ما 5553 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

ئەو بۆقانەی ئێستا دەیانبینی، هەموو مرۆڤی تاوانبارن. ئەگەر پێت خۆشە بزانی، دەتوانی بپرسی و بزانی ناوەکانیان چیە. ئەو بۆقە زلەی دەیبینی، مەلای مزگەوتی گەورە بوو، کەسێکی تاوانبار بوو. ئەو بۆقە سیسەی لە دوای هەمووان وێستاوە، مجێوری هەمان مزگەوتە. هەموو ئەوانەی بە رواڵەت خۆیان لە پێش خەڵک بە پیاو چاک نیشانداوە، لە دەرووندا تاوانبارن. 

 

بۆقەکان بەرەو قیبلە وێستابوون

قادر نیکپوور

ئەمڕۆ وەک هەموو رۆژانی هەینی بۆ هەڵاتن رووم کردە دارستانەکە، دارستانەکەی پشت ماڵان. دارستانێکی چڕ، مەند و ماقوڵ،... دارستانێک شانازی بە خۆی دەکات. سەیر نیە کە من ئەوەندە حەزم لەم دارستانەیە. خەڵکی دیکەش لەم دارستانە دێن و دەچن. پێم وایە هەموو بوونەوەرەکان خوویان بەم داستانە گرتووە، ناتوانن وازی لێ بێنن. من خۆم بەم جۆرە بیر دەکەمەوە. ئەگەر کەسێکی دیکە وەک من بیر بکاتەوە سەیر نیە.

ئەو رۆژە بارانێکی کەم باری. زۆر سەیرە، ئەو کاتەی باران دەبارێ، کۆلکە زێڕینە دێتە دەر. منداڵ بووین دەگەڕاین بە دوای کۆلکە زێڕینە. بابە گەورە دەیوت، هەر کەس کۆلکە زێڕێنە بگرێت، خودا لە گوناحەکانی خۆش دەبێت. شتێکی دیکەش کە زۆر جار لە گەورەکانمان دەبیست، کاتێک کۆلکە زێڕینە دێتە دەر، گورگ دەزێت. زۆر جوانە، دەبێ گورگ چەندە بەختەوەر بێت کە لەگەڵ هاتنی کۆلکە زێڕینە بزێت. چونکە کۆلکە زێڕینە جوانییەکی تایبەتی بە سروشت دەبەخشێت. سروشت دیمەنێکی جوان بە خۆی دەگرێت.

لە نێو دارستانەکە، ئاوێکی روون و رەوان هەیە. لە قەراغ ئاوەکە تەختە بەردێکی گەورە کە قەدیم جێی نوێژکردنی موسڵمانان بووە بە هێمنی لە ئاوەکە دەروانێت. دەگێڕنەوە کە خەڵکی قەدیم لایان وابووە هەرکەس لەو ئاوە دەسنوێژ هەڵبگرێت، هەر نوێژێکی بە دوو نوێژ حیساب دەکرێت. سەیرە کە خودا ئەم هەموو مەخڵوقاتەی خوڵقاندووە، بەلام هەموو گیر و گرفتەکانی لە سەر رێی مرۆڤ داناوە. ئەی بوونەوەرەکانی دیکە؟ ئەوانیش وەک ئێمە یەک خودایان هەیە. ئەوانیش وەک ئێمە لە دایک دەبن، وەک ئێمە دەمرن. کە واتە ئەم دنیایە بۆ هەموو بوونەوەرەکان بێ وەفا و بێ بەقایە. سەیرە، ئەگەر لێ پرسینەوە هەیە، بۆ چی تەنیا بۆ مرۆڤەکان؟ دەبێ مرۆڤەکان بێچارەترینی بوونەوەرەکان بن کە ئەم هەموو زوڵمەیان لێ کراوە. یانی خودا لە رۆژی یەکەم دوژمنایەتی قوڵی لەگەڵ مرۆڤ گرتووە.

دوایی تاوێک هەڵاتن، وەک هەمیشە هاتمەوە لای تەختە بەردەکەی جاران. لە دوورەوە بینیم بۆقەکان وەک سەبازخانە بە رێژە لەسەر تەختە بەردەکە بەرەو قیبلە وێستاون. ئەمە یەکەم جار بوو بۆقەکانم بەم دەستورە دەبینی. لێرە و لەوی بۆقم بینی بوو، بەڵام نەک بەم دەستورە. بۆقێکی گەورە لە پێش هەموویان بەرەوە قیبلە پێش نوێژی دەکرد. شاڵێکی سەوزی لە دەوری سەری گرێدابوو، وێ دوچوو مەلای بۆقەکان بێت. بە سەر و سەکت، بە قەوارە لەوانی دیکە بە خۆوە تر بوو. بە جۆرێک دڵە خورپەم هەبوو، نەمدەزانی چ باسە. تەواو حەبەسابووم. ویستم نزیک ببمەوە، بۆقە زلەکە سەری سووراند و بە دنگی بەرز وتی: "سەدە قوللاهوو لعەزیم".

تاوێک سەیرم کردن. ئەوانیش هەموو بە تێکڕایی سەیریان کردم. جار و بار پێکەوە سرتەیەکیان دەکرد و پێدەکەنین. پێم وابوو گاڵتەم پێ دەکەن. لە زمانیان حاڵی نەدەبووم. وتم هۆی بۆقینە: "ئاگاو لە خۆ بێت، ئەگەر ئەم شوێنە چۆل نەکەن هەمووتان دەکوژم. زۆر هیلاک و شەکەتم، برۆن لێرە، ئەگینا خەراپتان بەسەر دێت." کە وام وت، هەموو بە قاقا لێدان بەرەو رووم هاتن. زۆر ترسام. لە منداڵی بۆیان باس کردبووین کاتێک بۆق تووڕە دەبێت، تف دەهاوێت کە لە ژەهری مار خەراپ ترە. منیش بەم پێیە پاشە کشەم کرد تاکو وازم لێ بێنن. بۆقەکان دەست بەردار نەبوون. هەرچی ئەمن پاشە کشەم دەکرد، ئەوان بەرەو رووم دەهاتن. لە ناکاو بۆقەکە زلەکە وتی: لە شوێنی خۆت بوێستە، ئەگینا هەرچی دەیبینی بە چاوی خۆت دەیبینی!

بە دەنگی بەرز وتم، بێ دەنگ بە هەی بۆقی پیس و چڵکن. ئەگەر ئێمە نەبین ئیوە یەک رۆژ ژیانتان پێ ناکرێت. ئێمە خودای هەموو بوونەوەرەکانی سەر زەوین. خیرا بڕۆن لێرە! ئێرە شوێنی باب و باپیرانی ئێمەیە. ئەوان لەسەر ئەم تاتە بەردە نویژیان کردووە، بەڵام ئێوەی پیسی چڵکن ئەم بەردەتان گڵاو کردووە. بۆیە موسڵمانەکان لێرە نوێژ ناکەن. لە ناکاو دەنگێکم بیست. ئاوە مەند و ماقوڵەکە کەوەتە جۆش و خرۆش، وەک ئەوەی دنیا خەراپ بێت. بۆقەکان مات و بێدەنگ بوون، بەڵام منی بەستەزمان لە ترسان لە نێو کەوڵی خۆمدا حەجمینم نەبوو. نە رێگەی رۆیشتنم هەبوو، نە رێگەی گەڕانەوە. ئاوە هێدی بووە. وادیار بوو داخ و کەسەری خۆی لەسەر منی بەستەزمان بەتاڵ کردبێت.

ئاو وتی ئەی مرۆڤ، تۆش وەک هەموو بوونەوەرەکان رۆژێک دێیت، رۆژێک دەڕۆی. هەموو بوونەوەرەکان دەبێ رۆژێک بمرن. کەواتە من خودای سەر زەویم، نەک تۆی مرۆڤ. بوونەوەرەکان بێ ئاو ناژین، ئاو خودای سەر زەوییە. کە واتە واز لەم قسانە بێنە! زۆرت لێر دەبینم، بەردەوام لێرە لەسەر ئەم تەختە بەردە پشوو دەدەی. بەڵام هیچ قسە ناکەی. وا دیارە نوێژیش ناکەی؟ وتم: دەڵین ئەم بەردە جێ شوێنی نوێژ کردن بووە، بەڵام ئێستا کەس نوێژی لێ ناکات. ئاو وتی راستە. کاتی خۆی مرۆڤەکان بە نێوی موسلمان دەهاتن لێرە نوێژیان دەکرد. هەر چی لە شار دووروویی و کاری بێ ئەخلاقیان دەکرد، بە دزی دەهاتن لێرە تۆبەیان دەکرد، منیان بە تۆبەکانی خۆیان پیس دەکرد.

دوایی تۆبە کردن نوێژیان دەکرد، وەیان دەزانی کە دوای ئەم هەموو تاوان و کارە بێ ئەخلاقییانە خودا بە نوێژێک لێیان خۆش دەبێت. سبەی سەر لە نوێ هەمان هەڵانە دوو پات دەکرانەوە، دەهاتنەوە بۆ تۆبە کردن. تاکو رۆژێک تەواو تووڕە بووم. هەر مرۆڤێک دەهات لێر تۆبەی دەکرد، منی پاک و خاوێنی پیس دەکرد. خێرا دەمگرت و قوتم دەدا. هاواری لێ پەیدا دەبوو، خوایە گیان هاوار، رزگارم بکە. دوایی ئەوە، دەهات بخنکێت، دەپاڕایەوە مەمکوژە. منیش بە تاوانی ئەم هەموو کارە بێ ئەخلاقیانە دەمکردن بە بۆق. ئەو بۆقانەی ئێستا دەیانبینی هەموو مرۆڤی تاوانبارن. ئەگەر پێت خۆشە بزانی، دەتوانی بپرسی و بزانی ناوەکانیان چیە. ئەو بۆقە زلەی دەیبینی، مەلای مزگەوتی گەورە بوو، کەسێکی تاوانبار بوو. ئەو بۆقە سیسەی لە دوای هەمووان وێستاوە، مجێوری هەمان مزگەوت بووە.

هەموو ئەوانەی بە رواڵەت خۆیان لە پێش خەڵک بە پیاو چاک نیشان داوە، لە دەرووندا تاوانبارن. بەڕاستی نەمزانی ئەوەی دیتم خەون بوو یان راست. بۆقەکان لە شەرمان سەریان لەبەر خۆنا، لە وێ دوور کەوتنەوە. لەمەو دواوە هەر بۆقیک لە هەر شوێنێک دەیبینم، لام وایە کەسێکی تاونبارە تەنبێ کراوە.     

  Bilderesultat for frosk kunst 

     

  

 

  

گەڕان بۆ بابەت