ما 6465 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەگەر لە رابردوودا جوڵە لە "گشت" ێکەوە بوو بۆ "ورد" ێک، ئێستا بووە بە جوڵە لە وردێکەوە بۆ گشتێک. مەبەست چییە لەم گوتەیە؟ مەبەست ئەوەیە ئیستا لایەنەکانی بەشدار هەموو لە داواکارییەکانی خۆیانەوە دەجوڵێن و بە مەرجی گەیشتن بەو داواکارییانەیە کە بڕوا و خواستی پێوەندییان بە گشتەوە پێناسە دەکەن. 

 

ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵانی ساڵە بە تووش قەیران و رووداوگەلی جۆربەجۆرەوە بووە، ئەو قەیران و رووداوانەی تا دێ پەرە دەستێنن و ناوچەکە بەرەو نائارامی زیاتر و ترسناکتر دەبەن. زۆربەی کەس خەونی ئەوەی دەبینی کە لە پاش نەمانی دیکتاتۆرەکان، دەکرا و دەتوانرا ژیانێکی دیمۆکراسیانە و پڕ لە هێمنی و ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکی دابین بکرێ. هێڵی سەرەکی و گشتی بیرکردنەوەکان لە راستیدا لەو کاتانەدا زۆرتر لە سەر سیستمی دیکتاتۆری چەقی بەستبوو و سەرەکیترین رێگر لە سەر رێی خۆشبەختی هەبوونی ئەم جۆرە دەسەڵاتە لە قەڵەم دەدرا.

بەڵام پاش تێپەڕینی ساڵانی ساڵ، دیتمان کە رەهەندی رووداوەکان بە ئاقارێکی تردا رۆیشتن. نەمانی دیکتاتۆری نەک تەنیا بە شێوەی خۆبەخۆ بە مانای سەرهەڵدانی دیمۆکراسی و هێمنی و پێشکەوتن لەو وڵاتانەدا نەبوو، بەڵکوو بۆ وێنە لە ئێراق و ئەفغانستان بەردەوام دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و شەڕ و کوشتن و دەربەدەری بووەتە پێناسەی سەرەکی. هەڵبەت دەکرێ لە پێناسەکردن و دەستنیشانکردنی هۆکارەکان ئاماژە بە زۆر خاڵ بدرێ. بۆ وێنە: دەست تێوەردانی دەرەکی، ئامادەنەبوونی کلتوری، رابردووی دیکتاتۆریانە، شەڕ و ململانێی حیزبیانە و پاوانخوازانە و هتد. بێگومان هەموو ئەمانە راستن، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە و دەبێ و یان باشتر وایە سەرنجی بدرێ، گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەرنج و بۆچوونە پێشینە کە هەبوو، واتە ئەوەی کە نەمانی دیکتاتۆر خاڵی سەرەکییە و نەمانی خۆبەخۆ بە دەسپێکی رووداوە پۆزەتیڤەکانی دوواتر بزانین.

بەڵام بۆچی ئەم سەرنج و گەڕانەوەیە؟ وەڵام لێرەدایە کاتێک مەبەست تەنها دەربازبوونە لە ئەستەنگێک، بە بێ سەرنجدان بە چۆنیەتییەکی، ئەمە دەتوانێ کۆی رووداوەکان بەرەو ئەو شوێنانە ببات کە بە پێچەوانەی ویستی خوازیارانی بکەوێتەوە. هەڵبەت لەم بارەیەوە نموونە زۆرن، بەڵام سەیر ئەوەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام ئەزموون وەرنەگرتن لەو نموونانە دووپات دەبنەوە و، بەردەوام بەم شێوەیە تەمەنی کارەساتەکان زیاتر درێژ دەبنەوە. وەک بڵێی هێزەکان خەریکی بەشداریکردن لە شانۆیەکی بەردەوام و بێ کۆتایین، ئەو هێزانەی وەک بڵێی ئەرکیان تەنیا ئەوەیە تەنیا بجەنگن و بجەنگن بۆ ئەوەی ئیسپاتی بکەن هەن و، بوونیان نەکەوتووەتە مەترسییەوە، بە بێ گەیشتن بە ئەو ئامانجانەی کە لە بنەڕەتدا مەبەست بوون.

لەم دوواییانەدا هۆکارێکی تر کە بەم نەهامەتییە زیاد بووە، پچڕ پچڕ بوونی زیاتری هەموو ئەو هێزانەن کە لە شانۆکەدا هەن. بۆ وێنە ئەگەر لە رابردوودا جوڵە لە "گشت" ێکەوە بوو بۆ "ورد" ێک، ئێستا بووە بە جوڵە لە وردێکەوە بۆ گشتێک. مەبەست چییە لەم گوتەیە؟ مەبەست ئەوەیە ئیستا لایەنەکانی بەشدار هەموو لە داواکارییەکانی خۆیانەوە دەجوڵێن و بە مەرجی گەیشتن بەو داواکارییانەیە کە بڕوا و خواستی پێوەندییان بە گشتەوە پێناسە دەکەن. ئەمە نەک تەنیا لە ئاستی یەک وڵاتدا، بەڵکوو لە ئاستە ناوچەیی و قەوارە بچوکترینەکانیشدا دەبینرێ. بە واتایەکی تر پێناسە گشتییەکان دوچاری هەرەس بوونە و مرۆڤەکان تا دێن زیاتر لە یەک دادەبڕێن. ئەم قەیرانە کە دەتوانین بە قەیرانی هەڵتەکاندنی پێوەندییەکان پێناسەی بکەین، وەها رەگ و ریشەی داکوتاوە و وەهایش تا دێ زیاتر پەرە دەستێنی کە مرۆڤ لە سەیرکردنی دوچاری ترس دەبێ.

خەونەکان تا دێن بچووک دەبنەوە و کەچی هەڵگرانی زیاتر بیر لە شەڕە گەورەکان دەکەنەوە. لە ناوچەیەکدا کە دانیشتووە جۆربەجۆرەکانی بە تێکچڕژاوی دەژین و بە دەیان رایەڵەوە پێکەوە بەستراونەتەوە، لێکدابڕانی زیاتریان نەک تەنیا لە ئاستی یەکتردا بەڵکوو لە ناو خۆیشیاندا، گشتیەتی ژیانی بەرەو کارەساتەکان بردووە. لە تەنیشتیشی دا دەست تێوەرەدانە دەرەکییەکان راوەستێ. ئیستا دابڕان نەک لە ئاستی یەک وڵاتدا، بەڵکوو لە ئاستی هەرێمایەتیش دا روودەدات. وەک بڵێی خەونی سەردەمی میرنشینی خەریکە دەگەڕێتەوە.

بەڵام ئەم خەونە بچووکانە چین؟ ئەم خەونە بچووکانە گەڕانەوەیە بۆ پێناسە ئاینییەکان، پێناسە ناوچەییەکان و سەرئەنجام پێناسە ناسیۆنالیستییەکان بە شێوەیەکی تۆخ. لە ناوچەیەکدا لە قەوارەی ئەو وڵاتانەی کە هەن و ئیدی بە هۆی هەبوونیانەوە مێژوویەکیان بۆ خۆیان سازکردووە، دابڕانی خەڵکانی نێوانی بە هۆی زێدەڕەوی لەم پێناسە وردیلانەدا نەک تەنیا بە تووش شەڕە درێژخایەنەکانیەوە کردوون، بەڵکو بە هۆی دەست تێوەردانە دەرەکییەکانەوە، ئەو دەست تێوەردانانەی ئەم جۆرە پێناسانە بەرجەستە دەکەنەوە و نانی لێ دەخۆن، دۆخەکە تا دێت دژوارتر بووە.

لە سەرەتای هێرشەکانی سەر ئێراق، بەردەوام باس لەوە دەکرا کە سوننەکان لە دەسەڵاتدان و شیعەکانیان وەلا ناون. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئێراق بە وڵاتێکی سکۆلار دەناسرا و نە لە یاسای ئەو دەوڵەتەدا و نە کرداری ئایدیۆلۆژیانەیدا، ئایینی سوننە نە بە فەرمی ناسرابوو و نە پەیڕەو دەکرا. دەوڵەتی بەعس دەوڵەتێکی دیکتاتۆری سکۆلاری بەڵام پشت بەستوو بە سوننەکان بوو، ئەویش نەک لەبەر ئەوەی باوەڕی بە ئایینی سوننە بوو بەڵکوو لە بەر ئەوەی سەرکردکانی زۆرتر لەو خێڵانەوە دەهاتن کە سوننە بوون و بۆیە بە هۆی دۆخێکی کە هەبوو بە ناچار پشتیان بەوان دەبەست. وەک چۆن ئاغا موحەممد خانی قاجار بە ناچار پشتی بە خێڵە تورکەکانی نزیک بە خۆیەوە بەستبوو بە بێ ئەوەی دەسەڵاتی تورکی لە ئێرانی ئەو سەردەمەدا رابگەیەنێ. بەڵام بینیمان کە هەر لە سەرەتای لێدانی سەدامەوە هەموو راگەیەنێرە گشتییەکان بە تایبەت لە رۆژئاوادا (کە بۆ خۆیان لە سەر بنەمای سکۆلاریسم راوەستابوون)، باسیان لە شیعە و سوننە و پێکهاتەکانی تریان دەکرد و ئەم حاڵەتەیان زیاتر برجەستە دەکردەوە. عادل موراد لە وتو وێژێکدا ئاماژە بە شتێکی سەیر دەکا. ئەو دەڵێ لە سەردەمی پۆل بریمەردا کاتێک لیستەکانی بەشداران لە حکومەتی عێراق ئامادە دەکران، ناوی حەمید موسا رێبەری حیزبی کۆمۆنیستی ئێراق لە سەر لیستی شیعە دەنووسرێ، مام جەلام بە بریمەر دەڵێ حەمید موسا کۆمۆنیستە و رێبەری ئەو حیزبەیە، بەڵام دەستبەجێ بریمەر تەئکید لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ناوبراو شیعەیە! بۆچی سکۆلارەکانی دەرەوە بەم شێوەیە لە سەر پێکهاتەی نوێی دەسەڵات لە عێراق قسەیان دەکرد، بۆ خۆی حیکایەتێکی دوورو درێژە.

لە وڵاتێکدا کە نەک تەنیا بۆ خۆیان، بەڵکوو سکۆلارە جیهانییەکانی یارمەتیدەریشیان بەم شێوەیە پێ لە سەر پێناسە ئایینییەکان لە دروستکردنی دەوڵەتدا دادەنێن، تۆ بڵێی دۆخی لەمە باشتر بێت؟ ئیدی لە وڵاتانی تری دەورووبەر گەڕێ کە ئەوان هەر زۆر لەوە پێش کاریان لە سەر ئەم پرۆژانە کردبوو.

ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە پرۆژەیەکی تر هەیە، پرۆژەیەک کە تێیدا مرۆڤەکان تەنیا لە پێوەندییە ئێتنیکی و ئایینییەکانیان پێناسە نەکرێن. جگە لە پاراستنی ئەم شوناسانە، دەبێ لە دوو ئاستی تردا گۆڕان رووبدات: یەکەم، ئاستی سەرتاسەری، واتە کارکردن لە سەر پێناسە گشتگیرترەکە، دووهەم، بەرجەستەکردنی مافی شارۆمەندی. لە ئەگەری یەکەمدا دەمارگرژییەکان روو لە کزی دەکەن و لە ئەگەری دووهەمدا خەڵکی ئیتر کار لە سەر مافە رۆژانەکانی ژیانیان دەکەن، واتە ئەو مافانەی بە واقع دەتوانن ژیانیان بگۆڕێ.

شوناسی مرۆڤ تەنیا نەتەوە و ئیتنیک و ئایین نیە، شوناسی مرۆڤ زۆر شتی دیکەیە. ئەزموون نیشانی داوە کە بەرجەستەکردنی زیا لە رادەی هەر کام لەم شوناسانە ژیانی مرۆڤ بە تووش کێشەی دژوارەوە دەکا.

 

 

گەڕان بۆ بابەت