ما 3393 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

چەند بە دار و بار و میوەیە

ئەرێ لە بەهەشت گۆڕستان هەیە

یان وەرزەکان کامیان دەزگیرانى

کامەیانە و کامیان

فەرمانڕەوایە و تواناى پێشبینى لە خۆیدا پاشەکەوت کردووە

 

دواتاریکى

 

سەباح ڕەنجدەر

 

خوداى سەد و یەک ناو

 

ئەو درەختانەى شەڕیان لەگەڵ بەر تەواو کردووە

 

نیگاى هەمووانى لەسەرە

 

ئەو ئاوانەش کە مردوویان شووشتووە

 

لە وەڵامدانەوەى سڵاوى جوامێر و جوانەمەرگان

 

بەهرەیان وەرگرتووە و هەتاو و سرووشیان ڕژاوە

 

چەند لکە دارێکى لە ڕەگ و پژوپۆوە

 

باش ناسراو و لەگەڵ خەیاڵى خۆیان بەئاشتى ژیاو

 

لەسەر گۆڕێکى کراسى ئاسمان لەبەر کردووە داندراون

 

ڕێبوارێکى دڵپڕى گڵۆڵە لەدەست بەربووش

 

دوو نانى لەسەر کێلەکان هەڵخستووە

 

لەسەر چۆکان بەدیارییەوە دانیشتم

 

تەماشاى سەرزەمینى بەختەوەریم کرد

 

هەردوو دەست و هەردوو چاوم

 

بەتاڵ

 

بەتاڵ

 

بەتاڵ

 

بەتاڵ

 

دواى ناشتنى ئەستێرە لەناو تەم بە دەنگى تەواو تاساو و بە کوڵ و دڵ

 

داوام کرد لێمگەڕێن خانوو و بانى ئەم کراسى ئاسمان لەبەر کردووە

 

چەند بە جۆلانەى هەژاوە

 

لەناکاو دەنگى کەوتنێکى ترسناک

 

ئەم دەوروبەرەى ڕاچەناند و بەردى بن گۆمى دەرهێنا

 

ئەم دەست و ئەو دەستى ڕێگاوبانى ئەو دنیا

 

چەند بە دار و بار و میوەیە

 

ئەرێ لە بەهەشت گۆڕستان هەیە

 

یان وەرزەکان کامیان دەزگیرانى

 

کامەیانە و کامیان

 

فەرمانڕەوایە و تواناى پێشبینى لە خۆیدا پاشەکەوت کردووە

 

کێلنووس بۆنوبەرامەى ڕێگاوبانى وەرزەکان

 

دەناسێت و پێى لەناو تەشتێک ئاوى شیرتێن دێنێ و دەبات

 

بەرانبەر مانگى هەڵاتوو یان دواتاریکى

 

دەمى پڕ هاوارى کردووەتەوە

 

ڕستە لە ساماڵ و خوانى بێ دەنگ ڕاماوم بۆ کام ناو بەکاربهێنم       

 

8122012 عەباس سابیر حەسەن

 

گەرمایى دەستى لەناو دەستم ساردبووەوە

 

هەتاو تێکەڵ بەئاوبوو

 

دروود بۆ تێکەڵبوونەوە و ڕۆح چاندنەوە

 

خوێن و گۆشتیش بەخۆڵ

 

لەو ڕووداوەوە زانیم خەم سەرى تێکردووم

 

بۆم نییە لەمەوبەدوا بیر لە شەیە دارینەکەى دایکم بکەمەوە

 

پرچم تەڕبکات و بمنێرێتە بەرکار و بەرخ و ڕادوێم بە ملەوە بکات

 

یان بە دەنگى بەرز کۆترەکانى حەوشە

 

هەڵفڕێنم و بە ئەستێرەى باڵداریان بزانم

 

یانیش جووجکەکانى بۆ کۆبکەمەوە و لە کۆلارەیان بپارێزم

 

مریشکەکانیشى بۆ هەڵدەمە سەرلکى دارتووەکەى حەوشەمان

 

بابۆڵەیەک بە خورما و هێلکەى کوڵاو لەگەڵ خۆت ببە

 

سێبەرت لەسەر لە گۆڕى باوک و دایکمان ڕاگرە

 

گرانایى سەر سینگیان بکە هەویرى کولیچەى جەژن

 

لەم گۆڕستانەدا هەموو شتێک هێلانەى باڵندەى نۆبەرەن

 

گوێیان بۆ ئەوپەڕى هانا سووک کردووە

 

بریسکانەوە بۆ ئەستێرە ڕژاوەکان دەگەڕێتەوە

 

قوڵپەقوڵپ بۆ کانیی گەنجبوونەوە دەگەڕێتەوە

 

ڕووناکى بۆ هەردوو دیوى چیا دەگەڕێتەوە

 

ئاوازى نەرم بۆ دەنگى خودایی دەگەڕێتەوە

 

کراسى ئاسمان لەبەر کردوو لە گۆڕێک

 

گۆڕێکى چاو هەزار نیگا لەناو جێماو دێتەدەرێ

 

لە ئەو سەرى ژیانەوە بۆ ئەم سەرى ژیان

 

بۆ دوو بازى هەڵفڕێندراو دەڕوانێت

 

فڕیون بۆ ئەوەى پشووبدەن

 

ئاسمانى بەپێروو لە چاوى کراسى ئاسمان لەبەر کردوودا

 

لە خوانى بەتاڵ بچووکترە

 

لە خوانى پڕیش گەورەترە و لە ژێر پێڵوویدا شارى گڵۆپمان نیشان دەدا

 

داواى کەشتى نووحى کرد

 

درەنگ گەیشت

 

مردن لەپێناو گەیشتندا هیچ کاتێک زوونییە

 

لە شوێنێکى چاوەڕوانکراودا

 

ئێستا باڵندەیەک دەنووک لە ئاو نزیک دەخاتەوە

 

ئاوى سەرەمەرگ بدا بە برایەکەى

 

ئەمە هەموو شتێکە

 

هەموو شتێک

 

ئا  ئا هەموو شتێک

 

هەموو شتێک لە شوێنى چاوەڕوانکراودا دەردەکەوێت                 

 

دەرکەوتن و تاڵى ژیان ئاشناى سرووش وەرگرتنى کردین

 

سرووش سەرەتاى ژیانە و شەرابێکە بەڵێندەر و بەڵێن پێدراو

 

قوڕگم لەتاو بازى ناو تۆڕ و زاخاوى خەنجەر گیرا     

 

دڵیشم لەناو دەرکەوتن و تاڵى ژیاندا پێستى تەنک دەبووەوە

 

دڵبینابووم دڵبینا    

 

ڕۆشنایى دیدار لە دڵبینادا گرشە گرش دەکات  

 

ئێمە ئەو تەرمە کراسى ئاسمان لەبەر کردووە

 

دەخەینەوە سەر بەروانکەى منداڵى و زینى پاسکیلەکەى

 

تا کەروێشکە خرپنەکانى لە ئاوخواردنەوە دەگەڕێنەوە

 

چاوەڕوانى زۆرى ناوێ

 

سەرچاوەى ئاو لە ماڵەکەمانەوە دوور نییە

 

برام                   برام                برام                 برام

 

ئەرێ هاوار بۆچى هەیە

 

بەهەشت دڵبەرێکە جوانییەکى سادە و گەرم و پڕجووڵەى هەیە

 

ئاشق بۆخۆى ڕادەکێشێت

 

مردن لەپێناو ئەشقدا هیچ کاتێک زوو نییە

 

ئەرێ ئارەزووى سێبەر کە زەوی دادەپۆشى کێڵگە بۆ وابەپیت بووە

 

دنیاش بۆ وازوو تاریک داهات

 

ئەو درەختانەى شەڕیان لەگەڵ بەر تەواو کردووە

 

نیگاى هەمووانى لەسەرە

 

ئەو ئاوانەش کە مردوویان شووشتووە

 

هیچیان لە هەتاو و سرووش نەپرسیوە

 

چەند پێشنیارێکیان هەیە و بەهرەیان لە دڵ وەرگرتووە

 

منیش لەپى هەردوو دەستم بە دەموچاوم دادەهێنم

 

بۆنوبەرامەى بەهرە تێکەڵى هەواى سییەکانم دەبێت

 

خوداى سەد و یەک ناو

 

ئەو درەختانەى شەڕیان لەگەڵ بەر تەواو کردووە

 

نیگاى هەمووانى لەسەرە

 

ئەو ئاوانەش کە مردوویان شووشتووە

 

لە وەڵامدانەوەى سڵاوى جوامێر و جوانەمەرگان

 

بەهرەیان وەرگرتووە هەتاو و سرووشیان ڕژاوە

Bilderesultat for mørket kunst7 

گەڕان بۆ بابەت