داستان بەرزان

تەمێک لەسەرم ئاڵاوە/ نە ڤۆدگا/  نە گوگوش چارى ناکەن/  خودا بەخێری بگێڕێت.

 

ویستم بزانم دەتوانم بنوسم؟

نوسیم: دەتوانم بنوسم.

 

ئەوانەى دەتوانن ژیانیان بشێوێنن

دەتوانن بەردەوام بن

دواى بیست و پێنج ساڵ ژیان

توانیم جارێکیتر بیشێوێنم.

 

لێقەومانى گەورەم نەدیوە

بەڵام شەوێک لە برسان زمانى خۆمم خوارد

تەمەنى زۆرم نەکردووە

کەچی هەمان ئەو خەمانەم هەن

کە باپیرم هەیبوون.

 

تەمێک لەسەرم ئاڵاوە

نە ڤۆدگا

نە گوگوش چارى ناکەن

خودا بەخێری بگێڕێت.

 

مەبەستمە جۆرێکى دیکە قسە بکەم

دەڵێم: من لەگەڵ ژیانمدا هیچ کێشەیەکم نییە.

 

 

 

 

گوێ بۆ گیزەى گڵۆپەکەى ژوورسەرم دەگرم

بۆ چرکە چرکى کاتژمێرەکەى بەرامبەرم

بۆ دەنگى پێی کەسێک بە کۆڵانەکەدا دەڕوات

زیاتر لە پیتەکانى ناوێک ڕادەمێنم

قوڵ

قوڵ

قوڵ

بیر لە وشەى تەنیایی دەکەمەوە

بیر

بیر

بیر

هیچیان ناتوانن هەستى ئەوەم بڕەوەێننەوە

کە لە ناکاو سابیتەى ژوورەکەم بەسەرمدا دەڕوخێت

لە ژێر دار و پەردووى یادەوەریی ژوورێکدا دەپسێم.

 

ژوورەکەم یادەوەریی قورسی کردووە

ئەو لە تاو زەمەن

شوێنى بیرچۆتەوە.

 

ڕیتمى چرکە چرکى کاتژمێرەکە ئاسایی نییە

چەشنى دڵم

کاتژمێرەکە بەهۆى ئازارى دیوارى ژوورەکەوە

دڵم بەهۆی منەوە

گڵۆپەکەى لە قەلەقیدا ترپەی دێت

چەشنى دڵم

گڵۆپەکە بەهۆی برینى بەردى ژوورەکەوە

دڵم بەهۆی منەوە

خوێن بە پەردەکەیدا دەڕژێنە ژوورەکەوە

چەشنى دڵم

پەردەکە بەهۆی خەمى منەوە

دڵم بەهۆی ژوورەکەوە.

 

من و ئەم ژوورە گیرۆدەى یەکترین

ئازارى هاوبەش

برینى هاوبەش

ترسى هاوبەش

کۆماندەکەنەوە.

 

کێ ئازارى دەگات ؟

کاتێک لە دڵەوە ئازارم هەیە.

کێ برینەکانى جەستەم هەست پێدەکات؟

کاتێک هەموو گیانم برینە.

کێ خەمم دەخوات؟

کاتێک خەم دەمجوێت.

 

خۆش ڕۆیشت ژیانى ڕابردووم

خۆش بەو مانایە نییە کە خۆش بووبێت.

 

ماوەیەکە لەگەڵ ژوورێکدا خەریکى ڕامانم

ڕامان دووەم پیتى لێبکەرەوە

ئینجا گوزارشتەکە ڕاستە.

 

لاى کەس باسی مەکەن

ئەم شتانەم نوسیون

هەندێک شت هەن باش نیین هەموو کەس بیزانن.

 

 

لە دووریی دوورم

وەک لە شاعیرەکان دوورم

لە توڕەیی دوورم

وەک لە شاعیرەکان دوورم

لە بێ چارەیی دوورم

وەک لە شاعیرەکان دوورم

ڕقم لە بیرۆکە فریودەرانەکەى گۆڕینى دونیایە

کە هەندێک جار شاعیرەکان بانگەشەى بۆ دەکەن.

 

کێشەم لەگەڵ شاعیرەکاندا زۆرە.

شاعیرەکان سەرچاوەى گرفتەکانن

یان با بڵێین: خودى گرفتن.

 

کەس لاسایی من نەکاتەوە

من بە بۆشاییدا دەڕۆم

ڕۆیشتن بە بۆشاییدا یاریی نییە.

 

لە سەرماى ئەم ژوورەدا تەنیاییم دەیبەستێت

هەناسەم ڕەنگى خۆڵەمێش دەگرێت

ڕووناکى گڵۆپەکە بەدیوارەکەدا دەچۆڕێتەوە

میلی کاتژمێرەکە بە چاوى زەمەندا دەچەقێت

پێویست نییە بڵێم: مردووم، مردووم.

 

من هیچ ناکەم

دانیشتووم چاوەڕێم ئەم ژوورە

لە ئازارى مندا بخنکێت.

 

بێ دەرگایی ژوورەکەم

ماناى بێ دەرگایی دڵمە

هەرچی دێت و خۆی پێدا دەکات

ڕەشایی خۆی تێدا جێدەهێڵێت

تاعونى خۆی پێدا بڵاودەکاتە

دەست بۆ هەموو شتێکم دەبات

بەوجۆرەیە دۆخى من

کەچی هەندێک جاریش نزیکە بڵێم: دەژیم.

 

من دەنوسم

دەمەوێت بیرنەچمەوە و

نەبمە تەم

نەبمە خەم

کەم نەبم و

 

لە ناو لێبوکەکانى دیکەدا ون نەبم.

بازدید: 1311