ما 1923 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شاهۆ حەسەنپوور

ئەو قوتابییانەی پێیان وایە زیرەکی ئەنجامی کار و هەوڵە، سەرکەوتنی بەرچاویان هەیە لە قوتابخانەدا و بە پێچەوانەوە قوتابییەک کە زیرەکی بە دیاردەیەکی نەگۆر دادەنێ، سەرکەوتنی کەمتر بەدەست دێنێ لە قوتابخانەدا. 

 

لە کۆمەڵگای ئێمە زۆر باس لە بەهرە دەکرێ، بە تایبەتی کاتێ دەمانەوێ باس لە توانایی کەسێک بکەین. بۆ وێنە دەگوترێ: منداڵەکانی ماڵی فڵان کەس هەموو ساڵێ لە مەدرەسە بە یەکەم دەردەچن،... ئەو کچە زۆر بە بەهرەیە،... ئەو منداڵە گەلێ چەلەنگە و، زۆر دەستەواژەی دیکەی لەم جۆرە کە بۆ ئێمە ئاشنان. بەڵام ئایا ئەم چەلەنگی و زیرەکییە بەرهەمی چیە؟ لەم وتارەدا دەمەوێ باس لە بەهرە، یان زیرەکی بکەم و پێوەندی بدەمەوە بە پرسی فێربوون.

بۆ روونکردنەوەی زیاتر، ئەم چەمک و وشانە کە لەم وتارەدا هاتوون، بەرامبەرە ئینگلیزییەکەیان ئەمانەن: چەمکی بەهرە و زیرەکی کە لەم وتارەدا بەکاری دێنم مانا ئینگلیزییەکەی intelligence  ـ ە. "بیرنەگۆڕ" دەستەواژەیەکە کە بۆ بەرامبەرە ئینگلیزییەکەی  fixed-mindset بەکار هاتووە. دەستەواژەی "بیرگۆڕ" بەرامبەرەکەی لە زمانی ئینگلیزیدا بە growth-mindset هاتووە. 

کاتێ باس لە بەهرە دەکرێ زۆرتر دوو جۆر بۆچوون و لێکدانەوەی باو هەیە: یەکیان ئەوەی کە بەهرە شتێکە کە لەگەڵ ئێمە لە دایک دەبێ، واتە بۆماوەیی و ژینێتیکییە، یان ئەوە کە نیعمەتێکی خواوەندییە. ئەو کەسانەی بڕوایان بەم ڕوانگەیە هەیە پێیان دەگوتری  بیرنەگۆڕ. دووهەم، ئەو  ڕوانگەیەی کە پێیوایە بەهرە بەرهەمی کار و کۆششی تاکەکانە و، ئەوەی بە ناوی بەهرە بوونی هەیە ئەنجامی کارکردنە بە بیرگۆڕ ناو دەبرێن.  

 ئەمە کە بەهرە بۆماوەییە، تێگەیشتنێکی گشتییە کە لە پێوەندی لە گەڵ فێربووندا ئاوێتەی چەمکی بەهرە دەبێ و، هەر لە سەرەتای قۆناغەکانی خوێندەوە خۆ دەردەخا. بێ ئەوەی لەم وتارەدا بچینە ناو باسەکانی ژینگەی خوێندن و دیاردەی ژێنەکانەوە هەڵوێستەیەک دەکەین لە سەر پرسی بەهرە و زیرەکی.

ئەو کەسانەی کە ڕاونگەی بیرنەگۆریان هەیە، ئاگایانە یان نائاگایانە پێیان وایە کە بەهرە شتێکە نەگۆر و دیاردەیەکە زگماکییە، واتە ئەگەر منداڵێک لە دەرسی بیرکاری باش بوو ئەوە ئەمە خواپێداوییە. ئەوانەی کە روانگەی بیرگۆریان هەیە، پێیان وایە کە بەهرە یان توانایی کەسەکان بەرهەمی کارو چالاکییە مرۆییەکانە. ڕەنگدانەوەی ئەم دوو جۆرە بیروبۆچوونە چیە لە سەر فێربوون؟ لە درێژەی باسەکەدا هەوڵ دەدەم  کاریگەرییەکانی ئەم دوو جۆرە بیروبۆچوونە لە سەر فێربوون زیاتر ڕوون بکەمەوە.

 کەسانی کە خاوەنی ڕوانگەی بیرنەگۆڕن ترسیان لە هەڵەکردن هەیە و زۆرتر باوەڕیان بە بەهرە هەیە وەک دیاردەیەکی نەگۆڕ. کاتێ قوتابییەک لە تاقییکارییەک سەرکەوتوو نابێ، لەوە ناپرسێتەوە کە هۆی دەرنەچوونی چیە و لە جیاتی ئەوە لە بیری ئەوە دادەبێ کە لە تاقیکاریی داوییدا قۆپی/تەقەلووب بکات. لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە کە جۆری بیرکردنەوەی قوتابیان لە مەڕ زیرەکی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر پێشکەوتنی قوتابی لە فێربووندا. ئەو قوتابییانەی کە پێیان وایە زیرەکی ئەنجامی کار و هەوڵە، سەرکەوتنی بەرچاویان هەیە لە قوتابخانەدا و بە پێچەوانەوە قوتابییەک کە زیرەکی بە دیاردەیەک نەگۆر دادەنێ، سەرکەوتن کەمتر بەدەست دێنێ لە قوتابخانەدا. دەبێ جەخت بکەمەوە کە جۆری بیر کردنەوەی قوتابیان لە سەر دیاردەی زیرەکی ئاکامی هەڵسوکەوت و پەروەردەی ئێمە گەورەکانە.

کەواتە ئەم دیاردەیە لە بناغەدا پێوەندی بە گەورەکانەوە هەیە و دەکرێ بڵێین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە. لە نێو چینی مامۆستایان کەم نین ئەوانەی ڕوانگەی نەگۆرێان سەبارەت بە فێربوون هەیە. هەر بۆیە بەرچەسپی تەمبەڵ دەدرێتە پاڵ قوتابی و بە حاڵی خۆی ڕەها دەکرێت کاتێ لە بواری زانستییەوە لە مادەیەکی دەرسی لە دوایە. پێوان و هەڵسەنگاندی کەسەکان و پێوەندیدان بە  زیرەکی وەک دیاردەیەکی نەگۆڕ وا دەکات کە قوتابی حەزی خوێندنی  کەم بکا و بڕوای بە خۆ لەدەست بدات. دیارە ئەگەر ئێمە پرسیار بکەین کە کامە بۆچوونە دروستە، لەوانەیە زۆربەمان ڕوانگەی بیرگۆڕاو هەڵبژێرین، بەڵام ئایا میکانیزمی کارکردنمان لە ناو پۆل یان لە ماڵەوە گونجاوی بیری چالاک و گۆڕاوە دەربارەی فێربوون؟ مامۆستایەک کە بڕوای بە میکانیکی بوونی فێربوونە هەرگیز ناڵێ کە ئەو قوتابییە تەمبەڵە و هەموو هەوڵی دەدا کە یارمەتی قوتابییەکەی بدا. دایک و باوکانێک کە بە نەرمی داڵدەی منداڵەکانیان دەدەن، بڕوایان وایە زیرەکی دیاردەیەکە گەشە دەکات. فێربوون و گەشەکردن پێوەندی هەیە بە هەوڵوتەقەلا و تەکنیکی خوێندن. ئەو مامۆستایانەی کە بیرگۆرن قوتابی بە جۆرێک ڕادێنین کە هەوڵ بدەن  تواناییەکانیان بخەنە بواری عەمەلەوە و لە کەوتن نەترسن. هێمای فێربوون و پێشکەوتنی کەسێک ئاکام و بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشان و وەئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتییە لای ئەم کەسانە.

 لەم پێوەندییەدا شێوەی کاری مامۆستا، جۆری هەڵسوکەوتی و بیرکردنەوە دەربارەی فێربوون گرنگی زۆری هەیە. قوتابی دەبی چالاک بکرێ لە پرسی خوێندندا و لەم بوارەدا مێتۆدی زۆر هەن. بۆ ڕوونکردنەوەی زۆرتری بابەتەکە نموونەیەک دێنمەوە. وەک ئاماژە کرا گرنگە کە مامۆستا قوتابی چالاک بکات لە پرسی خوێندنی خۆیدا. بۆ نموونە هەل بە قوتابی بدرێ بە کارەکانی خۆیدا بچێتەوە؛ بەم جۆرە قوتابی دەتوانێ کارەکانی باشتر بکات. کاتێ قوتابییەک پێی دەسپێردرێ بابەتێک بنووسێ لە سەر تەندرووستی گرنگە کە مامۆستا چوارچێوەی نووسینەکە لە رێگای پێوانەکانەوە criteria دیاری بکات و، هەروەها یارمەتی قوتابی بدا لە قۆناغە جیاکانی نووسینەکەدا. مێتۆدێکی باش ئەوەیە کە چەند بابەتێک لە سەر تەندروستی بدرێ بە قوتابی کە لە ئاستی جیاوازی نووسین دا بن. کارێکی دیکە کە زۆر کاریگەری باشی هەیە لە سەر فێربوون، ئەوەیە کە قوتابیان بە کارەکانی یەکتردا بچنەوە و بە ڕێنوێنی بەکەڵک کارەکانیان باشتر بکەن. بەم شێوەیە قوتابی ڕێنوێنی هاوپۆلییەکانی و ڕێنمایی مامۆستاکەی ئاوێتەی ئەزموونەکانی خۆی دەکا. ئاکامە باشەکانی ئەم شێوە کارکردنە زۆرن: باس و گفتوگۆ لە سەر بابەتەکان، ڕاهاتن لە ڕەخنەگرتن و ڕێنوێنی کردن، بینینی کاری قوتابییەکانی دیکە لەوانەن کە یارمەتی دەرن بۆ فێربوون. بە پێچەوانەوە ئەگەر قوتابییەک چالاک نەکرێ لە کارەپێدراوەکانیدا ئەوە ئەو وردە وردە بەپەراوێز دەکەوێت، لە پۆلدا خەوندیباتەوە و هۆشی دەپەڕێتە سەر شتی دیکە و زۆر جار قوتابی قوتابخانە بەجێ دێلێ و ڕێگای سینەماو و دەرەوە دەگرێ لە کاتی مەدرەسەدا کە پێم وایە ئەوە بە سەرهاتی کەم کەس نیە.

دیاردەیەکی باوی دیکە کە وا دەکات قوتابی زیرەکی بە نەگۆڕی ببینێ جۆری کۆمێنتەکانی ئیمەیە لە سەر ئەوان. ئێمە لە هەڵسوکەوتماندا زۆرتر کۆمێنت لە سەر خودی قوتابییە وەک کەس بەکار دێنین، نەک کاری قوتابییەکە. لە پێوەندی لە گەڵ کاری قوتابخانەدا ئێمە زۆر ئەم دەستەواژانە دەبیستین: کورێکی زیرەک، کچێکی چەلەنگ و بە لەز، بژی، ئافەرین، زۆر جوانە، ئەتۆ زۆر زیرەکی، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەیەنە کە ئیمە کەسەکەمان وەک ئۆبژە بەکار هێناوە. پێناسەی کردنی منداڵ بەم جۆرە گوزاریش لە جۆری بیرکردنەوەمانە لەسەر زیرەکی. ئەم جۆرە پێداهەڵگوتنانە دەکرێ کاریگەری جۆراوجۆریان هەبێ، دیارە بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم دەستەواژانە لە چ بەستێن و کۆنتێکستێکدا هاتوون کە لەم وتارەدا ئاماژەم پێنەکردوون.

لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە لێرە مەبەست ئەوە نیە کە پێداهەڵگووتن ئەرێنی نەبێ، بەلکوو ئامانج ئەوەیە کە مەبەستەکەمان بە جۆرێکی دیکە دەرببڕین. ئەگەر نووسینی  قوتابییەکە دەربارەی تەندروستی تۆکمەیە، دەکرێ زۆرتر ورد بینەوە لە کارەکە. بۆ نموونە، وتارەکەت پڕ نیوەرۆکە ئاماژەت بە لایەنە خراپ و باشەکانی خواردنی تەندروست و ناتەندروست کردووە، چەند سەرچاوەیەکت لە نووسینەکە دا بەکارهیناوە، لە باری وشەوە دەوڵەمەندە، ڕێزمان و رێنووسی باشە، پێشەکی ناوەرۆک و کۆتایی نووسراوەکەت باش دارێژراوە، بۆ باشتر کردنی کارەکە دەتوانی ڕێنوێنی زیاتر بدەی. بۆ نموونە، ئەوەی کە دەکرێ باشتر بنوسرێ وتارەکەت ئاوێتەی ئەزموونەکانی خۆت بکە. ئەگەر ئێمە هەر بە وشەی بژی رازی بین وا بزانە کە خاڵی کۆتاییمان بۆ فێربوون داناوە و لەوانیە قوتابییەکە زیاتر هەوڵ نەدا و ئەمەش ئامانجی فێربوون نیە. لە قوتابخانە دەبێ حەزی قوتابیان بۆ فێربوون بوروژێندرێت و کاری تێدا بکرێت، نەک ئەوەی قوتابییەکە پاسیڤ بکرێت.

ژێدەر:

جان دویک Jane Dweck لەم بارەوە گەلێ لێکۆڵینەوەی کردووە بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم ماڵپەڕ بکەن.     www.brainology.us  

 

 

گەڕان بۆ بابەت