ما 4553 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نه ژاد عزیز سورمێ

ئەوان تینى کورەى دەفیو
ئێمە شەختە
ئەوان گیا
ئێمەش بەرخى دوو باقە گیا.

 

شتێک لەمێژووى ئاوابوون

نه ژاد عزیز سورمێ

 

•پەرێز

 

گیا بڵند بوو، لە کڵاوەى چۆکى دەدا

لە وەرزى ئاوس بووندا

ڕەگەکان هاتنەوە بەر با.

 

•ڕەوڕەوەى وەستان

 لەسەر بەردى سێڕیانەکە دانیشتووە

چاوەڕوانى (بەیان) دەکا

گەلێ جار (بەیان) هاتووە

                   تریفە بارانى کردووە و

                  تێشتى لەگەڵدا خواردووە..

                  ئەو هەر لەسەر بەردەکەیە و نابزوێ!

                  وشت بووە !

                 چاوەڕوانى (بەیان) دەکا.

 

 

•ئاڵ بردنەوە

          

            ئاوێنەکان بە دیوارەوە شکاون..       

          هەتاو ڕووتە ، سایە پۆشتە

              پێینگانى کچى ئاسمان دارى حەسرەتى لێ ڕواوە .     

 

•خوێنکێش

       

        لە ناو قەدەوە پێکراوە

       تنۆکێ خوێنى لێ نەهاتووە

       شاڵى پشتى تەمەنیشى هەڵمشتووە.

 

•تەنافباز

      

        وەکو پەمۆ :

       لە قۆزاخە و

       لە مەکینە و

      لە دارهەنەیشدا دەژى ..

     تا ئەوەى لە پەرداخێکیش نقوم دەبێ

    دەریا هەستێ ناگاتە گوێزینگانى.

 

•برایەتى

 

     ئەوان تینى کورەى دەفیو

    ئێمە شەختە

    ئەوان گیا

    ئێمەش بەرخى دوو باقە گیا.

 

•زایەڵەى بێ دەنگى

 

       لەو ساتەوە سوژنى

     لە بن پیلى شەوەى ڕۆژگار ڕاکردووە

     هاوار ئەکا

    کەس دیار نییە

   (با) وەستاوە!

   ئەویش بە دەنگە دەنگى خۆى

نەوەک هەر کەڕ ،  لاڵیش بووە.

 

 

•پانکى مێشک

 

بیرى نایێ بارانى گرتبێتیەوە

نەى دیوە خوێنى تێ بگەرێ!

پانکى سەرچاوەى گومڕایی

هەر لە دوورڕا ماکى کەڕووى پێوە دیارە .

 

•کێلوکە

تاک تاک

شێوەى جریوەى پاسارى

تاک تاک

شێوەى زەبوونى و ناچارى

تاک تاک

کە تەنیایی هەر بۆ خوایە.

 

 

 

 

•خێزەڵانى سنگەکان

 

ئەوە هەناسەدان نەبوو

ئەوە ڕمانى چیا بوو

چەخماخەى هەورە تریشقە و

فڕینى هەموو چۆلەکە و کۆترەکانى دونیا بوو

ئەوە هەناسەدان نەبوو.

 

•بانگۆش

 

ئێستا مناڵان

یارى بە باگردێنەکەى دەکەن

دەسکەکەى کردووە بەشەقە و پێى دەڕوا

دەرناکەوێ

چوار وەرزى ساڵ لە ماڵێیە,

9 /1989

 

 Image result for sol nedgang kunst

گەڕان بۆ بابەت