ما 1029 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

لێدان ببووە بەشێک لە خواردنی رۆژانەی من، بەڵام هەر کە باوکم دەستی هەڵدەگرت، ئازار لە لەشمدا نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە لەگەڵ ئەو، یاوڕەکەم، رێکەوتبوین کە من بە قسەی ئەو بکەم و ئەویش ئازاری لێدانەکان بەرێت بۆ خۆی، بۆیە زۆر کەم هەستم بە ئازاری قامچی و شەپڵاخەکانی باوکم دەکرد. 

 

رێگایێک بەرەو بەهەشت

رەسوڵ سەفەریانی

بەراستی زەحمەتە رۆژانی دەسپێک یان تەنانەت ساڵی دەسپێکی پێکەوە بوونمان دیاری بکەم. ئاخر ئەوەتی من هەم یان لانیکەم دەتوانم بڵێم ئەوەتی لەبیرم دێت لەگەڵم بووە. لەگەڵ یەکەم بیرەوەرییەکانی ژیانم جێ پێی دیارە. لە بیرم دێت کە زۆر مناڵ بووم  لەوانەیە هەر چوار ساڵ تەمەنم بوو بێ کە رۆژێکی گەرمی هاوین لەگەڵ برا بچوکەکەم کە ساڵێک لە خۆم بچوکترە لەبەر درگا بووین. ئەوکاتە ئێمە ماڵمان لە لادێ بوو. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دەیەی چل. وەک وتم هەردووکمان لە بەر درگای حەوشەکەمان لەسەر تاقە پلیکانەکەی دانیشتبووین. بابم لە ئیش بوو. دایکیشم بۆ کارێک لەماڵ چووبووە دەرەوە. کە رۆیشت بە منی وت ئاگات لە براکەت بێت. براکەم دایمە نەخۆش بوو. بۆیە زۆر گێژ و وێژ بوو. ئەوەندە بێدەسەڵات و داماو بوو کە تەنانەت نەیدەتوانی مێش و مەگەسەکانی دەم و چاوی لە خۆی دوور بکاتەوە. ئەو رۆژەیش خۆری دەمەو نیوەڕۆ چاوی بڕیبووە نێوچاوانی و ئەونەی تر وڕی کردبوو. من بینیم کە مێش و مەگەسێکی ئیجگار زۆر، تەنانەت زەردەواڵەیش، دەورەی دابوو. چەند جار هەوڵم دا دووریان بخەمەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی براکەم خۆی توانای جوڵەی زۆری نەبوو مێشەکان وەک کەلاک سەیریان دەکرد و ترسیان لێی نەبوو. منیش دەرەقەتیان نەدەهاتم. هەر ئەوەندەم پێدەکرا لە خۆمیان دوورکەمەوە. تا لامدەکردەوە بە سەدان مێش لە سەروچاوی دەنیشتن و خۆیان دەکرد بە کونە لوتەكانیدا کە پڕ بوون لە چڵمێکی زەرد کە تەنانەت تا ناو زاریشی شۆڕۆ ببوو. مێش، چاوەکانیشیان دەورە دابوو، وەک پوورەی هەنگ لە هەمووی کۆ ببوونەوە. سەروچاوی رەش و داپۆشراو بوو. منیش زۆر دڵم پێ دەسوتا. هەر بیرم دەکردەوە کە چی بکەم و چۆن یارمەتی بدەم. عە‌قڵم نەیدەبڕی کە چی بکەم تا  لە پڕ ئەو هات و وتی بڕۆ 'ئیمشی پاشە'کە  بێنە و بیکە بە مێشەکانا با بمرن. منیش کە پێشتر دیبووم باوکم نیوەڕۆانە و زۆر جاریش شەوانە پێش خەو دەیهێنا و دەیپرژان بە ژوورەکاندا بۆ ئەوەی مێشەکان بکوژێت و خۆمان بە ئاسودەیی بخەوین، بۆیە خێرا بە قسەیم کرد و بە هەڵاتن و خرتە خرت مەودای نێوان درگای حەوشە و ریزە پلیکانەکانی بەر درگای ماڵەکەمان بڕی و بە پلیکانەکاندا سەرکەوتم و چوم ئیمشی پاشە سوورەکەی  سەر تاقەکەم هەڵگرت و بە پەلە هاتمەوە. کە هاتمەو سەیرم کرد براکەم کەوتبو بەلادا. نازانم لە گەرمای خۆرەکە بورابووەوە، یان لەبەر زۆریی مێشەکان پەکی کەوتبوو. هەر خێرا دەستم کرد بە پرژانی ئیمشی بەرەو سەروچاوی. هەستم کرد وردە وردە مێشەکان لێی دووردەکەونەوە، بۆیە منیش سوورتر بووم لە بەردەوام بوونی پرژانی ئیمشی. لە پڕ دایکم پەیدا بوو، هەر لەدوورەوە قیژانی و دای بەسەر خۆیا و وتی ئەوە چی دەکەی. منیش روومکردە دایکم و بە حاڵەتێکی حەقبەلایەنانە و وەک بڵێی ئازایانەش وتم: "ئەوە مێشەکانی سەروچاوی دەکوژم. خەریک بوون دەیان خوارد."

دایکم کەوتە هاوار هاوار و خێرا بەرزی کردەوەو بردیە ماڵەوە و سەروچاوی بۆ شۆرد تا وردە وردە پشوی تێهاتەوە.

تا دەڕۆیشت پێوەندییەکەمان چرتر دەبوو. کە کەمێک گەورەتر بووم هەستم بە بوونی دەکرد. هەمیشە لەگەڵم بوو. بۆ هەموو شتەکان ئەو را و نەزەری خۆی دەدا و پرسی پێدەکردم. لە بیرم دێت جارێکیان پێی وتم پاڵ بنێم لە هاوڕێکی خۆمەوە کە جیرانیشمان بوون. ئەو کاتە رەنگە شەش ساڵان بووم. لە شوێنێک لە لای ماڵی خۆمانەوە یاریمان دەکرد. چووبووینە سەر کۆگا بەردێک. ێیی وتم پاڵێک بنێ لە جەماڵەوە. منیش وتم ئاخر ئەکەوێت. وتی: مەترسە هیچ نابێت. جگە لەوە ئەها ئەو پاسکیلەکەی نادا بە دەس تۆوە!

منیش پاڵێکم پێوە نا. کەوتە نێو بەردەکان و زۆر گریا و بە گریان چوۆەوە بۆ ماڵەوە. لای ئێوارە بوو منیش لە ماڵەوە بووم کە دایان لە درگا. دایکم کردیەوە. دەنگی هاوار و قیژەی مەستورە خانمی دایکی جەماڵ بوو. زۆر توڕە بوو. دەیگوت دەستی کوڕەکەیم شکاندوە و دەچم شکایەتیان لێدەکەم. دایکیشم بڕێکی دا بە سەروچاوی خۆیا و دەستیکرد بە دۆعا کردن لە من. وتی خوا لێم بسێنی! خەجاڵەت خۆم،... من چیبکەم،... بەقوربانی جەماڵی دەکەم،... دەیکەم بە نۆکەری! ئیتر دایکم چوو لەگەڵ دایکی جەماڵ و بردیان بۆ لای شکستەبەند.

 منیش زۆر ترسام، چون دەمزانی بابم هەر ئێستا توڕە دەبێت و دەمداتە بە شەق و قامچی. هەر وایشی لێهات. لە ژوورەکەی پشتەوە خۆم شاردبووەوە کە بابم بە گرمەگرم درگای کردەوە و بە قامچیەکەی دەستی دایپڵۆسیم. دەیگوت دەبێ بتکوژم تۆ ئابڕوی منت بردووە، رۆژ نییە درگامان پێنەگرن! ئەوەندەی لێدام خەریک بوو دەبورامەوە. خوشکە گەورەکەم بە گریان و پاڕانەوە خۆی دا بەسەرما و بەر قامچییەکانی گرت. نازانم چەند قامچی بەرکەوت تا باوکم وازی هێنا.

