سینەماو ئەدەبیات

کەس نەبووە لەو نووسەرە بەڕێزانە بپرسێت برایان ئەگەر بە دوو دێڕ دەتانەوێ شتێک بە زۆر بسەلمێنن، دەبێ یەخەى فروغیش بگرن کە لە نامەیەکدا بە خۆشەویستەکەى دەڵێ بە قوربانى قەیتانى پێڵاوەکانت بم. یان یەخەى بۆدلێریش بگرن کە لە شیعرێکدا لە خوا دەپاڕێتەوە یارمەتى بدا بۆ نووسینى شیعرى باش بۆئەوەى گاڵتەى پێنەکەن! 

 

واباشترە گۆڤاری شیعر..

سینەماو ئەدەبیات

واباشە برادەرانى گۆڤاری "شیعر" تەنیا خەریکى وەرگێڕانى شیعر بن و بیر لە نووسین لە سەر شیعرى کوردى و شاعیرانى کورد نەکەنەوە! ئینسان کە وتارەکانیان لەبارەى شیعرە کوردییەکانەوە دەخوێنێتەوە، سەرى سوڕدەمێنێت و بەردەوام پرسیار لەخۆى دەکات: بەڕاست دەیانەوێ چی بڵێن. وشەیەکى قەبەیان بە ناوى "دژە سیستەم" هەڵگرتووە و دەیانەوێ سەرەداوەکانى لەناو ئەم شیعرانەدا بدۆزنەوە و بەزۆرەلێ بیکەن بەناو هەموو شیعرێکدا، بەچى؟ بە کەرەستەى دەرەوەى شیعر، دەرەوەى ئەدەبیات. واتە ڕیک ئەو هەڵەیەى کە بۆ خوێندنەوەى سینەما و هونەریش دەکرێ. نووسەرێک بابەتێکى لەسەر ناونیشانى کتێبەکانى کەژاڵ ئەحمەد نووسیوە و پێى وایە مادام یەکێک لە ناونیشانەکان "قاوەیەک لەگەڵ ئەودا"یە کەواتە ئەم ڕۆمانسییە و هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە ئەو و ئیتر ئەمە یاخیگەری نییە! یان پێى وایە ناونیشانێکى تر"تەنورەیەکى کورتى سوور" تەنیا یاخیبوونێکى جەستەییە و یاخیبوون لاى ئەم نووسەرە نمایشییە! یان پێى چارتێکى کۆمیدی دروست کردووە و دەڵێ کەژاڵ ئەحمەد نەیتوانیوە لە سنوورى ژنبوون دەربچێت! (بۆچى دەربچێت؟ مەگەر ژن نییە؟) یان دوو دێرى وەرگرتووە و دەڵێ لێرەدا مادام تەمەناى یارەکەى دەکات کواتە یاخى نەبووە! ئەم ئاستە لە گاڵتەجاڕی، نازانم چۆن تا ئێستا هیچکەس قسەى لەسەر ئەم خوێندنەوانە نەکردووە!

ئەمە لە خوێندنەوەیەکى تر لە سەر شیعرەکانى بەڕۆژ ئاکرەییدا دەگاتە ئەوپەڕى عاجبایەتى؛ نووسەر دێڕێکى بەڕۆژ ئاکرەیى دەهێنێتەوە "گەڕانەوە بۆ بیرەوەری" دەیەوی بەزۆر ڕەگى بیرەوەری دەربهێنێت و بەوپەڕى سەرسوڕمانەوە دەگاتە بیرەوەى شەخسى و حیزبى بەڕۆژ ئاکرەیی! یان مادام دەڵێ بە نزمى قسەکردن، ئیتر ئەم نزم قسەکردنە دەبێتە کەشێکى عیرفانى و خزمەت بە سیستەم دەکات! لەڕاستیدا سیستەم خودى ئەم خوێندنەوە و بابەتە سەیرانەن. ئەمە شتێکە پێى دەڵێن جەوگیرى! یانى جەو گرتووتى کە چەند لاپەڕەیەکت لەسەر سیستەم و ئەدەبیاتى دژە سیستەم خوێندۆتەوە و ئێستا بەزۆر دەتەوێ هەڵبکوتیتە سەر کۆمەڵێک دەق. لەڕاستیدا لەم وتارانەدا (ئەگەر نەڵێم کۆى گۆڤارەکە) وادیارە هەموو شتێک دەوترێ و دەوروژێت جگە لە ئەدەب، جگە لە شیعر خۆى. وتارەکان بە ئاشکرا پێوەیان دیارە پێش خوێندنەوەیان بە مەرجى پێشوەخت خوێندراوەتەوە و کونبەکون بۆ دێڕێک گەڕاون بیکەن بە بەهانە. سەیر ئەوەیە ئەگەر ئەم برادەرانە هەر لەو شیعرانەى کە خۆیان لە گۆڤارەکە بڵاویان کردۆتەوە بۆ ئەم چەمکە بە قسەى خۆیان دژەسیستەمە بگەڕین زۆر زیاتریان دەست دەکەوێ؛ بۆ نمونە کۆمیدییەکە ئەوەیە هەر دواى وتارەکەى سەر بەڕۆژ، شیعرێکى پەسەنین دێت، بەمە دەست پێدەکات " من دەردەدارم...زۆر دەردەدارم..". یان ئەگەر بەم میتۆدە شیعر بخوێننەوە، ئەى بۆ ئەو شیعرانە چى دەڵێن کە هەر لەم ژمارەیەدا هەیە؛ لەسەر ئەمەى ژان ژێنێ "باشترە هەرزەیەکى بێفەڕ بیت، نەک شازادەى ناو کۆشک" ؟ یان ئەمەى هۆڵدەرلین: "کاتێ ئێمە لە ماندوویی ڕۆژ دەحەسێینەوە، سوپاسیم بە کێ بگەیەنم؟ ناوى خوداى مەزن بێنم؟..." یان ئەگەر لەسەر وتنى یادەوەریی نووسەر، یەخەى بەڕۆژ ئاکرەیى گرتووە، یەخەى ئێدیت سۆدێرگرانیش بگرێت کە دەڵێت:" لێرە هەموو شتێک نامۆیە و هیچ یادەوەرییەک بەیبردا ناهێننەوە..."

من نە شیعرى بەڕۆژ و نە کەژاڵ ئەحمەدم هیچیان پێ باش نییە، و پێموایە کێشەى زۆر گەورتریان هەیە، بەڵام کە ئەم گاڵتەجاڕییە بە بەهانەى خوێندنەوەى شیعر و ڕەخنەى شیعر دەبینم توڕە و پەست دەبم. کەس نەبووە لەو نووسەرە بەڕێزانە بپرسێت برایان ئەگەر بە دوو دێڕ دەتانەوێ شتێک بە زۆر بسەلمێنن، دەبێ یەخەى فروغیش بگرن کە لە نامەیەکدا بە خۆشەویستەکەى دەڵێ بە قوربانى قەیتانى پێڵاوەکانت بم. یان یەخەى بۆدلێریش بگرن کە لە شیعرێکدا لە خوا دەپاڕێتەوە یارمەتى بدا بۆ نووسینى شیعرى باش بۆئەوەى گاڵتەى پێنەکەن! یان ڕامبۆ یان... یان (کە من بێگومان دواتر چەندین دێڕیان لێرە دەنووسم).

هەموو ئەم کارەساتەش لەوەوە دێت کە لەڕاستیدا بەڕێوەبەرەکانى گۆڤارەکە شیعریان نەناسیوە، دەنا بە چەک و تەقەمەنى دەرەوەى شیعر پەلامارى ناو شیعر نادرێت.

١٤/٥/٢٠١٧

 

تێبینی: وێڕای گرانی هەزمکردن و نووسینی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ واقیعی بەربڵاوی شیعری کوری، تەنیا بەشداری کۆمەڵێکی دیاریکراویش لە (ناو)، لە هەموو ژمارەکاندا دووبارە دەبنەوە!

Related image

بازدید: 729