ما 3173 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح  ڕەنجدەر 

ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانەى ڕشتوویەتى بۆ ئەبەد ڕۆحى تەڕ کردووم و لە ناخى دڵەوە لەگەڵم دەدوێ و ناخى کردووم بە مێزگرد و مێزى گفتوگۆ و ئاهەنگى ژیان، بەڵام هەستى شیعریى من لەسەر هەستى شیعرى ئەو دانەمەزرا، هەروەها بەهیچ ڕێبازێکى سیاسى و ئایدیۆلۆژیش کاریگەر نەبوویمە و نەبوونەتە ڕێ ڕوونیم

 

 

ناسینى کتێب

سەباح  ڕەنجدەر

 

هەر ڕووداوێک، کە ماوەیەکى بەسەردا دەچێت. دەبێتە یادگارى، یادگاریش مرۆڤ بە ڕوونى دەبینێت. لە ماڵەکەماندا پەنجەرەیەکى گەورەى دارى بە هێڵەک داپۆشراو هەبوو، بە تەنیشتییەوە دەلاقەیەکى لاکێشەیى نیمچە گەورەى تێدا بوو، بە پەردەیەکى سپى داپۆشرابوو، پەردەکەش بە دەزووى ڕەنگاوڕەنگ وێنەى مانگ و چیا و مامز و کەوى لێ نەخشابوو. ئەم دەلاقەیە تایبەت بوو بە کاکم خالید. تەواو قووڵایى منیشە، بەداخەوە ئەو برایەم لە 25/8/1988دا جەیشى شەعبى، لە هەولێر شەهیدیان کرد.

شەهیدبوونى ئەم برایەم گورزێکى کوشندەبوو بەر ڕۆحى من کەوت و ئازارى هێناکایەوە. لەخۆ ئامادەکردندا بووم، ئەم ڕووداوە لەناو پێکهاتەیەکى کاریگەردا بەکاربهێنم، تا ئێستاش بۆم نەکراوە. لەبەر ئەوەى من لە سەرەتاى شیعردا بەدواى ئاکامێکى نەزاندراودا دەڕۆم و لە درێژبوونەوەیدا دەیدۆزمەوە. لە بینینى دۆزراوەکەدا بەئاگادێمەوە، نایابترین دۆزینەوەش ئەوەیە لە ئاکامدا دەربکەوێت.

لە سەرەتادا ئاکامى ئەو ڕووداوەم دەزانى و لە کۆتایشدا نەمتوانى بیدۆزمەوە. واتە: لە ڕووداوێک دەدوێم هێشتا ڕووى نەداوە. لەوانەیە ڕووبدات. هەوڵ دەدەم ئەو (لەوانەیە) بدۆزمەوە و لە دۆزینەوەیدا بەئاگابێمەوە، دۆزینەوە ڕوونکردنەوەى بیرکردنەوەیە.

سەرەتاى ڕێگا و بەرکەوتنم لەگەڵ کتێبدا، یان ئەو پەیوەندییەى لە نێوان خوێنەر و کتێبدا دروست دەبێت و دەمێنێتەوە. لەم دەلاقەیەوە خاڵى بوون و سەرچاوەى درەوشاوەى وەرگرت و بوو بە ئەفسوونێکى بەهێز و نەشکاو و قەڵاى پشت پێدان. کۆمەڵێک کتێب و دوو شووشە مەرەکەبى چینى، یەکێکیان ڕەش و ئەوی دى شین و قەڵەم پارکەرێکى بیست و یەکى ڕەنگ جەرگى تێدابوو، کتێبەکان زۆربەیان عەرەبى بوون. ئێستا نازانم ئەدەبى بوون، یان فەلسەفى، کۆمەڵناسى، سیاسى، مێژوویى، پەروەردەیى، ئایینى ..... تاد، لەناو کتێبەکاندا دیوانى: (حاجى قادرى کۆیى ) بە بەرگ تێگیراوى هەبوو، هەمیشە کەڵەگیاى بۆنخۆشى لەناو دادەنا، کە گیایەکە وشک دەبوو، دەیگۆڕى و دووبارە دایدەنایەوە. ئەم کتێبە هى ئامۆزایەکى باوکم بوو، مامۆستاى قوتابخانەى گوندەکەمان بوو. لە دامێن و ئەم لا و ئەولا سپییەکانى بۆنە و ڕێکەوتەکانى بنەماڵەکەمانى هەمووى تێیدا تۆمارکردبوو، وەک: ڕێکەوتى مردن و لەدایکبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حەج و گەڕانەوە و ناونووسکردنمان لە قوتابخانە ..... تاد.

