ما 1800 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەدیق سەعید رواندزی

ئەزموون و یاد، دیوە شاراوە و ناشرینەکەى دیکەى شۆرشی کوردیشمان پێ ئاشنا دەکات. بەو مانایەى، شۆڕش هەر تەنها خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان و خوێن ڕشتن و شەهید بوون نییە لە پێناو ئازادى بە تەنها، بەڵکو دەشێ لە هەناوى ئەو شۆڕشەدا، چەوسانەوەو ستەم و جەلادو ئەو پەڕی نادادپەروەری و شکاندنى شکۆی بە شێک لە مرۆڤەکانیش هەبێت. 

 

ئەزموونێکى سەخت و یادێکى تاڵ!

بێگومان، مەحاڵە بتوانین لە فەزاى نێو زیندان دیمەنە ترسێنەرەکانى فۆبیاو تێهەڵدان، شکانى ڕۆحى مرۆڤەکان تێبگەین. گەر خۆمان زیندانمان نەبینیبێت، ئەو ژیانە سەختەو تراژیدیەمان، ئەزموون نەکردبێت. بۆ ئەوەى لە ئازارە قوڵەکانى مرۆڤێکى زیندانیکراو بگەین، دەبێ ئەو مرۆڤە خۆمان بین. ئەو سات تێدەگەین کەزیندان چۆن مرۆڤەکان دەگۆڕێت بە بوونەوەرێکى تر. کە تەواوى ئاراستەو ڕوانین، تێگەیشتنیان بۆ هەموو شتێک پاش ئازادبوونیان لە زیندان دەگۆڕدرێت. نووسین چەنێ قوڵیش بێت، چەنێ کاریگەرو پڕماناش بێت، هەرگیز ناتوانێ وەکو خۆی دیمەنەکانى نێو گرتووخانەمان بۆ بگوازێتەوە زەمینەى واقیعی هزری خوێنەر. ئەوە بە تەنیا ئەوانەن کە فەزاى زیندانیان بینیوە، دەتوانن گوزارشت لەو دۆزەخە بکەن کە لە هەندێ کاتدا تا مردنیشیان کاریگەریەتی بە سەر بوون و ژیانیانەوە دەمینێت و ناتوانن لەو فۆبیایە دەرچن کە زیندانیکردنى ئەوان بۆیان دروستدەکات. ڕەنگە، قولًترینو خەماویترین چرکەساتى زیندان ئەو ساتە بێت، کە بەر لە جەستە، ڕوح بریندار دەکرێت. من پێم وایە هەموو برینەکانى ژیانى مرۆڤ ساڕێژدەبن، بە تەنیا برینى ڕۆح نەبێت. هەموو ئازار و نەهامەتیەکانى ژیان، مرۆڤ دەتوانێ لە بیریان بکات، بە تەنیا یادەوەری و ئازارەکانى زیندان نەبێًت. ئەو یادەوەریانەى لە زۆر کاتدا زمان و نووسینیش ناتوانن وەکو خۆیان گوزارشتیان لێبکات. محمد ماغوتى، شاعیری دیاری عەرەب، کە ساڵانێکى زۆر زیندانیکراوە لە سەر بیرو ڕاى سیاسی لە دیمانەیەکدا دەڵێت: "لە زینداندا هەستمکرد شتێک لە ناخم شکا، تاکو ئێستاو تا دەشمرم ناتوانم پارچە شکاوەکانى کۆبکەمەوە. لە گەڵ بیستنى وشەى زیندان دەتۆقێم و دەگەڕێمەوە ئەو ساتانە". ڕەنگە ئەم ڕستەیە بەتەنها بەس بێت بۆ ئەوەى بزانین  زیندان چی بە سەرمرۆڤەکان دێنێت. لێرەوەش کاتێ کتێبی (ئەزموونء یاد)ی نووسەرءشاعیر کاک (پشکۆ نجم الدین) دەخوێنینەوە، بەر هەمان ئەو ئازارە دەکەوین، کە لە زیندان هەیە. ئەم کتێبە، سەرگوزشتەى لاوێکى خوێنگەرمان بۆ باسدەکات کە لە وەرزى بەهار و لە ڕۆژێکى مانگى نیسانى ساڵی هەفتاو هەشت، بە کۆڵێک هیوا و دنیایەک خەونى ڕەنگاو ڕەنگەوە، بە ئاواتى جێهێشتنى زیندانى شار و ژێر دەسەڵاتى بە عس، ملی بناری شاخی شنڕوێ دەگرێت و دەبێتە پێشمەرگە. بێ ئاگا لەوەى ئەو دنیا ڕەنگاو ڕەنگەى ئەو لە خەیاڵی خۆی بەر لە چوونى بۆ شاخ وێناى کردوە، ئەو بەهەشتە ئازادیخوازە نییە، بگرە دواجار بۆ ئەو دەبێتە دۆزەخ و زیندانیش. ئەو دەچێتە سەر زەمینێک، کە مرۆڤەکان ڕۆژانە دەستیان دەچێتە خوێنى یەکتر. بە بێ ئەوەى بزانن بۆ؟ یاخود ڕەوایەتیەک هەبێت بۆ ئەو خوێن ڕشتنە. ڕەنگە جیاوازى ئەزموون و یاد، لە گەڵ بیرەوەریە کانى دیکەى سیاسیەکان کە من بڕێکى زۆریانم خوێندۆتەوە ئەوەبێت کە ئەزموون و یاد، دیوە شاراو و ناشرینەکەى دیکەى شۆرشی کوردیشمان پێ ئاشنا دەکات. بەو مانایەى، شۆڕش هەر تەنها خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان وخوێن ڕشتن و شەهید بوون نییە لە پێناو ئازادى بە تەنها، بەڵکو دەشێ لە هەناوى ئەو شۆڕشەدا، چەوسانەوەو ستەم و جەلادوئەو پەڕی نادادپەروەری و شکاندنى شکۆی بە شێک لە مرۆڤەکانیش هەبێت. ئەوانەى شۆڕش بە تەنیا وەک فریادرەسێک دەبینن، بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتدا، لە بێ ئاگایەکى گەورە دەژین. شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتدا هیچ نییە جگە لە گۆڕینى جەلاد بە جەلادێکى تر و زیادکردنى ژمارەى خوێن و قوربانیەکان. جگە لە گۆڕینى کەسەکان و هێشتنەوەى ئەقڵیەتیان وەکو خۆی. بۆیە ئەزموون و یاد پەنجە دەخاتە سەر بەشێکى زۆری ئەو برین و خوێنەى شۆرشی کورد لە هەناوى خۆیدا هەڵیگرتوەو بەردەوام سیاسیەکان، لێمانى دەشارنەوەو بە تەنها وێنەیەکى چەسپاوى شۆرشمان پیشان دەدەن کە ئاماژەیەک بێ بۆ قارەمانیەتى خۆیان. بۆیە ئێمە بەردەوام پێویستیمان بەوەیە کە بزانین کە لەو دیو قوربانیدانیشەوە، ستەم و چەوسانەوەش هەبوە. لەو دیو ئازایەتى و قارەمانیەتیەوە، بڕێکى زۆر لە جەلادیبوونیش هەبوە. ڕووبەرێکى گەورەى نادادپەروەری و خوێن ڕشتنیش هەبوە. بۆیە دواى خوێنەوەى ئەزموون و یاد، من وەک کوردێک و خوێنەرێکیش، بەر وێنەیەکى دیکەى شۆرشی کورد کەوتم. من تا ئەو کتێبەم نەخوێندەوە، ماهیەتى ڕاستە قینەى بەشێکى زۆری شۆرشی شاخم بۆ دەرنەکەوت. کە بەر لە خوێنەوەى ئەو کتێبە لای من وێنەیەکی دیکەى هەبوو، دواى خوێنەوەى کتێبەکەش وێنەیەکى تریان لە هزری من نەخشاند. ئەزموون و یاد هەر تەنها گێڕانەوەى مێژووێکى سیاسی، یاخود ڵاپەڕەى یادەوەریەکانى تێکۆشەرێک نییە، کە لە ڕێگاى  ئازادى نەتەوەکەى،خەباتى کردوەو ماندوەتى زۆری بینیوە. بە پێچەوانەوە، بەڵکو ئەم کتێبە دەرخەری بڕێکى زۆری ڕووبەرە شاراوەکەى شۆرشی کوردیشە لە قۆناغێکى دیاریکراو هەڵومەرجێکى سەختدا. هەرخوێنەرێک وەک یادەوەری ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، بە بۆچوونى من ناتوانێت لە کۆی ناوەڕۆکى ئەو کتێبە نایابە بگات. ڕاستە لە خوێنەوەى ئەم کتێبەدا، زمانێکى شیعری جوان و وەسفێکى هونەریانەى وردی ڕووداوە خۆش و دڵتە زێنە کانیش دەبینین کە لە ژیانى پێشمەرگەیەکدا ڕوویانداوەو دواتر وەک یادەوەریەک بۆ ئێمەیان دەگێڕێتەوە،.وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا خوێنەوەیەکى سیاسی و هەڵسەنگاندنێکى فیکریانەى ڕووداوەکانیشە. لە پەراوێزى خوێنەوەى ئەو کتێبەدا ململانێ و ژیانى زیندان و شەڕی نەگریسی براکانء ستەم چەوسانەوەو چەندین دیمەن و خەسڵەتى دیکەى شۆڕشی کوردیش لە شاخدا دەبینین، کە ڕەنگە پێشتر بۆ ئێمە شاراوەبووبن. لێرەوەش ڕەنگە ئەزموون و یاد وەک کتێبێک نەچێتە چوارچێوەى هیچ ژانڕێکى ئەدەبیەوە.بگرە کۆی ژانرەکانى نووسینیشی تیادا بەرجەستە کراوە. ئەم کتێبە بەبڕواى من وەک خوێنەرێک لە یەک کاتدا کتێبێکى مێژوویی،یادەوەری، ئەدەبی، سیاسی و فیکریشە. چونکە خوێنەر لە کاتى خوێنەوەی ئەم کتێبەدا، هەموو ئەو بابەتانەى دەکەوێتەبەرچاو.

