ما 8336 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 ئارام هەنگاو هەڵدێنم و بەرەو پەیکەرە تاریکەکەی ناو دەرگای ژووری خەوەکەم دەچم. چەندە مەفتوونیم. چەندە ژیان سەیرە کە دەبێ بۆ وەڵامی پرسیارێ کە رێک لەبەردەم چاوە تاریکەکانی پەنجەرەی ژوورەکەتدا لە سەردەمی مندالیدا سەرهەڵدەدا، دونیا بپشکنی. 

 

سەعات دوانزەی شەو

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەعات دوانزەی شەوە. کۆمپیوترەکەم خامۆش دەکەم، کتێب و قەڵەم و کاغەزەکانی بەردەمم کۆدەکەمەوەو بەتەمای رۆیشتنە خوارەوە، بەرەو قاتی یەکەم، دەجوڵێم. دەرەوە، دونیا خامۆشە. رادەوەستم و سەیری دەکەم، هەورێکی رەشی پان و بەرین ئاسمانی سەر دەریاکەی داپۆشیوە. نابارێ، بەڵام بۆنی باران خۆی لە پەنجەرە نیوەکراوەکەوە بە ژوورەوەدا دەکا. بایەکی نەرم سەرچڵی تاقەدرەختەکەی بەر باڵکۆنەکە دەلاوێنێتەوە. ژیان، لە نێوان گەمەی سروشت و بیرە ناڕوونەکانی مندا سەرەتاتکێیەتی.

ئەمشەو دیانەکانم ناشۆرم. رێک بەرەو ژووری خەوەکەم دەڕۆم. بێ ئەوەی گڵۆپێک هەڵکەم، لە ناو تاریکیی بە ئاستەم رووندا، هەموو کارەکانم دەکەم: جلەکانم دادەکەنم و لەسەر قەراخ تەختی خەوەکە هەڵیاندەواسم، گۆرەوییەکانیشم هەروەها،... خۆیشم دەکێشمەوە. پێش ئەوەی پەردەکەیش دادەدەمەوە، سەیرێکی حەوشە گچکەکەیش دەکەم. ئەوێیش ئارامە و بۆنی باران و تامی بای گرتووە. بەڵام نا! دەگەڕێمەوە و دەرگای ژووری نووستنەکە لەگەڵ پەنجەرەکە دەکەمەوە، بە تەمای خەوتن بە دەم باران و باوە، دەچمە ناو جێگاکەمەوە.

خەوم لێدەکەوێ.

کاتژمێر چەندە،... نازانم. هەر ئەوەندە دەزانم بەئاگادێم. من کە عادەتم نیە تا دەمەوە بەیان بەئاگابێم، خەبەرم دەبێتەوە و لە دەروونمدا گوناحەکەی دەگێڕمەوە بۆ هەورە رەش و پان و بەرینەکەی ناو بێدەنگیی ئەمشەو. روو وەردەگێڕم. جگە لە جوڵەی بە ئاستەمی هەوا کە لە دەرگاکەوە دێت و لە پەنجەرەکەوە خۆی بە دەرەودا دەکا (کە هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ دەریاکە کە لە تاکی نیوەکراوەکەی پەنجەرەکەی سەرەوە خۆی بە ناوەوەدا دەکا)، لە ئان و ساتی هەوڵی نیگا خەواڵووەکانم بۆ خوێندنەوەی کاتژمێری سەر دیوارەکە، هەست بە جەستە یاخود جوڵەیەکی تر دەکەم. سەر بە ئاستەم وەردەگێڕم و، رێک لەناو دەرگاکەدا سێبەری تەواوقەدی جەستەیەکی مرۆڤاوی دەبینم!

بترسم، یان نەترسم؟... باوەڕبکەم، یان نەیکەم؟

بەڵام واز لەم پرسیارانە دێنم. من کە زۆر باوەڕم بە چاوەکانمە، واز لەم پرسیارە گەمژانەیە دێنم و هەوڵ دەدەم وەک هەمیشە ژیان وەک خۆی ببینم، بە هەموو رووناکی و تاریکی و سێبەرەکانییەوە. بۆیە ناترسم. بە کاوەخۆ رادەبم. لەناو جێگاکەم بە دانیشتنەوە لێی رادەمێنم. لەیەک رادەمێنین، هەرچەند دڵنیا نیم کە چاوی هەیە یان نا. لەو نیوەشەوە تاریک و بێدەنگ و بێ سرتە و چرپەدا، راوەستانی سێبەرێک رێک لەناو دەرگای ژووری خەوەکەتدا چ دونیایەکی هەیە!

نازانم چەندە لە زەمەن رۆیشتووە. کەچی نە ئەو دەبزوێ و نە من. چەند جارێ هەوڵ دەدەم دەنگ هەڵبڕم و لێی پرسم داخۆ بەو نیوەشەوە بۆچی رووی لە ماڵەکەی من کردووە،... دەبێ چی لە سێبەرێکی وەک ئەو قەومابێ کە لەم دونیا پان و بەرینەدا جگە لە ماڵی من هیچ شوێنێکی تری شک نەبردووە؟ بەڵام کەلام لە زارمدا ناگەڕێ. هەم ئەو و هەم من تەنیا حەزمان بە سەیرکردنی یەکترە لە ناو بێدەنگیی شەوێکی پڕ هەوری دەم بە هەناسەی دەریاوە.

ئەوەندە لەیەک دەڕوانین کە سەرئەنجام من ماندوو دەبم. چەند جارێک دەمەوێ ئاماژە بە سەر جێگاکەم بدەم بۆ ئەوەی بێت و پاڵ بکەوێ. خەمی قاچەکانی دەخۆم. بەڵام نادڵنیا لەوەی ژنە یان پیاو، واز لەم خەیاڵەی خۆم دێنم. لەم وڵاتە ناحەزترین شت خەوتنی دوو نێرینە یان دوو مێینەیە لەپاڵ یەکتردا گەر هۆمۆفیل یان لیسبیسک نەبن. بیری خۆم دەکەومەوە. "مرۆڤی تەنیا، گەر بە تەنیایی بخەوێ، چ ناوێکی لێدەنێن؟"

کەمکەم چاوەکانم ماندوو دەبن. حەزی خەو دامدەگرێتەوە. ئەگەرچی هەوڵی خۆڕاگرتنمە، بەڵام خەو زاڵترە و دەمباتەوە. چەندە؟ نازانم. دیسان کە بەئاگادێمەوە، دەبینم سێبەرەکە هەر لەوێیە. رێک وەک خۆی. سەنتیمتر چییە نەجوڵاوە. دەکەومە سەر شان. بڕیاردەدەم بیدوێنم. پێی دەڵێم نازانم ناوت چییە و کێیت و چیت و بۆچی رووت لێرە کردووە، بەڵام بێگومان بە حوکمی ئەوەی کە تازە لەناو خانووەکەمدایت و لە دەرەوە بەردەوام بۆنی باران و دەنگی با دێت، دەتوانێ لێرە بمێنێتەوە و تەنانەت بشخەوێ. پێی دەڵێم هەڵبەتە نازانم سێبەرەکان دەخەون یان نا، بەڵام دەتوانێ بچێتە سەرەوە و رێک لەو شوێنەی وا من هەموو رۆژێ بە کۆمپیوتر و کتێب و قەڵەم و کاغزەکانمەوە دادەنیشم، رابکشێ و بخەوێ،... تا سبەی. سبەیش گەر نەڕۆیشت و لەوێ مایەوە، ئەوا دەتوانی کەمێک پێکەوە قسەبکەین. بگرە دەتوانێ ببینە هاوڕێ و لەمەبەدووا درێژە بە پێوەندییەکانمان بدەین. پێی دەڵێم هەرچەند دڵنیا نیم کە مرۆڤ و سێبەر چەندە دەتوانن هاوڕێ بن و تا چەندە دەتوانن درێژەی پێ بدەن، بەڵام بێگومان لەبەر ئەوەی چونکە من مرۆڤێکی تەنیام، دەتوانین درێژە بەم هاوڕێیەتییە بدەین تا بزانین داهاتوو چی لێ دەکەوێتەوە.

