رەسوڵ سەفەریانی
منیش له په‌نای درگاکهدا کزۆڵهم کردبوو. هه‌رچی ئه‌و ده‌نگی هه‌ڵدێنا بچوركێکی ناخۆش سه‌رتاپێی دادهگرتم. هاوکات له‌گه‌ڵ قسه‌کانی ئه‌و سه‌ره‌تا هه‌موو نیگاکان به‌ره‌و لای ئه‌و گلۆردهبوونهوه و پاشان وه‌ک ههڵماتی سه‌ر لێژی به‌ره‌و چاڵایی بهردرگاکه که‌منی لێ بووم دهگهڕاننهوه.
باوک
رەسوڵ سەفەریانی
"ژیان رێگایه‌که که جار و بار ده‌تباته جیهانێک له‌وێدا هه‌نگوین به زارت تاڵ ده‌بێت و هه‌ست ده‌که‌یت که کات له‌وه‌ستاندایه و باخی ئاواتت ته‌نیا پڕ بووە لە داری سوتاو." ئه‌مه ئه‌و وەک دەسپێکی قسەکانی ده‌یڵێت. ئه‌و که ئه‌م رووداوه‌ی به‌سه‌ر هاتووه. ده‌ڵێت ئه‌مڕۆش که پتر له بیست ساڵی به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت که بیری لێده‌که‌مه‌وه نه‌خوازانه ده‌چمه ئه‌و هه‌سته‌وه. ئێستاش ئه‌و ده‌موچاوانه‌م له‌به‌رچاوه. هاوار و گرمه‌ی ئه‌و کابرا خرپنه قه‌ڵه‌وه سه‌رو گوێلاک خڕه‌م له گوێدایه. به‌کراسێکی شینی تۆخ و پانتۆڵێکی ره‌شه‌وه له لای سه‌رووی ژووره‌که‌وه به قیافه‌یه‌کی حه‌ق به‌ده‌ستانه‌وه دانیشتبوو. منیش له په‌نای درگاکهدا کزۆڵهم کردبوو. هه‌رچی ئه‌و ده‌نگی هه‌ڵدێنا بچوركێکی ناخۆش سه‌رتاپێی دادهگرتم. هاوکات له‌گه‌ڵ قسه‌کانی ئه‌و سه‌ره‌تا هه‌موو نیگاکان به‌ره‌و لای ئه‌و گلۆر ده‌بوونه‌وه و پاشان وه‌ک ههڵماتی سه‌ر لێژی به‌ره‌و چاڵایی بهردرگاکه که‌منی لێ بووم دهگهڕاننهوه.
به‌دزیه‌وه سه‌یری باوکم ده‌کرد که له‌م سه‌ری ژووره‌که‌وه له په‌نای ماممدا دانیشتبوو. تووڕه‌بوو. به‌ڵام هاوکات سه‌رسووڕمانی لێده‌باری. منی ده‌ناسی و لای سه‌خت بوو بڕوا به هه‌ڵه‌ی وا له من بکات. به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵا و به‌زمه‌ش گڕی ده‌خسته کایه‌نی غه‌زه‌بی و هه‌ر خه‌ریکی خۆ کرۆشتن بوو.
له‌ودیویش ده‌نگه ده‌نگی ژنان ده‌هات. ده‌نگی پوورم له هه‌موویان به‌رزتر بوو که ده‌یوت من بڕوا به‌و قسانه ناکه‌م. عه‌تا له‌و رێگهوجێگهدا نییه که هه‌ڵه‌ی وا بکات. پاش ئه‌مه ده‌نگه‌ده‌نگی ئه‌وانیتر نه‌یهێشت له قسهکانیتری پوورم تێبگه‌م. ده‌نگی خوشکه‌کانیشم ده‌هات. ده‌نگه‌کان تێکه‌ڵ ده‌بوون و که‌س نه‌یده‌زانی کێ له‌گه‌ڵ کێ قسه ده‌کات.