ساڵى 1973 جگە لە کتێبەکانى قوتابخانە، یەکەمین کتێب بەر هەست و نەرمایى پەنجەکانم کەوت ئەم دیوانە بوو. کاکم بە دەنگ و ڕۆحێکى ئاهەنگسازییەوە دەیخوێندەوە. بە وریایى و ئارامى گوێم سووک و ڕوون ڕادەگرت. بێ ئەوەى هیچ شتێکى واش لە شیعرەکان حاڵى ببم، بەڵام لەناو چێژ و دەنگ و مۆسیقایەکەیدا ون دەبووم و بڕوام بە هەستێکى نادیار دەهێنا، بە دواى گەنجینەى شاراوەى زەینى خۆمدا وێڵ دەبووم، وێڵبوونێک مەگەر ڕێکەوت دەستم بگرێت و بمهێنێتەوە سەرەخۆ، دوایین ماناى ژیانم پێ بدات، کە مەرگە. مەرگیش یارمەتى تەواوى ئازارەکان دەدات. ئێستا بە گەشە و خۆشحاڵى و چێژى ئەوکاتم لە کتێبخانەکەمدا لە ڕیزى دیوانى شاعیرانى کلاسیکى کوردیدا، دیوانى حاجى قادرى کۆییم یەکەمین دیوان ڕیزبەند کردووە و ئەوانى دى بە دوایدا.

لە سەرەتاى منداڵیمدا حەزێکى بێ پێوانە و ئەفسووناویم بۆ گۆرانى تێدا ڕسکابوو، ڕادیۆیەکى نیمچە گەورەمان هەبوو، سندووقەکەى فایبەر بوو، بە پێستێکى قاوەیى داپۆشرا بوو، ئەمیش وەک دەلاقەکە لە قوماش بەرگێکى سپى بۆ کرابوو، بە دەزووى ڕەنگاوڕەنگ وێنەى مانگ و چیا و مامز و کەوى لەسەر نەخش کرابوو، هەمیشەش گوێم لێى ڕادەگرت و لە کەنارى مۆسیقاوە دەجووڵام، لە شەڕەبەرد و ئاژاوە و ڕاوە کێشکە و نیشانەشکاندن بە دارلاستیک و هەڵەپاسى دوورى دەکردمەوە، وەک ئەوەى ئەو ئاواز و نەوایەى گوێم نەرمە بارانێک بێت بەسەر خاک و خۆڵى دەوروبەرمدا بڕژێت و هەناوى فێنک و دەموچاویشى نەرم بکاتەوە. زۆر جاران بێ ئاگاداریی خوشک و برایەکانم بە شانى خۆمەوەم دەکرد و دەڕۆیشتم، بەم کردەیەم لێم تووڕە نەدەبوون و سەرزەنشتیان نەدەکردم، گردێک لە پشت ماڵمان هەبوو، بەدڵ گردێکى دڵبەربوو، دەچووم لە تەختایى ئەم گردەدا دادەنیشتم و تەماشاى ئەم لا و ئەولا و شینایى دەمەوعەسران و زەردەى ئێوارانم دەکرد و گوێم لە بەرنامەى گۆرانى داواکراو ڕادەگرت، هەموو ڕۆژێک دەمەوعەسران دووبارە دەبووەوە و لەگەڵیدا نەرمەبایەکى ڕەحمەت بەسەرمدا هەڵیدەکرد. جیهانێکى بۆ دروست دەکردم، هەستى خۆمم لەناو دادەمەزراند. بڕواشم بە جیاوازیی دەنگەکان دەهێنا، لەم ڕێگایەشدا دەگەڕام، کە پێیدا هاتبووم. واتە: ناخى خۆم. سەگێکى بەوەفاشمان هەبوو، ناوى دەبان بوو، کە لە ماڵ دەردەچووم لەگەڵم دەهات و پاسەوانى دەکردم. بە هیچ ئا و نایەکیش دوو هەنگاو لێم دوورنەدەکەوتەوە. وەک ئەوەى گەورەیەکم بێت و پێى گوترابێ چاودێریم بکات. نازانم ئەم ئەفسوونە چى بوو، کەوتبوومە ژێر ئەفسوونى دەنگى: (سەڵاح داودە)وە، بە تایبەتى گۆرانى کوێستانان خاڵخاڵ، کە لە بەرنامەى گۆرانى داواکراودا زۆر داوا دەکرا. هەرکاتێک ئەو گۆرانى بگوتبووایە ڕادیۆکەم دادەنا و دوومەترێک لێى دەکشامەوە و تەماشاى شکۆیم دەکرد. وەک ئەوەى تەلیسمێک بێت ئەم حاڵ و جەزبە و حاڵەتە پڕ لە خۆشى و شادى و ژیانە و داکشانەوە بەرەو ناخەم، تەنیا لەگەڵ لەرەى دەنگى گەرمى ئەم گۆرانیبێژەدا بۆ پەیدا ببوو، پاشان لەناو شەپۆلەکانى بادا بۆى دەگەڕام و لە هەستمدا سۆزى سووتێنەر و پڕ ئومێدم دەدۆزییەوە، ئەو دۆزینەوە و پشووى ناخە ئەوپەڕى تایبەتمەندى بوو. هەر بەهۆى ئەوەى زۆر گوێم لە گۆرانى دەگرت. شارەزایییەکى سەرەتاییم لەسەر چینەکانى دەنگیش پەیدا کردبوو، دەمتوانى لەسەر شێوازى بەشێک لە گۆرانیبێژان گۆرانى بڵێمەوە. هەر شتێک، کە تاسە و خواست و ئارەزووت بۆى هەبوو، تواناشت بۆى پەیدا دەبێت. بەهیچ جۆرێکیش حەزم لە گۆرانى زرم و کوت نەبوو، هەمیشە حەزم لەو گۆرانییانە دەکرد، کە وەک هێڵێک خەیاڵ درێژ دەکەنەوە. ئەم ئەشقى گۆرانییە لەگەڵمدا مایەوە و گەشەى کرد و پێکهاتە و بنچینەى خۆى دامەزراند، ئێستاش گۆرانى هاوسەنگیم دەپارێزێت و لەگەڵ خۆم بەخشندە و شکۆمەند و ئاسوودە و خۆشحاڵ و قووڵم دەکاتەوە، وەک مۆسیقایەکى نەرم بژیم.                                               

ساڵى 1978 لە پۆلى یەکەمى ناوەندیدا مامۆستاى وانەى کوردیمان: (شێرکۆ ئەحمەد حەوێز) بوو، لە ڕۆژێکى زستانى باراناوی و سارددا لە پۆل داواى لێکردین داڕشتنێک لەبارەى (سروشتى لادێ) بنووسین. بەو پێودانگەى، کە من کوڕەلادێیى بووم لەوانى دى کەمێک زیاتر شارەزاى ئەم سروشتەم. بۆ هەفتەى داهاتوو داڕشتنەکەى هێنایەوە و بۆ هەموو قوتابییەکان نمرەى شیاوى خۆى دانابوو، تەنیا ئەوەى منى نمرە لەسەر دانەنابوو، وەک ئەوەى هەستى بە کارخراپییەکى من کردبێت، بە تووڕەیییەوە گوتى: (سەباح سابیر حەسەن) کێیە و بێتەدەرێ، بێ ئەوەى هیچ قسەیەک بکات لە تەنیشت تەختەڕەشەکەدا ڕایگرتم. ئەم مامۆستایە، مامۆستایەکى بەجەرگ و دەگمەن و ملاومل پەروەردەکار و خۆش سروشت بوو، تا ئەو پەڕیش دڵبەدەرەوە بوو، لەگەڵ وانەى کوردى و دنەدانى قوتابى بۆ خوێندنەوەى ئەدەب و دامەزراندنى گۆڕانکارییەکى ئەدەبى. بەو بیانووەى وانەى کوردى زمانى خۆمانە و پێویستە لەناویدا بکوڵێین و بە دۆخەکانى  ساردبوونەوە ڕەتببین، لەم نێوانەدا بگەین بە دۆخى دۆزینەوە و باش لە پێکهاتە و بنچینەکانى شارەزابین. زمانیش هەستێکى گەرماوگەرم و خۆڕسک و دەگمەن و پشوودرێژ لە مرۆڤدا دروست بکات. هەر قوتابییەک لە شەست کەمترى وەربگرتبوایە لێى دەدا و لێپێچینەوەى لەگەڵدا دەکرد. دواى ئەوەى ئافەرینى بەشێکى کرد و لە بەشێکیشى دا. ڕووى لە من کرد و گوتى:  کێ بۆى نووسیوى. منیش لەو هەستە تۆقێنەرەى چەند چرکەیەک پێشتر تێیدا خولم دەخوارد و بیرۆکەى پەرت و بڵاو گەمارۆی دابووم. زۆر بە ئارامییەوە گوتم: ئەدى مامۆستا لە پۆلدا نەماننووسى. نەختێک چووەوە ناو زەینى خۆى و تووڕەیییەکەى خاو بووەوە و خوێنێکى خۆشیی لە دەموچاوی خۆش سروشتیدا گەڕا. ئینجا نمرەى لەسەر داڕشتنەکەى منیش دانا و گوتى: ئافەرین (سەت). ئاى چۆن سەرکەوتنێکى بچووک لە دنیاى ژێرى دەتباتە دنیاى سەروو. ڕۆژى دوایى هاتەوە کۆشیعرى: (تاریک و ڕوون)ى هێمنى بۆ هێنابووم. منیش هێندە شەیدا و دڵبردە و دڵەدووى ئەو ئافەرینە بووم، نیو هێندە شەیداى شیرى ناو گوڵەگەنمى کێڵگەى گوندەکەمان نەبووم. مەگەر ئەو دەمەوعەسران و زەردەى ئێوارانەى لەسەر گردى پشت ماڵمان، یان گردى ئاشناییم گوێم لە بەرنامەى گۆرانى داواکراو ڕادەگرت و دەچوومەوە ناو زەینى خۆم و لە خودام دەخواست ناولەپ و ناوچەوانم ڕێگاوبان بوونایە، گۆرانیبێژەکان بەناویدا هاتوچوویان بکردبووایە.

سەرەتاى ڕێگا و بەرکەوتن و یەکەمین پەیوەندیم لەگەڵ خانمى کتێبدا لەم ڕووداو و خۆشبەختییەوە دەستى پێکرد و بووە هێڵ و هێماى بوونم. ئەو هەفتەیە بە هەموو بوونێکمەوە لەناو کۆشیعرەکەدا ژیام، ژیانێک مەگەر بەس متەسەووفەکان لە مانەوەیان لەسەر دووگورد و شەونوێژ و چاوداخستن و وێرد بەرزکردنەوەدا، هێندە چێژیان وەرگرتبێت و لە بوونى خودا و لە خۆیان نزیک بووبێتنەوە و گەیشتبن بە ناخى خۆیان. واتە: یەکبوون لەگەڵ خودا و هێزى ئەدەب. بۆ هەفتەى داهاتوو کۆشیعرەکەم بۆ گەڕاندەوە. گوتى: بۆ ئاوا زوو هێناتەوە. بەدڵت نەبوو، یان لە خوێندنەوەیدا پەلەت کرد. منیش بە بێباکى و نەختێک بە هەوابەرزى و بە خۆهەڵخستنەوە گوتم: مامۆستا زۆرینەم لەبەرە. وەک ئەوەى بڕوام پێنەکات و لە قسەکەم بە گومان و دوودڵ بێت گوتى: دەفەرموو ئەگەر دەمت سپییە وەرە بەر تەختەڕەش و ئەوەى لەبەرتە بیڵێ. منیش گوتم کامە شیعر. دیسان هەڵوەستەیەکى ترى کرد و چووەوە ناو زەینى خۆیەوە. وەک ئەوەى بیەوێت بمخاتە بەر ڕووناکییەکى هێمنەوە و لە بڕوا بەخۆبوون و خۆهەڵخستنەکەم دڵنیابێت. لاپەڕەى هەڵدایەوە و ناونیشانێکى دەگوت. تەواوى وانەکە، چل چرکە بوو. من شیعرم تێیدا خوێندەوە. لە گۆکردن کەمێک هەڵەم دەکرد، بۆى ڕاست دەکردمەوە، لە کۆتایى وانەکەدا پێمى گوت: بەهرەیەکى دەگمەن و کەم وێنەى، ئەو وزەیەى هەتە باش مشتوماڵى بکە، چالاک نیشانت دەدات. هەر هەمان ڕۆژ منى بە کتێبخانەى (تەئمیم) و خاوەنەکانى: (جومعە و ئەحمەد)، کە دوو مرۆڤى هێمن و لەسەرەخۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناکرد و ناوى ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان و کاتى دەرچوونیانى بۆ نووسیم. یەکەمین کتێبیش، کە کڕیم کتێبى: (کاروانى شیعرى نوێى کوردى) کاکەى فەلاح بوو.                                 

    لەو ڕۆژەوە لەفە و بەدەمچە و کەوکەو و شەڵغەم و لەوزینەگەزۆ و شەکرلەمە و فەریکەنۆک ..... تاد، خواردن نەما. ڕۆژانەکەم بووە خەرجى ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب، یارمەتى ئەوەى دام توانا لە خۆمدا بدۆزمەوە و ئاراستەى کردم و جیهانى نادیارم کەوتە گەڕ.

لە ناوەڕاستى هەشتایەکاندا: (مەحموود زامدار) نووسینێکى ڕۆژنامەوانى لە ڕۆژنامەى (هاوکاری)دا لەبارەى نوێبەخشى شیعرى کوردى و گرووپى (پێشڕەو)دا نووسى. لەو نووسینەیدا دەستەواژەى (کرمى کتێب)ى بۆ من بەکارهێنابوو، ئەو ڕوونکردنەوەشى دابوو: خەونى ئەم لاوە خەونێکى درێژە. ئەگەر پێى لەسەر زەمینەى خوێندنەوەدا لانەدا. حاڵەتێک بە شیعرى هاوچەرخى کوردى دەبەخشێت.                                                      

    شیعرەکانى: (هێمن) چێژى زمانى ئەو گوندەى دەدا، کە خۆى تێیدا لەدایک بووە. بە سادەییش وێنەى ژیانى ئەو خەڵکەى کێشاوە، کە هەستان و دانیشتنى لەگەڵیاندا هەبووە. واتە: دەرەنجامى ژیان و گوزەرانى خۆیەتى. زمان و زمانڕەوانى شیعرەکان کەمێک لادێیى بوون. چاو و زەین و ئەقڵییەتى ئەوساى منى بە پڕى ڕادەگرت، تا ئەوپەڕى چێژ، بردمیە وەرگرتنى دۆخى چێژى خودایى. چێژى کتێب لە توانایدایە بیابان بکاتە بەهەشت. ڕەنگە هەر ئەو سادەیى و بریقە و زمان پاراوییە بووبێت زمانى لا کردمە ئەو بەهەشتەى پەرستن و شەونوێژى بۆ دەکەم، بچمە ناوى و بیکەم بە ڕوانگە و گوتارى ناخم و هەوڵى دۆزینەوەى وشەى گونجاوى تێدا بدەم. وەرچەرخانێکى تەواوى ئاراستەکانى ژیان بوو، هەروەها تاڕادەیەک ئەو ئاراستەیەى دامێ، بزانم هێز و بێ هێزى زمان لە کوێى دەقدا دەردەکەوێت و بە ئەدەبیبوونى دەقیش لە چ بەکارهێنانێکدا ئاستەکانى دەردەکەوێت. واتە: ئەوەى بابەتێک دەکاتە بابەتى ئەدەبى، زانیارى و هێزى زمانە، یان هێزى زمان و کاریگەریی بابەت.                        

  شیعر بە تەنیا لە تێڕوانینى زمانەوە ئاستدارى دەستنیشان ناکرێت. لە تێڕوانینى بابەتى هەستی و بەکارهێنانى ئەدەبییانەى زمانەوە، گەشانەوەى هەستی و زمانیى لاى خوێنەر گەڵاڵە و بەرجەستە دەبێت. بە شیعربوونى هەر ڕستەیەک ماناى ئەوەیە زمان لە بەکارهێنانى زمانى ڕۆژانەدا دەرهاتووە و هێندراوەتە ناو زمانى ئەدەبەوە، هەروەها کارلێکردنى وشە لە دەقى ئەدەبیدا، چۆن هێزى وشە وشەیەکى دیکە ڕادەکێشێت و دروستى دەکات و تۆڕى زمان دەچنێت.                  

   ئەگەرچى (هێمن: 1921 - 17/4/1986) وەک تەمەن حەڤدە ساڵ دواى (گۆران: 1904 - 18/11/1962) لەدایک بووە. حەفت ساڵیش لەم زیاتر ژیاوە، بەڵام نوێبوونەوەى شیعرى کوردى چاوگەکەى لە گۆرانەوە دەست پێدەکات. هێمن لە چەمکى شیعرى ئاسایى دەرنەچووە، بەو ئاست و ئاراستەیەش دەینووسى. واتە: وەک شێواز کۆنەخواز بوو، بەڵام وەک بیروڕا و دەربڕین نوێخواز بوو، دیوانەکەى لە لام ئامادەیە و سێبەرەکانى بە تەواوى لەناو زەینمدا دەجووڵێن، هیچ خاڵێکى گۆڕانکارى فۆرم و نوێبەخشى و توخمى نوێى شێوازى پێشکێش بە دیوانى شیعرى کوردى نەکردووە. لە دەقى: (بەهارى کوردستان)، بە شیعر لەبارەى سروشتى نووسیوە، لەم دەقەیدا بە شاعیر داناندرێت، بەڵکو بە ڕووەک ناس و شارەزایەک لەبارەى ژیانى لادێ دادەندرێت. بەڵام بەشێک لە شیعرەکانى کۆشیعرى: (ناڵەى جودایى) شیعرى مەیدان کورت نین و لە شیعرە هەرە دەگمەنەکانى ئەدەبى کوردین. بەتایبەتیش شیعرى: (ئێوارەى پایز)، شیعرێکى تەواو هەستییە.                                                                                                              

  ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانەى ڕشتوویەتى بۆ ئەبەد ڕۆحى تەڕ کردووم و لە ناخى دڵەوە لەگەڵم دەدوێ و ناخى کردووم بە مێزگرد و مێزى گفتوگۆ و ئاهەنگى ژیان، بەڵام هەستى شیعریى من لەسەر هەستى شیعرى ئەو دانەمەزرا، هەروەها بەهیچ ڕێبازێکى سیاسى و ئایدیۆلۆژیش کاریگەر نەبوویمە و نەبوونەتە ڕێ ڕوونیم، بێجگە لە شیعر خۆى نەبێت، شیعرى بێگەرد. دواى ئەوەندە ساڵە و بڕینى هەزار و یەک ڕێگاى دوور و نزیک، نازانم چۆن دەربڕین لە پایە و بەهاى تۆ بکەم و پاداشتت بدەمەوە. بە کامى دڵ لە باوەشت دەگرم و دەستت ماچ دەکەم و ڕێز لە سیما و چاوى پڕ لە ڕازت دەگرم، هەروەها هەر لەم بۆنەیدا هەل و بوارێک وەردەگرم تا گوناهێک لەسەر شان و ڕۆحم هەڵگرم و بارى گران و بە ئازارى شان و ڕۆحم سووک بکەم. گوناهێک، دواتر بۆ نووسەرەکەى بە خێر گەڕایەوە. لە تەمەنم یەک جار کتێبم لە کتێبخانە لە غەفڵەتى خاوەنەکەیدا بردووە، ئەویش لە 14/10/1985، کۆچیرۆکى: (پێکەنینى گەدا)ى حەسەن قزڵجى بوو، نەمدەزانى بە شەقامدا دەڕۆم، یان بەناو تونێلێک ئاگر، یان لە ڕەوەزە شاخێکى عاسێدا گیربوویمە و هەڵدێران هەڕەشەم لێ دەکات، ها ئێستا نا، دوو هەنگاوى تر دەکەومە ناو چاڵێکى بێئامانەوە. لە نیوەى ڕێگاى گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، یەکڕاست بە ڕەنگى زەرد و هەڵبزڕکاو و دەروونى ماندوو و نیوەڕۆح بوومەوە گەڕامەوە لاى: (جومعە و ئەحمەد)، دانم پێدانا ئەم کارە خراپەم کردووە. ئەمانیش دەستیان لەسەر شانم دانا و دڵیان دامەوە و گوتیان: بۆیە دڵمان بە کتێب و ژیان خۆشە، هێشتان مرۆڤى باوەڕ بەپاکیى خۆى وەک تۆى تێداماوە، بە بچووکترین هەستپێکردن لە ناخەوە ئازارى پێبگات. لێیان بووریم و کتێبەکەیان لێ وەرنەگرتمەوە و دیوانى: (مەحوى)شیان بە دیارى وەک ڕەفتار و کردەوەیەک پێدام. لەم بارەى لێبووردنەدا هەر ئەوەتا لە خۆشیدا گەشکە نەیدەبردمەوە، لە قووڵایى بوونمەوە پاک بوومەوە و بەرەو ئارامیی دەروونى ڕۆیشتم. کتێبەکەم هەر لەلا مایەوە و هەمیشەش لێى دەسڵەمیمەوە. تا ساڵى 2010، پێشنیازم بۆ دەزگاى چاپ و بڵاوکراوەى ئاراس: (بەدران ئەحمەد حەبیب) کرد، کە چاپى سێیەمى ئەم کۆچیرۆکە بکەنەوە. هەردوو دەستى لەسەر چاوى ڕەزامەندى دانا و گوتى: شەیداى زمانى ئەو چیرۆکنووسەم و سوودیشم لە پێکهاتە و بنچینەى زمانە ئێجگار زیندووەکەى وەرگرتووە، توانایەکى سەرسوڕهێنەرى هەیە لە بەکاربردنى وشەى پەیوەست بە ژیانى کۆمەڵگاى کوردییەوە و زمان تائەوپەڕى دەناسێت و باش لە ناوکى وشەش تێدەگات، فەرهەنگى وەک خاکى سوارچاکان پاگژە و دەزانێت چۆن بنووسێت. ئەمانیش دواى هەوڵ و کۆشش و پەیوەندیکردن، شەش چیرۆکى ترى چیرۆکنووسیان خستە پاڵ چیرۆکەکانى: چاپى یەکەم: 1967 - بەغدا، چاپى دووەم: 1985 - بەغدا، ساڵى 2010 چاپى سێیەمیان خستە کتێبخانەوە.              

هەر بە ڕێ ڕوونى کتێبەوە لەگەڵ خەمى هەستپێکراو و  دنیاى زەینى زۆرێک لە شاعیر و نووسەران ئاشنا و پێیانەوە پەیوەست بوویمە، کەم و زۆر تواناى ئەوان لە خۆڕاچڵەکاندن و گەشە و پەروەردەکردنى ئەقڵ و خەیاڵ و داڕشتنى بینا و بینایى من، گەنجینە و هێزى ڕۆح و پێوانەى شیاو و سەرچاوەى درەوشاوە و سۆزى شاراوە بوونە. هەمیشەش لە ئەزموونى خۆمدا ویستى یەکەم و بێ پێوانەم ئەوە بووە، بەرهەمێکى خۆکردى حەڵاڵزادەى خۆم بەرهەم بهێنم. چیشم زانیوە، ئەوەم نووسیوە. جەوهەرى پێکهاتەى مرۆڤیش ئەوەیە چی دەزانێ ئەوە بنووسێت.

 Bilderesultat for ‫حیاط خانه های قدیمی اربیل کاریکاتور‬‎

گەڕان بۆ بابەت