ما 2928 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

دەتوانین بڵێین میانەڕەوی لە سیاسەتی ئێراندا دیاردەیەکی کاتیە و ناتوانێ بەلەبەرچاوگرتنی کێشە و پرسە هەڵپەسێراوەکان هەتا هەتایە وەڵامدەر بێت. پرس و کێشەکان داوای پلان و چارەسەر دەکەن و ئەمەیش بەمانای خۆساخکردندەوەیە. بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە "خۆساخکردنەوە بەکام لادا؟"

 

میانەڕەوی و شەقام

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دۆخی سیاسی هەر وڵاتێک بەجۆرێک رەنگدانەوەی باری دەروونناسی خەڵک و ئەو ئایدیا باوانەیە وا بەگشتی بەسەر خەڵکیدا باون و هەڵس و کەوتی رۆژانەی ئەوان لەبابەت بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردەکان و کێشە و پرسەکان دیاری دەکا.

هەنووکە لە ئێران سەرەڕای هەڵگیرسانی رق و توڕەیی خەڵک لە هەندێ جێگا لەمەڕ دۆخی باو و بەکارهێنانی شەقام بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵام بەگشتی دەروونناسیی ریفۆرمیستی زاڵە و بگرە جوڵانی شەقامیش خۆی لەچوارچێوەی داوا کاتی و ورد و تاکتیکییەکاندا دەبینێتەوە، نەک لە چوارچێوەی دروشمە گەورەکانی وەک رووخاندن و سەراونخونکردنی سیستمی باو. بۆیە شەقام و ریفۆرمخوازی دەتوانن تەواوکەری یەکتریش بن.

یەکێک لەو پنتانەی دەتوانێ بەجۆرێک لە جۆرەکان دەروونناسیی کۆمەلگا بنوێنێتەوە، دەسەڵاتە. وەک دەزانین لەم ساڵانەی دووایی دا رەوتێک بەناوی میانەڕەوی لەناو دەسەڵاتدا شکڵی گرتووە کە دەیەوێ حەددی نێوان راست ئاژۆکان و ریفۆرمخوازەکانی ناو دەسەڵات و دەوروبەری دەسەڵات بێت. میانەڕەوی کە توانیوویەتی دوو دەوڵەتی یازدەهەم و دوازدەهەم پێک بێنێت، هەوڵیداوە لە توندئاژۆییەکانی سەردەمی ئەحمەدی نژاد و هەروەها جۆری دەسەڵات لە سەردەمی ریفۆرمخوازەکان (کاتی خاتەمی) دووربێت و بە قبوڵکردنی هەردووکی ئەمانە بە شێوازێکی وەها دەوڵەت بەڕێوەببات کە لەجیاتی پێکهەڵپڕژان، جۆرێک لە هاوکاری چێ بکا.

‌هەڵبەتە هەم لە نێوان راست ئاژۆکان و هەم لە نێوان ریفۆرمخوازەکاندا باس لەوە دەکرێ کە رووحانی لەوانە، هەرچەند بەشێکی گرینگ و بنەڕەتیی پێکهاتەی دەنگدەرانی رووحانی ئیسڵاح خوازەکانن. بەڵام ئەم هی بەخۆزانینە لەهەر دوولاوە، نێسانەی ئەوەیە کە دوو باڵە جۆراوجۆرەکەی ناو دەسەڵات بە جۆرێک پێک گەیشتوون و جۆرێک لە ئەقڵانیەتی سیاسی پەیڕەو دەکەن کە جیایان دەکاتەوە لە سەردەمی ململانێ تووندەکانی جارانی نێوانیان.

بەڵام پێوەندی باری دەروونناسیی خەڵک لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی ناو دەوڵەت و حکومەتی ئێران چییە؟ شێوازی دەنگدانی دەنگدەرانی ئێرانی لەم دوو هەڵبژاردنەی سەرۆک کۆماریی دوواییدا ئەوە دەردەخا کە دەنگدەران فۆڕمی میانەڕەوییان قبوڵکردووە و لە دۆخی هەنووکەدا وەک فۆڕمی زاڵ بۆ رەفتاری سیاسی چ لە ناو کۆمەڵگادا و چ لەناو دەسەڵاتدا قبوڵیان کردووە.

بەڵام داخۆ سیاسەتی میانەڕەوانە هەمیشە نوسخەی پێچراوی بۆ دەرد و نەخۆشییەکان پێیە؟ بێگومان لە سەرنجێکی گشتی دا دەتوانین بڵێین وەک چۆن راست ئاژۆیی و ریفۆرمیسم شەرت نیە هەمیشە دەرمانیان پێ بێ، میانەرەوەکانیش بەهەمان چەشن. بەڵام کێشەی میانەڕەوی ئەوەیە کە بۆ بەرەوپێش بردنی ستراتیژی میانەڕەوی پێویستیان بە نەرمی و نیانی لە ناو باڵە دژبەیەکەکاندا هەیە. وە ئەزموونیش نیشانی داوە کە راست ئاژۆکان کەمتر لەم توانایە بەهرەمەندن. بۆیە زۆر جار بەناچار دەبێ بەشێوەی کەمێک توند بەرامبەر بە راستەکان بوەستنەوە. کە ئەمەیش ئەوان زیاتر بەرەو ریفۆرمیستەکان پاڵ پێوەدەنێ.

دەتوانین بڵێین میانەڕەوی لە سیاسەتی ئێراندا دیاردەیەکی کاتیە و ناتوانێ بەلەبەرچاوگرتنی کێشە و پرسە هەڵپەسێراوەکان هەتا هەتایە وەڵامدەر بێت. پرس و کێشەکان داوای پلان و چارەسەر دەکەن و ئەمەیش بەمانای خۆساخکردندەوەیە. بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە "خۆساخکردنەوە بەکام لادا؟"

جگە لەمە دەروونناسیی میانەڕەوانەی خەڵکیش هەر بەم پێیە کاتیە و ناتوانێ خەسەڵەتی سەرەکی ئەوان بۆ دەورانێکی بێکۆتا بێت.

 

بێگومان شەقام دەور و رۆڵی سەرەکی لەم خۆسازکرندەوەیەی میانەڕەوەکاندا هەیە.

Related image

گەڕان بۆ بابەت