لێدان ببووە بەشێک لە خواردنی رۆژانەی من، بەڵام هەر کە باوکم دەستی هەڵدەگرت، ئازار لە لەشمدا نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە لەگەڵ ئەو، یاوڕەکەم، رێکەوتبوین کە من بە قسەی ئەو بکەم و ئەویش ئازاری لێدانەکان بەرێت بۆ خۆی، بۆیە زۆر کەم هەستم بە ئازاری قامچی و شەپڵاخەکانی باوکم دەکرد. ئەمەش باوکمی توڕە و ماندوو دەکرد و منیش هەتا دەهات بێ باکتر دەبووم لە لێدان و ئازار. لە مەکتەبیش هەموو هاوپۆلەکانم خستبووە زەلالەت. گیریان کردبوو بە دەستمەوە. دەرەقەتم نەدەهاتن، چون قەت لە شەڕ لە گەڵ مندا نەیاندەتوانی بە لێدان و کوتەک بمبەزێنن. قەت هەستم بە ئازاری شەق و مشتی ئەوان نەدەکرد، بۆیە ئەوان کۆڵیان دەدا و هەڵدەهاتن. بۆ من گرینگ نەبوو لێدان بخۆم یان بوەشێنم، حەزم لە ئازاری خەڵک بوو. ئەوەندە لەشم بریندار ببوو ئیتر وردە وردە حەزم لە خوێن بوو، جا چ خۆم بریندار بووایەتم یان کەسێکم بریندار بکردایەت. بەرە بەرە وای لێهاتبوو کە کەس خۆشی لێم نەدەهات. تەنیا چەند هاوڕیی شەڕانی لەگەڵمدا مابوونەوە.

یاوڕەکەم لەگەڵ من گەورە دەبوو. ئیتر خەریک بوو کێشە دروست دەبوو لە نێوماندا. کێشەی بڕیاردانمان بوو. من وردە وردە گەورە ببووم و حەزم نەدەکرد کەس فەرمانم پێ بدات. ئەویش هەمیشە حەزی دەکرد دوا بڕیار بەدەس خۆی بێت  و من یەک و دوو لەگەڵ نەکم. ئەو لەهەموو شتێکی مندا دەخالتی دەکرد و ئەیویست بە قسەی ئەو بکەم. تەنانەت لە نانخوارد و دەسبەئاوەکەیشما قسەی دەکرد. بۆ نمونە دەیگوت:

"ئەو خواردنە مەخۆ، ئەوە خۆش نییە بیدەوە بە دایکت بڵێ حەزم لێی نیی،... پێویست ناکات لە توالت خۆت بە ئاو بشۆی،... ئەو جلە جوان نییە مەیکە بەرت،... پێڵاوەکانت لەدەرۆ داکەنە،... پێویست ناکات بچی بۆ حەمام ... ."

هەرکاتێک بمویستایێت کە بە قسەی نەکەم، هەڕەشەی لێدەکردم کە تووشی موشکلەم بکات. موشکلەکەیشی دروست دەکرد و دەیخستمە مەترسییەوە. بۆ نمونە دەیگوت ئەگەر ئەم کارە نەکەیت دایکت نەخۆش دەکەوێت. ئاخر یاوڕەکەم دەیزانی کە من تەنیا دایکم زۆر خۆش دەویست.

هەر چۆنێک بوو لە خوێندن دا گەیشتمە ئاستی ئەعدادی یان دەبیرستان. هەرچەند لەبەر مانەوەی زۆرم لە سەرەتاییدا ئێستا تەمەنم لە هاوپۆلەکانم گەورەتر بوو، بەڵام بڕێکیش ئارامتر ببووم. ئێستا ئیتر شەڕم بە کەس نەدەفرۆشت. بەڵام یاوڕەکەم هەر لەگەڵم مابوو. ئێستا ئیتر حەزەکانم گۆڕا بوون. لە رێگەی جیرانێکمانەوە لە گەڵ دەروێش و تەکییە ئاشنا بووم. چەند جارێک سەردانی تەکییەکەی نزیک ماڵی خۆمانم کرد. بە هۆی ئەوەی دەروێشەکان کاری سەیر و سەمەریان دەکرد و بە چەقۆ و تیغ خۆیان هەڵدڕهەڵدڕ دەکرد و کەچی دەربەستیشی نەبوون، سەرنجی منیان رادەکێشا. چوومە ریزی ئەوانەوە و هەموو رۆژانی هەینی دەچووم و تێکەڵاوی کۆڕی زکریان دەبووم. پرچم دانا و تەقیلەیێکی تۆڕیم کرد بە سەریا و دەستم کرد بە زەرگ وەشاندن و شوشە خواردن. ئەم کارانە بە جۆرێک خولیای خوێنی لە مندا ئارام دەکرد. بەم شێوە تێکەڵی ئایین و نوێژ و بڕوا بە خودا بووم. دەستم کردبوو بە نوێژ کردن. جاروبار دەچووم بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جومعە.

یاوڕەکەم هەر لەگەڵم بوو. ئێستا ئیتر ئەو بۆ کاروباری ئایینی لەمن پەرۆشتر بوو. دەیگوت دەبێت بەردەوام ناوی خودا بێنیت. زۆری لێم دەکرد کە دەبێت دەنگ هەڵێنم، ئەگینا خودا سزام دەدات. داوای دەکرد کە بە دەنگی بەرز لە ناو خەڵکا، بە تایبەت لە قوتابخانە لە کاتی دەرس و لە نێو هاوپۆلەکانمدا بە دەنگی بەرز ناوی خودا بێنم و داوای لێبوردنی لێبکەم. دەیگوت ئەگەر وانەکەم خودا گوناهەکانی من نابەخشێت و ئازیزانیشمی نەخۆش دەخات و، دەیانکوژێت! منیش لە ترسا تاونەتاو بە دەنگی بەرز دەمگوت:

ـ "اللە اکبرـ استغفرەاللە"

وەهام لێهاتبوو لە ئەگەری نەوتنی ناوی خودا دا ترسم لێدەنیشت. هەر کاتێک بە قسەی یاورەکەم نەکردبا، حەتمەن شتێک روی دەدا. یان دایکم نەخۆش دەکەوت یان خۆم،... یان درەنگ لەخەو بەخەبەر دەهاتم، یان لە تاقیکردنەوەکانی مەکتەب دەرنەدەچووم و،... .

بۆیە لە ترسان بەردەوام نێوی خودام دەهێنا و لەبەر خۆمەوە قسەم دەکرد. تا وای لێهات هاوپۆلەکانم پێیان دەگوتم شێتە و گاڵتەیان پێ دەکردم. من هەموویانم بەکافر دەزانی، رقم لێیان بوو. شەڕم لەگەڵ دەکردن. هەر بەو هۆیە چەند جار لە قوتابخانە دەریان کردم. حەزم دەکرد وەک پێغەمبەر بە شمشێرێک یەکە یەکە سەریان ببڕم. ئیتر نەمدەتوانی لە خوێندن بەردەوام بم. من و هاوپۆلەکانم جیاوازیمان زۆر بوو، جیا لەوەش من زۆر لەوان گەورەتر بووم. ئەمە وایکرد لە مەکتەب کشامەوە و، دەستم لە خوێندن هەڵگرت.

لەگەڵ یاوڕەکەم لەسەر ئەمە بەردەوام تێدەگیراین. دەمگوت خەتای تۆیە، تۆ زۆرم بۆ دێنیت ئەو کارانە بکەم کە خەڵک بە شێتم بزانن، بەڵام ئەو هەر بێدەنگ دەبوو.

وردە وردە هەستم بە بەتاڵبوونەوە دەکرد. قەلەق و توڕەیی روویان تێکردم. حەزم دەکرد شتێک بکەم کە ئارامم بکات. هەستم دەکرد پێویستم بە شتێکە توڕەییەکەمی بەسەردا خاڵی بکەمەوە. لەمێژبوو خوێنم نەبینیبوو و ئەمەش وەک گیرۆدەیێک قەلەقی دەکردم. یاوڕەکەم دەیگوت خۆت بریندار بکە. زۆر جار بە مست دەمکوتا بە چاوەشووشەی پەنجەرەکاندا و دەستی خۆمم بریندار دەکرد، یان بە دەمە چەقۆ قۆڵ و مەچەکی خۆمم دەبڕی با خوێنی لێبێت. ئەمە تۆزکاڵێ هێوری دەکردمەوە. زۆر شەوان خەونم بە خوێنەوە دەبینی. لە خەونەکەمدا رووبارێک، یان گۆمێکی خوێنم دەبینی کە من دەچوومە نێوی و بۆ ئەوەی بپەرمەوە ئەوبەری، مەلەم تیادەکرد. لەوبەرەوە دونیایێکی ئیێجگار جوان و خۆشم دەبینی. لە خوێنەکە نەدەترسام. بۆ تەعبیری خەوەکەم چووم بۆ لای مەلایێک. ئەو وتی ئەم خەوە مانای ئەوەیە کە تۆ ئینسانێکی موسڵمانی، ئەوبەری رووبارەکە بەهەشتە کە تۆ دەبێت بە خوێنا تێپەڕیت تا بیگەیتێ، رووباری خوێنەکەیش خوێنی کافرە،... موسڵمان لە کافر ناترسێت، بۆیە تۆش لەو خوێنە ناترسیت. موسڵمان لە مەرگ باکی نییە بۆیە قەت کافر ناتوانێت موسڵمان بترسێنێت و بەسەریا سەرکەوێت. ئێمە یان دەیانکوژین و سەردەکەوین، یان دەکوژرێین و دەچینە بەهەشتەوە. ئێمە هەمیشە براوەین، بۆیە ئێمە قەت ناترسین. مەلا وتی تۆ گەنجێکی موسڵمانی و خاوەن غیرەتیت، دەتوانیت بە باشی خزمەتی دینەکەت بکەی. خوداوەندی تەبارەک و تەعالا بۆ پاداشی خزمەتەکەت بە بەهەشتی بەرین شادت دەکات و، لەجیاتی ژنێکی ئەم دونیا، دەورت پڕ دەکات لە حۆری چاوڕەشی بەهەشتی!

 پاش وتەکانی مامۆستا زۆرم بیرکردەوە. شەو و رۆژ لە دووی رێگایێک دەگەڕام بمباتە ئەوبەری رووبارەکەوە. بیری حۆرییەکان بۆ منی گەنجێک کە تا ئێستا دەستم لە دەستی کچێک نەکەوتووە و وەک هیوایەتی ژیانم تامەزرۆیم، منی وا لێکردبوو کە پەلە بکەم و زووتر لەم ئازار و دەردی ژیانی دونیاییە رزگار بم. ئەوە بوو کە پاش پرس و جۆ، تۆم بینی کە تا ئێستا و ئەم چرکەساتە ئاگاداری هەموو شتێک هەیت.

ـ برای دینیم، هەمووی ئەوانەی گێڕاتەوە من ئاگاداری بووم. بەشێکی ئەو بەسەرهاتانە من شان بە شان لەگەڵت بووم و هەڵگری باری ئازارەکانت بووم و یاوڕت بووم، بۆ ئەوەی بگەیتە ئەمڕۆ، ئەمڕۆ کە رۆژی وەدیهێنانی خەونەکانتە، هەروەها دوا رۆژی پێکەوە بوونمانە. رەنگە نەمناسیتەوە، بەڵام ئێستا سەیرم کە، بڕوانە ئەم دەنگ و رەنگە دەناسیتەوە؟

ـ یانی تۆ... تۆ یاوڕەکەی خۆمی؟ تۆ کە ئەم ماوە ببوویتە هاوڕێ و برای دینیم، هەر هەمان یاوڕەکەی خۆم بوویت؟ مەبەستت لە دوارۆژی پێکەوە بوون ئەوەیە کە تۆ لەگەڵم ناییت؟ تۆ لێرە بە تەنیا جێم دێڵیت؟ من بە تەنیا دەترسم، فێری تەنیایی نیم.

ـ تۆ ئیتر تەنیا نیت. ڵێرە بە دووا، پاش مەلەی رۆحت لە رووباری خوێندا دەگەیتە بەهەشتە وادەدراوەکە و خودا خۆی ئاگای لێتە.

ـ من دەترسم کە بە تەنیا نەتوانم رێگاکە ببڕم. دەترسم لە رووبارەکەدا بخنکێم، دەترسم ئازاری زۆر بێت، من بە بێ تۆ تەحەمولی ئازارم نییە. دەترسم قەت نەگەمە بەهەشت، یان دەترسم کە بەهەشتێک نەبێ و... .

ـ شک مەکە، شک ترس دێنێت. بڕوات دەلەرزێنێت و رێگات سەخت دەکات. بڕۆ، لا مەکەرۆ من ئاگام لێتە.

ـ یانی تۆ نایەیت لەگەڵم؟... ئەی تۆ چی دەکەیت؟

ـ من دەبێ بمێنم و بڕۆم کەسی تر ئامادە بکەم بۆ ئەم ڕێگایە، بۆ گۆمێکی تری خوێن.  بڕۆ خودات لەگەڵ. لا مەکەروە!  من چاوم لێتە تا دوا چرکە. مەترسە تەنیا نیت. بڕۆ... بڕۆ... بڕۆ، کە گەیشتیتە ئاپۆڕەی خەڵکەکە تەنیا دوگمەیێکە بە جورئەتەوە پەنجەی پیا بنێ و هیچی تر. بڕۆ... بڕۆ... ئا، ئا، ئا ئێستا... دەی... !

 

 Bilderesultat for paradise kunst

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت