ما 4022 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەجات حەمید ئەحمەد

نەخۆشخانەکانى حکومەت تەنها بە ناو نەخۆشخانەن، ئەگینا بە مەیدانێکى سەربڕینى نەخۆش و بەندیخانەکانى نازیەکان دەکەن و زۆرینەى دکتۆرکان وەکو جوستابۆیەک لە گەڵ نەک نەخۆش بەڵکو کەس و کارى نەخۆشیشدا مامەڵە دەکەن.

 

  وشەى مەیدان لەم لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسیەدا دەربڕین لە شوێن وکارى پیشەیى دەکات، بەم شێوەیەش جۆرێک لە دەربڕینى مەجازی دەگەیێنێ پەیوەست بە پەلەوەرفرۆش و دکتۆرەوە،ئەم نووسینە نە کەم کردنەوەیە لە پیشەى هیچ یەکێک لەوانەو نە وڕوژاندنە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەى بەهاى مرۆڤ بوون لە وڵاتەکەمان کە لە مانا هەرە زیندوەکاندا پەیوەست بە کارى دکتۆرى کردنەوە ئەو بەهایە سووکایەتیەکى گەورەو قۆرخ کردنێکى زێدەڕۆى تێدایە، هەروەها لە پراکتیزە کردنى ماناکانى فاشیەتیشدا، لێک چوونێکى زۆر لە نێوان مامەڵە لە گەڵ کردنى دکتۆر لە گەڵ نەخۆش ومامەڵەکردنى دوکاندارەکانى سەربڕین و پاک کردنى پەلەوەردا هەیە لە عێراق بە گشتى و لە کوردستان بە تایبەتى.بیرکردنەوە لەم پرسە لەم بارودۆخەو دواتریش زۆر گرنگە، چونکە زۆر لە بەهاکانى بە مرۆڤبوون لە کوردستاندا لەو بازاڕەى دکتۆراندا لە ناو دەچێت.

  جیاوازیى و لێک چوونى نێوانى سەربڕینى پەلەوەرو چارەسەر کردنى نەخۆشێک تەنها لەوەدا نیە پەلەوەر سەردەبڕدرێ و مرۆڤێکیش لە لایەن دکتۆرێکەوە چارەسەر دەکرێ،یاخود پەلەوەرێک لە ژینگەیەکى نامرۆڤایەتیدا سەردەبڕدرێ ونەخۆشێکیش بە ناوى چارەسەر کردنەوە،لە ژینگەیەکى چەپەڵدا  دەخرێتە بەر مامەڵەیەکى نامرۆڤایەتیەوە بەڵکو لەوێدا جیاوازى ولێک چوونەکان یەکسان دەبن کە چۆن بە شێوەیەکى فاشیانە دوو بوونەوەر دەکرێنە قوربانى وچۆن بازرگانیان پێوە دەکرێ، ڕەوایەتیى کوشتنى مەجازى لە چۆنێتیى چارەسەر کردنى نەخۆشدا، ڕەوایەتیەکە نە لە ڕووى یاساییەوەو نە لە ڕووى مرۆڤایەتیەوە بەهایەکى بۆ مرۆڤ نەهێشتۆتەوە، لە بەر چەند هۆیەکى گەورە کە گرنگترین هۆ ئەوەیە تووش بوون بە نەخۆشى وهاتنە کایەوەى مرۆڤى نەخۆش بەرامبەر بە دکتۆرێک دەنوێنێ کە خۆى لە دەستە پاچەیى بوون وملکەچیدا دەبینێتەوە، کاتێکیش ئەو مامەڵەیە وەکو دەسەڵاتێک لە لایەن دکتۆرى چارەسەر کەرەوە بە سەر نەخۆشدا  دەچەسپێندرێ ولە نێو پراکتیزە کردنى ئەو دەسەڵاتەدا مرۆڤ ئیرادەو کەرامەتى کەسایەتیى کۆمەڵایەتى و خودیى خۆى لە دەست دەدات و دەچێتە ئاستێک لە خۆ سەیرکردن کە هەستى خۆ بە بچووک بینین و زەلیل بوون بە سەریدا زاڵەو ئەو مامەڵەیەى کە زۆرینەى دکتۆرەکان لە گەڵ نەخۆشەکاندا دەیکەن، لە ڕوویەکى دیارو بەرجەستەوە بەو شێوەیە دەکەوێتەوە کە ئەوە دکتۆرە ئەو دەسەڵاتە فاشیەى خۆى وەکو مرۆڤێکى زاڵ بە سەر نەخۆشدا دەچەسپێنێ،هاوشانى هەموو تێڕوانینەکان، چ بە لایەنى نەخۆشەوەو چ بە لایەنى ئەو هاوەڵەى لە گەڵ نەخۆشدایە، کە تواناى ئەوەی نیە هیچ کاردانەوەو هیچ بەرپەرچ دانەوەو هیچ ناڕەزاییەکی هەبێت بەرامبەر بە هەر ڕەفتارێکى نەشیاوى دکتۆر، بێدەنگیى نەخۆش بەرامبەر بە قۆرخ کردن وبازگانى پێوە کردنى لە لایەن دکتۆرەوە، وەکو ئەو هاوارو قیژە قیژەى پەلەوەرە لە کاتى سەر بڕیندا، لە لاى نەخۆشیشدا ئەو هاوارە دەبێتە هاوارێکى دەروونى وناخەکى  بەوەى ژیان وجەستەى لە مەترسیدایەو کەسێک هەیە دەشێ چاکى بکاتەوە نە نایەکسانەى نێوان دوو مرۆڤ کە ئەوپەڕى دەسەڵاتى هەیە بە سەر جەستەى کەسێکى دیکەوە ومرۆڤێکى دیکەش جەستەو گیرفان وبارى دەروونیى ئامادەیە بۆ هەموو فرمانێکى مرۆڤە دەسەڵاتدارەکە و ئەم ئامادەبو، بەرگەى هەموو قۆرخ کردن وچاورەڕوانى وپەراوێز کردن وگەرماو سەرماو مامەڵەى نامرۆڤایەتیى دکتۆر دەگرێت لە ڕووە دەروونى وڕەوشتیەکەوەى هیچى کەمتر نیە لەو ئازارەى پەلەوەرێک دەیبنى، هەر لە گواستنەوەى لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى دیکەو هەر لە فرۆشتن وباڵ بەست کردنى وهەر لە ژیان لە ناو قەفەسێکداو تاکو ئەوپەڕى تێنوێتى وبرسێتى وئنجا سەربڕین، پەلەوەر تاکو ساتى سەربڕین بێ دەنگەو لە کاتى گرتن ودەرکردنى لە قەفەسەکاندا هیچ نەبێت لەوە تێدەگات کە ئەو بەرەو مردن دەبردرێت و لە لایەن دەسەڵاتێکەوە پەلکێش دەکرێت تەنها هاوارو قیژەکانى بە دەستەوە دەمێنێ نەخۆشیش لە ترس ودوودڵیدا وەکو کۆیلەیەکى دکتۆرى لێ دێت، لێرەدا ئێمە کار لە سەر سێ بەشى جیاوازیى نێوان ئەو دوو ژینگەیەى دکتۆرو سەربڕ دەکەین  کە ئەوانیش:

1-  شوێنى سەربڕین وشوێنى چارەسەر کردن.

2-  چۆنێتیى مامەڵە لە گەڵ کردن.

3-  ئاماژەکانى قۆرخ کردن وبازرگانى پێوە کردن.

 

1- ژینگەیەک بۆ سەربڕین و ژینگەیەک بۆ کوشتن لە بێدەنگیدا

  مەیدانى پەلەوەر بریتیە لە کۆمەڵە دوکانێک کە هەم قەفەسى بەند کردنى پەلەوەرو هەم شوێنى سەربڕین ولە پاشاندا شوێنى پەڕو باڵ کردن وپاک کردنەوەیشە،مەیدانى دکتۆریش کە بە (عیادە) یا نۆررینگەى تایبەت ونەخۆشخانەکان ناونراون هەم شوێنى پشکنین و هەم شوێنى کۆبوونەوەى نەخۆشەکان وهەم شوێنى نووسینى دەرمان وچارەسەرن. لێک چوونێکى زۆر هەیە لە کۆکردنەوەى کۆمەڵە پەلەوەرێکى جۆراو جۆر بە سەر یەکەوەو لە نێو قەفەسێکداو کۆکردنەوەى کۆمەڵە مرۆڤێک لە یەک ژوورى تەنگ وناتەندروستداوهەروەها لە نەخۆشەخانەکانى حکومەتیشدا، کە کۆبوونەوەى خەڵک لە دەرەوەى نەخۆشخانەکان وهەروەها لە ناوەوەیدا لە شێوەو ژمارەو تێکەڵ بوون وبە سەر یەکدا هاتندا زۆر بە ژوورى یا قەفەسى پەلەوەر دەکات، هەروەها ئەو ژوورە تەنگ وترووسکانەى نۆڕینگەکان کە تیایدا نەخۆش چاوەڕێى سڕەکەى دەکات،لە دەرەوەى ئەو شوێنانەش لە گەڕەکەکاندا هەروەکو چۆن شوێنى سەربڕینى پەلەوەر هەیە هەروەها نۆڕینگەى ئەو هاوکارە پزیشکیانە هەن کە خەڵکى بە زۆرى ڕوویان تێ دەکەن، لە چۆنێتیی بەهاى شوین و ژمارەى ئەو پەلەوەرانەى سەردەبڕدرێن و لە چۆنێتیى وژمارەى ئەو نەخۆشانەى چارەسەر دەکرێن، پەیوەستێکى مانەوى هەیە، سەربڕ بە دواى یەکدا ولە نێو جۆگەیەک خوێنى ڕژاودا پەلەوەر سەر دەبڕێ ودکتۆرەکانیش یەک لە دواى یەک وبە بێ وەستان نەخۆش دەکەنە ژوورەوەو بۆ تیشک وسۆنارو پشکنینى خوێن ودەرمان خانەکان وچەندین جۆر شوێنى دیکەیان دەنێرن وهەردوک خوێنیان لێ دەچۆڕىِ، سەربڕینى پەلەوەرەکان لە سەر یەک ولە نێو خوێنى یەکتردا لە ڕووى بێ بەها کردنى گیاندار بە گشتیەوە زۆر نزیکە لە کۆکردنەوەى سێ بۆ پێنج نەخۆش لە ژوورى دکتۆردا و هەر لە ناو ئەو ژوورە تەنگ وبەرتەسکەى دکتۆردا لە گۆشەیەکدا پەردەیەک هەڵواسراوە کە یەک لە دواى یەک نەخۆشەکان دەبرێنە ئەو دیویەوە، هەروەکو چۆن سەربڕینى پەلەوەر یەک لە دواى یەک بە بێدەنگى دەڕوا ،هەروەها چارەسەر کردنى نەخۆشەکانیش بە بێدەنگى دەڕوا،ئامادە بوونى سێ چوار ئافرەت لە یەک ژووردا وا لە نەخۆش دەکات شەرم بکات نهێنیەکانى نەخۆشیەکەى باس بکات ،هەروەها ئەو پیاوانەى کە شەرم دەکەن لە بەردەم چوار پێنج کەس باس لە جەستەى خۆى ونهێنیەکانى خۆى بکات،،ئەم پێشێل کردنە گەورەترین کردارى بێدەنگ کردن وسەرکوت کردن وبێ بەها کردنى مرۆڤە لە وڵاتەکەماندا،پاش سێ خولەک نەخۆش دێتە ئەم دیوى پەردەوەو تاکودکتۆر بۆ پشکنینى لابووریى دەنێرێت وکاغەزى بۆ پڕ دەکاتەوە، نەخۆشەکەى دیکە دەبێ بە پەلە بچێتە پشتى پەردەوە، ئەمەش بە ساتى دواى سەربڕینى پەلەوەر دەکات،سەربڕ پاش سەربڕینى بە پەلەى پەلەوەر ەکان بە دواى یەکەوەمەنجەڵێکى گەورەى ئاوى گەرمى هەیە کە ئەو پەلەوەرانەى پێشتر سەربڕاون دەیانخاتە ناویەوە،یەکسەر دەریان دەهێنێ ودەیانخاتە ئامێرێکى پاک کردنەوەى پەڕ وئنجا بە هۆى ئاگر پژێنێکەوە مووەکانى دەسووتێنێ، قۆرخ کردنى نەخۆش وبە کار هێنانى وەکو کەرەستەیەک بۆ پارە پەیدا کردن زۆر بە پەڕ وباڵ کردنى پەلەوەر دەچێت، دکتۆر هەموو نەخۆشەکان بە بێ گرتنە بەرچاوى جۆرى نەخۆشیەکەى یەکسەر بۆ سۆنار یا ئەشیعەو یا پشکنینى خوێن دەنێرێ ولە گەڵ هەر یەکێک لەو شوێن ولابوورانەدا ڕێک کەوتوەو لە ناردنى هەر نەخۆشێکدا پشکێکى هەیە،ئەم ڕووەى بازرگانى کردن بە نەخۆشەوە بۆتە کارێکى ئاسایى سووکایەتى کردن بە نەخۆشەوە لە ڕێگەى بە کار هێنانیەوە وەکو کەرەستەیەک بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنى بازرگانى.ئەو بازرگانى پێوە کردنە تەنها تاقیگەکان نین بەڵکو دەرمان خانەو شوێنەکانى پشکنین ونەخۆشخانە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە کە هەندێک دکتۆر ڕێک کەوتنى ژێراوژێرى هەیە لە گەڵیاندا. (کێ بەرپرسە لە ڕووت کردنەوەو قۆرح کردنى نەخۆش وەکو ئەو پەلەوەرەى پەڕەکانى لێ دەکرێتەوەو ڕووت دەکرێتەوەو دەسووتێندرێ؟ کوانێ ئەو دەیان لیژنە تەندروستى وکوانێ مەرجەکانى دکتۆرى کردن ؟) کوانێ ئەو سوێندى شەرەفەى دەخورێ؟

     شوێنەکانى پەلەوەر پیسن وبۆنى خوێن وبۆگەنیى پەڕو گۆشت بڵاو دەبێتەوە لەو شوێنەدا،ژوورى دکتۆرەکانمان وژوورو هۆڵەکانى چاوەڕوانى کردن لە زۆر ڕووەوە بەم شوێنانە دەکەن ،کە هیچ مەرجێکیان تێدا نیە کە مرۆڤ هەست بەوە بکات بچووکترین ڕێزو کەرامەتى هەبێت نەهەست بەوەش بکات کە ئەو مرۆڤە! لە نەخۆشخانەکانى تەوارى ومنداڵ بووندا هەروەها لە شوێنەکانى پشکنین وخەوتن وچاوەڕوانى کردن و دەرکردنى نەخۆش لە پشکنین ودابین کردنى دەرماندا ،مامەڵە کردن لە گەڵ نەخۆشدا بە ناشرینترین شێواز بە ڕێوە دەچێت،نەخۆشخانەکانى حکومەت تەنها بە ناو نەخۆشخانەن، ئەگینا بە مەیدانێکى سەربڕینى نەخۆش وبەندیخانەکانى نازیەکان دەکەن وزۆرینەى دکتۆرکان وەکو جوستابۆیەک لە گەڵ نەک نەخۆش بەڵکو کەس وکارى نەخۆشیشدا مامەڵە دەکەن، ئەگەر لە مەیدانى پەلەوەردا ،پەلەوەرەکان وەکو گیاندارێک مامەڵەیان لە گەڵدا ناکرێ وتەنها وەکو گۆشتى سپى بازرگانیان پێوە دەکرێ، لە نەخۆشخانەکاندا نەخۆش بەرەو ڕووى خراپترین شێوازى مامەڵە لە گەڵ کردن دەبنەوە،سەرەتا کە نەخۆش بە نەخۆشیەکى کت وپڕ یا درێژخایەن یا بە هۆى ڕووداوێکەوە دەکەوێتە نەخۆشخانەیەکى تەواریەوە، دەخرێتە ژوورێکى تەنگ وتەسکەوەو لە گەڵ سێ چوار نەخۆشى دیکە دەخەوێندرێ، کە هەندێکیان نەخۆشیى دیکەیان هەیەو نازاندرێ وەکو سیل وئەنفلەوەنزاو کۆخەى بەردەوام وهەڵامەت و... هتد هەموو لەو ژوورە تەنگەدا هەناسەى یەکترى هەڵدەمژن، لابوورەکان کەرەستەى پشکنینى تەواویان نیەو دەبێ لە دەرەوە بیکڕیت، لە هەمووى ناخۆشتر ناردنى خوێنى نەخۆشە بۆ لابوورەکانى دەورەوە چونکە زۆر لە پشکنینەکان لەو نەخۆشخانانەدا نین ئەگەر هەشبێت دەڵێن نیمانە یا لابوور داخراوە، بە لایەنى دەرمانى پێویستەوە، تەنها ئیسپرین و فلوو ئاوت لەو نەخۆشخانانەدا هەن، ئەگینا زۆرینەى دەرمانەکانى نەخۆش دەبێ لە دەرەوەى نەخۆشخانەکاندا بیان کڕى، دەرمانێک ئەگەر نرخەکەى لە سەرەوەى پازدە هەزار بێت بە دەگمەن لە نەخۆشخانەدا دەست دەکەوێت (ئەى دەسەڵاتدار  ئەو جادەیەى کە بە ناوى جادەى پزیشکان لە شارەکانماندا و بۆ ماوەى دەیان ساڵە بوونەتە کۆمپانیاى بچووک بچووک وشوێنى ئازارى دەروونى وجەستەیى  تێک وپێکیان دەو وێرانیان  کەو لە جیاتى ئەو شوێنە شوێنێک بنیات بنێ کە نەخۆش هەست بەوە بکات خاوەن وڵات وحکومەت و بڕیار بە دەستێکە کە ئەو لەو نێوەدا بەهایەکى هەیە وەکو مرۆڤێک).

     بازاڕو مەیدانى دکتۆران کە بە سەدان نۆڕینگەى تایبەتى تێدایە،هەموو ئەو دکتۆرانە لە حکومەتدا لە نەخۆشخانەکان فەرمان بەرن،سەرەتا ڕۆژانى پێنج شەم وهەینى وهەندێک جار شەممەش کەس لە دەوامى نەخۆشخانەکاندا نیەو یەکێک بە ناوى پزیشکى ئێشک گر دیارى دەکرێت کە تازە دامەزراوەو شتێکى ئەوتۆ لە چارەسەرى وپشکنین ودەرمان نازانێ و کە لە نەخۆشەکەت بپرسى دەڵێن دکتۆر لێرە نیە ئەو دەزانێ نەخۆشیەکەى چیە،دکتۆرەکانمان،دکتۆرە بە ناوبانگ وخاوەن نۆرینگەو فەرمان بەرى نەخۆشخانە ئەهلیەکان بە دەگمەن لە نەخۆشخانەکاندا نایان بینیت ومانەوەیان لە نەخۆشخانە بۆ چەند کاتێکى کەمەو بە ئەرک وکارى خۆیان هەڵناسن وەکو پێویست وهەندێک لە و دکتۆرانەى بازرگانیەکانیان بە نەخۆشەوە فراوانتر کردۆتەوە وازیان لە نەخۆشخانە هێناوەو دەستیان لە کار کێشاوەتەوە وبەیانیانیش لە نۆڕینگەکانیان دەوام دەکەن وگاڵتەیان بە فەرمانبەری نەخۆشخانە دێت،دکتۆرەکان وەکو خاوەن دوکانەکانى پەلەوەرن، ئەوانیش بەهۆى فراوان بوونەوەى بازرگانى کردن بە پەلەوەرەوە ژمارەى پەلەوەرەکانیان زۆر دەکەن، فرت وفێڵى نامرۆڤانەیان بەرامبەر دەکەن، وەکو هێنانى بولبولێک کە ئەندامى هێلکەدانیان نەزۆک کراون، فرۆشتنى بێچووى پەلەوەر ، زۆر کردنى جۆرەکانى پەلەوەرو دیل کردنی بە کۆمەڵ لە نێو قەفەسى بچووک بچووکدا وزۆر کردنى سەربڕینى پەلەوەرەکان… هتد.

چەند لەو نەخۆشە بێ دەرامەت وهەژارانە لە نەخۆشخانەکاندا ڕۆژانەو هەفتانەو ساڵانە دەمرن یا بە هۆى دەرمانى هەڵەوە یا بە هۆى پشکنینى هەڵەوە، یا بە هۆى نەشتەرگەریى هەڵەوە گیان لە دەست دەدەن؟ کێن ئەوانەى بە دوا دا چوونیان  هەیە بۆ نەخۆشخانەکان و بۆ بارى نەخۆش ودابین کردنى پشکنینى پێویست ودەوامى پێویستى دکتۆرودەرمانى پێویست بۆ نەخۆشەکان؟ (هەموو دکتۆرەکانمان لە گەڵ کات وگیرفاندا لە شەڕن، نۆڕینگەیەکى گەڕەکەکان هەمووجۆرە دەرمانێکیان هەیەوکەچى گەورەترین نەخۆشخانەکانمان لە دەرمان بەتاڵ کراون،کوانێ ؟ کێ لە دەرمان ولە پشکنین ولە هەموو ئەو مامەڵە خراپ وقۆرخ کردنانە بپرسێتەوە؟)

مامەڵەى سەربڕ و دکتۆر وسووکایەتى کردن بە جەستە

    لە کردارى سەربڕینى پەلەوەرو چارەسەر کردنى نەخۆشدا، گرنگترین خاڵە هاوبەشەکانى نێوان سەربڕو دکتۆر لەوەدایە  کە سەربڕ چەندێک پەلەوەر سەردەبڕێ وپاکى دەکات،دکتۆریش چەند ئەوەندەى پەلەوەر  نەخۆش بەڕێ دەکات بۆ شوێنى دیکەو بۆ چاوەڕوانیى دیکەو بۆ بێ دەنگ کردن و قۆرخ کردنى دیکە، کاتێک سەربڕێک لە ڕۆژێکدا سەدو پەنجا پەلەوەر سەردبڕێ وپاکى دەکات وژمارەى زۆریى پەلەوەرەکان لە لایدا دەبێتە گەورەترین نیشانەى قازانج ئەوا دکتۆرێکیش لە کات ژمێر سێوە تاکو حەوتى شەو زیاتر لە سەد نەخۆش بەڕێ دەکات بە ناوى چارەسەر کردنەوەو چەندێکیش نەخۆشى زۆرتربێ ئەوەندە دەستى سووک تر دەکات لە بەڕێ کردنى نەخۆش و لەم کردارەشدا، بێ بەها کردنى مرۆڤ وبە کار هێنانى مرۆڤ وەکو کەرەستەیەک کە مامەڵەى پێوە دەکرێ هیچ جیاوازیەکى نیە لە گەڵ چۆنێتیى سەربڕینى پەلەوەردا،کاتێک نەخۆشێک بە هۆى چاوەڕوانیەکى زۆرو سڕە گرتنێکى زۆرەوە دەگاتە لاى دکتۆر لە ڕووە دەروونیەکەوەى ئەو کەسێکى ترساوو تێک شکاوو بێ دەسەڵات وملکەچە،لێرەوە زاڵ بوونى دەسەڵاتى دکتۆر بە سەر نەخۆشدا لە سەر بناغەى من دکتۆرم وتۆش نەخۆشى وهیچ مافێکى دیکەت نیە تەنها گوێ گرتن لە دکتۆرو جێ بە جێ کردنى فەرمانەکانى نەبێ وات لێ دەکات تەنانەت جەستەو ئازارى خۆت لە بیرکەیت وبیر لەوە بکەیتەوە چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەو دوو سێ دەقەیە بکەى کە دکتۆر بە بەزەیى خۆى بۆت تەرخان دەکات، ئەم کردارەش  هیچ جیاوازیەکى نیە لە گەڵ ئەو پەلەوەرەى پاش چاوەڕوانیەکى زۆر لە نێو قەفەسێکى تەنگ وبەرتەسکدا باڵى لە گەڵ یەک تێکەڵ کێش دەکەن وبۆ سەربڕین...لاقێک بە سەر باڵەکانیدا دادەنێن و سەرى دەبڕن، ئەو دکتۆرانەى لە ماوەى سێ کات ژمێردا زیاتر لە پەنجا نەخۆش بەڕێ دەکەن تواناى پشکنینێکیان نیە کە شایەستە بێت بە مرۆڤ،نەخۆشیش بە هۆى تێک شکانى دەروونی وماندوێتى زۆرو شەکەت بوون لە چاوەڕوانیدا تواناى باس کردنى خۆى نیە بەو جۆرەى کە پێویبستە، (بۆچى تاکو ئێستا  ئەوە  دیارى نەکراوە دکتۆرێک لە ڕۆژێکدا پێشوازى لە چەند نەخۆش بکات؟؟ مرۆڤ لە لاى ئێمە جەستەى پەلەوەرە یاخود بە ڕاستى مرۆڤە؟)

   لە نێوان دکتۆرو نەخۆشدا تەنها یەک یاسا زاڵە یاساى بێدەنگ بوونى نەخۆش وناردنى بە پەلەى نەخۆش بۆ پشکنینە جۆراو جۆرەکان کە زۆرینەیان پێویست نین و تەنها دەربڕین لەو گرێ بەندە بازرگانیەى نێوان دکتۆرو شوێنەکانى پشکنین دەکەن لە قۆرخ کردن وبە کەرەستە کردنى مرۆڤەوە. هەردوو لا هاوبەشن لە سڕینەوەو بێ بەهاکردنى مرۆڤ وەکو کەسایەتى و وەکو جەستە، لە ڕاستیدا نەدانى دەرفەتى پێویست بە نەخۆش وبۆ باس کردنى جەستەى خۆى وزاڵ بوونى قسەى دکتۆر کە زۆرینەیان قسەکانیان بە قسەى ئەفسەرێکى سەربازى دەچێت کە فرمانى ڕیز بوون و وەستان و درێژبوون وڕۆیشتن دەر دەکات لە پێناوى لە کۆڵ کردنەوەى نەخۆش و زوو بە ڕێ خستنیان، دەربڕین لە پیس کردنى بەهایەکى جەستەیى وفیکریى گەورە دەکات، لە لایەکەوە پشکنینى جەستە کە بناغەى هەموو چارەسەریەکە هەڵەى زۆرى تێ دەکەوێ بە هۆى پەلەکردنەوە، لە لایەکى دیکەوە هەر بە هۆى پەلە کردنەوە، ئەو ڕاپۆرتانەى پشکنینەکانى جەستە بۆ دکتۆرى دەنووسن وورد نین وهەڵەى زۆریان تێ دەکەوێ، دکتۆرى بازرگان نەخۆشێک وا لێ دەکەن هەفتانەو مانگانەو ساڵانە سەردانیان بکەن وهەر سەردانى کردنێکى نەخۆشیش لە دەست دانى بەهایەکى بە مرۆڤ بوونیەتى نەک چاک بوونەوە ى وتەنانەت وێڕاى زانینى نەخۆشیش بەو فرت و فێڵانەو لە ترساندا بێدەنگ بوونى وەکو مل دادانى پەلەوەرە بۆ ئەو چەقۆیەى ملى دەبڕێ وکۆتایى بە ژیانى دێنێ وچ جاى ئەوەى دکتۆرێک خیانەت لە پیشەو ویژدان ووڵاتەکەى دەکات وتەنها ئەو دەرمانانە بۆ نەخۆشێک دەنووسێت کە خەریکن ئێکسپایەر دەبن یا نرخەکانیان زۆر گرانەولە دەرمانخانەیەکى بازرگاندا؟

     ئەم تێڕوانینە نا مرۆڤایەتى وفاشیە بۆ نەخۆش چەندێک ڕوویەکى ناشرین وەردەگرێ کاتێک زۆرینەیەک لە نەخۆشیش، تەنها نەخۆش لە هەموو ئەو ڕووانەوە زەرەرمەندو سەرگەردان دەکرێ ولە زۆرینەى جارەکاندا بە هەڵە دەرمانى بۆ دەنووسرێ وبە هەڵە عەمەلیاتى بۆ دەکرێ و بە هەڵە دەنێردرێتەوە بۆ ماڵ و ئەگەر بیبلۆگرافیایەکى هەڵەکان لە نێو شارێکدا ئامادە بکەین تووشى سەرسامى دەبین، دەستاو دەست پێکردنى نەخۆش لە نێوان دکتۆرى تایبەت ونەخۆشخانەى تایبەت بۆتە مۆدێلێکى بازرگانى کردن بە جەستەى نەخۆشەوە، ئەگەر نەخۆش پێویستیى بە نەشتەرگەرى هەبێت یا پێویستیشى پێى نەبێت هەندێک لە دکتۆرەکان پێشنیازێکى فرت وفێڵاوى دەخەنە بەردەم نەخۆش کە بێتە ئەو نەخۆشخانە ئەهلیەى کە ئەو لەوێ کارى تێدا دەکات (چ چاودێریەک هەیە  لە سەر نرخى دەرمان و پشکنین و چ بە دوادا چوونێک هەیە بۆ کەسێک کە ئەگەرى ئەوەى هەیە بە دەرمان چاک کرێتەوەو دەخرێتە بەر نەشتەرگەریەوە کێ بەرپرسە لە نرخى نەشتەرگەرى لە نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بەهیچ شێوەیەک لە گەڵ داهاتى زۆرینەى هەرە زۆرى خەڵکیدا ناگونجێت؟)، لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا نەخۆش  نەک وەکو پەلەوەر پەڕو باڵى لێ دەکرێتەوە، بەڵکو لە ڕووى مادیەوە ئێسکەکانیشى لێ دەکرێتەوە و تەنانەت هەناسەدان وئاو خواردنەوەو نوستن ودەست بە ئاوگەیاندنیش نرخى خەیاڵیان لە سەرە (کێ دەتوانێ بڕیار لەوە بدات نرخى جۆرەکانى نەشتەرگەرى وپشکنین ودەرمان ومانەوەى شەوێک لە نەخۆشخانەکاندا چەندن و نەخۆش چ مافێکى هەیە لەوێدا؟ نەبوونى یاساو چاو پۆشینى  حکومەت لە گەڵ ئەو نەخۆشخانانەدا و بەرەڵا کردنى مرۆڤ بە بێ پشت و پەناو بە بێ هیچ یاسایەک کە بچووکترین بەهاى هەبێت هەرمرۆڤ دەکاتە کەرەستەیەک بۆ فرۆشتن وکڕینەو بۆ ئەوەنیە مرۆڤ بە سیفەتى بە مرۆڤ بوون مامەڵەى لە گەڵدا دەکرێت،وەکو ئەو پەلەوەرەى کە بوونى ئەولە مەیداندا تەنها بوونى گۆشتەکەیەتى

  لە نێوانى پەلەوەرو مرۆڤدا سنوورەکان تێک دەشکێن،دەستاو دەست کردنى پەلەوەر لە فرۆشیارەوە بۆ سەربڕ ودەستاو دەست کردنى نەخۆش لە دکتۆرى پسپۆرەوە بۆ دکتۆرى پشکێنەرو دەرمان خانەکان ،یەک وێنەو یەک مانا بەرجەستە دەکەن، کە ئەویش چۆنێتیى قازانج کردن وبە کەرەستە کردنى جەستەیە،لە چاوەڕوانیەکەوە بۆ چاوەڕوانیەکى دیکە، لە ئازارێکەوە بۆ ئازارێکى دیکە،تەنانەت ئەو قاڵبەى مامەڵە کردن لە گەڵ نەخۆشدا بۆتە یاسایەکى چەسپاو،ئێستا هیچ نەخۆشێک تەنانەت بچووکترین نەخۆشیشى هەبێت لە بەکار هێنانى جەستەى وەکو کاڵایەک بۆ فرۆشتن ڕزگارى نابێت. لە دانى پازدە هەزار بۆ سەد دۆلار بۆ چوونە ژوورەوە بۆ لاى دکتۆرى پسپۆرو لە دانى بیست هەزار تاکو سێ سەد هەزار وبگرە زیاتریش بۆ دگتۆرەکانى پشکنین ولە دانى سى تاکو سێ سەد دۆلار بە دەرمان خانەکان.ئەم کردارانە ڕۆژانەو بەردەوام درێژ دەبنەوە لە دەرەوەى ئەو مرۆڤە ساغ وسەلامەتانەى کە نەخۆش نین وبیر لەوانى دى ولە نەخۆشیان ناکەنەوە کە لە شارەکەیاندا هەن، مرۆڤ چ بەهایەکى هەیەو قۆرخ کردن وبازرگانى کردن بە مرۆڤەوە لە لاى دکتۆرەکان گەیشتۆتە چ ئاستێک لەم وڵاتەدا؟

   ئەو نرخانەى بۆ پشکنین تەنها بۆ چوونە ژوورەوەى دوو بۆ پێنج خولەک بۆ لاى دکتۆر کە لە پازدە هەزار کەمتر نیە و ئەو نرخانەى بۆ پشکنین دانراون کە بە سەدەها هەزارەو ئەو نرخانەى کە بۆ دەرمان دانراون کە خەیاڵیەو بێ سنوور گرانە ،دەربڕین لەوە دەکات کە نەخۆش، ئەوەى تواناى مادیى نەبێت چاوەڕوانى ئەوە نەکات نە چارەسەر بکرێ نە چاک بێتەوە،چونکە هەر لە سەرەتاوە بڕیار لە سەر ئەوە دراوە کە جەستەى نەخۆش جیاوازیەکى نیە لە گەڵ جەستەى پەولەەر، بە چ مافێکەوە دکتۆرێک بۆ ماوەى سێ خولەک پشکنین بیست هەزار لە نەخۆشێک وەربگرێ وئەم نرخ دانانە چ بەهایەکى ئابوورى وژیارى وڕەوشتیى تێدایە؟ (ئەو نرخانەى کە بۆ چوونە لاى دکتۆر دانراون ولە سێ خولەک زیاترکاتى پێویست  نیە ،پەیوەست بە داهاتى تاکەوە ناعەدالەتیى تێدایە ،چونکە مەسەلەکە پەیوەندیى بە ژیانى نەخۆشەوە هەیەو بە قەد ئەویش پەیوەندیى بە داهاتى نەخۆشەوە هەیە،

بازرگانى پەلەوەرو بازرگانى مرۆڤ

 ئەگەر کارى دکتۆرى وژیان وداهاتى دکتۆرى لێک دەینەوە، دەبینین دکتۆرەکانى وڵاتەکەمان لە سێ شوێن کار دەکەن، لە نەخۆشخانە مووچەیەکى بەلاش وەردەگرن کە کۆى دەوام کردنەکانیان ناگاتە هەفتەیەک لە مانگێکدا، لە دەرەوەش خاوەنى نۆڕێنگەى تایبەتى خۆیانن و داهاتێکى بێ سنووریان هەیەو دکتۆرەکانمان ،زۆرینەیان لە نەخۆشخانە ئەهلیەکاندا گرێ بەندیان هەیە ،کاتێک دکتۆرێک لە پێناوى پارەو بازرگانى کردن بە مرۆڤەوە لە سێ شوێن کار دەکات و لەو شوێنانەى داهاتى چەسپاویان هەیە کارى خۆیان ناکەن ولەو شوێنانەى کە داهاتێکى بێ سنوورو زۆریان هەیە هەموو کاتى خۆیانى پێ دەبەخشن (ئەى بڕیار بە دەست ،بۆچى فەرمان بەرێک لە بەیانیەوە تاکو کات ژمێر سێ بێ وەستان کار دەکاو دکتۆرێکیش لە مانگێکدا هەفتەیەک کار ناکات کە مووچەکەى پێنج بە قەد مووچەى ئەو فەرمان بەرەیە؟ دکتۆر لەم وڵاتەماندا چۆن پێى دەکرێ لە یەک کاتدا فەرمان بەر بێ و عیادەى تایبەتى هەبێ وگرێ بەندى نەخۆشخانە تایبەتەکانى هەبێت؟) بۆچى ناتواندرێت دکتۆرەکانمان بخرێنە بەر هیچ جۆرە یاسایەکەوە...؟)، دوو پرسیار بەرەو ڕوومان دەبێتەوە، لە لایەکەوە شوێنى نەخۆش لەم سێ مەیدانەى دکتۆر لە کوێدایە؟ دووەم داهاتى دکتۆر لە قۆرخ کردنى بارودۆخێکى گێرە شێوێنى تەندروستیدا لە نێو نەخۆشخانە جۆراوجۆرەکان ودکتۆرە جۆراوجۆرەکان لە کوێدایە؟

 لە ڕاستیدا ئاسایشى تەندروستى لە وڵاتى ئێمەدا بریتیە لە سووکایەتى پێکردن و گاڵتەجاڕى پێکردن وقۆرخ کردنێکى بەردەوام ،نەخۆش هەمیشە وەکو کەرەستەیەکى بازرگانى پێوە کردن، لە هەرسێ شوێن هەست بەوە ناکات کە ئەو مرۆڤێکەو تەنانەت بە پارەى زۆریش هیچ ڕێزو شایەستەییەکى مرۆڤانەى تێدابێت، چونکە سیستەمێک لە چارەسەر کردن ،چاکتر وایە بڵێین بازرگانى پێوەکردن هەیە کە بەردەوام ئەو دێنێ ودەبا، سیستەمێکى بێ چاودێرى و وفەرامۆش کراوو پشت گوێ خراو هەیە،  نەخۆش هیچ مافێکى نەیاسایى و نەمرۆڤایەتى و نە دڵنیایى هەیە بۆ چارەسەرکردن وچاک بوونەوە، کە ئەمەش ئەوپەڕى ترس وسووکایەتى پێکردنى مرۆڤە لە وڵاتى ئێمە ، هەروەها هەمیشە ترسێکى لەو گوتە میللیانەى ناو جادەکان هەیە کە ((دکتۆرەکانى ئێمە هیچ نازانن ونەخۆشخانەکان بوونەتە قەساب خانەو دوژمنت ڕێى نەکەوێتە دکتۆرو چارەسەر ئەمڕۆکە بە دەفتەرەو ئەوەى نەخۆشیەک بگرێ  دەبێ وەسێتنامەى خۆى بنووسێ ونەخۆشەکەمان دکتۆرەکان کوشتوویانە ومنداڵەکەم فڵان دکتۆر کوشتى وجەمعیەى دکتۆرەکان بە دەفتەرەو بە هەڵە دکتۆر دەرمانى بۆ نەخۆش نووسیوەو بە هەڵە کورتاج ونەشتەرگەریى بۆ نەخۆش دەکرێ و نەکەى بچیتە نەخۆشخانەى تایبەت چونکە ڕووت دەکرێیتەوەو بایى دوو سەد هەزار دەرمانم بۆ نووسراوەو،دکتۆر یەک پرسیارى لێم نەکردو سێ چوار پشکنینى گرانم بێ سوود بۆ کراوەو دەیان دکتۆرم کردوەو کەس نەیزانی نەخۆشییەکەم چییەو ڕوحم دەرچوو لە گەرماو سەرماو چاوەڕوانى کردن وسڕە گرتن و...هتد)). هەموو ئەمانە دەربڕین لە قەبارەى ئەو بازرگانیە دەکەن کە لە لایەن دکتۆرى پسپۆرو دکتۆرى پشکێنەرو دەرمان خانەى تایبەت و نەخۆشخانەکانى حکومەت و نەخۆشخانە تایبەتەکانەوە بە نەخۆشەوە دەکرێت، تەندروستیى مرۆڤ لە هەموو دنیادا بەشێکە لە ئاسایشى مرۆیى لەو وڵاتەدا ،دامەزراندنى بیمەى تەندروستى ودابین کردنى مافى چارەسەر کردن مافێکە حکومەت لێى بەرپرسیارەو جیاوازیى نییە لە گەڵ ئاسایشى نەتەوەیى ونیشتیمانى، سەرجەمى ئەو بوارانەش پێویستیان بە بڕیارى بوێرانە هەیە لە بەرژەوەندیى نەخۆش وکێ ئەو بڕیارانە دەدات؟

...

 

خۆشەویستیەکى زۆرم بۆ ئەو دکتۆرە کەمانە هەیە کە لە مامەڵە کردن لە گەڵ نەخۆشدا ڕێز لە شەرەفى پیشەکەیان و ویژدانى خۆیان دەگرن). ڕێز لەو سوێندە دەخۆن کە خیانەت لە پیشەکەیان نەکەن.

گەڕان بۆ بابەت