ما 2368 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەمگین بۆڵى

کێشەکە بەمۆدەبوونى دیاردەکەیە. جیا لەوە من دەمێکە گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەى کەوا شیعر نووسینى پێشەکى پێویست نییە،  شیعر هیچ پێشەکییەک لەخۆیدا قبوڵ ناکات. تەنانەت پێم وایە زۆرێک لە خوێنەران لەدەرئەنجامى سەرەتای خوێندنەوەى پێشەکییەکە بەهەمان ئەو ئاڕاستە فیکرییەدا دەڕۆن کە پێشەکى نووس لەسەروەختى خوێندنەوەکەی بۆ شیعرەکاندا پێدا ڕۆیشتووە. 

 

شیعر نووسینى پێشەکى بۆ چییە؟

غەمگین بۆڵى

شیعر پێشەکى نووسینى قووڵ نییە و هیچ پێشەکییەکیش خوێنەر لەشیعردا کۆناکاتەوە. شیعرى زیندوو خۆى پێشەکییەک بۆ خۆى دادەنێت، خۆى دەروازەى خۆیەتى. لێ لەئەدەبیاتى ئەمڕۆى کوردییماندا پێشەکى نووسین بۆ دیوانە شیعرییەکان بۆتە مۆدەى بەشێک لە شاعیران، ئەم مۆدەیەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆرێک هانانى ناو پەیداکردن و دووبارە خۆنوێکردنەوە بۆ ( بەختیار عەلی ) دەبەن. هونەرى بەمۆدەبوونى پێشەکى نووسین بە پێنووسى بەختیار عەلى جیا لە دیوانە شیعرییەکان، بەشەکانى ترى ئەدەبیاتیشى گرتووەتەوە، تەنانەت چۆتە نێو پرۆسەى وەرگێڕانیشەوە، ئەوەى لە سەیر و سەمەرەى ئەو بەزمەستانە دەمێنێتەوە ئەوەیە کە بەختیار عەلى پێشەکى بۆ هەندێک کارى وەرگێڕانیش نووسیوە کەناوبراو هیچ لەبارەى ئەو زمانەوە نازانێت. لێرە بۆ ئەوەى قسەکەکانمان نەکەونە بازنەى گومانەوە ئاماژە بەکارێکى  وەرگێڕانى وەرگێڕى بەتوانا بەکرشوانى دەدەین کە ناوبراو رۆمانێکى ئورهان پاموکى لە تورکییەوە کردووە بەکوردى، کەچى بەختیار عەلى پێشەکى بۆ ئەوکارە وەرگێڕانەى بەکر شوانى نووسیوە. بەزمى ئەو بەزمەستانە ئەوەیە کە لەسەر ڕووپەڕى بەرگى کتێبەکان بە خەتێکى درشت دەنووسن {نووسینى پێشەکى / بەختیار عەلی}یان {بەختیار عەلى پێشەکى بۆ نووسیوە}، لەدواوەى بەرگەکەش چەند دەربڕینێکى ناوبراو دەردەهێنن. هەندێک وەها کۆترەباریکەى هزریان دەفڕێنن، هەرکە بەختیار عەلی پێشەکى بۆ دیوانە شیعرییەکەى نووسى ئیدى ئەوە دەبێتە دەنگى شیعرى ڕاستەقینەى نێو ئەدەبیاتى کوردى. لێرەدا ئێمە کێشەى ئەوەمان نییە کە بەختیار عەلى چییە و چۆن دەنووسێت. کێشەکە بەمۆدەبوونى دیاردەکەیە. جیا لەوە من دەمێکە گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەى کەوا شیعر نووسینى پێشەکى پێویست نییە،  شیعر هیچ پێشەکییەک لەخۆیدا قووڵ ناکات. تەنانەت پێم وایە زۆرێک لە خوێنەران لەدەرئەنجامى سەرەتای خوێندنەوەى پێشەکییەکە بەهەمان ئەو ئاڕاستە فیکرییەدا دەڕۆن کە پێشەکى نووس لەسەروەختى خوێندنەوەکەی بۆ شیعرەکاندا پێدا ڕۆیشتووە. یاخود خوێنەر بەهەمان ئاڕاستەى پێشەکییەکەدا دەچێتە ناو پرۆسەى خوێندنەوەکە. بەواتایەکى ڕوونتر خوێنەر بە شوێن پێى هەنگاوەکانى پێشەکى نووسدا دەڕوات و کۆڵانى شیعرەکان تەى دەکات. لێرەدا دەشێت بە قورمیش بوونى خوێنەر ناوزەندى بکەین ،چونکە بەشێکى زۆرى خوێنەرى کوردیى بەدوای ناوەوەیە نەوەک شیعر و کڕۆکى دەق. لێ ئەوە بۆ شاعیرێک کە نزیکەى نیو سەدە ڕەشماڵى شیعرییەتى خۆى لە هەوارى ئەدەب هەڵدا بێت کارەساتە بێت لە ڕێگەى دووبارە ناوپیداکردنەوە و نوێبوونەوەى ناوەکەى لەلایەن خوێنەرى کوردییەوە داوا لەنووسەرێکى پڕ خوێنەرتر بکات پێشەکى بۆ دیوانە شیعرییەکەى بنووسێت. ئاخر ئەم مۆدەیەى پێشەکى نووسینانە زیاتر لەبازنەى پیاهەڵگوتن و چەپڵەى نووسیندا دەخولێنەوە. هەرچەندە بەندە لەنووسینى پێشەکى کتێبى شیعریى (من و تۆ و عەشقى)ى شاعیرى لاو ڕەشید بێ بەشدا تاکو ئەندازەیەکى بنەڕەتى شەختەى ئەو گۆمە بەستووەى شکاندووە، لەبڕى چەپڵەى نێو نووسین و پیاهەڵگوتنى هاوڕێیانە، لەچەند ڕوانگەیەکى گشتگیرەوە چەند ڕوانینێکى ڕەخنەیى لەبارەى شیعرەکانى ناوبراوەوە دەربڕیوە. لێ لەکتێبگەلێکى تردا گەلێک چەپڵەى نووسینم لە پێشەکى نووسین بۆ شیعریى چرووک لێداوە، بە وشەى بریقەدار سینگى لافى گەورەبوونم دەرپەڕاندووە. تەنیا دەزانم ئەوکاتانە هێندە دڵخۆش بووم بە پێشەکى نووسین بۆ کتێبى شیعریی ئەو شیعرنووسە لاوانە، تاکو ئەو ئەندازەیەى لافى خۆبەزلزانینم  پێوەیان لێدەدا. من چەندە مەلە باسکەى بێئاگاییم لەنێو ئەو دەریایەدا بەهەڵە کردووە و خۆشم وەک ڕێنیشاندەریان نواندووە، لەکاتێکدا خۆم پێویستم بە رۆشنبوونى ڕێگاکانى نووسین هەبووە. بەشێک لەو کتێبە (شیعر)ییانەى کەتاکو ئێستا بڵاوبوونەتەوە بریتینە لە: کتێبە شیعرى (زمانى عەشق)ى کاروان عەلى و کتێبە شیعرى (فرمێسکى ماڵئاوایى)ى ڕابەر فاریق و کتێبە شیعرى (وردە هەناسەکانى ڕۆح )ى پێشەوا هاشم و کتێبە شیعرى (عەشقى تۆ بێ وێنەیە)ى نافیز عەزیز و کتێبە شیعرى (ناڵەى عەشقێکى شێت )ى هاوڕێ سەفین جەلال و کتێبە شیعرى(بۆ عاشق بووى؟)ى رێبوار شێروانى و کتێبە شیعرى (من و تۆ و عەشق )ى ڕەشید بێ بەش و کتێبە شیعرى (بۆنى سووتان)ى بێگەر حوسێن. دیارە بەشێکى تریش تاکو ئێستایش بڵاونەبوونەتەوە، لێرەوە ئومێد دەکەم هەر بڵاونەبنەوە، کەبڵاویش ببنەوە بەنووسینى پێشەکییەکەى منەوە بڵاونەبنەوە.

شیعر کە شیعر بوو خۆى بەباڵى شیعربوونى خۆیەوە دەفڕێنێت و ئاسمانەکانى دنیاى خوێنەران تەى دەکات. شیعریش کە شیعر نەبوو بە پێشەکى نووسین نە دەبێتە شیعر و نە باڵى فڕینیش دەگرێت. من سەرەتا داواى لێبووردن لە هەموو ئەوانە دەکەم کە پێشەکیم بۆ (شیعر)ەکانیان نووسیوە، لەکۆتاییشدا لە خودى خوێنەران.

 Bilderesultat for dikt art

 

 

گەڕان بۆ بابەت