ما 2727 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

راستی کۆتایی دونیا چۆن دەست پێدەکا؟ دێتەوە بیرم لە شوێنێکدا خوێندبوومەوە کە سەرەتا گیاکان لەیەکتر دووردەکەونەوە،... دوور دوور، وەها کە ئیتر دەنگی روان و پشکوتنیان ناگاتەوە گوێی یەکتر. کێوەکانیش هەروەها، بە بێ ئەوەی یەک بەردیان تیا تلۆربێتەوە بەرەو قەراغەکان و سنوورەکانی زەوی دەکشێن، باڵاشیان هەتا دێ کورت و کورتتر دەبێتەوە. 

 

دونیا لەوێ نەماوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەیانیی رۆژێکی هاوین بوو ئەمە روویدا.

لەخەو هەڵدەستم. وەک عادەتی هەمیشە هەر کە چاوەکانم هەڵدێنم، سەیری سەقفەکە دەکەم و ئەوسا جەستەم دەکێشم،... هەتا دەتوانم. ئێسکەکانم دەزریکێنن و ماسولکەکانم بە نەرمی دەبۆڵێنن. حەزیان بەم باریکبوون و گرژبوونە زۆرەملییە نیە،... بەڵام من گوێ نادەمێ. هەتا هێزم تیایە و سنوورەکانی جەستە ئیزنم دەدەن، خۆ دەکێشمەوە. ئیتر دووایین ماندووییەکانی شەو وەک شارە مێروولە دەڕژێنە دەرەوە. سوک سوک ئارام دەبمەوە، لەسەر شان دەکەوم و لە دیوارەکەی تەنیشتم ورد دەبمەوە کە وەک هەمیشە سپییەکی مەیلەو زەردی پەڵاوییە. هەست دەکەم دیوارەکە لەخۆکێشانەوە نهێنییەکانیدایە رەنگی هەڵبزرکاوە و پەڵەی تێکەوتووە. من جاری وایە گوێم لە دەنگی ئەم خۆکێشانەوانە بووە. بەتایبەت لە کاتی شەودا.

رادەبم. وەک رۆتینی هەمیشەیی، پێم وایە دەبێ بچم بۆ ئاودەست، لەوێ خۆم بەتاڵبکەمەوە و ئەوسا سەروچاو و دیانەکانم بشۆم. بەڵام لە ناو دەرگای ژووری خەوەکە، بڕیاردەگۆڕم. بەلای راستدا بادەدەمەوە و روو لە دەرگای دەرەوە دەکەم کە وەک هەمیشە رەنگ گوێزێکی قەدیمییە. ئەو دەرگایەی ئەوەندەم کردووەتەوە و بەستوومەتەوە کە ژمارەکەیم تەنانەت بە مەزندەیش بە مێشکدا نایەت. چەندەی تریش بەڵێنە هەر ئەم کارە بکەم،... نازانم. هەڵبەت گرینگیش نیە بیزانم. ژیان لە سەر عادەتە ئاسایی و بیرلێنەکراوەکانی راوەستاوە.

نازانم بۆ ئەمڕۆ، بەیانیی رۆژێکی هاوینی، پێش لە هەر شتێک حەزم بە دیتنی دەرەوەیە،... جیهانی دەرەوە،... دونیا. بینینی هەموو ئەو شتانەی وا لەو دیو دەرگاکەوە وەک هەمیشە راوەستاون و چاوەڕوانی منن. منێک کە وەک کردنەوەی هەموو رۆژەی ئەم دەرگایە، ئەوانیش وەک عادەت دەبینم. دونیایەک کە هەبوونی لەو دیو دەرگاکەوە ئەوەندە ئاساییە کە ئیتر مرۆڤ بیری لێناکاتەوە. ئەو هەبوونەی لە گەڵ یەکەم نیگا ون دەبێتەوە و دەبێ بە بوونێک بۆ خۆی، نەک بۆ من و یان بۆ ئەوانی تر. مەبەستم لە ئەوانی تر دراوسێکانمە، یاخود ئەو رێبوارانەی دێن و دەڕۆن. رەنگە پیاوە پیرەکەی سەر باڵکۆنەکەی ئەو بەریش کە هەموو رۆژێ لە سەر ویلچەیرەکەی دانیشتووە و بە چاوە کزەکانی لە هەموو شتێ رادەمێنێ و ورد دەبێتەوە.

