ما 3392 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

روخسارەکە لە کەلەسەرێکی مردوویەک دەچێ. بە دوو چاڵەچاوی قووڵەوە کە یەکیان گەورەترە لە ئەوی تریان. چاوەکان زۆر لەیەک نزیکن. تا رادەیەکی زۆر بە بێ هیچ مەودایەک. ئەوسا ئەو پەڵە رەش و روونانەی کە بە ئاستەم بەشەکانی تری روخسارەکە پێک دێنن. بەڵام ئەوە تەنیا چاوەکانن کە سەرەکیترین ئاماژەن بە هەبوونی روخسارەکە. 

 

وێنەی ناو مانگ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەو کاتەوەی وتیان وێنەی ئەو لە مانگدایە و ئەم هەرچی کرد نەیتوانی بیدۆزێتەوە، لەسەر تواناکانی 'دیتن' و 'ناسین'ی خۆی بەتووش گومانەوە بووە. ئیتر لەو کاتەوە فێربووە زیاد لەڕادە لەسەر شتەکان رامێنێ. بۆچی ئەو کاتانە وەک خەڵکی تر وێنەکەی نەبینی، نازانێ. ئەم لە نێوان بینینی شت وەک خۆی و شت وەک رواڵەت (کە خۆی نیە) ماوەتەوە.

جوان ئەو شەوە ساردەی مانگی رێبەندانی لەبیرە. لەگەڵ هاوڕێکەی سەعاتی حەوتی شەو لەدەرەوە خەریک بوو لە کۆڵانە تەنگ و پێچاوپێچەکانی شار تێدەپەڕین. ئاسمان، ساماڵی ساماڵ بوو. وەک بڵێی پشیلە قاپە ماستی لێستبێتەوە! کێوی ئاربەبا بە کاڵای تەواو قەدی سپیی بەرییەوە، سەربەرزانە سەری لە 'ساماڵ' دەسوو. ئەستێرەکان لەو شەوە تەژی لە مانگەشەوەدا لە کەنارەکان نەبێ، دەرفەتی خۆدرکاندنیان نەبوو. هەموو شتێ چەند خاوێن و پاقژ دەینواند. ژیان لەناو تابلۆی رەش و سپیی ئیستای خۆیدا، لەلایەک رووناکیی مانگ و سپیەتیی بەفری ئاربەبا و  لە لایەکی تر تاریکای شەو، وەک بڵێی لەنێوان خەندە و گریان دا مابووەوەو سەرگەردان، تەنیا مات و مەبهووتی جوانیی خۆی بوو.

هاوڕێکەی گوتی:

ـ "سەیرە نایبینی!... جوان لێی بڕوانە!... وێنەکە کەمێک بە لای راستدا کشاوە، پشتی سەری پاڵیداوە بە کەوانەی لای راستدا و لووتیشی لە ناوەڕاستی مانگدایە،... ریشیشی سپی سپی کشاوەتە بەشی خوارەوەی مانگ. ئەو پەڵەیەیش کە دەیبینی چاویەتی،... مەندیلەکەیشی کە ئیتر بە جوانی دیارە،... جوان سەرنجی بدە!"

ئەم دیسان سەری بەرزکردەوە و لێی تێڕامایەوە. وەهای کرد کە هاوڕێکەی گوتی. بەڵام هەرچی کرد نەیتوانی بیبینێ. دیقەتی پەڵە تاریک و روونەکانی دا. بێگومان هەموو شتێ دوواجار لە ساخکردنەوەی ئەم پەڵە روون و تاریکانەدا خۆی دەردەخست،... بەڵام بێ فایدە بوو. نەیدەتوانی هیچ وێنەیەک بێنێتە بەرچاوی خۆی. ئەوەی هەبوو تەنیا مانگ بوو،... وەک خۆی،... وەک میلیۆنان ساڵی لەوە پێشی خۆی.

ـ "هەڵبەت دەبێ لەوە پێش وێنەی ئەوت بینیبێ، جا ئەوجا دەتوانی ئەوەکەی سەر مانگیش ببینی...، ... خۆ بینیوتە؟... هەڵبەت دۆزینەوەی منداڵێکی ون بە بێ ناسینی مەحاڵە. بۆخۆت ئەمە باش دەزانی."

