ما 8872 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

ماسیی حەوز
دۆلفینی ڕووبار
نەهەنگی دەریا
ئەختەبووتی ئۆقیانووس
ئیرەیییان بۆ یەک تاوی سەندووە

 

هەڵاتن لە گۆرانی

سەباح ڕەنجدەر

                                                                  بۆ فەتانەى وەلیدى 

 

لە ڕێی گۆرانی گەڕامەوە ماڵی ئاسوودەیی و پێروو و حەوتەوانە داگیرسان

شانەی هەنگوین و قۆزاخەی ئاوریشم بانگهێشتیان کردم

چۆنم نیاز بوو ئاوها دواندمیان

پەنجەم لە پێڵووی پێغەمبەر خشاند و چاوم لەسەر جوانی هەڵنەگرت 

لە جۆشى بێباکى ژیان پەیمانی دڵنیایییە

نێرگز لە پەرداخە ئاوی ناو ماڵیش گەشە دەکات

خوناو چەند بێ بەزەیی و پڕ ئیرەیییە

تا نیوەڕۆ نامێنێتەوە

بەیەکەوە نوێژێک بکەین و دروود بۆ هەستیاریی زەوی بخوێنین

مرۆڤ سرووش و چاوی یادی زەوییە

لە ناوەندی خوان دادەندرێ

دەمەوێ گوێت لێ ڕابگرم ئەی ئیرەیی

بزانم بۆ بەرانبەر پەنجەرەیەکی دووڕوو داماویت

دەستیشت بە خۆتدا شۆڕ کردووەتەوە

لێکدانەوەت بۆ

هەڵەی مەرگ و

کووژەکەی شین و

نەمریی و

زیندووبوونەوە چییە

کەڵەکێوی لەگەڵ سووڕانەوەی هەر ساڵێک

قەفێک لە شاخی بەرز دەبێتەوە و مووی دەوەرێ

سمیشی زەوی زیاتر داگیر دەکات

بە دوودڵی سمی ناجووڵێنێ

بەڵام کاروانچی و ڕێگا بڕوایان پێی نییە

حیکمەتی چوونە تەمەن لە چیدا ڕوون دەبێتەوە

لکە دارێک بەو دیوارە دابکوتە

کە هەتاو گەرمی کردووەتەوە

کڵاوی سەر و

ملپێچی مل و

قایشی پشت و

پێستی ناختی پێ هەڵواسە

زمانت دەبێتەوە

زەویش لە یادەوەرییدا ئەم یادگارییەت تۆمار دەکات

یادەوەریی زەوی نهێنی ئاگرە

لە یەکەمین پرشەیدا سروشت خۆی ڕازاندەوە و ژیان دەستی پێ کرد

تریفەی مانگ بەسەر گەڵای درەختەوە جوانترە

لەوەی لەناو گۆلاو بەرچینچکەی مردن بیگرێ

سییەکانی درەخت بای سەرمانگی لێ دەکەوێت

ئەرێ ئەستێرە بۆ لە دەوری مانگدا

تاجی درەوشانەوە لەسەری خۆی دادەگرێت و لە لا پەنای دەدا

نایەوێ ڕوخساری ببیندرێ

ئانیشکت لەسەر ئەژنۆت دانێ و قەفی زنجیری کاتژمێرت بژمێرە

تەماشای بەرزبوونەوەی دوعای سپی بکە

داوێک لە برژانگی فڕیوت بخە مەترسییەوە

خەیاڵ ببەوە ناو هەستیاریی زەوی

لایلایەی دایک

لاوکی باوک

داستان و چیرۆکی باپیرە و داپیرە ئاڵای دەستی ئێمەن

دەتوانیت لە سێبەری ئاڵادا زیاد لە زەردەپەڕ بڕوانی

لەگەڵ گۆرانیش یاریی خلیسکێنە بکەیت

ماسیی حەوز

دۆلفینی ڕووبار

نەهەنگی دەریا

ئەختەبووتی ئۆقیانووس

ئیرەیییان بۆ یەک تاوی سەندووە

چاوی قڕژاڵیش لە ڕوونیدا جاڕسکەرە

وەک مریشکێکی کڕ

تەواوی هێلکەکانی پیس کردبێت

خانمی ماڵ بە بێزارییەوە دانەوێڵەی بۆ ڕووکات

ترسێک هەناوی هەڵدەکۆڵێ

بای سەر ئاو هەڵی کرد

بە هەموو خانەی لەشم هەست بەهەڵکردنی دەکەم

سووڕی ئیرەییی کورتە و گیانی وەنەوز دەدات

ڕەنجی سەرکێشیش

چاو و

باڵ و

یادگاری و

تاسە

لە خانەی لەشی زەوی دەچێنێ

تەورات لە زمانی مووساوە

ئینجیل لە زمانی عیساوە

قورئان لە زمانی محەمەدەوە

زمان ئێسکی تێدا نییە

شیعریش بە تەنیا و لەگەڵ مندا ڕەگی ویژدان هەڵمژیوی

پیت و

وشە و

ڕستە

بوارم بدەن

لە گڕوگاڵی

گۆپکە و

شکۆفەی باخچەی ڕەنج و

ئەفسانە و

دڵ

فێری نازپەروەری ببم و ئەستێرەی گەڕۆک بناسم

جۆگەلەی ئاخاوتن بە پێشماندا تێ دەپەڕێ

زمانمان ناسک و دڵمان وریا دەکاتەوە

سروشتی دان بەخۆداگرتوو

بێ دڵیم مەکە و هەستێک لە ناوەوەم گەشە پێ بدە

لە خەیاڵێکی سوورهەڵگەڕاو

کە پردی ئومێد دەخوڵقێنێت

دوورتر لەوەی

لە بەرزی و نزمیی چاو بەدەرکەوێ

خانە خانە لەشی سروشت خۆی دەگۆڕێ

ئەوە هێزی زیندووبوونەوەی سروشتە

منی کردووە بە نەوەی گۆرانیبێژ

دەنگ و ئاواز لە لێکدانی شەپۆل دەبیستم

بیستن لێم دەبێتە مێژوو

نوێژی سەر مردووم بیر دەهێنێتەوە

بای سارد لە دەموچاوی دام

دڵم گیرا

دەست و پلم ڕاوەشاند

تاسە و مووچڕک بەری دام

چاوم بەسەر ئەمسەر و ئەوسەری هێڵێکدا نیشتەوە

ڕستەیەکی ئەزەلی

بێ پەروا و پڕ ئاوات دای گیرساند

دڵی کەفوکوڵداری پیت و وشە دەداتەوە

بە ئاواتەوەیە

پەپوولەسلێمانە دەنووک لە ئاوی بن کووپە بنێ

بۆ تاهەتایە بە دەنگ و ئاوازەوە چینە بکات

وا ڕاهاتووە بڕوانێتە

دەنووکی تەڕ و دڵی گەرمی چرایەک

هەتاو لە هێلانەی قەتێ دەترووکێ

ئەو ژن و پیاوەی لەسەر پردڕا

تەماشای ڕووباری ژێریان دەکەن

مەستن لە ڕووناکیی گڵۆپی ناو ئاو

ماسییش لەناو ڕووناکیدا

کلکیان هەڵدەدەن و سەرنج لەو ژن و پیاوە دەگرن

لەسەر پردەکەدا لەناو دەموچاوی یەکتر مەستن

تاسە و مووچڕک بەری نەداون

نەرم و نیانیی چاویان هێز لە شکۆی چاوی ماسی وەردەگرێت

ماسیگرەیەک باڵی بەرز کردەوە

دڵنیایی تەنیا لە دەموچاوی مەستدا تەواو ئارامە

قسەی ماسیگرە هی دڵی خۆیەتی و هی کەسی داخ لە دڵ و ئاژاوەگێڕ نییە

پەڵە خوێنێکی وشک بەناوچەوانمەوە نووساوە

تێکەڵ بەماسوولکەم دەبێت

لە لێومەوە دەبێتە خاڵێکی مۆر

وریاییی دڵ ناهێڵێت خەونی ورچی تەپ و حۆل ببینم

لە خەونمدا بینیم

لێو و

شمشاڵ و

نیگا و

هێڵی ئەشق مردوون

لە پڕمەی گریانم دا و چاو سوور و دەم وشک لە خەو ڕاپەڕیم

کوڕ و کیژەکانم توانییان

دەست لە فرمێسکم بدەن

ئاخر خۆ بڕیار نەبوو هەموو شتێک کتوپڕ ڕوو بدات

ئەو جێوبانەی لەناوی ڕاپەڕیم

هێشتان گەرمە و ئاهی نائومێدی لە خۆیدا دەکاتە خەونێکی چاو هەڵاتوو 

بە نیازی بینین پێ لەناو گۆلی خوێندا ناجووڵێ

پاش خەون بینینێک ناکۆکییەکانی نێوان ژیان و مردن کۆتایی دێ

هەڵێ

بە تەواوی هێزی پێ لە گۆرانی هەڵێ

ئەو ڕۆژەی تۆ هەڵدێی

کووچە و کۆڵان و شار چی بەسەر دێت

ئەدی ئاسمان چی بە زەمین ڕادەگەیەنێ

سەیرکە ئەو گۆرانیبێژە دەڵێی مۆسیقارێکی کوشتووە

سەرەتا تەنیا ئاوازی گۆرانیی ئاسوودەیی

وشەی خودا بوون و ئێمەیان دەلاواندەوە

ئەرێ ڕەشەبای داخ لەدڵ

ئاوازی گۆرانیی ئاسوودەیی دەگوازێتەوە

کوێرەڕێگایەک بە قەراغی دۆڵێکی هەزار بەهەزاردا درێژ دەبێتەوە

دەگات بەباخێکی هەڵووژە و کونی گورگێک

مێژوو ئەی بووکە مەیموونی گەردوون

مێروولە دەنکەگەنمی بەدەمەوە بێت

ڕووناکییەکی پڕ ڕەنگ دەکەوێتە سەر ڕووی زەوی

هەستیاریی زەوی کۆشکی گیانبازی مێروولەیە

لە دەروونمەوە ئاگرێکی بەجۆش و ئاشنا گەرمم دەکاتەوە

باڵی هەڵۆیەک خۆی لە دەستی ڕاستم خشاند

بەختیار بووم

کڵاو و

بالیف و

لێواری کەشتیی گەشت و

ساباتم

دەبنە هێز لە پەڕی هەڵۆ

لەناو دڵبەرزیی ئەو پەڕەدا

کورتی و درێژیی سێبەرم ناسی

دەست بخەمە سەر سێبەر

هەست بە پلدانی دەماری ناوچەوانی زەوی دەکەم

مۆرانەیەک لەناو خۆڵی تەڕ لوولی خواردووە

خەریکە دەچێتە دڵی درەختێکی دوو بەرەوە

هێزی خوداوەند گەمارۆی دا

دەمی لە کلکی خۆی نا و خواردی

زمانیشی بەناو دەمیدا سووڕاند

قەت ڕۆژێکی وا دڵخۆش لە هەولێردا ڕووی نەداوە

ئاوێنە کە شاژنێک تێیدا تەماشای داوە پرچی سپیبووی دەکات مات دەبێت

ماتیی ئاوێنە دڵی کەفوکوڵداری پیت و وشە دەداتەوە

دەموچاو لە ئاوێنەدا بێ سەروشوێن دەبێ

وێنەگریش کە وێنەت دەگرێ

دڵت دەبینێت

وێنەی نواڵەم لە قۆغەی چا و بەرگی ڕادیۆم هەڵکەند

ئەفسوونم لە ملوانکەی سەر سینگی

دەلیلی شاریش لە نقێمی شینی ئەنگوستیلەی

برینی خەواندم و مۆری لە ناوچەوانم دا

تیشکی یەزدانیی لێت دەدات و ڕێگا ڕاست دێتە بەرپێت

دەست و خەتی ئاشقانەی نواڵە جوان بوو

لەناو باولە دارەکەدا خەبەری بووەوە و ناڵەیەکی لێوە هات

دوای هەناسە هەڵکێشانێکی درێژ

هەموو ناڵەکانی خۆی ڕاگەیاند

پشیلەی ماڵی لاسای کردەوە

دەست و خەت دوازدە مانگی پڕە

لەسەر مێز خۆی ڕاخستووە و بێدارە

کەس سەرنجی نەداوە و نەیخوێندووەتەوە و نەیخەواندووە

دڵم لە تەک دەست و خەتدا

لەناو پەرداخێک ئاو بەهرەدارێکە لە کاری خۆیدا شەیدایە

پشیلەی ماڵی ئاوەکەی بەسەر ئەو ڕۆژنامەیەدا ڕژاند

کەلووەکانمانی تێدا ڕاگەیاندرابوو

میوەیەکی گەییو لە درەختێکی دوو بەر کەوتە خوارەوە

پەنجەی پڕ خوێن و بەهێز هەڵی دەگرێتەوە

نواڵە لە کاتی داگیرسانی دەنکە شخارتەدا

دەستەکانی شل و خاون

بە وریایییەکی پڕ شکۆوە لە ئاگر و دەستی ڕوانی

ئاخۆ ماستی بۆ هەوێن دەکرێت

یان دووکەڵی لەسەر چاوی مۆم پێ لادەدرێت

چرا هیچ نیازێکی نییە لە داگیرسانی

تووڕەبوونی ڕووناکییەک

ئەو بایەی گۆماوێک دەشڵەقێنێ

ئەو بەردەی گۆماوێک دەشڵەقێنێ

ئەو مەلەوانەی گۆماوێک دەشڵەقێنێ

ئەو بۆقەی گۆماوێک دەشڵەقێنێ

گەرمایی و فێنکیی زەوی دەکڕن

لە سندووقێکی دروستکراو لە ئێسکی پشتی کیسەڵ هەڵی دەگرن

هەر هێندە لە ژیان شارەزا بوویم

گۆماو ناولەپی باب و باپیرمانە و کشاوە

بەهار دەستێکی خێر لەخۆ دیوە

چاڵ و چۆڵی و دەموچاوی سووتاوی سروشت لەچەک دەکات

دەمامک لەناو دەچێ و پاسەوانی ناکرێ

هۆی مانەوە و لەناوچوونی دەمامک چییە

سرکە و

زەیت و

زەیتوون و

ئاوی لیمۆ

تێکەڵاو دەکات

نان و ئاویشمان لە پێشدا هەڵدەگرێت

ئەو دەستانەی نان و ئاومان لە پێش هەڵدەگرن

بڕێ جار ڕەش و زبرن و تایان هەیە

جاری واشە ڕەنگاوڕەنگ و ئاوریشمی

دەست ئاشی بەخوێن دەگەڕێ

سەرم گران بووە

بەرچاوم تاریک

جوانی لە بارێکی شڵەژاودا خۆی پێشاندام

دەموچاوی سروشت بە ئاسانی ئەشکەنجە دەدرێ

مردوو گۆڕیان تەنگە

دەشیانەوێ گوێیان لە نەوایەک بێت

دڵەکوتێی پەپوولەی بەرچرا و بۆنی بخووری ڕۆژی جەژنیان

بۆ بکاتە ئاوازی ئازارەکانیان

سروشت پزیشکێکی خۆڕسکە

خەمۆکیمان چارە دەکات

پەنجەم سڕە و پەرداخم لە دەست بەر دەبێتەوە

بەسەر خاولیی منداڵێکدا دەڕژێ

تای بەرز بووەتەوە

خاولیی تەڕبووی لەسەر ناوچەوانی دادەنێین

فێنکاییی دەستی خودا فریای دەکەوێ

بەخت وەک ڕۆژ وایە

ئاوا دەبێت و هەڵدێتەوە

هەرچی لە دڵدا بێ هەڵی دەڕێژێ

زەوی قوڕگی گیراوە و کانی بە لەتر دەردەبن

جوانیی چاوێکی تێدا ڕسکاندووم

بەس ئەو بژار دەکات

خۆی و دەستەخوشکەکانی نوێژیان بڕیوم

دڵیان شکاندووم

شەمێی باڵیان تواندوومەتەوە

کتێبی غەزەلیان گەچڵاندووم

ئەی جەربەزەییی کانی

ئازادیی زەوی ناشاردرێتەوە

ئەم خۆر و سبەینەیە تەواو بە جووڵەن

باڵندە لەسەر دیواری ماڵان دەنگ و ئاوازیان بڵاودەبێتەوە

هەرچی شیر و تیری ناخیش هەیە کەوتوون

سووراییی خۆرنشین ئارامی بە تاسەم دەبەخشێت

تاسەم لەگەڵ خۆرهەڵاتندا

دیداری گوڵەبەڕۆژەی کێڵگەی بەخت بەرهەم دەهێنێت

بە ئارەزوویەکەوە کە بەیادی سەرگەرم و مەستم

لە خەو هەڵدەستم و بلووزی تۆڕ لەبەر دەکەم

تا گوێ لە کوڵانی هێلکە و چای ناو کوورەی دیوار بگرم

دوو چاوی گەرم کە شکۆی دایە حەوای تێدا پارێزراوە

نان و ئاوم لە پێش دادەنێت

باڵندە لەسەر خوانی منەوە دەفڕن و دوعای سپین بەرز دەبنەوە

تاسەی ساتی نەمری دەکەن

پەری ڕوومەت تاڵ

ماری بە فیشکەفیشک

سوێندی ناچاری

دەروونی خەواڵوو

کڕنۆش بۆ دەنگی دڵ دەبەم و بە دڵ دەستت ماچ دەکەم

ئەی دەنگی دڵ

چاوێک دڵخۆشیی لێ بڕژێ

ڕەشکەوپێشکەی تێدا دەرناکەوێت

دوودڵییەکی درێژ

لە ژێی کەوانی تیردا باج دەستێنێ

دەنگی

کلکتەقێنە و

ئاوڕوونکەرە و

کەڵەبابی مل ڕووت و

بەرخی دوونگ شۆڕ

دێنە گوێم و دەگەنە دڵم

نابینام و دەستم بووەتە چاو و لە هەستیاریی زەوی دەدرەوشێتەوە

نامەی بۆمبڕێژکراو چ هەواڵێک ڕادەگەیەنێت

ئاوازی توانەوەی چاڵە بەفر

ئاوازی داخستنی ئاگری کوورەی دیواری ماڵ

ئاوازی سوپاس

ئاوازی تاڤگە

دەست و خەتی ئاشقانەی نواڵە جوان بوو

لەناو باولە دارەکەدا خەبەری بووەوە و ناڵەیەکی لێوە هات

منی لەو سەرزەمینە دۆست و دوژمن زۆر

ئاسوودە و

ئارام و

بەسۆز و

تاسە بەتین

لە نامەی پیریی دڵدا بێ وچان داگیرساوم

قەت ڕۆژێکی وا دڵخۆش لە هەولێر ڕووی نەداوە

کات درەنگ نییە بۆ ئەوەی نواڵە بێرەدا تێ بپەڕێ

دوای مردن بە خەبەر دێم

لە ڕێگا ڕۆیشتندا بەهار بەسەر ناچێت

Image result for sang kunst

گەڕان بۆ بابەت