ما 3637 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

                                       

پشتیوان هەڵەبجەیی

ئاوێتەبونى دەستى ئەو دوو مرۆڤە مستەفایى گەڕانەوە بۆ سەرەتاى حیکایەتەکە، بۆ ئەو سەرەتایەیەیى کەهیچ لەعیشق نەئەگەشتن و وەک دوو منداڵى بزێو یاریان بەعیشق ئەکردوو عیشق یارى پێئەکردن، ئەوى گەڕانەوە بۆ ئەو سەرەتایەى کە تەنها لەحیکایەتەکانى داپیرەوە حیکایەتە ئەوینداریەکانى بەرگوێ کەوتبوو ئەگینا هیچى لەبارەى عیشقەوە نەئەزانى.

 

 

لێک ئاڵانى پەنجەکان             

پشتیوان هەڵەبجەیی

کە مستەفا ئەو بەیانیە کە لەماڵ هاتە دەرێ جیاواز لەگشت بەیانیەکانى دى، بەنیاز نەبوو  بچێ بۆ سەر کارەکەى، بەڵکو ئەیویست بۆ ڕاپەڕاندنى هەندێ کارى یاسایى بچێت بۆ شارۆچکە کۆنەکەى خۆیان. گەرچى مستەفا لەوەتى ئەو شارەى بەجێهێشتبوو هەرگیز نەیئەویست بگەڕێتەوە ناوى. ئەو بەکۆژانێ خەم و فرمیًسکەوە شارى لەدایک بونى بەجێهێشتبوو هەرگیز نەیئەویست بگەڕێتەوە، کەچى هەندێ جار بۆ هەندێ کارى ناچار بوو بگەڕێتەوە، بەڵام  لەدوایى هەموو گەڕانەوەیەکى خانمى خێزانى وەک تاوانبارێک لێپرسینەوەى لەگەڵ ئەکرد. ئاخر خانم ناهەقى نەبوو ئەو هەمیشە کە لەو شارۆچکەیە ئەگەڕایەوە ئەتگوت ئەهریمەن دەستى لێوەشاندووە. بەجۆرێ ئەگۆڕا ئەتتوانى هەزار سوێند بخۆى کە مستەفا نیە، ئەو بەیانیەش بەر لەوەى سوارى پاسى ناو شار ببێت هەستى ئەکرد هێدى هێدى تەمتومانێکى فیراق لەسەر ڕۆحى ئەنیشێ، تەمتومانێک کە ئازارى چارەکە سەدەیەکى لەگەڵ خۆى هێنا بوو، تەمتومانێک کەحیکایەتى عیشقى مناڵى وەبیر مستەفا ئەهێنایەوەو مستەفاى ئەگەڕانەوە بۆ کوچە قوڕینەکانى مناڵى و  بۆ زەمەنى ئەو حیکایەتەى کە هەمیشە ئەو خۆى لێ ئەشاردەوە کەچى هەرگیز نەیئەتوانى ساتێ خۆى لێ بدزێتەوە، ئەو تەنانەت لەسیمایى خانمى خێزانیشیدا، سیماو پێکەنینەکانى گەلاوێژى ئەبینى گەلاوێژ ئەو کچەى کە چیرۆکى عیشقێکى سەیر لەگەڵیا ژیابوو گەرچى خانم کەمێ هەستى بەمستەفا کرد بوو ئەو هەر لە بەیەک گەیشتنەوە هەستى بەبۆشاییەک کردبوو، بەڵام هەرگیز زاتى ئەوەى نەئەکرد لەمستەفا بپرسێ هەمیشە لە وەڵامەکەى ئەترسا.

مستەفا هەندێ خوى سەیرى هەبوو کە خانمى توشى گومان و سەرسوڕمان کرد بوو، ئەو گەرچى نیوو سەدە تەمەنى بەڕێ کردبوو بەڵام هەمیشە چێژى لەوە ئەبینى بەسەر شەقامەکانەوە تەماشایى دیمەنى ڕۆمانسى گۆڕینەوەى عیشقى کوڕ و کچە ئەویندارەکانى شار بکات، ئەو کە بەمنداڵى چیرۆکی عیشقێکى سەیر ژیا بوو لەبرى خەمبارى بەختەوەر ئەبوو بەو دیمەنانە، ئەو هیچ دیمەنێکى نە ئەگۆڕیەوە بەدیمەنى لێک ئاڵانى پەنجەکان، ئەو کەدەستى خۆشەویستى خۆى بەر دەستى موحیبەتى مەعشوقەکەى نەکەوتبوو وە نەیتوانى بوو بگاتە سیحرى دەستى ئەو کچەى کەتامەزرۆى بوو، هەمیشە ئەیگوت لوتکەى بەختەوەرى لێک ئاڵانى پەنجەکانە، ئەوکاتەیە کەدەستى عاشق ئاوێزانى دەستى مەعشوق ئەبێت و نیگاکان لەچاوى یەکدا ئەتوێنەوە.

ئەو هەر لەجامى پاسەکەوە نیگایى بەشەقامەکەدا شۆڕ کردبوویەوە و بەدواى دیمەنێکى ئەوینداریا ئەگەڕا تا لەو بەیانیە گەرمەى هاوینا ئاهێکى فێنک بەدڵیا بهێنێ.

 ئەو وەک پیاوە چاو برسیەکانى ئێرە نەبوو چاوو لەکیژە پاکیزەکانى شارببڕێت و بەچاوى شەهوەتەوە لەپیرۆزیان بڕوانێت ئەو جگە لەگەلاوێژ و خانمى خێزانى کچانى دونیایى بەکەسى موحرەمى خۆى ئەزانى و بەخیانەتى ئەزانى کە نیگاى حەزى لەسیمایى کیژێکدا خاڵى کاتەوە، ئەو هەرگیز ئیرەیى بەکەس نەئەبرد و جوانى و قەشەنگى هیچ کچێ بەلایەوە گرنگ نەبوو، هەرگیز سەرنجى لەقەد وباڵا و چاوو و ئەبرۆى کیژانى شار نەئەبڕى ئەو تەنها بەکامێرایى چاوەکانى وێنەى لێک ئاڵانى پەنجەى عاشق و مەعشوقەکانى ئەگرت و نیگارى ئەو دەستانەى کۆ ئەکردەوە کەپەنجەکانیان وەک مارى عاشق لێک ئەئاڵان

مستەفا خۆى ئازارى لێک نەئاڵانى پەنجەى خۆیى و گەلاوێژى چەشتبوو، هەستى بەو ئازارە ئەکرد کەلەجیابوونەوەى پەنجەکاندا توشى مرۆڤ دێت حەزى ئەکرد دەستى موحیبەتى گشت خەڵکى شار لە دەستى یەکدیدا ببینێ ، ئەو بەلێک ئاڵانى پەنجەى گەنجانى شار ئەگەیشتە لوتکەى بەختەوەرى ، ئەو گەرچى پیاوێکى زۆر ووشیار نەبوو گەرچى لەتەمەنیدا ووشەیەکى لەسەر عیشق و خۆشەویستى نەخوێندبویەوە بەڵام خۆشەویستى گەلاوێژ و حیکایەتى عیشقى مندڵى کردبویان بەعاشق ترین پیاو بەجۆرێک کەهەمیشە بەکوڕ و کچە پێگەشتوەکانى خۆى ئەگوت ژیان بریتیە لەخۆشەویستیەک کەهەندێ جار بەسەرماندا تێئەپەڕێت و ئێمە هەستى پێناکەین کەچى دواجار هەر ئەو عیشقە ئەبێتە خۆرەکەى ڕۆحمان، ئەیگوت بەختەوەرى تەنها لەئاوێتەبونى دەستى ئەوینداریایە، تەنها لەلێک ئاڵانى پەنجەکاندایە ، تەنها لەپێکەنینى لێوى عاشقاندایە

بەڵام منداڵەکانى مستەفا زۆر لە ووشە ئەوینداریەکانى باوکیان حاڵى نەئەبون، چونکە باوکیان ئەو خۆشەویستیە گەورەیەیى کەباسى لێوە ئەکرد بەکەسى نەئەبەخشى و حیکایەتى ئەو ووشە ئەوینداریانەشى بۆ کەس نەئەگێڕایەوە، هەمیشە پیاو بون و گەورەیى پیاو بون ڕێگایان نەئەدا ووشەیەک لەو بارەوە بڵێت، هەمیشە سەرنجەکانیشى بۆ لێک ئاڵانى پەنجەکان لاى خانم جێگاى گومان بون، هەمیشە نیگاى بۆ دیمەنى ئەویندارى ئەگێڕا بەڵام ئەو بەیانیە پاسى ناوشار نیوەى ڕێگاکەى بڕى بوو هەنوس مستەفا چاوى بەلێک ئاڵانى چوار پەنجە نەکەوتبوو ، هێدى هێدى خەریک بوو گرژى ئەکەوتە نێو چەوانى و واى هەست ئەکرد شەقامەکانى شار خاڵى خاڵین لەعیشق و پەنجەکان لەیەکدى تۆراون ، لەبەر خۆیەوە ئەیگوت کارەساتە ڕق جێگاى خۆشەویستى بگرێتەوە ، نابێت عاشقان ماندوو ببن لەگوشینى پەنجەى یەکدى و بەشەقامەکاندا بەجیا هەنگاو بنێن ، ناکرێت عاشق و مەعشوق لەیەک جیاببنەوە کە ئەوان لەئەزەلەوە یەک شتن ، لەبەرخۆیەوە ئەیگوت چۆن ئەبێت نیوەى شارت تێپەڕاندبێت و چوارپەنجەى لێک ئاڵاو نەبینیت

مستەفا لەترسى ئەوەى چیدى لێک ئاڵانى پەنجەکان و ئاوێزان بونى نیگاى ئەوینداران نەبینێت کەوتبوویە سەر ئارەقەى ترس و لەناو  گومانى مردنى خۆشەویستیدا غەرق بوو بوو ، لەپڕ پاسەکە لە دواین وێستگەدا وەستا، ئەدى ئەبوو مستەفا لەوێوە بگاتە نەقڵیاتى گشتى و سوارى پاسى شارۆچکەکەى خۆى ببێت ، گەرچى مستەفا هەوڵى زۆرى دابوو کە خانم لەبرى خۆى بنێرێت بەڵام خانم گوتبووى ئەوکارانە کارى پیاوانن ، خانم نەیئەزانى کەمستەفا نایەوێت بگەڕێتەوە باوەشى یادگاریەکانى منداڵى و کوچە ڕەنگاڵییەکانى ڕابردوو، خانم ئاگایى لەحیکایەتى عیشقى منداڵى نەبوو ئەگینا بۆ هەموو ئەو کارانە خۆى ئەچوو.

مستەفا ئەو بەیانیە کەسوارى پاسى شارۆچکەکە بوو هێندە بەنیگەرانیەوە هەنگاوى ئەهاویشت ئەتگوت سوارى پاسى جەهەنەم ئەبێت ، هێندە بەنیگەرانیشەوە دانیشتبوو حەزى ئەکرد ئەو پاسە هەرگیز پڕ نەبێت بەڵام هێندەى نەبرد ژن و پیاوێک بەرەو ڕوى پاسەکە هاتن لەگەڵ نزیک بونەوەشیاندا دیمەنى لێک ئاڵانى دەستەکانیان سەرنجى مستەفاى ڕاکێشا، ئەوە یەکەم جار بوو مستەفا بەو جۆرە سەرسامانە لەدیمەنى لێک ئاڵانى پەنجەکان بڕوانێت، ئەو چاوى بەدیمەنى دوو دەست کەوت کە لەئانى سوار بونى پاسیشدا وازیان لەیەک نەئەهێنا بەڵام لەوە سەیر تر چرچى سەردەستەکان بوو مستەفا هەرچەندە وورد ئەبوویەوە دوو دەستى ماندوو دیار بوون زەمەن هەندێ لۆچى لە دەستیاندا دروست کردبوو کە ئەو لۆچانە مستەفایان ناچار کرد بۆیەکەمجار کامێراى چاوەکانى لەسەر دیمەنى لێک ئاڵانى پەنجەکان بگوازێتەوە بۆسەر سیماى عاشقەکان، بەڵام بۆ ئەوەنا چێژ لەقەشەنگى سیمایان وەرگرێت و شەهوەتى نیگاى لەجوانى ئەواندا خاڵى کاتەوە  بۆ ئەوەى سیمایى ئەو دووعاشقە ببینێ و بزانێ عیشق تا چ تەمەنێ پەنجەکان لێک ئەئاڵێنێ و تا کوێ لەگەڵ مرۆڤدا هەنگاو ئەنێ، ئەو ئەیزانى عیشق تەمەن ناناسێت و پەپولەی خۆشەویستی کەلەدەرگاى دڵ ئەدا هیچ مەرجێ دانانێ و ناشڵێ تا ئەوێ لەگەڵتا دێم ، بەڵام کە سەرى هەڵبڕى وویستى تەماشایى سیمایان بکات و بزانێ عیشق لەم مەملەکەتە تاتەمەنى چەند دەستەکان لە دەستى یەکا ئەهێڵێتەوە کەچى  لەیەکەم نیگایەوە وەک ئەوەى هەڵهاتنى خۆرى لەخۆرئاواوە دیبێت بە حەپەساویەوە لەژێر لێوەوە گوتى نا نا نابێت نا نابێت ئەوە ئەو بێت نابێت ئەوە گەلاوێژ بێت ، نابێت گەلاوێژ هێندە مێردەکەى خۆش بوێت ، ئەو کەى ئاوا دەست ئەخاتە دەستیەوە ، گەلاوێژ کەى هێندە ئەوى خۆش ئەویست، ئەو خۆى ئەیگوت نامەوێ مێردى پێبکەم  هەرچەندە لەسیمایى وورد ئەبمەوە لەبەرچاوم وەک سەگ وەهایە مستەفا لەبەر خۆیەوە ئەیگوت ئاخرچۆن ئەبێت ئەم سەگە هێندە خۆشەویست بوو بێت لای گەلاوێژ کە حەزى بەمەرگ ئەکرد حەزی نەئەکرد مێردی پێبکات تەنانەت بەر لەگواستنەوەى دووجار هەوڵى خۆکوشتنی دابوو ئاخر ژنێ مەرگی لەپیاوێ خۆشتر ویسبێ چۆن ئاوای لێ دێ کەلەئانی سواربونی پاسیشدا ئامادە نەبێت دەستی لەدەستیا دەربهێنێ مستەفا لەحەپەساندا بەئەستەم ئەیتوانی هەناسە هەڵکێشێ جارێکى تریش تەماشای کردەوە دڵنیابوو کەئەوە خۆیەتى گەلاوێژە لەگەڵ سالحى مێردیا بەنیازن بۆ شارۆچکەکە بڕۆنەوە دڵنیا بوو کەئەوە ئەو گەلاوێژەیە کەپێکەوە حیکایەتى عیشقێکى جوان ژیا بون و دەیان ساڵ بەر لەئێستا شەیدا ترین عاشقى یەک بوون مستەفا دڵنیا بوو کەگومانى تیانیە ئەوە خۆَیەتى ئەو دەیان ساڵ ئەبوو دیمەنى گەشى چاوەکانى گەلاوێژى لەقوڵایى چاوى خۆیا هەڵگرتبوو هەنوس مۆسیقاى سەداى دەنگى گەلاوێژ لەسەریا دەنگى ئەدایەوە ، ئەو تەنانەت هەنگاوەکانیشى ئەناسیەوە و ئەیزانى گەلاوێژ چەندە بەنەرمى هەنگاو هەڵەهێنێ ئەو هەزاران بەیانى سۆزى نیگاى لەسیحرى چاوەکانى گەلاوێژدا خاڵى کردبویەوەو بەسەداى دەنگى ڕاچەنى بوو.

ئەو دەست و پەنجە لێک ئاڵاوانەى گەلاوێژ و ساڵح مستەفاى گەڕانەوە بۆ سەردەمى خوێندنى سەرەتایى و حیکایەتى عیشقى منداڵى، ئەو حیکایەتەى کە هەمیشە ئەم خۆى لێ ئەشاردەوە کەچى ئەو هەرگیز خۆى لەمستەفا وون نەئەکرد، لێک ئاڵانى پەنجەکانیان مستەفاى گەڕانەوە بۆ زەمەنى ئەو بەیانیانەى کە بەهەستى منداڵێکى ئەویندارەوە هەمیشە کاتژمێرێک بەرلە دەوامى خوێندنگا، لەبەردەم دەرگاکەدا چاوەڕوانى ئەوى ئەکرد کەچى هیچ بەیانیەک گەلاوێژ تەنهایى چاوەڕوانیەکەى مستەفاى پڕ نەکردەوە، گەلاوێژ هەمیشە لەئانى کردنەوەى دەرگاى خوێندنگادا ئەگەیشت ، بەجۆرێک کەهیچ بەیانیەک مەجالى ووشەیەکى بۆ مستەفا نەئەهێشتەوە، مستەفا چەندین ساڵ بەو ئومێدەوە ئەژیا کە کاتژمێرێک کات لەودیوو تەلبەندى خوێندنگادا لەگەڵ گەلاوێژ بەسەر بەرێت.

ئاوێتەبونى دەستى ئەو دوو مرۆڤە مستەفایى گەڕانەوە بۆ سەرەتاى حیکایەتەکە ، بۆ ئەو سەرەتایەیەیى کەهیچ لەعیشق نەئەگەشتن و وەک دوو منداڵى بزێوو یاریان بەعیشق ئەکردوو عیشق یارى پێئەکردن ، ئەوى گەڕانەوە بۆ ئەو سەرەتایەى کە تەنها لەحیکایەتەکانى داپیرەوە حیکایەتە ئەوینداریەکانى بەرگوێ کەوتبوو ئەگینا هیچى لەبارەى عیشقەوە نەئەزانى ، بەڵام کە هەمیشە داپیرە بەهەستەوە ئەچوە ناو حیکایەتەکان و باسى زەلیلى عاشقە دۆڕاوەکانى ئەگێڕایەوە ئەم بەبێ وویستى خۆى بۆیان ئەگریا و خەمى بۆ ئەو عاشقانە ئەخوارد کە دواجار نەیان ئەتوانى ئەژدیهاى دێهاتەکە بکوژن و لەگرەوى خۆشەویستیدا ئەدۆڕان ، مستەفا هەمیشە دوایى ئەوەى کە نەنەگیان لەحیکایەتەکەى ئەبوویەوە ئەیگوت نەنە عاشقان دوایى دۆڕان بۆکوێ ئەچن ، نەنەش بەلاقرتێوە ئەیگوت ئەوەى لەخۆشەویستیدا بدۆڕێت چیدى شایەنى ئەوە نیە لەحیکایەتەکاندا بمێنێتەوە من ئەیانکەمە دەرەوە ئیدى بۆکوێ ئەچن بابچن، ئەوو هەمیشە کەگوێى لەحیکایەتەکانى داپیرە ئەگرت دونیایەک ترس لەڕۆحى ئەنیشت ، ترس لەعیشق ترس لەگەورە بون ترس لەدۆڕان، ئاخر هیچ حیکایەتێکى داپیرە بەبێ عیشق کۆتایى نەئەهات هیچ خۆشەویستیەکى نێو حیکایەتەکانى داپیرە بەبێ ململانێ و دۆڕان کۆتایى نەئەهات و هەموو دۆڕاوەکانیش ئەبوونە مرۆڤى قوربانى ، مستەفا هەمیشە ئەترسا گەورە بێت و ببێتە عاشقێکى و دۆڕا و لەحیکایەتى داپیرەیەکدا بکرێتە دەرەوە، گشت عاشقە دۆڕاوەکانى نێو حیکایەتەکانى داپیرە هەموو مرۆڤى گەورەبوون، داپیرە هەرگیز حیکایەتێکى نەئەگێڕایەوە کە قارەمانەکەى عاشقێکى مناڵ بێت.

 کەچى مستەفا و گەلاوێژ زۆر زوو عاشقى یەک بوون ئەوان بەر لەوەى بگەنە ئەو تەمەنەى کەداپیرە حەوسەڵەى هەبێت لە حیکایەتێکدا جێگایان بکاتەوە ، زەمەن کردنى بە عاشقى یەکدى و لەبرى یارى خۆشەویستیان ئەگۆڕیەوە.

مستەفا هەر لەو بەیانیەوە عاشق بوو  کە ئەم بەدەستى دایکى یەوە و گەلاوێژ بەدەستى باوکیەوە داغڵى خوێندنگا کران ، ئەو کە لەیەکەمین نیگادا گەلاوێژى بینى هەستى بەناسکى و میهرەبانیەکەى کرد گەلاوێژ لەگشت ئەو کچانە جوانتر بوو کە مستەفاى مناڵ تا ئەو بەیانیە بینى بووى ، گەلاوێژ جوتێ چاوى گەورەى ڕونى هەبوو کە ئەتگوت مرواریە ، تیایدا هەست بەسۆزو خۆشەویستیەکى گەورە  ئەکرا دوو پەلکەى زەردى درێژى بەسەر شانیا شۆڕ کردبوویەوە کەهێندەى کە ڕەونەقیان پێدابوو لەگەڵ جوتێ کوڵمى سورى دەرپەڕیوو کەبەسەر چەناگەیەکى چاڵدا شۆڕ ببویەوە ، مستەفا هەر لەو بەیانیەوە ئەیویست بەهەر نرخێ بووە لەگەلاوێژ نزیک بێتەوە ، ئەیویست بیدوێنێ ، ئەیویست دەستە خرپنەکانى بگرێت و یارى لەگەڵ بکات و ئاوێزانى میهرەبانیەکەى ببێت ، بەڵام ئەو کوڕێکى هێندە ناسک نەبوو بتوانێ لەکیژێکى میهرەبان نزیک بێتەوە ، ئەو هیچ سۆزو میهرێ لەچاوەکانیا هەستى پێ نەئەکرا  و هیچ لەیاساکانى یارى کردنى نەئەزانى، ئەو لەحیکایەتێکى جیاوازەوە هاتبوو کەس فێرى شکۆفەى پێکەنین و گەمەى منداڵى نەکردبوو ، لەبەر ئەوە هیچى لەیاریەکانى گەلاوێژ نەئەزانى و نەیئەتوانى بەزەردەخەنەوە یاریەکى منداڵى لەگەڵ بکات ، ئەو لەشانۆگەریەکى ووشکەوە گەشتبویە بەردەمى گەلاوێژ و نەیئەزانى گەلاوێژ حەزى بەچ یاریەکە ، کەچى ئەیویست بەشێوازى خۆى لێى نزیک بێتەوە ، ئەو تەنها یاساکانى داگیرکارى ئەزانى ، تەنها ئەیزانى شەڕى لەگەڵ بکات، لەبرى یارى هەموو ڕۆژێک شەڕێکى لەگەڵ ئەکرد بەو شەڕانەى ئەیویست بۆى بسەلمێنێ کەلەگشت مناڵەکانى کە بەهێزترە و ئەتوانێ داگیرى بکات کەچى گەلاوێژ لەدونیایەکى جونتر لەدونیاکەى مستەفاوە هاتبوو  کچێکى پڕ پڕ لە بەرائەت بوو لەگێچەڵى شەڕەکانى ئەم حاڵى نەئەبوو هەمیشە ئەیویست بۆى بسەلمێنێ کە کچێکى پڕ لە میهرەبانیە وەڵامى شەڕەکانى مستەفاى نەئەدایەوە  ئەو هەرچى ئەکرد ئەم هەر لەسەر یاریەکانى خۆى بەردەوام بوو تاواى لێهات بەیانیەک وەک هەموو بەیانیەکانى دى مستەفا لە گێچەڵێکى نوێ ئەگەڕا ئەو بەیانیە شەڕێکى توندى لەگەڵ کرد شەڕێک کەدواجار عیشقێکى سەیرى لێکەوتەوە.

ئەو بەیانیە چیدى گەلاوێژ لەتاقەتیا نەما و لاى مامۆستا شیرین شکایەتى لێ کرد بەڵام مامۆستا شیرین لەبرى ئەوەى سزاى مستەفا  بدات ئاشتى کردنەوە  و گوتى ئەبێت تەوقەى ئاشت بونەوە بکەن ، ئەم ئاشت بونەوەیە واى لەمستەفا کرد کە ڕۆژانە زیاتر شەڕى پێ بفرۆشێت ، تا مامۆستا شیرین ئاشتیان کاتەوە، ئەو زۆر مەراقى بوو لێى نزیک بێتەوە  گشت شەڕەکانى شەڕى خۆشەویستى بون بەڵام لاى گەلاوێژ لەبرى خۆشەویستى ڕق دروست بوو بوو، ئەو هەمیشە لەمستەفا هەڵئەهات ، مستەفاش بەمە شێت گیر ئەبوو تا دەهات زیاتر گێچەڵ و شەڕى پێئەگێڕا، گەلاوێژیش هێدى هێدى هیلاک ئەبوو چیدى تواناى هەڵهاتن و وەڵام دانەوەى نەما بوو، ئیدى بەیانیەک گەلاوێژ بڕیارى دا کۆتایى بەشەڕەکانى مستەفا بهێنێ ، ئەو بەیانیە وەڵامى هیچ گێچەڵێکى مستەفاى نەدایەوە، هیچ شەڕێکى لێ نەکڕى، گوێى بۆ هیچ لاقرتێیەکى نەگرت، هەرچەندە قایشى جانتاکەى ڕاکێشا، هەرچەندە شەقى لەمووروەکانى هەڵدا و خەتى خەتخەتێنەکەى کوژانەوە هەرچەندە پەلکە ئاڵتونیەکانى ڕاکێشا، گەلاوێژ بەهیچ شێوەیەک وەڵامى نەدایەوە، بەڵام بۆ ئەوەى شەڕى لەبیر بەرێتەوە گوتى مستەفا بۆ نایەیت ئەمڕۆ یارى بکەین ئەم شەڕانەى تۆ هەراسانم ئەکەن ، مستەفا هەمیشە ئەیویست یارى لەگەڵ بکات ئەو لە ئەزەلەوە ئەیویست لێى نزیک بێتەوە بەڵام لەبەر ئەوەى لەیاساکانى یارى کردنى نەئەزانى و نەیئەتوانى تێکەڵى یاریەکانى گەلاوێژ بێت  لەبرى یارى شەڕى پێ ئەفرۆشت ، ئەو لەحیکایەتێکەوە هاتبوو خاڵى خاڵى بوو لەیارى و کەوتبویە ئەودیوى کوچەى شادیەوە ، ئەو کەس فێرى ئایەتەکانى موحیبەتى نەکردبوو  ، ئەتگوت بەپیرى لەدایک بووە ، ئەو هەر لە لانکەدا پێیان گوتبوو ئەبێت پیاو بیت  تۆ پیاوى بنەماڵەى ، تۆ پیاوى عەشیرەتى ، پیاو نابێت یارى بکات ، ئەو بەرلەوەى تێر لەیاریەکانى فیرناسى منداڵى بخوات منداڵیان لێدزى بوو ، لەبرى بەرائەتى منداڵى سیمایى پیاوێکى گرژیان پێ فرۆشتبوو ، پیاوێک کە خاڵى لەگشت پیرۆزیەکان ، خاڵى لەشادى خاڵى لەیارى خاڵى لەجوانیەکانى رۆحى منداڵى.

بەڵام  ئەو ڕۆژە گەلاوێژ لەبرى شەڕ فێرى یاریەکى منداڵى کرد ، فێرى کرد چۆن لەبرى شەڕ چێژ لەشکۆفەى یارى کردن ببینێ، ئەو بەیانیە گەلاوێژ منداڵى گەڕانەوە بۆ ڕۆحى مستەفا و مستەفا چیدى ئەو پیاوەى لەجەستەى خۆى داماڵى کەبەزۆر کردبویانە بەرى ئەدى لەو بەیانیەوە  لەبرى شەڕکردن کەوتنە یارى کردن و گەلاوێژ هەر ڕۆژەى فێرى یاریەکى نوێى ئەکرد، بەڵام ئاگایى لەوە نەبوو بەم یاریانەى گەورەترین ڕقى خۆى بەرامبەر بە مستەفا ئەکاتە خۆشەویستى.

ئەدى یاریەکانى گەلاوێژ کۆتایى بەشەڕەکانى مستەفا هێنا و یاریەکى نوێى فێر کرد یاریەک پڕ لەعیشق، عیشقێ نەگەلاوێژ ئەیزانى بۆچى ئەیکات نەمستەفا  ئەیزانى هەتاوەکو کوێ ئەیبات، بەڵام عیشقێ نەبوو لەنیگایەکى سەر شەقامەکانەوە دروست بووبێت، عیشقێ بوو لەنیگاى هەزاران بەیانى و هەزاران شەڕەوە دروست بوو بوو، مستەفا لەناو پاسەکەدا هێدى هێدى بەیادگاریەکانى منداڵیا رۆ ئەچوو غەرقى رۆژانى حیکایەتى عیشقى منداڵى بوو بوو.

ئەو زۆرى بەلاوە سەیر بوو کە گەلاوێژ ئەو ڕقە گەو رەیەى گۆڕى بوو بۆ خۆشەویستى [لێک ئاڵانى پەنجەکان]

بەڵام ڕەنگە زەمەن و پیرى هەندێ شتى ڕابردویان لەبیرى مستەفا بردبێتەوە وا لەوێدا سەرسام بوو بە [لێک ئاڵانى پەنجەکان] یان  ئەو لەبیرى چووبوویەوە کە گەلاوێژ دەیان جار گوتبوى ڕق و خۆشەویستى جیاوازیەکى ئەوتۆیان نیە ڕەنگە هەردوکیان زادەى یەکدى بن ، ئێمە لەخۆشەویستى دا ئەکەوینە ڕقەوە و لەڕقدا خۆشەویستى تاقى ئەکەینەوە، هەندێ جار لەخۆشەویستى کەسێکدا ڕقمان لە دەیان کەسە و لە ڕق ئەستوریمان بۆ کەسێ کەسانى کەمان خۆش ئەوێ ، چ ڕق چ خۆشەویستى پێکەوە زۆر بەنزیکى لەدڵى ئێمەدان، ئێمە لەخۆشەویستیمان بۆ کەسێک ڕقمان لە هەموو ئەوانەیە بەربەست ئەخەنە ڕێگاى خۆشەویستى یەکەمان ، ئەدى گەر ئەو خۆشەویستى یە نەبوایە ئێمە ئەو رشقەمان لەکوێ هێنا ، هەتا ئەو خۆشەویستى یە نەبێت ئەو ڕقەش دروست نابێت ، رەنگە لە ئەزەلەوە ڕق زادەى خۆشەویستى بێت ، ئێمە هەموو ڕق و شەڕکردنەکانمان لەخۆشەویستى کەسێک یاشتێکدایە ، ئەوەى ئەو دوانەى نەبێت [ڕق و خۆشەویستى] مرۆڤێکى مردووە، بەڵام هەموو ئەمانەش بەدەست خۆمانە ، خۆمان ئەتوانین ڕق بگۆڕین بۆ خۆشەویستى و خۆشەویستى بکەین بەڕق ، گەلاویِژ خۆى بەمستەفاى گوتبوو مرۆڤ ڕقى لەکەس نیە و دوژمنایەتى لەگەلڕ کەس نیە ، سروشت ڕقى لەدڵى کەسماندا نەچاندووە بەبێ خۆشەویستى ، کەڕقمان لەکەسێکیش ئەبێتەوە لەبەر ئەوە نیە پێویستە ڕقمان لێى بێـت، لەبەر ئەوەیە لەیاسایى یاریەکانى ئێمە نازانێت و ناتوانێت وەکو ئێمە یارى بکات ، لەبەر ئەوەیە ئەو یارى بەشەڕ ئەکات و ئێمە بە خۆشەویستى ، لەبەر ئەوەى ڕقمان لێى نەبێتەوە ئەتوانین فێرى یاریەکانى خۆمانى بکەین ، ئەتوانین لەبرى شەڕ یاریەکى لەگەڵ بکەین ، ئەو کەسانەشى کە ڕقمان لێیان نیە و خۆشمان ئەوێن، هى ئەوە نیە سروشت خۆشەویستى کردوون لەدڵماندا ، هى ئەوە نیە لە ئەزەلەوە خۆشمان وویستون، بەڵکو هى ئەوەیە ئەتوانن بەخێرایى فێرى یاریەکانمان بن و بەئاوازى شمشاڵەکەى ئێمە سەما بکەن ، هى ئەوەیە ئەتوانن خۆیان لەگەڵ گۆرانیەکانى دڵى ئێمەدا بگونجێنن بەڵام ئێمە ئەتوانین ئەو خۆشەویستى یەش بگۆڕین بۆ ڕق ، زۆر ئاسانە ساتێ چاو داخە و ئەو یاریە بکە کەئەو ڕقى لێیەتى، ئەو ئاوازە بژەنە کە ئەو ناتوانێت سەماى پێبکات

مستەفا لەبیرى کردبوو کە گەلاوێژ هەفتەیەک بەر لە زەماوەندەکەى ،لەسەر سوچى یەکێ لەکوچەکانى شاردا پێى گوتبوو کە هیچ چارێکى لە بەردەمدا نەماوەتەوە و ئەبێت بەو شوکردنەى ڕازى بێت و دان بەخۆدابگرێت ، هەر خۆى گوتبوى ئەبێت ئەم ڕقە گەورەیەم بگۆڕم بۆ خۆشەویستى ئەگینا ڕق ئەمکوژێت ، گەلاوێژ هەرخۆى بەلاقرتێوە گوتبوى ڕەنگە ئەمە قەدەرى سروشت بێت بیەوێ گشت شتە دژ بەیەکەکان بگونجێنێ گوتبوى ئەى ئەوە نیە گەردون پڕیەتى لەشتى دژبەیەکى گونجاوو [شەوو و ڕۆژ ، خۆر و مانگ ، زەوى و ئاسمان] من و ساڵحیش ئەچینە پاڵ ئەمانە، ئەو ڕۆژە گەلاوێژ بەدەم قوڵپى گریانەوە کە مستەفا نمەى فرمێسکەکانى بۆ سڕى بوو، گوتبوى من ناتوانم لەیاساکانى پیاو یاخى بم، ناتوانم تەنانەت ووشەیەکیش لەبڕیارەکانیان بگۆڕم، هیچم لەدەست نایە ئەبێت قایل بم، لەکۆتایى ووشەکانیدا تکایى لەمستەفا کردبوو کەچیدى بیرى لێ نەکاتەوە و هەتا ئەتوانێت خۆى لێ وونکات، ئەدى مستەفا لەوێدا هێدى هێدى وەبیرى ئەکەوتەوە کەخۆى دڵنەوایى کردبوویەوە و گوتبوى عیشقى تۆ وەک دەریا وەهایە بەشى هەموو دونیا ئەکات ، ئەتوانى ئەو ڕقە لەدڵتا بکوژیت و لەجێگایدا خۆشەویستى یەکى گەورە دانێێ  گوتبوى گەلاوێژ خۆت گوتت ئەشێ ڕق ببێتە خۆشەویستى ، خۆت گوتت ئەتوانیین ئەو ئاوازە بژەنین کە ئەو حەزى لێیەتى ، خۆت گوتت ئەتوانین فێرى یاریەکانى خۆمانى بکەین تا ڕقمان لێى نەبێت ، ئەو خۆى دڵنەوایى کرد بوو گوتبوى ئەتوانى ڕقت لێى نە بێت ، ئەتوانى ڕقت بگۆڕى بۆ خۆشەویستى بە لێک ئاڵانى پەنجەکانتان

مستەفا هەنوس مەستى نێوو دەریایى یادگاریە تاڵەکانى بەرى نەدابوو پاسەکە گەیشتە شارۆچکەکە، وەختێ کە لەپاسەکەش هاتە خوارەوە ، بەدەنگێکى بەرز گوتى من گوتم لێک ئاڵانى پەنجەکان ڕق ئەگۆڕێ بۆ خۆشەویستى.

 گشت سەرنشینەکانى نێو پاسەکە سەریان بەرز کردەوە جگە لە گەلاوێژ.

 Related image

تێبینى/

 

خەڵاتى یەکەمى فیستیفالڕى ناوەندى رۆشنبیرى هەلڕەبجەى پیبەخشراوە سالڕى 2008

گەڕان بۆ بابەت