ما 3631 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

 ماسییەکان فڕین بەرەو ئاسمان
خەیاڵەکان توانەوە وەک بەفری زستان
ئارەزوو دەکەم بگەڕێمەوە شارەکەم
جارێکی تر یاری لێ بکەم
 

 

بزەی خەیاڵ

مناڵ بووم، بە زیخ و قوڕ و بەرد یاریم دەکرد

دیوارم هەڵدەچنی ماڵم ساز دەکرد

هیچم نەبوو یاری پێ بکەم

دڵم بەوان خۆش دەکرد

لە ژێر چرقەی گەرما و تیشکی خۆر

بە ئاسمانی شین خەیاڵم ساز دەکرد

***

بزەی خەیاڵ لە سەر تیشکی خۆر

دەهاتە سەما، دنیای رووناک دەکرد

تۆپێکم هەبوو خڕ و زەردیلانە

خۆش دەڕۆیی زۆر قنجیلانە

بەیانی تاکو ئێوارێ لە باوەشم دەکرد

ئێواران هیلاک دەبوو ئازادم دەکرد

***

خەونم دەدی خەونی شیرن

لە خەونەکەشدا

بە تۆپەکە یاریم دەکرد

خەونەکەم خەونی شارێکی بچووک

لە هەر گەڕەک چەند ماڵ

لە حەوشەی هەر ماڵێک حەوزێک

لە نێو هەر حەوزێک چەند ماسی زەرد و سوور

کە منیان دەدی دەکەوتنە سەما لە دوور

چوار دەورەی ماڵەکەم هەمووی پەنجەرە بوون

 لەگەڵ ئەوەش پەنجەرەکان زۆر بچکۆڵە بوون

***

بابە گەورە وای دەفەرموو؛

مێشکی بچووک پەنجەرەی بچووکی گەرەکە

بۆیە پەنجەرەکان هەموو بچووکن لەم گەڕەکە

لە باخچەی ماڵەکە

داری هوڵو، هەنار و سێو

پۆلیان بەستبوو لە دەوری داری مێو

منیش جار و بار تامم دەکرد

ئەوەندە شیرن بوون دەخوران بە لێو

***

کیژ و کوڕ شەوگاریان دەکرد

سەرمەست دەبوون بە بزەی لێو

لێوەکان یەکتریان ماچ دەکرد

منیش لە پشت پەنجەرە

بە هێمنی سەیرم دەکرد

جریوەی جریوی چۆلەکان

دەنگیان دەداوە لە ئاسمان

دەنگی بولبول و قەناری

 پیاوی سەرمەست دەکرد

ئاخ چەندە خۆش بوو

پڕ بە دڵ ئارەزووم دەکرد

***

تۆپەکەم تۆرا، رۆژێک نەهاتە دەر

زۆر چاوەڕوان بووم

وتم، تازە خاکم بەسەر

باران بیستی

فکری خەراپی کەوتە سەر

باران هات و، خەونەکانی وێران کردم

لە نێو ئاسمان زەوی حەیای بردم

هەرچی بزەی خەیاڵ بوو لێی رفاندم

باخەکەم زیز بوو ئیتر نەیدواندم

مێوەکان تووڕە بوون

تامی زەهریان پێ چێژاندم

***

ماسییەکان فڕین بەرەو ئاسمان

خەیاڵەکان توانەوە وەک بەفری زستان

ئارەزوو دەکەم بگەڕێمەوە شارەکەم

جارێکی تر یاری لێ بکەم

ئارەزووم دەکرد

شارەکەم ببێتە جوانترین شاری جیهان

ببایە بە ئەفسانە و چیرۆک

گوترابایەوە زمان بە زمان

بزەی خەیاڵ پەڕی، ئیتر نەهاتەوە

دەبێ بە خەیاڵی بزە خەو بمباتەوە!

Bilderesultat for barn med ball karikatur 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت