ما 2869 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

توانیم وشە لێکدەم و داوا بکەم
مانگ بەسەر هەولێرەوە پڕ و نارنجی و لە گڕوگاڵدا بێت
بەو نازەی داویەتییە ئاوی ڕژاوى حەفت چیایان
چەتر هەڵدا و شەڕى باران بباتەوە

 

مردوویەک ئاگای لە هەمووانە

سەباح ڕەنجدەر

 

تاج سەر گران دەکات

 

تاج چاوی لەو درەختانە ڕوون بووە لێرە ئاو دەخۆنەوە

بۆنى گیای لاڕێیانیشى بەئاگا هێنا

ئەوەشى گوت ڕۆح گۆشت و ئێسکى نییە

دوای ماوەیەکی کورت

کەوتە سۆراخکردنی ونبووەکانی و بریقەی چاویلکە و دڵنیایی

ئەسپی جڵەو زیوینیشی لە گۆڕەپانی شێوە پەرستگا خەڵات کرد بە زوو ورووژانی پەپوولە

ئەفسوونێکی لە چەکەرە و نەرم و شلی گوان

دا بە گژوگیای ئاڵوودەی نیاز و مراز لەسەر خوێندراو

گژوگیا کەسوکاری منن

ڕزگاریان کردم لە گەمارۆ و داوى فریو

مەرەکەب و کاغەز و یاد خۆیان لەناو ڕێکخست

ئەم سرووشەیان هەڵدا

ژیان و مردن بردنەوە و دۆڕان نین

شیر و

قاوە و

دیوان و

مۆمی دەم بەسووراو و سپیاو

سۆز و سێبووری و بێ پەروایییان تا گەیشتن بەخۆت بەرز بووەوە

هاوارە بەهانا هاتووەکانت کە بەدڵێکی بەهێز شوورە دراوە

هەڵدە سەرە ڕێگاکان

 نە لەگەڵ سەرەتا کاروانت دەجمێ

نە لە کۆتاییی واق وڕمانێکى لەناکاو و لەبیرنەچوو

گیانت دەکات بە قۆزاخەى حەکایەت و ئەفسوون

لە نامەیەکی تایبەتیدا داوا بکە

پێویستیم بە دەستەیەک پێغەمبەر هەیە

لەناو گەرمایی دێڕەکانم

هونەری پێگەیینی میوە بکەن بە بیرکردنەوە و خولیا و ڕژانى تاڤگەیەک

ئەی سەمای ڕێشمە و زەنگوڵەی نەرمی کۆچی بەختەوەری

ئەستێرە بۆیەکراوەکانی ناو ڕستە سڕەکان لە خەودا بڕژێنە

هەنگ هەنگوینیان بڕییەوە

نەمانزانی ئەو تەشتە ئاوەى حەوشەمان خۆش بوێ

کە تریفەی مانگی بۆ پاراستین

سڵاوت لێ دەکەم ئەی ئاسوودەیی

بەدڵ ئاوڕێک لە پاشماوەی برینەکانمان بدەرەوە

کولانەوەیان کێڵگەیەکە مەست و ڕازدرکێن

مۆم تێکۆشەری بنەماڵەی ڕووناکییە

جەنگێکی گەورەی بردووەتەوە

نیشانەکانی خاڵبەندیی ژیان

گوێ لەو دەنگانە ڕادەگرن دەبنە ئاواز

نیشانەکانی خاڵبەندیی مردن

گوێ لەو دەنگانە ڕاناگرن نابنە ئاواز

گوێ گرتن و نەگرتن بردنەوە و دۆڕان نین

خانەى دوو گوڵن چاوەڕوانین ببنە شانەى هەنگوین

دەتوانین پێیدا بڕۆین و بێینەوە

بازێکی ڕاونەکراو لەناو ڕەزێکی خان و مان

لە باوەشی درەختێکی نزم خۆی هەڵدا

پڕشنگی بەهرە دانەوێڵە و ئومێدی لە نزیک دەنووک و باڵی دانا

بۆنی حاجیلەی کوتراویش لەناو گۆرەوی و ئاون دەنیشێتە شوێن پێیەکانی

وەک پێروو دەجریوێنن

بێ چرا کتێب کەسێکی لە بیرکراوە

شەوقی ڕووداوەکانی ساڵ چەشنی باران

ئاوی سەر بە شەختە بەئاگا دەهێنێت

بۆن و بەرامەمان بۆ دەنێرێتە ماڵەوە

قەڵەمکێشی کۆچکردووان و گڵۆپى سەر حەوزى ماسى و چەتری گوڵفرۆشان

پەڕەی زمانن قەت دەمارى درۆ لەدەمیان لێنادا

وایان کردووە بە وچان و درەوشانەوە تەماشامان بکەن

درەختی بڵند و لک بەهێز

بۆ جۆلانە خۆیان هەڵدەخەن و ڕەگیان بە ناوچەوانمانەوە گرێ دەدەن

ئاڵۆزیى ژیان و سادەیی مردن کە بەهرەى تیشک و سێبەرن

ناکۆکییەکانیان خاو دەبێتەوە

نیشانەکانى خاڵبەندى دەبنە مۆسیقایەکی دەوڵەمەند و خۆدەکێشن بە هەورێکدا لە دڵدا دەبارێ

کتێبەوانێک لەو گەڕەکەى چاو داناخا و وشەکان بە ڕێگادا دەڕۆن

چووە ناو دواین جەنگى ڕەش و سپی و خۆى تەنیا کرد

بە تاجی کتێبەوە هاتەوە یەکەم کۆڵانی شار

تێگەیشت ئاووهەوا و ئاوێنەى بەرانبەرى 

ڕوخساری ڕۆشنی ئەسپە یان هێزی ڕاوچیی ڕێوی

تاج ناوى تاجدار دەزانێت

خۆرێکى سادە هەڵیگرتووە و بەسەر ناوچەوانى دنیا ڕەتدەبێ

 

تشرینی یەکەمی 2005 هەولێر

 

زمان و دڵی مانگ

 

پەپوولەیەک لەسەر شانی پێغەمبەرەوە فڕییە سەر شانی من

تەپەی باڵ و نیشتنەوە بۆنی خۆشی گڵەسەرن لە پرچێکى خورمایی کاڵدا

پێویستییەکانی ڕۆژ هەمووی جوانین و لە ڕۆژژمێردا بە دێڕێک ئاماژەى پێدراوە

کاتژمێری قورمیشدار ئامادەت دەکات بۆ بێدارکردنەوەی پەردە

تیشک بەشی خۆی بداتە ژوورەکان

جۆشی قۆریە کە بەناو دڵی هەڵوەدای کازێوەدا ڕەت دەبێت

باوەشی ماڵ پڕ دەکات لە شیرینی

کرۆسک و ددانی شیری تێیدا گەشە دەکەن

داوەڵ پشووی بێستانەوانە

مەیموون و کەروێشک خەیاڵیان دەمرێ و بارکەوتوو دەبن

نامەی جەنگاوەرێک لەناو دەست و پەنجەی پۆستەچیی شار بانگی کەڵەبابە

ئەستێرەی تاریک و ڕوونی لێ بەگرشە گرش کەوتووە

مێرگى ئەسپەکان و ڕۆژى سپیی سەر چیاکان

گیان و لێکدانەوە دەدەنە نازی ڕەنگ لەناو پەلکەزێڕینەدا

پەلکەزێڕینە جوانیی سەرزەمین بۆ ئاسمان دەبات

پێچکەی گالیسکە لەناو  فریز پەڵەکانی جەستەی بە خوناوی شادمانی لادەدات

سەرنشینەکانی نقێمی ئەنگوستیلەیان چاون

لە کاتی دەستگیران هەڵبژاردندا کە سروە و ڕشێنەی باران پەرژینی دارین دەشکێنن

گوڵەجۆ و گەنم لە ناوچەوانی کار و بەرخ شەپۆل دەدەن

ناز و فیزی شێر لەو کاتەدا گەرم دەبێت

کە تەرمی نێچیر لەناو دەستەکانی دەشێلێت و گۆشت و ئێسک لێک جیا دەکاتەوە

تەنیا مرۆڤ پێویستی بەئاسوودەییی ناو ئاوێنەیە

دەزانێت کە ناشیرین بوو ئیدی تەواو بەهرە و بەرهەمى لە نوێوە دەست پێناکاتەوە

ژیانیش بەردەوام خوان پڕ بەهرە و بەرهەم دەکات

بوێری باڵندە بەرز دەکاتەوە

ئەوانیش لە مەستیی فڕینێکدا ئاسمان خاڵی دەکەن لە برووسک و پاشماوەی

نەرم نەرم لە ئاسۆی پڕی سپێدەدا دێنە خوارێ

بەسەر گۆچانی پیرەکان دەنیشنەوە

پیرەکانیش ترپەی لێدانی دڵی خۆیان گرێ دەدەن بەباڵیانەوە

باڵ ئەی پشت و پەنا و جوامێری ناو دانیشتنە تایبەتییەکان

ڕەوانبێژ و سەروا و کێشدارمکە بە تکای گوڵەباخ لە دەست و پەنجەی دڕ

خەریکە ڕووناکی لە چاوانم کۆ نابێتەوە

ئەلفوبێی ژیانی خۆم لە بەرزایییەکان هەڵدایە دەستی خوداوەند

ڕەشنووسی بەخت و ناوچەوانیشم دوور لە نزرگایەک شاردەوە

ئەی دەریای نوستووی خەونی خۆ ئاشکرا کردوو

بەرپا بووە زەبر و زەنگ و جەنگی جودایی

دەستەودامەن و فریا

جامی ئەفسووناوی گیانم پڕکە لە بەهرە و بەرهەمى خودایی

مانگی لە دەست مەرگ هەڵاتوو

شانمی بە قەڵا و مۆزەخانە و ئاوێنەی بنەماڵەی زانی

زمان و دڵی لەسەر پەروەردە بکات

تریفەیەک لەناو جامی ئەفسووناوی خودادا

برژانگی چاوە گەورەکانی کردنەوە

بە وریایییەوە دوا

دوای چەند چرکەیەکی خوماری

گەشتوگوزار و غەزەلی ئەسپ و بریقەی چاوی پێغەمبەرەکان لەسەر زەوی دەگۆڕێن

هەندێک زمان و دڵ پەیدا دەبن

سێبەریان ڕۆحى تێدایە

ئەرێ سێبەرى ڕۆح تێدا ئاسوودە

زەبر و زەنگەکانی داهاتوو لە پێناو چیدا دەبن بە جەنگ

کوکوختی هۆگر بەحەوشە و ماڵ و سەر ئالێرى تەلەفزیۆنەکانمان

لە وشەی هەڵکەندراوی ناوچەوانی خانووی باپیران دێنە دەرێ

لەناو فەخفووری ماستی منداڵەکانمان

لە ڕەنج و ڕاز و هەوای بێباکی نقووم دەبن

دەست بە سەری ئاگرودوو دادەهێنن

گەرمایی دەبەخشنەوە بە دەرگا کردنەوە و پەیوەندییە هەستییەکان

پاشان لەسەر ئاڵای داگیراو پاشەڕۆ دەڕێژن

ئەرێ مانگ لە زەماوەندی جاویدانی زمان و دڵدا

چ شەربەتێک دەخورێتەوە

مەشخەڵی سەرشانم فڕییە ناو چاوی پەپوولە

ئەو چاوە ڕەنگی خودا  و ڕەنگى ئاو و ڕەنگى شیعری پاراست

بەهرە و بەرهەمى لە نوێوە دەست پێدەکاتەوە

 

تشرینی دووەمی 2005 هەولێر

 

ڕێوڕەسمی کردنەوەی پەیکەرێک

 

بەچاوى گایەکى قوربانى تەماشاى باڵندەى دەنووک لەناو ئاو دەکەم

خودا بەنیازی سڵاو چاوی داوەتە دەستێک

دەبدەبەی ڕەنگاوڕەنگی پێوە بشەکێتەوە

قوماشی ڕەش و سپی بڕی

پرسە و کفن

پیت ڕژانە ناو دەمم

توانیم وشە لێکدەم و داوا بکەم

مانگ بەسەر هەولێرەوە پڕ و نارنجی و لە گڕوگاڵدا بێت

بەو نازەی داویەتییە ئاوی ڕژاوى حەفت چیایان

چەتر هەڵدا و شەڕى باران بباتەوە

چەتر شەڕى باران دەکات

پەیکەرێک حەفتا ساڵ پیاسەی بەسەر پردى ئەم دیو و ئەو دیوى ڕووباردا کردبوو

پاشان لەسەر گردى بە ئاڵا داپۆشراو دانیشتووە

ئاوێنەی دابووە ژن و شووشە بۆنی وەرگرتبوو

سەیری پەند و وێنەی سەر قەڵغانی کردبوو

قسەی توندیشى لەگەڵ وەردیان کردبوو

نامەی لەسەر باڵی بە ناز و فیزی کۆلارە نووسیبوو

سەرسام بوو بە

گوێی کەروێشک و

گوارەی شۆڕ و

پیاڵەى چا و

ڕووناکى ڕووى زەوى

بلووری لامپای سڕیبووەوە

تووتن و پایپی خۆش کردبوو

زۆر تەماشای ڕوخسارى دایک و باوکی کردبوو

وایدەزانى دەمرن و بەجێی دەهێڵن

پەیوەندییەکانی نێوان درەخت و باڵندە و هێلانە و هێلکەی باش ناسیبوو

گڕوگاڵ و دارە دارەی منداڵیی دەبێتە کاروانسەرا

یەکەم هێلکە لەوێ دەترووکێ

یەکەم ئاو لەوێ ڕووندەبێتەوە

یەکەم باڵ لەوێ دەفڕى

یەکەم شیر لەوێ هەوێن دەکرێ

لە بریقەی خان و مانی ڕەش و سپی

ڕەنگەکانی دی لەواندا دەڕژێتە سەر نۆتەى سروودەکانمان

سروود بووە پشتى ئەسپ

پشتى ئەسپ بوو بە زێد و ماڵ و لەدایکبوونمان

بەکامی دڵ سۆز و ئاوازی گیان دەدا بە پاڵەوانی هیوا و سەرپێخستنى خەونەکانمان

باڵندەی هەمەجۆرى شادمانی لەشکری بوون

پەلکەزێڕینەش بیر و بۆچوونی

لەشکر کە دەڕژێنە بڵنداییی دەموچاوی

بەنیازی ناسکبوونەوەی نیشتنەوە و بڕیاردان لەسەر مانەوە و باڵ گەرمبوون بۆ کۆچ

بیر دەکەنەوە و قسە و باس بۆ یەکەم پەڵەى ساڵ دەدرکێنن

ئێمە زۆر پێویستمانە بیزانین

گوڵەکانی لە ڕێوڕەسمی لەدایکبوون و مردنی دەخرێنە سەر پەیکەری

تەنیان وەک تەڵە شخارتەی بەکارهاتوو بۆ داگیرسانی مۆمی سێبووری

بولبول لە پاڵیان بانگی بە چل باڵفڕین و نیانی جۆلانە و جەژنى گەڕانەوەى ون کردووە

دوای سەرگەرمی دیتەنییەک

گۆشەنشین و خەواڵوو هەناسەیەکى دایەوە

ماسوولکەی جەستەی بەشڵەژاوى و گەروو وشکییەوە سەیرى دەمى ڕاهێنەرى وەرزشوانى دەکات

چێژ لە یەکەم ڕووبەڕووبونەوەى کڕێوەى گەڵا و ئەو ڕۆژانەى دەزانێت ژیان چییە وەرناگرێت

بەڵام خەیاڵ کە دووڕوویی مرداندووە

بێ بگرە و بەردە بە هەموو شتەکانی دەگەیەنێت

لە بۆنەی ئاشقبوونی شەونمی سەر گیا و شەڕى چاوەزار

دەبێتە دەستێک لەناو قۆزاخەدا ژیاو بۆ خۆشى و ناخۆشییەکان

هەڵیدەداتە ناو ئاهەنگەکانی کۆچەرییان

بیرەوەری گوێڕایەڵى دەبێ و سوودی پێدەگەیەنێت

هەڵە و نوێژە درۆینەی لە بیر دەباتەوە

دەستێک لە گێڕانەوە ڕاستگۆ و ناهێڵى وەخت بەسەرچێ

نامەکانی دەخاتە پۆستەوە

نامە هاتووەکانیشی وەردەگرێت

ڕێگا پێچاوپێچەکان هەموو شتێکیان پێدا دێت و تێدەپەڕێ

ڕۆژی هەمیشە بۆنخۆش بەشەقبوونی خاک

کاتێک دومبەڵان خۆی دەناسێنێ

لێدەگەڕێ ئاقیق و نووسراوی ناوچەوانی هەر هەموو پێغەمبەرەکان تێکەڵی بن

لە گەرمەی سەما و ناخ جریواندن و دیتەنى خودا

دڵی دەشوات و دەڕوا

پڕ دەستمان کڵۆ شەکر و مۆری بەخت دەکات

دەتوانین کەلوپەل و وێنەی بەهرەمەندەکانمان بکڕین

دەستەسڕی تەنکیش لەگەڵ خۆمان هەڵگرین

بێباکی بڵندبوونەوەی چنار

دەبێتە شوێنێک وەک قۆزاخەی ئاوریشم

جوانکراو بەسپێنەی هێلکە

ئاسوودە و پڕ بەهرە و پەیماندار

هەموومان شەقامێکمان دەبێ تێیدا بچینە سەردانی خزم و کەس و برادەرەکانمان

ڕۆژ کە ئاوا دەبێ

تەواو ئەڤینی خۆی کردووە

سڵاو

سڵاو پەیکەرى پەروەردەى شیر و شەکرى دایک و باوک و بارانى سێبوورى

تێگەیشتى بۆ جارێ نامرى

ئەو درەختەى تۆ تێیدا گەشەت کردووە

دەبێتە درەختى بنەماڵەى شیعر

ئەو هەموو وزەی تیشک و ئاو و پەین و ڕووخۆشى خۆڵەت پێشکێش دەکەین

کە خوداوەندى بەهرە و سرووش ڕسکاندوویەتى

 

کانوونی یەکەمی 2005 هەولێر

 

ڕژانی موورووی بەخت

 

گردێکی پەرژینکراو بەهونەری دەستنووسەکانى پەیام

خودا هەمیشە دانیشتنە تایبەتییەکانی تێدا ئەنجام دەدات و چاوەڕوانە گەورەتر بێت

درەختی زمانیش بەگۆپکەی نەکراوە لکی گران بوو

دەنگی پێغەمبەرەکانی لەوێ

یەک بەدوای یەک ئاوازدار کرد

دەستی بەڕوخساری سادەییماندا هێنا و قووڵاییمان درەوشایەوە 

موورووی بەختی ڕشت

دێوانەیەک لەسەر ناوچەوانی کە مۆسیقا و ئاوێنەیە بۆ ڕێگاکان

ئاڵای ئاشقبوون و مشتوماڵکردنی یادداشتەکانی پیشان داین

بای بەزەبر و بێ پەرواشی ڕاهێنا

ئاراستەی تەواوی بخاتە سەر

بۆ شەکاندنەوەی بەردەوام و پێوانەکردنی نازی چاوی باڵندەى سەر هێلکە

چاوی لە گۆی سەیوان گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ بوون

ئەوەى ئامانەتمان لاى داناوە وەک سپێدەی ڕۆژی بەهار

چاکەی بۆ هەموو کەس دەوێ

گەنجینە و خرۆشانى لە سێبەری تەنکی کەلوویەک هەڵگرتەوە

پێش خۆی بەڕوونی بینی

زانی پێیەکانی لەسەر

کونی باڵەبان

توولەی شفتی

بڕکی گندۆرە

لاسکی لۆبیا

چێورمەی گۆڕ غەریب

قەڵەمکێشی ئەسپ

برینی قوربانی

مەتارەی شوان

قەڵەشی کوارگ

دانەنێت و گرەوەکانی کە باپیری لەگەڵ نەوەکانی خۆی کردبوونی بباتەوە

سۆز و بەهرەی بەهێزی تێدایە بۆ ناسین

شوێنی حەسانەوە زۆرن

بەرانبەریشی تابووت

مرۆڤ بەدڵێکی خومار چاویلکەی فڕێ دا و جوان خولیاکانی چاوی جێبەجێ کرد

هیواکانی لەناو دانەنا

شەپکەی تابووتیش لە درەختیدا گەشە ختووکەی سووڕی خوێنی داوە

ڕازاندوویەتیەوەش

تەمێک لە مەمکی دێو پەیدا بوو

بووە تانەی چاویلکە و پەنجەرە

ئەلف و یێ

بەیەکەوە لەسەر زەوی و زمان نیشتەجێن

تەمەنی زەوی و زمان بەو نیشتەجێبوونە درێژ دەبێت

ماوەتەوە  ئاوێنە بەدیوارەکان هەڵبواسین

باڵندەی پەڕ چەور

ڕۆژانی پشوو لە گۆمەکان بێنە دەرێ

لە ناوی بیر بکەنەوە و چرا و ئەلبووم بهێننە سەر مێزی ژوورەکان

وەرزی نیشتنەوە و هەڵفڕین و توانای باڵیان بناسن

پاشان بەڕەنگی شاد و بیری هێمن و بێگەردەوە بنوون

نووستن فریای

ناخ و

گیان و

ویژدان و

خوێن دەکەوێت

لە حەوشەی پشتەوەی خانووە دێرینەکەی ماڵی باپیرم

کە بەهەشت حەزی دەکرد بۆ کاتییش بێت

چەند ڕۆژێک خەڵکی هەڵبژاردەی خۆی بهێنێ

بە نەخش و نیگاری خەریکیان بکات

هێشووە ترێیەک دەمی لەناو کەپر شۆڕ کردووەتەوە ناو ئاوی ڕوونی کووپە

دەڵێن باڵندەی پەڕ چەور

هێلکەکانی دەهێنێتە ناو کتێبخانەی

ئەو شاعیرە سادەیەی ئاوازی بۆ ئەم سەرزەمینە دانا

پەلەشی نەبوو لە پێگەیشتنی میوەکانی حەوشەی

بەدەستنووس و پرچی کیژەکانی دایدەپۆشێت

لە کوێ لاشەی مردوو

گیان گەڕایەوە ناوی

کێ چاکەکاری گیان چاندنەوە دەکات

ماسی بەناو جۆگەکاندا هاتن

بۆ سەردان و یارمەتیدانی ڕووبار

قولابی چاوداری ڕاوچییانی سەر ئاو خست

پێنج پەنجەی دەستی ڕاستیش

سامان و سەروەری بۆ ئاشقبوون بەهێز دەکەن

وەک ئەوەی لە بوێرییەک

دەستی خۆشەویستێکی دوورە دەست بگوشێت

مرۆڤ بە شکۆ و خانەدانی و بوێرییەوە

ئاوی ڕژاو کۆبکەرەوە و پاراوبە بە هونەری دەستنووسەکانی خودا

ئەشق بەناوی خۆتەوە

بانگت دەکاتە ناو ڕووناکییەکانی پیت و ناولێنان و قووڵاییت دەدرەوشێتەوە

 

کانوونی دووەمی 2006 هەولێر

 

کووپە لە مێوانداریی ماسیدا

 

بەهێزکردنى چاوى کوشتن و بڕین هەمووى بەویستى ئەون

ئەرێ خودا بۆ تەنیایی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو لاى ئێمە خاک هەڵدەکۆڵێ

دەست و پێوەندەکانیشی وەک چاووڕاو و چاودێر بەناو خەڵکدا بڵاوکردوونەتەوە

هەڵوەدا و دڵبەدەر و کەم خەون

پێیەکانی لە ئاوی چەور و لێڵ تەڕن و گیانی تا ئەوپەڕى پەرێشان

نوێژ و ستایش و پاڕانەوە یارمەتی دەروونین بۆ گیانى تا ئەوپەڕى پەرێشان

بەتوندوتیژی و زەبر و زەنگ و زاڵى داوای یارمەتی لە ناسراو و دەستوپێی کردوون

باڵندەی قاچ ڕووت و دەنووک درێژ باڵەکانیان دەخورێنن داوای باجیان لێ کردوون

جەنگ لەو پێناوەدا هاژەی هات

لاشە کەفی هەڵدا

لاشەش ئاوێنەیەکی پەڵەداری پێشکێش کرد

باڵندەی تەمەن کورت ببینێ

لە پشتی خۆشی هیچ لە دایک نابێت

تەپەدۆری لە پەنجەرەی بیستن ناوە

داویشی لەسەر کورسی شەیتان و فریشتە داناوەتەوە

کتێبی نائومێدی و گریانى جیهان لەم چاویەوە گواستووەتەوە ئەو چاو

ڕەوانبێژ و

هەواڵدز و

خۆویست و

خۆشدووە

تەمەنی بەشی ئەوە دەکات لە هەموو شەقامەکان بپەڕێتەوە

مردنی پەنجەی کەمانچەژەنەکانیش ببینێ

بە ئاگر و دەموچاوى ترشهەڵگەڕاوى مانگم مەسپێرن

پشت و پەنایەکم هەیە هەمیشە بەبیر خۆمی دەهێنمەوە

بەهرە و پەیژە و دەفتەرى پڕ ئەستێرەى هەڵفڕیوى مەحاڵ دەهێننە دی

کارتی جەژنانە فڕێ دەدەنە ماڵەکانمان

وێنەی کێکی مۆم لەسەر داگیرساویش دەگرێ و بەیادگاری دەیداتە نەوەکانمان

وەک شاعیرێکی دەموچاو درەوشاوەی بەختیار

چوارخشتەکی لەسەر شیعری باوکی نووسیوە

غەزەلیش چاوی بە پەڕپەڕەی مانگەوە هەڵواسی

لە پێچی شەقامێکدا ونی کرد

پێنج خشتەکی و بەهرە وەرگرتنیشی مایەوە

چرای هۆگربوونی بەدەستەوەیە

بەدوای لەپکە شینەی دیاری داپیری چاوی دەڕوا و دەگەڕێتەوە

هێزی چاو بەشی شکانی لەشکری هەڵپەدار دەکات

ڕۆژنامەنووسی بەرەکانی شەڕ

بۆ ماوەیەکی کورت

لە خۆشییاندا لە هۆش خۆ دەچێ

شیعرێکی ڕۆمانسی دەموچاوی ئاوپژێن دەکات

مۆم و شخارتەی لە دەم دەڕژێ

گیانی زیو و ئاوریشم و فەنەر لە ناوی

مردوویەکە بەندى جەرگى هەمووان

ئەو مردووەی بەندى جەرگى هەمووانە و هەستى بۆمان قوڵپ دەدا

لە دۆزەخ هێلکەی نەکوڵاندووە

ئاوی پاش هێلکە کوڵانیشی بەسەر خاولی برادەرانی نەڕشتووە

لەسەرخۆتر بەرەو لام وەرە ئەی پیری

بلیتی سواربوونی چەرخ و فەلەک

هێشتان سووڕی خۆی تەواو نەکردووە

بۆنی ڕازیانە و نان ڕشاندنی دایکیشم هێلکەم دەترووکێنن

سەمەندەر برای شیریم بوو

دوای ماوەیەک پێکەوە ژیان هاتە ناو خوێنم و ئێسکمی توند کرد

باڵندە بەناو خۆر بڵند بووەوە

بە دەنووکى تووڕەى پشتى گاى هارى بریندار کرد

بینینى خوێنى ئەو برینە چاوى گاى ڕوونکردنەوە

ئەرێ باڵندە بەئاسمانەوە چیت پێدەڵێت

میوە ڕوومەتیان بە ناز و شکۆوە هەڵدەخەن

ڕێبوارانیش بۆینباخی قاوەیی بەسەر کراسیان شۆڕ دەکەنەوە

شەپقەی خورییان دادەنێن

ماست و زەیتوون و کەرە و هەنجیری وشککراوە

لەناو سینی چینکۆ شەڕیانە لەگەڵ لێوی بە بار

شەڕ بە تاو هات

ئەو مردووەی بەندى جەرگى هەمووانە و هەستى بۆمان قوڵپ دەدا

لەناو شووشەی مەرەکەب

یەکەم شت کە بینی ڕستەیەکە بۆ گیان و دیوان دەدوێ

ئەرێ گوڵ بۆ هاوسەروای

دڵ و

کول و

چڵ و

بولبولە

ماسی بەناو ئەڵقەی نارنجۆک قەڵەمبازى دا و خۆی سپاردە کووپەی ماڵی من

کووپە و ماڵی هۆگر بە فڕین و بۆنی خەنە و مێخەک

گوڵەبەڕۆژەی نیگا ئاڵاو بە پەیمانی نەمری پاسەوانیەتی

بەرانبەر قسە و هەڵەوەڕی و دەمهەڵبەست

شارێک چاو ناترووکێنێ

درەوشانەوەیەک لە دەموچاومدا بەهرەمەندی کردم بە هێز و خۆبوونی خودایی

خۆر ڕووی خۆی بۆ ڕاگرتم پێویستییەکانمی تێدا بنووسم

دەستنوێژ دەگرم و خۆم تەنیا داوا لە خۆم دەکەم ئاسوودە بمرم

چاوم لە نەخشە نقووم دەکەم و گیاکانى لەناو دیوارى کۆندا شینبوونە

باوەڕت بە ژیانى دووبارە پێدەهێنێ و بیریش لە لەناوچوونى بنەچەى دایناسوورەکان بکەیتەوە

پێش چوونە گەشت خەون وریام دەکاتەوە

کێ دەبینم و ئاو بەدەموچاوی کێ بپژێنم

لەناو شووشەبەندیش گوێ لە گۆرانی نەگرم

پارچە قوماشێکی خنکێنەر بەسەر زایەڵەدا دادەکێشێت

زایەڵە سەرەتای هەموو دەست گوشینێکە لە مشتووى خەنجەر 

بەخانومانی بەرەو ئێرە دێ

حەکایەت بۆ باپیرەی سەمەندەرمان بکات

سەمەندەر یەک دوو ڕۆژە مێوانى منە و کەسێکى چاوەڕێیە

لێشی دەپرسێت چاوی پڕ تاسە

تاسەی لە کوێ و لە چی دەشکێت

ئێمە مەلەوانین و ڕووبارى گەرمیش تا قووڵایی دەڕوا و ڕاکەڕاکەیەتى

بێزاریشە لە دەست خڕیى زەوى

 

ئاداری 2006 هەولێر

 

سووڕی پاراوبوونی بۆن

 

پەری بە بەخششی زەردەخەنەی

خۆی دەکات بە ناسیار و بەهەشت دەهێنێتە سەر سینییەکی مسین

تەمەنی ئاڵەکۆکیش بەشی شەڕی مانەوە لەگەڵ ژیان دەکات

تەم لەسەر هێڵکارییە سەرەتایییەکان لادەدات

وێنای هەفتەیەکی پڕ جموجووڵ و دەستنووسم دەداتێ

سەرەتای لەناو دروست بکەم

چەکەرەی زەمینیم و گوێشم لە ئاواز و ئاهەنگی بەهرە و سرووشە

بەهرە و سرووش ئاهەنگیان لە ماڵی دڵە

دیوار و تاق و پەنجەرەی ماڵی دڵ

شێوە و شکۆیان داوە بە کتێبی ئاماژەکان

سروەیەک بەسە بۆ گەشبوونەوەی چرا و خوان گەرمبوونی

چ دەدۆزمەوە ئەی کڵاو و گۆچان و خۆزگەی ئەسپ کە لە خرۆشانى جەنگاوەران پشوو دەدا

درەخت لە دڵەوە دوا سەمای دەکرد

لک و پۆپی سەرگەرم بەیاداشتی خانەوادەی ڕەنگی سەوزێکی پاراوبێت

بۆن و شیلەش بەسەر زەویدا بڕێژێ

پاشان لە قۆزاخەی ئاوریشمدا

سووڕی مانەوەی تەواو بکات و بەر جەستەمان بکەوێ

لە بەخت و بینینمان بیکاتە شاخی کەڵەکێوی

ناوچەوانی بەردی پێهەڵواسین

گڕوگاڵی گزنگ و زەردەپەڕ لاپەڕە نوستووەکانی هەڵدەنەوە

بەرد ئێسکی زەوییە

نیشانەی سەرسامییەک لەناو چاوی بریسکەی دا

ڕەزێکی گیان پەڕەکراو

کە دەستی لەسەر دڵی لاچووە

گۆپکە کەم هۆگرن بە لکەکانی

گەڵاپیتێنیش تێیدا ساردوسڕ

ناوی میوەکانی خۆشی لە یاد کردووە

بەڵام گەشە لێوی بەخێر جووڵاون

هەمیشە خۆیان بەبیر دەهێننەوە

دەکەونە بیرکردنەوەش

ئەگەر ئارەزووی گۆرانی گوتنم هەبێ دەتوانم بیڵێم

ڕەنگەکان لە زمانێکى ڕەوا دەهێنم کە دەمى لێ تاریک نابێ

بەرزیان دەکەمەوە تا ئاستی سەر

لە ئاستی سەرم شاری یەزدان دەردەکەوێ و دەبێتە ئەو شوێنە

بەهرەمەندیان خانووی لە دەفتەری یاداشت و گوێچکە ماسی دروست کراوە

کاتژمێری ناوەندی شار لێی دا

سمۆرە

باڵندە

مرۆڤ

بەرەو ئێرە پێ و باڵ و چاویان کردەوە

تەپوتۆز تێیان ئاڵا

لەم حاڵ و بارەدا بزر دەبن یان سەریان لەناو زەرفی نامەیەکدا

بەلێوی منداڵ بە مەمەی شیرەوە داخراوە

دایک و باوکیش لە نووسینەوەی ڕێگا نەبوونەتەوە

ڕێگای دیکەش بەلێوی تەڕ و جوانەوە بەرەو ڕوویان دێن

نووسینیشیان هەمووی دەبن بە ئەمەکى پیرى پیرۆز و دێنە دڵ و چاومانەوە

وشەکانی ناو فەرهەنگ بەشی نووسینەوەی ڕێگا ناکەن

پەپوولە بەسەر تەرمەوە نیشتوون

ئارەقەی بن باڵیان ئاسوودەیی دوای گەشت و بۆنی نەگەچڵانە

لە هەموو شوێنێک تێکەڵبوون بە ئاهەنگى سرووش و بەهرە ئامادەیە

دەتوانم لەسەرە ڕێگاکان بوەستم

فەرامۆشیشی بکەم

بەڵام سەرمام دەبێ

چاوێکی تا هەتایەی لە ناوچەوانم بەهێز کردووە

تێکەڵبوون بە ئاهەنگى سرووش و بەهرە یاداشتی هەمووشمانە

لە ناوچەوانی تەڕی خانووەکانمان شەوقێکی بێ پەروایە

هەمیشە لێمان نزیکە

لە دەنگی نەرمی قورینگ دەگەڕێ

بەهۆیەوە بێتە ناو دڵمانەوە

بەگەیشتنی درەختی ناو شەقامەکانی شار ڕەنگیان پاراو دەبێت

ئەرێ بۆ بەس خودا دەزانێ بەهەشت لە کوێیە

خودا پیاڵەی منی پڕ کردووە

دایک و باوکم و دایک و باوکیان

چرا و شەربەیان لە سێبەری قەڵا بۆ دانام

سێبەر گەورە بوو

خۆشی هێنا ناو خۆی و تارمایی لادا و لوورەى دوورخستەوە

بە ئارامیی کۆترێک بیر لە قوربانی بکەرەوە

قەڵا تاجی سەری بە ئومێدی چرادان هەڵدایە سەر شووشەی ڕوونی چاویلکەکەم

لە بری ئاسۆی کوڵمە پڕ دەماری چالاک

خۆر تەنیایی خۆی تێدا دەتوێنێتەوە

یاداشتی شارێک کە سڵاو لە ئەستێرەی هەڵاتوو وەردەگرێتەوە

لە کەڵ ژیانیدا چاڵە ڕەشەکانى لە مەدالیای سینگى ناشتووە

هەولێر دانەوێڵە و میوە و ئاوی بۆ هەمووان هەیە

کراسی بابە نوئێلی بۆ ڕادەگرین تا بەتەواوی دڵ

هەڵی دەبژێرێ و لەبەر هەموومانی دەکات

فڕین بە باڵ و پێ و دڵ

خۆری مەزەدارە پڕ بە ئاسمان وچان دەگرێت

ئاسمان چ هەڵبژاردن و سرووش و بەهرەى تێدایە

دێتە ناو هەستەکانمانەوە

هەڵفڕیوێک خۆشحاڵ و مەستی ناو زایەڵە و ڕووناکی زەماوەندی پەرییانە

لە تەک مانگ دادەبەزێ

دەچێتە ماڵی ئاسوودەیی

ئەرێ دەرگای ماڵی ئاسوودەیی کلیلی فڵچەی هونەرمەندە یان پووشی ناو دەنووکی باڵندە

تاووس سیمینارێک  لەبارەی جەژنی شارێک دەگێڕێت

کە کراسی لەبەر هەموومانە

لەناو کتێبخانە خوێن خەست و خۆڵەکەم

موسا و عیسا و محەمەد ئومێد وەک خۆیان دەهێڵنەوە

قۆپچەی کراسیان مۆرى مێژووە

لە کۆشکەکانیان هاتوونەتە دەرێ

دەست بە چەقۆ دەمەبۆڵەیانە

ڕەنگەکان بریقەیان پێچایەوە

بە پەلە و هەڵەداوان ئەم دەوروبەرەیان کردە ئەفسانەیەکی واق وڕماو

هیچی لێ بەدەرنەکەوێت

جەماوەر و ناوبژیوانیش تەنیا منم

مەلوول و جەرگسووتاو لەسەر بەردێکی خاڵخاڵدا

کە پێشتر موسا و عیسا و محەمەد لەسەری زۆر تەماشای گەردەنی ئاسۆیان کردبوو

دانیشتووم و هاواری ناوی خودا دەکەم

دەنووکی سووری باڵندە یارمەتیم دەدا و لاپەڕە نوستووەکانم بۆ هەڵدەداتەوە

ژنێکی خانومان و حەکیمی قەتارچییان

کووپێک شیری لەدەستی ڕوونی چارەنووس بە خەڵات وەرگرتووە

لە دڵنیاییدا دێت و دەچێت

پیتەکانی ڕێگا و پێشبینیى دەمودوو

جوانتر دەبنە وشە و ڕستەی خورپەدار

ڕەز گوێ لە دەنگ و ئاوازی پەرییان دەگرێ

ئەوجا بەری دەڕسکێ و بۆن و شیلە دەڕێژێت

ئاو و باخم ڕوون بوونەوە

دڵۆپێک خوێن لە دەنووکی هەڵۆ تکا

ئەو دڵۆپە

ژوور و بەرژوورێکی لێ ڕسکا

لە بلوور و چاو

نازی دەرگا کردنەوە و لێدانی کاتژمێر و لە ناز نەکەوتنی

تەندوورێکی بۆ خانومانانی شار ئاگر دا

وشەکانی کردە ئاردی گەنمەشامی

زایەڵەی دەنگی ئەو ماڵانەی دەموچاویان باخن

لە دەمارە هەستیارەکانی مەمکی خانومان و حەکیمی قەتارچییان

تێر شیر و هەنگوین بوون و چاویان بەرز هەڵێنا

ڕەچەڵەکی یەک لەدوای یەکی پێغەمبەرەکانیان ناسی

ئەو تاجبەخشەى ڕەچەڵەکی پێغەمبەران بناسێت

لەبن باڵى مەل ماندوو نەبووە

چی تفری تەنک و ئەستوور هەیە لە زمانت لایدە

شێرەی ئاو بە زمان جوان دانانە ناو جۆگە جەزبەدارە

منی تاجبەخش و عەوداڵی

با و

ئاگر و

خۆڵ و

ئاو و

ئەشق

خودا نیشانەیەکی لە یەکەمین بانگى خۆی پێشکێش کردم

خەم لە ئەستێرە هەڵاتووەکانم بخۆم و لێیان بدوێم

دڵۆپێک خوێن لە دەنووکی هەڵۆ تکا

ئەو دڵۆپە

ژوور و بەرژوورێکی دامێ لە ماڵی خوداوەندان

شاعیران بەناو کڵاوڕۆژنەیدا هاتن

سەکۆیەک گوڵی گیان و سەروا و کێشیان بەدەستەوە بوو

نان و ئاوم لەگەڵ بەش کردن

پاشان بەهرە و سرووش

 

تشرینی دووەمی 2006 هەولێر

           

ئاهەنگی ناولێنانی درەختێک

 

ڕۆژ خۆر لەدایک دەبێ

شەویش مانگ

گەنجینەی ئومێد و ئەشقی درێژخایەنیش لەو شووشەیەى چاو تێیدا خۆڵاوى نابێت

شووشەى بە تووکى کەروێشک شۆراو ئەی دەفتەری یەکەم پڕشنگ هاوێشتن

سەرڕێژ  لە هەنگى لە شانە هاتووەدەر و بۆنی خۆشی خودا و دەنگی لاواندنەوەی کۆتەڵی سواران

زەوییەکی بێ هاوتا و پاراو و سرووشدەریت

هەموو خەنجەر بەدەستە کەمیندارە  ڕووزەردەکان دەبەزێنیت

کێ ئاماژەیەک بۆ ئەوە دەکات

ئێرە هەوای بە پیتە و دەڕژێتە هەستی گۆپکە و شکۆفەوە

پڕ دیوان و بادەی هەنگوینیش

ئەو خانووەی منداڵەکانم بە تەمان تاجداری بکەن

لە چاوانیان بئافرێنن و بیکەن بە پەیمانی پیرۆز و کتێبی شانازییان

بە نەرمەغار جارێک بەدەوریدا سووڕامەوە

ئەسپەکەم کەوتە ناو خۆرەتاوێکی سەرگەردانەوە

کەلوپەل و بەرد و بناغەی

دەبن بە تیپی مۆسیقا و کۆرسی گۆرانی سەرسامیم و گەڕانەوەم بۆ قسەکردن لەگەڵ مانگ و ختووکەدانى

لە گۆرانیدا پشووی خێزانیی بەرپا دەبێت

بازاڕی گەورەی پڕ شتومەک و پێویستی

دار هەنجیریش ڕەگی لە سرکە لادەدات

باڵندەیەکی چاوڕەش کە باڵی مووتوربە بوو لە

گیای سەر گۆڕی قوربانی و

دەمودووی سڵاو کاتێک دەبێتە خۆشەویستی و

دەمارە باریکەکانی دڵی دایکم و

سێبەری ڕوونی برۆی پێغەمبەر و

فڕینی چاوی باپیرانم

لە پەنجەرەی ماڵی من باڵی ڕاگرت

بیری زۆر هێنا و برد

ڕەنگی تێکەڵ بە هەستی شینایی دەریا و گەشبوونەوەی ئاسمان کرد

بەخشندانە خێزانەکەمی هاوێشتە  ناو گلێنەی

چۆن سۆبەکە گەرم دەکات

منداڵەکانم کاتێک دەنکە قاوە لە ئاون دەکوتن و گەنمەشامى دەتەقێنن

زرینگانەوەی کلیلن هەڵدەدرێنە دەستمان

دەمەوێت بیهێنمە ناو شکۆی هێلکە ترووکانى کەوێکەوە

لە ترووکاندا داوای خۆی لە ڕوو دەڵێت

چەند

وزەی تیشک و

ئاو و

خۆڵ و

پەروەردەی دەوێت

بۆ گەشە و بەهێزبوونی چاوی

باڵندەی چاوڕەش هەر زۆر لێمانەوە نزیکە

لکێک لە درەختی بنەماڵەکەمانى هەڵبژاردووە بۆ بەهرەى باڵ

بەختمان باشە و قەت ڕوومان لێ لانادات

تابلۆی ڕاڕەو لە سڕینەوەیدا ئاوازی بۆ گوتراوە

لەناو ڕووناکیی هاتوچۆکەران

ڕەنگەکانی پڕ بە چاو پڕشنگ دەدەن

ئاوازی باڵی مراوی کێوی دەکات بە برادەری ڕێگای دوور و ئەمەکدار

لە ئارەزووەکانمان بدوێ

ڕاڕەوەکەش لێوڕێژە لە دەنگی

ئەوە ئێستا دەژیم و خەم دەخۆم و زەوی گەرمبوو بە خرۆشانی ڕەگ ماچ دەکەم

شێوەکارێک تابلۆکانی خۆی دەهێنێتە بازاڕێکی نزیکە دەستەوە

ئێمە دێینە باخچەی ماڵەکەمان

باران دەست بە ڕەنگ و ڕووی زەوی دادەهێنێت و دەیلاوێنێتەوە

درەختێک بەناوی منداڵەکانمەوە دەچێنێت

ڕەگ و چرۆی دێتەوە ناوچەوانمان

ئەی لای چەپی سینگم

بۆن بە کام گوڵی پێشکێش کراوتان دەکەن

درەخت لەجیاتی ئێمە دەژی و شەڕی مان و نەمان دەکات

هەزاران شت لە بەرى یەکەمى دەردەکەوێت

بە گەنجبوونەوەش

دروود بۆ درەختێک

گیانمی فێری گیانبینین کرد

گیانم چەند ڕووناکی منداڵەکانمی تێدایە

گوێڕایەڵی ڕووناکیم و دەستم بۆی درێژ کردووە

نیازی دڵی خۆمم بۆ هەڵڕشت

گوتی خۆشەویستی لە بەرزی ڕوانینە لە ماڵەکەی خۆتدا

ژوور و هەیوانێکم بۆ دانێ ئەی خودا

ئەو کتێبانەی لەبەر نازی پەلکەزێڕینە و شەڕى چاوەزاردا ڕستەکانیم هێڵ بەژێردا کێشاون

ئاڵای بەختن لە سەکۆی ماڵ هەڵدراون

ئەوانەی نەشمخوێندوونەتەوە

ئاگرودوویان لەناو چاوم تریفەی مانگی سەرگۆمێکی بەستووە

خافڵمان ناکات لە شیناییی دەریا و گەشبوونەوەی ئاسمان

ڕووگەنمای ئەشق ڕوو لە شینایی دەوەستێ

ئاکام پەیدا دەبێت و ڕووناکییەکانی ماڵ دەناسێت

دوو دەست هێزیان لە زەردەی ئێوارەدا بوو

پەیژەیەکی داریان لە حەوشە دانا

کێشی هەموو ئەندامی خێزانەکە دەزانێت

بۆ ئەوەی تەماشای گەشەی منداڵەکانم بکەم

دەبێ خرۆشی قەتماغەی برین

بەڕوومەتی لایەک هەنار و لایەک سێوی زەوی بچووێنم

با کەس نەزانێت هەنار و سێوی زەوی ڕژاوە

دەنگەکانی چەشەى ژیانمان نەنیشنەوە

نیشتنەوە وشکبوونی دەماری سەرە

لەبەر خۆرێکی سەرگەرداندا

لە نێوان قڕەی قەلەڕەش و جریوەی هەڵخەڵەتێنەری ئەستێرەی کاروانکوژەدا

بۆنی کەلوپەلەکانى مۆزەخانە و ڕۆح وەبەرهاتنەوەیان و چرای وچان و خولیای

پەپوولەوانی دەرچووى خولى فێربوونى مۆسیقا و دلۆڤان لە کوێیە

ئەی هێڵی ناو دەست و دوا نهێنیی دیوانی خامۆش

ئای دیوانی خامۆش

ئاشقەکانى بەهەشت دەڕژێنە ساتی ناسکبوونەوەی ژیانەوە

 Bilderesultat for døden

 

 

گەڕان بۆ بابەت