ما 7074 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

رزگار خدر امین

 

كە وایە من ئەمڕۆ دووبارە لە دایك بوومە و حەق وابوو لە بری ئاھەنگی دەرچوونم ئاھەنگی لەدایك بوونێكی قێزەون بگێڕم، لە دایك بوونێك كە بەرھەمی جووتبوونێكی ناشەرعی و نادادی كۆمەڵگایەكی وێرانە. جوتبوونی حەزێکی دوو کەس كە منێکی نەفرەتی بەرهەمیەتی.

 

 

 

ئازارەكانی دەرچوویەكی زانكۆ

 

رزگار خدر امین

ئەو چەپكە گوڵەی ئێوە لە دەستمدا دەی بینن چەپكە گوڵێكی سادە و ساكار نیە كە لە پێكھاتەیەكی نایلۆنی و تێلێكی تێپەڕ كراو بەناویدا پێك ھاتبێت. نا نا، تكاتان لێدەكەم دۆستان ئازیزان ھەروا سادە مەیبینن! ئەوە چەپكە گوڵێكی ئەفسوناوییە سیحرێك لە هەناویدا خۆی حەشارداوە و كەسێ نیە ڕاستی و دروستی ئاشكرا بكا. ئەوەی ئێوە دەی بینن بەرھەمی شانزەساڵ خوێندنە. من و زۆرینەی وەك من دوای شانزە ساڵ ئەوە بەرھەمی ڕەنج و ماندووبونمانەو جگە لەوە ھیچی تر لە دەستماندا نیە. بۆیە زۆر لام بە نرخە و حەق وایە لە ناو سنوقێكی تایبەتیدا ھەڵی بگرم، یانیش لە ناو ئینجانەیەكی ڕەشدا لە سەر پەنجەرەكە دایبنێم و دوای مردنیش لەگەڵمدا بینێژن! پێتان سەیر نەبێ ھەر كەسێك شانزە ساڵ ھەموو ھەوڵ و ماندووبونی لە شتێكدا خەرج بكا ئەگەر بەرھەمەكەی گەردێكی بچوكی بێ سودیش بێ، ھەر لای بە نرخە. دوانزە ساڵ ڕێگای مەكتەبم تەی كرد و لەو دوانزەیە شەش ساڵی لە مەكتەبێكدا خوێندم كە گشت ڕۆژەكانی زستان  پێڵاوكانم لەڕێگادا لەبەر قوڕ شوێنێكی خاوێنیان نەدەما. چەندین جار زەرفم كردوەتە پێڵاوەكانم تا بە قوڕ نەبن، دەستەكانم سەرما دەی تەزاندن و لە سەرووی ئەوەش دارو شەقازلەی مامۆستا لەولاوە بوەستێ. سێ ساڵی تر لە دواناوەندی و سێ ساڵی تر لە ئامادەی ڕامكێشا و لەدوا ساڵدا كە پۆلی ١٢ بوو ھێندەی دەساڵ ماندوی كردووم.

ئێستا لەوانەیە بڵێن ئەی عیلم و مەعریفە؟ خۆ ئەویش دەسكەوتە!

بەڵام خۆ لێرە مرۆڤ بە عیلم و مەعریفە ناژێت بەوشتە دەژی كە لە دەستی دایە.

ڕوو لە ھەر جێگایەك دەكەی سەیری دەستت دەكەن ئاخۆ چیت لەدەس دایە!

ئێستا ژیانی من پێكھاتەیەكە لە دوو بەشی یەكسان، بەشێكی ژیانم لە خوێندن خەرج كردوو دەسكەوتەكەم چەپكە گوڵێكی ئەفسوناویە. بەشەكەی تری ژیانم لە كۆمەڵگادا خەرج كردوو، ناكامڵ و كەم ئەزمون و بێ بەھرەو بێ كار ھاتمە دەرێ. ئەمێستا ھیچ كامیان ئامادەنین بۆ ڕۆژێكیش پاداشتم كەن و بم ژیێنن و گەر بشم ھەوێت ئەو دوو بەشە لەگەڵ یەكتر كۆبكەمەوە سودێكی لێ وەرگرم ھاوشێوەی دوو شەپۆلی دژ یەكتر خاڵی دەكەنەوە.

كە وایە من ئەمڕۆ دووبارە لە دایك بوومە و حەق وابوو لە بری ئاھەنگی دەرچوونم ئاھەنگی لەدایك بوونێكی قێزەون بگێڕم، لە دایك بوونێك كە بەرھەمی جووتبوونێكی ناشەرعی و نادادی كۆمەڵگایەكی وێرانە. جوتبوونی حەزێکی دوو کەس كە منێکی نەفرەتی بەرهەمیەتی.

ئێمە هەموومان وەک برینێک لە ڕوخساری کۆمەڵگاوە هەر ڕۆژە و خوێنی بێ ئاگاییمان لێ دەچۆڕێت.

خوێندن ئەو سەرابە هەڵخەڵەتێنەرەیە هەر ئەڕۆیت و دەستت پێی ناگات، لە و دەریا فراوانە ئەچێت تۆسقاڵێک تینوێتی ناڕەوێنێتەوە.

ئێمە ئەزانین کۆتاییمان چۆنە، هەر خۆمان نا، ڕۆژێک دێت مرۆ یەکیتر وەک خۆمان فڕێی دەدەینە فەزای کۆمەڵگاوە و دووبارە گلەییەکانی من، نەفرەتەکانی من کاوێژ ئەکاتەوە. ئیتر ژیان بەم برینەوە درێژ درێژ ئەبێتەوە.

 

 Image result for arbeidsløs kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت