ما 3310 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

من دەبێ هەر ئیستا بیدۆزمەوە. بێتاقەتییەکانم وەڕەزم دەکەن. دەچم دەستی دەگرم و لە کاتێکدا دەنگم شەرمی تیا رەنگ دەداتەوە، سەر دادەخەم و دەپرسم کە داخۆ ئیستا لە کوێیە. 

 

کە گەیشتمە سەری، هەر چی فەلسەفە و ئەدەبی خۆماڵی و ناوچەیی و جیهانیی بوو بانگهێشتم کرد بۆ ئەوەی بتوانم لەچاوە کراوە و بێ جوڵە و بێ ژیانەکانی بڕوانم. لەو چاوانەی هێشتا مەرگی خۆیان باوەڕ نەدەکرد و بە سەرسوڕماوییەوە لە جیهانیان دەڕوانی. ئەو چاوانەی پێیان وابوو دەبێ بە هۆی خەونەکانییەوە یەکجار دوورو درێژ بژی،... یەکجار! شیعرە حیماسییەکانی شێرکۆ و خوسرەوی گولسورخی و  هۆمیرۆسم بانگهێشت کرد، هەروەها پووچگەرایی بێکت، رۆحی جیهانیی هیگل، شەڕی چینایەتی مارکس، مەدیتاسیۆنی دێکارت، عەقڵی ئۆتۆنۆمی گەرای کانت، نیهیلیسمی نیچە و سەرئەنجام ئیگزیستیانسیالیزمی سارتەر، بەڵام... بەڵام هیچیان دادیان نەدام. نەمدەتوانی لە چاوەکانی بڕوانم. خوا خوام بوو کەسێک بێت و دەستێک بە هەر دوو چاوەکانیدا بێنێت و بۆ هەمیشە بیانبەستێ. چاو کە نەیڕوانی، بۆ ئیتر دەبێ بڕوانێ! بەڵام لەو نزیکانە کەسی لێ نەبوو، تەنیا من بووم و من،... خۆم بووم و خۆم. لەو من و خۆمانەی زۆر کەم لەم جیهانەدا دەست دەکەوێ. جا نازانم لەو کاتەدا خۆم بە بەختەوەر بزانیایە یان بە نەگبەتترین مرۆڤی سەر رووی زەمین کە بە تاقی تەنیا بە توش تەرمێکەوە ببوو.

بە ناچار لە چاوەکانیم رووانییەوە.

هەندێک لە شیعر و گوتەکانی ئەوانم  لە بەر خۆمەوە لەو بێدەنگییە بەسامەدا دووپاتکردەوە:

ـ "... دڵی ئازادی و بەیداغی هەڵوێستی لووتکەی ئینسانە،...  به خودم می گویم من همین فردا کاری خواهم کرد کاری کارستان و به انبار کتان فقر کبریتی خواهم زد،... چ فەرق دەکات ئیستا بمرم یاخود پەنجا ساڵی تر؟... گۆدۆی چاوەڕوان کە لە چاوەڕوانییەکانی وەڕەز نابێ،... رۆح لە رۆژئاوادا بە ترۆپکی خۆی دەگا ،... مێژووی مرۆڤ بریتییە لە شەڕی چینایەتی،... من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم،... جورئەت بکە عەقڵی خۆت بەکار بێنە،... کە خودا دەمرێ ئیتر پێویستیی مرۆڤی مەزن دێتە ئاراوە،... مرۆڤ مەحکوومە بەوەی بە ئازادی بژیت."

سەیری دەکەم. هەوڵ دەدەم لوتکەکە لە گرێ گرێی قژە ئاڵۆزکاوەکانی پەیدا بکەم،... هەوڵ دەدەم ئەو چڵە شقارتەیە لە شوێنێک لە ناو جل و بەرگەکەیدا بدۆزمەوە وا ئەنباری کەتانی هەژاریی پێ ئاور دا،... هەوڵ دەدەم بزانم بە راستی بۆی فەرقی دەکرد ئیستا بمرێ یاخود پەنجا ساڵی تر،... لە چاوەکانی دەڕوانم بۆ ئەوەی نیگاکانی گۆدۆی تیا بدۆزمەوە،... بۆ ئەو رۆحەی دەگەڕێم کە ویستی دووا قۆناغی سەفەرەکانی رۆحی گشتی بێت و دەیویست رۆژهەڵاتیش بگەیەنێتە ئەوێ،... هەوڵ دەدەم شوێنەواری شەڕەکانی مێژوو لە سەر روخساری ببینمەوە،... هەوڵ دەدەم بزانم تا چەندە بیرکردنەوەکانی بریتی بوون لە بوونی،... سەیری گرژی ناوچاوانی دەکەم تا بزانم چەندە جورئەتی بەکارهێنانی عەقڵی خۆی هەبووە،... بیر لەوە دەکەمەوە تا چەندە لە جیهانی بێ خودادا متمانەی بە خۆی هەبووە،... سەرئەنجام دەمەوێ لە شێوەی رووانینیدا بزانم چەندە مەحکووم بە ژیانکردن بە ئازادی بووە.

نە نیگاکانی من هەڵە دەکەن و نە نیشانەکانی روخساری ئەو. هەموو شتەکان لەوێن. کە گەیشتمە سەر تەرمەکەی هەموو شتەکان، ئەوانەی وا بۆ خۆی بە جۆرێک لە جۆرەکان باسی دەکردن و منیش پێم وابوو دەبێ لەوێ بن، لەوێ بوون. کە من گەیشتم، هێشتا راستییەکان جێیان نەهیشتبوو. هێشتا پووچیی مەرگ و ماناکانی ژیانیان پێکەوە لەوێ بوون. ئەی ئەوە نیە نیگاکانی گۆدۆ لە گەڵ شەڕەکەی مارکس پێکەوە هێشتا لە چاوەکانییەوە دەڕوانن!

لە چاوە کراوەکانی دەڕوانمەوە،...ئەو نیگایانەی کە گەرچی دەیانڕوانی، بەڵام وەک بڵێی خۆیان لە خۆیاندا ون دەبوون. نیگاکانیی نەڕوانین،... بەرەو دونیا و کەچی واوەتر لێی. نا، باوەڕ ناکەم. ئەو ئەگەرچی لێرە راکشاوە، بەڵام بۆخۆی لێرە نیە. لە شوێنێکی ترە. شوێنێکی تر هەر لەم جیهانەدا. من دەبێ هەر ئیستا بیدۆزمەوە. بێتاقەتییەکانم وەڕەزم دەکەن. دەچم دەستی دەگرم و لە کاتێکدا دەنگم شەرمی تیا رەنگ دەداتەوە، سەر دادەخەم و دەپرسم کە داخۆ ئیستا لە کوێیە. ماوەیەک چاوەڕوان دەبم. هیچ تەرمێک خێرا جواب ناداتەوە. زەمەنی خۆی دەوێ. دەستە ساردەکانی گەرمای ناو لەپم لە گەڵ خۆی دەبا،... دەیکوژێ. دیسان چاوەڕوانی. نا، وەڵامێک نیە. واز لە خەونەکانم دێنم. دەبێ بە قاچەکانمەوە لە سەر زەوی راوەستم،... قورس قورس.

هەڵدەستمەوە سەر پێ. دڵ و دەروونم ئەوەندە قورسن کە هەست دەکەم لە سەر قەراخەکانی ژیان راوەستاوم. تەنیا هەڵێنانی هەنگاوێک بەسە بۆ ئەوەی بترازێم. بۆ کوێ؟ بۆ خۆیشم نازانم. تەنیا ئەوەندە دەزانم نەک بۆ ئەو شوێنەی کە ئەو بۆی رۆیشتووە.

شتێک لەم مەرگەدا هەڵەیە، بەڵام ئەو هەڵەیە چییە؟ کامەیە؟ گوناحی بە لوتکە بوونە، گوناحی ئاگرتێبەردانی لۆکەی هەژارییە، تاوانی بێخەیاڵی لە کاتی هاتنی مەرگ،... چاوەڕوانیی زۆر،... رۆحێک کە دەیویست بە ترۆپک بگا،... ئەوەی کە بیر دەکاتەوە کە هەیە،... پریشکەکانی شەڕ،... جورئەتی بیرکردنەوە،... هەوڵی بە خودا بوون،... یاخود تاوانی بە ئازادی ژیان؟

چەند بارە و چەند بارە بە هەموو ئەمانەدا دەچمەوە. هەر کامەیان بە جیا و، هەر هەمووشیان پێکەوە دەتوانن تاوانباری مەرگی ئەو بن. بەڵام راوەستە! شتێکی تر دیسان لێرەدا هەڵەیە. ئەمانە چۆن دەتوانن پێکەوە کۆببنەوە و لەودا بە یەکڕا و تێکڕا هەبن؟ چلۆن ئاوا جەستەیەکی بچوک و ناسک دەتوانێ هەڵگری ئەو هەمووە بێ؟ رقم لە هەموو بیرەکان دەبێتەوە،... لە هەموو خولیاکان و لە هەموو خەونەکان. داخۆ ئەوان دەزانن کە دەتوانن چ لە مرۆڤەکان بکەن؟ ئایا دەزانن دەتوانن تەمەنی مرۆڤ لەوەی کە هەیە کورتتر بکەنەوە؟

دڵنیا نیم ئەوان زۆر بیر لە زەمەن بکەنەوە. ئەسڵەن لە بنەڕەتدا ئەوان هەن چونکە زەمەن لایان بزرە. بوونەوەرەکانی لە خۆبایی بە بوونی خۆیان. ئەوانەی کە تەنیا لە ناو سنوورەکانی خۆیاندا هەن.

دەڕوانمە "لوتکەی بەرزی ئینسان". شوێنەکە ئەوەندە بەرزە کە دەکرێ لە هەر کوێیەکیەوە بکەویتە خوارەوە، بۆ هەمیشە ژیان بە جێ بێڵی. رقم لە شاعیرەکەی دەبێتەوە، ئەو شاعیرەی وا بێ بەزییانە ئەوی بەرەو ئەو لوتکە برد. بیر لە ئاگری لۆکەکە دەکەمەوە، ئەو ئاگرەی کە زۆر خێرا دەتوانێ لە جەستە بئاڵێ و بیکا بە خەڵوز. ئایا ئەو شاعیرە بیری لە شقارتە بەدەستەکە کردووەتەوە؟ ئەی هۆمیرۆس؟ داخۆ دەیزانی کە لە راستی دا جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی کە ئیستا بمری یاخود پەنجا ساڵی تر؟ یان دەیزانی و خۆی لێ گێل دەکرد. ئەی گۆدۆ؟ بۆچی وازی لە چاوەڕوانییەکانی نەدەهێنا؟ نەیدەزانی کە مرۆڤ سەرئەنجام لە رۆژێکی ئەم چاوەڕوانییانەدا دەبێ بە قوربانی و نێچیری خودی چاوەڕوانی؟ هیگل دەیویست بە بە ترۆپک گەیاندنی رۆح بە چی بگا؟ داخۆ نەیدەزانی لەم گەردش و سوورانەوە ئەبەدییەدا شتێک سەرئەنجام بە هەڵە دەکەوێتەوە؟ دیکارت چی؟ بۆچی بیرکردنەوەی کرد بە تاقە پێوەری بوون؟ داخۆ ئەویش نەیدەزانی سنووری نێوان بیرکردنەوە و کەوتنی جەستە لە ئان و ساتێکی لە بیرکراوەدا یەکجار لێک نزیکن؟ مارکسیش چ بێ رەحم بوو! چەند ئاسان پاڵی دەنا پێیانەوە بۆ ئەوەی بچنە شەڕەکان. ئەو شەڕانەی کە لە کۆتاییدا دەگەنە کەوتنەکانی جەستە. وە "کانت" یش چەند بە دڵ سەخاوەتییەوە جورئەتێکی خستە ناو دەروونی مرۆڤەوە کە بە ئاسانی بیەوێ لە خۆی بگوزەرێ. لە هەمووشیان ترسناکتر نیچەیە کە ویستی مرۆڤ بکا بە خوای دووا رۆژ، ئەو خوایەی وا نەیدەتوانی بەر بە مەرگی خۆی بگرێ. سەرئەنجام سارتەر کە پێی گوت تۆ ناچاری بە ئازادی بژیت! ئەو ئازادییەی کە دەکرا بیخاتە سەر رێگای هەڵبژاردنی ئەو رێگایەی کە ئیستا گەیاندوویەتە ئێرە. ئاە، چەند رقم لە هەموویانە!

سەیری جەستەی دەکەمەوە،... سەیری چاوەکانی کە هێشتا دەڕوانن. جەستە و نیگاکانی بۆنی هەموو ئەوان دەدەن،... هەر لە شاعیرەکانەوە بگرە هەتا فەیلەسووفەکان. دڵرەقترین بوونەوەرەکانی سەر رووی زەوی. ئارام لێی نزیکتر دەکەومەوە. لەو تەنیاییە یەکجار تەنیایەدا بە کاوەخۆ دەستم لە روخساری نزیک دەخەمەوە. لەو بێکەسییەی من و ئەودا چار نیە دەبێ بۆ خۆم پێڵووەکانی سەر یەک بخەم،... پێڵوە نەرم و تەڕ و درێژەکانی. سەر یەکیان دەخەم.

باوکم کە باسی مەرگ دەهاتە پێش، سەری دادەخست، مژێکی قوڵی لە جگەرەکەی دەدا و لە کاتێکدا دووکەڵ لە لووت ودەمییەوە دەهاتە دەر، دەیگوت:

ـ "گەر بە من بایە، لە کاتی دروستکردنی دا لە هەر چی شیعر و فەلسەفەیە دوورم دەخستەوە. تەنیا دەمکرد بە باڵندەیەکی رەنگین،... وەها کە ئەرکی تەنیا فڕین بووایە و فڕین!"

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت