ما 3876 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بۆنی خاک وەها خەست دەبێتەوە کە رێگای هەناسەم دەگرێ. دەمم دەکەمەوە و هەتا دەتوانم هەوا هەڵدەمژم. وردیلە خۆڵەکان بە ناو هەموو جەستەمدا بڵاودەبنەوە. چەندە نیوەروخساری ئاشنایە. ترس دەڕەوێتەوە و خۆی دەداتە دەست حەزی نادەستەمۆی زانینێکی کتوپڕی. ئامادەم هەرچی چۆلەکەی ئەمڕۆیە بیدەم بەس بۆ ئەوەی نیوەی تری روخسارەکەی ببینم. 

 

چواردەی گەڵاڕێزان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

خاڵم کوژرا.

هەواڵەکە وەک خودی رستەکە سادە بوو. یەکێک لە رۆژە ساردەکانی ناوەراستی پاییز بوو، هەواڵەکەم بیست. گەر هەڵە نەکەم چواردەی گەڵارێزان بوو. لەسەر  سەکۆی بەر دووکانەکەمان دانیشتبووم، ئاشنایەک کە زۆر رقی لە من بوو لەوێوە گوزەری کرد و هەر کە بە رێکەوت منی بینی، هاواری کرد "خاڵت کوژرا!" (هەڵبەت رەنگە بە رێکەوتیش نەبووبێ)، من کە سەرەتا بە هۆی نوقم بوون لە خەیاڵاتدا سەرەداوی دونیام لێ پسابوو، تێنەگەیشتم. پێم وابێ دووای چەند چرکەیەک بوو کە رستەکە جوان لەو شوێنەی مێشک کە دەبێ بنیشێ و مرۆڤ بە ڕاستی تێی بگا، نیشت و... ئیتر داچڵەکام. چ داچڵانێک! داچڵەکانێک وەک لەرزینی قەدی درەخت لەبەر دەمی تیژی تەوری دەستی داربڕێکی بەهێز. لەبەر خۆمەوە رستەکەم بە ئارامی، بەڵام بە شڵەژانێکی سەیرەوە دووپاتکردەوە "خاڵت کوژرا!... خاڵت، نا نا،... خاڵم کوژرا!... ئا، خاڵم،... خاڵم!" کتوپڕ هەستم کرد تەورەکە نەک لە ناوقەد، بەڵکو بەر شوێنێک لەو ژێرژێرانە لە رەگ و ریشەکان کەوتووە. بۆیە هەستم بە گەرمای خوێنێکی سووری خەست لە ژێر خۆمەوە کرد کە رێچکەی بەستبوو و رێک بەرەو جۆگەلەکەی تەنیشت شەقامەکە بەڕێ کەوتبوو. ئەو شەقامەی باوکم دەیگوت گەر جوان قیرەتاوی بکەن خۆشترین شەقامی شارە. خۆشترین شەقامی داوێنی ئاربەبا.

لەو رۆژەوە من بووم بە چۆلەکەکوژ!

پێتان سەیر نەبێ چۆن. چونکە بۆ خۆیشم نازانم. هەر ئەوەندە دەزانم لەدووای ئەم هەواڵە، چووم لە ژێرخانە قەدیمی و یەکجار کۆنەکەی خانووەکەمان سەوەتەیەکم پەیداکرد، بردم لە هەوێشقانەکە دارێکی کورتی باریکم ژێر خست و دارەکەیشم بە پەتێکی درێژەوە بەست و پاش ئەوەی مشتێک گەنمم لە ژێر سەوەتەکەدا رۆکرد، چووم و لە پشت کومێدێکی کۆن و پەرپووتی ناو ژوورەکە خۆم حەشار دا. هەڵبەت پەنجەرەکەیشم دەکردەوە. بە تەمای خوا و بە تەمای چۆلەکە!

رۆژەکانی سەرەتای شیوەن و گریە و زاری ناو سەرەخۆشییەکەم بەم شێوەیە بەڕێکرد.

بەڵام ئەم عادەتە خۆی دا بە دەم رۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵەکانی ترەوەو، ئیتر من هەموو ساڵیک رێک لە مانگی گەڵارێزانەوە دەستم دەکرد بە چۆلەکە کوشتن هەتا وەرزی سەرما تەواو دەبوو و، بەهار دەهات. بەستەزمان چۆلەکەکان کە لەو سەرما و بەفر و بەستەڵەکدا چونکە هیچی وایان دەست نەدەکەوت، بەکۆ و بە دەستە خۆیان بە هەوێشقانەکەدا دەکرد و منیش پۆل پۆل راومدەکردن. سەوەتە حەیاتەکە بڕستی لێ بڕیبوون. هەستی تۆڵە تیاما سارێژ نەدەبوو!

نیوەی ساڵ من چۆلەکەکوژ بووم و نیوەکەی تری ساڵ دادەنیشتم و بیرم لەو هەواڵە دەکردەوە کە چەند ساڵ لەوە پێش لە چواردەی مانگی گەلارێزاندا پێیان گوتبووم. لێگەڕێن با رازێکی گرینگی خۆمتان بۆ بدرکێنم! راستییەکی ئەوە بوو کە لە نیوەی دووهەمدا چەندە بیرم لە هەواڵەکە دەکردەوە، هەر ئەوەندە بیریشم لە چۆلەکەکان دەکردەوە. لە راستیدا من بە خەون و خەیاڵی ئەوانیشەوە نیوە دووهەمەکەی ساڵم تێپەڕدەکرد.

ئیستا با بە وردی بۆتان بگێڕمەوە چۆن چۆلەکەکانم دەگرت. وەک وتم خۆم لە پشت کومێدە کۆنەکەوە حەشاردەدا، بێ سرتە و بێ دەنگ، وەک مردوو. گوێم لێیان بوو دەهاتن. لە کونێکی بچووکەوە دەمبینین سەرەتا زۆر سرک و چاو زیت و بە جریوەجریو دەهاتن، بێ ئۆقرە لێرەوە بۆ ئەوێ و، لە ئەوێوە بۆ ئێرە هەڵدەفڕین. فڕینی کورت و تیژ. ئەوسا لە دانەوێڵەکە بەرەبەرە نزیک دەکەوتنەوە و بەپەلە دەندووکێکیان لێدەدا و دیسان دەفڕینەوە. پاشان کاتێک هەستیان بە هیچ جوڵەیەک لە ژوورەکەدا نەدەکرد و تامی خۆشی دانەوێڵە دەچووە ژێر زمانیان، ئەهوەن دەبوونەوە. بەرەبەرە خۆیان دەخزانە ژێر سەوەتەکەو هەر کە ژمارەیان دەگەیشتە چەند دانەیەک، بەپەلە پەتەکەم رادەکێشا و دەمگرتن. چەند داماوانە لەو ژێرە فرتەفرتیان بوو. هەر کە دەمگرتن، سەریانم هەڵدەقەند و دەمکردنە دڵقێکەوە. تا ئێوارە دڵقەکەم پڕم دەکرد. کە دەگەیشتنە چل پەنجا دانەیەک، ئەوسا دەچووم دەمدانە دەستی دایکم و ئەویش بۆ سبەی خۆشی دەکردن و بۆ نیوەڕۆ چۆلەکاوێکی خۆشی دەداینێ. باوکم بە نیگایەکی میهرەبان و بزەیەکی شیرینەوە سەیری دەکردم و دەیگوت کوڕ پێگەیوە، کوڕ!