ئەم کە لەم پرسیارە سەری سوڕمابوو، بە تەوسەوە لەو شەوە ساردەی مانگی بەفرانباردا بەلاچاو لە هاوڕێکەی رووانیییەوە. بیری کردەوە مرۆڤ دەبێ چەندە گەوج بێت کە ئەوەندە خێرا ئەو کاتانەی لەبیرچووبێتەوە وا پێکەوە وێنەکەیان بەدەستەوە گرتبوو و بە وردی لێیان رووانیبوو. ئەو کاتانەی کە تەنیا چەند هەفتەیەکیان بەسەردا تێدەپەڕی. بەڵام لە لایەکی تریشەوە خۆی وەڵامی گومانەکەی خۆی دایەوە. لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا ئەوەندە رووداو روویاندابوو و بەسەر یەکتردا بە کەڵەکەیی هەڵڕژابوون کە مرۆڤ بە ئاسانی بتوانێ شت لەبیربباتەوە. بۆیە ناحەقی هاوڕێکەی نەگرت. لای ئەم، هەمیشە ساتەوەختی رووداوە گەورەکان وەهابوون، ئاسەواری رووداوی مەزن دەتوانێ ئاسەواری ئەوەی پێش خۆی بسڕێتەوە، ئەگەرچی هاوڕێکەی لەمبارەیەوە لەگەڵیدا نەبوو!

هەرچی وزەی خەیاڵ و لێکچواندن بوو لە مێشکی خۆیدا کۆی کردنەوە و دیسان سەری بەرزکردەوە و لە مانگی رووانییەوە. هەوڵیدا هارمۆنییەک لە نێوان خاڵە روون و پەڵە تاریکەکانی سەر مانگ لە دەروونی خۆیدا چێبکا. بگرە هەستی کرد جارجارە خەریکە بە مەبەستیش دەگا، بەڵام بێ فایدە بوو،... نەکرا کە نەکرا! هەموو شتێ دیسان زۆر خێرا هەڵدەوەشایەوە و دەبووەوە بە هەمان مانگ. مانگ، پێداگربوو لەسەر ئەوەی کە خۆی بێت،... تەنیا خۆی. ئەمیش پێی سەیرنەبوو. ئاخر نەدەکرا بوونەوەرێکی جوان و لەمێژینەی وەها بەو حەوت تەبەقی ئاسمانەوە کە بە هەزاران ساڵ مرۆڤ خەیاڵی جۆراوجۆری لەسەر کردبوو و بە میلیۆنان ساڵیش ئاژەڵان سەریان لێ بەرزکردبووە و بۆیان لووراندبوو، یان لێی وەڕیبوون، ئەوەندە خێرا خۆی بەدەستەوە بدات بۆ نیوە روخساری مرۆڤێکی پیر کە هەمیشە لەبەردەمی خۆی دەڕوانی و قەت ئامادەنەبوو بۆ چەند چرکەیەک لەسەر یەک لە بەرامبەرەکەی بڕوانێ. چەندە رقی لە هەستی خۆڕازیبوونی مرۆڤ دەبووەوە.

لەسەر راستەشەقامی شار هێشتا لافیتە و دروشمەکان دەبینران. هێشتا سەرەڕای چۆڵبوونی، هەست بە حەشیمەتی زۆرو زەبەند و دەنگی هەناسە و دروشم و جوڵەی مشتە لەحەواکانیان دەکرا. هەستی کرد زەمەن جاری وایە هەندێ رووداو لەخۆیدا رادەگرێ، لە شێوازی ناڕاستەوخۆدا، بۆ ئەوەی کە پیشانی بدا ژیان ئەوەندەیش خورت و خاڵی نیە. رێک لەم راستەشەقامەدا بوو بڕیاری دا بیرکردنەوە لە وێنەکە وەک تاقە رووداوی ئەو سەردەمە جەنجاڵە لەخۆیدا بۆ زەمەنەکانی داهاتوو رابگرێ. ئەم دەبا سەرئەنجام خۆی لەگەڵ دیاردەیەک ساخبکردایەتەوە کە هێشتا لەگەڵی ساخ نەببووەوە.

هاوڕێکەی گوتی پێت وانیە ئەم شەوە ساماڵ و روون و پڕ لە نوورەی مانگ و، شەوق و شەبەقی بەفر، ئاماژەیە بە داهاتوویەکی گەش؟

هاوڕێکەی راستی دەکرد. هەموو شتێ تا ئەوپەڕی سنوورەکانی خۆی گەش و روون دەینواند. ئەمشەو هەموو شتێ دەستی دابووە دەستی یەک بۆ ئەوەی بە مرۆڤ بڵێن گەشبین بێت. ئەمیش هەست دەکا رێک وەک هاوڕێکەی، ئەگەرچی هێشتا نەیتوانیوە وێنەی سەر مانگەکە ببینێ، تەڵزمێک لەم گەشبینییەی بەرکەوتووە. پڕ بە سییەکانی هەوای ساردی ئەو شەوەی رێبەندان هەڵدەمژێ و بە هاوڕێکەی دەڵێ "رەنگە!"

ـ "رەنگە؟... مەبەستت چییە؟"

ئەم کە لە راستیدا هیچ مەبەستێکی نیە، رووی تێدەکا و تەنیا بە بزەیەک وەڵامی دەداتەوە.

ـ "دەزانی لە ژیاندا هیچ شتێک بە قەدەر ئینسانێک کە هەست بە پەیوەندیی لەگەڵ دەورووبەریدا ناکا، ترسناک نیە؟"

لە لەحنی هاوڕێکەی ناپەشۆکێ. لەحنێک کە زیاتر لە هەر کاتێکی تر، هەڕەشە و دڵساردی و دووری تێکەڵە. وەک بڵێی چاوەڕێی وەها هەڵوێستێکە.

ـ "وەرە نە هەست بە جوانی ئەم شەوە بکەیت و نە بەردەوام وێنەکەی ناو مانگ ببینی و نە،... نە بتوانی ئەوەی لە دەروونتدایە بەجوانی بیدرکێنی و، باسی لێ بکەی. داخۆ مرۆڤێکی لەم جۆرە لە وەها سەردەمێکدا کە ئێمەی تیا دەژین دەبێ چەندە تەنیا بێت!"

بەڵام لەحنی هاوڕێکەی بەجۆرێک بەردەوام هەر هاوڕێیانەیە. لە ژێری ژێرەوەی رستە و وشەکانی شتێک هەیە وەک سەمیمیەت و بڕوا. ئەوەی کە داخۆ دەبێ لەبەر ئەمە بچێتە سەر رای هاوڕێکەی و یەکجار بۆ هەمیشە جیهانی خۆی لەبیربباتەوە، کەمێک بەخۆیەوە مەشغوڵی دەکا.

ـ "بە پێچەوانەوە، بە جوانی هەست بە جوانیی ئەمشەو دەکەم. دەزانم تیشکی گەشی مانگەشەوی رێبەندان ئەویش رێک لە ناو جەرگەی بەستەڵەک و سەرمادا مانای چییە، دەزانم شەوق و شەبەقی ئاوێنەئاسای بەفری ئاربەبا یانی چی. هەموویان دەزانم و بگرە بۆنیشیان دەکەم. تەنیا ئەوەندە کە نازانم چۆن وێنەی مرۆڤێک، هەرچەند بەرز و لە جۆرێکی تر، دەتوانێ بچێتە ناو مانگەوە و بەو ئاسمانەوە بدرەوشێتەوە. بیر لەوە دەکەمەوە، ئەوانەی وا ئەو مرۆڤە ناناسن، ئەوانەی وا لە وڵاتانی تر دەژین چۆن دەبێ بڕواننە مانگ و دیسان وەک هەمیشە بیناسنەوە؟"

هاوڕێکەی لێی ورددەبێتەوە.

ـ "تەح!... ئەگەر کێشەت خەڵکی ترە ئەوا ئەمەیان ئیتر زۆر ئاسانە. ئەوانیش ئەوەی دەبینن کە دەبێ بیبینن! بڕواناکەم لەمبارەیەوە کیشەیەک هەبێ. وێنە وێنەیە لە هەر شوێنێکەوە سەیری بکەی. وادیارە گوێ لە هەواڵەکان ناگری. ئەوەیکە چۆن وێنەکەیش گەیشتووەتە ئەو سەرە، ئەوەیش ئاسانە. لەژیاندا زۆر دیاردە هەن هێشتا مرۆڤ نەیتوانیوە لێیان تێبگا، بەڵام هەن و روودەدەن. بۆ وێنە بیر لە خوا بکەوە. ئەمەیش یەکێک لەوانەیە. بگرە هەموو حیکمەتی وێنەی سەر مانگەکەیش هەر لەم خاڵەدایە. دەبێ چ رووداوێکی گەورە روویدابێ کە بە شێوەیە سروشتیش دەینوێنێتەوە. گەر لە گەورەیی رووداوەکە گەیشتبی، ئەوا لە وێنەی سەر مانگەکەیش هەم تێدەگەی و هەم دەیشیبینی."

بیردەکاتەوە بەڵام قەرارە ئەو وێنەیە تا کەی لەو سەرە بمێنێتەوە، ئەویش لەسەر شتێک کە تەنیا هی ئەوان نیە. دەیەوێ بپرسێ، بەڵام وازی لێدێنێ. نایەوێ لەم شەوە جوانەی رێبەنداندا لەوە زیاتر ببێتە هۆی گرژیی دەروون و حاڵ و هەوای هاوڕێکەی. دیسان سەر هەڵدەبڕێتەوە و سەیری مانگ دەکاتەوە. لە شوێنی خۆی جوڵاوە. بەرەو خوارەوە و بەرەو باشووری رۆژهەڵات. هەستدەکا لە گەشیەکەی کەمبووەتەوە. لای ئەم، هەموو داچوون و خواربوونەوەیەک وەهایە.

ـ "ناترسی وێنەکە هەموو جارێک لەگەڵ ونبوون و داچوونی مانگ وندەبێ؟ پێت وانیە رووداوێکی وەها گەورە نابێ ونبێ؟"

ـ "وننابێ،... ئەبەد!... تەنیا سووڕدەخواو دەکەوێتە ئەو بەری زەوی، بۆ شوێنەکانی تر. مانگ قەت وننابێ، ئەمەت لەبیرنەچێ. خۆ دەیزانی؟... تەنیا ئەوەیکە مرۆڤ نایبینێ. گوناح لە چاوەکانی ئێمەوەیە. تێدەگەی چاوەکانی ئێمە!"

لەگەڵ گەڕان و داچوونی مانگ هەست دەکا پەڵە تاریک و خاڵە روونەکانی سەر مانگیش گۆڕانیان بەسەردادێت. بەڵام دڵنیایە لەوەی کە هاوڕێکەی بەردەوام وێنەکە هەر لە شوێنی خۆیدا دەبینێ.

ـ "پێت وانیە شوێنە تاریک و روونەکانی سەر مانگ کەمێک جێگۆڕکێیان کردووە؟... ها؟... من وای دەبینم. ئیستا ناوەوەی مانگ تاریکترە تا تاوێک لەوە پێش."

هاوڕێکەی سەر بەرزدەکاتەوە و بە وردی لێی دەڕوانێ.

ـ "راستە،... وایە. ئیستا گەر جوان دیقەتی بدەی دەبینی وێنەکەیش کەمێک روخساری گەڕاوە. وەک بڵێی رووی کەمێک لەولایە. وەک بڵێی ئیستا سەیری ئێمە ناکا و چاوی لە رۆژهەڵاتە. وەی لەو حیکمەتە! بێگومان لەو دووردەستانە خەریکە شتێکی سەیر روودەدا، شتێک کە ئەو لە ئیستاوە دەیبینێ. داخۆ دەبێ چ بێ؟ رەنگە ئێمە هەفتە و مانگ و ساڵانی دوواترە پێی دەزانین."

خەرمانەی دەوری مانگ ئەوەندە جوانە کە لەگەڵ داکشانی مانگیش هێشتا هەر لە گەشاوەییەکەی کەم نابێتەوە. ئەو خەرمانەی ئەستێرەکانی تیا وندەبێ و بگرە هەتا مەودایەکی فراوانیش هێشتا لە پشت تیشکی گەشی خۆی ئەستێرەکان دەشارێتەوە.

شەقام چۆڵترە لەوەی بیری لێدەکردەوە. رەنگە هۆکار، زوقم و سەرمای شەوانی ساماڵ بێت. ئەمانیش بۆ هاتوونەتە دەرەوە، نازانێ. ئیستا دێتەوە بیری. هاوڕێکەی لە دەرگای دابوو و، بانگی کردبوو. بێگومان بانگی کردبوو بۆ ئەوەی جارێکی تر بەڵکو لە هەوڵێکی تردا وێنەکەی پیشان بداتەوە. باشتر بڵێین، وێنەکەی پێ ببینێ! ئەو نیوە روخسارەی بارەها لەوە پێش پیشانی دابوو. ئەگەرچی ئەم قەت نەیبینی بوو. لە ئیسرار و پێداگریی هاوڕێکەی سەری سوڕدەمێنێ. ئەم، ئەم پێداگرییەیش لە قەناعەت پێهێنانی خەڵکی، بە یەکێکی تر لە نیشانەکانی ئەم سەردەمە گەورەیە دەبینێ وا بە هەڵکەوت تیادەژیان. ئەو سەردەمەی خەڵکی زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێداگربوون لە سەر قەناعەت پێهێنان بە یەکتری، ئەگەرچی بە واوەتر لە کەرەسەی زمانیش.

هاوڕێکەی لە منداڵییەوە دەناسێ. منداڵی گەڕەکێکن. لە قوتابخانەیەک خوێندیان، چ لە سەردەمی سەرەتایی و چ لە سەردەمی ناوەندیی و چ ئیستایش لە ساڵی کۆتایی دەبیرستاندا. هەمیشە لە تەنیشت یەکتردا و بە پاڵ یەکترەوە. هەردووکیان شانازی بەوەوە دەکەن بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە هاوڕێ بوونە. ئەگەرچی هاوڕێکەی لەم زیاتر هەست بەو شانازییە دەکا. ئەگەرچی هاوڕێکەی لە تەواوی ئەم ساڵانەدا زیاتر لەم لە دەرگایانی دابوو، داوای لێکردبوو بۆ شوێنان بچن و هەروەها زیاتر لەم داوای لێکردبوو پێکەوە دەرس بخوێنن. ئەم هەمیشە کەمێک سست بوو. زۆر خۆی نەدەکردەوە و خۆی نەدەدرکاند. زیاتر گوێگربوو هەتا قسەکەر. ئارامییەک لە کرداریدا هەبوو کە جیای دەکردەوە. هەمیشەیش بە کارنامەی باشترەوە ساڵی خوێندنی تەواوکردبوو. هاوڕێکەی چەند سەرسامی تواناکانی ئەو لە بواری دەرس خوێندن بە درێژایی ئەم ساڵانە بوو. سەرسامییەک کە قەت نەیدرکاند، بەڵام هەمیشە لە کردار و لە چاوەکانیدا دەخوێندرایەوە.

ـ "بینینی وێنەکە پێوەندی راستەوخۆی بە باوەڕیشەوە هەیە، باوەڕ بەوەی روویدا و بەوەی کە دەبێ لەمەبەدووا رووبدا. مرۆڤ دەبێ پێش هەموو شتێ لەوە تێبگا وا روویدا و روودەدا. ئەمە دەرەوەیە، دەورووبەرمانە، ئیتر تەنیا کتێب و دەرس و قوتابخانە نیە کە هەموو شتێ بە بێ توێکڵ لەبەردەستدایە. ئەمەیان فەرقی هەیە، جیاوازە، یەکجار جیاوازە. بۆیە ئەقڵ و توانایەکی تری دەوێ."

بیری ئەو رۆژانە کەوتەوە وا هاوڕێکەی بەدەست مەسەلە ریازییەکانەوە دەیناڵاند. ئەوەی کە بۆچی لەنێوان شیکردنەوەی فۆرمولەکان و بەکار‌هێنانیان لە پرسیارێکدا ئەوەندە جیاوازی هەیە. بەلاچاو سەیرێکی کرد. لەحنی گۆڕابووەوە. ئەمجارە قووڵتر. هاوڕێکەی درێژەی بە قسەکانی دایەوە:

ـ "سەردەمە گەورەکان لە چوارچێوەی دیوارەکان دەرماندێنێ و فێرمان دەکا گەورەتر و بەرینتر بڕوانین. هەمیشە دەرەوەیش لە کتێبەکان دەوڵەمەنترن، ئەمەت لەبیرنەچێ. ئیتر لە رۆچنەی کەلیمەوە بینینی دونیا نیە. بەڵکو لە دونیاوە بینینی کەلیمەیە. براکەم ئەمە دەڵێ. دوێ شەو لە ماڵی ئێمە باسێکی گەرم و گوڕ بوو لەسەر ئەمە. لە نێوان براکەم و میوانەکانی."

هەستدەکا جۆرێک لە ئاهەنگێکی غەریب و نەناسیاو کە لە لەخۆباییبوون دەکا، خۆی دەهاوێتە دەنگی هاوڕێکەیەوە. ئەو لەحنەی لە ساڵی رووداوە گەورەکان زیاتر و زیاتر لێی دەبیسترا.

ـ "بینینی وێنەکەیش هەر لەم جۆرەیە. دەبێ لە دونیاوە بگەڕێیتەوە بۆ کەلیمە، ئەگینا نایبینی. براکەم دەڵێ سەردەمە گەورەکان یانی گۆڕین و بن ئاوەژۆکردنی هەموو شتێک و هەموو عادەتەکان، ئەوانەی وا لەمێژە خوومان پێگرتوون. جۆرێکی تر لە رووانین."

ـ "مەبەستت ئەوەیە من ئیستا بەخۆم عادەت بدەم کە لە جیاتی تەنیا مانگ، وێنەیەکیش ببینم،... مەبەستت ئەمەیە؟"

ـ "ئافەرین!... نە مانگ بە تەنیا و نە وێنەکەیش بە تەنیا. هەر دوو پێکەوە. بۆ خۆت چاکت دەزانی کە مانگ لە دوواجاردا دەبێ وەک مانگ بمێنێتەوە."

ئەم، ئەمجارە رادەوەستێ و سەرهەڵدەبڕێتەوە. ورد ورد لێی دەڕوانێتەوە. لەم کاتەدا رێبوارێ لێیان نزیک دەکەوێتەوە و بە تەنیشتیاندا تێدەپەڕێ. کە تێدەپەڕێ، ئەویش لادەکاتەوە و بۆ چەند چرکەیەک لە ئاسمان دەڕوانێ. مانگ زیاتر داچووە. لەگەڵ بانی ماڵەکانی شار زۆر مەودای نیە. تاریکاییەکانی ناوەوەی مانگ زیاتر جوڵاون. بۆ یەکەمجار سەرئەنجام نەک نیوە روخسارێک، بەڵکو روخسارێکی تەواو دەبینێ. شادییەک بە دەروونیدا دەگەڕێ. سەرئەنجام ئەمیش توانیبووی. بە هەموو وزەیەوە وردتر دەبێتەوە. روخسارەکە لە کەلەسەرێکی مردوویەک دەچێ. بە دوو چاڵەچاوی قووڵەوە کە یەکیان گەورەترە لە ئەوی تریان. چاوەکان زۆر لەیەک نزیکن. تا رادەیەکی زۆر بە بێ هیچ مەودایەک. ئەوسا ئەو پەڵە رەش و روونانەی کە بە ئاستەم بەشەکانی تری روخسارەکە پێک دێنن. بەڵام ئەوە تەنیا چاوەکانن کە سەرەکیترین ئاماژەن بە هەبوونی روخسارەکە. ئەو چاڵە چاوانەی دەڵێی لەوە پێش هەموو 'بوون' و ژیانیان قوتداوە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی بزانن داخۆ هیچ بەجێماوە یان نا. کتوپڕ لە خۆشیاندا بەو شەوە سارد و مانگەشەوەی رێبەندان تا تینی تیایە دەقیژێنێ،... لادەکاتەوە و روو لە هاوڕێکەی دەڵێ:

ـ "دەیبینم،... ئیستا ئیتر دەیبینم،... ئەمجارە ئیتر دۆزیمەوە،... دۆزیمەوە!"

هاوڕێکەی کە لە خۆشیانا باوەڕ بە قیژە و هاوارەکەی بەردەمی ناکا، بە پەلە دەڵێ:

 

ـ "نەمگوت،... نەمگوت کە وێنەکە لەوێیە،... لەوێ لە سەر مانگ،... رێک بە ناو تەوقی تەوێڵییەوە،... تەنیا دوو چاوی دەوێ کە بتوانێ بیبینێ،... ئەو چاوانەی کە دەیانەوێ بیبینێ،... نەمگوت!"

 Bilderesultat for måne

گەڕان بۆ بابەت