ما 5522 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

ئێستا ماوەیەکە بۆ چارەسەری هەندی گرفتی نەفسی کە گوشاری لەسەر دروستکردووە، دەچێتە لای دەروونناس. لە وتوێژێک لەگەڵ دەرونناسەکەیدا باسی ئەمە دەکات. خلە لە دووا سەردانی لای دەروونناسەکەی دەڵێت لە دوێنێ شەوەوە گۆڕاوە. دەڵێت ئیتر لە تاریکی ناترسم. با لە زبانی خلەوە گوێبیستی رووداوەکە بین:

 

 

خلە و سەفەرەکەی

رەسوڵ سەفەریانی

 بۆ یەکەم جار تاریکی نەیدەترساند، یان باشترە بڵێم لە تاریکی نەدەترسا. خلە هەر لە منداڵییەوە جۆرە ترسێکی لە تەنیایی و تاریکی هەبوو. ترسێک کە نەیدەویست لای کەس باسی بکات، رەنگە لەبەر ئەوەی کە کوڕ بوو و پێی عەیب بوو کەس بزانێت. خلە زۆری بیر لە هۆی ئەو ترسەی دەکردەوە، بەڵام تەنیا هۆکەی دەگەڕانەوە بۆ جنۆکە و رۆح و شتی لەو جۆرە کە هەموو شەوێک لە ژوورە بچوکەکەی ماڵی خۆیاندا بە چەندها جۆر لە زبانی دایک و بابی و ئەو میوانانەی دەبیست کە شەوانە بە تایبەت شەوانی زستان کە ئیش و کاری لادێ کەم بوو لە دەوری یەک کۆ دەبوونەوە و چیرۆکە کۆنەکانیان دەگێراوە. ئەم چیرۆکانە سینە بە سینە و بەرە بۆ بەرە گواستراونەتەوە و زۆر جاریش هەر بەرە و بەشێکی پێ زیاد کردووە، یان لێی لابردوە، بەڵام کەس لە راست و دروست بوونیان گومانی نەدەکرد. تەنیا شتێک خلە و هاوتەمەنەکانی و تەنانەت گەورەکانیش بۆ پاراستنی خۆیان لە دەستی جنۆکە و رۆح و ئەم شتە ترسناکانەی، وا لە تاریکی و شوێنی چۆڵدا دەردەکەون، فێر ببوون و بەکاریان دەهێنا ئەوە بوو کە ناوی خودا بهێنن. ئەوانەی وا قورئانیان لەبەر بوو لە کاتی وەهادا وێڕای بیسمیللا چەند ئایەتێکیشیان لە قورئان دەخوێندەوە. خەڵک وایان دەزانی جنۆکە و رۆح بە بیسمیللا دەڕوات و ناوێرێت نزیکیان بکەوێت. مەلای  گوندەکە وتبوی جنۆکەکان دوو بەشن، بەشێکیان موسڵمانن و بێ ئازارن، ئەوانی تریش لە بیسمیلا دەترسن و توخنتان ناکەون.

خلە کە لە ئەساسا ناوی خالیدە، لەبەر باڵا کورتی و بچکۆڵە و خرت و خلەمیتانی بوونی، پێیان وتوە خلە. ئەو لە گوندێکی بچوکەوە هاتووە بۆ سوید و ئێستا لێرە نیشتەجێیە و چاوەڕیی ئیقامەیە. گوندەکەی خلە ئەوەندە بچوک بوو کە خلەی پازدە ساڵان هەمویانی بە ناو دەناسی. لادێکەی خلە تەنانەت مەکتەب و مەدرەسەیشی لێ نییە و خلەیش بەتەواوەتی نەخوێندەوارە. ئەو گوندە وەک خلە دەڵێت تەنانەت کارەبایشی نییە و تەنیا چەند ماڵی دەوڵەمەند توانیویانە موەلیدە بکڕن و کارەبای ماڵەکەیان دابین بکەن. ئەو دەڵێت یەکێک لەو ماڵانە ماڵی پووری منە کە جار و بار دەچووم بۆ ماڵیان لەوێ جار و باری سەیری تەلەفیزیونم دەکرد. خلە لەدایکبووی سالی رووخانی سەدامە. ئەو تەنیا بە گێڕاننەوەی گەورەکان سەدام دەناسێت. خلە حەزی زۆری لە تۆپێن و فوتباڵە.

ئەو لە گێڕانەوەی ژیانیدا بۆ بەرپرسەکەی دایرەی هیجرە دەڵێت من و هاوڕێکانم بە رۆژا هەر خەریکی تۆپێن بووین. ژنە بەرپرسەکە دەپرسێت ئاخۆ ساحەی فوتباڵی چاکتان هەبوو. خلە دەڵێت کۆڵانە خۆڵاوییەکانی نێو لادێ شوێنی تۆپێنی ئێمە بوو. دەڵێت بە تۆپێکی دراوی لاستیکی کە بە پەڕۆی کۆن پڕمان کردبووەوە، تۆپێنمان دەکرد. خلە دەڵێت من ئازای لادێکەمان بووم لە یاری فوتباڵدا. هەمیشە لە هەموو یاریێکدا چەندین گۆڵم دەکرد بەڵام ساحەی فوتباڵم تەنها لە تەلەفیزیوندا بینیوە.

خلە ئێستا لە کەمپێکی شوێنی منداڵانی ژێر تەمەن دەژێی و، لەوێ هەمووان ئەویان لەبەر ژیری، رێک و پیکی و کاتناسی خۆش دەوێت.

خلە ئێستا لە یەکێک لە یانەکانی فوتباڵی ئەو شارەی لە سوێد تێیدا دەژی، یاری فوتباڵ دەکات و تا ئێستا چەندین جار وێنەی لە رۆژنامەی شارەکەیدا وەک یەکێک لە یاریکەرە باشەکان دەرچووە. وێنەکانی نێو رۆژنامەکە بە لاپەڕەکەیەوە بە دیواری کەمپەکەدا هەڵواسراوە و هەر مەسئول و بەرپرسێک، تەنانەت متەرجەمەکانیش، کە دێن بۆ سەردانی خلە، خێرا باسی فوتباڵ و گۆڵەکانی و وێنەکانیان بۆ دەکات و دەیانبات بۆ دیتنی وێنە هەڵواسراوەکانی سەر دیواری ژوورە گشتییەکەی کەمپەکە. هەمووان لە ئازایی خلە گەیشتوون و دەزانن کە بۆ راپەڕاندنی هەموو کارێک بە گورجی و رێک و پێکی هەڵدەستێ. ئەو تەنانەت لە فێربوونی زمانیشدا زیرەکە و لە هاوڕێکانی زووتر زبانی سویدییەکەی رێکەوتووە. خلە زۆر خۆشحاڵە بەوەی هەلی بۆ رەخساوە کە بچێتە مەکتەب. دەڵێت ئێستا زیاتر لەساڵێکە دەچمە مەکتەب، هەست دەکەم دونیام رووناکتر بووە، دەڵێت وەک ئەوە وایە چرایێکت لە ژوورێکی تاریکدا هەڵکردبێت، ئێستا هەموو شتێک دەبینم، دەتوانم تابلۆی شوێنەکان بدۆزمەوە و نامەکانم بخوێنمەوە. پێشتر ژیانم وەک تاریکایی و شەو وابوو. کوێر بووم. خولە وشەی تاریکی بە جۆرێک دێنێتە سەر زبان دەڵێی تامێکی تاڵ هاتبێتە زارییەوە و بیەوێت خێرا لێی دەربازبێت. لەبەر خۆیەوە دەڵێت خۆزگا هەر تاریکی نەەدبوو. خلە تەنانەت لە سویدیش ترسەکەی دەرناخات و نایەوێت کەس بەم رازەی بزانێت. ئەو ئێواران پێش هەموو هاوکەمپەکانی دێتەوە بۆ ماڵەوە. هەمووان ئەمەش بە حیسابی کوڕچاکی و رێکوپێکی و کاتناسی حەمە دادەنێن. ئەو هەرکاتێک بیزانیبا کە یاری و تەمرینی فوتباڵیان دەکەویتە درەنگان و تاریکی ئێواران و دەبوا بە تەنیا بگەڕایەتەوە، بە شێوەیێک خۆی لە یاری ئەو رۆژە دەدزییەوە.

 بەڵام خلە ئێستا دەڵێت لە تاریکی دەترسام و ئیتر ناترسم. لە دوێ شەوەوە وەک خۆی دەڵێت ترسی لە تاریکی نەماوە.

ئێستا ماوەیەکە بۆ چارەسەری هەندی گرفتی نەفسی کە گوشاری لەسەر دروستکردووە، دەچێتە لای دەرونناس. لە وتوێژێک لەگەڵ دەرونناسەکەیدا باسی ئەمە دەکات. خلە لە دووا سەردانی لای دەرونناسەکەی دەڵێت لە دوێنێ شەوەوە گۆڕاوە. دەڵێت ئیتر لە تاریکی ناترسم. با لە زبانی خلەوە گوێبیستی رووداوەکە بین:

ـ دوێشەو درەنگان پاش بینینی فیلمێک چرای ژوورەکەم کوژانەوە و خەوتم. هێندەی نەخایاند لە خەو راپەڕیم. هەستم کرد کەسێک بانگم دەکات. دەستم کێشا بۆ کلیلی چرای ژوورەکەم،... بۆم نەدۆزراوە. موبایلەکەم لە پەنای سەرمدا بوو، هەڵم گرت. سەعات دوازدە بوو. دەنگەکە بانگی دەکردم، جلەکانم لەبەر کرد و کەوتمە شوێن دەنگەکە. ماڵەکە بێدەنگ بوو، هەمووان خەوتبوون جگە لە دوو کەس کە لە ژووری تەلەفزیونەکە یاری کۆمپیوتریان دەکرد و ئاگایان لە من نەبوو. درگاکەم کردەوە،... دەرەوە تاریک بوو. دەنگەکە بانگی کردم. وتی وەرە. بە بێ دوو دڵی رۆیشتم . پەیتا پەیتا موبایلەکەیشم سەیر دەکرد. ملی رێگام گرت و رۆیشتم. یەک دوو کۆڵانی کورتی نزیک ماڵەکەی خۆمان تێپەڕاند. هەموویان بێدەنگ بوون و لەهیچ ماڵێکدا چرای دایساو نەدەبینرا. وردە وردە ماڵەکان کەمبوونەوە. رێگا و دەنگ بەرەو دڵی جەنگەڵ دەمیان برد. بە موبایلەکەم رەسمم لە هەموو شوێنێک دەگرت و دەمنارد بۆ 'چەتی خێرا'. دەمڕوانی بۆ دەوروبەر و بۆ ئاسمان، ئاسمان پەڵەهەوری تێدا بوو، هەر کات کە هەورەکان مەجالیان دەدا، مانگە شەو بوو. رێگاکەم سەرەو ژوور و سەرەو خواری زۆری تێدا بوو. بە سەر پرد و چۆما تێدەپەڕام. رەسمم دەگرت و دەمنارد. یەک دوو پەیام بە چەت هات. سەیرم نەکرد، تەنیا سەرقاڵی رێگا و رۆیشتن و روانین و رەسمگرتن و ناردن بووم. جەنگەڵ بێدەنگ و تاریکایی تەنانەت جەستەی منیشی داپۆشیبوو وەک هەڵم لە هەموو شتێک ئاڵابوو. رێگا تەنیا تا چەند مەترێک لە بەردەممەوە دەبیندرا. دەرۆیشتم و پەیتا پەیتا رەسم دەگرت. هەستم بە بێ وەزنی دەکرد و وامدەزانی بەسەر هەوردا دەڕۆم. ئیتر دەنگەکە نەمابوو. ئێستا تەنیا بە کەیفی خۆم پێم هەڵدەگرت. رێگاکەم دەناسی، بەڵام بە بێ ئەوەی بیری لێبکەمەوە دەرۆیشتم. نەمدەزانی بۆچ دەبێ بڕۆم یان بۆ کوێ دەچم، بەس دەمزانی دەڕۆم و لاق هەڵدەگرم و بەرزی و نزمییەکان لە رۆیشتنەکەدا هەست پێدەکەم. نازانم چەندە رۆیشتم، یان چەندەی خایاند خۆم لەبەردەم بینایێکدا بینییەوە. لە درگام دا و چوومە ژوورەوە. کە بینیم چەند کەس لە هاورێکانم لەوێن، دانیشتبوون. وا دیار بوو چاوەڕێی من بوون. نە لە لام سەیر بوو کە خەبەرن، وە نە دەیشمزانی کات چییە. کورت مەرحەبایم کردن و لە یەکەم کورسی بەتاڵی ژووی دانیشتنەکەدا دانیشتم. هێشتا نەکەوتبومە قسە لەگەڵ هاوڕێ  چاوەڕوانەکانمدا کە دەنگی زەنگی  درگا هات. کەسێک درگاکەی کردەوە. چەند کەس هاتنە ژوورەوە. هاواریان کرد ئەوە بۆ گەیشتویتە ئێرە. بە هاوارەکەیان داچڵەکام. هاتمەوە سەر خۆم. سەرم سووڕ مابوو، واقم وڕ. لە پڕدا دونیام گۆڕا و زەمان و شوێن ژیانەوە و مانایان پەیداکردەوە لە لای من. پرسیارم کرد.

ـ ئەوە  چی بووە ؟من لە کوێم؟

ـ خلە، ئەزانی چیت کرد؟ هەموومانت وروژاند. هەم کوڕەکانی کەمپی خۆمان، هەم هەموو هاوڕێیانی ئێرە.

ـ بۆچی؟ چیم کردووە؟ ئێرە کوێیە؟ من لێرە چی دەکەم؟

ـ تۆ لە سەعاتێک پێش ئێستاوە لە ماڵ هاتویتە دەرەوە. هەر کە یەکەم وێنەی سەر چەتەکەتمان بینی پێمان وا بوو لە ژوورەکەتی و گاڵتەمان پێدەکەیت. هاتین بۆ ژوورەکەت، نەبوویت. ئیتر پاش ئەوە هەر شوێن وێنەکانی سەر چەتەکەت کەوتین. رێگا و شوێنەکانمان ناسییەوە زانیمان بەرەو ئێرە بەرێوەیت. بۆیە خۆمان گەیاندە ئێرە کە بتبەینەوە.

ـ وێنەی چی، کام رێگا،... من  لە کوێ بووم؟

ـ تۆ یەک سەعاتە دەستت کردووە بە ناردنی ئەم پۆستانە بۆ سەر چەتی خێرا. ها سەیریان کە!

 

کە موبایلی هاورێکەم وەرگرت و سەیری رەسمە ناردراوەکانم کرد، زانیم دیسان بە دەم خەوەوە رۆیشتوم. رۆیشتنێکی سەیر، ئەویش بە جەنگەڵدا و لە نیوەشەوی تاریک بە تەنها. بە تەنیا و لە جەرگەی تاریکیدا پێم هەڵگرتوە و، ڕێگام گرتوەتە بەر. ئەم کارەی ئەمشەوم رێک وەکو چیرۆکی ژیانی منە کە بە بێ زانیاری و بێ خوێندەواری دووای دەنگۆیێکی نەناسراو کەوتم و هەموو تاریکییەکانی ژیانم تێپەڕاند و ئێستا لە دونیایێکدا وەخەبەر هاتووم کە ئاسمان و خۆر و خودایشی لەگەڵ ئەوەی پێشوم فەرقی هەیە. من ئێستا ئیتر نە لە تاریکی دەترسم نە لە تەنیایی.

 

 Image result for jungle i mørket kunst

گەڕان بۆ بابەت