵکەرەی ئەوروپای رۆژهەڵات گرت کە ئاهەنگی رووسیی 'رێی خەباتمان چەندە سەخت و دوور بێ' ی لێدەدا، لەبیرمە مچورک بە هەموو لەشمدا دەهات، بێ ئەوەی فلسێک بە سواڵکەرەکە بدەم جێم هێشت، لەبەر خۆمەوە هەتا دوورکەوتمەوە و گوێم لە ئاهەنگەکە بوو سروودەکەم وتەوە "بۆ دونیایەکی نوێ...

 

من خۆشحاڵم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە بازاڕ دێمەوە. گوێ نادەمێ، ئەگەرچی پاڵتۆکەم هێشتا بەسەر شانە بێ منەکانییەوە بەفر ماوە، دەیکەم بە بزماری دیوارەکەدا. شۆڕشۆڕ رادەوەستێ. بەو دنکە بەفرانەوە رقیان لە گەرمایە. پاڵتۆکە گلەیی نیە. خۆشحاڵم. پێڵاوەکانم دادەکەنم. ئەوانیش بە بەفری لکاوەوە دەورەدراون. نایانتەکێنم. لەوێ بە راکشاوی جێیان دێڵم. ئەگەرچی هەست دەکەم حەزیان بە ئۆقرە و بە راوەستان نیە. لای خۆیان، ئەوان دروست کراون بۆ جوڵە. بۆیە من بە نیوەشەوانیش کاتێک دەبێ چەند جار لەخەو هەستم و سوڕێک بەناو ماڵەکەدا لەخۆوە بخۆم، لە تاریکی و نیوەتاریکیی فەزای داڵانەکەدا گوێم لێیانە هێشتا نەخەوتوون. بە دەنگی پێ دەدوێن. دەنگە کپەکان. لادەکەمەوە و لێیان دەڕوانم. پێڵاوەکان چاوەڕوانن. ئەوان هەمیشە چاوەڕوانی منن. بەڵام من وەک پاڵتۆکە گوێیان نادەمێ. جێیان دێڵم. رەنگە ئەمڕۆ کەمێک زووتر و کەمێک بەپەلەتریش لە جاران.

خێراتر دەڕۆم، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ خۆشحاڵم. ئەگەرچی نازانم بۆ،... بەڵام خۆشحاڵم. هەستی شادی، وەک ئاوی کانیاوێک لە جێگایەک لە دەروونمەوە هەڵدەقوڵێ. روون، بێگەرد و دەروون پاک. بە بایەکی نادیارەوە کە بەسەریدا رادەخوشێ. هەڵبەت خۆشحاڵییەکەم پێوەندی بە نەبوونی گلەیی لەلایەن پاڵتۆکەمەوە نیە، من پێش ئەوەیش ئەمڕۆ هەر خۆشحاڵ بووم.

هەر کە دەگەمە ژووری دانیشتنەکە، خۆم فڕێدەدەمە سەر قەرەوێڵەکەم. بزەم دێ. جەستەم ئەڵێی پەپولەیە. جەستەی پیرم مەبەستمە. لە پەنجەرەکە دەڕوانم. منداڵیم لەو دیو شووشەکانییەوە سەرەتاتکێم لەگەڵ دەکا. وەک ئاسکە کێوی هەڵدەخاتەوە و جارێ ون و جارێ پەیدا قاپی پەنجەرکە دەکا بە پەردەی فیلمێکی سیحراوی. بزەیەکی تر لێوم دەگەزێ. دووای ساڵانی ساڵ، ژیان چەند خۆشە! ئەوەندەی پێ ناچێ ئاسکەکە بە بێ ئەوەی شووشەکان بشکێنێ، دێتە ژوورەوە و خۆ بە جەستەم دا دەکا. جەستەی وەک هەور لە ئاسمانی پەیکەرمدا ون دەبێ. ئیتر دونیا دەبێ بە دارستانێکی ناو چەند کەژێکی گەردەنکەش بە رووبارێکی خوڕ و خۆش کە دەڵێی لە ئەزەلەوە دێت و بەرەو ئەبەد دەکشێ. "من نامرم،... من قەت نامرم!" وە نامرم. پیریم وەک ئاوێکی پیس و لیخن لە سەرپەنجەی قاچەکانمەوە دەڕژێتە دەر و لە شوێنێک لە دارستانەکە ون دەبێ. لێی گەڕێ با ون بێ! هەندێ شت لە ژیاندا هەن دەبێ ون بن! ئەسڵەن لەبنەڕەتدا بۆ ونبوون دروستکراون. وەک من کە ساڵانی ساڵ لەوە پێش ونبووم. لە خۆم و لە ئەوانی تر.

