سەڵاح شوان

 

لە قوژبنێکى تاریکى

مەیخانەیەکى بەغدادا

دەخۆمەوە و باست دەکەم

باست دەکەم و دەگریم و دەخۆمەوە

تا لە بیرم دەچێتەوە

 

 کۆچێکى بێ سەروشوێن

سەڵاح شوان

تایبەتە بە شاعیرى جوانەمەرگ: جەلالی میرزا کەریم

 

گەڵایەکى خەمبارى دەم

ڕووبارى بەفراوى مەرگى

دەڕۆیت و ناگەڕێیتەوە

لە بیابانێکى وشک و برینگى ناولەپى شەودا

کەس ناناسیت و کەس ناتناسێ و بیرم دەکەى

بیرم دەکەیت و بیرت دەکەم و هەر شەوەى

لە قوژبنێکى تاریکى

مەیخانەیەکى بەغدادا

دەخۆمەوە و باست دەکەم

باست دەکەم و دەگریم و دەخۆمەوە

تا لە بیرم دەچێتەوە

لەناو بەفردا

لەبەر زریانى هەناسەى ساردمدا دانیشە و مەڕۆ

لەبەر هەتاوى هاویندا

لەناو گڕى گریانمدا دانیشە و مەڕۆ

تۆ ئەستێرەیەکى کزى

دەست بۆ خۆرى

وەڵامى گشت پرسیارەکان درێژ مەکە

ڕێگا خزە

ئەگەر دەشڕۆى جێم مەهێڵە

نێرگزێکم

دەتوانى بمدەى لە یەخەى

بە ئاوى خۆر نەشۆراوت

ئەسپەکەت شارەزا نییە

توێشەبەرەم و بمبەستە پشتى خۆت و جێم مەهێڵە

بمبە لەگەڵ خۆتدا بمبە

بۆ شەو و تاریکیی ڕێگات

چرام و هاودەمى ڕێگام

جێم مەهێڵە

خەم و مەیخانەکان و خۆر

بەجێ دێڵم

بمکە بازیبەند و بمکە قۆڵى خۆتەوە و جێم مەهێڵە

دەڕۆم و دەگەڕێمەوە

هێشتا دەریا

ناتوانێت سەر بەرەو لووتکەکان هەڵگرێت

ناتوانێت دواى

پەڵە هەورێکى پەرەوازە بکەوێت

دەڕۆم لەگەڵ هەوردا دەڕۆم

لەگەڵ باراندا دێمەوە

دەڕۆم لەگەڵ خەمدا دەڕۆم

لەگەڵ گریاندا دێمەوە

گشت هاتنێک ڕۆیشتنەوەیەکى بەدوایە

دەڕۆم لەگەڵ خۆردا دەڕۆم

خۆر جێگاى بەرزە

تۆ هێشتا مەلێکى بەرزەفڕ نیت

دەترسم ڕەهێڵەى خەم

ئەم بەهارە

پەڕ و باڵت تەڕ بکات و پەکت بخا و نەتبینمەوە

جێم مەهێڵە

خۆشەویستم ڕووبارێکى بەهارەیە

دڵیشم دەکەمە پاپۆڕ

بۆ لووتکەى کام چیات دەوێ

سەرت دەخەم

جێم مەهێڵە

دڵمت بۆ دەکەمە چەترى

خوێنینى مەمکى شەوگار

لە دابارینى ئەستێرە و سەرماى شەوانى سایەقە

دەتپارێزم جێم مەهێڵە

جێم مەهێڵە

بارانم و بۆ هەرکوێ بڕۆیت

دەتوانم لێوى غەریبی و نوێنى تەنیاییت بۆ ئاوڕشێن کەم

جێم مەهێڵە

دەڕۆم و ناگەڕێمەوە

خەمى خۆت بگرە باوەش

بیلاوێنەوە و بیمژە و خۆشت بوێ

خۆشم دەوێ

من خەمى خۆمم خۆش دەوێ

خەم میوانى ئازیزى شەوى پایزە

بە درێژایی گشت شەوەکان

بۆم دەڵێت و بۆى دەڵێم

خەوم نایە و خەوى نایەت

خەم دۆستى شەوە و دڵدارمە

تا بەیانى سەرى دەکاتە سەر دڵم

بەڕووتى لەگەڵمدا دەنوێ

خۆشم دەوێ

من خەمى خۆمم

خۆش دەوێ

                            11/11/1975 بەغدا

 

 

 Bilderesultat for sorg kunst

بازدید: 952