کە قسەکانم تەواو دەبێ، چاوەڕوانی وەڵام دەمێنمەوە، بەڵام ئەو هیچ ناڵێ. ئەو تەنیا بەو نیوەشەوە لەناو دەرگاکەدا راوەستاوە و سەیری من دەکا. لە دەرەوە کەمکەم باران دەست دەکاتەوە بە بارین. با، زیاتر دەگڤێنێ. هەوای ناو ژووری خەوتنەکەیشم زیاتر دەجوڵێ. بۆنی خوێ هەموو کەلێن و قوژبنێک دەتەنێ.

پێی دەڵێم نەکا لە ترسی با و باران خۆی بە ماڵی مندا کردووە، نەکا لە دەریا و لە بۆنی خوێ و لە تاریکیی شەو سڵ دەکا؟ دەڵێم گەر وابێ، بە جوانی تێیدەگەم. منیش کاتی خۆی ئەمانەم بەسەردا هاتوون. بەڵام لانیکەم ئەو بەختی هەیە و ئەمشەو لەمانە قوتاری بووە. هەرچەند لای خۆمەوە گومانم لەوە هەیە کە سێبەر بتوانێ تەڕ ببێت و بتوانێ بۆنی خۆێی دەریا بکا.

هیچ وەڵامێک نیە. لەناو رەهێڵەبارانی بەسامی ئەو شەوەدا سەرئەنجام ترس دامدەگرێ. ناشیرینیرین دیمەن دیمەنی جەستەیەکی بێدەنگە لە نیوەشەوی خانووی مرۆڤێکی تەنیادا. کتوپڕ ئەم پرسیارەم لا دروست دەبێ کە ئەم سێبەرە لە کوێوە خۆی بە ماڵی مندا کردووە؟ لە کام دەرگا و پەنجەرەوە؟ خوارەوە، قاتی یەکەم کە هەمووی داخراوە، سەریشەوە تەنیا پەنجەرەکە، ئەویش بەنیوە کراوە بوو. ئیستا دەزانم، رێک لەو کاتەیدا من خەریکی خوێندنەوەی بەسەرهاتێکی شەڕی دووهەمی جیهان بووم و هەوڵم دەدا شوێنەکەی لە ناو نەقشەی گووگل بدۆزمەوە، شوێنێک لە نێوان سنوری ئاڵمان و فەڕانسە و بلژیک، ئەو خۆی بە ژوورەوەدا کردبوو. رێک وەک جەستەیەکی بێ ئێسک کە دەتوانێ خۆی بە هەموو شوێن و کەلێن و قوژبنێکدا بکا. نەرم نەرم. بێگومان لە ناو ژوورە رووناکەکەیشدا لە پشت سەرمەوە راوەستاوە و سەیری هەموو شتێکی کردووە. سەیری وێنەی سەربازەکانی ئاڵمانی فاشیست، دەبابەکانیان، بگرە خودی هیتلەریش. رقم لە خۆم دەبێتەوە. نا نا، رقم لەوە. چۆن دەکرێ کەسێک یان شتێک بە بێ پرس خۆی بە ژووردا بکا، ئەویش ژووری کەسی وەک من؟ لە کاتی بەسەرکردنەوەی گوناهێکی گەورەی مێژوویی؟ کەسی وەک من کە بە هۆی شێوەی ژیانمەوە و بەو هۆیەوە کە هەمیشە سەرم لەسەر کۆمپیوتر و کاغەز و قەڵەمە، زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ بخەڵەتێنرێ. کەسی وەک من کە تەواوی تەمەنم رقم لە کەسی وەک هیتلەر بووە و کەچی هەموو تەمەنیشم هەر بە ئەوانەوە سەرقاڵ بووە.

سێبەرەکە بە رازی ژیانی منی زانیبوو.

کات رادەبرێ. چرکەکان بەو نیوە شەوە بە ئەسپایی بە گوێی یەکتردا دەچرپێنن و ماڵئاوایی لەیەکتر دەکەن. هەست دەکەم رقم لێی نیە. ئیستا ئیتر تەنیا حەزدەکەم بیناسم. ئەویش ئەگەرچی سێبەرە، بەڵام وەک هەر شتێکی تری ئەم دونیایە دەبێ خاوەن سەرەتا، خاوەن مێژوو و سەرئەنجام خاوەن کۆتایی بێت. رادەبم و پاڵ بە دیوارەکەی پشت سەرمەوە دەدەم. لێی دەپرسم داخۆ کەی لە دایک بووە و لە کوێ ژیاوە و چۆن بووە رێگای کەوتووەتە ئێرە، هەروەها لە ژیانیدا باوەڕی بە چییە و حەزی بە چییە و داخۆ کاتێک خەمگین دەبێ، دەگری؟ دەپرسم داخۆ قەت شەڕی بینیوە، یاخود لە کاتی بێتاقەتیدا سوار ماشینەکەی بووە و سەردانی شەقامی سۆزانییەکانی شاری کردووە؟ لێی دەپرسم داخۆ قسەی لەگەڵ کردوون؟ دەڵێم داخۆ قەت بە قاچاخ ئەویش سنوورەکانی بڕیوە؟ ئەوەندەم پرسیاری تر پێیە کە بێ ئۆقرە دەبم، بەڵام خۆم رادەگرم. ئەوەم لەبیرە کە وەڵامی هیچ پرسیارێک لە دونیادا ئەوەندە ئاسان نیە، چ بگا مرۆڤ لەسەر یەک لەسەریەک پرسیارەکان رێک بخا. بۆیە رادەوەستم. زۆر بە مەیل و زۆر بە تامەزرۆییەوە. هیچ شتێک لەم دونیایەدا بە قەدەر وەڵامدانەوە پێویستی بە کات نیە.

بەڵام ئەو هەر وەک خۆیەتی. بێدەنگ لەناو دەرگاکەدا، بە بێ هیچ جوڵەیەک. بە نیگا بێ چاوەکانییەوە. لە دەرەوە، دەنگی باران دونیای پڕکردووە. بۆنی خوێ کەمتر دەبێتەوە. گوێم لێیە دەریا تراو دەبێتەوە. ئەو دەریایەی من جاری وایە لە قەراخەکانیدا هەتا هەتاو داچووە قەدەمم لێداوە و سەیری شەپۆل و دوورەدەستەکانیم کردووە. ئەستێرە دەریاییەکانم دێتەوە یاد، سەدەف و وردە زیخەکان. هەنگاوەکانم کە وەک هەمیشە بە ئاسانی تێاندا وندەبن. وەک بڵێی شەپۆل یاخود با هەڵیاندەگرن. هیچ شتێک لە رابردوو نەماوە. ئەوەی هەیە ئیستایە و بەس. ئیستایەک پڕ لە من و پڕ لە سێبەرەکە. پێی دەڵێم داخۆ حەزدەکا رۆژێک پێکەوە بۆ پیاسە بچین بۆ کەنار دەریا. دەڵێم لەوێ منیش وەک تۆم، بێ جێ هەنگاو. بێ رابردوو. دەڵێم دەزانی کە تۆیش وەک هەموو شتێکی تر رۆژێ کۆتاییت دێ و ئیتر ناتوانی لەوێ رابوەستی و خەڵکی بترسێنی؟ دەڵێم دەزانی گەر وەک من لە ژیانتدا لە دوو سێ رۆژدا بە دەیان تەرمت ناشتبێ، ئیتر قەت بە نیوەشەویش بێت لە جەستە سێبەراوییەکان ناترسی؟ بەڵام بێدەنگە. وەڵامی نیە.

یەکەم جار لە ژیانمدا، کاتێک لە تەنیایی و لە سێبەرەکانی ناو تاریکی ترساندیانم، سەردەمی منداڵی بوو. ئەو کاتانەی دەبا بە شەو نەچمە دەر. جوان یەکەم جارم لەبیرە. لەبەر پەنجەرەکەدا دانیشتبووم و لە چاوە تاریکەکانم دەڕوانی. دایکم کە خەریکی پینە و پەڕۆ بوو گوتی "شەو ئاوایە کە دەیبینی. هەموو شوێنێ تاریکە. قەت نەکەی بچیتە دەر. لەوێ لە قوژبنەکان زۆر شت خۆیان حەشارداوە. قەت نەکەی بە شەو بچیتەدەر، قەت قەت!" لەبیرم دێ وەها چاوە رەشەکان سیحریان کردبووم کە لە دایکم نەپرسی داخۆ چی لە قوژبنە تاریکەکان دا خۆیان شاردووەتەوە. جاری وایە هەست دەکەم بە ئیستایشەوە من هەر خەریکی کەشف و دۆزینەوەی ئەو شتەم وا دایکم ئەو شەوە ناوی لێنا شتە تاریکەکانی ناو قوژبنەکان. راستییەکەی ئەوەیە کە ژیانی من، بەردەوام، بووە بە گەڕان بە شوێن حەقایەتە شاراوەکەی دایکمدا. سەرهەڵدێنمەوە و هەوڵدەدەم ئەم چیرۆکە بۆ سێبەرەکە بگێڕمەوە کە کتوپڕ خۆشییەکی سەیر هەموو جەستە و دڵ و دەروونم دەگرێتە خۆ. ئیستا دەزانم! شتە شاراوەکەی ناو حەقایەتەکەی دایکم لە دووای ساڵانی ساڵ خۆی بە پێی خۆی هاتبوو. رێک بۆ ناو ماڵەکەم! من چ گەمژەم کە ساڵانی ساڵە بە شوێنیدا وێڵ بووم. منێک کە سنوورەکانم یەک لە دووای بڕی و لەهەر بستە رێگایەک هەزار خەیاڵ بردمیەوە. بەڵام نا، قەدەر دەیەویست کە من بگەمە ئەو سەری دونیا و ئەوسا لەوێ بوونەوەرە سیحراوییەکەی دایکم خۆیم لێدەربخا. ئەویش لە شەوێکی باراناوی و وەیشوومەدا کە باخچە و دەریاکە لەژێر رەهێڵە باراندا دەیاننرکاند.

رادەبم و دەچمە سەر قاچە لەرزۆکەکانم. ئەگەرچی نەک لەبەر ترس، بەڵام دەبینم دەلەرزێن. ئارام هەنگاو هەڵدێنم و بەرەو پەیکەرە تاریکەکەی ناو دەرگای ژووری خەوەکەم دەچم. چەندە مەفتوونیم. چەندە ژیان سەیرە کە دەبێ بۆ وەڵامی پرسیارێ کە رێک لەبەردەم چاوە تاریکەکانی پەنجەرەی ژوورەکەتدا لە سەردەمی مندالیدا سەرهەڵدەدا، دونیا بپشکنی. داخۆ دایکم ئەمەی دەزانێ؟ نا، بڕوا ناکەم ئەمەی زانیبێ. ئەوان باسیان لە شتە شاراوەکان دەکرد بەتەمای پاراستن و لەدەوری یەک هێشتنەوەی ئەبەدیانەی نزیکترین کەسەکانیان. هە هە هە... پێکەنیم دێ. قاقای پێکەنینەکەم ژوورەکە وەک دەنگی رەهێڵەکەی دەرەوە پڕدەکاتەوە. پڕ پڕ. ئەوەندە پڕ، هەستدەکەم ئیتر من لێرە زیادیم. چەند بەزەییم بە دایکما دێتەوە. بە ساویلکەییەکەی، بە خەیاڵە ترسناکەکانی کە منی بەرەو سەفەرێکی ترسناک برد. ئارام ئارام هەنگاوەکانم بەردەوامن. سێبەرەکە وەک هەمیشە ناجوڵێ و لەوێ قیرسیچمانە راوەستاوە. ئەوەندە راوەستاو کە بەرەبەرە گومان دەکەم لەوەی لەوێ راوەستابێ!

کتوپڕ هەورە برووسکەیەک ئاسمانی دەرەوە رووناک دەکاتەوە، دادەبەزێ لە باخچەکەوە گوزەردەکا، دەگاتە پەنجەرەکە و لەوێوە بۆ لای من و، ئەوسا بەرەو سێبەرەکە. وەک بڵێی ئاسمانیش لەم ساتەوەختەدا بۆ یارمەتیم هاتووە بۆ ئەوەی من پێش ئەوەی بگەمە ئەو، بیبینم.

دایکم لەبیرم دێ دەیگوت "ئەوان لەوێن، هەمیشە لەوێن، بەشەودا دەڵێم، بە رۆژیش دەڕۆنەوە ماڵەکانیان و ون دەبن." هەر لەو ساڵانەوە من هەمیشە پێم وابووە لە تەنیشت یانخود لەناو خانووەکانی ئێمەدا هەندێ خانوو و ماڵ هەن ئەگەرچی نابیندرێن، بەڵام هەن. لەو ساڵەوە دیسان ئەم بۆچوونە یاخود ئەم حەزە لەناکاوە لە دەروونی مندا سەری هەڵدا کە کاری من لەمەبەدووا گەڕانە بە شوێن ئەوانداو، دیتنەوەیان و پاشان دانیشتن لە گەڵیان. ئەگەرچی قەت نەمزانی بۆ ئەبێ بیاندۆزمەوە و لەناویاندا دابنیشم.

لە دەرەوە ئاسمان دەنیشێتە سەر باخچەکە و بە زمان دەیلێسێتەوە.

ئیستا دەزانم کە من هاتبوومە ئەم سەری دونیا بۆ ئەوەی رێک لەناو ئەو خانووەیدا دابنیشم کە هەبوون بێ ئەوەی ببینرێن، ئیستا دەمزانی کە هاتبووم بۆ ئەوەی لەناویدا دابنیشم و لە شەوێکی باراناوی و رەهێڵەدا لەگەڵ ئەو سێبەرانەیش گفتوگۆ بکەم وا چاوە شووشە تاریکەکە لە یەکێک لە یەکەم شەوەکانی ژیان لێی ون کردبووم.

من رازی ژیانی خۆم دۆزیبووەوە.

هەنگاوەکانم منیان بەرەو ئەو دەبرد کە بینیم هەورە تریشقەکە لەوەوە گوزەری کرد و ونیکرد. لەوێ نەما. وەک بڵێی لەگەڵ خۆی هەڵیگرتبێ و بردبێتی. سێبەرەکە ون بوو. رێک لەو کاتەیدا من تەنیا چەند هەنگاوێکم مابوو بیگەمێ و بتوانم لەنزیکەوە دەستی پیا بێنم و نیگا لە نیگا بێ چاوەکانی ببڕم، بزر ببوو. هەورە برووسکەکە کردبووی بە بەشیك لە خۆی.

***

دەگەڕێمەوە ناو جێگاکەم. بیر لە دایکم دەکەمەوە. لە نیگاکانی کە جاری وابوو دەبوونە سێبەر و دەبوونە چاوە رەشەکەی ئەو شەوەی پەنجەرەکە و من قەت ئەو دیو و پشتەوەیم بۆ نەبینرایەوە. "دایکە چاوەکانت بکەوە!... دایکە!" ئیستا دەزانم، بەشێکی گرینگی ژیان دیتن و سەیرکردنی ئەو سێبەرانەیە کە نین، بەڵام حەز دەکەین هەبن، بەس بۆ ئەوەی نزیکترین کەس و کارەکانمان بپارێزین، بەس بۆ ئەوەی ساڵانی ساڵ دوواتر ئەگەرچی لێمان دوورن، بەڵام لە رێگای ئەوانەوە بزانین ماون و هەر وەک جاران لە بیرماندان.

لە دەرەوە هەور هەروا دەگرمێنێ و باران و برووسکە بەردەوامن.

 

 

 Image result for dark room

گەڕان بۆ بابەت