ئەمڕۆ هەموو شتێک جۆرێکی ترە. سەرهەڵدەبڕم و لە سەعاتەکە دەڕوانم. هیچ کاتێک بەقەدەر ئەمڕۆ کاتژمێرەکە روون و گەش و بە وزە، هەڵواسراو لە سەر دیوارەکە نەهاتووەتە بەرچاوم. نەک تەنیا چرکە ژمێر و خولەکژمێرەکە، بەڵکو سەعاتژمێرەکەیش دەبیستم. دەنگی سەعاتژمێرەکە لە دووانەکەی تر ناچێ. ئەو، چرکەی نایەت. ئەو، وەک گۆرانییەکی سیحراوی هەڵدەفڕێ و لە ژوورەکەدا سوڕێ دەخوا و ئەوسا بە هەموو دونیادا بڵاودەبێتەوە. دەبێتە هەزاران و میلیۆنان باڵندە. کە بڵاویش دەبێتەوە، هەر وردیلەیەکی جەستەی دەبێ بە نەغمەیەک. من ئەمڕۆ گوێم لە ئاوازی کاتە. من ئەمڕۆ لە ناو وردیلەکاندا هەموو شتێکی رابردوو دەبینمەوە، زیندوو زیندوو دێنەوە بەرچاوم. لەناو ژوورەکەدا هەموو ژیانم لە هاتوچۆدایە. خانووە کۆنەکە، کۆڵانەکانی جاران، مرۆڤەکانی نێوانیان، خۆشاردنەوەکانی سووچی حەوشێ، دایکم کە دووانیوەڕۆیان دەبێ بە خەمناکترین بوونەوەری جیهان، باوکم کە کاتێک تف رۆدەکا دەڵێی دەڕشێتەوە، دراوسێکانمان کە لەناو خانووە گوێسەبانە تەپیوەکانیاندا غەمگینانەخۆیان بە شازادە نەدەگۆڕییەوە، وە سەرئەنجام ئاسمانی شار کە هەمیشە بەرەو کەنارەکانی خۆی بانگی دەکردم. 

دەست دەکێشم. بە ناو وردیلەکاندا ئارام و بە ریتمێکی خاو دەیهێنم و دەیبەم. وێنەکان لێی دەئاڵێن. جاری وایە هەست دەکەم بە گاڵتەوەو لە خۆشیانا بە مڵۆزمییەکی شیرین پێستەکەی دەگەزن. هەست بە دیانەکانی دەکەم. ئازارێکی خۆش سەراپای جەستەم رادەمووسێ. لە یەکیاندا دایکم بە چاوەکانی ئەو کاتانەی کە هێشتا سێبەری خەیاڵە بێهوودەکان باڵی بەسەردا نەکێشابوون، سەیرم دەکا و دەڵێ "ئێوارەت باش کوڕی شیرینم!" ئێوارەم باش! لە پەنجەرەوە لە دەرەوە دەڕوانم و دەڵێم "دایە شەو درەنگانە،... رەنگە بە هۆی بەفر و رووناکاییەکەی پێت وایە هێشتا ئێوارەیە؟" بەڵام دایکم فریا ناکەوێ وەڵامم بداتەوە. رەنگە هەر فریای گوێ لێگرتنیشم نەکەوتبێ. وردیلەکەی دایکم بە هێمنی وەک خۆی سووڕدەخوا و دەڕوا. نەرم نەرم. دایکم هەمیشە وابوو. بوونەوەرێکی نەرم لەهەموو ئان و ساتێکدا. ئەوسا کۆڵانی پشت قوتابخانەکە دەردەکەوێ. ئەویش دەمگەزێ و دەڵێ "بەیانیت باش!... دەزانی هێشتا بۆنی چقڵە سووتاوەکانی حەوشەکەی قوتابخانەکە دەدەی!" لە وردیلەکەدا ئەو دیوارە ئاشنایە دەبینم کە کۆڵانەکەی لە حەوشەی قوتابخانەکە جیادەکردەوە. دیوارێکی بەردینی بە چیمەنتۆ سواخدراو. چقڵە سووتاوەکان! هەمیشە بەیانیان زوو پێش ئەوەی خەڵکی گەڕەک لەخەو هەستن، شەمچەیەکم دەدزی و لە دیوارەکە دەپەڕیمەوە و خۆم بە حەوشە بێدەنگ و بەرینەکەدا دەکرد و، چقڵەکانم ئاوردەدان. خەڵکی گەڕەک کە دووکەڵەکەیان دەبینی دەکەوتنە دوعا و نزاکردن. دووکەڵ بێ بەزەییانە بڵاو دەبووەوە. بە کۆڵان و بە سەربان و بە بەردەم دەرگا و پەنجەرەکاندا. "جەرگی ئەوەی بە زوغاڵ بێت بەم بەیانییە زووە دونیای لێ تاریک و نووتەککردین!" سەیرە! خۆ من قەت بە نیازی نووتەککردنی دونیا نەبوو چقڵەکانم ئاوردەدان. هۆکارەکەی رواڵەتی ناشیرین و زبریان بوو. من بە لای خۆمەوە تۆڵەی بوون بە دڕک و جێ هێشتنی سەردەمی گوڵیەتیم لێدەکردنەوە. من رقم لە بۆنی وشکیان بوو کاتێک لەبەر گەرما و تیشکی هەتاودا دەبرژان و بۆنی چەقڵبوونیان بە گەڕەکدا بڵاودەکردەوە. نا،... نا! دۆعاکانی دراوسێکان گرتی. من جەرگەم بووە بە زوغاڵ. لەمێژە بووە بە زوغاڵ. جەرگی پیری گائاسای نەخۆش و رەشی من، کە ئێستاکە ئەمڕۆ بووەتەوە بە جەرگی کاریلەیەک!

کە نۆرەی وردیلەکەی باوکم دێ، بایەکی نادیار ئەگەرچی هەموو پەنجەرە و دەرگاکانیش پێوەدراون، خۆ بە ژوورەوەدا دەکا و وردیلەکەی باوکم لەگەڵ خۆی دەبا، بێ ئەوەی من فریا کەوم روخساری ئەو ساڵانەی ببینمەوە. باوکم وەک هەمیشە لەلام رازێک دەمێنێتەوە. هەیکەلێک لە بیر و لە خەم و لە حەز. دەستم زیاتر رادەکێشم، بەو نیازەی بیگاتێ،... بیگاتەوە، بەڵام وردیلەکە نادەستەمۆیە، خۆ بە ناو ئەوانی تردا دەکا و لەیەک چرکەدا ون دەبێ. هەوڵدەدەم رووداوەکە وەک هەڵکەوتێک لێکبدەمەوە. هەمان پێشنیار و سەرنجی باوکم ساڵانی ساڵ لەوە پێش کاتێک جارێکیان بەسەروچاوی خوێناوی گەڕامەوە ماڵەوە، گوتی "لەبیرت بێ شەڕ هەڵکەوتە. وەک هەموو شتەکانی تری ژیان."

من بە هەڵکەوت لێرە لەم سەری دونیا هەوڵدەدەم وردیلەکان رازی بکەم کە بەهەڵکەوت هەموو رۆژێ کاتێک دەگەڕێمەوە ماڵەوە، لێرە بن و لەو شتەی قوتارم بکەن کە نازانم چییە. پێیان دەڵێم بێگومان ئەوانیش پێویستیان بەوەیە جارێکی تر لەم ژیانەدا ببینرێنەوە، رێک وەک هەموو شتەکانی تر. ئەگەرچی ئەوان تەنیا تل دەخۆن و تل دەخۆن و، وەک بێ ئەژمار گەڵای سەر ئاو، نەرم نەرم بە سەر نادیاردا دەخزێن و دەخزێن.

بەرەبەرە ژوورەکە تاریکتر دەبێ. لەسەر موبلەکە هەروا بێ جوڵە هەوڵدەدەم گەمەی قۆلم لەگەڵ وردیلەکان درێژە بدەم. بەڵام تاریکی وەک هەمیشە بێ روحمە. بەکاوەخۆ ئەوانیش لە خۆیاندا نوقم دەکا. من کە سەبری ئەیوبم هەیە و دەتوانم نەک ژیانی خۆم، بەڵکو ژیانی هەموو مرۆڤە چاوەڕوانەکانی تریش بژیم، لە ژێر لێومەوە بە ئەسپایی ماڵئاواییان لێدەکەم. تاریکی خەستتر دەبێتەوە. گوێم لە تک تکی تێپەڕینی کاتە لە حەوشەی رەش و سپیی کاتژمێرەکەوە. یەکەم جارە کە دووای ئەو هەموو ساڵانە لەم دەنگە ناترسم. تەنانەت دەست دەکەم بە ژماردنیان. هەست دەکەم دەنگەکە جاری وایە کپ و جاری وایە تیژترە، هەروەها جاری وایە هەناسەی سواردەبێ و جاری تر رەهایە وەک با. کە دونیا روون بووەوە بێگومان جوانتر لێی دەڕوانم. بزانم لە کوێدا دەگۆڕدرێ. کاتێک سەرەوژوور دەبێتەوە، یان کاتێک سەرەوخوار؟ رەنگە لەسەر دوانزە و شەشیش بێ لایەنترین دەنگی دونیا بێت. نە کپ و نە تیژ. نە هێواش و نە خێرا.

هەڵدەستمە سەرپێ. من کە هەمیشە حەزم بە گەشت و گوزار و پیاسەی ناو جادە و کۆڵانە تاریکەکان بووە، بەناو ژوورەکەدا دێم و دەچم. گەشتێک کە هەمیشە دەیخستمە بیرەوە و بە شوێن خۆیدا تا بێکۆتایی رایدەکێشام. گەشتێک کە نەمدەزانی تیایدا غەمگینم یان شاد. بەڵام ئەمشەو خۆشحاڵم،... زۆر خۆشحاڵم. بەڵام بەڕاستی بۆ؟

بیر لە بەفری سەر پاڵتۆ و پێڵاوەکانم دەکەمەوە، بیر لە ئاسکەکە و لە وردیلەکان، لە دووکەڵ. نا هۆکار ئەوان نین. دیسان بیرم دەکەوێتەوە من پێش ئەوەی بگەمە ماڵەوە خۆشحاڵ بووم. ئەوسا هەوڵدەدەم رووداوەکانی ئەمڕۆی ژیانم بێنمەوە بەرچاوم. ئەوەی کە کردبووم. چیم کردبوو؟ ئەها! چوومە سەر کار، بە نەخۆشەکان راگەیشتم، لەگەڵ هاوکارەکانم دووام، لە سەر باڵکۆنی شوێنی کارەکەم چەند جارێک رووەوە دیمەنی سەنتەری شار چەند جگەرەیەکم بە با کرد، نانی نیوەڕۆم کرد، لە کاتی پاوسە و حەسانەوەی نیوسەعاتیم دا بە موبایلەکەم چەند هەواڵێکم خوێندەوە، لە پاش خوێندنەوەی هەواڵەکان رق و تووڕەییەکی سەیردایگرتم، لەبیرمە چەند جوێنێکیشم لەبەر خۆمەوە دا، هاوکارەکانم کە لە زمانم نەدەگەیشتن بە سەرسوڕمانەوە لێیان رووانیم، سەعات سێ و نیو جل و بەرگم گۆری و بەرەو وێستگەی پاسەکان بەڕێکەوتم، لەناو پاسەکەدا تەنیا و تونیا لە دەرەوەم رووانی، سەگێک لێم وەڕی، لەبیرمە لام نەکردەوە، بەڵام دڵنیام لە من وەڕی، کە لە پاسەکە دابەزیم بۆ ماوەیەک راوەستام و گوێم لەو سواڵکەرەی ئەوروپای رۆژهەڵات گرت کە ئاهەنگی رووسیی 'رێی خەباتمان چەندە سەخت و دوور بێ' ی لێدەدا، لەبیرمە مچورک بە هەموو لەشمدا دەهات، بێ ئەوەی فلسێک بە سواڵکەرەکە بدەم جێم هێشت، لەبەر خۆمەوە هەتا دوورکەوتمەوە و گوێم لە ئاهەنگەکە بوو سروودەکەم وتەوە "بۆ دونیایەکی نوێ بۆ هەژاران، بۆ دانانی کۆمەڵگای یەکسان، رەگی زۆرداری لە ریشە دەردێنین، تۆڤی ئازادی گەلمان دەچێنین،..." ئەگەرچی دەزانم سواڵکەرەکە چەند جوێنێکی مزریشی لەبەر خۆیەوە پێداوم، هەر بەو شێوەیەی کە هاوکارەکانم لە من حاڵی نەبوون بێگومان من گەر گوێشم لێبوایە لە جوێنەکانی تێنەدەگەیشتم، خۆشحاڵم نە گوێم لێبوو و نە دەمتوانی لێی تێبگەم، لە وێستگەی پاسەکە هەتا ماڵەوە بە سەدان دنکە بەفرم ژمارد کە سەمائاسا لەبەر چاوەکانم دەنیشتنە سەر زەوی، لە دووکانێک لامدا کەمێک خرت و پرت و پاکەتێک جگەرەم کڕی. نا، نایەتەوە بیرم. ئەسڵەن لە هیچ کوێیەکی ئەم رووداوانەدا شتێکی نائاسایی لە من دا رووی نەدابوو. ئەمڕۆیش وەک هەموو رۆژەکانی تر بوو.

بەلام راوەستە!... راوەستە! ئیستا دێتەوە بیرم. من بەدەم ژماردنی دنکە بەفرەکانەوە سروودەکەم گوتبووەوە. سەرێک بادەدەم. دەی کە چی؟ بەدەست بیرەکە لە خۆم دوور دەخەمەوە. لەناو ژوورەکە کتوپڕ رادەوەستم و، بڕیار دەدەم بچم گڵۆپەکە هەڵکەم. ئیتر بیرکردنەوە بەسە. بەڵام تێدەگەم نازانم لە کوێی هۆدەکەدام. نازانم داخۆ پریزەکە بەلای چەپدایە، راست، یان پاش و پێش. سەرم گێژدەخوا. دەست بە ناوچاوانمەوە دەگرم. باوکم هەمیشە دەیگوت دەست باشترین هاوڕێیە، تەنیا بیجوڵێنە شتێکی لێ پەیدا دەبێ. بۆخۆی رێگا نیشان دەدا.

باوکم راستی دەکرد. ئیستا دەزانم کە پێویست ناکا من لە هۆکاری هەموو شتێ تێبگەم. ئەسڵەن ناکرێ هەموو شتێکی ئەم ژیانە خاوەن هۆکار بێت. خۆشحاڵی لە دووای ساڵانی ساڵ هاتووە و تەواو، ئیتر یاخوا بەخێر بێت!... بابێت! رەنگە تەنانەت ئەم هەموو بیرکردنەوە و پرسیارانەی من بیشیتارێنێ. ترسێکی تەواو، سەرتاپام دەگرێتە خۆی. بە بێ ئەوەی بزانم بەرەو کوێ دەچم، شێتانە دەست وەپێش خۆم دەدەم،... بە دیوارەکانیدا دەکێشم. دەزانم سەرئەنجام پریزەکە دەبینمەوە. لە شوێنێک لەناو قەدی ئەم دیوارە نەگبەتانەدایە. لە شوێنێک.

کە هەڵیدەکەم و ژوورەکە رووناک دەبێتەوە، دەبینم بە خۆشییەوە وردیلەکان هەر لەوێن، وەک گەردیلەی گوڵ پرش و بڵاو لە ژوورەکەدا دێن و دەچن. گوێم لێیە کاتژمێرەکە، خۆی و دەنگەکەی بە دیوارەکەوە خۆشخوان دەخوێنن. ئەو دیوی پەنجەرەکان ئەگەرچی دونیا بەفرە، تەواو تاریک هەڵدەگەڕێ. شەو بە هەموو بوونییەوە لەوێ خۆی مڵاس داوە. شەو لە بەفر بەهێزترە.

بەڵام گرینگ ئەوەیە من خۆشحاڵم. لە پاش ساڵانی ساڵ، کە لەبیرم نایە چەندەن، خۆشحاڵم. تەنانەت لە یەکێک لە وردیلەکاندا خۆم دەبینمەوە کە تێیدا ساڵێکیان بە هاوڕێیەکم گوت "دەڕۆین، ئەم رێگایە دەڕۆین، ئەگەرچی هەموویشی هەر رێگا بێت!" ئەو ساڵەی وا زۆر گەنج بووم و پێم وابوو پیری رۆژێکە لەو سەری دونیا. ئەوەندە دوورەدەست کە ئیتر باوکم نەیدەتوانی بڵێ ئەویش وەک هەموو شتەکانی تر هەڵکەوتە.

 

من خۆشحاڵم،... خۆشحاڵترین بوونەوەری جیهان! ئەگەرچی لەم سەری دونیایشم،... ئەگەرچی بە هەڵکەوت خۆشحاڵیشم دۆزیبێتەوە!... ئەگەرچی.

Bilderesultat for drøm kunst

گەڕان بۆ بابەت