دیارە زیندان و سەرگوزشتەى مرۆڤى زیندانیکراو، بەشێکى کتێبەکەى ئەزموون و یادى کاک (پشکۆ نجمالدین)ە. ئەم بە شەی کتێبەکە گەرچی بەشێکى بچووکە، وەلێ جوانترین و پڕچێژترین و هاوکات خەماویترین و غەمگینترین بەشی کتێبەکەشە. کەهەر خوێنەرێک بیخوێنێتەوە، ئەستەمە نەکەوێتە ژێر ئەو کاریگەریەتیەى ئەو بارودۆخەى شاعیر لە زینداندا بینیویەتى. هەموو زیندانیکردنێک (ئەوانەى بێتاوانن)، ستەمێکى گەورەیە لە مرۆڤەکان و ئازارێکى قوڵە.ئەو ئازارە قوڵترو بە سوێتر دەبێتەوە، کاتێ ستەمکارەکان و ئەوانەى زیندانیت دەکەن،هاوخەبات و هاورێ و هاوڕێگەى تێکۆشانى خۆتن. یانیش ئەو زیندانیکردنە، زیندانى دەستى براکان بێت. لەبەر هیچ تاوانێکیش نا، تەنها لەبەر بیڕوڕاى جیاوازو ڕێگەیەکى دیکەى خەبات. چۆن دەبێ هاوڕێکان و هاوسەنگەرانی مرۆڤ، ئەوەندە بێ باک و بێ ویژدانبن لەبەرامبەر هاوڕێکانیان، کە پێشتر لەیەک سەنگەر و  بۆیەک ئامانج تێکۆشاون و خەباتیان کردوە؟ ئایا نەدەکرا بەڕێگەیەکى دیکەو بە شێوازێکى دیکە لەبڕی زمانی ڕق و زیندانیکردن، کێشەکان بەلاداخرابان؟ بەداخەوە ئێمەى کورد تا زمانى ڕق و تۆڵەو توندوتیژی هەبێت، پەنا نابەینە بەر زمانى گفتوگۆ و لە یەکتر تێگەیشتن. ئەمەش جگە لە کارەسات و  نەهامەتى، هیچی تری لێناکەوێتەوە.

بێگومان جوانترین لایەنى ئەو کتێبە، بە بۆچوونى من وەک خوێنەرێک ئەوەیە کە نووسەر بەزمانێک ئەو یادەوەریانەى نێو زیندان دەگێڕێتەوە، خاڵی لە هەموو ڕق و کینەو ڕۆحى تۆڵە سەنەوەیەک. نووسەر تەنانەت لە ناوهێنانى نەیارەکانیشیدا، لە باسکردنى کەسیەتى و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتى و تایبەتیەکانیشیاندا بەوپەڕی لێبوردەیی و میهرەبانیء دوور لە هەموو جۆرە هێڕش و زمانى زبر و شکانەوەیەک، بەڕێزەوە باسیان دەکات. دەگمەنن ئەو مرۆڤانەى لە دواى ستەم لێکردنیان، بیرلە تۆلە سەندنەوەى نەیارەکانیان ناکەنەوە،چ بە ڕەفتار، چ بە گوفتار. هەموو کەسێک ناتوانێ نەیارانى، بەتایبەتیش نەیارەسیاسى و فیکریەکانىببەخشێت لەو ستەمانەى بەرامبەریان کردوە. مەگەر کەسانێکی ژیاندۆست و مرۆڤدۆست و دەروون خاڵی لە هەموو کینەوە ڕۆحى تۆڵە سەنەوە یەک نەبێت. لێرەدا قسەیەکى (ئۆسکار وایلد)ی شاعیرم بیر هاتەوە کاتێ دەڵێ: "هەمیشە نەیارانت ببەخشە. چونکە هیچ شتێک وەکو بە خشین ئەوان ئازار نادات". کاک پشکۆ بەو هەڵوێستە نیان و مرۆڤدۆستانەى خۆی، پەیڕەوەى هەمان ئەو قسەیەى کردوە. ئەویش بەو لێبوردەیەى خۆیەوە، پێدەچێت نەیارەکانى خۆی شەرمەزار کردبێت. دەنا ئەو لەسەردەمێکى دیکەى جیاواز و لە قۆناغێکى دیکە، ئەو یادەوەریانەى خۆی دەگێرێتەوە کە دەیتوانى چی هەڵسوکەوتى خراپ و وێنەى ناشرین و دزێو هەیە، بیداتە پاڵ نەیارەکانى و هەموو ئەوانەى لە کاتى زیندانیکردنیدا،بە کردەوەیەک یاخود بە قسەو بەهەڵوێستێک، هەست و نەستى ئەویان بریندار کردوە. بەڵام کە نەیکردوە نیشانەى لێبوردەیی و مرۆڤدۆستى ئەوە. بێگومان سەرەنجامیش لە ژیاندا، ئەوەى بۆ مرۆڤ دەمێنێتەوە، کارو کردەوەى چاکە. بەمەش مێژووێکى جوان بۆ خۆی تۆمار دەکات. ئەم هەڵوێستەى نووسەر، جێگەى هەڵوەستەو نرخاندنە، یەکێکیشە لە لایەنە هەرە جوانەکانى کتێبەکە کە سەرنجى منى وەک خوێنەرێک ڕاکێشا. چونکە نووسەر وێراى ئەوەى بە دەست براکانى زیندانیکراوەو نەهامەتى و سەختى زۆری لە نێوان زیندان بینیوە، کەچی هەست بە گەردێک ڕق و هەستى تۆلەسەنەوە لە هزرو بیری نووسەر،بەرامبەر بە نەیارەکانى ناکەین. ئەگەرچی خوێنەر لە کاتى خوێنەوەى کتێبەکەدا، بەبەر دەیان دیمەنى تراژیدی و دڵتەزێن دەکەوێت کە نووسەر لەسەرو بەندى زیندانیکردنەکەى بەدەستى هاوسەنگەرانى لە شاخدا بینیویەتى. کەچی وەڵامى نووسەر بۆ هەموو نەیارانى، ئەو قسەیەی (حەزرەتى مەسیح)ە کاتێ وتویەتى (خودایە بیانبەخشە ئەمانە گوناهن) لە کۆتاییدا دەڵێم ئەزموون و یاد کتێبێکە بەنووسین وەسف ناکرێت  تاخوێنەران بە خۆیان نەیخوێننەوە.

 

* سوپاسی هاوڕێم (ئاکۆ ئاکۆیی) شاعیر دەکەم کە کتێبەکەى بۆ هێنامء خوێندمەوە.

 

    

گەڕان بۆ بابەت