قادر نیکپوور
خەڵکی ئاوایی هەر کەس بە جۆرێک سەرقاڵی شتێک بوو. سەرقاڵتر لە هەمووان سۆفی باقی. رۆژێ چەند جار قەل و مریشک و قازەکانی دەبژارد. هەر جارەی دەیبژاردن، دانەیەک یان دوانیان کەمیان هەبوو.
رێوی رێوی مام رێوی ١
قادر نیکپوور
جارێک له جاران نزیک لە ئاوایی، لە نێو قەدی شاخی، مام رێوی و پوور رێوی لەگەڵ چەند تووتکی جوان و قنجیلانه پێکەوە ده‌ژیان. مام رێوی زۆر باش لە رووداوەکانی دەورووبەر و ئاوەدانی ئاگادار بوو. ئەو هەموو تەمەنی بە چه‌رمه‌سه‌ری و سەگیەتی بەسەر بردبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له فێڵبازیدا بێ وێنە بوو. هەموو کەس بە فرت و فێڵەکانی ئەو شارەزا بوو.
پوور رێوی ئاکارەکانی مام رێوی بە دڵ بوو، وە بە چاوی رێز و حورمەت سەیری دەکرد. به تایبه‌ت ئه‌و کاته‌ی ده‌چوو بۆ راو، لای مناڵه‌کان باسی ئازایه‌تی و وریایی مام رێوی دەکرد.
مام رێوی زۆر باش شاره‌زای ئاوایی بوو، هه‌موو که‌لێن و کونی ئاوه‌دانی باش پێده‌زانی. ده‌یزانی ئاوایی چه‌ند قەل و کەڵەشێر و مریشکی تێدا هەیە. هه‌روه‌ها خه‌ڵکی ئاواییش مام رێوییان باش دەناسی. دەیانزانی لەو فێڵ باز کەسیتر نیە. زۆریان خۆش له چاره‌ی نه‌ده‌هات، به‌تایبه‌تی ئه‌و شه‌وانه‌ی په‌لاماری ده‌برده سه‌ر زینده‌واری خه‌ڵک.
زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئاوایی قه‌ل و مریشک و قاز‌یان هه‌بوو، به‌ڵام له هه‌موان زۆرتر ماڵه "سۆفی باقی". ئەوان هه‌موو جۆره ئاژه‌ڵ و زینده‌وارێکیان هه‌بوو.
سه‌یرتر له هه‌موو شتێک، ئاوایی پڕ بوو له سه‌گی هارو دڕ، به تایبه‌تی سه‌ڕه‌شی ماڵه مام سۆفی که دوژمنی قه‌سته سه‌ری مام رێوی بوو، به‌م حاڵه‌ش رێوی راوی خۆی ده‌کرد و کام مریشک و قاز گۆشتن بوون، ده‌یبردنه‌وه بۆ مناڵه‌کانی.
مام رێوی ئەگەرچی پیرێکی به‌کار بوو، به‌ڵام گوردی جارانی نه‌مابوو. زۆرجار حه‌زی ده‌کرد له ماڵ نه‌چته ده‌ر و، هه‌موو شتێک به پاکراوی بێته پێش ده‌می. هه‌ر بۆیه زۆرجار لای خۆی ده‌یوت: "یادی به‌خێر کاتی لاویم، ئه‌و کات هه‌ستم به ماندوویی نه‌ده‌کرد."
یان سه‌ری باده‌دا، ده‌یوت: "ئاخ ده‌ردی پیری چه‌ند گرانه!''
پوور رێوی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تووتکەکانی بچووک بوون حه‌زی نه‌ده‌کرد تەنیا لە ماڵ بن، ناچار ئه‌رکه‌کان له‌سه‌ر شانی مام رێوی بوون.
مام رێوی زۆرجار به ده‌ستی به‌تاڵ دەگەڕاوە و، تووتکەکان بە زگی برسی خه‌ویان لێ ده‌که‌وت.
شه‌وێكی مام رێوی و پوور رێوی له‌به‌ر ده‌ردی مناڵه‌کانیان تا دره‌نگ به‌خه‌به‌ر بوون. ته‌کبیر له‌م و له‌و که چۆن خواردنێکی باش بۆ مناله‌کان په‌یا بکه‌ن. هه‌روه‌ها خۆشیان هه‌ستیان به برسییه‌تی ده‌کرد.
پوور رێوی وتی: "پیاوەکە به‌یانی پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێ، بڕۆ دوو مریشکی ناسک و گۆشتنمان بۆ بێنە! ئه‌مه یه‌که‌م جار نیه مناڵه‌کان به زگی برسی ئه‌خه‌ون! تۆ خوا ئه‌م هه‌موو مریشک و قه‌له له‌م گوندە بۆچی دەبن، ئەگەر ئێمە نەیانخۆین؟
لە ئێمە باشتر کێ هەیە؟
سۆفی باقی لە برسان بمرێت دڵی نایه مریشکێک بخوات. کەواتە، بۆ ئێمه نه‌یخۆین؟
مام رێوی به تووڕه‌یی وتی: "مام سۆفی مریشک و قه‌له‌کانی له خۆی خۆشتر ده‌وێت، باشتر له چاوی خۆی دەیانپارێزێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ماڵ نیه که چه‌ند سه‌گی هار و دڕی نه‌بێت، به تایبه‌تی خۆت سه‌ڕه‌شی ماڵه سۆفی باقی ده‌ناسی، بۆته دوژمنی قەستە سه‌ری من.''
جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده حه‌زت له مریشک و قه‌له، فه‌رموو خۆت بڕۆ کام مریشکت به دڵه بۆمان بێنە، منیش ئاگام له مناڵه‌کان دەبێت. با ئەم جارە ببین بە میوانی تۆ!
پوور رێوی قسه‌کەی به دڵ نه‌بوو. وتی: "تۆ خۆت هه‌موو که‌لێن و کونجی ئه‌م گوندە باش پێده‌زانی، منی به‌سته‌زمان تاکو شوێنێک ئه‌دۆزمه‌وه، که‌وڵم ده‌که‌ن و تووتکەکانم بێ دایک ده‌بن!"
به‌ڵێ، له‌م قسانه دابوون مام رێوی خه‌وی لێ که‌وت. زۆری نه‌خایاند به ده‌نگه ده‌نگی تووتکان لە خەو رابوو.
که‌مێک خۆی له‌به‌رێک کێشاوه، سەری لە کون دەرهێنا، سه‌یرێکی ولاتی کرد و وتی: "با بزانین ئه‌مڕۆ چیمان به نه‌سیب ده‌بێت، داخۆ قه‌زا و قه‌ده‌ر چمان به‌سه‌ر دێنێت؟''
تووتکەکان هه‌روه‌ها له خه‌و هه‌ڵسابوون، یه‌ک ده‌یوت، ئه‌م شه‌و تا به‌یانی خه‌ونم به گۆشتی بر‌ژاو بینی. ئه‌ویتر ده‌یوت، له خه‌ونمدا سه‌گی ماڵه سۆفی خۆی مریشکی بۆ هێنابووین.
مام رێوی له‌گه‌ڵ خۆی قسه‌ی ده‌کرد: "ئه‌م هه‌موو خه‌یاڵه چۆن به‌من جێ به جێ ده‌بێ؟ تازه ئه‌م زاڵمه مریشک بۆ ئێمه بێنێت؟ ئه‌گه‌ر بۆی بکرێت هه‌موومان که‌وڵ ده‌کات و ده‌مانکات به گه‌مه‌ی ئاوه‌دانی، به‌تایبه‌تی له پێش هه‌موو شتێکدا ئێوه‌ی به‌سته‌زمان.''
