ما 1613 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

ئەوەندەی نەخایاند کە دەنگی یەک دوو ماشین هات و پاشان کۆڵانەکە پڕ بوو لە تەپەی پێ. وادیار بوو زۆرن. پاسارییەکان ترسان. چەند دانە لە بەتەمەنەکانیان بە ئارامی تا بەر درگای هێلانەکەیان هاتن، سەرەتا کەسیان نەبینی پاش نەختێک وردبوونەوە چەند تارماییان بینی کە بەدەوری ماڵی کوڕەدا راوەستابوون. 

 

پاسارییەکان

رەسوڵ سەفەریانی

ئێوارەیێکی رۆژەکانی دەسپێکی زستان بوو. بێدەنگیێکی زستانی بە یارمەتی هەڕەشە و تۆقاندنی دەسەڵاتی تازە پێگەیشتو وای کردبوو کە خەلک ئێواران پێش پاسارییەکان دەچونە ماڵەوە و هەڵدەنیشتن. ئەو رۆژانە پاسارییەکان تا دوواتیشکەکانی رۆشنایی لە بەردەم هێلانەکەیان کسکەیان دەکرد و سەیری هاتووچۆ شاراوەکانی خەڵکیان دەکرد. ئەو هاتووچۆانەی کە پاش بانگی ئێوارە قەدەغە کرابوو. زۆربەی پاسارییەکان حەزیان لەم قەرەقوپە بوو. دەیان وت باشە ئێستا بە دڵی خۆمان لەبەر هێلانەکەمان دادەنیشین و پێکەوە قسە دەکەین، بەڵام بڕێکیان دژی ئەو وەزعە بوون و رایان وابوو کە شار رەنگ و بۆی ژیانی پێوە نامێنێت. ئەوان دەیانگوت ئەم دۆخە زۆر ترسناکە، ئەگەر وەها بڕوات ئێمەش تووشی خەمۆکی دەبین. هاتۆوچۆی خەلک و هەڵاتن لەبەر پێیاندا ئێمەش وریا و شاد و بە گوڕ دەکات.

پاسارییەکان لەم دانیشتنی ئێوارانەیاندا زۆر شتیان دەبینی و ئاگایان لە زۆر شت بوو. دەیانبینی کە ژنانی گەڕەک ئیتر ناوێرن تا درەنگان و تاریکان لەبەر درگای حەوشەکاندا دانیشن، قسە بکەن، تۆوبتروکێنن و پێبکەنن. پاسارییکان حەزیان لەو دانیشتنانە بوو، چون بەیانیان زوو پێش وەخەبەرهاتنی خەلک، پێش ئەوەی ژنان هەستن و بەردرگاکان گەسک بدەن، ئەوان لە هێلانەکانیان دەهاتنە خوارەوەو لە نێو تۆکڵە تۆوەکاندا تۆوی نەتروکاو و ناوکەتۆی داکەوتوویان دەدۆزییەوە و دەیانخوارد. بەڵام لەمێژە ئەم شتە نەماوە. پاسارییەکان ئاگایان لە کچان و کوڕانیش بوو کە چۆن بە دزییەوە نامەیان دەگۆڕییەوە و لە ژێر لێوەوە بە تێپەڕانێکدا وشەیان دەگۆڕییەوە. پاسارییەکان حەزیان لە بینینی ئەو دیمەنانە بوو. هەموو بەیانیێک لە کۆبوونەوەی بەیانیانی پێش هەستانی خەڵک دا، کە لە نێو دارەکانی حەوشەکاندا دەگیرا، ئەم زانیاریانەیان بۆ یەک دەگێرایەوە، بۆیە هەموو پاسارییەکانی گەڕەکەکان دەیانزانی گەنجەکانی گەڕەک خەریکی چین و کێ دڵی بە کێوەیە. تەنانەت دەیانزانی دوواماچ کەی کراوە و کێ لە گەڵ کێ کردوویەتی، بۆیە هەر کە کچێک دەردەکەوت دەیانزانی چاوەڕیی کێیە، خێرا دەیانکرد بە جریوە جریو و بەو شێوە یەکتریان ئاگادار دەکردەوە و دەیانگوت ئەها ئەوە پەیدا بوو، ئێستا یارەکەیشی دێت! ئەوان تەنانەت کەسەکانیان بە رەفتارو کردەوەکانیانەوە دەناسی. روخسارەکانیان لەبیردەما. ئەگەر کەسێک هێلانەیانی دەربهێنایەت ئەوە هەموویان ئاگاداردەکردەوە و سیما و شکڵی کەسەکاەیان دەناساند بە هەموو پاسارییەکانیتر، بەم شێوەیە بەچکەکانیشیان ئاگاداردەکردەوە کە دەبێت وشیار بن. هەرکەس ئازاری بدایێتن یان لیانی بکوشتایێت، ئەوە بەرە بۆ بەرە و جیل بۆ جیل دەیانناساند بۆ ئەوەی روخسار و تاوانی ون نەبێت. ئەگەر بۆیان بکریایێت بە شێوەییێک تۆڵەیان لێدەسەندەوە. هەڵبەت بڕیاری ئەم شتانە هەمووی لە کۆبوونەوە گەورەکاندا دەدریا. تۆڵەکان زۆر جار دەبوو بە رێقنەکردن بەسەر شتەکانیان یان جلەکانیاندا.

پاسارییەکان ئێستا هەستیان بەوە کردبوو کە ئەم ساڵانەی ئەخیر رادەی چۆلەکەکوژ و هێلانەدز کەم ببووەوە، لانیکەم لە شارەکاندا. ئەوان هەستیان کردبوو کە دۆخەکە گۆڕاوە و ئەمەش پێوەندی بەو کەمبوونەوە و بڕانی هاتووچۆی پاش بانگی ئێوارە و پێش بانگی بەیانیانەوە هەیە. ئەمەشیان بەوە زانیبوو هەر کە دەنگی بانگی مزگەوتەکان دەهات خەڵک لە کۆڵانەکاندا نەدەمان تا بانگی بەیانی جووڵە لە کۆڵانەکاندا نەدەبوو. دەیانزانی ئەوانەی کە زۆر درەنگ دێنەوە خەریکی کارێکن کە نایانەوێت خەلک بیبینێت. پاسارییەکانی ماڵی ئەوانیش بەمەیان زانیبوو. لەو رووەوە کە پاسارییەکان کوڕی ماڵەکەیان باش دەناسی و لە لای ئەوان بە قاتڵ ناوی تۆمار کرابوو. ئەم ناوبانگە خراپە وایکردبوو کە زۆرتر لە  خەڵکی عادی لە ژێر چاودێریدا دایبنێن و ئاگایان لە هەموو هەڵسوکەوتەکانی بێت. ئاخر ئەو کوڕە گەلێک کەس و کارو بەچکەیانی بە قۆچەقانێ و تفەنگی بادی کوشتبوو. بە هۆی ئەم چاودێرییە چڕو پڕەوە  دەیانزانی لە ماوەی یەکساڵی رابردوودا، رێک لەو کاتەوە هاتۆچۆکان یاساخکراوە، ئەو هەندێک ئێواران درەنگتر لە خەڵکانی گەرەک دێتەوە. ئەوەندە درەنگ کە پاسارییەکانیش تاقەتیان نەبوو لە بەر هێلانەکانیان هەڵنیشن و جریوەی قسەکردنیان بێت، بۆیە بڕیاریان دا کە ئەو شەوانە بە سەرە ئێشک بدەن تا دێتەوە. پاسارییەکان هەستیان کردبوو کە ئەم کوڕە قاتڵە خەریکی شتێکی نائاسای و نایاساییە بۆیە وەها درەنگ دەگەڕێتەوە. ئەوان بینیبوویانە کە جاروبار بەیانیانیش کاتی مەلا بانگدان بە هێواش و بێدەنگ درگاکەی ماڵیان دەکاتەوە و روودەکاتە کۆمەڵە بەردە هەڵڕژاوەکەی بەردرگای پشتەوەی ماڵی خۆیان و شتێک دەردێنێت و دەیچەپێنێت بە گیرفانی پانتۆڵەکەیدا و بە بێ ئەوەی دەستی دەربێنێت وەڕێ دەکەوێت. ئەمە ببووە دەمەتەقێی لە نێوان پاسارییەکاندا، هەر کەسە و بۆچوونێکی بوو. بڕێکیان لایان وابوو ئەوە وردە بەردە و دەیکاتە گیرفانی، رەنگە دواتر بیگرێتە ئەو پشیلانەی وا لە کۆڵانەکاندا شەوانە بۆ تێرکرنی سکیان زەرفی زبڵەکان دەگەڕن و ئەم کەسانەش ئەوەشیان پێ رەوانابینن، بۆیە ناچار پەلاماری جوجکەکانی ئێمە دەدەن. چەند پاساریێک بینیبویان رۆژێک کە کوڕەکە پشیلەیێکی لە ژیرخانەکەیاندا گیرهێنابوو و بە دار نیشتبووە گیانی. ئەوەندەی لێدابوو کە وەک مردوی لێهاتبوو، پاشان کلکی گرتبو و شۆڕی کردبووەو و هاواری دەکرد "ئەوە عاقبەتی خواردنی باڵندەی قەفەسی منە". پاسارییەکان زۆریان لا سەیر بوو کە ئەو گوتویەتی "باڵندەی من"! مەگەر دەبێت زیندەوەری ئازاد هی کەسێک بێت. ئەو گرتویەتی و زیندانی کردوون لە قەفەس دا و خۆشی کردوە بە خاوەنی. شەرم لە خۆی ناکات!

ئێستا ئیتر هەموو پاسارییەکانی گەڕەک ئەمەیان دەزانی کە کوڕەکە خەریکی شتێکی نهێنییە، بۆیە هەر کە کوڕەکە دەردەکەوت بە هەموویان بە جریکە جریک یەکتریان ئاگادار دەکردەوە. ئاکامی چاودێرییەکان وا پیشان دەدا کە ئێستا ئەو کوڕە زۆر گۆڕاوە. زانیاری زۆریان لە سەر کۆکردبووەوە. لە کۆبوونەوەکاندا باسیان کرد کە ئێستا ئیتر نە قەفسی ماوە و نە بالندەی یەخسیری لایە. تەنانەت بەوەشیان زانیبوو کە کوڕەکە پاشماوەی دانی باڵندە قەفەسیەکانی دابوو بە مریشک و جوجکەکانی. ئەمە پاسارییەکانی سەرسام کردبوو. تاقمێکیان لایان وابوو کە ئەو کوڕە بە نهێنی ئێستا خەریکی تاوانی گەورەترە. بۆیە هەندێکیان ترسیان لێنیشتبوو دەیان گوت رەنگە خەریکی کوشتن و راوڕووت بێت وا بە تاریکان دەیکات، بەڵام زۆربەیان دەیانگوت باشترە  بڕیاری پێش وەخت نەدەین.

ئەم چاودێری و لێکۆلینەوانە بەردەوام بوو تا ئێوارەیێک درەنگ کە کوڕەکە هاتەوە، هەستیان کرد لەگەڵ هاتنەوەی ئەو کۆڵان پڕ بوو لە بۆنی رەنگی تازە. ئەم بۆنە بەم شەوە نەک هەر پاسارییە کێشکەکان بەڵکو ئەوانیتریشی کێشایە بەر کونەکانیان. بڕێک جریوەی خستە کۆڵانەکە بەڵام لەبەر درەنگی کات گەڕانەوە هێلانەکانیان.

ئەم رازە بە نەکراوەیی مابووەوە و ببووە پرسیارێک بۆ هەموو پاسارییەکان. تا ئەو ئێوارە. باسی ئێوارەیێکی تایبەت دەکەم کە جۆری روانین و پێوەندی نێوان کوڕەکە و پاسارییەکانی گۆڕی. ئەو ئێوارە وەک هەمیشە نەبوو، کوڕەکە بڕێک زووتر هاتەوە، مەبەست هاتنەوەی بۆ نێو کۆڵان بوو. لەگەڵ هاوڕێ گیانگیانییەکەی بوو. لەبەر درگا راوەستابوون. پاسارییەکان گوێیان لێگرتبوون بەڵکو شتێک بدرکێنن و رازەکەیان بۆ بکاتەوە، بەڵام هەر قسەی عادی بوو. یەکترییان داوەت دەکرد بۆ ماڵی خۆیان. لە کۆتاییدا کوڕەکە چووە ماڵەوە و هاوڕێکەیشی وەڕێکەوت و رۆیشت.

ئەوەندەی نەخایاند کە دەنگی یەک دوو ماشین هات و پاشان کۆڵانەکە پڕ بوو لە تەپەی پێ. وادیار بوو زۆرن. پاسارییەکان ترسان. چەند دانە لە بەتەمەنەکانیان بە ئارامی تا بەر درگای هێلانەکەیان هاتن، سەرەتا کەسیان نەبینی پاش نەختێک وردبوونەوە چەند تارماییان بینی کە بەدەوری ماڵی کوڕەدا راوەستابوون. پاسارییەکان بینییان کە چەند کەسێکیان بە دیوارەکەی ماڵی کوڕەدا هەڵگەڕان و چوونە سەربان. پاش ماوەیێکی کورت چەند دەنگی پیاوانە و بەدوایدا شیوەن و گریانێکی چەند کەسی و بە دوایدا دەنگی ماتۆڕی دوو ماشین هات. بێدەنگی وەک ئاوی شڵەقاو خۆی کۆکردەوە و ئارامی گرت.

لەو شەوە بەدوا ئیتر پاسارییەکان نە شەو و نە رۆژ کوڕەکەیان نەبینی. ژنێکی جەستە لاواز بە دوو چاوی ئەسریناوی هەموو رۆژێک  بەو زستانە رێگای پڕ لە بەفر و سەرمای دەگرتە بەر. بۆکوێ دەچوو، لای پاسارییەکان پرسیارێک بوو کە زۆر حەزیان لە وەڵام و هۆکاری بوو. لە یەکەمین کۆبوونەوە پاش ونبوونی کوڕەکە کە لە سەر تاکە داری حەوشە گیرا، ئەو دارەی وا قۆخێکی پاییزی بوو و کوڕەکە خۆی بە دەستی خۆی لەوێ نابووی. بڕیاردرا دوای ژنە چاوبەگریانەکە بکەون. دوو پاساری دیاری کرا بۆ ئەرکەکە. وەڵام بوو بەوەی کە لەوسەری شار بیناێکی زلی تیایە کە رۆژانە سەدان کەس لەبە درگاکەی کۆ دەبنەوە. پاسارییەکان لە رێگە پاسارییەکانی ئەو گەڕەکە ئاگادار کرانەوە کە ئەو شوێنە قەفەسی کەسانی گیراوە.

پاسارییەکان هەموو رۆژێک بە سەر بانی ئەو بیناوە دەنیشتنەوە و سەیری ئاپۆڕەی خەلکی نێو حەوشە پان و بەرینەکەی بیناکەیان دەکرد. رۆژان رۆی و ژنە جەستە باریکە لاوازەکە بەردەوام بوو لە هاتووچۆی بەر بیناکە، بەڵام هەموو رۆژێک بێ دیدار و بێ دەسکەوتێک بە جەستەی سەرما تێزاوەوە بەرەو ماڵۆ دەهاتەوە.

کوڕەش پاش خۆشبوونەوەی برینەکانی ژێر ئەشکەنجەی، بەرە بەرە ئیزنی هاتنە حەوشی بە شێوەی سنوردار پێدرا. یەکەم تیشکەکانی هەتاوی بەهاری چاوی خووکردوو بە تاریکی ئازاردەدا. زۆرجار لە سوچێ دادەنیشت. رێک بەرانبەر هێلانەی جوتێک پاساری. هاتووچۆی بەردەوامیان دەیسەلماند کە دایک و باوکن. ئەمە کوڕە ی دەخستەوە بیری دایکی. کوڕە حەزی لە سەیری پاسارییەکان و هەموو باڵندەکان بوو. دڵی دەکراوە، ئارامشی پێدەبەخشیی. هەر لەم رۆژانەدا، پاش بردنە سەری زستانێکی سارد لەبەر دەرکی بیناکەدا، دایکی ئیزنی یەکەم چاوپێکەتنی پێدرابوو. دایکی دڵنیا کردبووەوە کە بەم زووانە هاتنەوەی نییە. کوڕە تا دەهات زۆرتر خووی بە پاسارییەکانی زیندان دەگرت. ئەوان تەنیا ئالقەی نێوان زیندان و دونیای ئازاد بوون کە بە بێ چاودێری و پشکنین دەهاتنە لای کوڕە و چاویان پێدەکەوت. بۆنی ئەودیوی دیوارەکانیان پێ بوو. ژێر باڵەکانیان گەرمای هەناسە ئازادەکانی خەلکانێکی تێدا کۆدەبووەوە کە بە بێ ئەوەی قەدری ئەو هەوا ئازادە بزانن بەردەوام هەڵیدەمژن و بێ بیرلێکردنەوە دەریدەدەن. کوڕە بەوە گەیشتبوو کە ئینسان بیر لەوە دەکاتەوە کە نییەتی و خەم بۆئەوەی دەخوات وا لەکیسی چووە.

پاسارییەکانی زیندان بەم سەیرکردنە بەردەوامەی کوڕەیان زانیبوو. ئەوان ئەمەیان بینی بوو کە کوڕە هەم لە حەوشە و کاتی هەوای ئازاد و هەم لە نێو ژوو‌ری زیندانەکەوە لە پشت پەنجەرە تەلبەندکراوەکەوە بەردەوام چاویان لێدەکات. ئەمە پاسارییەکانی دڵگران و نیگەران کردبوو. ئەوان دوو بەچکەیان لە هێلانەکەدا بوو کە وردە وردە خەریک بوو لە زەرنەقوتەیی دەردەچون. پەلیان بەتەواوەتی دەرنەکردبوو. هەموو جارێک پێش چوونەدەرەوەیان چەند جار بە جوجکەکانیان دەگوت کە ئاگاتان لە خۆتان بێت زۆر نزیکی درگاکە نەبنەوە. پاسارییەکانی زیندان لە پاسارییەکانی گەرەکی کوڕەیان بیستبو کە ئەم کوڕە پێشتر قەفەسی هەبووە و چەندین باڵندەی تێدا راگرتوە، ئەوان تەنانەت بەسەرهاتی پشیلەکە و کوشتنی چۆلەکەکانیشیان بۆ گێڕابوونەوە. ئەمە ببووە هۆی ئەوەی کە دایک و باوکی جوجکە پاسارییەکان پتر ترسیان لێبنیشێت.

هەرچی جووجکەکان گەورەتر دەبوون جووڵە و هاتووچۆیان زۆرتر دەبوو، ئەمە دایک و بابیانی نیگەرانتردەکرد. تا ئەو رۆژەی وا یەکێک لە جوجکەکان لە چاوەڕوانی دایک و بابیا تا بەردرکای هێلانەکەیان هات و چاوی بە دونیای دەرەوە کەوت و بۆ تاقی کردنەوەی توانای فڕینی لە هێلانەکەوە خۆی فڕێ دا خوارەوە، بەڵام باڵەکانی توانای هەڵفڕینیان نەبوو. کەوتە خوارەوە، رێک ئەو شوێنەی کوڕەی لێ دادەنیشت. كوڕە لە ژورەکەوە چاوی لێبوو. ئەو دەیبینی کە چۆن جوجکەکە کەوتبووە جیکە جیک و لە ترسانا هاواری دەکرد و ناهۆمێدانە خۆی لە دیوارەکانی دەوری دەکوتا. ئەونەی پێنەچوو کە دایک و بابی هاتنەوە، کە وەزعەکەیان بینی هەر رۆحیان لا نەما. دەیانزانی ئێستا ئیتر کاتی هەوای کوڕەیە و هەر ئێستا بەری دەدنە گیانی مناڵەکەیان. هیچیان پێ نەدەکرا، تەنیا هەوڵیان دەدا کە بە تەنیای نەهێڵن. بەردەوام یەکیان لە لای ئەو بوو یەکیشیان ئاگای لە براکەی بوو نەک ئەویش توشی ئاریشەکەی ئەو بێت و لەبەر هاواروداوی براکەی و قیژە قیژی دایک و بابی بترسێ و خۆی فرێداتە خوارەوە.

کاتێک زیندانوانەکە درگای ژوورەکەی کردەوە بۆ کوڕە، وەک بڵێی جەللادێک حوکمی کوشتن بۆ کەسێک بخوێنێتەوە. کوڕە کە لە مێژ بوو چاوەدێری وەزعەکەی دەکرد بە پەلە هات بەرەو لای پاسارییەکان. دایک و باوکەکە  وەک ئاگر کە نەوتی پێدا بکەیت گڕیان گرت و کەوتنە قیژە و باوکەڕۆ. دەیان زریکاند و بە دەور جوجکەکەیاندا وەک فڕفڕە دەخولانەوە. کوڕەش هەر دوو دەستی وا راگرتبوو کە دیار بوو دەیەوێت بیگرێت. ئەو زۆر بە نەرمی داوای دەکرد کە نەترسن، بەردەوام دەیگوت من دەمەوێت بەس یارمەتیتان بدەم. بەڵام ترس وەها پاسارییەکانی داگرتبوو و دەیانقیژاند کە ئاگایان لە هیچ نەبوو. ئەوان تەنیا قاتڵێکیان دەبینی بەرو مناڵەکەیان دێت و دەیەوێت بیگرێت. کوڕە جوجکە بچکۆلانەکەی گرت و وەها بەنەرمی لە لەپی دەستەکانیدا جێگای بۆ کردبووەوە کە جوجکەکە هیچ هەستی بە ترس و دڵەڕاوکێی نەدەکرد. کوڕە جوجکەکەی بە ئارامی برد بەرەو لای دەمی، ئەمە دایک و باوکەکەی بەتەواوی تۆقاند. وەها ترسان کە یەکێ باڵێکیان گرت بە بەر چاویانەوە بۆ ئەوەی چرکەی خواردنی بەچکەکەیان نەبینن. بەڵام دەنگی جیکەی ئازارئاوی نەهاتە گوێیان، بۆیە بە ئارامی باڵیان لادا و بینییان کە کوڕە زۆر بە خۆشەویستییەوە ماچی کرد و بەرەو هێلانەکەیان وەڕی کەوت. پێی نا سەر کورسییە دارینەکە وا لە بن سێبەری دیوارەکەدا دانرابوو. دەستی راستی کە جوجکەکەی تێدا بوو بەرزکردەوە و جوجکەکەی لەبەر هێلانەکە دانا. جوجکەکە بە ئارامی خزایە نێو کونی هێلانەکەی .

پاسارییەکان کە واقیان وڕ مابوو، نەیاندەزانی ئەوەی دەیبینن راستە یان لە ترسان توشی خەیاڵاتبوون، لە سەر دیوارەکەی بەرانبەر هێلانەکەیان نیشتنەوە و سەیری کوڕەیان دەکرد کە بە ئارامی پاشەکشێی کرد و لە هێلانەکە دوورکەوتەوە، پاش قەدەرێک  هەڵنیشتن لە سەر دیوارەکە و ئارام بوونەوە سەرەتا دایکەکە و پاشان باوکەکەیشیان فرین بەرەو هێلانەکە و یەکراست خۆیان خزاندە نێو کونەکەیان.

لەو رۆژەوە پاسارییەکان ئیتر ترسیان لە کوڕە نەبوو، تەنانەت هەستیان بە دڵنیایی پتریش دەکرد و بە ئاسودەیی زۆرترەوە جوجکەکانیان جێ دەهێشت و دەچوون بۆ هێنانی بژێوی رۆژانەیان. هەرکاتێکیش کوڕە لە حەوشە دادەنیشت، دەهاتن لە نیزیکیەوە هەلدەتروکان و خۆیان دەدا بەرخۆر. کوڕەش قسەی بۆ دەکردن. باسی ژیانی خۆی بۆ دەکردن و راوبۆچوونەکانی خۆی بۆ باس دەکردن. ئەوانیش بە جوانی گوێیان لێدەگرت.

هەواڵی ئەم  سۆز و خۆشەویستیەی نێوان کوڕە و پاسارییەکان ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بۆ گەڕەک گوێزراوە و هەر خێرا هەموو شاری گرتەوە. پاسارییەکان لە کۆبوونەوەی گەڕەک و شاردا باسیییان لێدەکرد. بەشێک لە پاسارییەکان رایان وا بوو کە ئەمە پلانێکی مەترسیدارە و ئینسان جێگەی بڕوا نییە. بەڵام بەشی زۆریان لەسەر ئەو بڕوا بوون کە ئەمە دەتوانێت گۆڕانێکی ئەرێنی بێت، تێگەیشتنێکی نوێی کوڕە بێت بۆ دونیا و ژیان. بۆیە بە زۆرینەی دەنگ ئەم وەرچەرخانەیان بە باش زانی. ئەوان رایان وابوو بڕوا نەکردن و خۆ دوورخستنەوە لە وەها کەسانێک جگە لە قووڵکردنەوەی دوژمنایەتی و دروست کردنی بێمتمانەیی لە نێوان ئینسان و پاسارییەکاندا هیچ سودێکی لێ ناکەوێتەوە. بە عەکسیشەوە ئەگەر بە پیری ئەم سۆزەوە بچین و بە هێندی بگرین دەتوانێت وەک خوویێکی باش لە نێوان ئینسانەکاندا تەشەنە بکات و پەرە بستێنێت. بەم شێوە ئاسودەیی و دڵنیایی بۆ خۆمان و بەرەی داهاتومان دەستبەبەردەکەین.

هاوین چووبووە دوا مانگ، جوجکەکان باڵەوازە ببوون و دایک و باوکەکە دیسان تەنها بوون. جوجکەکانیش کوڕەیان دەناسی و جاروبار دەهاتن و سەردانێکیان دەکرد. کوڕەش کە تەنیا هاودەمی پاسارییەکان بوون، هەموو دڵتەنگییەکانی لای ئەوان دەڕەوانەوە و باسی بارودۆخی خۆی بۆ دەکردن. باسی ئازارەکان و ئەشکەنجەکانی نێو زیندان، باسی لێدان و قامچی باران کردنەکانی جەستەی و باسی لێپرسینەوە ناوەخت و نیوەشەوانەی بۆ دەکردن. باسی ئەوەی بۆ بەچکەکان دەکرد کە چەندە بینینی دایک و باوک خۆشە و چەندە تاسەی دایکی کردووە و چەند تامەزرۆی ئامێزی گەرمی دایکی و تامی چێشتە خۆشەکانییەتی.

پاسارییەکانیش ئاگاداری راکێشکردنی نیوەشەوانەی کوڕە بوون. ئەوانیش راهاتبوون لەگەڵ تەپەی پێی قۆندەرە لە پێکان کە زۆر شەو درەنگان تا بەر درگای ژوری کوڕە دەهاتن و پاشان دەنگی کردنەوەی قفڵێک و جیڕەی درکا ئاسنییەکە و پاش کورت وەستانێک تەپەی پێ و دەنگی فەرماندەرانەی کەسێک دەهات. پاسارییەکان زورتر بینیبوویان کە کەسێک یان دووان دێن و کەسی نێو ژورەکە وەک کوێر پەلکێش دەکەن و پاش ماوەیێکی زۆر بە کووڕەکوڕ و ناڵەناڵ دەیهێننەوە بۆ ژوورەکەی و درگاکەی لەسەر دادەخەن و دەڕۆن. ئەوشەوەش بڕێک درەنگتر لە جاران دەنگی دوو کەسیان بیستبوو کە هاتبوون بە شوێن کوڕەدا و بردبوویان. پاسارییەکان زۆر چاوەڕێیان کردبوو کە بیەێننەوە، بەڵام لە چاوەڕوانیدا خەویان لێکەوتبوو و ئەویان هێشتا نەهێنابووەوە. بەیانی کاتی هەوا خواردنی پێش نیوەڕۆ نەیانبینیبوو کە بیهێننە دەرەوە. ئەو رۆژەوە و رۆژەکانیتریش نەبینرا و چووە خانەی بیرەوەری پاسارییەکانی زیندانەوە. تەنانەت پاسارییەکانی ماڵی خۆیشیان ئیتر نەیان بینییەوە. دایکیشی... .

 Bilderesultat for ‫گنجشک هنر‬‎

 

 

گەڕان بۆ بابەت