وەرگێڕانی: هاوڕێ یوسفی

بەدواهاتەکانی نیۆلیبێڕاڵیزم،... لەزۆربەی شوێنەکاندا چەشنێک ووشیاری گشتی دژی هێژێمۆنی ورووژاندووە و بۆتە هۆی ڕێخستنێکی تازە لەناو خەڵکدا. بزووتنەوە دژەجەنگ و دژەجیهانیبوونەوەکان لەبەرئەوەی گرینگی بنەڕەتیی بەدەستەوەدانی پێناسەیەکی بەربەرینتر لە دێمۆکراسی دەرکپێدەکەن، گرفتێکی بەرچاون بەرامبەر حاکمیەتی چینایەتی و بۆناپارتیزمی بووش.

 

پاش نیۆلیبێڕاڵیزم؟

ویلیام کا. تەب

وەرگێڕانی: هاوڕێ یوسفی

پاش نیۆلیبێڕاڵیزم، نۆبەی چیە؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت سەرەتا چەند پرسیاری بنەماییتر بهێنینە ئاراوە: لەلایەکەوە نیۆلیبێڕاڵیزم و کۆنزێرڤاتیزم و لەلایەکیتریشەوە  بزووتنەوە دژە جەنگ و دژە جیهانیبوونەوەکان، چ خاڵێکی هاوبەشیان هەیە؟ وڵامەکە ئەمەیە بەڕواڵەت هەردوویان لەم خاڵەدا هاوبەشن کە کۆی سەرنجی خۆیان داوەتە بەدەستەوەدانی پێناسەیەکی دووبارە لە دێمۆکراسی و سیستمی هەنووکەیی جیهان. "پەرەدانی دێمۆکراسی"، درووشمی گرووپی "ڕێکەوتنی واشینگتۆن" و لایەنگرانی تیۆری بووشە. بنەمای گرووپی "ڕێکەوتنی واشینگتۆن" ئەم بانگەشەیە کە نیۆلیبێڕاڵیزمی جیهانی و کۆنتڕۆڵی ئابووریی سەرمایەی داراییی ناوەندیی وڵاتانی قەراخی و کۆی جیهان لەڕێگەی "سندووقی نێونەتەوەیی دراو" و "ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی"، تاقە ئاڵتێڕناتیڤە بۆ سەرکەوتن بەسەر هەژاری و چەرمەسەریدا. "تیۆری بووش"یش دەربڕینی ڕاشکاوانەی ڕەوتی نیۆکۆنزێرڤافیزمە بۆ پاساودانی هەوڵی ئەمریکا و زاڵبوونی سەربازی بەسەر جیهان و جەنگی پێشگیرانە بۆ ئارامکردنەوەی جیهان و بەرقەرارکردنی دێمۆکراسی. لەڕوانگەی بزووتنەوە دژەجەنگ و دژەجیهانیبوونەوەکانەوە، ئەم بانگەشە حکوومەتیانە بۆ "پەرەدانی دێمۆکراسی" هیچ نین جگە پەچەیەک بەسەر دیکتاتۆری جیهانیی ئەمریکا و بەڕیوەبەرانی شەریکە گەورە سەرەکیەکان. ئەم بزووتنەوانە هاوکات کە هێرش بۆسەر دامەزراوە/کارگێڕانی ئەم دیکتاتۆریە کردۆتە چەقی سەرنجی خۆیان، لێبڕاوانە تێدەکۆشن ئاڵتێرناتیڤێکیش پێشکەش بکەن: [واتە]دێمۆکراسیەکی هاوبەشیی ڕاستەقینە.

یەکەم شتێک کە ئەبێ تێیبگەین ئەوەیە نیۆلیبێڕاڵیزم، لەڕوانگەی ئەو بەرە بەربڵاوەی ئابووریزانان و داڕێژەرانی سیاسەتی بەڵادەستی حوکمدار، بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕاگێنراوەکانی شکستی هێناوە. نیۆلیبێڕاڵیزم نە گەشەی ئابووریی پێشخستووە، نە هەژاری کەمکردۆتەوە و نە ئابووری سەقامگیرتر کردووە. لەڕاستیدا، لەساڵانی دەسەڵاتداری نیۆلیبێڕاڵیزمدا، گەشەی ئابووری خاوتر بۆتەوە، هەژاری زیادی کردووە و قەیرانە ئابووری و داراییەکان گشتگیر بۆتەوە. ژمارەکان و ڕیژەکان سەلمێنەری ئەم بابەتە زەق و بەرچاوەن. سەرباری ئەمانە، نیۆلیبێڕالیزم وەک بەرنامەیەکی چینایەتی سەرمایە سەرکەتوو بووە. ئەم ڕەوتە سەبارەت بەم ئامانجە ڕانەگێنراوە توانیویەتی ئاستی سوڵتەی شەریکە باننەتەوەییەکان، دامەزراوە داراییە نێونەتەوەییەکان و ئێلیتە لۆکاڵیەکان زیادبکات.

قبووڵی ئەمەی نیۆلیبێڕاڵیزم بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەێنراوەکانی شکستی هێناوە، لایەنگرانی ئەم ڕەوتەی ناچارکردووە پاشەکشێیەکی تاکتیکی بکات و بەرگری لە هێرشی بنەڕەتی سیاسەتە نیۆلیبێڕاڵیەکان بەناوی "ڕێفۆرم"ەوە بکەن. بەم پێیە، شایەتی سەرهەڵدانی "ڕێکەوتنێکی واشینگتۆنی" گەورەترین کە شکستەکانی نیۆلیبێڕاڵیزم دەخاتە ئەستۆی وڵاتانی وابەستەوە نەک سەرمایەی باننەتەوەیی و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان. لێرەوە، چاوەڕوانیان ئەوەیە هەژاران پتر لەجاران خۆیان لەگەڵ پێشنیازەکانی نیۆلیبێڕاڵیزمدا بگونجێنن. لەم ڕوانگەوە، ئەوەی پاش نیۆلیبێڕاڵزم دێت، ئەبێ نیۆلیبێڕاڵیزمی زیاتر بێت.

