ما 1396 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسول سەفەریانی

رێک سەر لە بەیانی ئەو رۆژەی وا ئەو هەستە رووی تێکردم زۆر بە دڵنیایی لەوەی کە دەبێت شتێک رووی دابێت، هەر کە هەستام لە خەو خیرا لە هەموو پەنجەرەکانی پشت و لاشانی چەپی ماڵەکەوە سەیری دەرۆم کرد. کیسە خۆڵەکە سەرنجی بۆ لای خۆی راکێشام. وەک نیشانەی روودانێک یان رووداوێک خۆی دەنواند.

 

کیسەی خۆڵەکە

رەسول سەفەریانی

هەموو شتێک بە دەور کیسەی خۆڵەکەدا دەسوڕیتەوە. ئەم کیسە خۆڵە بووەتە کەعبە و رووداوەکانی تر بەدەوریا بێ وچان و بە بێ ئامانج و دەسکەوتێک دەسوڕێنەوە. رەنگە لاتان سەیر بێت، بەڵام لەسەرەتا و کاتی دروستبوونی ئەم کیسە خۆڵە دا مەبەست و ئامانجێک جگە لەوەی وەک تورەکەی زبڵ بڕێک خۆڵی تیا کۆ بێتەوە لە پشتیا نەبوو. قەراربوو بە زووترین کات فڕێ بدرێت. سەرەتاکانی پاییزی رابردوو بۆ ئامادەبوون و بەرەو پیری زستان چوون رۆژێک پەیژە ئالۆمینیۆمییەکەم هێنا و نام بە گوێسەوانی بانەکەوە و پێیدا سەرکەوتم. لە بەر ئەوەی زۆر رەپ و راست بوو بڕێک لەرەی دەکرد و یەکەم پیاسەرکەوتنی ترسناک دەهاتە بەرچاو، بەڵام دواتر ترسم رژا و بە بێ گوێدانە لەق و لۆق بوونی تا دوا پلیکانی پێیدا سەردەکەوتم. یەکە یەکە  پلوسکەکانی ژێر گوێسەوانە سوفاڵییەکەم لە خۆڵی هەڵوەریوی سوفاڵی بانەکە و گەڵای وشک و هاوردەکراوی دەم بای دارەکانی جەنگەڵەکەی پەنامان خاوێن کردەوە. سەرەتا خۆڵەکەم فڕێدا خوارەوە، پاشان کە خاوێنکردنەوەی پلوسکەکان کۆتایی هات، هەموو خۆڵەکەم کۆکردەوە وکردمە نێو، وەک کوردی باشور دەڵێت، عەلاکەیێکەو و ئەم کیسە خۆڵەی لێ دروست بوو کە ئێستا بووەتە کەسایەتی و قارەمانی چیرۆکەکەمان.

کاتێک پۆلیسەکان پاش پشکنین و سوڕخواردن بەدەور ماڵەکەدا روویان کردە من، وەک یەکەم قسە یەکێکیان پرسیاری کرد:

ـ "ئەو کیسە چی تێدایەو بۆ لەوێدا دانراوە؟"

بەم پرسیارە مێشکم وەک دەریای تۆفان گەستە شڵەژا و، منیش وەک مەلەوانێکی ماندوو و تاساو تێیکەوتم. هەر خیرا بە خۆمم وت دەک داوشێیت بۆ کارت. ئێستا دەبێ چی بڵێم. بۆچی لام نەبرد. هەرچی بێت ئەمە پێوەندی بە باسەکەوە هەیە. بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن من ئەو نیشانانەم پشت گوێ خست، چۆن بە کەمتەرخەمی رێگام بۆ رووداوێک خۆشکرد کە دەکرا بە ئاسانی و بە سەرنج بۆ نیشانەکانی پێش روودانی، بەری پێ بگریت. ئێستا ئیتر لەلای من گرینگ نەبوو کە پۆلیس چی بڵێت لە بەرانبەر وەڵامەکەی مندا. دەمزانی چیم پێ دەڵێن، چون پێش رووداوەکە من خۆم هەستم بەوە کردبوو کە کەسێک ئەو کیسە خۆڵەی لە شوێنەکەی خۆی گواستبوەوە بۆ چەند هەنگاو ئەولاترەوە. من خۆم ئەوەم لە ماڵەوە باسکردبوو، بەڵام ئەو شتە لەلای ئەوان زۆر بێ بایەخ بوو. ئەوان لایان وابوو من بڕێک زیادی موو لە ماست دەکێشمەوە و زۆر حەساسییەت بەرانبەر بە شتی بێ بایەخ و ئاسایی پیشان دەدەم. لای ئەوان ئاسایی بوو یان لانیکەم سەیر نەبوو کە کیسەی خۆڵێک کە ماوەی چەند مانگی پاییز و زستان لە سەر  لێواری بەردینی روو لە جەنگەڵەکەی حەوشەی پشتەوە دانرابوو، جولابێت و کەسێک ئەوەی گواستبێتەوە بۆ چەند متر ئەولاترەوە و رێک لە ناوەڕاستی چەمەنەکە فڕێیان دابێت، یان باشترە بڵێم دایاننابێت. ئەویش لە کوێ؟ لە وڵاتی سوێد کە درگای ماڵەکەیشت دانەخەیت کەس سەیری نێو ماڵەکەیشت ناکات، چ بگاتە ئەوەی دەست بدەن لە شتومەکی بەردرگاکەت. ئێستاشی لەگەڵ بێت هێشتا شوێنە سپییەکەی جێگەی کیسەکە وا لە نێوان چەمەنەکەدا دایخستبوو، هەر ماوە و گیا پڕینەکردووەتەوە.

رێک سەر لە بەیانی ئەو رۆژەی وا ئەو هەستە رووی تێکردم زۆر بە دڵنیایی لەوەی کە دەبێت شتێک رووی دابێت، هەر کە هەستام لە خەو خیرا لە هەموو پەنجەرەکانی پشت و لاشانی چەپی ماڵەکەوە سەیری دەرۆم کرد. کیسە خۆڵەکە سەرنجی بۆ لای خۆی راکێشام. وەک نیشانەی روودانێک یان رووداوێک خۆی دەنواند. دەمزانی کەس یان کەسانێک ئەو کیسەیان گواستوەتەوە، بەڵام بۆچی؟ بۆ وەڵامەکەی چەند تئوری یان ئەگەرم هەبوو. یەکەم ئەوەی ئەو کەسانەی وا هەستەکەم لە هاتنیان ئاگاداری کردبوومەوە بۆ مەبەستێک دەستیان تێداوە و گواستویانەتەوە. هەر کە گواستنەوەی تورەکەی خۆڵەکم بینی، ئیمانم بە هەستەکەم پتەوتر بوو. چووم بۆلای خێزانەکەم و باسی گواستنەوەی تورەکەی خۆڵەکەم بۆکرد. ئەو کە وادەچوو هەر تورەکەی خۆڵەکەیشی قەت نەبینیبوو، یان باشترە بڵێم قەت سەرنجیشی نەدابوو، وتی:

ـ "کوڕە باشە بەسیکە ئەڵێی شێخی و قسە لە کەرامات و کەشفیاتت دەکەی، یان دەتەوێت وەک فیلمە پۆلیسییەکان کاراگا بازی دەربێنی! تورەکەی خۆل دەبێ چی بێت کەسێک هەڵیگرێت و تەنیا چەند متر بیگوێزێتەوە. ئەوە لەوانەیە کاری ئەو مناڵانەی گەڕەک بێت. من دەیانبینم کە دێن و دەچن و یاری دەکەن."

هەر چەند من لە لای خۆم تێگەیشتنێکی ترم هەبوو بۆ شتەکە و وەها سوک و ئاسان نەمدەبینی، بەڵام نەموێرا زۆری لەسر بڕۆم. رەنگە بە شێوەیێکیش دەمویست ئەو نەرمە ترسەی کە بە گومان و بۆچوونەکانی خۆم لەلام دروست ببوو، بیڕەوێنمەوە. دەمویست بەزۆر دڵم رازی بکەم کە خێزانەکەم راست دەکات و مناڵان ئەو کیسەی خۆڵەیان گواستوەتەوە، بەڵام جار جار وردە گومانێک ئەم نەمامی بروای دەلەرزان و هانیدەدام کە ئەمە کاری مناڵ نییە. تورەکەی قورسی خۆڵ بۆچ دەبێ مناڵ بیبزوێنێت و رێک لەو نێوەڕاستە، لە نێو ئەو چەمەنە تازە ژیاوەی پاش زستان، فڕێی بدات. بەڵام نەمام لە یەک دوو ڕۆژدا وەها بنکی کرد کە ئیتر بای وردە گومان نەیدەشەکاند. ئیتر فکری کیسە خۆڵ تەنیا جاروبار و لە کاتی بێکاریدا وەک ئەسپێکی چالاک بە گۆڕەپانی زەینمدا تێدەپەڕی، ئەویش لەبەر ئەوەی پێم پێنەکەنن و گاڵتە بە وەسواسییەکەم نەکەن و پێم نەڵێن، شێخ کەرامات بەسە، نەمدەوێرا لای کەس بیدرکێنم. دێزە بە دەرخۆنەم کرد و کەوتمە ژیانی عادی و سەرقاڵ بووم بە وەرزش و کار و میوانداری و میوانی چوونەوە. تەنیا کەمتر لە یەک حەوتو لە هەستە توند و سەیرەکەی من و رووداوی کیسەکە تێپەڕیبوو کە لە سەر بانگهێشتێکی پێشتر پلان بۆدارێژراوی هاوڕێیکمان، دەبووا ئێوارەی رۆژی شەممەی ئەو حەوتوە بچوایەتین بۆ جەژنی لەدایکبوونی کچەکەی.

رۆژیی جەژنەکە پاش نانخواردنی نیوەڕۆ لەگەڵ وریای خزممان دانیشتبووین و چاوەڕێی ئامادە بوونی خێزانی ماڵ بووین. کات بەرەو ئێوارە دەڕۆشت و رۆژە رەنگ هەلبروسکاوەکەی دوارۆژانی زستانی سکاندیناویوم بە خێرایی دونیای تەسلیمی دەسەڵاتی رەشی تاریکی دەکرد. ئێمەش لەبەر ئاسانکردنەوەی ماوەی درێژی چاوەڕوانی چەند بیرەیێکمان خواردەوە. سەرخۆش و خۆشحاڵ لەوەش کە بۆ یەکەم جار دەچم بۆ جەژنێک و بێ خەمی ماشین لێخوڕینم. ئەم ئەرکە سپێردرابوو بە هاوسەرەکەم کە لەم دوایانەدا مۆڵەتی لێخوڕینی وەرگرتبوو.

کاتژمێر نزیک شەشی ئێوارە هاوسەرەکەم  ئامادەبوونی خۆی راگەیاند. منیش خێرا جلەکانم لەبەر کرد و بەرەو درگا رێکەوتم. پێش رۆیشتن هاوکات کە خەریکی لەپێکردنی پێڵاوە چەرمییەکەی تایبەتی جەژن و شایی بووم، روومکردە وریا و وتم تۆ چ دەکەی؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی دەچمەوە بۆ ماڵی خۆمان. ئیتر منیش بە هۆی سەرخۆشییەوە سەیر و سەرنجی هیچ شتێکم نەدا و هەر خێرا لەگەڵ هاوسەرەکەم ماڵمان جێ هێشت و بەرەو لای ماشینەکە وەڕێ کەوتین. ئێمە سوار بووین و وریاش لێمان جودابووەوە و بەرەو ماڵی خۆیان وەڕێکەوت. منیش وەک فەرماندەیێک لە کورسی بەرەوەی پەنای شۆفێرەکە دانیشتم و ئەمرم کرد لێخوڕە با بڕۆین زۆر درەنگ کەوتووین.

 لە سەرەتا و دەسپێکی جەژنەوەکەوە لە خۆشی ئەوەی کە ئەرکی لێخورینم لەسەر نییە، دەستم کرد بە خواردنەوە. هاوکات ئەرکی وێنەگرتنی جەژنەکەیشم بەڕێوە دەبرد. پاش نانخواردنی شەو جەژنەکە وەک بڵێسەی ئاگری نەورۆز گەیشتبووە لوتکە و هۆڵەکە بە هەڵپەڕینی میوانان دەلەرزی و دەنگی موسیقا و گۆرانی گوێی هۆڵی کپ کردبوو. منیش لەسەر داوای هاوڕێکەم خەریکی وێنەگرتن بووم کە دەستێک دایبەسەر شانمدا. رووم وەرگێڕا بینیم هاوسەرەکەمە. زۆر پەشۆکاو و رەنگ هەڵبروسقاو بوو. ئەو رواڵەتە شڵەژاوەی ئەو بەس بوو تا لە چەند چرکەدا ترسێک وەک تەشتێک ئاوی سارد بملەرزێنێت. خێرا بۆ بیستنی قسەکانی لە ناو ئەو هەرا و بەزم و موسیقا بەرزەدا گوێم بردە بەر دەمی بۆ ژنەفتنی هۆی نیگەرانییەکەی، سەری هێنا بەرەوە و بە دەنگی هاواری کرد کە خێرا بڕۆینەوە. بەپەلە دەستیم گرت و چووینە شوێنێکی ئارامتر. باسەکەی بۆ گێڕامەوە. وتی کوڕەکەمان تێلی بۆ کردووە و هەواڵەکەی پێ راگەیاندوە.

کە گەیشتینە ماڵەوە پۆلیس پێش ئێمە هاتبوون و خەریکی پشکنینی ماڵەکە و دەوروبەری بوون. کە لە پشکنین و گەڕانەکان بوونەوە، هاتن بۆلامان. وەک یەکەم قسە وتیان ئەو کیسە چی تێدایە وا لەو نێوەراستەدا دانراوە. وتم ئەوە خۆڵی نێو پلوسکەکانە و دامنابوو فڕێیدەم. بەڵام ئەوە لەم چەند رۆژەدا لە شوێنەکەی خۆی بزواندبوویان و لەسەر ئەو چەمەندەدا رێک لەو ناوەڕاستەدا فڕێیان داوە.

پۆلیس وتی ئەوە گروپێک لە دزەکان پێشتر دێن بۆ تاقیکردنەوە و ناسینی شوێن و ماڵەکە. پاشان بۆ دیاریکردنی ماڵەکە بۆ هاوڕێکانیان ئەو کیسەیان بردوە لە سەر ئەو چەمەنە دایانناوە بۆ ئەوەی دوواتر کە دێن ماڵەکەیان لێ تێک نەچێت. ئەوان پێشتر زانیویانە کە ئێوە قەرارە  بچن بۆ ئەو جەژنە.

پۆلیسەکان پاش رێنوێنی و دانانی رەقەم تێلی خۆیان خواحافیزیان کرد و رۆیشتن. هەر کە ئەوان رۆیشتن بە بێ ئەوەی من هیچ بڵێم خێزانەکەم و کوڕەکەم وتیان شێخ کەرامەتی راست بوو، بەڵام حەیف کەس بڕوای بە شێخی عاقل نییە!

 

 Image result for søppelpose i hagen

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت