ما 7928 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

لەو رۆژەوە هەر سێ خاوەنەکە سەقەت و پەککەوتە لەماڵەوە لەناو جێگادا کەوتن. کە کەسابەتیش جووڵایەوە، ئیتر کەس نەما کەرەکان بەرەو مەزرا، سنوور یان دێهات ببات. لەو رۆژەوە کەرە سپی بوو بە کەرە بەرەڵڵا، کەرە رەش بوو بە کەرە بەرەڵڵا و کەرە بۆریش کەرە بەرەڵڵا!

 

ئەوان سێ کەس بوون بە سێ 'کەر'ەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەوان سێ کەس بوون، بە سێ کەری سپی و رەش و بۆرەوە. کەرە سپییەکە ناوی 'کەرە سپی' بوو، کەرە رەشەکە ناوی 'کەرە رەش' بوو و، کەرە بۆرەکەیش ناوی 'کەرە بۆر'. خاوەنەکانیشیان بە سەرە ناویان 'خاوەنی کەرە سپی'، 'خاوەنی کەرە رەش' و 'خاوەنی کەرە بۆر' بوون.

ئەوان سێ کەس بوون خاوەنی سێ کەر.

خاوەنی کەرە سپی پێی وابوو کەرە سپی باشترین کەری دونیایە. خاوەنی کەرە رەش پێی وابوو کەرە رەش باشترین کەری دونیایە و خاوەنی کەرە بۆریش پێی وابوو کەرە بۆر باشترین کەری دونیایە.

ئەوان بە کەرەکانیان باریان دەکێشا. یەک گزرە، یەک بارە قاچاخ و ئەوی تریان وردەواڵە. هەتا کەسابەت هەبوو کاریان بە سەر یەکترەوە نەبوو.

بەڵام رۆژێ کاسبی نەما و هەر سێکیان بە کەرەکانیانەوە مانەوە. لەو رۆژەوە ئیتر زیاتر بیریان لەوە کردەوە کەری کامیان لە ئەوانی تر باشترە.

خاوەنی کەرە سپی بۆ خاوەنی کەرە رەش و کەرە بۆری دەخوێند، خاوەنی کەرە رەش بۆ کەرە سپی و کەرە بۆر و خاوەنی کەرە بۆریش بۆ خاوەنی کەرە سپی و کەرە رەش. ئەوەی قسەی سوک و ناشیرین بوو بە یەکتریان دەگوت.

کەرەکان کە هەموو رۆژێ یەکەم کەس بوون گوێیان لەم قسە و قسەڵۆکانە دەبوو و گوێیان پڕ ببوو، بەرەبەرە تاقەتیان بەسەرچوو و چیتر حەوسەلەیان نەما. ئەوان کە لەوە پێش کاتێ بە رێکەوت بە تووش یەکترەوە دەبوون بە زەڕاندن سڵاویان لەیەک دەکرد و سەر و ملیان بۆ یەکتر دەلەقاند، لەم دوژمنایەتییە تەواو ماندوو ببوون. بۆیە رۆژێکیان هەر سێکیان بە رێکەوت و لە یەک کاتدا بە بێ ئەوەی ئاگایان لەیەکتر بێت، بڕیارێکی گرنگیان دا.

بەیانییەکی زوو، کاتێک خاوەنی کەرە سپی ویستی تاقەتی کەرە سپی بکا و، خاوەنی کەرە رەش تاقەتی کەرە رەش و، خاوەنی کەرە بۆر تاقەتی کەرە بۆر، هەر سێ کەرەکە پێکەوە و وێکڕا لەقەیەکی بەهێزیان لە خاوەنەکانیان دا.

لەو رۆژەوە هەر سێ خاوەنەکە سەقەت و پەککەوتە لەماڵەوە لەناو جێگادا کەوتن. کە کەسابەتیش جووڵایەوە، ئیتر کەس نەما کەرەکان بەرەو مەزرا، سنوور یان دێهات ببات.

 

لەو رۆژەوە کەرە سپی بوو بە کەرە بەرەڵڵا، کەرە رەش بوو بە کەرە بەرەڵڵا و کەرە بۆریش کەرە بەرەڵڵا!

Image result for esel kunst

گەڕان بۆ بابەت