ما 1716 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ یوسفی

دووڕیان بوو
بەدووبەرەکیدا کەوتین
دوودڵی سێوەکانی پێ لەتکردین
دونیا لێوڕێژە لە جادە و کەوش و...
کەوش؟

 

لە هەرەسی دەریا و دونیا

هاوڕێ یوسفی

ڕەنگە یەکەم کەسەم لە گومانەوە دەست پێ ئەکات

چما دونیا خەیانەتێکە لە گشت مرۆڤەکان ئەکرێ

بڕیار بوو دونیا باڵی مرۆڤەکان هەڵگرێ و

ڕێگە نەدات نوقتەکان هەرەس بێنن

بەڵێ... حەقیقەتی دونیابوو

(دونیا هەمیشە پەڕانتزێکی هیلاکە)

دونیا زەمینەیەکە بۆ غوربەت

(عەرزێکە ئاخری گشتمانە)

خانم پێویست بوو دونیا زەبوونترین کاکەشان بێت؟

دووڕیان بوو

بەدووبەرەکیدا کەوتین

دوودڵی سێوەکانی پێ لەتکردین

دونیا لێوڕێژە لە جادە و کەوش و...

کەوش؟

ئەرێ کەوش/ چ وشەیەکی ماندووە

هەر کەوش ئەندازەی دونیای لەبەر بوو

کەس لە قسەی کەوشەکان تێناگات

هەمیشە کەوشەکان دنیایان پێعەجیبە

تۆبێژی کەوشەکان تاقەتی کەویر بن؟

چ کات دونیا بیری لە کەویرەکانی کردۆتەوە کە کەوش لەخۆی؟

تۆ هیچ مەڵێ با کەویر هەر فێری سەبووریمان کات

با تەنیا کاروانەکان بزانن کەویر چەنێ تێرە لەخۆی

دونیا تاکوێ ئەگەڕێ؟

بڵێی ڕێگە بدات پەنجەرەیەک دیاری بکەین؟

پەنجەرەیەک بۆ بینینی ئەو کچانەی هیچکات نەیانزانی دوای ئەوان پیرتر ئەبین

ڕاستە دونیا دەریاوانێکە باوەڕی بە لەنگەر نەماوە؟

ئەرێ، قەت دەریامان پێوەنایەت

عەرز ئەزانێت مرۆڤەکان نرکەیان لێوە نایەت

(هەمیشە گشت گیانمان کەشتیە نەوەک ڕۆژێ لە دونیا و لە خۆماندا چەند نوقتەی تریش...)

خانم؟ بنووسم؟ چەند نوقتەی تریش بنووسم؟

بنووسم خاک حەشری پێکردین؟

خاک فێری جەنگی کردین؟

خۆ خاک هەمیشە پڕیەتی لە یادگار

یادگار؟

یادگار پێی وتین: (ئەوکاتەی ڕەنگی دونیا سارد ئەبێ

ژیان بەرەبەرە کامڵبوونی مردنە)

ڕۆڵە مناڵی درۆیەکی گەورەیە

دونیا ئێوارەیەکە

ئێوارەیەکی نارنجی

(نارنجیتر لەو ماڵانەی سەعاتێکیان نیە دیوارەکانی پێبسپێرن،

چاوێکیان نیە گریانێکی پێ بسپێرن)

هەمیشە گریان کاتی دابڕانی مرۆڤ بووە لەسەر زەمین

بۆیە دونیا شەوێکە هیچ ئەستێرە و ئۆستوورەیەکی تیا نییە بۆ دڵتەنگی

(ئاخ خوایە ئاخ، ئەم لاپەڕە چەنێ عەزیەتم ئەکا)

من ئێژم ئەنووسم / ئەشێ بنووسم

ناتوانم بنووسم / نازانم بنووسم

دەبێت بنووسم

هەموو شوێنێکی دونیا ماڵی کەوشەکانە

کەوشەکان بڕێکی دونیان

کەس سێحری کەوشەکان تێناگات

 دەی با بەکەوشەکاندا بزانین چەنێک دەریا و دونیامان بڕیوە

هەتا دونیا مەنفای هەموومان بێت

چی لە یادگار

چی لە دونیا

چی لە کەوش و کەویر

چی لە هەرەسی نوقتەکان...

ڕاستە جیهان ئاشووبێکە لەسەر ئاو؟

ئاو لە کوێی دونیادا ماتڵە؟

ئاو یانی بەرماڵ؟

دایکم ئێژێ: بەرماڵ ڕێگەی هەڵاتنی مرۆڤە لەسەر ئەم دونیایە

بەڵێ، دەریا هەموو شتێکی دونیا ئەخنکێنێت

ئاو بەتەنیا غەریبترین شتی سەر دونیایە

ئەرێ، ئاو نەهایەتی دونیایە

بۆیە؛ (لافاو بێباکترین هێرشە بۆسەر دونیا)

نۆبەرەی هەناسەکانی دونیا بەسەر ئێواراندا ئەکشێ

کە دونیا پڕبەدڵ بێتاقەتە لە ماڵەکان، لە مناڵەکان

خۆ وتم گەنجێتی گەمەیەکی تازەیە

خۆ وتم میوەکان بۆنی خۆیان نەهێناوە

گوناهی ئێمە نەبوون بوو

گوناهی ئێمە سەبووری بوو

بەڵێ: هەمیشە مرۆڤ پاشماوەی جەهەنەم و ئاوە

ساڵێکیان / مانگێکیان / ڕۆژێکیان

کوڕێک لە ئاو و دەریا و دونیا و جەهەنەمدا خنکا

ئەو کوڕەی پێشتر وتمان

(کوڕێکە خوماری مردنە)

لاسارترین گۆرانیی سەرزەمینە

بەڵێ، خۆ وتت:(حیکمەتی دونیا ژیانێکی هەراسانە)

باوکم ئێژێ:(هەمیشە دونیا جەبرێکە پڕیەتی لە "ئەشێ")

تکایە؛ چەند ساڵە وەیلانم

کوڕەکەی منتان نەدیوە لە شوێنێکی ئەم شیعرەدا مردبێت؟

 

بەخوا من و دایکی سەرمان لە دەریا و دونیا دەرناچێ.

Image result for skyld kunst

گەڕان بۆ بابەت