ما 4173 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

با پێت بڵێم، خۆشەویستی بەشێکی لەگەڵ تۆ مرد و بەرەو ئاسمان کشا و بەشەکەی تری لە هەندێ کلیسادا بەجێماوە. ئەرێ،... هەندێ کلیسا و بەس. ئەو قەشانەی کە لە خەڵوەتی خۆیاندا پێیان وایە ئەوان مەسیحیی راستەقینەن! وادیارە نازانی کە دینەکەی تۆ بە زەبری شمشێری ئەوانەی تۆیان کوشت دونیای گرتەوە، نەک بە خۆشەویستییەکەی تۆ.

 

 

مشتێ خۆڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

محەممەد تازە لە شەڕی بەدر ببووەوە. خەنی لەوەی توانیبووی بە سوپایەکی سێ سەد نەفەرییەوە بە سەر سوپای هەزار کەسیی دوژمن دا سەرکەوێ، لە کاتێکدا بە جەستەی خوێن پێهەڵپژاوەوە چۆکێکی دادابووە سەر زەوی و خەریکی ئاوخواردنەوە و شۆردنی دەست و دەموچاوی بوو، کەسێکی بینی روخسار نوورانی، بە ردێنی بۆزی درێژ، دارێکی گۆچان ئاسا بەدەستێکییەوە و هەوساری کەرێکی رەش بە دەستەکەی تریەوە، خەریکی داگەڕان لە گردەکەی تەنیشتەوە بوو.

سەربازەکان کە پێیان وابوو کەسەکە رەنگە دوژمن بێت، خێرا دەوریان دا و کەوتنە لێپرسینەوە لێی. محەممەد ئیشارەتی دا بیهێنن بۆ لای. هێنایان.

محەممەد کە لەسەر بەڕەیەکی رەنگاوەڕەنگ لەبن سێبەرێکی تەنکدا دانیشتبوو، کاتێک کەسەکەیان هێنایە لای، دەستبەجێ ناسییەوە. مەسیح بوو. ئەوسا بە دەست ئیشارەتی دا کە دەوریان چۆڵکەن. چۆڵیانکرد.

سەرەتا جامۆڵکەیەک ئاوی دایە دەست مەسیح. مەسیح وەک هەمیشە بە ئارامی قومێکی لێدا و لەکاتێکدا چاوی بڕیبووە محەممەد، دایەوە دەستی و سوپاسی کرد. محەممەد بەئارامی سەرێکی بە نیشانەی رێز دانەواند. دەنگی ئاە و ناڵەی بریندارەکان و پڕمەی ئەو ئەسپانەی وا هێشتا مەرگی خۆیانیان باوەڕنەدەکرد، دەهاتە گوێ. هەتاوی گەرمی سەحرا هێشتا مابووی بگاتە ئاسۆی رۆژئاوا.

مەسیح سەیرێکی دەورووبەری کرد و، گوتی:

ـ "دەبینم یەکجار سەرقاڵی،... لە شەڕێکی قورس بوویتەوە!"

محەممەد وردتر لە میوانە ناوەختەکەی روانی. سەرقاڵی ئەو پرسیارەی بۆچی خودا لەم کاتەدا رێگای مەسیحی بەرەو ئێرە بادابووەوە، گوتی:

ـ "نامەوێ پەیکەرم ببینم هەڵواسراو بە خاچێکەوە ئەویش لە تەنیشت دوو تاوانباردا لە کاتێکدا دوژمن بەخۆشیی مەرگم خەریکی هەڵدانی شەرابە!"

مەسیح لەو پەڵە خوێنانەی رووانی هێشتا بە جل و بەرگی محەممەدەوە مابوونەوە و، ئاو نەیتوانبیوو بیانسڕێتەوە. لە ئارەقی بن باڵی و  ئەو تۆزەی بەرسەر ئارەقە و خوێن دا توێژاڵی بەستبوو. گوتی:

ـ "جەستەم، تەنیا خوێنی خۆی بە سەر زام و جل و بەرگی خۆیەوە بینی. نە خوێنی من پژایە سەر جەستەی کەس و نە خوێنی کەسی تر پژایە سەر جەستەم."

بزەیەک لێوی محەممەدی گەست، بزەیەکی تاڵ. دەستی برد مشتێ خۆڵی تەنیشت خۆی هەڵگرت، بەرزی کردەوە و لە بەردەم چاوەکانی مەسیحدا رایگرت:

ـ "ئەمە من و تۆین. خوێنێک دەبینی؟... ئەڵبەتە کە نا. مێژوو چیرۆکی ئازایەتییەکانی لەبیردەمێنێ، نەک خوێن."

موسوڵمانەکان خەریکی خاوێنکردنەوەی ئەو چاڵە ئاوانە بوون وا بە بەرد و گڵ پێش شەڕەکە کوێریان کردبوونەوە. کوێریان کردبوونەوە بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێ لێیان بخواتەوە و پاش بڕینی رێگایەکی زۆر بە تینوویەتی دەست بۆ شمشێریان بەرن. ئەو چاڵە ئاوە کوێرەوە بووانەی دەورێکی سەرەکییان لە سەرکەوتنی موسوڵمانەکاندا گێڕابوو.

مەسیح نیوەنیگایەکی ئاراستەی مشتە خۆڵەکە کرد. ئەوسا گوتی:

ـ "جگە لە مشتێک خۆڵ من شتێکی تر نابینم، نە خوێن و نە ئازایەتی. بەڵام گەر قەرار لەسەر مانەوەی شتێک بێت، ئەوا تەنیا خۆشەویستییە،... تەنیا و تەنیا خۆشەویستی. کەس بەقەدەر مرۆڤ نەگبەت و تەنیا و گیرۆدەی ئازار نیە، بۆیە کەسیش بەقەد ئەو بیر و حەزی لای خۆشەویستی نیە،... کەس کەس،... هیچ بوونەوەرێکی تر."

محەممەد بزەیەک نیشتە سەر لێوەکانی:

ـ  "بێگومان مەبەستت ئەو خۆشەوسیتییەیە تۆی کرد بە قەدی خاچدا!"

مەسیح کە تامی تاڵی ئەم گوتەیەی محەممەد ناو دەمی کرد بە زەهری مار، وەک هەمیشە ئارام بە بێ ئەوەی خۆی بشەمزێنێ، گوتی:

ـ "گرینگ نیە ئەوانی تر چی لەگەڵ تۆدا دەکەن و چ نیازێکیان لەدەرووندایە، گرینگ ئەوەیە ئەوانەی بە رازی خۆشەویستی گەیشتوون، لێی نەترازێن. گرینگە ئەوەیە ئێمە چ دەکەین."

ـ "خودای من کە خودای تۆیشە، باس لە سزای تاوانباران دەکات، نەک هەر لەو دونیا، بەڵکو لەم دونیایەیش.  خودای من و تۆ تەنیا میهرەبان نیە، بەڵکو تووڕە و قەهاریشە، بێ بەزەیی لە ئاست تاوانباران و ئەوانەی لە رێگای راست لادەدەن. ئەمەت لەبیرنەچێ!"

ـ "پێت وایە من ئەمە نازانم؟ من لەمێژە ئەمە دەزانم، لەو کاتەوەی لە سکی مریەمی دایکما بووم، کاتێک لە تەویلەیەکدا بە ژان و ئازاری منەوە پاڵکەوت، رووی لە ئاسمانی پڕ لە ئەستێرەی ئەو شەوە کرد و لە خودا پاڕایەوە کە من بە سەلامەتی لەدایک بم ، هەر ئەو شەوە من زانیم کە خودا روویەکی تریشی هەیە. بەڵام بالێگەڕێین سزا خودا بۆخۆی بیدا، ئێمەیش لێرە لەسەر ئەم زەوییە خاکییە تەنیا دڵمان لای خۆشەویستی بێت. چونکە لێرە تەنیا بە خۆشەویستی دەکرێ تەنانەت سزایش بدەین، تەنیا بەمە و هیچی تر. هەموو شتەکانی تر تەنیا دۆخەکە خراپتر دەکەن و خووە حەیوانییەکان لە مرۆڤدا زۆرتر و زیاتر دەجوڵێنن. خۆشەویستی تەنیا رێگا و تەنیا ئامرازە، هەر وەک چۆن تەنیا مەبەست و تەنیا ئامانجیشە!"

محەممەد سەری هەڵبڕی و لە تەنیشت نیگاکانی مەسیحەوە نیگای خۆی بەرەوە سەحرا بەڕێ کرد. لەو دوورانە بایەک لەگەڵ تۆز خەریکی گەمە بوو. بیابان رەنگی دەگۆڕی. گوتی:

ـ "لەسەردەمی تۆ خودا بەو شێوەیە لە دونیای رووانی، وتی خۆشەویستی لێرە و سزایش لەوێ. ئیستا لە دووای شەش سەد ساڵ خودا رەئی و بۆچوونی گۆڕیوە. دەڵێ خۆشەویستی و سزا و هەم لێرە و هەم لەوێ. بگرە بە هەر دوو باریش دا دەکرێ بڵێین سزا زۆرترە، واتە هەم لێرە و هەم لەوێ. بیرت لەمە کردووەتەوە بۆچی خودا رای گۆڕیوە؟... ها، قەت بیرت لێکردووەتەوە؟ قەت بیرت لەوە کردووەتەوە کە لە دووای تۆ دونیا چی لێهات؟ پێت وایە بوو بەوەی تۆ وادەت دا؟... جا با پێت بڵێم لەدووای تۆ چی لێهات. لە دووای تۆ هەر ئەوانەی تۆیان لەسێدارە دا، دینەکەی تۆیان وەرگرت و کردیان بە گۆپاڵێک بە دەستی خۆیانەوە. ئەوجار بە هۆکاری شەڕەکان یەکی تریش زیاد کرا. خۆشەویستی!! ححە! هە هە هە،... خۆشەویستی!! با پێت بڵێم، خۆشەویستی بەشێکی لەگەڵ تۆ مرد و بەرەو ئاسمان کشا و بەشەکەی تری لە هەندێ کلیسادا بەجێماوە. ئەرێ،... هەندێ کلیسا و بەس. ئەو قەشانەی کە لە خەڵوەتی خۆیاندا پێیان وایە ئەوان مەسیحیی راستەقینەن! وادیارە نازانی کە دینەکەی تۆ بە زەبری شمشێری ئەوانەی تۆیان کوشت دونیای گرتەوە، نەک بە خۆشەویستییەکەی تۆ. تێدەگەی! نەک بە خۆشەویستییەکەی تۆ. خۆشەویستییەکەی تۆ بوو بە ئاڵا ی ئەو سوپایەی وا دەیویست بە شمشێر دونیا داگیربکا! تێدەگەی؟... خودایش ئەمەی زانی، باشتر بڵێم لەمێژە دەزانێ. بۆیە ئەمجارە بڕیارێکی تری دا. جا لەجیاتی ئەوەی دینەکەی ببێتە قەشمەجاڕی مرۆڤە درۆزنەکان، ئەمجارە خۆی راستەوخۆ بە پێغەمبەرەکەی گوتووە کە دەستبەکار بێت و بۆخۆی لە رێگای شمشێرەوە بە دونیادا خۆی بڵاوبکاتەوە. خودا چارەنووسی تۆی بە سەر خاچەکەوە بینی بۆیە وای لێهات،... ئەمەت لەبیر بێت! هۆکاری ئەوەی کە تۆ ئیستاکە دەبینی من لێرەم ئەمەیە،... لێرە لەناو ئەم بیابانەدا و لە ناو ئەم تەرم و کەلاکانەدا ئەمەیە!"

مەسیح کە بۆنی خوێنی سەر جل و بەرگی محەممەد بیری شەش سەد ساڵ لەوە پێشی دەخستەوە، لە تۆنی دەنگی نەرم بەڵام یەکجار قورسی محەممەد ترسا. بیری ئازاری سامناکی جەستەی خۆی لەکاتی لەخاچدانەکەی و ئیرادەی پڕ لە سزای محەممەد، ناوچاوانی پێ چرچ کرد. هەستی کرد شتێک لە دەنگی محەممەددا هەیە ئەوی بیری ئەو حاکمە رۆمییە دەخستەوە وا بڕیاری لەخاچدانی ئەوی دەرکردبوو. مەسیح کە باوەڕی نەدەکرد خودا سەرئەنجام بەم باوەڕ و ئەنجامە گەیشتبێ، دیسان بیری یەکێک لە گفتوگۆکانی خۆی کەوتەوە لەگەڵ خودا، کاتێک بە خودای گوتبوو  سزای دەرکردنی مرۆڤ لەبەهەشت با دوواسزای مرۆڤ بێت و بەس. ئەوەیکە، تەنیا رێگای پەشیمانکردنەوەی ئینسان لە گوناحەکانی نیشاندانی خۆشەویستییەکی بێ سنوورە و بەس. ئەگەرچی مرۆڤ زۆرجار سپڵەیە بە پێچەوانەوە دەجوڵێتەوە و لە ناخی گرینگیی خۆشەویستی ناگا. بەڵام،... بەڵام وادیار بوو خودا داواکەی ئەوی فەرامۆش کردبوو.

مەسیح کە هێشتا تینوویەتییەکەی نەشکابوو، داوای کەمێک ئاوی تری کرد. ئەوسا گوتی:

ـ "گەر کەلامی من کە تەنیا، کەلامی خۆشەویستی بوو و بەس، لە دووای شەش سەد ساڵ ئەمە بەرهەمی بێت کە تۆ دەیڵێی، دەبێ بەرهەمی تۆ کە بەشێکی گرینگی کەلامت شمشێرە، لە دووای شەش سەد ساڵی تر چ بێ؟!"

ـ "من تەنیا ئەوەی جێبەجێ دەکەم کە پێم گوتراوە. هەروەک تۆ چۆن پێت گوترا. لەبیرت بێت من و تۆ راسپاردەین!"

مەسیح بە یارمەتیی گۆچانەکەی هەستایە سەرپێ. کالەکانی لەپێ کرد ، نیگایەکی ئاراستەی بیابان کرد کە وەک سەدان ساڵ لەوە پێش شتێک بوو وەک خۆڵی بێ پایان، ئاسمانی شین بەسەر سەریەوە، ئەو تۆز و تۆپەڵە گیا وشکانەی بەدەم باوە تەراتێنیان بوو، هەروەها ئەو گەرمایەی هەناسەی قورس دەکرد. رووی کردە محەممەد و، گوتی:

ـ "تۆ وات پێگوتراوە و منیش وەها کە پێم گوترا. ئەگەرچی من سەردەمانێک هەوڵم دا رەئی خودا بگۆڕم. ئەگەرچی وادەردەکەوێ کە تۆ رەنگە قەت وەها هەوڵێکت نەدابێ و لەمن زۆر زیاتر راسپاردەتر بوویت. دەمزانی کە لەئایینەکاندا، لەمەوە بۆ ئەوی تریان هەمیشە جیاوازی هەبووە، بەڵام ئەوەی کە نەمدەزانی ئەوە بوو کە خودا دەتوانێ لە داخ و رقی کوشتی کوڕەکەی خۆی کە من بم، ئاوەها تووڕە بێت، ئەوەندە تووڕە ئەو ئیزنە بە مرۆڤ بدا بۆ خۆی بە ناوی خوداوە مرۆڤی تر سزابدات!... ئەمەم نەدەزانی."

***

مەسیح بە گۆچانێک بە دەستێکییەوە و هەوساری رەشەکەرەکەی بەدەستەکەی تریەوە لە گردەکەی تەنیشتەوە خەریکی سەرکەوتن و دوورکەوتنەوە بوو کە محەممەد ئەمری کرد جل و بەرگی خاوێنی بۆ بێنن. جل و بەرگێکی سپی تر.

 

 Bilderesultat for sahara  kunst

 

 

    

گەڕان بۆ بابەت