من بۆ ئەوەی رۆژی چواردەی گەڵارێزان لەبیربکەم، هەوڵم دەدا تا بتوانم لە چۆلەکەکان، واتە لە نێچیرەکانم ورد ببمەوە. جۆراوجۆر بوون. هەندێکیان قاوەییەکی روون و، هەندێکیان بە ژێر سکی روون و باڵی قاوەیی بەڵەک و دوو پەڵەی رەشیش بە لاملیانەوە. ئەمانەی دووهەمیان درشتتر بوون. بۆیە سەریشیان راحەتتر بە دەستەوە دەهات و ملیان ئاسانتر هەڵدەکێشرا. چەندەیش خۆش بوو! کرتەی ملی ناسکیان، چەند بە جوانی دەنگی ئەو هەتیوەی رۆژی چواردەی گەڵارێزانی لەبیردەبردمەوە. ئەو هەتیوە بۆگەنە بە بزە شەیتانییەکەی سەر لێویەوە و بەو چاوانەوە نیگا ناحەزەکانی وەک چەقۆ جەرگی دەبڕی. راستییەکەی ئەوەبوو لەگەڵ سەرهەڵکەندنی هەر چۆلەکەیەک، داری تۆڵە زیاتر و زیاتر لام باڵای دەکرد! تا وای لێهات رۆژێکیان دایکم گوتی "رۆڵە تامی چۆلەکەکان گۆڕاون، ئەڵێی تامی ژەقنەمووتە! تا ئەتوانم ئەدویەی تێ ئەکەم، کەچی هەر وەک خۆیەتی. ناگۆڕێ!" ژەقنەموت؟... حە!... ژەقنەموت بێت یان نەبێت ئاگام لێیە باوکم زۆری حەز لێیە. کەوچکەکە بە لەزەوە دەبات بۆ دەمی و وای هەڵدەقوڕێنێ دەڵێی یەکەم جارە لە ژیانیدا گوشت ئەویش گۆشتی چۆلەکە دەخوا. بڕیاردەدەم هەتا باوکم ئاوا بە ئیشتیا بیخوات، گوێ بە قسەکانی دایکم نەدەم. بۆیە بە لاچاو سەیرێکی دایکم دەکەم و بە حسێبی ئەوەی بەزەیی بە سەر چۆلەکەکانا دێتەوە لێی دەپرسم داخۆ سەوەتەی تری بە میرات بۆ بەجێ نەماوە.

رەنگە بەردەوام ئەم پرسیارە لە مێشکتاندا مابێ بۆچی چۆلەکە؟ بۆچی لەناو ئەم هەموو گیانلەبەرەدا رووم لەوان کرد؟ ئیستا، کە ساڵەکان تێپەڕیون و منیش توانیومە ئەوەندە زاڵ بم بەسەر کارەکەمدا، رەنگە کاتی هەبێ کەمێک بیر لەمە بکەمەوە و جگە لە ئێوە، بۆ خۆیشمی روون بکەمەوە بۆچی رووم لەوان کرد. عەرزی ئێوەی خۆشەویست بکەم کە رەنگە هۆکارەکەی زۆر و بۆر بوونیان بێ، جگە لەوە بچوکن و بێ دەسەڵات، هەروەها نەوسن و قەت تێرنەخۆرن، بەتایبەت گەر زستان بێت! جگە لەمە لە لایەن ئەوانەوە هیچ خەتەرێک  رووەو تۆ نیە. لە یەک ژووردا دەتوانی لە پاڵ کۆمێدێکی قەدیمی بێ سرتە پاڵ کەوی و تەنیا لە کونێکەوە چاوەدێریان بکەی و بە دەیانیشیان لێبگری. تازە، جگە لەمە لەم ژوورەوە من دەتوانم بڕوانم بە سەر حەوشە و پەنجەرەی دراوسێکەماندا (کە پیاوێکی ریشنی ناوچاوگرژی دەمانچە لەقەدە) بە ژنێک و کۆشێک منداڵەوە. ئەو پیاوەی کاتێک ناوی خاڵم دێنن ناو چاوی ئەوەندەی تر دەگرژێنێ و دەست بە ریشی دا دێنێ و، لەژێر لێوەوە دوعایەک دەخوێنێ. من ئەو چۆلەکانەی لە حەوشەکەی ئەوانەوە روودەکەنە هەوێشقانەکە، بە تامەزرۆییەکی زۆرترەوە راویان دەکەم و، سەریان دەقرتێنم. جاری وایە روخساری پاسارییەکانیش (بەتایبەت ئەوانەی وا پەڵەی رەشیان بەم لاو لای ملیانەوەیە)، وەک ئەو پیاوە دێتە بەرچاو،... ریشن و گرژ و مۆن. راستییەکەی ئەوەیە من زۆربەی نیوەڕۆیان خەریکی خواردنی گۆشتی ئەو پیاوەم. ئەو پیاوەی گەر سەدان و هەزاران جاری تریش بیخۆم، هەر تەواو نابێ و هەر لە حەوشەکەی ئەوبەرەوە بە دەمانچەکەی قەدییەوە، ئێواران لەسەر قەراغ حەوزی ئاوەکە دادەنیشێ و بەدەم خواردنەوەی چاییەوە جگەرە لەدووای جگەرە بەبادەکا. جاری وایە بیردەکەمەوە "داخۆ گەر دایکم و باوکم بزانن کە چۆلەکەکان تامی ئەو پیاوە دەدەن، دەیخۆن؟" بیری قسەکەی دایکم دەکەومەوە "رۆڵە تامی ژەقنەمووت دەدەن!"

ئەگەرچی چەند ساڵێک بەسەر سەرەخۆشیی خاڵم دا تێپەڕیوە، بەڵام دایکم بەردەوام لە کاتی تەنیاییەکانی خۆیدا بە ئارامی دەگری. وازناهێنێ. لای ئەو هەواڵی رۆژی چواردەی گەڵارێزان بەردەوامە. لای ئەو هەموو رۆژێ چواردەی گەڵارێزانە. ئەگەرچی قەت باسی ناکا بۆچی، بەڵام من دەزانم لەبەر ئەو رۆژەیە دەگری. تازە ئەمانە لە جێی خۆی، ناخۆشترین گریانی، گریانی کاتی عەسرانە لە دووای نویژ. پێم وانیە لەمە دڵتەنگتر کات لە دونیادا هەر لە سەرەتای خڵقەتەوە هەتا ئیستا دەست بکەوێ. بۆیە هەوڵدەدەم شتێ بۆ دایکم بکەم و لەم گریانە و دڵتەنگیانە رزگاری بکەم. رۆژێ رووم تێکرد و پێم گوت "دایە گیان! وەرە چۆلەکە بکوژین،... چۆلەکە!" دایکم بە سەرسوڕمانەوە سەیری کردم، دوعایەکی خوێند و لە پاش ئەوەی فوویەکی بە دەورووبەری خۆیدا کرد، دەستی بە زەوییە گرت و بە زەحمەت جەستەی قورسی هەستانە سەرپێ و، وتی دەچێ باخچەکەی ئاو بدات.

"حەح!... باخچەکەی ئاوبدات!" کە رقم لەم رستەیە. لەو رۆژەوە ئیتر لەداخا گوێیشم لە دایکم نیە. کارم پێی نیە. چاوی دەرێ دەگری یان ناگری،... دڵی تەنگە یان نیە! ئەسڵەن بە من چی. خەتای خۆیانە. ئاخر چۆن دەکرێ پیاو خاڵی بکوژرێ و کەچی خەریکی ئاودانی باخچە بێت. وەرە ئەم هەموو چۆلەکەیە لە دونیادا دەست بکەوێ و کەچی بە تۆنگێک ئاوەوە خەریکی چەند گوڵ و چەند ئینجانەیەک بیت کە تەمەنیان لەچەند هەفتە تێناپەڕێت.

لە رق و لە داخا، بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا بە هاوین دەچمەوە هەوێشقانەکە. چیلکەکە دەخەمەوە ژێر سەوەتەکە کە لە کۆتایی زستانەوە لەوێ بێ ناز کەتووە، مشتێک دانەوێڵە رۆدەکەم، پەنجەرەکە دەکەمەوە و دەچمەوە پشت کومێدە پەرپوت و قەدیمییەکە. خۆشترین، بێدەنگیترین و ئەمنترین شوێنی دونیا. دڵنیام تەنانەت دراوسێ ناشیرینەکەیشمان بە دەمانچەکەی ناوقەدییەوە پێی نازانێ و گەر بێت و بە مەبەستی دۆزینەوەی من تەواوی ماڵەکەمان بپشکنێ، ئەوا دەست لە لاق درێژتر، بێ دەسکەوت دەگەڕێتەوە. زیاتر خۆم بە زەوییەوە دەنووسێنم. بۆنی خۆڵ تیژتر دەبێتەوە. ئەو رۆژەی خاڵمان ناشت، جەستەی هەر ئەم بۆنەی دەدا. مێشەکانم دێتەوە یاد کە بە سەر خوێنەکەدا بازبازێنیان بوو. دیانە جیڕەوە بووەکانم دێتەوە یاد. "چ ئازارێکی چێشتبێ!" لەبیرم دێ هەمیشە لە ئازار بێزاربوو. زیاتر لە هەر کەسێکی تر. هەر کە دەیزانی خەمگینم و دانیشتووم و خەیاڵێکی بێ ناونیشان هەڵیگرتووم، دەیگوت هەستە! هەڵدەستاین و دەیبرم بۆ سینەما. ئەو سینەما رووخاوەی کە ئیستایش کاتێ بەلایدا تێدەپەڕم، بۆنی ئەو و بۆنی ئەو رۆژانەی لێدێت.

زیاتر لووت بە زەوییەوە دەچەسپێنم. بە هەر نزیکبوونەوەیەکی زیاتر، ئەو زیاتر لێرەیە. بایەک لە پەنجەرەکەوە دێت و لەگەڵ خۆی بۆنی خوێن و پەڕوپۆی چۆلەکەکانیش لە سەر زەوی هەویشقانەکە هەڵدەگرێ و هەتا پشت کومێدەکە دەیانهێنێ. رقم لەم بۆنە ناوادەیە. ئەویش رێک لە کاتێکی وەک ئیستادا. سەر بەرزدەکەمەوە و لە کۆنەکەوە دەڕوانمەوە. بەڵام نا، تەنیا رێگا، نزیکبوونەوەی زیاترە لە خاک. دیسان بە تەواوی جەستە و روخسارمەوە خۆم لە خاکەکە نزیک دەکەمەوە. هەست بە جوڵەی کەسێک لە ژوورەکەدا دەکەم. نادڵنیا لەوەی ئەوە کێیە لە دووای ئەم هەموو ساڵە لە کاتی تەنیاییەکانی راوی مندا خۆی بەم ژوورەدا کردووە، دەمجوڵێنێ و کەمێک سەربەرزدەکەمەوە. هەستدەکەم پەیکەرەکە راوەستاوە و خەریکی شتێکە. بە ئارامی دەبزوێم و خۆم لە کونەکە نزیک دەخەمەوە و لە ناو هەوێشقانەکە دەڕوانم. لە بەستێنی تیشکی ناو پەنجەرەکەدا لەسێبەرێکی گەورە دەکا، بە بێ هیچ بەرزی و نزمییەکەی پەیکەر. ناڕوون. ئاگام لێیە لە تەنیشت سەوەتەکە راوەستاوە و لێی دەڕوانێ. پاشان دادەنەوێ و هەنیشک لە سەر چۆکێکی بە دەستەکەی تری دەستی بۆ دەبا. هەناسەم سوار دەبێ. چەند پەیکەری ئاشنایە. وەک بڵێی هەستی بە شتێ کردبێ، نیوەلایەک دەکاتەوە و رێک بەرەو شوێنی من دەڕوانێ.

بۆنی خاک وەها خەست دەبێتەوە کە رێگای هەناسەم دەگرێ. دەمم دەکەمەوە و هەتا دەتوانم هەوا هەڵدەمژم. وردیلە خۆڵەکان بە ناو هەموو جەستەمدا بڵاودەبنەوە. چەندە نیوەروخساری ئاشنایە. ترس دەڕەوێتەوە و خۆی دەداتە دەست حەزی نادەستەمۆی زانینێکی کتوپڕی. ئامادەم هەرچی چۆلەکەی ئەمڕۆیە بیدەم بەس بۆ ئەوەی نیوەی تری روخسارەکەی ببینم. هی ئەمڕۆ چییە، ئامادەم هی هەموو مانگی داهاتووی بدەمێ. بێگومان قبوڵیشی دەکا. لە سەردەمێکدا کە ماڵی وا هەیە بە مانگێکیش چاوی بە گۆشت ناکەوێ، دەبێ ئەمە چ دەسکەوتێ بێ!

لەو کاتەدا کەپێم وایە ئیتر بە تەواوی لادەکاتەوە و من دەتوانم لە بەرەکەتی هەڵتروشکانەکەی و هاتنەژوورەوەی تیشکی زیاتر، روخساری بە تەواوەتی ببینم، کتوپڕ پۆلێکی گەورەی پاسارییەکان خۆیان بە ژوورەوەدا دەکەن. ئەوان ناترسن! بە پێچەوانەوە، دەبینم لە سەر شان و لە سەر سەر و لە سەر هەموو جەستەی سێبەرەکە دەنیشن و شێتانە دەجریوێنن و دەندووک بە سەر جەستەیدا دەخشێنن. جەستەیەک لە چۆلەکە پەسارییەکان. من کە تەمەحی ئەو هەموو چۆلەکە، شێتی کردووم و لە خەیاڵی سەبەتەیەکی ئەوەندە گەورەدام کە بتوانێ سێبەرەکە بە هەموو چۆلەکەکانی سەریەوە راوبکا، دەمخاتە سەر چۆک. دەبینم پەیکەرەکە بە تەواوی وەردەسوڕێ و روو لە من رادەوەستێ.

رەنگە لە خلیسکێندا لە کاتێکدا دڵقێکتان لە ژێردایە و بە دووا خێرایی لە شیوی کێوێکەوە شێتانە دێنەو خوارەوە، خۆتان بینی بێتەوە. رەنگە ئەوەشتان ئەزموون کردبێ کە کتوپڕ هەست دەکەن هیچ کۆنتڕۆڵێکتان نەماوە و ئەوە بەفر و دڵق و خێراییە کە زاڵە و جەستەی بێ ئیرادەی ئێوە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و بەرەو خواری خوارە بێڕەحمانە راپێچی دەدا. وە رەنگە رێک لێرەدا هەستتان بە ترسە گەورەکە کردبێ! من لەو ساتەدا رێک وام لێهات. بەو جیاوازییەوە کە ترسەکە ترسی مردن نەبوو، بەڵکو ترسی دووبارە ژیانەوە بوو.

***

لەو ساڵەوە خەمێکی تر بە خەمەکانی دایکم زیاد بووە. ئیستا ئەو بە تەنیشتمەوە، بە تەنیشت لاشەیەکی نیوە سڕەوە کە بە ئاستەم دەتوانێ خۆی ببزوێنێ، بەردەوام کاتێک لە ناو جێگاو بانێکی ئەبەدیدا راکشاوە و لە سەقفەکەی سەرسەری بێ ماندوویی دەڕوانێ، لە کاتێکدا بەردەوام لیک لە دەمی بەردەبێتەوە و پیتی 'ڤ' ێی سەر زاری ژوورەکە پڕ بەخۆی دەتەنێتەوە، فرمێسکەکانی بە ئارامی پاک دەکاتەوە و شوکریش بوو بەو رۆژانەی وا کوڕەکەی بە تەمای تۆڵە رۆژ تا ئێوارە لە هەوێشقانەکە چۆلەکەی دەکوشت.

ـ "ڤ ڤ ڤ ڤ ڤ ڤ ڤ ڤڤڤڤڤ...،... ڤ ڤ ڤ ڤڤڤڤڤ... ."

لەدەرەوە زستان و هاوین بەردەوامن.

دایکم پێی وایە چواردەی گەڵارێزان قەت کۆتایی نایە،... قەت!  

 Bilderesultat for høst

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت