ما 3051 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

 

قەساب دەلێ: بە چاوان خوشکە خاتون. ئەگەر لەبەر حورمەتی تۆ نەبێت کێ قەرز بەو دەدا. دووکانی خۆتە، تۆ رێزی تایبەتیت لای هەموومان هەیە. پوور خاتون بی ئەوەی لەخۆ بایی بێت دیسان سوپاسی دەکات. زۆر بە هێمنی لە دووکان دەچتە دەر.

 

پاڵەوان تەختە (٣)

قادر نیکپوور

پوور خاتون بە هۆی سەر قاڵی کار و باری ماڵەوە و هالۆزی مێشک تەواو لە بیری دەچێ هەژار لە کوێیە. لە پەنجەرە سەیری دەرەوە دەکات. دەبینێ دنیا بەرەو تاریکی دەچێ و، چرای ماڵان داگیرساون. چاوێک بە وڵاتدا دەگێڕێ دەبینێ هەژار لە ژوورەوە نیە. بانگی دەکات، دیسان هیچ دەنگ نیە. بەڵێ، سەردانی ژوورەکەی دەکات. هەژار لەوێ نیە. دڵی دەکەوێتە خورپە و لێدان. گەرچی لە باوکی هەژار زیز و توڕەیە، بەڵام ناچار لەبەر هەژار دەکەوێتە قسەو دەڵێ: کوانێ هەژار؟ لە کوێیە؟

نەهاتنەوەی هەژار دەبێتە هۆی قسەکردنی پوور خاتون و خاڵە حەمە. خاڵە حەمە وڵامی پرسیارەکە ناداتەوە. بەجۆرێک قسە دەکا کە ئاگای لە هیچ نیە. پوور خاتون بۆی گرینگ نیە ئەو چ دەڵێ. دەبینێ هەژار لە ژوورەوە نیە، دەڕواتە دەرەوە. کەمێک سەیری ئەولا و ئەولا دەکات، هەژار نابینێ. یەک دوو جار بانگی دەکات بەڵام دیسان هیچ باس نیە. زۆرتر دەکەوێتە دڵەڕاوکە. ناچار دەبێ دەچێتە ماڵی هەوار. دەبینێ هەواڕ لە ماڵە، بەڵام هەژار لەوێ نیە. ئەو جار تەواو بێ قەرار دەبێ.

هەوار کە نزیکترین هاوڕێی هەژارە نازانێ هەژار لە کوێیە، ئەویش دەکەوێتە پەلە قاژە. شکی بۆ شوێنێک دەچی و دەڵێ، دەزانم لە کوێیە! لە باخەکەی پشت ماڵان زۆر جار پێکەوە یاری دەکەین. پوور خاتون بە هۆی هیلاکی ئیشی رۆژانە لە ماڵان و سەرقاڵی کاری نێو ماڵ نازانێ کوڕەکەی رۆژانە خەریکی چیە. ئەو بە هومێدی باوکی هەژار تەنیا بە جێ دێڵێت. "بەلام کەس نا رەجەب" .

پوور خاتون و هەوار دەڕۆن بۆ لای باخەکە. گوێیان لە دەنگی گۆرانی و نارەنار دەبێت. دەبینن هەژار بە گۆرانی و چەقڵە سەما بەرەو ماڵ دەگەڕێتەوە. سەریان لێ دەشێوێ، نازانن چ باسە. دڵەڕاوکەی پوورخاتون دەبێت بە شادی و پێکەنین. نازانێ بەڕاستی چ روویداوە. هەوار لە دوورەوە هاواری هەژار دەکات. هەژار، هەژار! لە خۆشیان هەژار لە باوەش دەگرێت. بەم ئێوارە درەنگە لە کوێ بوویی؟ هەژار زۆر شادە کە هەوار بەم جۆرە بە هانایەوە هاتووە، بەڵام لە دەرووندا بە پەرۆشە کە کەس بەو رازە نەزانێت.

دایکی باوەشی دەکاتەوە. تاوێکی زۆر هەژار لە باوەش دەگرێ. بە تەپە تەپ و لێدانی دڵی هەست دەکا شتێکی تازە بۆ ئەو روویداوە. شتێکی خۆش، شتێک کە شادی و هومێدی بەو بەخشیوە. لە راستیدا وایە. قسەکانی پاڵەوان دلخۆشکەرن بۆ هەژار. هەژار دەمێکە لە دەست ئەو کوڕە لاسار و لاتانە وە زاڵە هاتووە. کاتی ئەوە هاتووە دڵی خۆی رزگار بکات. ئەوان هەمیشە چ لە رێگای ماڵەوە، چ لە قووتابخانە پێشیان بەو گرتووە کە ئەم کارە بۆتە هۆی شەرمەزاری و شەرمێونی ئەو لای خەڵک.

هومێد دان بە هەژار لە بار و دۆخێکی ئاوا دەتوانێ ئەو لەم کێشە دەروونیانە رزگار بکات. بۆیە قسەکانی پاڵەوان وەک دەروونناسێک کاریگەری دەکەنە سەر هەژار. رۆژ بە رۆژ ورەی بەرزتر دەبێت. ترسەکانی ئەو لە  گیپە و خللە و شەکرە کەمتر دەبێتەوە هیچ، دەبێتە نموونەیەک بۆ منداڵانی دیکەی شار و گەڕەک. هەژار هەرچەند کەیفی خۆشە، بەڵام نابێتە هۆی ئەوە هەموو شتێک باس بکات. بۆ نموونە لەکن هەوار کە نزیکترین کەسی ئەوە.

 

پوور خاتون و هەژار و هەوار پێکەوە دەچنە ژوورەوە. هەوار بە زیرەکانە بە بیانوویی یاری کردن لە گەڵ هەژار لە  ژوورەکەی هەوڵ ئەدات قسەی لەگەڵ بکات و بزانێ بۆ درەنگ هاتۆتەوە؟ هەژار منداڵێکی کز و لاوازە، زۆر کەس لایان وایە ئەو ترسنۆکە. ئەوەی لای هەوار زۆر سەیرە ئەوەیە کە چۆن هەژار بەم ئێوارە درەنگە تەنیا لە باخ هاتۆتەوە؟ هەژاریش زۆر زیرەکانە نیشان ئەدات کە لە بیری چووە درەنگ بێتەوە. پوور خاتون دوایی خواردن دانان بانگیان دەکات کە نان بخۆن. هەموو لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە. بێ قڕە و بڕە، زۆر بەخۆشی نان دەخۆن. هەوار دەبینێ شەو درەنگە دەڕواتەوە.

دوایی رۆژێکی پڕ لە هیلاکی بۆ هەموو لایەک، پڕ لە ئێش و ئازار و دڵەڕاوكە بە تایبەتی بۆ هەژار، هەموو شتێک بە خۆشی، بە هیوا و هومێد تەواو دەبێت. شتێکی تازە لە دەروونی هەژار روویداوە. ئەو حەز دەکا تەنیا بێت. تەنیا بێت تاکو بیر بکاتەوە. حەز دەکا یەکەم خەوی ئەو شەوی سەبارەت بە پاڵەوان و پلانەکانی رۆژی داویی بێت. دەچێتە ژوورەکەی. لە پەنجەرەی ژوورەکەی دەڕوانێتە ژوورە خەوەکەی هەوار. دەبێنێ هەواریش دەڕوانێتە ئەو. بە دەست لە دوورەوە شەوخۆشی بە یەکتر دەڵێن. هەوار لە دوورەوە شادی و بزەی سەر لێوی هەژار دەبینێ. هەرچی بیر دەکاتەوە نازانێ چ روویداوە.

ژوورە خەوەکەی هەژار زۆر سادە و ساکارە. تەختە خەوێكی هەیە کە لە لایەن باپیری بۆ رۆژی جێژنی لە دایک بوونی وەری گرتووە. کاتێک مناڵ بوو زۆر جار لەگەڵ باپیری یارییان دەکرد، بەڵام ئێستا باپیرە لە سەر جێ کەوتووە، ناتوانێ یارای لەگەڵ بکات. باپیرە ماڵی خۆی هەیە، تانیا لە وێ دەژی. بێچارە پوور خاتون، کار و باری باوکی لە سەر شانی ئەوە. وێنەیەک بە دیوار هەڵوێسراوە، کچێک و کوڕێک. کچەکە شاد دیارە، بەڵام کوڕەکە خەمبار. هەژار تا فامی نەکردبۆوە وەیدەزانی کچەکە هەوارە، کۆڕەکەش خۆیەتی. کاتێک فامی کردەوە بۆچوونەکەی گۆڕا.

هەژار پیش ئەوەێ بخەوێ قەڵەمێکی هێنا، دەم و چاوی کوڕەکەی رەش کردەوە. ئەو کارە نیشانیدا کە هەژار دڵی خۆشە، ئاڵ و گۆڕی بەسەر داهاتووە. بەڵێ، هەروابوو. ئەوە بروسکەیەک بوو تاکو دایک وباوکی ئاگادار بکاتەوە، تاکو شادی خۆی بەم شێوەیە دەربڕێ. هەژار بە خەیاڵی خەونی خۆش و پالەوان خەو دەیباتەوە.

پوور خاتون هەموو شەوێ پێش خەوتن دەچێتە ژوورە خەوەکەی هەژار. کاتێک دەبینێ هەژار لەو پەڕی خەو سووکی   و ئاسوودەیی خەوی لی کەوتووە، هەموو هیلاکی و ماندوویی رۆژانەی لەشی تەواو دەبێ. بە خۆی دەڵێ: "کاتێک دەبینم مناڵەکەم بەم جۆرە بە بێدەنگی خەوی لێ کەوتووە بیر لە هیچ ناکەمەوە". پوور خاتون وەک هەموو ئەو دایکانەی کە خەم خۆری منداڵن، ئەویش خەمی گەورەی هەژاری لەبەرە.

بەڵێ هەر وەک باسمان کرد، پوور خاتوون ژنێکە زۆر بە دوایی قسە و باسدا نیە، ئەوەش یەکێک لە تایبەت مەندییەکانی ئەوە. بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن هات و هاواری دوێنێ روون کاتەوە. دوایی بیر کردنەوەیەکی زۆر،  ئەو شەو بە دڵنیایی و دڵێکی پڕ لە ئەرخەیانی خەو دەیباتەوە. بۆ دایک، هیچ شتێک لەوە خۆشتر نیە کە منداڵەکەی بە ئاسوودەیی خەو بیباتەوە. خاڵە حەمە لەو کاتەدا لە ماڵ نیە. ئەو وەک هەمیشە لەو کاتانەدا سەرقاڵی کۆڕی بەزم و میوانی خۆیەتی.

پوور خاتون سپەی بەیانی دەچێتە لای قەساب. حەز دەکا بزانێ هۆی هات و هاوارەی دوێنێ چی بووە ؟ هەر وەک جاران، بێ ئەوەی خۆی بدۆڕێنی دچێتە نێو دووکان. گیپە و باوکی لە دووکان دەبن. گیپە چاوێک لە باوکی دەکات، دەیهەوێ قسە بکات، بەڵام باوکی مەجالی پێ نادات. پێی دەڵێ: بڕۆ دوو چایی بێنە. دەزانێ ئەگەر گیپە بچێتە لای خللە زوو ناگەڕێتەوە، ئەویش قسەکانی خۆی لەگەڵ پوور خاتون دەکا. بۆ گیپەش خۆشە دەچێتە لای خللە، ئەو فشە کەرە.

کابرای قەساب دوایی چاک و خۆشی لەگەڵ پوور خاتون دەڵێ، فەرموو. دەزانێ پوور خاتون ئیشی هەیە، ئەگینا لەو کاتەدا لەوێ چ دەکا؟ پوور خاتون سەبارەت بە رووداوەکەی دوێنێ پرسیار دەکات. کابرای قەساب پێش گێڕانەوەی رووداوەکە دەڵێ: دوێنێ هەژاری کوڕت لێرە بوو، گۆشت و شتی دەویست. زۆر سەیر هاتە بەرچاوم، جۆرێک قسەی کرد، لە خۆم شەرمم کرد. وەک ئەو کاتی منداڵی خاڵە حەمە. باوکی فێری کردبوو کە ئەم قسانە بکات. وا دیارە هەڵس و کەوتی باوکی کاری لێ کردووە. مەبەستم قسە گێڕانەوە و دوو زمانی نیە. هەژار بەڕاستی منداڵێکی بە ئەدەب و لەبەر دڵانە، بەڵام دوێنی سەیر هاتە بەر چاوم.

پوور خاتون لە وڵامی قسەکاندا دەیهەوێ شتێک بڵێ، بەڵام  کابرای قەساب دەبینێ پوور خاتون ئەو قسانەی پی خۆش نیە دەڵێ: خۆت ناراحەت مەکە! هەژار منداڵە، ئەو پێویستی بە ئامۆژگاری هەیە. چاک دەبێ. پوور خاتون کە پیاوەکەی خۆی لە هەموو کەس باشتر دەناسی، دەزانی ئاکارەکانی ئەو لە سەر هەژار رەنگی داوەتەوە، هیچ قسە ناکات. ئەو حەز ناکات لای پیاوێکی بێگانە بە خەراپ باسی باوکی هەژار بکات.

پوور خاتون لە وڵامی قسەکاندا دەڵێ: زۆر سوپاس کە ئەم شتانەت بۆ روون کردمەوە. قسەی لەگەڵ دەکەم، دەبێ بە گەورەیی خۆی بی بەخشی! دەبێ ئەو داوایی لێ بووردن لە تۆ بکات. هیوادارم کە جارێكی دیکە دووپات نەبێتەوە. پوور خاتون زیرەکانە دڵێ: وا بزانم هێندێک کەڵ و پەڵی ناو ماڵم پیویست بوو، لەگەڵ کیلۆیەک گۆشت. تا ئەو شتانە دەکڕم گۆشتەکەم بۆ دانێ، هەروەها بۆم بنووسە کە چەندەمان قەرز ماوە. شتێکی دیکە کە پێم خۆشە بزانی ئەگەر باوکی هەژار داوای قەرزی کرد مەیدەیە.

قەساب دەلێ: بە چاوان خوشکە خاتون. ئەگەر لەبەر حورمەتی تۆ نەبێت کێ قەرز بەو دەدا. دووکانی خۆتە، تۆ رێزی تایبەتیت لای هەموومان هەیە. پوور خاتون بی ئەوەی لەخۆ بایی بێت دیسان سوپاسی دەکات. زۆر بە هێمنی لە دووکان دەچتە دەر.

درێژەی هەیە...  

 Bilderesultat for quarrel

   

      

  

    

 

 

 

 

 

  

گەڕان بۆ بابەت