هێشتا لە پشت دەرگاکەم و دەستم نەگەیشتووەتە دەسکەکەی کە هەست بە سەرمایەکی سەیردەکەم. بەم هاوینە و سەرما؟ سەرماکە لە پەنجەکانمەوە دەست پێدەکا و پاشان دەڕژێتە ناو لەپی دەستم و لەوێوە بۆ مەچەک و قۆل و شان و پیلم. رێک وەک جۆبارێک لە سەهۆڵاو دەڕژێتە ناو جەستەم. ئەوسا هەڵمی هەناسەم دەبینم کە دەبن بەو هەورۆچکانەی لەگەڵ پەیدابوونیان دەستبەجێ وندەبنەوە. دەترسم. چی روویداوە؟ ئەم سەرمایە لە کوێوە دێت؟ رادەوەستم. هەست دەکەم گەر هەنگاوێکی تر بچمە پێش، دەبێ بە سەهۆڵستان و منیش بەو بەیانییە زوو لەخۆوە و بە بێ هیچ لۆژیکێکی ئەوتۆ رەقهەڵدێم و چیتر ناتوانم لەو دیو دەرگاکەوە بۆ جارێکی تر دونیا ئەزموون بکەمەوە. بەڵام کتوپڕ هەڵمی دەمم و سەرماکە ون دەبنەوە. داڵانە تەسک و باریکەکە وەک جارانی خۆی لێدێتەوە. بە ئارامی هەنگاو هەڵدێنمەوە و بەرەو دەرگاکە دەچمەوە. دڵم سرکە. لە دەسکەکەی نادڵنیام. ئەویش رەنگە سارد بێت و دەستم بگەزێ. بەڵام هەڵەم. هەموو شتێ وەک جارانە. لەسەرەخۆ دەرگاکە دەکەمەوە.

یەکێک لە رووداوە گرینگ و خۆشەکانی ژیانی من هەمیشە ئەم یەکەم دەرگاکردنەوەی رۆژانە، یاخود باشتر بڵێم بەیانیانەی خۆم بووە. هەمیشە لەم رووداوە وەک رووداوێکی مەزنم رووانیوە. پێتان سەیرنەبێ! بیهێننە بەرچاوی خۆتان کە رۆژێک لەخەو هەستن و نەتوانن دەرگاکەتان بکەنەوە، دیسان دونیا ببیننەوە و بچنەوە دەرەوە! داخۆ لەمە ناخۆشتر هەیە؟ من هەمیشە بۆ ئەوەی بزانم چی لە دەروونی مرۆڤی زیندانیدا دەگوزەرێ و چۆن بیردەکاتەوە، ئەمە دێنمە بەرچاوی خۆم. هەڵبەت دەیشزانم ئەمە هێشتا شتێکی کەمە و ناتوانێ کتومت ئەوەی بێت وا من مەبەستمە، بەڵام بەهەرحال لێی نزیکە. بۆیە ئەو رۆژانە زۆر خەمگین دەبم، ئەوەندە خەمگین، حەزدەکەم پێش ئەوەی وەک پیرەمێردەکەی سەر باڵکۆنەکەی ئەوبەرم لێ بێت، بار و بنە بپێچمەوە و روو لە شوێنێک بکەم کە چیتر ناوی ژیانی لێ نیە. هەڵبەت مەبەستیشم ئەوە نیە روو لە وڵاتی مردن بکەم. نا نا،... بە هیچ کلۆجێک! مەبەستم تەنیا رووکردن لە شوێنێکە کە تەنانەت تێیدا خەیاڵی نەبوونی دەرگایش بە مێشکدا نەیەت. هەموو شتێ کراوە و واڵا بێت.

بەڵام خۆشحاڵم. ئەمڕۆیش خۆشحاڵم. ئەوا خەریکە دەرگاکەم دەکەمەوە و دەمەوێ دیسان لە دەرەوە بڕوانمەوە. رەنگە ئەمڕۆ کەمێکیش زیاتر لە رووانین بێت. ئا، دەمەوێت سەیری بکەم،... بیری لێ بکەمەوە و چێژێکی تایبەتیش هەموو جەستەم بگرێتە خۆی. چێژی دیمەنی هاوینێکی دڵڕفێن.

بەیانییەکی رۆژێکی هاوینی، دەسکەکە دەگرم و بە ئارامی هێزی دەدەمێ و، دەیکێشمە خوارەوە. دەرگاکە دەکرێتەوە. وەک هەمیشە روخسارم بۆ نەرمەبایەکی هەمیشەیی ئامادە دەکەم. ئەوسا چاوەکانم بۆ رەنگە جۆراوجۆر و ئاڵ و واڵاکانی ئەم سەردەمە. بێگومان لە سەر تاقەدرەختەکەیش پۆلێک چۆلەکە هەڵنیشتوون و دەجریوێنن. بەڵام راوەستن!... ،... لە دیمەنەکەی بەردەمم واقم وڕدەمێنێ. داخۆ چاوەکانم راست دەکەن؟... هەڵە ناکەن؟... تکایە راوەستن!... نا، هیچ هەڵەیەک لەئارادانیە. راستی راستە. تا دەتوانم نیگاکانم لەسەر راستییەکەی بەردەمم دەچەقێنم و تیژتری دەکەم. وەک رووانینی هەڵۆ لەسەر نێچیرەکەی. لە دەرەوە، لەو دیوی دەرگاکەوە هیچ شتێکی لێ نیە،... هیچ شتێک نەماوە. نە 'با'، نە رەنگاڵە و نە درەخت و پۆلە پاسارییەکان،... دونیا بزری بزر بووە! وەک دەرزی لەناو کاداندا.

چەندە لەم حاڵەتەدا دەمێنمەوە نازانم، بەڵام بەرەبەرە جەستەی داموکاوم راست دەکەمەوە، تەواوقەد لەناو دەرگەکەدا رادەوەستم و لە کاتێکدا دەستم هەر بە دەسکەکەوەیە، لە دیمەنی بەردەمم جوانتر دەڕوانم. لەوێ لە جیاتی دونیا، 'هیچ' ی لێیە.

دەترسم هەنگاوهەڵبێنم. دەترسم دەست بکێشم و ئەوەی لەوێ لەجیاتی دونیا هەیە بە سەرپەنجەکانم بگوازمەوە. کەواتە دەکرێ رۆژێک دەرگا بکەیتەوە و دونیا لەو دیو بۆ هەمیشە بزربووبێ. دەکرێ لێواری دەرگاکەی تۆ سنووری بوون و نەبوون بێت و تۆ لەوێدا بە ترسەوە راوەستیت و لە کاتێکدا چاو لە قووڵایی چاوەکانی 'هیچ' دەبڕی، حەز نەکەی یەک گچکە جوڵە چییە بیکەی. "باشە، ئەوانی تر چییان لێهات؟... داخۆ ئەوانیش هەر وەک من ماون و وەک من لەناو دەرگاکەیاندا لە سەر سنووری کۆتاییەکانن، یان هەر تەنیا منم،... من؟" گوێ هەڵدەخەم، رەنگە بەڕێکەوت خوێندنی پەسارییەک بێتە گوێم، یاخود کۆکەی لەنەکاوی پیرمێردەکەی ئەوبەر کە لە گۆشەیەکی خەونەکانیدا حەزی وایە سەر باڵکۆنەکە بۆ ئەو ئاخرشوێنی دونیا نەبێ. بەڵام هیچ شتێک نایەتە گوێ. 'هیچ' نە رەنگی تیایە و نە دەنگ.

بەپەلە دەرگاکە دادەخەمەوە. بەو هیوایەی ئەوەی دەیبینم تەنیا خەونێک بێت، بەوهیوایەی تەنیا درێژەی خەوتنی شەو و خۆکێشانەوەکانی ئەم بەیانییە بێت،... بەڵام شتێک لە دەروونەوە پێم دەڵێ کە رووداوێکی گەورە لەوێ لە دەرەوە روویداوە و بۆ هەمیشە دونیای گۆڕیوە. رووداوێکی بێ دەنگ و بێ رەنگ، رێک وەک خودی ئەوەی وا لەوێ لە دەرەوە پەیدا دەبێ. بزەیەک دەمگرێ. داخۆ من دەبێ چەندە بەختەوەربم کە دونیا گەیشتە کۆتایی و، کەچی منی لەگەڵ خۆی نەبرد! من، هەر لێرەم. لە شوێنێک لە قەراخەکانی. من ماوم، شان بە شان و دراوسێی 'هیچ'.

جارێ دەست بۆ دەسکەکە نابەمەوە. بۆ ئیمڕۆ بەسە! کە دونیا کۆتایی هات دەبێ تەنیا یەک جار لە رۆژدا سەردانی بکەیت و بیبینی. ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی هەست بە تەنیایی نەکەی. لەبەر ئەوەی نەکا دڵە بچکۆلەکەت تاقەتی لێدانی لەسەر سنوور و لەسەر قەراغەکانی نەمابێ. لە دەروونەوە سوپاسی 'هیچ' دەکەم. وەک هیندییەکان دەکەومە سەرچۆک، دوو لەپی دەستم پێکەوە دەنووسێنم، چاوەکانم دەقونجێنم و گۆرانییەکی ئارام دەچڕێنم. لە رەگەزی ئەو ئاوازانەی کە پێم وایە 'هیچ' پێی خۆشە. ئاوازێکی کێشدار و بەسۆز و نەرم. دەبێ لەبیریشم بێت کە ئیتر نابێ لێرە لە ناو خانووەکەی من زۆر دەنگ بەرزبکەمەوە. پەڕۆیەک هەڵدەگرم و دەست دەکەم بە شۆردنەوەی پەڵەی سەر دیوارەکان. خانووەکە خۆی بچوک دەکاتەوە.

کتوپڕ خەمی گوڵەکان دامدەگرێ. بڵێی ئەوان چییان لێهاتبێ؟ بەهەڵەداوان دەچمە بەر تاقە پەنجەرەکەی ئەوسەری خانووەکە. لە گوڵەکان دەڕوانم کە رێک لەو دیو شووشەکانەوە لەسەر باڵکۆنە گچکەکە وەک هەمیشە بە تەنیشت یەکترەوە لەناو ئینجانەکاندان. بەسەرسوڕمانەوە دەبینم لەم سەرەوە دونیا لەجێی خۆیەتی، ون نەبووە. هەتا چاو کاردەکا ئاسمانە و خانوو و پەڵەهەورە سەرگەردانەکان!

دەکشێمەوە و بەو بەیانییەی رۆژێکی هاوین لە سەر کورسیی گۆشەی ژوورەکە بە ئەسپایی دادەنیشم. چ باسە؟ لە لایەکی خانووەکەم دونیا وەک خۆی و، لە لایەکی تری کۆتایی! ترسێکی قووڵ سەرتاپام دەگرێتە خۆی. بەڵێن نەبوو جیهان بەم ئاقارەدا بڕوا. راستە من هەمیشە حەزم بە گۆڕان و بە دووپات نەبوونەوەی دیاردەکان بووە، بەڵام نەک بەم شێوەیە. منێک کە قەت بیرم لە کۆتایی دونیا نەدەکردەوە و پێم وابوو جیهان و ژیان رەوڕەوەیەکە بێ کۆتایی و بە بێ ئەبەد، هەوڵدەدەم بیرەکانم کۆبکەمەوە و نیشانەکانی کۆتایی دونیا، ئەوانەی کە بیستبوم یاخود خوێندبوومنەوە بیهێنمەوە یادم، ئەو رستە و وەسفانەی کە قەت حەزم لێیان نەبووە و هەمیشە بەسەریاندا زۆر خێرا تێپەڕیوم. دەبێ بیانهێنمەوە یادم بۆ ئەوەی دڵنیا بم لەوەی لە بەیانییەکی رۆژێکی هاوین لەودیو خانووکەم روویدابوو.

راستی کۆتایی دونیا چۆن دەست پێدەکا؟ دێتەوە بیرم لە شوێنێکدا خوێندبوومەوە کە سەرەتا گیاکان لەیەکتر دووردەکەونەوە،... دوور دوور، وەها کە ئیتر دەنگی روان و پشکوتنیان ناگاتەوە گوێی یەکتر. کێوەکانیش هەروەها، بە بێ ئەوەی یەک بەردیان تیا تلۆربێتەوە بەرەو قەراغەکان و سنوورەکانی زەوی دەکشێن، باڵاشیان هەتا دێ کورت و کورتتر دەبێتەوە. ئاسمانیش دادەبەزێ، وەک تەپلێکی شینی نزم کە بە کاوەخۆ رەنگەکەی بەرەو رەشی دەگۆڕدرێ. ئیتر دونیا ئارام ئارام تاریک و تاریکتر دەبێ. لەم تاریکاییەدایە هەموو گیانلەبەرەکان وندەبن،... وندەبن بە بێ ئەوەی کەس بیانبینێ. تەنیا خۆیان لەگەڵ خۆیان. دێتەوە بیرم کە کۆتایی جیهان سەرتاسەر رەشە و نووتەکە، بە بێ هیچ رەنگ و تیشک و جووڵەیەک. بەڵام ئەوەی لەدیو خانووەکەی منەوەیە هیچی ئەمانە نیە. ئەوێ تەنیا 'هیچ'ە و بەس.

سەرم دێشێ. من لە بەیانیی رۆژێکی هاوین چبکەم لە خانوویەکدا کە لەسەر سنووری نێوان دونیا و 'هیچ'ی دا هەڵکەوتووە؟

کتوپڕ بیرێک بە مێشکمدا دێت.

 

من ساڵانی ساڵە کاتێک دەخوێنمەوە، لەگەڵ کتێبەکان دەچمێ ئەوێ، رووەو 'هیچ' دادەنیشم، لەگەڵ ئاوازێکیش کە تایبەت بە 'هیچ'ە. ئاوازێکی کێشداری بەسۆز و نەرم. ئەو کاتانەیش دەبێ خەیاڵم بفڕێنم و بنووسم، دێمەوە ئەم سەری خانووەکە، لای باڵکۆنەکە و ئینجانەکانی،... بەو گوڵانەوە لە ترسی ژاکانی بێ وادە خۆیان لە قاچەکانم دەئاڵێنن، خەمگینانە بە چاوە رەنگاوڕەنگەکانیان لێم دەڕوانن و،... بە ئەسپاییش هەناسەیەکی بەسۆز هەڵدەکێشن.  

Bilderesultat for verdens ende kunst

گەڕان بۆ بابەت