حاجی مێردی پورم که ده‌بووه ساحێب ماڵی کابرای خڕۆکه جار و باربهدهم ته‌زبێح سوڕدانهوه هه‌وڵی ده‌دا که کابرا خاو بکاته‌وه. ده‌یوت: جا کاک حسین گیان کێ له ئێوه باشتر که ببێته خزممان. من خۆم شانازیتان پێوه ده‌که‌م. به‌ڵام په‌له مه‌که با بزانین باسه‌که چۆنه.
کاک حوسه‌ینیش هه‌ڵیده‌دا و ده‌یوت: من گوێم له‌مانه نییه، ئه‌مشه‌و هێناومه و نایبه‌مه‌وه. بووکی خۆتانه، پێتان خۆش بێت و پێتان ناخۆش بێت هی خۆتانه. به‌کراسه‌که‌ی به‌ریه‌وه هێناومه و ده‌بێت هه‌ر ئه‌مشه‌و ماره‌ی بکه‌ین و بۆتانی جێ دێڵم. من نامه‌وێت ئابڕوم بچێت.
هه‌رچی کاک حوسه‌ین وایده‌وت، وامده‌زانی هه‌رئێستا له‌به‌رده‌م دادگادام و ئه‌وه قازییه‌که‌یه حوکمی ئه‌به‌دم به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت. ترسابووم. ره‌نگ به‌ڕوومه‌وه نه‌مابوو. ره‌نگه باوکیشم هه‌ستی به ترسانه‌که‌ی من کردبوو، بۆیه که‌متر قامچی نیگای دهئاڵاندە من. سالاری برام له په‌نامه‌وه دانیشتبوو. جاروبار سه‌یرێکی منی ده‌کرد وه‌ک بڵێت ئه‌ک له‌و کاکه‌مه، یانی ئه‌وه‌نده‌ش فێڵبازه و نه‌مزانیوه. بزه‌یه‌ک ده‌هاته سه‌رلیوی، به‌ڵام که نیگا و روخساری ژاراوی و داروخاوی منی ده‌بینی زه‌رده‌ی ده‌په‌ڕی. ده‌مزانی قسه‌ی پێه‌وه و له هه‌لێک ده‌گه‌ڕێت بۆ گه‌یشتن به راستییه‌کان بمخاته ژێر بارانی پرسیار. به‌ڵام منیش خۆم له تێکه‌ڵاو بوونی نیگام له‌گه‌ڵ نیگای ده‌دزییه‌وه. باش بوو که‌سێک له ژووره‌که‌ی ژنانه‌وه چای هێنا و ئه‌ویش مه‌جبور بوو هه‌ستێ و لێی وه‌ربگرێت و بیگێڕێت.
حه‌زم ده‌کرد به‌بۆنه‌ی شتێکه‌وه له ژووره‌که بچمه ده‌ره‌وه. هه‌ستم ده‌کرد هه‌وای ژووره‌که زۆر قورسه و خه‌ریکم دهخنکم. به‌ڵام له‌ودیو درگای ژووره‌که‌یشه‌وه به یه‌ک مه‌تر ئه‌ولاتری ژووری دانیشتنه‌که بوو. ژنان دانیشتبوون. ده‌ترسام نیگام له نیگای دایکی کچه و کچه‌که یان پوورم گیربکات. به‌ڕاستی هه‌ل و مه‌رجه‌که وه‌ها بوو له هه‌موو که‌سێک خۆم ده‌دزییه‌وه.
دانیشتوان هه‌وڵیان ده‌دا بۆ هێور کردنه‌وه‌ی کابرا، یان ره‌نگه له‌به‌ر رهواننهوهی خه‌م و ترسی من، باسه‌که بگۆڕن و زۆر شته‌که گرینگ و گه‌وره نه‌که‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌و کابرا ده‌توت مامه‌ڵه‌ی مان و نه‌مانی کردوه و نایه‌وێت په‌ژیوان بێته‌وه. چوبووه سه‌ردارێک به‌رز و نه‌یده‌ویست بێته خواره‌وه.
به رواڵه‌ت بێده‌نگ بووم و سه‌رم داخستبوو، به‌ڵام له ده‌روونمه‌وه خه‌ریکی بینینی دووباره‌ی هه‌موو ئه‌و فیلمانه بووم که بوونه هۆی سازدانی ئه‌م سێناریو تاڵه. بیرم له میوانیه‌که‌ی پوورم دەکردەوە ه‌وه که به بۆنه‌ی پێکردنه‌وه‌ی یه‌کێک له ئامۆزاکانم که تازه ژنی هێنا بوو، هه‌موو خزم و نزیکه‌کان و کرێنشینه نوێکه‌یان، ماڵی ئه‌م کاک حوسه‌ینه، ی له ده‌وری یه‌ک کۆکردبووه‌وه. منیش ته‌نیا چه‌ن سه‌عاتێک بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ ملم شکاند و چووم بۆ ئه‌وێ. شه‌و که هاتمه‌وه خوشکه‌کانم به بزه و پێکه‌نین و توانج و گاڵته‌وه ده‌وریان دابووم. نه‌مده‌زانی باسی چی ده‌که‌ن. تا له هه‌لێکدا که باوک و دایکم دیار نه‌بوون پیان وتم که زارا خۆشی لێت هاتوه و دڵی لێت چووه. به سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیم: زارا؟!
وتیان به‌ڵێ، کچه‌که‌ی کرێنشینه‌که‌ی ماڵی پوورم. وتم من قه‌تم نه‌بینیوه. خۆتان ده‌زانن من زۆر شه‌رمنم که‌ی ئه‌توانم له نێو ئه‌و هه‌موو میوانه‌دا سه‌رنجی کچان و ژنان بده‌م و بزانم کێی لێیه و کێی لێ نییه. من رووم نه‌بوو سه‌یری پیاوه‌کانیش به ته‌واوه‌تی بکه‌م. ئه‌مه‌م به گاڵته‌یه‌کی مناڵانه‌م زانی و ئیتر هه‌ر بیریشم لێنهکردهوه. تا ماوه‌یه‌کیتر پاش ئه‌وه رۆژێکیتر خوشکه‌کانم وتیان ئه‌مڕۆش له ماڵی پوورم بووین. زارامان بینی دیسان له به‌رده‌م هه‌موومانا وتی من کاکه‌تم خۆش ده‌وێت. ئه‌ڵێت حه‌زده‌که‌م ببم به بووکی ئێوه. خۆشتانم ده‌وێت. منیش وتم: ده‌ی خۆ هه‌ر من براتان نیم له‌وانه‌یه مەبەستی سالار بێت، بۆ ریشی منتان گرتوه. وتیان نا ئه‌و خۆی نێوی تۆ و دوکانهکهیشت ده‌زانێت و ده‌ڵێت هه‌موو جارێک که به به‌ر دووکانه‌که‌یدا تێده‌په‌ڕم ده‌یبینم و خۆشحال ده‌بم.
به‌ڵام به‌ڕاستی من قه‌تم نه‌بینی بوو یان ره‌نگه بینیبێتم به‌ڵام نه‌مده‌ناسی. ئەم قسانە بڕێک مێشکمی سەرقاڵ کردبوو. جار و بار بیرم لێدەکردەوە کە بڵێی ئەوە کێ بێت . کەم کەم وام لێهات کە حەزم دەکرد بیبینم. هەتا ئەو رۆژەی کە پوورم هات بۆ دووکان بۆ لای من بۆ ئەوەی عه‌کسێک بگرێت بۆ سه‌ر ده‌فته‌رچه‌ی بیمه. نازانم بەرێکەوت بوو یان بە قەست زارا و دایکی لەگەل پورم هاتبون. ئەو رۆژە بۆ یەکەم جار زارام بینی. به‌ڵام به‌ڕاستی نه ته‌مه‌نی بۆ من ده‌بوو، نه هه‌یکه‌لیشی له‌وانه بوو که من حه‌زی لێبکه‌م. بۆیه هه‌ر خۆم له‌قه‌ره‌ی نه‌دا و دامه ئه‌و باره‌ی که هیچیشم نه‌بیستوه.
من ئیتر قه‌ت بیرم لێنه‌ده‌کرده‌وه و پێم وابوو که ئه‌م به هێند نه‌گرتنه‌ی من ئه‌ویش له بیره‌کانی په‌ژیوان ده‌کاته‌وه و واز دێنێت. به‌ڵام ئاگره‌که لای ئه‌و هه‌ر دایساو بوو. چه‌ن جارێکی‌تر له لای خوشک و خزمه‌کانم باسی منی کردبوو. هه‌وڵیشی ده‌دا به‌به‌ر دوکاندا بێت و بچێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی من راکێشێت. که منیشی ده‌بینی به نازێکه‌وه سه‌یری ده‌کردم و سڵاوی ده‌کرد. ئه‌مه وایکرد که‌وتمه بیری ئه‌وه‌ی که به شێوه‌یه‌ک پێی بڵێم واز له من بێنێت و باسم نه‌کات با هه‌م ناوی خۆی نه‌زڕێنێت و هه‌م موشکله‌ش بۆ من نه‌نێته‌وه. رۆژێک که له‌به‌ر دووکانه‌وه تێپه‌ڕ بوو، سڵاوی کرد و هه‌واڵی خوشکه‌کانمی پرسی. منیش سپاسم کرد و پێم وت ئه‌گه‌ر کاتت بوو وه‌ره چه‌ن ده‌ققه پێکه‌وه قسه بکه‌ین. نه‌مزانی ئه‌و ئه‌وه‌نده به هێندی ده‌گرێت و به په‌له و له خۆشیانا هه‌رده‌گاته ماڵه‌وه به بیانوی شت له‌بیر چون دێته ده‌ره‌وه. قوت له دوکان حازر بوو. منیش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وەک له‌ده‌ره‌وه‌ی دوکان که‌س بیبینێت و شک دروست بکات، وه‌ک مشته‌ری سه‌یرم کرد و بردمه ژووری ئاتلیه، ئه‌وشوێنه‌ی وێنه‌کان هه‌ڵده‌گرن. له‌وێ پێم وت خوشکی من بۆ له‌خۆته‌وه باسی من لای خه‌ڵک و خوشکه‌کانم ده‌که‌یت. من و تۆ هیچ چه‌شنه پێووهندیهکمان نه‌بووه. جگه له‌وه خۆ من جارێ هه‌ل و مه‌رجی ژن هێنانم نییه. سه‌ربازیم نه‌کردوه. مناڵم. له پێشدا سه‌ری داخست، به‌ڵام پاشان هه‌وڵی دا پێم بڵێت که منیش په‌له‌م نییه و ده‌توانم راوه‌ستم تا تۆ ئاماده‌ی ژن و ژیان ده‌بیت. به‌ڵام من پێم وت که من نامه‌وێت قه‌ت که‌س به خۆمه‌وه ببه‌ستمه‌وه. وتم من بڕوام به دڵداری و خۆشه‌ویستی نییه. باشتره تۆش له‌بیری که‌یت و ئیتر باسی لێنه‌که‌یت و بچی به‌دوای ژیانی خۆتا.
پاش چه‌ن ده‌ققه‌یه‌ک به‌ڕێم کرد و رۆیی. خۆشحاڵ بووم له‌وه‌ی که هه‌لێک ره‌خسا و به خێر و بێده‌نگ ئه‌م موشکله‌م حه‌ل کرد. به‌ڵام هێشتا چاره‌کێک لای نه‌دابوو که کابرایه‌کی سک زلی خرپن به تووڕه‌ییه‌وه خۆی کرد به دووکاندا و وتی: ئه‌وه زارا لێره بوو؟ پێش ئه‌وه‌ی من بتوانم ساخ بمه‌وه بۆ وه‌ڵامه‌که‌ی، گرماندی:" تۆ ئه‌ته‌وێ به ناموس و ئابڕوی من گاڵته بکه‌ی. ئه‌مه ناخۆیت. " ئیتر چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی من نه‌بوو. خێرا له دوکان چووه ده‌ره‌وه. منیش واقم وڕ مابوو. چۆنی زانیوه؟ ئایا زارا بۆی گێڕاوه‌ته‌وه؟ یان خۆی بینیویه‌تی؟
له‌و کاته‌وه ترسێک له دڵم نیشتبوو، به‌ڵام نه‌مده‌زانی هه‌ڵای وه‌هام بۆ ده‌نێته‌وه و ده‌یه‌وێت به‌زۆر، ژنێکی نه‌به‌دڵ و ناوه‌خت بکات به‌تووشمه‌وه. نه‌مده‌زانی چی بڵێم. له دوو رێانێکی سه‌یردا گیرم کردبوو. ئه‌گه‌ر راستم ده‌وت ژیانی ئه‌و کچه ده‌که‌وته مه‌ترسی، درۆشم ده‌کرد خۆم دهچهقیمه قوڕێک که ده‌رهاتنی ئه‌سته‌م بوو.
