قادر نیکپوور
مرۆڤ زیره‌کانه ره‌فتارێک له‌خۆ نیشان ده‌دات که پێشانده‌ری ره‌فتارێکی ئه‌خلاقی بێت، به‌ڵام مرۆڤ هیچ کات له‌خۆرا بۆلای ره‌فتارێکی ئه‌خلاقی پاڵنادرێت،... ئه‌و له‌بۆ ئاسووده‌یی ویژدان ئه‌وکاره ناکات،... ، ره‌نگه به‌م کاره که‌سێکی دیکه دڵشاد بکات یان... .
قورسترین ئه‌رکی مرۆڤ
قادر نیکپوور
ده‌سپێک
قووڵترین پرسیاری مرۆڤ له‌مه‌ڕ مانای ژیان و ناسینی خۆیه‌تی. زۆرجار ئه‌م پرسیاره له خۆمان ئه‌که‌ین، له کوێوه هاتووین و بۆکوێ ده‌چین، مه‌به‌ست له‌م هات و چوونه چیه؟ ئه‌گه‌رچی هه‌ر که‌س به پێی ته‌جره‌به‌ی که‌سایەتی و بیر و بۆچونه‌کانی وڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌داته‌وه، به‌ڵام بێگومان وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره به گشتی کارێکی ئاسان نیه. ئێمه له‌م باسه‌دا گه‌ره‌کمان نیه فه‌لسه‌فه‌ی ژین و مردن بخه‌ینه روو، چونکه مردن راستییه‌کی حاشا لێنه‌کراوه، به‌ڵکوو هه‌وڵئه‌ده‌ین ئه‌م سووڕلێدانه و سه‌رسووڕمانه که ژینی ناوه چ خه‌ڵات و خۆزگه‌یه‌کی به مرۆ به‌خشیوه، یاخۆ مرۆ خۆی چ مانایه‌کی داوه به ژین؟
هه‌رکه‌س به جۆرێک دڵی به ژیان خۆشه، که‌سێک به ژیانی بنه‌ماڵه‌یی، که‌سێک به هونه‌ر، که‌سێک به خۆشەویستیی دین و دنیا و هتد. ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌زانین مانا و مه‌به‌ستی ژیان چیه، ئه‌توانین بێژین بوونمان بێ مانا و مه‌به‌سته. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر مرۆ مانای خۆی نه‌دۆزیته‌وه، ژیانێکی بێهوده به‌سه‌ر ئه‌بات، که ئه‌و کات له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ره‌کانی تر جیاوازێکی ئه‌وتۆی نیه. "پێویسته هه‌ر شتێک که ده‌یبینین و ده‌یبیسین، هه‌وڵی بۆ بده‌ین تاکو بیناسین و بیزانین، هه‌روه‌ها پێویسته هۆشی خۆمان بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و نیازانه‌ی که نه‌هاتوونه دی، ئه‌و نه‌هێنییانه‌ی که نه‌خراونه روو، هەموو به‌هره و به‌رهه‌می ژیانن".
مرۆ ده‌مێکه له نه‌هێنییه‌کانی ئه‌م ژینه راماوه و بیری لێکردۆته‌وه، زۆر هه‌وڵیداوه سروشت باشتر بناسێت و جیهانیش بکاته به‌هه‌شتی به‌رین؛ به‌ڵام تاکو ئێستا بۆی نه‌گونجاوه و نه‌گه‌یشتۆته ئەم ئامانجە مەزنە. ئێمه ده‌م و کات له مانا و مه‌به‌ستی ژیان ده‌دوێین، هه‌ریه‌ک له ئێمه گۆشه‌یه‌ک له لاپه‌ره‌کانی ژیانمان پڕه له ئێش و ئازار و، دڵپەرۆشی و دڵپه‌شێوی. هه‌ر ئه‌ندازه ئێمه له هه‌وڵی خوڵقاندنی جیهانێکی پڕ له وره‌یی و ئاسووده‌یی دابین، جیهانی ماشێنی و که‌ره‌سته‌یی لێمان که‌وتۆته به‌ربه‌ره‌کانی و ململانە و، ئه‌سپی خۆی تاوداوه و بۆمان ناگیرسێته‌وه.
یاساکانی ئه‌م جیهانه به پێچه‌وانه تۆمار کراون، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ئاسایی له شه‌قامه‌کان چه‌ک هه‌ڵگرن له‌لایه‌ن یاسادانه‌ره‌کان سزاده‌درێن و تۆمه‌تیشیان بۆ دروست ده‌کرێت. به‌ڵام بۆ وڵاتانی به‌هێز و لاوازکوژ ئه‌م چه‌که وه‌ک گه‌وره‌ترین که‌ره‌سته بۆ خوێن رشتن به‌کار دێت. کێ هه‌یه بتوانێ ئه‌م یاسایه پڕ و پوچانه بگۆڕێت و، کێ هه‌یه وڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه، وه پێمان بێژێت بۆچی؟
من ته‌نیا ئه‌وه ئه‌ڵێم، ئه‌گه‌رچی لامان وایه که زۆربه‌ی رێگاکانی ژیانمان بڕیوه، به‌ڵام تائێسته‌ش له دوو رێیانێک گیرمان کردووه. ئێمه هیچ هه‌وڵمان بۆ ره‌سه‌نایه‌تی نه‌داوه، به‌ڵکوو به‌ره‌و شاره‌ستانییه‌تێکی گشتی هه‌نگاومان هه‌ڵێناوه که ئه‌ویش به‌شێکی زۆر له ره‌سه‌نایه‌تی ئێمه‌ی خستۆته ژێر باڵی خۆی و، زه‌وتی کردووه. هه‌رچه‌ند فه‌یله‌سووفان، کۆمه‌ڵناسان و بیرمه‌ندان هه‌وڵیان ئه‌وه بووه که ئه‌م جیهانه باشتر به ئێمه بناسێنن، به‌ڵام زانیاری مرۆ نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و راده‌یه که بتوانێ توێخێکی بچووکمان له‌م دنیایه بۆ دادڕێ و نادیارییه‌کانمان بۆ ئاشکرا بکات، وە نیشانمان بدات له‌و دیوی دنیا چ باسه. له لایه‌کی دیکه‌وه یاسا و نه‌ریته ئایینی و سیاسییه‌کان به که‌یفی خۆیان ده‌مبێنیان کردووین و لایان لێ بڕێوین و رێ‌یان نه‌داوین بیر له‌خۆمان و چاره‌نووسی خۆمان بکه‌ینه‌وه.
هه‌ر وه‌ک خه‌یام ئه‌ڵێ:
"زۆر کۆلکه مه‌لاوشێخ هه‌ن رێ ده‌گرن لێم لایان هه‌ڵه‌یه له ژینی خۆشم بدوێم
خزمینه! نه‌زانین چ به‌ڵایه‌کی زله هاتوومه جیهان ده‌بێ نه‌زانم من کێم"؟
کاتێک مرۆ له‌خۆی تێگه‌یی هه‌ست به هۆمێد ده‌کات، واته مانا به ژیانیش ده‌به‌خشێ، هه‌روه‌ها ژیانیش لای ئه‌و شیرنتره ده‌بێت. به‌پێچه‌وانه، که هه‌ستی به ناهومێدی کرد سه‌رکه‌وتن و نه‌که‌وتن لای ئه‌و جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان نیه.
ئه‌گه‌ر ژیان له راستیدا به‌س جه‌ور و جه‌فا بێت ئه‌توانین بڵه‌ین جه‌ور و جه‌فا مانای ژیانن. به‌ڵام بۆ که‌سێک که خۆی هه‌ستی به جه‌فا نه‌کردبێت، زه‌حمه‌ته که‌سێکیتر بتوانێ مانای جه‌ور و جەفا به‌و بناسێنێت. به قه‌ولی ئه‌فلاتون "چاره‌ڕه‌ش ئه‌و که‌سه‌یه که بیهه‌وێ خه‌ڵک به جه‌ورێک بناسێنێ که خۆیان هه‌ستیان به جه‌ور نه‌کردبێت". زۆر جار ئه‌ڵێن مرۆ ته‌نیا بوونه‌وه‌رێکه که به هه‌موو جۆرێک ئه‌ژی، به‌ڵام که‌س نیه وڵامه بداته‌وه که چۆن و له‌به‌رچی؟
عیشق مانای ژیانه
شاعیران و نووسه‌ران به درێژایی مێژو له‌سه‌ر "عیشق" که گه‌وره‌ترین و پڕ ئامانجترین ویستی مرۆڤه، وه مرۆڤ به‌دوای ئه‌م عیشقه‌دا وێڵه شتیان نووسیوه. ئێمه‌ش وه‌ک ته‌جره‌به‌ی خۆمان ئه‌توانین بڵێین که "رزگاری مرۆ له‌بۆ عیشق و له رێی عیشق دایه". که‌واته مرۆڤ بۆ ده‌مووکه‌یه‌ک ده‌توانێ بیر له عیشق و خۆشه‌ویستی بکاته‌وه.
ئه‌گه‌ر چی روح و له‌ش لێک جیانابنه‌وه، به‌ڵام زۆرجار روحی عیشق له له‌شی خۆشه‌ویست جیا ئه‌بێته‌وه و ده‌خزێته ناو دڵ و ده‌روونی خۆشه‌وسیت که هه‌ر دوو روح لێک گرێ ئه‌درێن، که له‌م حاڵه‌ته بوون و نه‌بوونی خۆشه‌ویست گرینگ نیه. بۆ نموونه تۆ ئه‌توانی که‌سێکیت به دڵ خۆش بوێت، ئه‌گه‌ر به‌ڵایه‌ک به‌سه‌ر ئه‌و که‌سه بێت، تۆ به‌رده‌وام ئه‌و که‌سه‌ت خۆش ده‌وێت. که‌واته ئێمه به بوون و نه‌بوونی خۆشه‌ویستێک ئه‌توانین خه‌م له‌و بخۆین و خۆشمان بوێت، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌که له خۆشه‌ویستی.
هه‌رچه‌ند باسه‌که‌ی ئێمه له‌مه‌ڕ خۆشه‌ویستی نیه، به‌ڵام پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی و ژیان وه‌ک روح و له‌ش وایه. ئێمه هه‌موومان بۆ گه‌یشتن به مانای ژیان پێویستیمان به چێژ و مانای خۆشه‌ویستی هه‌یه. خۆشه‌ویستی خۆی چه‌ند پله‌ی جۆراوجۆری هه‌یه، وه‌ک خۆشه‌ویستی دوو هاوسه‌ر، دایک و مناڵ، خوشک و برا، دوو دڵدار، خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ر، خۆشه‌ویستی بۆ گه‌یشتن به ئامانج، خۆشەویستی بۆ خاک و وڵات. "به‌ڵام خۆشه‌ویستی بۆ خاک و وڵات به‌رزترین پله‌یه له خۆشه‌ویستی".
جه‌ور و جه‌فا به که‌م و زۆر مرۆڤ ئازار ئه‌ده‌ن، که ئه‌م ئازاردانه رێژه‌یییه. مرۆ هه‌ر ئه‌ندازه له هه‌مبه‌ر جه‌ور و جه‌فا خۆڕاگرتر بێ، شێدارترده‌بێ. به کوردی ئه‌ڵێن فڵانی له‌گه‌ڵ جه‌ور و جه‌فای رۆژگار خاراوه یان تاڵی و سوێری ژیانی چێشتوه. ئه‌گه‌ر که‌سێک بگاته ئه‌م پله به‌رزه له ژیان، شایانی ژیانی پڕ له به‌خته‌وه‌ری هه‌یه و، ناوێکی به‌رزی له‌خۆناوه. بە قەولی داستایوسکی، "من ته‌نها له یه‌ک شت ئه‌ترسم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که شایانی جه‌ور و جه‌فاکانم نه‌بووبێتم".
ژیان بێ جه‌ور و جه‌فا هیچ مانایه‌کی نیه. دیاره پێویسته ژیان خۆشی و ئاسووده‌یشی ببێت، به‌ڵام کاتێک مرۆ له کاتی ناخۆشیدا خۆڕاگر بوو و به‌سه‌ر کۆسپه‌کاندا زاڵ بوو باشتر چێژ له خۆشییه‌کان وه‌رده‌گرێت، وه به‌م جۆره به باشی هه‌ست به بایه‌خه ئه‌خلاقییه‌کان ده‌کات.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مرۆڤ ئه‌وه‌یه که زۆرجار له هه‌مبه‌ر گه‌وره‌ترین کێشه‌کانی ژیان ئه‌وه‌ستێ بێ ئه‌وه‌ی دابێ؛ که ئه‌م خۆراگرییه گرێدراوه به هومیدێکی فره گه‌وره و خۆشه‌ویستییه‌کی به‌هێز. هومێد دان به خۆ و هومێد به‌ستن به‌ژیان ده‌بێته هۆی هه‌وڵ و تێکۆشان که زۆرجار له ئا‌سته‌مترین رێگای ژیان ئاسانترین رێگامان بۆ ده‌کاته‌وه.
"هه‌ر کات مرۆ له مانای ژیان تێگه‌یی، له‌گه‌ڵ جه‌ور و جه‌فا و، له‌هه‌مبه‌ر ئێش و ئازارەکان به هێوری تێده‌په‌ڕێت". ئه‌مرۆ خه‌ڵکێکی زۆر توشی جۆرێک که‌م و کوڕی یان بۆشایی له ژیان هاتوون که کاریگه‌ری قووڵ و دریژخایه‌نیان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌وان داناوه. هه‌موو بیر و هۆشی ئه‌وان به‌وه ته‌رخان کراوه تاکو له‌م کۆسپانه رزگار ببن، که نه‌یانتوانی به‌سه‌ر کۆسپه‌کاندا زاڵ بن؛ خۆ به ماڵی دنیا یان کۆمه‌ڵێک شتی بێ که‌لک هه‌لئاوەسن که به‌رواڵه‌تی وه‌ک که‌سێکی بێ ئیراده و بێ روح له نێو که‌مڵگا سه‌یر ده‌کرێن.
له دۆخێکی وا، په‌ره‌ده لادان و ماسک وه‌لانان روونمان ده‌کاته‌وه که بێمراد بوون له خۆناسین و خۆدیتنه‌وه ده‌بێته هۆی ده‌سه‌ڵات خوازی که ئه‌ویش به شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌ره‌تایی وه‌ک پاره په‌ره‌ستی یان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و دینی ئاشکرا ده‌بێت. له‌زۆر نموونه‌دا مرۆ که نامراد ده‌بێت و نا‌توانیت خۆی بناسێت وه‌دوای "چێژ خوازی" ده‌که‌وێت، له ئه‌نجامدا نوقمی هه‌وه‌س و ئاره‌زووی نه‌فسانی ده‌بێت.
که‌سانێک که به هومێد ئه‌ژین و ئه‌و ئازایه‌تییه له‌خۆدا ده‌بینن که به پێی هه‌ر بار و دۆخێک ده‌س له هومێد به‌ر‌نه‌ده‌ن، ئه‌توانین بڵێین گه‌یشتونه‌ته قۆناغی ژیانێکی ئه‌خلاقی که ره‌نگه هه‌روا به ئاسانی به ره‌شه بای ژیان لار نه‌بنه‌وه.
ئێمه که باسه‌که‌مان گه‌ڕان به‌دوای مانا دایه، ئه‌زاینن که ئه‌م نموونه گه‌لانه نه ته‌نیا گه‌یشتوونه‌ته مانا به‌ڵکو گه‌یشتوونه‌ته پله‌ی به‌رزی ژیانێکی ئه‌خلاقی و نموونه‌یه‌ک له قاره‌مانییه‌تی و مرۆڤایه‌تی. هه‌ر وه‌ک سوقڕات ده‌ڵێ: "مردن بۆ پیاوی عاقڵ و زانا سه‌ره‌تای ژیانێکی تازه‌یه، به‌ڵام بۆ پیاوی شه‌ڕانی و ترسه‌نۆک خێر و به‌ره‌که‌ته، ". ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ره بووه که مرۆڤی عاقڵ و زانا هیچ کات نامرێ و ترسیشی له مردن نیه، به‌لام مرۆڤی نه‌زان و ترسه‌نۆک هه‌میشه مردووه.
زۆر گرینگه ئه‌مه بزانین که ژیان چی له ئێمه ده‌وێ، نه‌ک ئێمه چمان له ژیان ده‌وێ. زۆرجار چاوه‌ڕوانی ئێمه له ژیان فره زۆرتره بێ ئه‌وه‌ی توانایی و زانایی خۆمان بناسین. زۆرجار بۆ ویستێک هێزێکی زۆر به‌کار ده‌به‌ین بێ ئه‌وه‌ی بزانین توانایی خۆمان چه‌نده. که واته ژیان له یه‌ک رسته‌دا مانا نادا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێمه ناتوانین ولامێکی ئه‌وتۆ بده‌ینه‌وه که پاراوکه‌ری دڵی هه‌موو لایه‌ک بێ، به‌ڵکوو ئه‌وه ئه‌رکه‌کانی ژیانن که‌ئێمه له هه‌مبه‌ر ئه‌و راده‌گرن و ده‌رئه‌نجامی ئه‌رکه‌کانن بایه‌خی ئێمه به ژیان ده‌ناسێنن که ئه‌م ئه‌رکانه‌ش له چاره‌نووسی مرۆ خۆیان پێک دێن.
ئێمه هیچ کات ناتوانین چاره‌نووسی خۆمان دیاری بکه‌ین یان چاره‌نووسی خۆمان له‌گه‌ل که‌سێکیتر هه‌ڵسه‌نگێنین، به‌ڵکوو گه‌ره‌که ئێمه به پێی بڕست و توانایی خۆمان چاوه‌ڕوانی بکه‌ین. هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێن، "ویستن هێز و بڕستی پیویستە". پێویسته تواناییه‌ک له خۆ نیشان بده‌ین تاکو بتوانین به ویستێک بگه‌ین. "ژیان هه‌مووی ده‌رفه‌ته، هه‌ر وه‌ک چۆن جارێک له دایک ئه‌بین. هه‌ر رۆژێک که له خه‌و هه‌ڵئه‌ستین ده‌رفه‌تێکی تازه‌یه نابێ له‌ده‌ستی بده‌ین؛ گه‌ر له‌ده‌ست رۆیی تازه ئیتر ناگه‌ڕێته‌وه".
کاتێک مرۆڤ بیر له ئێش و ئازاره‌کان ده‌کاته‌وه لای وایه که ته‌نیا خۆی ئێش و ئازاری هه‌یه، وا بیر ده‌کاته‌وه که چاره‌نووس و به‌شی ئه‌و ته‌نیا ئێش و ئازارە، بێ ئه‌وه‌ی لێکیداته‌وه بزانێ ره‌نگه که‌سانیتر هه‌بن له‌و پڕ ئێش و ئازارتر بن. به‌ڵام کاتێک ئێش و ئازاره‌کانمان وه‌ک ئه‌رکێک ناسی یان وه‌ک چاره‌نووسێک هه‌ست پێ‌کرد، تازه ئیتر لامان گرینگ نیه که خه‌مه‌کانی ئێمه له خه‌ڵکیتر که‌مترن یان زۆرترن. خه‌مه‌کانی ئێمه ئه‌توانن له داهاتوو به قازانجی ئێمه ته‌واو بن، ببنه ئه‌زموونێکی باش و به‌نرخ بۆ خه‌مه دیاری نه‌کراوه‌کان.
ئه‌گه‌ر خه‌م له شتێک بخۆین که نازانین که‌ی دێته رێ، هیچ کات بێ خه‌م نابین. پێویستە به هێمنی له‌گه‌ڵ خه‌مه‌کان هه‌ڵکه‌ین تاکو کاریگه‌ری قورس له سه‌ر ئێمه دانه‌نێن. ئه‌گه‌ر ژیان به هۆی جه‌ور و جه‌فا لامان پوچ و بێ مانا بێت هه‌ست به ته‌نیایی ده‌که‌یه‌ن، هه‌روه‌ها له کاروانی مرۆڤایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی داده‌بڕین و، له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ره‌کانیتر جیاوازیمان نابێتت. "ئه‌گه‌ر حەزمان لە ته‌نیا بێت، ده‌بێ یان خودا یان حه‌یوان بین". خه‌م و خۆشی سنووریان بۆ دیاری نه‌کراوه، له رۆژگاری ناخۆشی بیره‌وه‌ری خۆشی گه‌وره‌ترین ئازاره.
گه‌وره‌ترین خۆشی ناتوانێ قه‌ره‌بووی بچووکترین خه‌م بکات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گه‌ره‌که دڵخۆش بین چونکه کاروانی ژیان پره له خۆشی و به‌خته‌وه‌ری. بە قەولی ز فرۆید، "هه‌موو هه‌وڵی مرۆڤ راکردن له‌ده‌س ئێش و ئازاره له بۆ گه‌یشتن به خۆشی، که ئه‌م ئاواته هۆی مانه‌وه‌یه". مناڵ که برسی ده‌بێ ده‌گری، راده‌کا له‌ده‌س برسییه‌تی تاکو زگی تێر بێت و، به خۆشی بگات. ئه‌م پڕۆسه‌یه له سه‌ره‌تای ژیان له ئارادایه، تا رۆژی مردن پسانه‌وه‌ی نیه.
گه‌ڕان به دوای مانا
هه‌وڵ و تێکۆشان بۆ دیتنه‌وه‌ی مانا پێویستی به هێزێکی ده‌روونی هه‌یه که ئه‌م هێزه تایبه‌تمه‌ندی بەو که‌سه‌وه هه‌یه، گه‌ره‌که هه‌ر که‌س خۆی به مانا بگات. مرۆ کاتێک دڵی داده‌مرکێ که خۆی به مانا گه‌یشت، ئه‌و کات بۆ به ئامانج گه‌یشتن و بایه‌خ دان به ژین ئاماده‌یه ژیانی خۆی به‌خت بکات. پێویسته مرۆ بۆ شتێک بژی که مانای هه‌بێ، چونکە بوونی مرۆڤ به بێ مانا هیچ نرخی نیه. که‌واته مرۆڤ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی خۆناسین و خۆدیتنه‌وه دایه؛ که خۆی نه‌ناسی و خۆی لێ ونبوو، له بیابانی گێل و نه‌زانیدا سه‌رگه‌ردان ده‌مینێته‌وه.
هه‌ر وه‌ک مه‌ولانا ده‌ڵێ: "خۆناسین و رێز گرتن له گه‌وهه‌ر و جه‌وهه‌ری ئینسانی زانین و زانستی سه‌ره‌کییه. ئه‌گه‌ر خۆمان بناسین و خۆمان بدۆزینه‌وه وه به‌ها به خۆمان بده‌ین، له زیندانی خۆخوازی و خۆپه‌ره‌ستی رزگار ده‌بین". مه‌عریفه حه‌وت پله‌ی هه‌یه که ده‌بێ له‌هه‌ر پله‌یه‌ک به لووتکه‌ی به‌رزی مه‌عریفه بگه‌ین تاکو ببینه خاوه‌ن مه‌عریفه‌یه‌کی کامڵ و دیاریکراو.
زۆرجار مرۆڤ زیره‌کانه و بۆ خۆنوێنی ره‌فتارێک له‌خۆ نیشان ده‌دات که پێشانده‌ری ره‌فتارێکی ئه‌خلاقی بێت، به‌ڵام مرۆڤ هیچ کات له‌خۆرا بۆلای ره‌فتارێکی ئه‌خلاقی پاڵنادرێت، به‌ڵکوو بڕیار ئه‌دات ئه‌خلاقی ره‌فتار بکات. ئه‌و له‌بۆ ئاسووده‌یی ویژدان ئه‌وکاره ناکات، وه خۆشی ده‌زانێ که به هۆی ئه‌م کاره ویژدانی ناڕازییه، به‌ڵام ره‌نگه به‌م کاره که‌سێکی دیکه دڵشاد بکات یان به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌وه‌دا ببینێت. ئه‌گه‌ر مرۆڤ بۆ ئاسووده‌یی ویژدان یان به بێ کۆتوبه‌ند ئه‌و کاره ئه‌نجام ده‌دات، هیچ هێزێکی ده‌ره‌کی پاڵنه‌ری ئه‌و کاره نیه، به‌ڵکوو خۆی بڕیار ده‌ره.
هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێن: "ویژدانی ئاسووده باشترین باڵنجه، به‌ڵام ئه‌خلاقێکی کامڵ وه‌ک حه‌بێکی خه‌وهێنه‌ور یان ده‌وایه‌کی هێدی که‌ره‌وه وایه". کاتێک مرۆڤ ناتوانێ خۆی بناسێت یان به مانای راستی خۆی بگات، تووشی وه‌سواسی ده‌روونی ده‌بێت که به ئاسانی چاره‌سه‌ر ناکرێت.
له سه‌رده‌می زوو کاتێک که‌سێک تووشی وه‌سواسی ده‌روونی ده‌بوو، له ناچاری ده‌یانبرده لای مامۆستا یان که‌سێکی ئایینی نوشته‌یان بۆ ده‌کرد، که گۆیا فڵانی شێت بووه یان عه‌قڵی گۆڕاوه. ئه‌و کات که‌س نه‌بوو به شێوه‌یه‌کی زانستی چاره‌سه‌ری کێشه‌که بکات. به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستا زانستی "ده‌روونشیکاری" یان "لوگوتڕاپی" چاره سه‌ری ئه‌م جۆره کێشانه ده‌که‌ن. له ده‌روونشیکاری ده‌بێ نه‌خۆش قسه له‌سه‌ر ئه‌و شتانه بکات که دووپات بوونه‌وه‌یان کارێکی ئاسان نیه، به‌ڵام لوتوگڕاپی ده‌بێ نه‌خۆش گوێ گری قسه‌کان بێت که دووپات کردنه‌وه‌یان کارێکی ئاسان نیه. جیاوازییه‌کی تری لوگوتڕاپی ئه‌وه‌یه که که‌متر ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر رابردوو، زۆرتر سرنج ده‌دات به داهاتوو و ئه‌رکه‌کانی ژیان.
بۆ ئاسووده‌یی ویژدان، له روانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌رکه‌س به پێی بۆچونی خۆی دروست ره‌فتار ئه‌کات، به‌ڵام له روانگه‌ی دینی ده‌بێ هه‌ر که‌س به پێی یاسا و ده‌ستوری ئایینی ره‌فتار بکات که زۆربه‌ی ره‌فتاره‌کان به شێوه‌ی خۆنواندن و رواڵه‌تبازی دێنه به‌رچاو. هه‌رچه‌ند ئاشکرا کردنی ئه‌م راستییه پێویستی به زه‌حمه‌تێکی زۆر نیه؛ ئه‌وه خۆمان دادوه‌رین و ده‌زانین که کامیان راست یان ناراستن، که ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هزری و هۆشی مرۆ.
مه‌به‌ست له هۆش توانایی و هێزێکه که لایه‌نی کرده‌وه‌یی هه‌یه. ئه‌و کاته‌ی مناڵ زۆر بچووکه بۆ گه‌یشتن به شتێک ده‌ستی درێژ ده‌کات. مه‌یموون بۆ گه‌یشتن به مۆز به‌داره‌که هه‌ڵده‌چێ وهتد. ئه‌توانین بڵێین که گیان له‌به‌ره‌کانیش بۆ ئه‌نجامی کرده‌وه‌یه‌ک یان بۆ گه‌یشتن به شتێک له هۆش که‌ڵک وه‌رده‌گرن. ئێمه‌ش له ژیانی رۆژانه‌مان یان له کاتی ئیش‌کردن له هۆش که‌ڵک وه‌ر ده‌گرین که ئه‌مه‌ش بۆ مانه‌وه‌ی ژیان پێویسته.
جیاوازی ئێمه و بوونه‌وه‌ره‌کان له‌مه دایه که ئێمه خاون بیر و هزرین، که ئه‌مه‌ش بۆ تێگه‌یشتن و گه‌یشتن به ناخی ده‌روونه. ئێمه له ژیانی تاکی و کۆمه‌لایه‌تی له بیر و هزر بۆ دوابینی ژیان به‌هره وه‌ر ده‌گرین که بێ به‌ش بوون له‌م به‌شه، ئێمه له ژیانی مرۆیی دوور ده‌کاته‌وه. چونکه حه‌ویوان به هۆی ره‌چاوکردن و پار‌استنی یاساکانی سروشت ژیانی خۆی به‌ڕێوه ده‌بات و مافی خۆی ده‌پارێزێت.
بۆ نموونه، کیسه‌ڵ به پێی یاسای سروشتی، بۆ خاترجه‌م بوون هێلکه‌کانی له ژێر گڵ و خیز ده‌شارێته، وه له کاتی خۆیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه لایان. به‌ڵام مرۆ به پێێ عه‌قڵ ئه‌مکاره ده‌کات، گه‌ر عه‌قڵی له ده‌ست دا رێگه‌ی ماڵه خۆی پێنازانێته‌وه. جێگای سه‌رسووڕمان نیه که گه‌وره‌ترین ترسی مرۆ له شێتی و له پیرییه. دیاره چیرۆک و بیرۆکه‌ی پیری خۆی مێژویه‌کی تایبه‌تی له‌خۆ ده‌گرێ و، پێویستی به لێدوانێکی تێر و ته‌سه‌ل هه‌یه. به‌ڵام پیری ئه‌م قۆناغه به‌نرخه‌یه که پره له داخ و که‌سه‌ر و نامرادییە، وه له‌م سه‌رده‌مه زۆر بێ به‌ها سه‌یر ده‌کردرێت (بۆ زانیاری له‌م باره‌وه بڕواننه کتێبی "کهنسالی" نووسینی سیمون دوبوار).
"شکم هه‌یه له خۆم چونکه بیر ده‌که‌مه‌وه، که بیر ده‌که‌مه‌وه ده‌زانم هه‌م".