ما 4079 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

ئەم سێ هاوڕێ شەریف و لاسارە قەڵسیی خۆیان بە من دەڕێژن. رۆژ نیە لە قوتابخانە یان لە کۆڵانەکە پێشم پێ نەگرن. هەروەها زۆر شتی دیکە کە دوایی بۆت دەگێڕمەوە. دەبێ بڕۆم زۆر درەنگە. لەهەمان کاتدا کە دوور دەکەوێتەوە لە پاڵەوان دەپرسی، ئەی تۆ ناوت چیە؟ 

 

پاڵەوان تەختە (٢)

قادر نیکپوور

هەژار هیچ سەری لەو سەودایە دەرناچێ. نازانێ باوکی بۆچی دەرگا دادەخات و، مەبەستی لەو کارە چیە؟ بە تایبەتی کە گیانی کوڕەکەی لە مەترسی دایە. خەڵک بە دەنگی کابرای قەساب کۆدەبنەوە. هەوار لە ژوورەکەی خۆی گوێی لە دەنگە دەنگ دەبێت. لە پەنجەرە سەیری دەرەوە دەکات، دەبینێ خەڵک کۆبوونەوە. یەکسەر دێتە خوارەوە لای هەژار. هەژار کە چاوی بە هەوار دەکەوێت، بە جۆرێک شەرم دەیگرێ، بەڵام پشووی دێتەوە بەرخۆ. هەوار کچێکی ئازا و بەغیرەتە. لە بنەماڵەیەکی بی دەنگ و ئارام، پڕ لە خۆشەویستی پەروەردە کراوە. ورەی بەرزە، لە سەر مافی خۆی وەدەنگ دێت. هەروەها ئەو سەرپەنایەکی گەورەیە بۆ هەژار. "کاتێک دایک و باوک کەسایەتی مناڵ دەپارێزن، مناڵ ورەی بەرز دەبیت، لەسەر مافی خۆی وەدەنگ دێت."

هەوار دەستی هەژار دەگرێ، بێ ئەوەی سرنج بداتە خەڵک دەپرسێ: "ئەوە چ باسە، چ روویداو"ە؟ هەژار دیهەوێت قسە بکات، بەڵام زمانی قفڵ دەبێت. ئەو لەو کاتەدا ناتوانێت قسە بکات. هەوار زۆر زوو تێدەگا کە ئەم هات و هاوارە پێوەندی بەو هەیە. ئیتر پرسیار ناکات، دەستی بەرنادات لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ پشت ماڵان. لە پشت ماڵان باخێکی خۆش و سەرسەوز هەیە کە شوێنی حەسانە و پشوودانە. ئەوان زۆربەی کاتەکان لەو باخە پێکەوە یاری دەکەن. هەژار بەوردی بەسەرهاتەکە بۆ هەوار باس دەکات. دوای ئەو بەسەرهاتە بڕیار دەدا کە هیچ شتێک لای باوکی باس نەکات.

شتێک مێشکی هەژاری بە خۆی هاڵۆز کردووە. نازانێ بۆچی باوکی دەرگا و پەنجەرەی لەسەر خۆی داخستووە. ئەو کە خۆی بە پاڵەوان دەزانێ، لە چی دەترسێ؟ هەژار خۆشی لەوە دەترسێ کە نازانێ باوکی چی بەسەر دێنێ. پێی خۆشە بێتەوە ماڵ تا بزانێ چ باسە. دوایی ئەوەی کە دێتەوە ماڵ خەڵک بڵاوەیان کردووە. لە بەر دەرگا دەبینێ دایکی لەگەڵ دایکی هەوار قسە دەکەن. هیچیان نازانن چ باسە. هەژار یەکسەر دەچێتە لای دایکی. دایکی کوڕەکەی توند لە باوەش دەگرێ. دەبینێ کوڕەکەی رەنگی زەرد هەڵگەڕاوە. هەستی دایکانە پێی دەڵێ کە شتێکی ناخۆش بۆ ئەو روویداوە، بەڵام هیچ قسەناکات. دەزانێ ئەو گێچەڵە لەبن سەری پیاوەکەی دایە. ئەگینا هەژار کوڕێکی فەقیرە.

پوور خاتون لەبەر ئابڕو و حەیای خۆی دەدان بەسەر جەرگی دا دەگرێ، هیچ قسەناکات. دەرگا دەکاتەوە، بێ ئەوەی خۆی هاڵۆز بکات، دەچێتە ژوورەوە. خاڵە حەمە کە جاران نۆبە قسەی کەسی نەدەدا، واتە ژنەکەی، ئەمجارەیان مات و بێدەنگە. پوور خاتون لای سەیرە بۆچی وا مات و بێدەنگە، بۆچی قسە ناکات؟ ئەویش جۆرێک خۆی لە بێ خەبەری ئەدا کە ئاگای لە هیچ نیە. ئەو ژنێکە زۆر بە دوایی قسە و باسدا ناگەڕێ. حەز دەکات بە شێنەیی و، لە روویی حەقیقەت شتەکان روون کاتەوە. خۆی بە کار وباری ماڵ سەر قال دەکات تاکو ئیوارە دادێت.

هەژار کە دەبینی باوکی هیچ قسە ناکات بەشێکی زۆر لە ترسەکەی کەم دەبێتەوە. لە پشت ماڵەکەیان باخێک هەیە. کەمێک ئەولاتر چۆمێکی خۆش و دڵگیر کە جێگای پشوودان و حەسانەوەیە. زۆرجار خەڵک لەوێ ماسی دەگرن. خەڵک خەم و پەژارەکان لەوێ دەردەکەن. هەژاریش کە خەمبار دەبێ دڵتەنگی خۆی لەوەێ دەردەکات. جیاوازی هەژار لەوە دایە کە ئەو لەگەڵ ماسییەکان قسە دەکات. بە جۆرێک خەمەکانی خۆی لەگەڵ ماسییەکان دابەش دەکات. کاتێک دێ بۆ لای ماسییەکان، وردکە نانیان بۆ دێنی. ماسییەکان لە خۆشیان دەکەونە سەما و قسە کردن. ماسییەکان هەژار بە دۆستی نزیکی خۆیان دەزانن، چونکە هەژار ئازاریان نادات. بەڵام ماسییەکانی گەڕەکی خوارەوە لە مرۆڤ ئەترسن. لە گەڕەکی خوارێ خەڵک ماسییەکان فریو ئەدەن، دەیانگرن، سووریان دەکەنەوە، پاشان دەیانخۆن. بۆیە ئەوان متمانەیان بە مرۆڤ نەماوە. دەڵێن، "مرۆڤەکان دوژمنی گەورەی هەموو بوونەوەرەکانن."

چۆن ماسییەکان جێگای دڵخۆشین بۆ هەژار، هەژاریش بەمان شێوە جێگای دڵخۆشییە بۆ ماسییەکان. هەژار لەگەڵ ماسییەکان قسە دەکات. کاتێک خەمەکانی لەگەڵ ماسییەکان دابەش دەکات، دڵی خۆش دەبێت، گورانی دەڵێت. ماسییەکان بە هەوای گۆرانی دەکەونە سەما. ئەم کارە چەندین جار دووپات دەبێتەوە. بە هۆی هالۆزی ئەو رۆژە، هەژار لە بیری دەچیت بگەڕێتەوە ماڵ. پاڵەوان هەمان دۆستی مناڵی باوکی کە ماڵەکەی لەو دیوی باخەکەیە بە پیاسە لەوێ تێدەپەڕێ. دەبینێ کورێکی هەشت ساڵانە بەو ئێوارە درەنگە لە قەراغ چۆمەکە قسە دەکات. یانی بەسەرهاتی ئەو رۆژە بۆ ماسییەکان باس دەکات. ئەویش گوێی لە قسەکان دەبێت. بۆی دەردەکەویت کە ئەو کوڕە، کوڕی هەمان خاڵە حەمەی(پاڵەوان تەختە) فشەەکەر و، دۆستی مناڵی خۆیەتی.

قسەکانی هەژار سرنجی پاڵەوان بە خۆ رادەکێشن. کاتێک دەبینێ باوکی هەژار ئێستاش هەر فشەکەرە، دڵی نەرم دەبێت، حەز دەکات یارمەتی هەژار بدات، بەڵام نازانێ چۆن. هەژار کە دەبێنێ پیاوێکی گەورە سەیری دەکات، هەوڵئەدا لەدەستی راکا. پاڵەوان دەپرسێ: "ناوت چیە کوڕی باش؟" هەژار هیچ دەنگ ناکات. مناڵێکی بەو تەمەنە، بە وئێوارە درەنگە، ئاساییە لە پیاوێکی بێگانە بترسێ.

پاڵەوان دەڵێ: "من و باوکت بە مناڵی پێکەوە...، نا نا لە بیرم چوو نازانم باسی چم کرد." هەژار کە ناوی باوکی دەبیسێ، بە وردی سەیرێکی دەکات و دەڵێ: "تۆ لەگەڵ باوکم چی؟" پاڵەوان خۆی لە گێلی ئەدات و دەڵێ: "تۆ کوڕی کێی و ناوت چیە؟"

هەژار دەڵێ: "ناوم هەژارە، ناوی باوکم پاڵەوانە." هەژار بە شانازی ناوی باوکی دێنێ، بەڵام دەروونی شتێکی دیکە دەڵێ. پاڵەوان دەڵێ: "بەڕاستی هەژار ناوێکی خۆشە. باوکیشت ناوەکەی خۆشە. بەڵام بۆچی ناوی پاڵەوانە؟"

هەژار دەڵی: "من هیچم نازنم، ئەو خۆی دەڵێ پاڵەوانە. دەڵێ بە مناڵی هەموو مناڵانی گەڕەک و قوتابخانە لەو ترساون." پاڵەوان لە هەژار دەپرسێ: "تۆ دەزانی پاڵەوان یانی چی؟" هەژار دەڵێ: "پاڵەوان کەسێکە کە خەڵک لەو بترسن. باوکم خۆی دەڵێ بە مناڵی خەڵک لەو ترساون بۆیە ناوی پاڵەوانی لە خۆی ناوە." پاڵەوان دەڵی: "پێت خۆشە تۆش ببی بە پاڵەوان و، کەس لە تۆ نەترسێ؟"

هەژار بیر دەکاتەوە و دەڵێ: "چۆن دەبی کەسێک پاڵەوان بێت، بەڵام کەس لەو نەترسێ؟" پاڵەوان لە وڵامدا دەڵێ: " پاڵەوان کەسێکە کە ئازا و بەغیرەت بێ، یارمەتی خەڵک بدات، نەک خەڵک لەو بترسێن. "کەسێک پاڵەوان بێت لای خەڵک خۆشەویستە، کەسێک خەڵک بترسێنێ پاڵەوان نیە". هەژار بە پاڵەوان دەڵێ: "تۆ لە کێ دەترسی؟"

پاڵەوان دەڵی: "من لەکەس ناترسم، حەزیش ناکەم کەس بترسێنم. کەواتە، پێت خوشە ببی بە پاڵەوان؟ نە کەس بترسێنی، نە لە کەس بترسێی؟" هەژار دەڵی: "چۆن دەبێ؟ ئەدی گیپە و خللۆ و شەکرە چی؟ ئەوان هەموو رۆژێ لە رێی قوتابخانە پێشم پێ دەگرن و، ئازارم ئەدەن؟ پێم خۆشە گەر ببمە پاڵەوان تۆڵەیان لێ بکەمەوە. گەر ئەوان لەمن بترسێن، ناتوانن سەر رێم لێ بگرن".

پاڵەوان دەڵێ: "من 'تکنیکت' فێر دەکەم کەس نەتوانێ پێشت پێ بگرێ. واتە ئەو کوڕانەی ناوت بردن. بەڵام بە مەرجێک، کە تۆش بۆم باس بکەی ئەو کوڕانە کێین."

هەژار دەگێڕێتەوە: "لە رێگای قوتابخانە کۆڵانێک هەیە سێ مناڵی لاسار و سەرەڕۆ دەژین". یەکەم، گیپەیە، کوڕی قەسابەکە. ئەوەندەی گیپە خواردووە وەک گیپە هەڵمساوە، کە بانکی دکەن گیپە شێت و ماخولیا دەبێ. بەر چاوی تاریک دەبێ، وەک گا دەهۆڕێنێ.

دووهەم، خللە، کوڕی قاوەچییەکە. رۆژانە دوایی قوتابخانە چایی بە دووکاناندا دەگێڕێ. پارەکان وەردەگرێ، گیرفانی پڕ دەکات لە پارە، بە خللە خل دەگەڕێتەوە. مناڵان گاڵتەی پێدەکەن، بانگی دەکەن خللە. کە ناوی خللە دێنن شێت و هاو دەبێت هەرچی پارەیە کۆی کردۆتەوە دەیهاوێتە خەڵک. هەرچی پەیدای کردوو بە فیڕۆ دەڕوات.

سێهەم، شەکرە، کوڕی شیرنی فرۆشەکەیە. رۆژانە لە شیرنی فرۆشی باوکی کارێ دەکات. ئەوەندە ناشیرن و ناتەرزە خەڵک بە گاڵتە پیی دەڵێن شەکرە. منداڵان لەبەر دەرگای شیرنی فرۆشی کۆدەبنەوە، بە گاڵتە شەکرە بانگی دەکەن. شیرنی دەدات بە مناڵان چون پێی دەڵێن شەکرە. باوکی توڕە دەبێت، منداڵەکان هەڵدێن.

ئەم سێ هاوڕێ شەریف و لاسارە قەڵسیی خۆیان بە من دەڕێژن. رۆژ نیە لە قوتابخانە یان لە کۆڵانەکە پێشم پێ نەگرن. هەروەها زۆر شتی دیکە کە دوایی بۆت دەگێڕمەوە. دەبێ بڕۆم زۆر درەنگە. لەهەمان کاتدا کە دوور دەکەوێتەوە لە پاڵەوان دەپرسی، ئەی تۆ ناوت چیە؟ پاڵەوان دوایی ئەو بەسەرهاتە حەز ناکات ناوی خۆی ئاشکرا بکات. دەڵێ، بە مەرجێک پیت دەڵێم کەس نابێ بزانێ. "ناوم کاوەیە." گەر پێت خۆشە ببی بە پاڵەوان، سپەی ئێوارێ وەرە ئەم شوێنە، فێرت دەکەم. بەڵام بە مەرجێک، بەڵێنیم پێ بدەی کەس بەم رازە نەزانێت، ئەگینا فێرت ناکەم. هەژار دەڵێ قەول، قەولی پیاوان بە کەس ناڵێم. بە گۆرانی و سەما کردن دەگەڕێتەوە ماڵەوە.

دریژەی هەیە  

       

 

       Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت