ما 1354 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

محەمەد تەها حوسێن

ئازادبوون بەر لەوەى کردەیەکى یا ئامانجێکى دەستەجەمعى گشتگیر بێ، پڕۆسێسێکى هزرى و پەروەردەیی تاکانەى درێژخایەنە و بە تێپەڕینى کات و قۆناغ بە قۆناغ کاریگەرى و نیشانەکانى لەسەر خودى کەسەکان دەبینرێنەوە، من پێموانیە کۆمەڵگەى ئازاد بە بێ تاکى ئازاد هەبێ.

 

فێربوون لە عەقڵى ناڕێک و پێکى ئێمەدا

محەمەد تەها حوسێن

فێربوون هەم هۆکارە و هەمیش ئامانج. ئەو کاتە هۆکارە کە کەس بیەوێ زیاتر بزانێ و زۆرتر لە زانیارى لە ماوەى ژیانى خۆى کۆکاتەوە. ئەو کاتەش ستراتیژە کەس بیەوێ ژیانێک بۆ خۆى بسازێنێ بەقەد ئەو مانایانە بێ کە خۆى داویەتە ئەو ژیانە.

فێربوون پڕۆسێسێکى نەوەستاوە، ئەو کاتە دەوەستێ کە کەس ژیانى کۆتایى پێدآ، لە کردەى فێربووندا سێنتەر و کەنار، یا ناوەند و چێوە، یا روونتر بڵێین فێرکەر و فێربوو دوو بوونەوەرى تا هەتایی لەو هەڵوێست و فینۆمینۆیەدا نین و نامێننەوە، فێرکەر تاهەتایە فێرکەر نیە هەمیشە خۆى بە پیرۆز تێبگات و پێیوابێ ئەوەش کە لێى فێر دەبێ تاهەتایە قوتابى ئەوە. کردەى فێربوون کارلێکێکى بەردەوامە لە نێوان تاکەکاندا و ئەوە هەڵوێستەکانن بۆ ماوەیەک و بە گوێرەى هەڵوێستەکە ناسنامەى فێرکەر بە کەسێک دەدەن و بۆ ماوەیەکیش بە فێربوو یا فێرخوازى دەدەن.

لە فێربووندا گۆڕانێک لە ڕەفتارى کەسێک کە دەیەوێ یا ویستوویەتى فێرى بابەتێکى تازە بێ روودەدات و دەردەکەوێ، ئەم گۆڕانە بەر لە هەر کەسێک خودى فێرخواز هەستى پێدەکا ئینجا فێرکار لە کردارێکى هەڵسەنگاندندا ئەم ڕاستیە کاتیەى بۆ دەردەکەوێ. مرۆڤ بە ئامادەباشیە جینیتیکیەکەى بۆ فێربوون گرەوى خۆى لە هەموو بوونەوەرە زیندووەکانى تر لەسەر زەوى بردەوە، ئەم ئامادەباشیە بۆ فێربوون لە مرۆڤدا نەبوایە، دەبوایە بە میکانیزمى تر و بژاردەى تر بەرگرى لە بوونە بیۆلۆژیکیەکەى خۆى کردبایە. فێربوون هەم بوونە هۆشمەندەکەى مرۆڤ دەپارێزێ و هەمیش بوونە بیۆلۆژیکیەکەى.

ئەگەر بۆ ماوەیەکى درێژ تاک ئەم ئامادەباشیە بۆماوەییە لە چالاکیى بوەستێنێت و کردەى فێربوون هیچى لە گۆڕانکارى نەچێتە سەر، ئەوا پڕۆسێسەکە وەک داینامیزم دەوەستێت و ئەوەى دەمێنێتەوە تەنها (خوو) ەو بەس، کەواتە فێربوون کردەیەکى سەرتاپاى بزۆز و نەوەستاوە و پەیوەستە بە هەناسەدان لە ڕووى بیۆلۆژیکیەوە و بە هوشیارى و پەیبردنیش لە ڕووى سایکۆلۆژیەوە، واتە تاک تا هەناسە بدات و بداتەوە و هەتاوەکو هۆشیشى مابێ و هەستیار بێ ئەوا بوارى فێربوونى هەر هەیە و ماوە.

تاک جگە لەوەى بوونێکە تا هەبێ دەبێ فێربێ شتێکى تر نیە لە چوارچێوەى بوون و نەبوون، دەبێ فێر بێ بخوات و بخواتەوە و بجولێ و بحەسێتەوە، پێکەنێ و بگرى، هەستێ و دانیشێ، قسە بکات و بێدەنگ بێ، خاوێن بێت و جوان دەرکەوێ، بیر بکاتەوە و خەیاڵ بکا، سەیرکات و بۆن بکا، چێژ ببات و ئازار بناسێتەوە، دەبێ فێر بێ بزانێ و پەى بە نەزانى خۆى بەرێ، فێربێ خواستەکانى خۆى بدرکێنێ و چۆن چۆنى دەیانگاتێ، فێرى ئەوە بێ بەرانبەرەکانى حەز و ئارەزوویان لە چیە و لە چیش بێتاقەت و کەیف ناساز دەبن. مرۆڤ دەبێ فێر بێ بە ڕێگاوە بڕوات چ پیادە بێ و چ سوار، سەرنج بداتە شت و سەرنجى خەڵک بۆ خۆى ڕاکێشێ. دەبێ فێر بێ چۆن لەگەڵ خۆى دەدوێت و چۆن چۆنیش لەگەڵ خەڵک، چۆن دەچێتە نێو دیبەیت و چۆنیش لێیدەردەچێ، چۆن ئەوەى دەیەوێ و دەیخوازێ و بیرى لێدەکاتەوە دەیڵێ یا دەینێرێ  و چۆن چۆنیش کۆنتڕۆڵى ئارامى دەکات تاوەکو هەرچى لەبەرانبەرەکانیەوە دەردەچێ لێیان حاڵى بێ.

دەبێ فێرى نووسین و وێنەکێشانى پیتەکان بێ بۆ ئەوەى بخوێنێتەوە و بناسێتەوە، بۆ ئەوەى حەز و ویست و مەیل و دواتر هزرى خۆى بکاتە پیت و دواتر وشە و پاشان لە ڕستەى تەواو و هاوسەنگدا دەنگ و قسەیان لێ درووست بکا، بۆ ئەوەى وێنەى بیرکردنەوەکانى خۆى لە پڕۆسێسێکى سیمبولیزەکردندا بگوازێتەوە سەر کاغەز و شاشە و جوان و جوانتر دەرکەوێ. بۆ ئەوەى وێنەى بیرکردنەوەکانى خۆى لە کردەیەکى ڕووبەڕووى دەنگییدا بۆ بەرانبەر بنێرێت و جوانترین و ماقولترین نامەیان لێ بسازێنێ.

فێربوونى نووسین و خوێندنەوە هەر بۆ ئەوە نیە تابلۆکانى سەرشەقام و نامەى نێرەرەکانى پێ بخوێنیتەوە و بزانى چین و چیان دەوێ، فێربوونى نووسین و خوێندنەوە بۆ ئەوەیە بیرکردنەوەکان لەبەر دەم و چاو و گوێکان بگوازرێنەوە دوورترین شوێن و زەمەن و بە هاناى بیرکەرەوە بچن تا ناکۆتاکان لە گەردوون. فێربوون بۆ ئەوە نیە وەک باوکمان بخۆین و وەک ئەو بخەوین و بخۆینەوە و بچینە زیندە خەون و خەیاڵەوە، بۆ ئەوە نیە وەک ئەو یا هەر کەسێکى دیکە لە دەورمان بجولێین و بجولێینەوە، بۆ ئەوە نیە لەسەر هەمان ئاوازەکان بخوێنین و بڵێینەوە، خۆ ئێمە قاز و قورنگ و مراوى و لەقلەق نین تا ئەبەد لە کوێستانەوە بۆ گەرمێن و لە گەرمێنەوە بۆ کوێستانان بچین و بگەڕێینەوە، پشیلە نین تا ئەبەد بمیاوێنین و بۆسە لە مشک دانێینەوە، گورگ نین تا ماوین تاو بدەینە ڕانە مەڕ و بزنان و نیوەیان لێ کەت و پەت کەین و هەر بایی سکى خۆشمان بخۆین.

تەیرو تواڵ نین هەر یەک جۆرە دەنگمان لێ بێتە دەر و لەویش زیاتر هیچى تر نەزانین، گوێدرێژ نین هەر لە سێچوار وشە تێبگەین و تەنها پڕمە پڕم لە لێومان و زەڕە زەڕ لە دەممانەوە دەرچێ، و... تاد.

ئێمە مرۆڤین بۆ ئەوە ئامادەین فێربین و نەزانراوەکان بزانین، هەر کەسەمان خۆمان بین و پەى بە خۆیەکانى تر بەرین، خۆمان بناسین و تواناکانمان بپشکنین و بزانین چەندمان لەباردایە و تا چەندیش توانامان هەیە فێربین، تواناکانمان تا چەند بڕ دەکەن و بۆچى باشن و دەگونجێن. دەبێ فێربین پەرە بە توانا هزرى و جەستەییەکانى خۆمان بدەین و پەى بە زەمەن وەک گۆڕاوێکى هەمیشەیى و شوێنیش وەک گۆڕاوێکى هەمیشەیی تر بەرین، پێویستە فێرى ئەوە بین کات و شوێن دوو ڕەهەندى جیانەبووەوە بن لە یەکتر و لە خۆمان و هەمیشە و لەهەر دەرکەتنێکمان و لەهەر بەرکەوتنێکمانیشدا بەردەوام بە تازەیى دەرکەون و شت و شێوازەکانمان لە دیاردەى تردا بۆ بنەخشێنن.

مرۆڤ دەبێ فێرى ئازادى بێ وەک یەکەم وانە لە ژیانیدا، ژیانکردن مەرجى ئازادى لەگەڵدایە، ژیان پڕۆسێسێکى زۆر تایبەت و تاکانەیە، هەرکەسەمان لەخۆماندا دەژین و بۆ خۆشمان دەژین و ژیانیشمان پەیوەستە بە ژیانى ئەوانى تر ڕێک وەک خۆمان، ژیان کردەیەکى درێژخایەنە و دەبێ فێرى بین، دەبێ کەسانى تر لەسەر ئەوە ڕابێنین کە بژین و ڕێزى ژیانى خۆیان و کەسانى تر بگرن و بزانن.

فێربوونى ئازادى تەنها درووشمێکى شۆڕشگێڕانەى نەریتیانە نیە و سنوورەکانى لە گەرمکردنى مەجلیسى قسە و گوتارە حەماسیە شۆڕشگێڕیەکان دەرنەچێ، ئازادى وەک وانە و وەک پڕۆگرام و وەک ئامانجى کورتخایەن و درێژخایەن لە سیستمى پەروەردەیى و کۆمەڵایەتى و کولتوریماندا دەبێ ڕەنگ و دەنگ بداتەوە، دەبێ تاکەکان فێرى ئەوە بن هۆشیار بن بە ئازادى خۆیان، لەکوێ یا چ کاتێ مەترسى هاتە سەر سنوورەکانى ئازادییان پەى پێبەرن و دەستنیشانى کەن و ڕایگەیەنن.

ئازادبوون بەر لەوەى کردەیەکى یا ئامانجێکى دەستەجەمعى گشتگیر بێ، پڕۆسێسێکى هزرى و پەروەردەیی تاکانەى درێژخایەنە و بە تێپەڕینى کات و قۆناغ بە قۆناغ کاریگەرى و نیشانەکانى لەسەر خودى کەسەکان دەبینرێنەوە، من پێموانیە کۆمەڵگەى ئازاد بە بێ تاکى ئازاد هەبێ، یا تاکى ئازاد هەبێت و کۆمەڵگەکەشى نائازاد بێ، ئەم دوانەیە بەیەکەوە جەدەلیەت و داینامیزمێکى هاوسەنگ و هەندێ جاریش لاسەنگ پێکدەهێنن، لاسەنگیەکەى ئەوەیە ئازادى لە پێتەرازوویەکیاندا بارى شڕ و لەنگ بێت، بەڵام هاوسەنگیەکەى ئەوەیە چ تاک چ کۆ لە دۆخێکى ئازادیدا بیبەنە سەر و هەردوو جەستەکە(تاک و کۆ) بۆ یەکتر و لەنێو یەکتر و لەگەڵ یەکتر هەڵسوڕێن. جیا لەوە بابەتێک نیە ناوى ئازادى بێت و ئەوەى هەیە تەنها لە چوارچێوەى جوانکاریەکانى گوتارە و بەس و نەپەڕیوەتەوە بەرى ڕەفتار و هەڵسوکەوتەوە.

دەبێ فێرى ئەوە بین کە ئازادى لە سیستمدا فەراهەم دەبێت، من وەک کەسانێکى بیرکەرەوەى پەراوێزنشین پێموانیە ئازادى تەنها لە دەرەوەى سیستم و چاودێریەوە دێتە دى، چاودێرى و سیستماتیزەکردنى ژیان دەبێ بۆ ئەوە بێ تا ماوین وەک مرۆڤ، وەک بوونێکى هوشیار و عاقڵ ڕێز لە ئازادى بگرین و ئەم سەروەریە کە لەسەرووى هەموو سەروەریەکانى ترە بپارێزین و هەرچى هەیە لە خوارەوەى ئەوە و لە پێناوى بە سەروەرى هێشتنەوەى ئەوە.

ئازادى هزر و پەیوەستە بە گەشەکردنى هزرى مرۆڤ و کۆمەڵگەکەیەوە، نەشونماکردنى هزر کەش و فەزاى ئازاد دێنێتە ئارا و دواتر لە ئازادیشدا ئازادى تادێ هێز وەردەگرێت و سەرتاپاى بوونى تاک بوونێکى سەربەخۆ و ئازاد و ساغ و تەن و دەرووندرووست دەبێ. من پێموایە هیچ کۆمەڵگەیەک نەیتوانیوە ئەو وێنە جوانانەى بۆ ئازادى لە نێو هزر و زەینى بیرمەند و گەورە هزرواناندا هەبووە وەک خۆى لەسەر زەوى بنەخشێنێتەوە، تا ئاستێکى زۆر لە دواى دووەم جەنگى جیهانى چەند وڵات و کۆمەڵگەیەک تابلۆى جیاجیایان بۆ ئازادى تاک و کۆمەڵگەکانى خۆیان نەخشاند، بەڵام هەر نەگەیشتنە ئەو وێنە ئینسانیە باڵایانەى ڕێچکە و قوتابخانە فیکرى و فەلسەفیەکان پێیانوابوو دێنە دى ئەگەر هەلومەرجە لەگەڵ یەکگونجاوەکانیان بۆ بێتە دى.

 

لە کۆمەڵگەى خۆشمان ئەم وێنانە هەر لەسەر کاغەزەکان ماونەتەوە و نەپەڕیونەتەوە مێشکى دەسەڵات بەدەست و جڵەو بە دەستەکان. ئەم هزرە پێویستى بە پەروەردە و فێرکردنێکى لە سیستم داڕێژراو هەیە و هەروا بە گۆترە نایەتە دى.

 Image result for læring

گەڕان بۆ بابەت