بۆ "ڕ" ێی قەڵەو نا!

لەم چەند ساڵەی دوواییدا لە رێنووسی کوردیدا دیاردەیەک سەری هەڵداوە کە تێیدا "ر" سەرەتای وشە بە "ڕ" دەنووسرێ، دیاردەیەک کە لەوە پێش زۆر باو نەبوو. واتە لەوە پێش ئەم "ڕ" سەرەتاییە بە "ر" دەنووسرا، بەلام "ڕ" دەخوێندرایەوە. ئەوانەی داکۆکی لەم شێوە دەکەن دەڵێن چونکە "ڕ" سەرەتای وشە قەڵەوە، کەواتە دەبێ لە کاتی نووسینیشدا قەڵەو بنووسرێ. 

 

 

"جۆرج بێرنارد شۆ" نووسەری بە ناوبانگی ئیرلەندی لە پێناوی سادەکردنی نووسینی ئینگلیزی دا پێشنیاری دا هەندێک دەستکاری لە ئەلف و بێی زمانی ئینگلیزیدا بکرێ. ئەم نووسەرە پێی وابوو ریفۆرمێکی لەم چەشنە دەتوانێ بەکارهێنانی ئەم زمانە لە کاتی نووسین دا بۆ نووسەر و خوێنەر ئاسانتر بکاتەوە. هەڵبەت هەرچەند ئەم پێشنیارانە قەت لە بەر چاو نەگیران، بەڵام سەرنجەکانی نیشانەی ئەوە بوون کە چەندە ئاسانکاری لە پیت و لە نووسینی وشەدا دەتوانێ خێرایی پەیوەندی بەکارهێنەر بباتە سەرەوە.

لە زمانی کوردیش دا بێگومان وەک زمانەکانی تر، دووان و سەرنج لە بابەت پیتەکان دەتوانێ هەمیشە دەلاقەیەکی کراوە بێت بۆ گفتوگۆ. پیتی کوردی بە گوێرەی دۆخ دەکرێ هەم دەوڵەمەندتر بکرێ و هەم ئاسانکاریی زیاتریشی تیا ئەنجام بدرێ.

لەم چەند ساڵەی دوواییدا لە رێنووسی کوردیدا دیاردەیەک سەری هەڵداوە کە تێیدا "ر" سەرەتای وشە بە "ڕ" دەنووسرێ، دیاردەیەک کە لەوە پێش زۆر باو نەبوو. واتە لەوە پێش ئەم "ڕ" سەرەتاییە بە "ر" دەنووسرا، بەلام "ڕ" دەخوێندرایەوە. ئەوانەی داکۆکی لەم شێوە دەکەن دەڵێن چونکە "ڕ" سەرەتای وشە قەڵەوە، کەواتە دەبێ لە کاتی نووسینیشدا قەڵەو بنووسرێ. واتە سەرنج و بۆچوونی ئەوان سەرنج و بۆچوونێکی پرنسیپ گەرایانەیە، شتێک کە لە دەنگدا وایە دەبێ لە نووسینیشدا هەر وابێ!

بەڵام دەکرێ لە پەیوەندی لە گەڵ ئەم دیاردەیەدا سەرنج بدەینە چەند شتی دیکە:

ـ لە زمانی کوردیی سۆرانیدا هەمیشە "ڕ" ێی سەرەتای وشە، "ڕ" ێی قەڵەوە، واتە ئێمە وشەمان نیە کە سەرەتای بە "ر" ێی ناقەڵەو دەست پێ بکات، کەواتە گەر بە "ر" بنووسرێ، خوێنەری زمانی کوردی خۆبەخۆ بە "ڕ" ێی قەڵەو دەیخوێنێتەوە، یان باشترە بڵێین کە هەر ناکرێت "ر"ی سەرەتا بە ناسک و ناقەڵەو بخوێنیرێتەوە.

ـ لە باری جوانکاریی رواڵەتی نووسینەوە، "ڕ" ێی قەڵەو لە سەرەتای وشەدا جوانیی "ر" ی نیە و بە زیادبوونی حەوت لە ژێر ئەم پیتەدا فەزای نێوان پیتەکان چڕتر دەبێ و بەم پێیە ناشیرینتر، فەزای چۆڵی دەورووبەری پیتەکان یان فەزای نێوانیان وەک فەزای سەوزی نێوان بیناکان لە شارێکدایە،

ـ هەژاری شاعیر کاتی خۆی دەیگوت کە زمانی کوردی جێی گرت ئیتر دەبێ وەک زمانی عەرەبی و فارسی واز لە نووسینی سەر و ژێرەکانی بێنێت و خوێنەر بە بێ ئەوەی پێویستی بەمانە بێ، دەبێ بۆ خۆی چۆنیەتی خوێندنەوەی وشەکان ببینێتەوە،

 

ئیستا ئەوەی کە لە پەیوەندی لە گەڵ شێوازی نووسینی پیتی "ڕ" ێی قەڵەو لە سەرەتای وشەدا دەبینرێ، نە پەیڕەوی کردنی سەرنجی بێرنارد شۆیە لە بابەت ئاسانکاری پتر و نە رەچاوکردنی سەرنجی هەژاری شاعیرە لە پێناوی وشیارترکردنەوەی زیاتری زەینی خوێنەری کوردزمان یاخود خوێنەری شارەزا بە زمانی کوردی لە کاتی خوێندنەوەی دەق دا.

پرسیار ئەوەیە ئەم ئاڵۆزکردنە و چڕکردنەوەی فەزای ناو پیتەکان و تەمبەڵکردنی زیاتری زەینی خوێنەر لە پێناوی چیدایە؟

 

سایتی قەڵەم

بازدید: 1571