بە دڵنیایی تۆڵەی منیش لە ئێوە دەکاتەوە.
به‌ڵێ، له‌م قسانه دابوو، تووتکەکان هاتنه لای باوکیان. یه‌ک هاتە سەر شانی، یه‌ک له‌سه‌ر رانی، یه‌کیش له نێو باوه‌شی.
یه‌ک ده‌یوت حه‌زم له‌گۆشتی برژاوه. ئه‌ویتر ده‌یوت حه‌زم له گۆشتی مریشکە. هەر یەک بە ئارەزوویی دڵی خۆی قسەی دەکرد.
یەکێک کە له‌وانیتر وریاتر و ئازاتر بوو، دەیوت: "باوکه گیان، منیش وه‌ک خۆت. به‌س تۆ ئاگات له‌خۆت بێت، به ساغی بگه‌رێیته‌وه ماڵ!''
مام رێوی به‌م قسه‌یه که‌مێک پشووی هاته‌وه به‌رخۆ و به خۆی دەوت: "هیچ نه‌بێ ئه‌مه‌یان له‌خۆم ده‌چێت."
باشه مناڵه جوانه‌کانم: "به‌ڵێنی ئه‌ده‌م خواردنی خۆشتان بۆ دێنمەوە. تا شەو چاوەڕوان بن. ئه‌مجاره‌یان به سه‌ڕه‌ش نیشان ئه‌ده‌م من کێم!"
خه‌ڵکی ئاوایی هه‌رکه‌س به‌جۆرێک سه‌رقاڵی شتێک بوو، سه‌رقاڵتر لە هەمووان سۆفی باقی. رۆژێ چه‌ند جار قه‌ڵ و مریشک و قازه‌کانی ده‌بژارد. هه‌رجار که ده‌یبژاردن، دانه‌یه‌ک یان دوو دانه‌یان که‌می هه‌بوو.
به خۆی ده‌وت: "ره‌نگه زه‌ین و هۆشم که‌م بووبێته‌وه، ده‌نا وا هه‌ر نیه! به‌زیاد بن له خوا، ئه‌و جۆره‌ی که من حیسابم ده‌کردن، ئێستا خۆیان له سه‌د دانه‌ش ئه‌دا، که‌چی له‌مه که‌مترن. ره‌نگه له‌به‌ر گه‌رما له ژێر سێبه‌ری داران یان دیواران خۆیان شاردبێته‌وه. ئێواره که هات به فێنکی و به شێنه‌یی ده‌یانژمێرم. با که‌می بێنن، ئه‌وجار ئه‌زانم له‌گه‌ڵ جه‌نابی رێوی و سه‌ره‌ش چ ده‌که‌م!"
دەزانم چ پەندێکیان بەسەر دێنم! ئەم هەموو سەگەم بۆ چیە، ئەگەر باش پاسەوانی نەکەن؟
مام رێوی ئه‌وه‌ی باش ده‌زانی که سۆفی باقی هه‌موو رۆژ ئه‌و کاره ده‌کات. بەم قسانە تەنیا دڵخۆشی خۆی دەداوە. بەڵام مام رێوی گوێی لەم هەڕەشانە نەبوو. ئەو چاوەڕوان بوو، ببێت بە شەو.
کاتێک سێبه‌ر به‌سه‌ر وڵات‌دا ده‌کشا، خه‌ڵک له زەوی و مه‌زراکان به‌ره‌و ئاوایی دەگەڕانەوە. هه‌ر که‌س زینده‌واری خۆی وه پێش خۆی ئه‌دا.
قاڕ و قیڕ‌ی ماڵه سۆفی دوای هه‌مووان ته‌واو ده‌بوو. مام سۆفی دواین که‌س ده‌ڕۆیشته ژووره‌وه. ئه‌و تاکو بژاردنی خۆی نه‌کردبایه وازی نه‌ده‌هێنا.
ئه‌و ئێواره زۆر سه‌یر بوو. هه‌رچی مام سۆفی ده‌یبژاردن زۆرتر سه‌ری لێ ده‌شێوا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌یان سه‌گ هه‌بوو که هێندێک جار سه‌گه‌کانیشی له‌گه‌ڵ قه‌ل و مریشکه‌کان ده‌بژارد. به تایبه‌ت ئێواران کە سه‌گه‌کان برسی ده‌بوون و ده‌یانزانی کاتی خواردنه، به کلکه سووته له ده‌وری مام سۆفی ده‌خولانه‌وه.
مام سۆفی که ئه‌و به‌زمه‌ی دەبینی، ئه‌وه‌نده‌ی تر تووڕه دەبوو. دەیوت: "بڕۆن هه‌ی مفته‌خۆرینه، ئه‌وه هه‌موو بە هۆی که‌مته‌رخه‌می ئێوه‌یه هیچم بۆ نه‌ماوه. ده‌ڵێی قه‌ڵ و مریشکان بۆ ئێوە به خێو ده‌که‌م. کاکم (رێوی) به که‌یفی خۆی دێت و ئه‌ڕوات و ئه‌خوات، ده‌ڵێی ئه‌م ماڵه بێ خاوه‌نه. به‌خوا برا بێ خاوه‌نه! له‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو سه‌گه‌له ئه‌و کاری خۆی هه‌ر ده‌کات."
له حه‌یفان چه‌ند گۆچانی گه‌یانده سه‌گه‌کان. هه‌ر یه‌ک به‌لایه‌کدا قوتار بوو.
وڵات که‌مێک بێده‌نگ بوو.
مام رێوی له نزیک ماڵه مام سۆفی بوو. له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یوت:" ئێستا کاتی راوه، وڵات بێده‌نگه، مام سۆفی سه‌ری قاڵه، کوا له‌به‌ر بژاردنی قه‌ل و مریشک منی له بیره؟''
یان ئه‌و سه‌گه بێ که‌لکانه کاتی برسییه‌تی به‌س له خه‌می زگیان دان. تازە بە زگی برسییەتی ناتوانن من بگرن.
یان ده‌یوت: "نانا، با په‌له نه‌که‌م! ده‌بێ پشووم له‌سه‌ر خۆ بێت! ره‌نگه له‌به‌ر من خۆیان بێده‌نگ کردبێت، تاکو فریوم بده‌ن."
ده‌بێ زۆر باش ئاگام له خۆم بێ، هیچ نه‌بێ ئه‌وان باش بۆن ده‌که‌ن، بە تایبەتی بۆنی من.
که‌واته ناوم رێوی نیه گه‌ر به ئاسانی بمگرن. ئەمە یەکەم جار نیە، چەند ساڵە ئەم بەزمە دەکەم، کەس هیچی بۆ نەکراوە.
واباشه منیش بڕێک بێده‌نگ بم. بزانم چ باسه. نه‌کا له‌پر بکه‌ونه سه‌رم. بێگومان له‌ت و په‌تم دەکه‌ن!
كێ ده‌ڵێ ئێستا داویان بۆ دا نه‌ناوم؟
له‌و کاته‌دا سه‌گه‌کان هه‌موو قوتار ببوون، ته‌نیا سه‌ڕه‌ش له‌وێ کەوتبوو. مام سۆفی که بینی ته‌نیا سه‌ڕه‌ش له‌وێیه، رۆیشته لای و دوو سێ گۆچانیشی گه‌یانده ئه‌و. بڕۆ له‌م گه‌ره‌که نه‌دبینمه‌وه!
یان ئه‌و فێڵبازه‌م (رێوی) به زیندوویی بۆ ده‌گری، یان نانت ناده‌مێ تاکو له‌برسان ده‌مری!
سه‌ره‌ش دوایی ئەم هەموو وەفایە، سووکایەتی پێکرا. ئەو کارەی مام سۆفی بەزەرەری خۆی تەواو بوو.
سه‌گه‌کانی دیکه به‌دوای سەگە رەشدا رۆیشتن.
ده‌ورووبه‌ری ماڵه مام سۆفی بۆ تاوێک ته‌واو بێده‌نگ بوو. سۆفی هیلاک و شه‌که‌ت به‌ره‌و ماڵ گه‌ڕایه‌وه.
خه‌ریکی داخستنی ده‌رگا و بان بوو کە له‌ناکاو ده‌نگه ده‌نگی سەگان په‌یا بوو.
به‌ڵێ، چەق و لووری سه‌گان له نزیک ماڵان ده‌هات. مه‌پرسه هه‌ستیان به بۆنی رێوی کردبوو. رێوی به‌سته‌زمان له ترسان له که‌وڵی خۆیدا جێی نه‌بوو. تازه کار له کار ترازا بوو. هه‌موو هه‌وڵی مام رێوی ئه‌وه بوو خۆی ده‌رباز بکات. به خۆی ده‌وت: "نانا نه‌که‌ی، ئه‌م یه‌که‌م جار نیه، با ئه‌وان هه‌ر بوه‌ڕن. ئەوە سەوەڕی پاش گورگیە!
ده‌بێ له‌وان زیره‌کتر بم، ئه‌گینا مناڵه‌کان له‌برسان ده‌مرن!
له‌و کاته‌دا سه‌گه‌کان هێرشیان برده سه‌ر رێوی، رێوی که هیچ چاری نه‌بوو به‌ره‌و ماڵان رای‌کرد، تاکو که‌لێنێک لۆخۆی بدۆزێته‌وه. له‌ترسان به‌ره‌و ماڵه سۆفی باقی هه‌ڵات، چونکە لەوێ زۆرتر شارەزا بوو.
له ناکاو له سەربانی دەکەوێتە نێو تەویلەی ماڵە سۆفی باقی. ژووری قەل و مریشکان و تەویلە دیوار‌یان مابەین بوو.
سه‌گه‌کانیش وه‌ک شه‌مه‌نه‌فه‌ر دەکەونە دوای. وه‌ڕینی سه‌گان له‌سه‌ربانی تەویلە ئه‌وه‌نده زۆر دەبێ که هەموو خه‌ڵکی گوند دێنه ده‌ر. مام سۆفی پیش هه‌موو که‌س ده‌گاته سه‌ربان. سه‌گه‌کان له وه‌ڕین واز نایه‌نن، له سەربان ده‌سووڕێنه‌وه. مام ریوی کەوتۆتە خوارەوە، بۆ نێو تەویلە.
به‌ڵێ وەرزی هاوینه، مه‌ڕوماڵات هه‌مووی له کوێستانن، ده‌رگای تەویلەش داخراوه.
ده‌بێ جه‌نابی رێوی رێگا چاره‌یه‌ک بدۆزێته‌وه، ئه‌گینا مام سۆفی وا بە ئاسانی لێی خۆش نابێت.
سۆفی باقی تەنیا یەک ئاواتی گەورەی هەبوو، رێوی به زیندویی بگرێت. له راستیدا ئه‌و نازانێت ئه‌م هات و هاواره له‌به‌ر چیه؟
دوایی ئه‌وه‌ی ده‌بینێ سه‌گه‌کان سه‌ر ده‌خه‌نه نێو کولانکه‌ی تەویلە و، ده‌لوورێنن.
به خۆی ده‌ڵێ: "ئه‌م ماسته بێ موو نیه، تۆ بڵێی هه‌ستیان به شتێک نه‌کردبێت؟''
با منیش سه‌یرێک بکه‌م بزانم چ باسه. ئه‌ویش وێڕای سه‌گه‌کان سه‌یری ژووره‌وه ده‌کات به‌ڵام هیچ نابینێت.
فایده‌ی نیه، با بڕۆم بزانم له‌و ژووره چ باسه؟
درێژەی هەیە ...