مامم کاتێک زانی که کابرا ده‌سبه‌ردار نییه و زۆری هێناوه و به بڕیاره‌وه هاتووه، وتی کاکه ئێواره که خوشکم تێلی بۆ کردم و باسه‌که‌ی به کورتی گێڕاوه و وتی شه‌و وه‌ره بۆ ماڵی کاکم من وام نه‌ده‌زانی. ئێشتاش ئه‌م هه‌راو هاواره‌ی ناوێت. ده‌بێت بزانین کوڕه و کچه یه‌کیان ده‌وێت یان نا. ئه‌گه‌ر ئه‌وان یه‌کیان بووێت ئه‌وه هه‌ر ئه‌مشه‌و ماره‌ی ده‌که‌ین و تۆ به ته‌نیا به‌ڕێ ده‌که‌ینه‌وه.
من به‌م قسه زۆر ترسام چوون ده‌مزانی ئه‌و پڕ به‌دڵ حه‌ز ده‌کات. ده‌ترسام که درۆ بکات به ده‌م منه‌وه و بڵێت پێمی وتوه خۆشم ده‌وێیت.
مامم رووی له من کرد و وتی: رۆله تۆ ئه‌و کچه‌ت ده‌وێت؟ یان بڵێم یه‌کترتان خۆش ده‌وێت یان نا؟
وتم: مامه گیان من ئه‌مڕۆ یه‌که‌م جاره بیدوێنم. خۆشه‌ویستی چی؟ من که‌ی کاتی ژن هێنانمه. بڕوا بکه‌ن من ته‌نیا چه‌ن ده‌ققه بینیومه و ده‌ستیشم له ده‌ستی نه‌که‌وتوه. نازانم چۆن کاک حوسه‌ین ده‌ڵێ تۆ ئابڕوی کچه و ئێمه‌ت بردوه. که‌س به‌م باسه نازانێت و که‌س هیچی نه‌بینیوه و نه‌بیستوه.
مامم به سالاری برامی وت که بڕوات پورم یان کهسێکیتریان بانگ بکات بێن بۆ لای ئێمه. سالار پورمی بانگ کرد و مامیشم باسه‌که‌ی بۆ گێڕاوه و وتی بۆ دڵنیایی بچن له کچه‌که‌ش بپرسن. ئه‌گه‌ر ئه‌و وتی نا وانییه و ئێمه یه‌کمان خۆش ده‌وێت ئه‌وه باشه مه‌لا دێنین و ماره‌ی ده‌که‌ین.
به‌م وته ئیتر ته‌واو شپرزه بووم. دونیا رووخا به‌سه‌رمدا. تف له ده‌ممدا وشک بوو. هه‌ستم کرد که ره‌نگم ههلبروسقاوه. چوون ده‌مزانی کچه‌که منی خۆش ده‌وێت و ئه‌م هه‌له به باش ده‌زانێت و هه‌ستی خۆی ده‌ڵێت. به‌م شێوه به ئاواتی خۆی ده‌گات و جهههنمێکیش بۆمن ده‌ره‌خسێنێت که خۆشی تێدا ده‌سوتێنێت.
تا پوورم هاته‌وه، ژووره‌که بێده‌نگیێکی قورس به‌سه‌ریدا زاڵ بوو. به‌ڵام که‌س حاڵی منی نه‌ده‌زانی. منێک که ده‌بووا له‌گه‌ڵ که‌سێک ببم به هاوسه‌ر که نه‌ک هه‌ر نه‌مده‌ناسی به‌ڵکو نه‌یشمده‌توانی خۆشم بوێت. قینم له خۆم و له هه‌رچی ژیان و ژن و ژنهێنانه هه‌ڵسابوو. به‌ڕاسی که بیرم له ژن ده‌کرده‌وه قیزم ده‌کرد. دڵم تێکده‌چوو.قه‌ت بیرم نه‌ده‌کرده‌وه که رۆژێک وام لێبێت که ناوی ژن و ژنهێنان دڵم تێکههڵبدات.
له دونیای دارووخاوی خۆمدا بووم که درگایان کرده‌وه. پوورم بانگی کردم. هه‌ستام و چوومه‌ده‌ره‌وه. به نیگه‌رانی و ترسه‌وه رووم له پوورم کرد و پرسیم: چێ بووه؟ چی ده‌ڵێت؟ وتی جارێ شتێکی وای نه‌وتوه. من به باشم زانی تۆش له‌وێ بیت و به گوێی خۆت قسه‌کانی ئه‌و ببیسیت و سبه‌ی رۆژ نه‌ڵێیت خه‌تای پوورم بووه.
به ناو ژووری دانیشتنه‌کاندا رۆیشتین. کچه‌که و دایکی و خوشکه‌کانم له ژووره‌که‌یتر دانیشتبوون. مه‌رحه‌بایی دایکیم کرد و به ناره‌حه‌تیه‌وه سه‌یرێکی ئه‌ویشم کرد که بڵێم ئه‌مه خه‌تای تۆیه. دانیشتین. رووم له زارا کرد و وتم تۆ چیت وتوه به باوکت که ئه‌و وه‌ها توڕه و توند بووه؟
به حاڵه‌تێکی پرسیاری و سه‌لبییه‌وه وتی: باوکم؟! من شتێکم نه‌وتوه. ته‌نیا پێم وتوه که ئیشێکی خۆم بووه و پرسیاری عه‌کسم لێکردوه.
که وای وت بڕێک ده‌رونم هێور و بووه‌وه و خۆم گرته‌وه. دایکی وتی ئه‌ی راستیه‌که‌ی چییه بۆ چوویت بۆ دوکان؟
ده‌ستی کرد به گریان و بڕێک بێده‌نگ بوو. پاشان سه‌ری هه‌ڵبڕی ووتی له‌به‌ر ئه‌وه چووم به‌ڵکو له ماڵی ئێوه رزگارم بێت. له‌به‌ر ئه‌وه چووم که تانه و سه‌رکۆنه‌م له‌کۆڵ بێته‌وه. چووم به‌ڵکو له سه‌رباربوون بێمه ده‌ر. ئه‌گینا ئه‌م، به‌سه‌ر ئاماژه‌ی بۆ من کرد، ئاگای له هیچ نه‌بووه و زۆریش به رێزه‌وه ئامۆژگاری کردم. من هیچ تاوانێک له‌سه‌ر ئه‌م نابینم. ده‌ستیشی له‌ده‌ستم نه‌که‌وتوه. وه‌ک برایه‌ک قسه‌ی له‌گه‌ڵم کردوه.
پاش ئه‌م قسانه پوورم رووی له دایکی زارا کرد و وتی که‌واته هه‌سته با بچین بۆ لای پیاوه‌کان و باسه‌که‌یان بۆ بگێڕینه‌وه. به‌ڵام دایکی زارا وتی وا باشتره هه‌ر بڵێین که هیچیان دڵیان پێکه‌وه نییه و پێوه‌ندیه‌که ته‌نیا بۆ پرسیاری عه‌کس بووه. ئه‌گینا حوسه‌ین هه‌ردووکمان له‌مال ده‌رده‌کات.
پاش بیستنی وه‌ڵامی زارا، هه‌رچه‌ند حوسه‌ین نه‌یده‌ویست که قبوڵی بکات به‌ڵام باسه‌که ئارام کرایه‌وه و مامم وتی: کاکه خۆ به زۆر نابێت، مه‌لاش بێنیت تا ئه‌و جووته رازی نه‌بن ئه‌م کاره ناکرێت. ئه‌گه‌ر کچه‌که‌ت ناوێت ئه‌وه شتێکیتره. کابرا که ئه‌مه‌ی بیست بڕێک ته‌ریق بووه‌وه و ئارامی گرت و وتی باشه با بچمه‌وه خۆم به گوێی خۆم لێی ببیسم . به خوا بێت‌و وا نه‌بوبێت هاڵیدهدڕم.
ئه‌وشه‌وه به‌م شێوه تێپه‌ڕی، به‌ڵام ترس و خه‌فه‌تی پێشوی دڵم جێگه‌ی خۆیان دا به به‌زه‌یی و پرسیار. ماوه‌یه‌ک پاش ئه‌وه ئه‌و ماڵه له حه‌وشه‌ی ماڵی پوورم گوێستیانه‌وه و رۆیشتن. پوورم ده‌یگوت پێم وابێت چونه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌شت. ئیتر باسی نه‌ما تاوه‌کو چه‌ند مانگ پاش ئه‌وه‌ش هه‌ر که باسی ژن و ژنهێنان ده‌بوو، ته‌نانه‌ت بۆ کهسانیتریش، دڵراوکێ و ترس به‌سه‌رمدا ده‌هات و حه‌زم نه‌ده‌کرد که‌س لهوباسانهم له‌گه‌ڵ بکات.. ماوه‌یه‌ک تێپه‌ڕیبوو، خه‌ریک بوو هێور ده‌بوومه‌وه و له‌بیرم ده‌چووه‌وه له پڕ رۆژێک کچێک خۆی کرد به دوکاندا و ناوی منی پرسی، که دڵنیا بووم خۆمم له جانتا ژنانه‌که‌ی شانی‌دا کاغه‌زێکی چوار لا کراوه‌ی ده‌ر هێنا و هاوکات که به ده‌ست به‌ره‌و من رایکێشا وتی: ئه‌م ئه‌مانه‌تیه بۆ ئێوه‌یه. پێش ئه‌وه‌ی من فریا بکه‌وم پرسیار بکه‌م چییه و کێ ناردویه‌تی، ئه‌و که هاوکات به‌ره‌و درگاکه وه‌رچه‌رخابوو خواحافیزی کرد و رۆیشت.
به سه‌رسوڕمانه‌وه کاغه‌زه‌که‌م تۆ تۆ کرده‌وه. که بینیم نێوه‌که‌ی نامه‌یه‌که و به‌م چه‌شنه ده‌ستی پێ‌کردبوو:
بۆ به‌ڕێز عه‌تا
له‌گه‌ڵ رێزم، له‌ناخی دڵمه‌وه داوای لێبوردن ده‌که‌م بۆ ئه‌و هه‌ڵایه که ئه‌و شه‌وه به هۆی هه‌ڵه‌ی منه‌وه بۆ تۆ هاته پێش. به‌ڵام ویستم به کورتی پێت بڵێم که کاک حوسه‌ین باوکی من نییه. باوکی من مامۆستای مه‌کته‌ب بوو. کاتێک من پێنج ساڵان بووم باوکم به تاوانی چالاکی سیاسی ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و پاش دوو ساڵ چاوه‌ڕوانی، له‌سێداره درا و ئیتر من قه‌ت نه‌مبینیه‌وه. پاش ئه‌و رووداوه من و دایکم به ته‌نیا ده‌ژیاین و جار و بار خاڵه‌کانم یارمه‌تیان ده‌داین. دایکیشم ئیشی ماڵانی ده‌کرد چون پاره‌ی مانگانهکهمانیان بڕی بوو. تا کاک حوسه‌ین هاته داواکاری دایکم و دایکیشم له ناچاری شوی پێ‌کرد. له‌ورۆژه‌وه ده‌بینم که دایکم له‌به‌ر من مه‌جبوره زۆر بۆڵه و هه‌ڕه‌شه‌و قسه‌ی ناخۆش و رووداوی له چه‌شنی ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش قبووڵ بکات. من هه‌ست ده‌که‌م سه‌رباری ژیانی ئه‌وانم و به ماننه‌وه‌ی من له‌وانه‌یه ژیانی دایکیشم توشی رووخان بێت. بۆیه کاتێک ئه‌م نامه ده‌گاته ده‌ستی ئێوه من باری قورسی سه‌رشانی دایکم و لوی به‌رچاوی کاک حوسه‌ینم لابردوه.
به هیوای رۆژگارێکی خۆش بۆ ئێوه/ زارا
دسه‌مبه‌ری 2011