ڕووداوی یازدەی سێپتەمبەری ساڵی 2001ی زاینی ئەم دەرفەتەی بە دەوڵەتی بووش دا تا بەرنامەگەلێکی پتر سەرەڕۆیانە بگرێتە بەر بۆ بەدەستەوەگرتنی بەرایی جیهان؛ ئەو بەرنامەی کە دەتوانین ناوی بنێین "بۆناپارتیزمی جیهانی". تیۆری جەنگی پێشگیرانە و گۆڕانی ڕژیمەکانی بووش، لەڕاستیدا دەرکەوتەیەکە لە ئاستی نوێی سەرەڕۆییە ئێمپراتۆریایەکانە کە ئایدیۆلۆژیکترین بەشەکانی دەسەڵاتداران بەرگری لێدەکەن. نەهادگەرا لیبێڕاڵاکانی دەوڵەتی کلینتۆن و ڕیالیستەکانی دەوڵەتی بووشی یەکەم، سەرەڕای ئەو ورە هێرشبەرانەی هەیانبوو، بەباشی بەئاگابوون لە گاریگەریە نالەبارەکانی ئەو سیاسەتانی کە باقی جیهان ڕاودەنێت. بەڵام بەپێچەوانەی ئەوان، ئاجێندای بووشی دووهەم ئاجێندایەکی کۆنزێرڤاتە کە تیایدا مافی تایبەتیی ئەخلاقی ئەمریکا بۆ بنیاتنانەوەی جیهان پیرۆزە. بە وتەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئەم ئاجێندایە، جەنگێکی نەرێنی و سەلیبیە دژی شەڕ؛ جەنگێک بۆ پەرەدانی حەقیقەت، دادپەروەری و ستایلی ژیانی ئەمریکی، خۆشیان بێ و تاڵیان بێ. سەرباری لاوازیی ئابووری لەناو وڵاتدا، ئاجێندای بووش ترسی لە تێرۆریستەکان گۆڕیوە بۆ بەدیهێنانی پێداویستیە مرۆییەکان. ڕاستیەکەی ئەم چەواشەکردنە، هەم بەدواهاتەکانی سیاسەتە نیۆلیبێڕاڵیەکانی ناوخۆی وڵاتە و هەم چەواشەکردنی ڕای گشتی لە هەرەسهێنانی دارایی شەریکەکان و کاریگەریەکانی سیاسەتی چینایەتی کەمکردنەوەی باج و دابەزینی خێرای بووجەی کۆمەڵایەتی. دەوڵەت خستوومانیەتە حاڵەتی جەنگی هەمیشەییەوە و پاناییەکەی بە سەرکوتی ناوخۆیی و کپکردن پەرەدەدات. ئەمە گەڵاڵەیەکە بۆ ترساندنی دەنگدەران تا پرسیار نەکەن و مل بە جەنگ و ئەو سیاسەتە ناوخۆییانە بەدەن کە لە بەرژەوەندیاندا نیە.

نیۆلیبێڕاڵیزم

با تۆزێک زیاتر بپەرژێینە سەر شکستی سیاسەتەکانی"سندووقی نێونەتەوەیی دراو" و "ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی". بەپێی ڕاپۆرتی پەرەسەندنی مرۆیی ساڵی 2000 لە بڵاوکراوەکانی بەرنامەی پەرەسەندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داهاتی نفووسی 80 وڵاتی جیهانی لەکۆتایی دەیەی 1990دا، کەمتر بووە لە داهاتی نفووسەکەیان لەکۆتایی دەیەی 1980دا. هەڵبەت دۆخەکە لەمە خراپترە؛ هەر ئەوەندە بەسە سەرنجی ئەوە بدەین مامناوەندی داهاتی نفووس، پێوەرێکە باسی نابەرابەری و ئەو هەژاریە گەشەکەر و سەرسووڕهێنەرەی کە لە زۆربەی وڵاتاندا بەرچاوە، ناکات. لەزۆربەی وڵاتەکاندا هەژاری ڕوولە گەشەیە چونکە، دانەوەی قەرز بە دامەزراوە داراییە بیانیەکان بەردەوام بەشێک لەداهاتی هەناردەیی ساڵانەی ئەم وڵاتانە هەڵدەلووشێت، سەرمایەگوزاری بیانی پیشە پێویستەکان درووست ناکات و بەخشینە ماڵیاتیەکان و پاداشەکان بە کۆمپانیا باننەتەوەییەکان لە بووجەی کار و بارە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی نەتەوەییدا دادەبەزێنێت، ڕێک بەوجۆرەی لە زۆربەی وڵاتانی دەوڵەمەندتریشدا بەشێوەیەکی گەشەکەر وای لێدێت.

زێدەباری ئەمە، ڕیتمی گەشەی ئابووری جیهان خاوتر بۆتەوە تەنانەت سەرەڕای ئەوەی سیاسەتە نیۆلیبێڕاڵیەکان ئاستی ژیانیان دابەزاندووە. ئازادکردنی دارایی لەجیات ئەوەی دەستی هەبێت لە سەقامگیرکردنی ئابووریدا بۆتە هۆی قەیرانگەلی دارایی لە زۆربەی سیستمە ئابووریەکانی جیهاندا. بەپێی یەکێک لە توێژینەوەکانی "سندووقی نێونەتەوەیی دراو"، 133 وڵات لە 181 وڵاتی ئەندامی ئەم سندووقە، لانیکەم تووشی یەکێک لەو قەیرانانەی هاتوون کە دەگەڕێتەوە بۆ گرفتە بەرچاوەکانی بەشی بانکداری لە مەودای نێوان ساڵەکانی 1980 تا 1995دا. بەپێی زانیاریەکانی "بانکی جیهانی"، لە مەودای ساڵانی کۆتایی دەیەی 1970 تا ساڵی 1994دا زیاد لەسەد جار لاوازی لە دانەوەی قەرز لە بەشی بانکداری 90 وڵاتی لەحاڵی گەشەسەندن و وڵاتانی کۆنە کۆمۆنیستدا بوونی هەبووە. ئەمەی کە دوو لە سێی ئەندامانی سندووقی نێونەتەقەیی دراو تووشی وەها قەیرانگەلێک هاتوون، ناتوانێت بەتەواوەتی ڕووداوەکی بێت بەڵکو دەبێت پەیوەندیداری بزانین بەم واقیعەوە کە ئەم ساڵە قەیراناویانە ڕێک هەمان ئەو ساڵانەیە سندووقی نێونەتەوەیی دراو سیاسەتی ئازادکردنی دارایی خستە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لەڕاستیدا، هیچکام لەمانە سەرسووڕهێنەر نین. ئاجێندای نیۆلیبێڕاڵیزم (یان "رێکەوتنی واشینگتۆن") خواستی ئازادکردن دارایی و بازرگانی، تایبەتیکردنەوە، سڕینەوەی ڕێسا، کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی سەرمایەگوزاری ڕاستەوخۆی بیانی، بڕە ڕکابەریەکانی گۆڕینی ئەرز. دیسیپلینی پارەیی، باجە کەمەکان و دەزگای بچووکتری دەوڵەتە کە هیچیان نەیانتوانی بەڕادەی پێویست ئەنجامەکەی خۆشگوزەرانی جەمعی بێت. هەنووکە زۆر ئاشکرایە کە شکستی نیۆلیبێڕاڵیزم لە زیادکردنی گەشە، کەمکردنەوەی هەژاری، یان ڕەخساندنی سەقامگیری ئابووری زیاتر، بۆتە هۆی ڕێکەوتنێکی واشینگتۆنیی "کامڵتر"، کە هەڵبەت دەستکردی هەمان دەستە و تاقمە کە نووسخە یەکەمەکەی داڕشتبوو. ئەوان تاوانباری شکستی ئاجێندای نیۆلیبێڕاڵیزم بەو وڵاتانە دەزانن کە داوایان لێکرابوو پەێڕەوی فەرمانەکانیان بن. لەم سێناریۆی "قوربانی تاوابار"ەدا ئەوەی ئێستا داوا دەکرێت، بەڕێوەبردنی کاریگەرتری هەمان ستراتیژەکان و بەدواداچوونی هەمان ئامانجە سەرەتاییەکانە. لەسەر دەوڵەتی لۆکاڵیە کە باشتر لە بەڕیوەچوونی ئەم بەرنامانەدا بجووڵێتەوە. هەندێک ئیمتیازگەلی بچووکیش دەدرێت بەڵام هەموویان بەتاڵ دەردەچن، سیاسیەکان بە داننان بەمەدا کە ئازادکردنی بازاڕی دارایی لە ڕابردوودا بۆتە هۆی شکسگەلێکی وا، هەنووکە کرانەوەی "هۆشیارانە"ی حێسێبی سەرمایە پێشنیار دەکەن. بە بانکە ناوەندیەکان دەگوترێت دەبێت چوارچێوەیەکی چاودێریکارانەی "گونجاو"، ستانداردە ماڵیەکان و توانا بەڕێوەبەرایەتیەکان فەراهەم بکەن_ بەڵام بانکەکان بەردەوام بەپێی خزم خزمێنە وام دەدەن، سەفتەبازی ئەرزی و یارمەتی هەڵاتنی سەرمایە دەکەن. ئەم بۆچوونە لە ئارادایە کە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان گرینگن، پێویستی بە ڕێسای دژەگەندەڵی و ڕەنگە تەنانەت  پێویستی بە سیستمی پشتیوانی کۆمەڵایەتی بوونی هەیە.  دان بەوەشدادەنرێت کە ڕەنگە پێویست بێت هەندێک ستراتیژی ئامانجدارکردنی کەمکردنەوەی هەژاری، لانیکەم وەک بەشێک لە مەرجی چاودێران، ڕەچاو بکرێت. لەدەیەکانی پێشوودا ئەم شتانە بوونی نەبوو؛ هەر لەو خولەدا کە وڵاتانی کەم داهاتتر ناچاربوون پەردە نیوە و ناتەواوەکانی نێوانیان لاببەن  کە لە بەرامبەر کۆنتڕۆڵی دەرەکی و ئەو ناسەقامگیریەی دەگەڕایەوە بۆ نەوەستانەکانی ئابووریی جیهانی درووستیان کردبوو. هەڵبەت، هەر بەو جۆرەی کە ڕیسواییەکانی ئێنرۆن و وۆردکۆم(Enron, WorldCom)  دەری خست، ناکرێت گەندەڵی بەتەنیا بخرێتە پاڵ وڵاتانی هەژارترەوە.   

ڕەخنە

خولی نوێی نیۆلیبێڕاڵیزم بە قبووڵکردنی شکستی ڕێکەوتنی واشینگتۆنەوە دەست پێدەکات، بەڵام بە زیرەکیەکی گەشاوە کۆمەڵێک چاکسازی وەک ڕێگەچارە پێشکەش دەکات کە بەردەوام بە قازانجی سەرمایەی بیانیە. نابێت کارێک کە ئەوڕۆکە بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی دراو لەژێرناوی "نیازپاکیی بەڕێوەبردن" پشتیوانی لێدەکەن، لەگەڵ تواناسازی ڕاستەقینەی دێمۆکراتیدا لێ تێکبچێت. بەڕێوەبردنی دقاودەقی ئەمانە ئەنجامەکەی تەنیا جێگۆڕکێی دەسەڵاتە لە دەسەڵاتدارانەوە بۆ سەرمایەی بیانی، ئەو شتەی کە دزەکردنی ئابووریی سەرمایەی چەند نەتەوەیی ساناتر دەکاتەوە بۆ وڵاتانی هەژار. ستراتیژی سیاسی گۆڕاوە، لە هاوپەیمانی لەگەڵ حاکمانی لۆکاڵی ڕانتخۆر، کە ڕۆژگارێک بۆ شکستپێهێنانی چەپ لە خۆلی جەنگی سارددا پێویست بوو، بە جەغدکردنەوەی تایبەت لەسەر کەمکردنەوەی ئەو پشکەی ئەم سەرئێشە لۆکاڵیە گرانانە هەیانبوو. هەنووکە ڕۆژئاوا دانی پێدا دەنێت کە ئەم ئێلیتانە خەڵکەکەی خۆیان سەرکوت دەکەن و تەنانەت تاوانباریان دەکات، چونکە لەناکاو زانیویەتی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات. کاتێک دەسەڵاتدارانی لۆکاڵی کە بەشێکی جیانەکراوی سیستمێکی جیهانی و لە خزمەت بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی ناوەندیدان، وەک سەبەبی شکست دەناسرێن، دەسەڵاتیان لەپەیوەندیدا بە سەرمایەی بیانیەوە لاواز دەبێت. وڵامی بازاڕی ئازاد بەم گرفتە ئەمەیە سەرمایەی بیانی دەوری باڵادەستی هەبێت لەم سیستمە ئابووریانەدا، نەک ئەمەی کە دێمۆکراسی ڕاستەقینە پەرەپێبدات. نیۆلیبێڕاڵیزم لەم خۆلە تازەیەیدا، جەغد لەسەر گرینگی شەفافیەت، سەروەری یاسا و بوونی گۆڕەپانێکی چالاکی  بەبێ هەڵاواردن لە بازاڕ_ بەڵام نەک بۆ کۆی کۆمەڵگا. ئەگەری دەست ڕاگەیشتن بە دەوڵەت بۆ زۆرینەی گەورەی شارۆمەندان بەردەوام نابەرابەر دەمێنێتەوە.

ئەم بانگەشەیەی کە خولێکی نوێی نیۆلیبێڕاڵیزم یان نوسخە تازەکەی ڕێکەوتنی واشینگتۆن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەژاری و بەرپرسیارێتیتربوونەوەی دەسەڵاتدارێتی لۆکاڵی بۆ شارۆمەندان، دوو چەشن ڕەخنە دەورووژێنێت. یەکەم ڕەخنە کە لەناو کۆمەڵی سیاسیەکان و ئابووریزانانی پیشەیی دێتە ئاراوە ئەمەیە کە ئاجێندای نیۆلیبێڕاڵیزم بۆ چاکسازی ناخەکیی بەفراوان، نەکردەیە. ئەم ئاجێندایە بەتووندی لەپەیوەندیدا بە پێکهاتە و پێداویستیە لۆکاڵیەکان نابەرپرسیارە و کاری بەسەر ئەم واقیعە ئەزموونیەی کە لەڕاستیدا پەرەسەندن جۆن دەکرێت، نیە. لەم ڕوانگەوە، گرفتەکە ئەمەیە هێشتا دامەزراوە بەڕیوەبەر و ئاراستەکەرەکانی ئابووریی جیهانی هەوڵ دەدەن وڵاتان لە مۆدێلێکی پەرەسەندنی یەکەدا جێبکەنەوە. ئەمە کارێکی بەتاڵە، لەبەرئەوەی ڕێگاگەلێکی زۆر بۆ سەرکەوتن هەبووە و زۆربەیان کۆمەڵێک ڕێگان کە بەتەواوەتی ڕووداوەکی و تێکەڵەیەک بوون لە تووخمە ڕووداوەکیە پسپۆڕیەکانی بەشەکان و جۆرەکانی پشتیوانیە دەوڵەتیەکان. مۆدێلی نیۆکلاسیکی بەپێی ئەم پێشگریمانیە کە زانست لەهەموو جیهاندا لەبەردەستە، توانای بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای هەنووکەیی لە ئارادایە و دەستڕاگەیشتنی شەفاف بەهەموو زانیاریەکانی بازاڕ مومکین و ئەگەردارە. بێگومان ئەم گریمانانە ڕاستەقینە نین. بۆ زۆربەی بەشداران لە وڵاتانی کەمداهات، هەڵبژاردن و هاوتەکی، پرسێکی گرفت سازە. لەم وڵاتانەدا، نادڵنیایی باڵادەست و زاڵە، دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی سەرچاوە سنووردارەکان و زۆرجاران باری دەستڕاگەیشتن پێی نالەبارە. سەرکەوتن پابەندە بە هۆکارە ڕووداوەکیەکانەوە و لەم بارەوە ناتوانین لەم حوکمە گشتیە تێپەڕین کە بوونی هاوسەنگیی نێوان ڕێسا حکوومەتیەکان و ڕۆڵی بازاڕ، گرینگیەکی ئەوتۆی هەیە. ڕەخنەگرانی بۆچوونی نیۆکلاسیکی خوازیاری چاکسازی ئاراستە نێونەتەوەیەکانن تاکوو لەڕێگەی پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی ناوەکیی و سەربەستیی دەوڵەتانی لۆکاڵی، ئەم ئاراستانە بۆ وڵاتانی کەمتر پەرەسەندوو دادپەروەرانەتر ببێتەوە، بەجۆرێک کە دانوستاندنە نێونەتەوەیەکان بەپێی پەسەند دوو لایەنە بێت. پرسەکە ئەمەیە ئەم کارە دەبێت چۆن بکرێت؟ ئایا چاکسازی بونیادەکان و دامەزراوە هەبووەکان ئەگەردارە؟ یان گۆڕانێکی بنچینەییتر و بەپێی گۆڕانی پەیوەندیە چینایەتیەکان پێویستە؟

بەم پرسیارانە دەگەینە دووهەمین ئاستی ڕەخنە لە نیۆلیبێڕاڵیزم کە نەک لەناو ڕێکەوتنی واشینگتۆنەوە، بەڵکو لەلایەن ڕێکخراوە نادەوڵەتیەکان و گرووپەکانی کۆمەڵگای مەدەنیەوە دێتە ئاراوە کە ڕەخنەیەکی بنچینەیتر لەپەیوەندیدا بە جیهانیبوونەوەی کۆمپانیاکان و سەرمایەداریەوە دەهێننە ئاراوە. بزووتنەوەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی چینایەتیی و ئێمپێریالیزم بە کاکڵی کێشەکە دەزانن. ئەم بزووتنەوانە بە زاڵبوونی پێوەرەکانی بازاڕ بەسەر پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکان و هەروەها دژی داسەپاندنی سەرمایەی باننەتەوەیی و دەوڵەتانی بەهێزن (لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکا)  بۆ بەرقەرارکردنی یاسا لە بەرژەوەندی خۆیان و بە زیانی نەتەوەکان و چینە لاوازترەکانی ژێر سوڵتە. لەم ڕوانگە ڕەخنەگرانەوە، ئاشکرایە چاکسازیە پێشنیار کراوەکان پشتگیری هەمان سیستمی دەسەڵاتدارێتی چینایەتی و سوڵتەی ئێمۆراتۆریا دەکەن کە دەبێت بگۆڕدرێن. بەهێزبوونەوەی گەشەکەری بزووتنەوەی ناسراو بە بزووتنەوەی دژەجیهانیکردنەوە، یان باشتر وایە بڵێین بزووتنەوەی ئاڵتێرناتیڤی جیهانیکردنەوە، شایەتیی ڕاستەقینەی ئەم ڕەخنەیە کە لە ئابووریی سیاسیی نێونەتەوەیدا دەبێتە هێزێکی مادی.

پەیوەندی نێوان ئەم دوو ڕەخنەیە بۆ هەموان ئاشکرایە. ئەم پەیوەندیە، هەمان درزی نێوان کردەگەراکان و ئارمانجەگەراکانە کە لە حیزبی سەوزی ئەڵمانیا و باقی شوێنەکانی دیکەدا بینیمان: هەمان دووفاقیی نێوان چالاکانی گرووپە وەرزێریە بێ عەرزەکان کە زۆر حەزیان لە سازش نەدەکرد و لەلایەکەوە گرووپە بڕازیلیەکانی دیکە و لەلایەکی دیکەشەوە  باڵی لایەنگری سەرۆکی حکوومەت لە دەوروپشتی لوولا وەک سەرۆک کۆمار، هەمان جیابوونەوەی سۆسیال دێمۆکراتەکان و سۆسیالیستە چەپەکان کە لە کۆنفرانسی توێژەرانی سۆسیالیستدا شایەتی بووین و هەمان دوو فاقیی کە لە فرۆمی کۆمەڵایەتیی جیهاندا سەبارەت بەوەی ئەم فرۆمە بە چ ئاقارێکدا بڕوات و کێ وتەبێژەکەی بێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتر دەردەکەوێت. ئەمە جیابوونەوەیەکە لەمێژە بەشێوەگەلی جۆراوجۆر لەناو چەپەکاندا بووە. لای هەندێکیان، ئەم ناکۆکیانە سیمایەکن لە ئەستەمایەتیی درووستکردنی هاوسەنگی نێوان ئامانجە درێژماوەکان و پێویستیەکانی گۆڕان، بەپێی پێویستی پەرچەکردار بەو پێشنیارە هەموارکەرانەی ڕەنگە هەندێک جار پێشکەوتنخوازانەش بن، ئەو بابەتە دژوارەی کەسە دەربەستەکان لەوانەیە نیازپاکانە ڕای جیاوازیان لەسەری هەبێت. بۆ هەندێکی دیکە، ئەم ناکۆکیانە دەرفەتێکە بۆ خراپەوتنی شەخسی و هۆکاری ناکۆکیی لە بزووتنەوەیەکی بەربەرینتر بەپێی ئەو ناکۆکیانەیە جێگەی ئاشتەوایی نین. تا ئێستا، بزووتنەوەی بەرابەریخوازیی جیهانیی توانیویەتی یەکێتیەکی بەرچاو بپارێزێت و هەڵوێست خۆی چڕبکاتەوە لەسەر پێویستیی گۆڕانێکی بنچینەیی.

جۆرج دەبڵیوو بووشی پۆست 11ی سێپتەمبەر دێتە مەیدانەوە

11ی سێپتەمبەری 2001 چرکەیەکی دیاریکەر بوو بۆ سەرۆک کۆمارێک کە زانیاریەکی ئەوتۆی لەسەر جیهان نیە. بەڵام باوەڕی بە فەندەمەنتالیزمی مەسیحی هەیە؛ ئەو باوەڕەی کە بەباشی لەگەڵ سیاسەتی دەرەکی نیۆکۆنزێرڤاتەکاندا کە نزیک دەیەیەک بۆ وەدەستهێنانی هێژێمۆنی هەوڵیاندابوو دێتەوە. جۆرج دەبڵیوو بووش ئەو کات کە سەرقاڵی خەباتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بوو لە دژایەتیکردنی دەستێوەردانە مرۆڤدۆستانەکان و وڵاتسازی لەو شوێنانەدا کە ئەمریکا هیچ بەرژەوەندیەکی ستراتێژیکی نیە هۆشداری دابوو. بووش ئامادە بوو بۆ زامنکردنی ئەمنیی ئەمریکا دەست وەربدات بەڵام ئەویش وەک باقی لایەنگرانی ڕوانگەی کۆنزێرڤات پێیوابوو نابێت ئێمە دەست لەهەموو شوێنێک وەربدەین. لە دووهەم دیبەیتی خۆی لەگەڵ "ئەل گۆر" بەشێوەیەکی کردەگەرانە گوتی: "ئەگەر ئێمە وڵاتێکی داهێنەر بین، ئەوان ڕقیان لێمان دەبێتەوە". بەڵام پاش 11ی سێپتەمبەر هەڵوێستی بەرزەفڕانەی نیۆکۆنزێرڤاتەکانی قبووڵ کرد، واتە گۆڕانی حکوومەتەکان و جەنگە پێشگیرانەکان بۆ بڵاوکردنەوەی حەقیقەت، دادپەروەری و ستایلی ژیانی ئەمریکی لەسەرتاسەری جیهاندا. دەوڵەتی هەنووکەیی نووساوە بەو فەلسەفە نیۆکۆزێرڤاتیڤەوە کە هەم ناکۆکە بە ڕیالیزمی سونەتی بووشی یەکەمەوە و هەم ناکۆکە بە نەهادگەرایی لیبێڕاڵی کلینتۆنەوە. ئاجێندای ناسیۆنالیستە کۆنزێراڤاتەکان سەبارەت بە هێور ڕاگرتنی ئەمریکا لە سنوورەکانی خۆیدا و پاراستنی ڕێزی بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە دەرەوە، جێگای خۆیداوە بە ئارەزووە تاکڕاوانەی داسەپاندنی دەسەڵاتدارێتی چالاکانە بەسەر جیهاندا، ئەویش بەمەبەستی پەرەدانی ئەوەی پێیدەڵێن بەها ئەمریکیەکان لە سەرتاسەری جیهاندا.

زانینی ئەم خاڵە گرینگە کە ئەو ناواخنانەی پاش یازدەی سێپتەمبەر بوونبە ناواخنە سەرەکیەکانی بۆچوونی بووش، دەیەیەک پێشووتر گەڵاڵە کرابوون، بۆنموونە بەکارهێنانی پێشگیرانەی هێزی سەربازی. کەسانێک ئەم ناواخنانەیان گەڵاڵە کردبوو کە هەنووکە [ئەرکی] بەڕێوەبردنەکەشیان گرتۆتە ئەستۆ. بەپێی نووسینی "دێڤید ئارمێسترانگ" ئەم "گەڵاڵە" (ناوێک کە زیاد لەدەیەیەک هەوڵدان خراوەتە پاڵ گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکاوە) "هەمان نوسخەی یەکجار باسکراوی ستراتێژیکی دیک چێنی و هاوکارەکانیەتی کە لەساڵی 1992دا بۆ وڵامدانەوە بەکۆتایی جەنگی سارد هێنایانە ئاراوە. ئەوکات، ئامانجی گەڵاڵەکە زاڵبوون بوو بەسەر جیهاندا و دژکردەوەگەڵی خراپی لێکەوتەوە. هەنووکە هەر ئەو گەڵاڵەیە، بەئامانجی وڵامدانەوە بە تێرۆریزم و جەغدکردنەوەی تایبەت لەسەر دسپێشخەری لە دەسپێکردنی جەنگ، سەرلەنوێ هێنرایەئاراوە و ئەم جارەیان تامەزرۆیانە بەپیریەوە چوون". لەم "گەڵاڵەیە"دا کە لەم دواییانەدا بەناوی "تیۆری بووش" پێشکەش کراوە، ئایدیا سەرەکیەکەی بریتیە لەمەی هەموو جیهان مەیدانی نەبەردە و ئەمریکا بۆ هەر شوێنێک بیەوێت و ئەگەر پێویست بوو بەتەنیایش دێتە مەیدانەوە و بۆ گۆڕانی حکوومەتەکان لەڕێگەی جەنگەوە دەسپێشخەری دەکات و بەگوتەی سەرۆک کۆمار: "هیچ وڵاتێک" بێبەری نیە لەوشتەی پێی دەڵێن ئازادی، یاسا و دادپەروەری و "خواستی داسەپێنەر" (گۆڤاری هارپێر، ئۆکتۆبەری 2002).

لە ڕابردوودا و هەنووکەش لەڕوانگەی زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە، بۆچوونی چەندلایەنەخوازانە_ گوشارهێنان و هاوکات ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانان، زۆروتن و هاوکات پێشنیازی سازش بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ڕووکەشی_ بۆچوونێکی گەلەک نایاب و کاریگەر بووە و هەیە لە داسەپاندنی سوڵتەدا. ئەم بۆچوونە لەکاتی "وۆردرۆ ویلسۆن" لەسەرەتای سەدەی بیستەم تا کاتی "بووشی یەکەم" و "کلینتۆن" لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، شێوازی پەسەندکراوی هەموان بوووە. بەڵام ڕووداوی یازدەی سێپتەمبەر دۆخەکەی لە بەرژەوەندی ڕوانگەی نوێدا گۆڕی. هەر بەو جۆرەی "گەری شمیت" و "تۆم دۆنلی"، نیۆکۆنزێرڤاتەکانی نووسەری پڕۆژەیەک بۆ سەدەی نوێی ئەمریکی، لە ژانڤیەی 2002 دا نووسیان، تیۆری بووش پتر لەم ئاراستەیەوە کە "چ شتێک نیە"، سەرنج ڕاکێشە: "ئەم تیۆرە، چەندلایەنەخوازی کلینتۆنی نیە، سەرۆک کۆمار داوایەک ئاراستەی ڕێکخراوی نەتەوەکان ناکات، ناڵێت باوەڕی بە کۆنتڕۆڵی چەکدارانە هەیە، یان بۆ سەرکەوتنی "پڕۆسەی ئاشتی" هیوایەک لە هیچ شوێنێک ناچێنێت. ئەم تیۆرە، تیۆری هاوسەنگیی هێزێکی ڕیالیستیش نیە کە بووشی یەکەم لایەنگری بوو. ئەم تیۆرە، پتر دەربڕینی دووپاتەی ئەمەیە کە ئاسایش و ئاشتی تەنیا بە داسەپاندنی دەسەڵاتی سەربازی ئەمریکا و دەربڕینی پرەنسیپە سیاسیەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت."  ئەوکاتەی ئەم ڕوانگە نیۆکانزێرڤاتیڤانە لە بەڵگەنامەکانی پلانی سەربازی ساڵی 1992دا وەک بنەمای سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا لەلایەن "ریچارد پێرل" و "بۆل وۆڵڤیتز" (کە لە پیاوەکانی وەزیری بەرگری [ئەوکاتی] دیک چێنی بوون) هێنرایە ئاراوە، لە دیدی زۆربەی نیۆکۆنزێرڤاتەکانەوە، بەڕوانگەگەلێکی پڕ موناقەشە و لەڕاستیدا بوێرانە و ترسناک دادەنران. گەر ڕۆژگارێک درووشمی سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا بەرامبەرکێ بوو دژی مەبەستی گریمانەیی یەکێتی سۆڤیەت بۆ دەسەڵاتدارێتی بەسەر جیهاندا، هەنووکە خواستی زاڵبوون بەسەر جیهاندا، ئامانجی ڕاگەێنراوی ستراتێژیکی نیۆکۆنزێرڤاتەکانە. ئەم گەڵاڵەیە بەنیازە بەربە سەرهەڵدانی ڕکابەر یان هەر بەرامبەرێکی ڕووداوەکی بەرامبەر هێژێمۆنی ئەمریکا بگرێت. لەم ستراتێژیەدا، دەبێت یەک ئەمریکای تاکڕەو باڵادەستیی بەرچاوی سەربازی خۆی ڕابگرێت و بەشێوەیەکی یەکسان زاڵبێت بەسەر دۆست و دوژمندا. ڕەنگە بگوترێت ئەمە بەردەوام خەونی ئەمریکیەکان بووە و ئێسا کە بە لەبەریەک هەڵوەشانەوەی تاقە زلهێزەکەیتر لەساڵی 1989دا، مەیدانەکە چۆڵە، بە ئاشکرا وەک تیۆرێکی گشتی باسی لێدەکرێت و هەڵگری باسە. بەڵام لەساڵی 1992دا، ئەم ڕوانگە بوێرانە، زۆر بە توونڕەوانە دادەنرا. هەڵبەت زۆربەی خەڵکی جیهان هێشتا بە تووندڕەوانەی دەزانن و دەڵێن دەبێت وەلابنرێت. ئەوەی نیۆکۆنزێرڤاتەکان بۆ جێخستنی تیۆرەکەیان پێویستانبوو، هەر بەوجۆرەی خۆیان پێش 11ی سێپتەمبەر نووسیان، "پۆل هاربێر"ێکی1 دیکە بوو. ئەمە هەر ئەو شتە بوو ئەوانە پاش 11ی سێپتەمبەر درووستیان کرد و تاڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوون کە لانیکەم لەناو ئەمریکا خۆیدا سنوورە ڕێگەپێدراوەکان بگۆڕن.

دێمۆکراسی وەک بابەتی جێ باس

با بەپێداچوونەوەی دووبارەی پەیوەندی نیۆلیبێڕاڵیزم و نیۆکۆنزێرڤاتیزم لەلایەکەوە و بزووتنەوە دژەجەنگ و دژەجیهانیبوونەوەکان لەلایەکیترەوە، بەڕێینەوە بۆ ئەم پرسیارە کە پاش نیۆلیبێڕاڵیزم نۆبەی چیە_ واتای جێ باسی دێمۆکراسی لە سیستمی هەنووکەیی جیهاندا. لەخولی پاش جەنگی سارددا، ئەوەی باس لە تایبەتمەندیە گشتیەکان دەکات وادەردەکەوێت لایەنگری دێمۆکراسیە. بەڵام لەڕوانگەی دامەزراوە جیهانیەکانەوە وشەی گونجاو نەک دێمۆکراسی "باشی حکوومەت"ە و لەدیدی دەوڵەتی بووشەوە، وشە درووستەکە "ئازادی"یە. موناقەشە لەسەر ئەم ناوانە و ئەوەی لایەنگرانی بزووتنەوە دژەجەنگ و دژەجیهانیکردنەوەکان لە وشەی دێمۆکراسی لە زەینیاندایە، دەمانباتە ناو جەرگەی ململانێ و کێشمەکێش سەبارەت بەوەی کە دەتوانین چ جۆرە جیهانێک درووست بکەین.

لەدیدی سندووقی نێونەتەوەیی دراو و ڕێبەرایەتی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیەوە، پەیڕەوی لە یاسا و ڕێساکان، ئەدگاری بەرپرسانە لەگەڵ هەموو ئەندامان و پاراستنی بەستێنێکی هاوسەنگ لە ئابووریی کراوەی جیهانیدا، کلیلی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری و گەیشتنی خەڵکە بە خەونەکانیان لەهەموو شوێنێکدا. بەرپرسیاربوون و شەفافیەت، کۆمەڵێک مێتافۆڕن بۆ " باشی حکوومەت". گریمانەکە ئەمەیە بەرگری مافەکی لەبەرابەری کەسەکان و دانوستاندنە فەرمیەکان و ڕێزگرتن لە ئازادیی مافی هەڵبژاردن، دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانیی گشتی. سەرۆک کۆمار بووشیش بەدوای هەندێک بەڵگەی قەناعەت پێهێنەرەوە بوو بۆ هێرشکردنە سەر عێراق و بەرامبەر دژایەتی بەرچاوی نێونەتەوەیی لەگەڵ گەڵاڵەکەی ئەمریکادا، ئامانجی سەرەکی جەنگەکەی بە دێمۆکراتیککردنەوەی وڵاتی عێراق ڕاگەیاند. لەم ڕووەوە بوو دۆسیەی مافەکانی مرۆڤی سەدام حسێن و پێویستیی گۆڕانی ڕژێم بۆ پێکهێنانی دێمۆکراسیەکەی کارامە و گونجاو لەگەڵ ئایدیا ئەمریکاییەکان لەو وڵاتەدا، بووبە چەقی سەرنجەکان.

بەڵام ئەم دوو فۆرموولەی لایەنگریکردنی دێمۆکراسی بووە جێگەی گرفت. فۆرموولی دامەزراوە بەڕێوەبەرەکانی ئابووریی جیهانی، لەگەڵ ئەم گرفتەدا ڕووبەڕووبووەوە کە ئەندامانی ئەم دامەزراوانە خاون دەسەڵاتێکی هاوسەنگ نین.  ڕیتمی جووڵەی سندوقی نێونەتەوەیی دراو و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیی ئەمریکا دیاری دەکات و تاقە لەمپەری ڕاستەقینەی بەردەم گەڵاڵەکانی ئەمریکا، کەمینەیەکی دیکەی ئەندامانی گرینگی ئەم دامەزراوانەن. زۆربەی وڵاتانی جیهان دەورێکی ئەوتۆیان نیە لەو بڕیارانەی کە مەرگ و ژیانی خەڵکەکەیان دیاری دەکات. زۆرجار، دەوڵەتان بۆخۆیان ئەوەندە نادێمۆکراتیکن کە خەڵکەکەیان ئەوەندە ( یان بەهیچ جۆرێک) ناتوانن سەبارەت بەوەی دەوڵەتەکانیان دەیڵێن  و دەیکەن، ڕای خۆیان دەرببڕن. ئەمریکا و دەسەڵاتە ئەورووپیەکان زۆربەی دەسەڵاتدارانی حکوومەتە لۆکاڵیەکانیان هێناوەتەسەرکار و لەدەسەڵاتدا هێشتوونیەتەوە.

هەر باسێكی ڕاستەقینە دەربارەی دێمۆکراسی پابەندە بەوەی پانتای باسەکە لە دامەزراوەکانی ئابووریی جیهانیەوە کە لەجەوهەردا نادێمۆکراتیکن تێبپەڕێنین و بڕۆین بەرو باسێکی بەربڵاوتر لەمەڕ دێمۆکراسی؛ باسێک بانتر لەمەی ئایا دەنگەکان دادپەروەرانە دەژمێردرێن، بەربژێرەکانی دژبەری دەوڵەت دەتوانن بەشێوەیەکی بەرابەر بەشداری بکەن لە دەنگداندا و ئایا خەڵکی ئاسایی دەتوانن خواستەکانیان بگەێننە گوێی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانیان و لەدەرنجامدا ئەمەی کە دێمۆکراسی دەبێت لەپەیوەندیدا بە دەسەڵاتدارێتی چینایەتی لە کۆمەڵگا سەرمایەداریەکاندا بخرێتە بەرباسەوە.

لە دۆکترینی جۆرج بووشدا [سنووری]، بانگەشەی دێمۆکراسی، لەگەڵ پێناسەکەی کۆشکی سپیدا زۆر نازکە. ئەو کاتەی پەرلەمانی تورکیا دەنگی نا دەدا بە خواستی ئەمریکا یان دەڵێن دەبێت سەرلەنوێ دەنگدان بکرێتەوە یان بەسانایی دەنگی پەرلەمان نادیدە دەگرن. کاتێک شورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خواستی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە، دەگوترێت ئەم شورایە دەبێت لەڕێگەی بەکردەوە دەرهێنانی پێشنیارەکەی ئەمریکاوە ئێعتبار و باوەڕپێکراوەیی بۆخۆی بگەڕێنێتەوە ئەگین دەبێتە شورایەکی بێناونیشان. لەڕیگەی جۆرەها پارەی بن دیوار و هەڕەشەوە، دەنگەلێکی زۆرتر لە قازانجی پێشنیازەکانی واشینگتۆن کۆدەکرێتەوە، بەڵام بەرتەسکیەکانی وەها تاکڕەویگەلێک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت. سەرباری ئەو تێچووانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیکتاتۆری ئەمریکا هەیە، خەڵک و دەوڵەتانێکی زۆرتر حەزی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە پیشاندەدەن. ڕاستە ئەم حەزە گەشەکەرە تاڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ستایلی کابۆییگەریی و ئیڤانجێلیکاڵ و ئینجیلی جۆرج بووش، بەڵام هۆکارە سەرەکیەکەی پتر لێکەوتەکانی وەرچەرخانی ئەمریکا بەرەو تاکڕەوی بۆ جیهان و ناسەقامگیری و ئەو دیکتاتۆریە ئاشکرایە کە سەرچاوەکەی [دەگەڕێتەوە بۆهەمان وەرچەرخان و تاکڕەوی].

ڕاستیەکەی ڕۆژانە پتر دەردەکەوێت زۆربەی ئەو قسانەی سەبارەت بە دێمۆکراسی دەکرێت بە مەبەستی داسەپاندنی ئیرادەی مەترسیدارترین دەستە و تاقمی داڕێژەرانی سیاسەتە کە دەسەڵاتی لە ئەمریکادا قۆرخ کردووە. زۆربەی کۆنزێرڤاتەکان و نیۆلیبێڕاڵە ئینستیتوەیشناڵیستەکانیش شۆک بوون بەرامبەر بە هەڵوێستەکانیان. هەڵبەت ئەوانە هاوکات بوونەتە هۆی بەهێزبوون، قووڵبوون و پەرەسەندنی ڕستێک لە دژەسیستمیەکانی ناو بزووتنەوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانیش.

ئێمە دەبێت بزانین دێمۆکراسی زیاد لەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە بێت پەیوەندی بە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی بەربەرینەوە هەیە کە شکڵدەدات بە بونیادی سیاسیی ئەگەردارەوە. دەتوانین بەپێی بنەڕەتێکی دیکەش دێمۆکراسی هەڵسەنگێنین: لەڕووی ئاستی بەشداری چالاکانەی خەڵک لە بڕیارداندا، لەم ڕووەوە کە تا چ ڕادەیەک ئاگادار دەبنەوە لە ڕەوتی کار و بارەکان، ئەمەی کێ کۆنتڕۆڵ میدیاکانی بەدەستە، تێچووی ململانێکانی هەڵبژاردن لە کوێوە دێت و ئەمەی کە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری کێ بۆی هەیە بچێتە نێو [مەیدانی] ڕکابەریەکەوە. وەها هەڵسەنگاندنێک پابەندە بەوەی بونیادە چێنایەتیەکانی سەرمایەداری هاوچەرخ و بۆنموونە بەرتەسکیە داسەپێندراوەکانی ئەم بونیادانە بەسەر دێمۆکراسیدا، شیبکرێنەوە.

بزووتنەوەی دادپەروەریی جیهانی، سەرنجی خۆی چڕکردۆتە لەسەر ڕەنجێک کە سندووقی نێونەتەوەیی دراو و بانکی جیهانی بەسەر هەموو جیهاندا سەپاندوویانە؛ ئەو دوو دامەزراوەی کاریان وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە کە دەسەڵاتدارانی سەرکوتکەر و گەندەڵ خولقاندوویانە و بە خوێنی خەڵکی ئاسایی دەدرێنەوە. ئەو ڕەنجەی سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تووندوتیژی سەربازی، لەژێرناوی پەرەدانی ئازادی و دێمۆکراسی و بێبەختی و ئەو ژانەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرفی سەرچاوە کەمەکان بۆ جەنگ لەبری تەرخانکردنیان بۆ پێداویستیەکانی مرۆڤەکان، هەڵبژاردنی خەڵکی ئاسایی نیە. شارۆمەندانی ئەمریکیش دەنگیان نەداوە بە دەرچوون لە گرێبەستی سنووردارێتی چەکدارانە، دژایەتی لەگەڵ دیوانی باڵای نێونەتەەیی تاوانەکان یان دژایەتیکردنی گرێبەستی "کیۆتۆ" بۆ دابەزاندنی گەرمیی عەرز. ڕێکەوتن و سازشی سۆسیال دێمۆکراتیکی پاش جەنگ، جێگەی خۆی داوەتە چەشنێک دەسەڵاتدارێتی ڕقئەستوور و حەریس کە مەبەستیەتی ئەگەری هەرجۆرە ناڕەزایەتی و دەربڕینێی دێمۆکراتیک نایاسایی بکاتەوە. بەدواهاتەکانی نیۆلیبێڕاڵیزم، هۆشیاری و ترسناکیی لەپەیوەندیدا بەوەی لەبەردەم مەترسی لەناوچووندایە، بەهێز کردووە و لەزۆربەی شوێنەکاندا چەشنێک ووشیاری گشتی دژی هێژێمۆنی ورووژاندووە و بۆتە هۆی ڕێخستنێکی تازە لەناو خەڵکدا. بزووتنەوە دژەجەنگ و دژەجیهانیبوونەوەکان لەبەرئەوەی گرینگی بنەڕەتیی بەدەستەوەدانی پێناسەیەکی بەربەرینتر لە دێمۆکراسی دەرکپێدەکەن، گرفتێکی بەرچاون بەرامبەر حاکمیەتی چینایەتی و بۆناپارتیزمی بووش.

سەرچاوە: 

http://monthlyreview.org/2003/06/01/after-neoliberalism/

 

 Image result for neoliberalism kunst

بازدید: 908