ما 18911 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

... ناکرێت لە پر و خێرا چاوەڕوان بکەین کە دەس لە هەمووی بەردەن و بێنەوە لای باوكێک کە هێشتا لە دونیای خۆیدایە و لە ژیانی خوو پێگرتوی مناڵەکان ناگات، ئەوانیش بە ئاسانی لە تۆ ناگەن. هەر وەک خۆت دەڵێیت تەنانەت لە زبانیشا لەیەک دورکەوتونەتەوە. ئەمە ماوەی دەوێت و دەخایەنێت. بەداخەوە  ئەمە ژیانە و ژیان وایە!

 

ژیان وایە!

رەسوڵ سەفەریانی

وەک هەمیشە پاش کۆتایی یەکەم ئەرکی پێسپێردراو، ئیمزای کەسی بەرپرسی وەرگرت و پەڕەیێك لە سێ لاپەڕەی فۆرمەکەی وەک هەموو ئەرکە ئەنجامدراوەکان دانا بۆ خاوەن کارەکە و خواحافیزی لە ئامادەبووانی کۆڕەکە کرد. ژوورەکەی بەجێهێشت و بەرەو لای ماشینەکەی وەڕێکەوت. لە درگای ئیدارەکە هاتەدەرەوە، یەکەم هەناسەی با ساردەکەی سوید کە لەودیو درگاکەوە حوکمی دەکرد و یەکەم بڕیاردەر بوو، مەجبوری کرد کە زنجیری کراوەی کاپشێنەکەی تا دوا دیانەکانی هەڵکێشێت. پاشان دەفتەرەکەی دەستی خستە ژێر باخەڵی و هەردوو دەستی خستە گیرفانی کاپشینەکەی و هەردوو قۆڵی چەسپاندن بە هەردوو لاپەراسویدا. بەم شێوە هەم دەفتەرە بیست لە پازدەکەی دەستی لە بن باخەڵیدا راگرت و هەمیش بەری بە هاتوچۆی با ساردەکە لەبەینی باخەڵەکانییەوە گرت. هەنگاوەکانی خیراتر کردەوە بۆ ئەوەی هەم زووتر بگاتە لای ماشینەکە، هەم رزگاری بێت لە ئەزیەتی سەرما و، هەمیش فریای ئەرکی دووهەمی بکەوێت کە سی و پێنج کیلومەتر لەو شوێنە دوور بوو. بە گوێری عادەت، پاش دانیشتن لە نیو ماشینەکەدا خیرا سویچی لێدا، ئەمجارە پەڕەی ئیمزاکراوی ئەرکە ئەنجامدراوەکەی خستە ناو پوشەی تایبەت بەو بەرگانە و سەیرێکی موبایلەکەی کرد بۆ ئەوەی هەم دەنگەکەی ئەکتیف بکاتەوە و، هەمیش ئاگای لە کات بیت.

ئەو بە پێی عادەت تا هەموو وردەکارییە پێویستەکانی ئەنجام نەدات، رێناکەوێت. جیا لەوە ئەو تەنیا کاتێک کە لە جادەی بێ موشکڵە و دوور لە گرفتی ترافیکیدا لێدەخوڕێت دەچێتەوە سەر ئارشیوی مێشکی و بابەتەکان تاوتۆی دەکات. خۆی دەڵێت هەم لەبەر ئەوەی تەرکیز و سەرنجم لە لێخوڕینەکەی دوور نەکەوێتەوە و هەمیش حەز ناکەم کاتێک دەچمە ناو دونیای فکرکردنەوە هیچ شتێک مەجبورم بکات پێش کۆتایی بیپچڕێنم و بەجێی بێلم. ئەمە یانی هەرچی پێویستی بە تێفکران و لێکۆڵینەوە بێت بۆ لێتێگەیشتن لە سوچێکی تایبەتی مێشکیدا دایدەنێت و لە کاتە گونجاوەکاندا دەچیتەوە سەریان، بۆیە هەمیشە بابەتی هەیە بۆ بیرلێکرنەوە. خۆی دەڵێ  قەت نەبووە مێشکم بێ ئیش و بەتاڵ بێت. دەڵێ دایمە وەک بڵێی خەریکی باس و جەدەلم و بەردەوام لە بیرکردنەوەدام. ئەو تەنانەت رۆژانە دەیان جار ئەو ئەرک و کارانەی وا دەبێت ئەنجامیان بدا دەیانهێنێتە سەر پەردەی مێشکی و بیر خۆی دێنێتەوە و پێیاندا دەچێتەوە.

وا پێدەچێ ئەمڕۆ رۆژێکی جیاوازبێت،  یان لانیکەم لە مێشکی ئەودا وا دەنوێنێت. دەڵێی جۆرێک لە پەلە خۆی خزانوەتە مێشکیەوە و دەیەوێت رەوتی هەمیشەیی ببەزێنێت و پێش کات بچێتە سەر بیرکردنەوەکانی.

دەموچاوە خەمبارەکەی دەهاتەوەبەرچاوی. هەسێڵی چاوکانی، سەرڕێژ بوونی فرمێسکە قەتیسەکانی کە رەنگی دەموچاوی گۆڕی، گوزارشتی لە دڵێکی بە کوڵ دەدا کە لە مێژە لە کوانوی ژیاندا گڕی نەگبەتی و چارەڕەشی دەیکوڵێنێت. گەرمی فرمێسک سپێنەی چاوەکانی سورهەڵگەراند، دەنگی هاتە لەرزین و هەوڵی دا خۆی راگرێت و تەسلیمی دڵتەنگی و گریان نەبێت، بەڵام بێهودە بوو لەگەڵ یەکەم وشە وەک چۆمی بەرپێگراوی پاش بارانی زۆر، وشە لەرزۆکەکانی دایەبەر و پچڕپچڕ و هەنسکاوی تەنیا یەک رستەی چەند جار بە بێ ئیرادە و بەدەم هەنیسکەوە دوبارە کردەوە. "م م مناڵەککانم هەموو ژژژیانی مممنن!"

یەکێک لە دوو کارمەندەکە کە ژنێکی تەمەن سی ساڵە، هاوکات کە دەس دەبات لەقوتوەکەی سەرمێزەکەی بەردەمیدا دەسماڵێکی کاقەزی دەربێنێت و بە دەستی چەپی لەبەردەمی ئەودا رایگرێت بۆ ئەوەی فرمێسکەکانی پی بسڕێت، بە نەرمیێکی پر لە هاوخەمی و سۆزەوە دوو جار دەڵێت "تێدەگەم، لە هەستەکانت دەگەم!" لەگەڵیشیا دەڕوانێتە سیمای کابرا و بە سەریش داکۆکی دەکات لە تێگەیشتنەکەی خۆی.

ئەم کە لەوێ وەک وەرگێڕ حوزوری هەیە، خۆی لە جەستەی کابرادا دەبینێ و بەجوانی ئازارەکانی هەست پێدەکا. ئازارێک لە جنسی سوتان بە دڵیدا هات و چەند چرکەیێک لای خۆی و  لەکۆبوونەوەکەدا نەما. خەیاڵی فڕی. ژنە سەریوەرگەڕان و سەیرێکی کرد، ویستی بزانێت بۆ ئەو چەند وشەی وەرنەگێڕا.

ئەمیش خێرا هاتەو سەر خۆی و، بە کابرای وت تێدەگەم.

ئەمەی وت و لە مەودای کورتی بێدەنگی نێوانیاندا خەیاڵ رفاندی و لەدەرونەوە بە بێدەنگی هاواری دەکرد "بەڵێ تێدەگەن، ئەمان هەمویان تێدەگەن!"

لە ماشینەکەیدا وەک بڵێی هێشتا لە بەردەم کابرادا دانیشتبێت، لە ژێر لێوەوە دووپاتی دەکاتەوە "تێدەگەم، تێدەگەین، دونیا تێدەگات، هەموکەس تێدەگات، بەڵام ئازار جۆرێک لە تامە تا نەیچێژیت تێگەیشتنی راستەقینەی ئەستەمە."

جادە چۆل و باران توند و رێگای بەردەم، خۆی لە جەستەی جەنگەڵدا حەشارداوە و ئەمیش لە دڵی ئەم جەنگەڵەدا وەک چۆن بەلەمێک ئاودەبڕێ و دەریاش خێرا خەتی سەر روخساری دەسڕیتەوە، جادە دەبڕێت. بەڵام دوای چەند چرکە، پرچی جەنگەڵ جادە و هێڵی پشت سەر دادەپۆشێ. رێگا، تەنیا هیوای گەیشتنە کە دەیبڕێت نەک ئاسۆیێک کە کۆتایی پیشان بدات.

تەنیایی، درەختەکانی جەنگەلیشی تووش کردووە. بۆیە بێدەنگی پڕ بە جەنگەل پەلیداکێشاوە. تەنیا هاڕەی ماشینە تاق و لۆقەکانی سەر جادەکە جار و بار بۆ چەند چرکە گۆمی بیدەنگی دەشڵەژێنێت. ماشینەکانیش بە تەنیا و تاک تاک دەڕۆن، زۆربەیان تەنیا یەک کەسی تیایە، ئەویش شۆفرەکەیەتی. ئەمیش تەنیایە و بیر لە کابرای تەنیاکەوتوو دەکاتەوە.

"کاتێ لە یونان بووین بە هۆی کێشەیێکەوە کە دواتر زانیم دەستی ئەوی تێدا بوو کەوتمە زیندان. پاش چەند مانگ کە هاتمە دەر زانیم هەموو ئەو بڕە پارەی هەمبوو و لە لای ئەو دامنابوو دراوە بە کابرای قاچاخچی و وا دیار بوو کابرای قاچاخچیش رۆیشتوە و کەسیش نازانێت لەکوێیە. دواتر زانیم کە خێزانم پێوەندی لەگەڵ کابرای قاچاخچی هەبووە. بۆ دوورخستنەوەی من ئەو ئاریشەی بۆ من ناوەتەوە و منیان گەیاندە زیندان." ئەمانە کابرا لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێت.

ژنەکە قومێک لە قاوەکەی دەدات و هاوکات کە گوێ لە وەرگێڕانی قسەکانی کابرا دەگرێت، بڕیک شت لە سەر کاغەزەکەی بەردەمی دەنوسێت. پاش کۆتایی رستە وەرگێردراوەکە دەڵێت ئەمانە دەنووسم با لەبیرم نەچێت. هەموی ئەم بەسەرهاتانە دەتوانێت لە مەحکەمە یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی بڕیاری دادگا بە قازانجی ئێمە بگەڕێت.        

دوا وشەی ژنەکەی وەرگێڕا و ویستی لە ماوەی وەڵامدانەوەی کابرادا لە هەل کەلک وەرگرێت و قومێک لە قاوەکەی بەردەمی بدات، بەڵام ژنەکە خێرا هاتە قسە و وتی:

ـ "رەفتاری ژنەکەت لەگەڵ منداڵەکان چۆن بوو؟"

ئەم بۆ وەرگێڕانی رستەی ژنەکە مەجبور بوو بۆ چەندەم جار قاوەکەی کە لە پەنای کەیکەدارچینەکەدا دانرابوو، بە بی قوم لێدان دابنێتەوە.

بیری کێکی دارچین قۆڕەی بە سکیدا هێنا و بە بێ ئیرادە دەستی برد بۆ  جانتاکەی پەنادەستی کە لە سەر کورسییەکەی پەنادەستی پێشەوەی سەیارەکەدا داینابوو،  بە بێ ئەوەی سەیر بکات زنجیرەکەی کردەوە و دەستی بردە ناو جانتا و وەک کوێر پەلی کوتا تا بەدەم لێخوڕینەوە  توانی بابۆڵەکەی کە بەیانی ئامادەی کردبوو، دەری بێنێت.

جادە تەم و مژێکی زۆر خەست دایگرتووە. هەرچەند چاوو زۆر مژ نابڕێت بەڵام ماشین دەیبرێت و دەڕوات، بۆیە دەبێت بە خێرایی و برشتی چاو بڕوات نەوەک لە گێژاوی جادەکەدا ماشینەکە رێگا هەڵە بکات و قەت نەگاتە مەقسەد. ئەو هەمیشە لەم کاتانەدا ئەم رستە نەستەقەی بیر دەهاتەوە "درەنگ گەیشتن لە هەرگیز نەگەیشتن باشترە." ئەم رستەیەی کە بە سەر بڕێک لە ئوتوبوسەکانی وڵاتی خۆیەوە لە سەردەم لاوێتیدا بینیبوی و سەدان جار بە بێ ئیرادە و قەست، تەنیا لەبەر ئەوەی کەوتبووە بەر چاوی  خوێندبوویەوە، بەڵام قەت تا تەمەنی ئێستاکەی بە گوێرەی پێویست بیری لێنەکردبووەوە.

 

گەیشتن ببووە ئامانجی سەرەکیم. دەمزانی مناڵەکانم بێکەسن. هەمیشە دەترسام کە منالەکانم ئەزیەت بکات و پێیان رانەگات. ئاخر ئەو قەت گرینگی بە مناڵ نەداوە، خۆشی و حەزی خۆی پێش هەموو شتێک دادەنێت. هەر چی لەگەڵ مناڵەکان قسەم دەکرد، دەیانوت دایکمان لەگەڵ هاوڕێکانی چووەتە دەرەوە.

بۆچی هەمووتان پێکەوە نەهاتن؟ لەبەر چی تۆ مایتەوە؟ کابرای هاوکاری ژنەکە پرسیاری کرد.

وەک وتم پارەکانم ژنەکە دابووی بە کابرای قاچاخچی، ئەویش خۆی ون کردبوو. پارەم نەمابوو بە قەرز و قۆڵە ئەوەندەم بۆ جێبەجێ بوو کە بە قاچاخچیەکی تر ژن و مناڵەکانم بەڕێ بکەم و بیانگەیێنمە شوێنێکی ئەمن تا مناڵەکانم لەوە زیاتر ئاوارە نەبن، نەمزانی وای لێدێت.

ژنەکە وتی : کەس نازانێت ژیان چۆن دەروات.

کابرا هاوکات کە بە سەر وتەی ژنەی دەسەلماند، بە دەسڕە کاقزیەکەی دەستی فرمێسکە بەربووەکانی سەر گۆنای کە سەرڕێژی گۆمی چاوەکانی بوون پاک کردەوە.

"کەس نازانێت، بەڕاستی وایە کەس نازانێت لە پشت پێچ وسوڕەکانی کاتەوە چی چاوەڕێمانە. ژیان رێک وەک ئەم جادە وایە. ئەوەی بەسەرت کردووە و رابردووە تەنیا لە بیرەوەرییەکانی مێشکدا دەمێنێتەوە و، ئەوەش لە بەردەمتدایە کس نازانێت چییە. کەس نازانێت چی لە پشت ئەو پێچ و سوڕانەوە خۆی حەشارداوە. تەنیا دەزانیت ئەم رێگا لە شوێنێکدا بۆ تۆ کۆتایی دێت، بەلام تا ئەو خاڵە چی روودەدات و چۆن دەگەیتە کۆتایی کەس نایزانێت.

خاڵۆ رێبواری حەسەن زیرەک کە بەسەر دەنگی موتوڕی ماشینەکەدا زاڵدەبێ، پڕ بە پێستی سەفەرە پڕ لە تەنیاییەکانی ئەم بوو. تەنیای تەنیا وەک خوا، جادە دەبڕێت و کۆتری خەیاڵ هەڵدەفرێنێت. هەموو بەسەرهاتە بیسراوەکان تەنیا تا بەسەرهاتی دواتر دەتوانن لە کۆڵانەکانی مێشکیدا هاتو چۆ بکەن، لەگەڵ هاتنی چیرۆکی نوێ و نوێتر و نوێتر، تۆزی لەبیرچوونەوە دایاندەپۆشێ و زۆر بە دەگمەن دەدۆزرێنەوە.

ژنەکە دەپرسێت ئێستا لە کوێ دەژیت؟

کابرا دەڵێت لە کەمپ لە ژوورێکدا لە گەڵ دوو هاوژووری تر.

ژنەکە: ئەی لەکوێ مناڵەکانت دەبینیت؟

کابرا : لە دەرەوە، یان لەگەڵ کەسانی سوسیال لە ئیدارەی سوسیال. یەک جاریش هاتونەتە کەمپ، بەڵام زۆریان بەدڵنەبوو، بۆیە ئیتر حەزیان نەکرد بێن بۆ ئەوێ.

ژنەکە: پێوەندیت لەگەڵیان چۆنە؟ تۆیان خۆش دەوێت، یان باشترە بڵێم کاردانەوەیان چۆن بوو کە تۆیان بینی؟

کابرا دیسان چاوە سوورەکانی سەررێژ دەبێت و گلاری فرمێسک بە رێچکەی فرمێسکە پێشوەکاندا لە سەر گۆنای بەردەبنەوە. بەدەسماڵە کاغەزیە گرمۆڵە کراوەکەی دەستی بەریان پێدەگرێت و پێش رژانە خوارەوەیان دەیانسڕێتەوە و، پاش بڕێک هێی بوونەوە دەڵێت کچە گەورەکەم منی لەبیرە، بەڵام دوو کوڕەکەم زۆر بچوک بوون. ئێستا دەزانن من بابیانم بەڵام پێم وانەبێت هەستیان وەک کچەکەم بێت. کچەکەم هەمیشە کەم و زۆر پێوەندی لەگەڵم بووە. زۆر شت ئەو بۆی دەگێڕامەوە. بەڵام دووانەکەی تر تەنانەت زبانی خۆمانیان لەبیر نەماوە، بۆیە بەزەحمەت لەیەک تێدەگەین. کچەکەم تا بتوانێت یارمەتیمان دەدات لە وەرگێڕاندا.

وادیارە کچەکەت ئاگای لە رووداوەکان هەیە. ئەمە خۆی باشە لە مەحکەمە دەتوانین کەڵکی لێوەربگرین. من خۆم هەوڵدەدەم لەگەڵ مناڵەکانیش، بە تایبەت کچەکەت، قسە بکەم. ژنەکە ئەمە دەڵێت.

ژنەکە روو دەکاتە کابرا و دەپرسێت ئایا ماڵە دایەنی مناڵەکانت بینیوە؟

کابرا کە هیچ لە قسەکانی ژنە ناگات روو دەکاتە ئەم و چاوەڕیی وەرگێڕانەکە دەبێت و پاشان دەڵێت بەڵێ. بەڵام تەنیا ماڵی دایەنی دووانە بچووکەکەم، کچەکەم تا ئێستا هەر خۆی  بە تەنیا هاتوە بۆ ڵام .

ژنە سەیری کابرا دەکات و دەڵێت: ئەمەوێت بزانم پلانت بۆ داهاتو چییە؟ دەتەوێت مناڵەکانت بەریتەوە لای خۆت؟

کابرا بە سەرسوڕمانێکەوە سەیری ژنە دەکات، وەک بڵێت چ پرسیارێکی گەوجانەیە. بۆیە پێش ئەوەی کابرا بە وشە وەڵامی بداتەوە ژنەکە دەڵێت لەوانەیە پرسیارەکەت لا گەوجانە بێت، تێدەگەم بەڵام ئەم پرسیارە دەبێ ئاراستەی هەموان بکەین و وەڵامەکەی بنوسین.

پاشان کابرا کە دیسان دڵی دەکوڵا بە گریانەوە دێتە وەڵام و دەڵێت:

من هەموو ژیانم فیدا کرد، وڵات و خزم و کەس و کارم جێ هێشت بۆ ئەوی بتوانم داهاتوی مناڵەکانمی پێ بسێنم. مناڵەکانم دابەکۆڵما و دەستی ژنەکەم گرت و رێکەوتین بەرەو ئاسۆی روون و پشتمان کردە وڵاتی شەرگەستەی داهاتو نادیار و ون لە ژێر دوکەڵی شەڕی بێ کۆتاییدا. بۆ ئەوەی  بگەینە رووناکی و هێمنی. هەموو ئازارە فەرامۆشی هەڵنەگرەکانی رێگامان کێشا و خۆمان لە ئاگر و ئاو دا بۆ گەیشتن بە ئاسۆی رووناک، بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی گەش بۆ مناڵەکانم. بۆ ئەوەی مناڵەکانم چارەنوسیان وەک من نەبێت. بەڵام نەمانزانی کە تیشکی بەهێزی ئاسۆی ئازاد چاوی روناکی نەدیومان بە شەوارە دەخات و سەرلێشێواومان دەکات. هەر یەکەمان دەخاتە لایێک و ژنەکەم قۆڵ دەکات بە قۆڵی کابرایەکی بیانیدا و پشت لە من و مناڵ دەکات. نەمزانی وامان لێدێت کە من و ژنەکەم، دایکی مناڵەکانم، دژ بە یەک هەر یەک لە بەرەیەکدا لە سەر کورسی مەحکەمە بەرانبەر یەک دانیشین بۆ ئەوەی مناڵە پەرتەوازە بووەکانمان، مناڵە بی باوک و دایک کراوەکانمان ساخ بکەینەوە بۆ خۆمان. نەمزانی وام لێدێت کە دەبێت لە مەحکەمەدا بۆ قازی بسەلمێنم کە من باوکێکی باشم و دەتوانم ئەرکی راهێنان و بەخێوکردنی منال بە ئەستۆ بگرم، تاکو بتوانم مناڵە بە دایاندراوەکانم وەربگرمەوە. سەیرکەن چیمان بەسەر هاتووە کە دەبێت لە مەحکەمە بۆمان دیاری بکەن کە کێهامان شایانی دایک و باوک بوونمان هەیە.

لێرەدا ژنەکە قسەکانی پێ بڕی و دەڵێ: سەرەڕای هەموو ئەمانە و پاش بڕیاری دادگاش دەبێت سەبر کەیت تا مناڵەکان بگەنە ئەو ئاستەی پێوەندی لەگەڵ تۆ کە ئامادەبووونیان تێدا دروست بێت بۆ ئەوەی بەتەواوەتی بگوازرێنەوە بۆ لای تۆ. جیا لەوە دەبێت سەرەتا چاوەڕیی ئەوە بکەیت کە ئیقامە و مۆڵەتی ماننەوەت بۆ دەرچێ و پاشان خانوت پێبدرێت، خانوویێکی وەها کە ژوور و پێداویستی بۆ هەموویانی تێدا بێت، ئەگینا نە مناڵەکان قەبولی دەکەن و نە کەسیش دەتوانێت مەجبوریان بکات.

کابرا سەرێک سەرسورمانانە و پر لە ناهومێدی دەسوڕێنێت و دەڵێ یانی جگە لە مەحکەمە هێشتا تا گەیشتن بە مناڵەکانم لەمپەری ترم زۆر دەمینێت.

ژنە سەیرێکی سەعاتە دیوارییەکەی بەرانبەری دەکات و هاوکات دەستدەکات بە کۆکردنەوەی کاقەزەکانی بەردەمی و هاوکات دەڵێت کاتەکەمان تەواو بووە و مترجمەکەیشمان کاتی نەماوە و دەبێ  بڕوات. بۆ وەڵامی پرسیارەکەت دەبێ بڵیم بەداخەوە بەڵی، لەبەر ئەوەی ئێوە، تۆ و مناڵەکانت، لەمێژە پێکەوە نەژیاون و مناڵەکان لەگەڵ ژیانێکی نویی ماڵە سویدی راهاتوون، ناکرێت لە پر و خێرا چاوەڕوان بکەین کە دەس لە هەمووی بەردەن و بێنەوە لای باوكێک کە هێشتا لە دونیای خۆیدایە و لە ژیانی خوو پێگرتوی مناڵەکان ناگات، ئەوانیش بە ئاسانی لە تۆ ناگەن. هەر وەک خۆت دەڵیێت تەنانەت لە زبانیشا لەیەک دورکەوتونەتەوە. ئەمە ماوەی دەوێت و دەخایەنێت. بەداخەوە  ئەمە ژیانە و ژیان وایە!

 

Bilderesultat for konflikt kunst 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت