بابی ئاگری
من ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا ده‌قی ئه‌فریقانامه‌م خوێنده‌وه‌و وه‌کو بابه‌ت؛ راسته شاعیرانی تر لایان لێ نه‌کردووه‌ته‌وه، وه‌لێ ته‌نیا دۆزینه‌وه‌ی جوگرافی و سه‌فه‌ری خێرای تیۆریی نابێته سه‌نگی مه‌حه‌ك و ماف پێدانی ده‌یان وڵات به هه‌موو بزه‌و گریانه‌کانیانه‌وه‌و پاشان دروستکردنی شتێکی جیا له‌و شوێنگه جوگرافیا‌و که‌لچه‌رانه‌وه.
ئافه‌رین پێشه‌وا کاکەیی
بابی ئاگری
شۆڕشی مه‌عریفی هیچ کۆت و سنوورێك ناناسێت، باز به سه‌ر هه‌موو نه‌خشه جوگرافیا ده‌سکرده‌کانیشدا ده‌دات، جارانێكیش ره‌نگه بکه‌وێته جه‌نگه‌وه له‌گه‌ڵ جازبییه‌تی ماتریاڵداو کاتێك خه‌ڵکانێك شه‌و و رۆژ ده‌خه‌نه سه‌ریه‌ك بۆ کۆکردنه‌وه‌ی پۆڵ، که‌سی رۆشنفکر له هه‌وڵدا بێت بۆ جوڵاندنی بازنه‌ی مه‌عریفه‌و دنیای میتافیزیك، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش بێت ره‌نگه جارانێك که‌سانی ماتریالیست گاڵته به هزری ئه‌و که‌سانه بکه‌ن و به دواکه‌وتوویان له قه‌ڵه‌م بده‌ن له ره‌وتی ژیان، چونکه پاره‌دار نین و به پێوانه‌ی ئه‌وان خه‌میان دنیا‌و پوڵ و بریقوباقی رووکه‌شی ژیان نیه، به‌ڵکو له‌بری ئه‌وه هه‌ندێك جار ئه‌و ده‌سمایه‌ش هه‌یانه سه‌رفی ده‌که‌ن له‌و پێناوه‌دا، بۆ نموونه بۆ کتێب چاپکردن، یان گه‌ڕان و کڕینی سه‌رچاوه‌کان، کات به‌سه‌ربردن به خوێندنه‌وه‌و... هتد.
پێشه‌وا کاکه‌یی و چه‌ندان قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی تری وه‌کو سه‌باح ره‌نجده‌رو ده‌یانی تر، شیعر بووه‌ته عه‌شقیان، ره‌نگه راستم گوتبێت ته‌نانه‌ت عه‌شقی ئه‌وان له شیعریشدا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی شیعره‌کانیانه نه‌ك لاواندنه‌وه‌ی عاشق، چونکه ئه‌سته‌مه له‌م زه‌مه‌نه‌دا دڵی شاعیر له لایه‌ن که‌سانی تێنه‌گه‌شتووه‌وه راگیر بکرێت. پێشه‌وا کاکه‌یی که ماندوو بوو و له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆی چوو بۆ سه‌رده‌شت بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی خۆی به پارچه‌یه‌کی تری کوردستان، هه‌رچه‌نده له شوێنگه‌ی نیشته‌جێبوونی خۆشی دوور یان نزیك بێت، ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنێت که تا چه‌ند ئه‌م مرۆڤه شه‌یدای وشه‌و شیعر بووه؟ تا چه‌ندێك له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی و له‌م پێناوه‌شدا ماندوو ده‌بێت و بیری نوێ دێت به مێشکیدا که که‌سانێکی تر بیریان لێ نه‌کردووه‌ته‌وه. چه‌ند حه‌ز ده‌کات ده‌نگی ناخ و داهێنانه‌کانی بدات به گوێی هه‌موواندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت گوێم لێ‌بگرن بزانه چیم نووسیوه؟ گه‌ر پێشه‌وا کاکه‌یی بۆ نموونه چاوه‌ڕوانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری یان کۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی کورد بووایه، که له‌وێ سه‌وزه‌و لێره‌ش زه‌رده، ئه‌وا ده‌بوو بێ شێو سه‌ری بنایه‌ته‌وه، چونکه ئه‌و ده‌زگایانه نه‌ك گیانی داهێنانیان تێدا ده‌مرێت، به‌ڵکو که‌سانێکی به‌رژه‌وه‌ندیخوازی سیاسی سه‌روده‌ری لێ ده‌که‌ن و خزمه‌تی ئه‌وانیش ده‌کات.
من ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا ده‌قی ئه‌فریقانامه‌م خوێنده‌وه‌و وه‌کو بابه‌ت؛ راسته شاعیرانی تر لایان لێ نه‌کردووه‌ته‌وه، وه‌لێ ته‌نیا دۆزینه‌وه‌ی جوگرافی و سه‌فه‌ری خێرای تیۆریی نابێته سه‌نگی مه‌حه‌ك و ماف پێدانی ده‌یان وڵات به هه‌موو بزه‌و گریانه‌کانیانه‌وه‌و پاشان دروستکردنی شتێکی جیا له‌و شوێنگه جوگرافیا‌و که‌لچه‌رانه‌وه، من قسه‌م له‌سه‌ر خودی ده‌قه‌که نییه، هێنده‌ی قسه‌م له بزاوت و به‌رهه‌م و بیرۆکه داهێنه‌ره‌کانی پێشه‌وا کاکه‌ییدایه.
نازانم له خۆمان پرسیوه، ژماره‌ی شاعیره‌کانمان چه‌ندن؟ ئه‌وانه‌ی به‌زمانی سۆرانی شیعر ده‌هۆننه‌وه؟ و به‌راوردیان به ژماره‌ی دانیشتووان؟ پاشان جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی به شاعیر داده‌نرێن و ئه‌وانه‌ش به شیعر نووس له قه‌ڵه‌م ده‌درێن؟! بێگومان به به‌راورد به وڵاتانی تر. له‌سه‌ر ئه‌وه رێكده‌که‌وین که بڵێین ژماره‌یه‌کی زۆری شاعیرمان هه‌یه، ئه‌مه‌ش نه‌نگی نییه گه‌ر شیعره‌کان له باشیدا پێشبڕکێی یه‌کتر بکه‌ن و خوێنه‌رانی عاشقی خۆیان هه‌بێت و قوربانی به کاته‌کانیان بده‌ن له پێناو گوێگرتن و تێگه‌شتن و لێکۆڵینه‌وه‌یان، هۆیه‌کی ئه‌م زۆریی شاعیرانه‌ش ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سۆز‌و حه‌زه کپکراوه‌کان که دواجار ده‌مانکاته شاعیر، به‌ڵام هه‌مووان به شاعیری باش نامێننه‌وه‌و له‌مه‌شدا هۆکار زۆره له دانی ئه‌و بڕیاره.
ئه‌وه‌ی جێی باسکردنه ئه‌وه‌یه؛ بۆ نموونه گه‌ر 1000 یان 500 شاعیرمان هه‌بێت، ده‌بێت به نموونه له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا 50 یان 25 لێکۆڵه‌رو ره‌خنه نووسیشمان هه‌بێت، که بوار به هیچ شاعیر‌و ده‌قێك نه‌ده‌ن چ کاڵ و کرچ، یان پێگه‌شتوو بن، بێ خوێندنه‌وه‌و لێکۆڵینه‌وه‌و له‌سه‌ر نووسین! جا مه‌رج نییه هه‌ر له‌سه‌ر ده‌قی باش بنووسرێت، به‌ڵکو با له‌سه‌ر ده‌قی کاڵوکرچیش بنووسرێت که هۆکاری کاڵوکرچی چییه؟ باوه‌ڕناکه‌م چاره‌کی شاعیره‌کان ره‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نووسرابێت، که‌می ڕێژه‌ی ره‌خنه‌نووسان له‌ولاوه بوه‌ستێت، به‌شێك له‌و که‌مه ره‌خنه‌نووسه‌ش هه‌ر له خولگه‌ی چه‌ند ناوێکی دیاردا ده‌خوڵێنه‌وه، ئێدی ئایا له نه‌بوونی متمانه به‌خۆدایه یان له د‌رك پێنه‌کردنی داهێنانه شاردراوه‌کانی شاعیرانی چه‌وساوه‌و ناو ونی تردایه؟ یان له ته‌ماشاکردنی ره‌خنه‌نووسیندایه وه‌كو کاری قۆنته‌رات و ناسیاویی و به‌رژه‌وه‌ندیی؟ به‌راستی ئه‌مه بابه‌تێکی گرنگه، پێویسته بروژێنرێت، که من به هۆکارێکی سه‌ره‌کی داده‌نێم له نامۆبوونی شیعر به خوێنه‌رانی کورد، چونکه ئاستی هه‌ندێك له‌و شیعرانه‌ی بۆ شیعر ده‌نووسرێن نه‌ك بۆ ژیان هێند دووره له خوێنه‌ری ئاساییه‌وه، که پێویست به پردی پێك گه‌شتنه‌وه ده‌کات به خوێنه‌رانی ئاسایی، ئه‌و پرده‌ش له لایه‌ن ره‌خنه‌وه بنیات ده‌نرێت، جا زۆر بارێکی ته‌ندروسته گه‌ر شیعر بڵاوکرایه‌وه یان چاپ‌کرا با به‌شێکیشی لێکۆڵینه‌وه‌و شیکار بێت له لایه‌ن ره‌خنه‌نووسانه‌وه، تاکو ئه‌و بۆشاییه‌ی نێوان شاعیران و خوێنه‌ران نه‌هێڵێت، به تایبه‌تی له‌مڕۆماندا که رێژه‌ی خوێنه‌ری ته‌مه‌ڵ و که‌می خوێنه‌ران به ئاشکرا هه‌ستی پێ ده‌کرێت.