ما 11028 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

منیش سەرەڕای ئەوەی پێم وایە سەرئەنجام لەوە گەیشتووم کە مەبەستی رەحە لە گوتنی ئەم رستەیەی چییە، بەڵام دیسان لە شوێنێک لە دەروونمدا یەکجار نادڵنیام. راستییەکەی ئەوەیە من ئیستایش نەمزانی مەبەستی رەحە مل کورت لە سەرڕووت و پێوەندیی بە رووداوەکانی ساڵی پەنجاو حەوت و ساڵەکانی دووای ئەو ساڵەوە چییە.

 

رازی سەرڕووت

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە ساڵی پەنجاو حەوتەوە رستەیەک بووەتە مەلەکەی زەین و سەر زمانی،... "سەرڕووت دایکی دونیایان گا!" راستییەکەی ئەوەیە لەو ساڵەوە هەتا ئیستا، کە زیاتر لە سی ساڵ تێپەڕیوە و ئەو لە پیاوێکی تارادەیەک گەنجەوە بووە بە پیاوێکی بەتەمەن، ئەم رستەیەی هەر لەبیرە و ناوەناوە هەر لەخۆوە، بەهۆ و بێهۆ دێتەوە سەر زاری. بۆ وێنە جارێکیان کاتێک لە کاتی شەڕدا فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان هاتنە سەر شارەکەمان و دەستیان کرد بە بۆمبارانی گەڕەک و شەقامەکان و خۆڵ و خوێنیان پێکەوە تێکەڵ کرد، ئەو کە لە پشتی پشتەوەی پەناگاکە خۆی مڵاس دابوو و بە چاوە پشیلەئاساکانی زیت زیت لە دەورووبەری خۆی دەڕوانی، ئەو چاوانەی کە من پێم وابوو بۆشبۆش بوون و لە راستیدا لە هیچیان نەدەڕوانی، هاواری کرد "هەی لە سەرڕووتی قورومساخ، هەی،... سەرڕووت دایکی دونیایان گا،... سەرڕووت!" خەڵکەکە بە سەرسووڕمانەوە لایاندەکردەوە و لێیان دەڕووانی. ئەویش بە بێ ئەوەی چاوی لەم رووانینە بێت، هەر وتیەوە و وتیەوە "سەرڕووت دایکی دونیایان...، ئەیچۆن،... ئەیچۆن!" ئەگەرچی دەنگی هەتا دەهات کز و کزتر هەڵدەگەڕاو جارێ وایش بوو لەناو گرمەی بەسامی نزیککەوتنەوەی تەیارەکان و تەقینەوەی بۆمبە ترسناکەکان بە یەکجاری وندەبوو. یان جارێکیان سواڵکەرێکی کوێر کە خەریکی پەڕینەوە لەسەر جادە بوو کتوپڕ قاچی لە لێواری بنجۆکە هەڵەنگوت و، بەدەمەوە کەوت. خەڵکی وەک هەمیشە بەهەڵەداوان بەدەمییەوە چوون. کەوتنەکە رێک لەو کاتە و لەو شوێنەدا بوو وا ئەو تێیدا خەریکی پارەکۆکردنەوە لە دووکانێکی کوتاڵفرۆشی بوو بۆ دروستکردنی مزگەوتێکی تازە لە شاردا. هەر کە ئەمەی بینی، لەسەر پلکانەی بەردەم دووکانەکەوە پڕ بە خۆی هاواریکرد "ئای سەرڕووت!...ئای،... دایکی دونیایان گا!" لەبیرمە لەم کاتەدا کوڕێکی گەنج بە تووڕەییەوە لێی وەرگەڕایەوە و، گوتی: "گەر لەجیاتی پارەکۆکردنەوە بۆ مزگەوت، خەریکی پارەکۆکردنەوە بۆ دروستکردنی خانەی هەژاران یان ساڵمەندان بی، ئەمەیش روونادا!"، بەڵام ئەو وەها تووڕە هەڵگەڕا کە کەف رژایە زارییەوەو زمانی کەوتە هەڵیت و پەڵیت و لەجیاتی وتنەوەی رستە هەمیشەییەکەی، گوتی "سەر... گگگ... دووو،... ووو،..." کە زانی بێفایدەیە و بۆی نایەت، شێوازەکەی گۆڕی و گوتی "دایکی یەکتریش دەگیەن و هەر لە جنسی خۆیان بەردەدەنەوە،... کۆتاییان نایەت!... حەی!..."

راستیشی دەکرد، کۆتاییان نەدەهات! لەم سەر تا ئەو سەری شۆستە و شەقام گەر سەرت هەڵبڕیایە و سەرنجت بدایە، پڕبوو لە سەرڕووت.

ناوی رەحیم بوو و خەڵکی پێیان دەگوت "رەحیمە مل کورت"، یان کورتتر "رەحە مل کورت". وەک هەمیشە، ئەم ناسناوە بە پێچەوانەی روواڵەتی کەسەکەوە بوو. رەحیم لە راستیدا خاوەن ملێکی باریک و درێژی رەگ رەگاوی بوو کە کاتێک باسی سەرڕووتی دەکرد، ئەوەندەی تر دەکشا، هەڵدەئاوسا و رەنگە شینەکەی زەقتر و دیارتر خۆی نیشاندەدا. سەیر ئەوە بوو رەحە جاری وابوو جامانەی بەسەر سەرەوە دەنا و جاری وایش بوو بە سەری رووتەوە لە کاتێکدا قژە سپییە لوولەکانی بەناو یەکدا هەڵدەگژان، دەردەکەوت! وەک قەدیمییەکان دەیانگوت رەحیم هەمیشە وا بووە، جارێ بە جامانەوەو جارێ بە بێ جامانە. جگە لەمە، بانگ بێژی یەکێک لە مزگەوتە سەرەکییەکانی شاریش بوو و شانازی بەوەوە دەکرد تەواوی تەمەنی لەخزمەت خانەی خودادا بووە. سەرفرازبوو بەوەی بۆ یەک رۆژیش ناشوکری نیعمەتی خودای نەکردووە و هەرچی پەروەردگار دابێتی بەوپەڕی دڵفراوانی و سوپاسەوە وەریگرتووە و بۆ یەک ساتیش وەک سەرڕووتەکان فکری بەلای سەرکەشی و سەرەڕۆیی دا نەچووە. ئەو سەرکەشییەی کە بەڕای ئەو وەها دونیای بەلاڕێدا بردبوو کە تازە چیتر هومێد بەچاکبوونەوەی نەبوو، مەگەر بە روحمی خودا خۆی، کە ئەویش هیچ عەبدێک نەیدەزانی کەی ئەو روحمە نایابە دەبزوا و دیسان دونیا وەهای لێدەهاتەوە وەک هەبوو. راستییەکەی ئەوە بوو رەحە یەکجار رەشبین بوو. لای ئەو مرۆڤ جارێکی تر وەک سەردەمی ئادەم سەرپێچی لە ئەمری خودا کردبوو و دەستی دابووە میوەی قەدەغەکراوی بەهەشت و بۆ هەمیشە لە باشترین شوێنی خوڵقاوی دەستی خودا دەرکرابوو. لای ئەو، جاری دووهەم لە جاری یەکەم کارەساتبارتر بوو، چونکە ئەم جارەیان مرۆڤ لە رووی نەزانییەوە ئەم هەڵەیەی نەکردبوو، بەڵکوو تەواو لە رووی وشیارییەوە کردبووی و هەربۆیە بۆ هەمیشە رێگای گەڕانەوەی بۆ باغی 'عەدەن' لێگیرابوو.

من لەپاش سالانی ساڵ، هەر وەک رەحە مل کورت، رستە هەمیشەییەکەیم لەبیر نەدەچووەوە. بەردەوام بیرم لێدەکردەوە. بە شێوازی جۆربەجۆر هەوڵمداوە لێکی بدەمەوە. حەزم کردووە هۆکاری ئەم رقەی ئەو بدۆزمەوە و لێی تێبگەم. سەرەتا بیرم لە خودی رستەکە کردەوە "سەرڕووت دایکی دونیایان گا!" یەکەم پرسیارم ئەوە بوو "چۆن؟" بۆ ئەوەی جوابی ئەم پرسیارەی خۆیشم وەربگرمەوە، سەرم هەڵبڕیوەو سەیری سەرڕووتەکانی دەورووبەرم و هەروەها خودی دونیایشم کردووە. هەرچیم کردووە نەمتوانیوە هەموو سەرڕووتەکان وەک نێرینەیەکی تاقانە و خاوەن یەک پەیکەر و دونیایش وەک مێینەیەک بێنمە بەرچاوم کە نێرینەکە بتوانێ ئەو کارە لەگەڵ مێینەکە بکا وا رەحە مل کورت مەبەستی بوو. بۆیە زوو وازم لەمە هێنا و چونکە بەختی ئەوەیشم هەبووە بچمە قوتابخانە و فێری 'شوبهاندن و لێکچواندن' لە بەشی ئەدەبییاتدا بم، زانیم کە ئەمە رستەیەکە ئەدەبی لە چەشنی ئەو دوو شتەی وا ئاماژەم پێدا. واتە رەحە مل کورت رێک مەبەستی ئەوە نیە کە سەرڕووتەکان بەڕاستی ئەم کارەیان لەگەڵ دونیا کردووە، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە سەرڕووت بەڵایەکیان بەسەر دونیادا هێناوە کە نەدەبوایە بیهێنن. ئەمجارە ئەو پرسیارە لە زەینمدا دروست بوو داخۆ "بەڵایەکە چییە!" بۆ ئەوەی جوابی ئەمەیش وەربگرمەوە، گەڕامەوە بۆ ئەو ساڵەی وا رەحە ئەم رستەیەی تیا دروستکرد و هەر لەوێوە دەستی کرد بە دووپاتکردنەوەی. واتە ساڵی پەنجاو حەوت. بەڵام "ساڵی پەنجاو حەوت چی روویدابوو؟" من کە ساڵی لەدایکبوونم لەپاش ساڵی پەنجاو حەوتە، لەبەرئەوەی بنەماڵەکەیشم هیچیان حەزیان بە مێژوو نیە و هەربۆیە تەواو لە رووداوەکانی جاران بێخەبەرم، چووم کتێبە مێژووییەکانم لە کتێبخانەی سەرەکی شار هێنا و کەوتمە خوێندنەوەیان. بە ئەقڵی خۆم دەبا لە مێژووی شارەکەمەوە دەست پێبکەم. بەڵام هەرچیم کرد کتێبێکم دەستنەکەوت تیایدا باسی شارەکەی من لە ساڵی پەنجاو حەوت دا بکا. بۆیە بەناچار رووم کردە ئەو کتێبانەی بەگشتی باسی مێژووی وڵاتیان دەکرد. پیایاندا گەڕام. سەرئەنجام بەم زانیاریانە گەیشتم: "راپەڕینی خەڵک لە شارەکانی ئەهواز و یەزد و جەهرۆم، دابەشبوونی حیزبی رەستاخیز بە سەر سێ باڵ دا، بوومەلەرزەی تەبەس، خۆپیشاندانی جەماوەری ئیسفەهان،... سوتانی سینەما رێکسی ئابادان، راپەڕین لە شارەکانی تری ئێران، کوشتاری مەیدانی ژاڵە لە تاران،... راگەیاندنی حکومەتی سەربازی لە شارەگەورەکان، مانگرتنی کرێکارانی کەرتی نەوت، مانگرتنی سەرتاسەری،... ، هەڵاتنی سەربازەکان لە سەربازی، راگرتنی تەواوی هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوەی وڵات، پێکدادانی چەکدارانە لەنێوان خەڵک و سوپا،... راگەیاندنی بێلایەنی سوپا و سەرئەنجام رۆیشتن و رووخانی 'شا'، شایی خەڵک."

باسی ئەوە ناکەم چەندە ئەم زانیارییانە جوڵاندیانم. من ئەگەرچی لە قوتابخانە کاتی خۆی باسی شۆڕشم لە کتێبی مێژوودا خوێندبوو، بەڵام ئیستا بوو تێدەگەیشتم لە پەنجاو حەوت دا بەڕاستی چی روویدابوو! کەواتە ئێمە پێش ئەو ساڵە جۆرێکی تر لە دەسەڵاتمان هەبووە! وەک وتم باسی ئەم بەشە ناکەم و وازی لێدێنم. دەچمەوە سەر چیرۆکی رەحە. دانیشتم و بەجوانی بیرم لە زانیارییەکان کردەوە، هەوڵمدا پەیوەندێک لەنێوان رستەکەی رەحە مل کورت و ئەم رووداوانە بدۆزمەوە. جگە لە "راپەڕین لە شارەکانی تری ئێران، هەڵاتنی سەربازەکان و شایی خەڵک" ئەوانی ترم لابرد و بیری خۆمم بەم سیانەوە خەریک کرد. چونکە هەر ئەم سیانە بوون بە جۆرێک دەمتوانی بە شارەکەی خۆمیانەوە گرێ بدەم. ئیتر تێگەیشتم لە ساڵی پەنجاو و حەوت لە شارەکەی منیش راپەڕین کراوە، سەربازەکان هەڵاتوون و دوواتر لەدووای سەرکەوتن، خەڵکی لە سەر شەقام هەڵپەڕیون و شاییان کردووە. بەڵام بە سەرسوڕمانەوە بینیم من لە هیچ کامی ئەم هەواڵانەدا، چ ئەوانەی پێوەندییان بە شارەکەی منەوە هەبوو و چ ئەوانەی نەیانبوو، بەتووش باسی سەرڕووتەکانەوە بە هیچ جۆرێک نەببووم. پرسیار ئەوە بوو رەحە بۆچی بەم سێ هەواڵەی شارەکەی من لەو ساڵەدا ناڕەحت بووە و بۆچی لەجیاتی ئەوەی باسی ئەوانە بکا، دەیگوت 'سەرڕووت'! چی بوو وای کردبوو رەحە لەجیاتی ئەم سێ هەواڵە، سەرڕووتەکانی دەبینی؟

تەنانەت رۆژێکیان چووم و وێنەکانی ئەو ساڵانەیشم بینیەوە کە شوکور زۆریان لێ پەیدا دەبوون. ماڵی خزم و دۆست پڕی ئەو عەکسانە بوون. بە جۆرەها شێواز. کە بە وردی سەیرم کردن، بینیم زۆربەی خەڵکی لەو زەمانەدا جامانەیان لەسەرە. ئەم سەر تا ئەو سەری ریزی خۆپیشاندەرەکان بە جامانە رەش و سپی دەکردەوە. بگرە لە وێنە تاکییەکانی ئەوانەی پێش ساڵی پەنجاو حەوتیش دا زۆربەی هەرە زۆریان سەرڕووت بوون و هیچیان بە سەرەوە نەبوو، کەچی لە پەنجاو حەوت بەولاوە بەشێکی یەکجار زۆریان جامانەیان لەسەرابوو!

ئەمە ئیتر تەواو منی بێ تاقەت کرد. هەستم کرد رەحە مل کورت خەریکە زوڵمێکی سەیر دەرحەق بەو خەڵکە دەکا. چونکە لە مێژوودا نەک تەنیا  ناوی سەرڕووت نەنووسرابوو، بگرە لە وێنەکانیش دا سەرڕووتەکانیش وەک خودی رەحەیان لێهاتبوو کە زۆربەی جار جامانەی بەسەرەوە بوو!

لە مێشکی دام رۆژێک بچم و راستەوخۆ لە خۆی بپرسم. بەڵام بیری ئەوەیکە منیش لەو کەسانە بووم رەحە رقی لێیان بوو (نازانم بۆچی خۆمم لە خانەی ئەو جۆرە کەسانەدا دەبینییەوە)، وازم لەم بیرە هێنا و بۆیە دیسان پرسیارێکی ترم دانا "لەو ساڵەدا چی گۆڕا وا رەحە قەڵس و تووڕەیە؟" لەدووای بەسەرکردنەوەی دووبارەی رووداوەکان زانیم کە ئەهاااا، رەحە لە رۆیشتنی 'شا' تووڕە بوو! بەم کەشف و دۆزینەوەیەی خۆم ئەوەندە خۆشحاڵ بووم، نەبێتەوە. هەستامە سەرپێ و بە پلکە لێدان کەوتمە سەمایەکی کورت خایەن. بۆ ئەوەی تەواو حاڵ و هەوای سەمایش بمگرێ، گۆرانییەکی فارسیشم لەژێر لێوی خۆمەوە چڕی، لە گۆرانییە قەدەغەکراوەکانی گۆرانی بێژەکانی دەرەوەی وڵات. کە دانیشتمەوە، بە خۆمم گوت "بەڕاستی نەمدەزانی رەحە مل کورت ئەوەندە سیاسی و ئەوەندە زیرەکە! وەرە هەموو مێژوو و بەرهەمی یەک قۆناغی گرینگ، ئاوەها لە رستەیەکی شوبهێندراو و ئەدەبی دا کۆبکەیتەوە و بەو شەقامانەدا بگەڕێی و بەکەیفی خۆت بیڵێیتەوە بە بێ ئەوەی یەک کەس بەتایبەت سیخوڕەکان بتوانن بەربینگت پێ بگرن!... هەی ئافەرین رەحە،... هەی ئافەرین!"

***

لەو رۆژەوە من سەرسامی ڕەحەم و خواخوامە بە تووشییەوە بم. بە تایبەت کاتێک شتێک روودەدا، کاتێک قەڵس دەبێ، دەنگ هەڵدەبڕێ، باسی سەرڕووت دەکا و رستە بەناوبانگەکەی بە هاوت و هاوار دەڵێتەوە. بە خۆشییەوە زۆر جار بە هۆی بچوکیی شارەکەمانەوە و گەڕیدەیی ڕەحەوە کە هەمیشە خەریکی پارەکۆکردنەوە بۆ دروستکردنی مزگەوتە، بەتووشییەوە دەبم.

بەڵام ماوەیەکە رەحە مل کورت لەمە گەیشتووە، دەزانێ من بە شوێنیەوەم. دەزانێ بە پێچەوانەی ئەوانی تر نیگاکانی من جۆرێکی ترن. بەڵام ڕەحە وادیارە ئەمجارەیش خراپ تێگەیشتووە. بۆیە ئیستاکە پێش ئەوەی دەنگ هەڵبڕی و باسی سەرڕووت بکا، جوان جوان لە دەورووبەری دەڕوانێ. گەر من لەوێ بم ئەوا بێدەنگ دەبێ و هیچ ناڵێ، گەر لەوێیش نەبم رستە بەناوبانگەکەی خۆی بە ئەسپایی و لەژێر لێوەکانی دەڵێتەوە.

منیش سەرەڕای ئەوەی پێم وایە سەرئەنجام لەوە گەیشتووم کە مەبەستی رەحە لە گوتنی ئەم رستەیەی چییە، بەڵام دیسان لە شوێنێک لە دەروونمدا یەکجار نادڵنیام. راستییەکەی ئەوەیە من ئیستایش نەمزانی مەبەستی رەحە مل کورت لە سەرڕووت و پێوەندیی بە رووداوەکانی ساڵی پەنجاو حەوت و ساڵەکانی دووای ئەو ساڵەوە چییە.

رازێکی نەکراوە، ئەگەرچی دەبیستم خەڵکی بە خۆشییەوە باسی ئەوە دەکەن کە رەحە وازی لە رستە بەناوبانگەکەی هێناوە و زیاتر لەجاران خووی داوەتە خزمەتکردنی مزگەوت.

 

 Bilderesultat for ‫روشنفکران‬‎

 

 

گەڕان بۆ بابەت