سەرەتاى ڕێگا و بەرکەوتنم لەگەڵ کتێبدا، یان ئەو پەیوەندییەى لە نێوان خوێنەر و کتێبدا دروست دەبێت و دەمێنێتەوە. لەم دەلاقەیەوە خاڵى بوون و سەرچاوەى درەوشاوەى وەرگرت و بوو بە ئەفسوونێکى بەهێز و نەشکاو و قەڵاى پشت پێدان. کۆمەڵێک کتێب و دوو شووشە مەرەکەبى چینى، یەکێکیان ڕەش و ئەوی دى شین و قەڵەم پارکەرێکى بیست و یەکى ڕەنگ جەرگى تێدابوو، کتێبەکان زۆربەیان عەرەبى بوون. ئێستا نازانم ئەدەبى بوون، یان فەلسەفى، کۆمەڵناسى، سیاسى، مێژوویى، پەروەردەیى، ئایینى ..... تاد، لەناو کتێبەکاندا دیوانى: (حاجى قادرى کۆیى ) بە بەرگ تێگیراوى هەبوو، هەمیشە کەڵەگیاى بۆنخۆشى لەناو دادەنا، کە گیایەکە وشک دەبوو، دەیگۆڕى و دووبارە دایدەنایەوە. ئەم کتێبە هى ئامۆزایەکى باوکم بوو، مامۆستاى قوتابخانەى گوندەکەمان بوو. لە دامێن و ئەم لا و ئەولا سپییەکانى بۆنە و ڕێکەوتەکانى بنەماڵەکەمانى هەمووى تێیدا تۆمارکردبوو، وەک: ڕێکەوتى مردن و لەدایکبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حەج و گەڕانەوە و ناونووسکردنمان لە قوتابخانە ..... تاد.
ساڵى 1973 جگە لە کتێبەکانى قوتابخانە، یەکەمین کتێب بەر هەست و نەرمایى پەنجەکانم کەوت ئەم دیوانە بوو. کاکم بە دەنگ و ڕۆحێکى ئاهەنگسازییەوە دەیخوێندەوە. بە وریایى و ئارامى گوێم سووک و ڕوون ڕادەگرت. بێ ئەوەى هیچ شتێکى واش لە شیعرەکان حاڵى ببم، بەڵام لەناو چێژ و دەنگ و مۆسیقایەکەیدا ون دەبووم و بڕوام بە هەستێکى نادیار دەهێنا، بە دواى گەنجینەى شاراوەى زەینى خۆمدا وێڵ دەبووم، وێڵبوونێک مەگەر ڕێکەوت دەستم بگرێت و بمهێنێتەوە سەرەخۆ، دوایین ماناى ژیانم پێ بدات، کە مەرگە. مەرگیش یارمەتى تەواوى ئازارەکان دەدات. ئێستا بە گەشە و خۆشحاڵى و چێژى ئەوکاتم لە کتێبخانەکەمدا لە ڕیزى دیوانى شاعیرانى کلاسیکى کوردیدا، دیوانى حاجى قادرى کۆییم یەکەمین دیوان ڕیزبەند کردووە و ئەوانى دى بە دوایدا.
لە سەرەتاى منداڵیمدا حەزێکى بێ پێوانە و ئەفسووناویم بۆ گۆرانى تێدا ڕسکابوو، ڕادیۆیەکى نیمچە گەورەمان هەبوو، سندووقەکەى فایبەر بوو، بە پێستێکى قاوەیى داپۆشرا بوو، ئەمیش وەک دەلاقەکە لە قوماش بەرگێکى سپى بۆ کرابوو، بە دەزووى ڕەنگاوڕەنگ وێنەى مانگ و چیا و مامز و کەوى لەسەر نەخش کرابوو، هەمیشەش گوێم لێى ڕادەگرت و لە کەنارى مۆسیقاوە دەجووڵام، لە شەڕەبەرد و ئاژاوە و ڕاوە کێشکە و نیشانەشکاندن بە دارلاستیک و هەڵەپاسى دوورى دەکردمەوە، وەک ئەوەى ئەو ئاواز و نەوایەى گوێم نەرمە بارانێک بێت بەسەر خاک و خۆڵى دەوروبەرمدا بڕژێت و هەناوى فێنک و دەموچاویشى نەرم بکاتەوە. زۆر جاران بێ ئاگاداریی خوشک و برایەکانم بە شانى خۆمەوەم دەکرد و دەڕۆیشتم، بەم کردەیەم لێم تووڕە نەدەبوون و سەرزەنشتیان نەدەکردم، گردێک لە پشت ماڵمان هەبوو، بەدڵ گردێکى دڵبەربوو، دەچووم لە تەختایى ئەم گردەدا دادەنیشتم و تەماشاى ئەم لا و ئەولا و شینایى دەمەوعەسران و زەردەى ئێوارانم دەکرد و گوێم لە بەرنامەى گۆرانى داواکراو ڕادەگرت، هەموو ڕۆژێک دەمەوعەسران دووبارە دەبووەوە و لەگەڵیدا نەرمەبایەکى ڕەحمەت بەسەرمدا هەڵیدەکرد. جیهانێکى بۆ دروست دەکردم، هەستى خۆمم لەناو دادەمەزراند. بڕواشم بە جیاوازیی دەنگەکان دەهێنا، لەم ڕێگایەشدا دەگەڕام، کە پێیدا هاتبووم. واتە: ناخى خۆم. سەگێکى بەوەفاشمان هەبوو، ناوى دەبان بوو، کە لە ماڵ دەردەچووم لەگەڵم دەهات و پاسەوانى دەکردم. بە هیچ ئا و نایەکیش دوو هەنگاو لێم دوورنەدەکەوتەوە. وەک ئەوەى گەورەیەکم بێت و پێى گوترابێ چاودێریم بکات. نازانم ئەم ئەفسوونە چى بوو، کەوتبوومە ژێر ئەفسوونى دەنگى: (سەڵاح داودە)وە، بە تایبەتى گۆرانى کوێستانان خاڵخاڵ، کە لە بەرنامەى گۆرانى داواکراودا زۆر داوا دەکرا. هەرکاتێک ئەو گۆرانى بگوتبووایە ڕادیۆکەم دادەنا و دوومەترێک لێى دەکشامەوە و تەماشاى شکۆیم دەکرد. وەک ئەوەى تەلیسمێک بێت ئەم حاڵ و جەزبە و حاڵەتە پڕ لە خۆشى و شادى و ژیانە و داکشانەوە بەرەو ناخەم، تەنیا لەگەڵ لەرەى دەنگى گەرمى ئەم گۆرانیبێژەدا بۆ پەیدا ببوو، پاشان لەناو شەپۆلەکانى بادا بۆى دەگەڕام و لە هەستمدا سۆزى سووتێنەر و پڕ ئومێدم دەدۆزییەوە، ئەو دۆزینەوە و پشووى ناخە ئەوپەڕى تایبەتمەندى بوو. هەر بەهۆى ئەوەى زۆر گوێم لە گۆرانى دەگرت. شارەزایییەکى سەرەتاییم لەسەر چینەکانى دەنگیش پەیدا کردبوو، دەمتوانى لەسەر شێوازى بەشێک لە گۆرانیبێژان گۆرانى بڵێمەوە. هەر شتێک، کە تاسە و خواست و ئارەزووت بۆى هەبوو، تواناشت بۆى پەیدا دەبێت. بەهیچ جۆرێکیش حەزم لە گۆرانى زرم و کوت نەبوو، هەمیشە حەزم لەو گۆرانییانە دەکرد، کە وەک هێڵێک خەیاڵ درێژ دەکەنەوە. ئەم ئەشقى گۆرانییە لەگەڵمدا مایەوە و گەشەى کرد و پێکهاتە و بنچینەى خۆى دامەزراند، ئێستاش گۆرانى هاوسەنگیم دەپارێزێت و لەگەڵ خۆم بەخشندە و شکۆمەند و ئاسوودە و خۆشحاڵ و قووڵم دەکاتەوە، وەک مۆسیقایەکى نەرم بژیم.
ساڵى 1978 لە پۆلى یەکەمى ناوەندیدا مامۆستاى وانەى کوردیمان: (شێرکۆ ئەحمەد حەوێز) بوو، لە ڕۆژێکى زستانى باراناوی و سارددا لە پۆل داواى لێکردین داڕشتنێک لەبارەى (سروشتى لادێ) بنووسین. بەو پێودانگەى، کە من کوڕەلادێیى بووم لەوانى دى کەمێک زیاتر شارەزاى ئەم سروشتەم. بۆ هەفتەى داهاتوو داڕشتنەکەى هێنایەوە و بۆ هەموو قوتابییەکان نمرەى شیاوى خۆى دانابوو، تەنیا ئەوەى منى نمرە لەسەر دانەنابوو، وەک ئەوەى هەستى بە کارخراپییەکى من کردبێت، بە تووڕەیییەوە گوتى: (سەباح سابیر حەسەن) کێیە و بێتەدەرێ، بێ ئەوەى هیچ قسەیەک بکات لە تەنیشت تەختەڕەشەکەدا ڕایگرتم. ئەم مامۆستایە، مامۆستایەکى بەجەرگ و دەگمەن و ملاومل پەروەردەکار و خۆش سروشت بوو، تا ئەو پەڕیش دڵبەدەرەوە بوو، لەگەڵ وانەى کوردى و دنەدانى قوتابى بۆ خوێندنەوەى ئەدەب و دامەزراندنى گۆڕانکارییەکى ئەدەبى. بەو بیانووەى وانەى کوردى زمانى خۆمانە و پێویستە لەناویدا بکوڵێین و بە دۆخەکانى ساردبوونەوە ڕەتببین، لەم نێوانەدا بگەین بە دۆخى دۆزینەوە و باش لە پێکهاتە و بنچینەکانى شارەزابین. زمانیش هەستێکى گەرماوگەرم و خۆڕسک و دەگمەن و پشوودرێژ لە مرۆڤدا دروست بکات. هەر قوتابییەک لە شەست کەمترى وەربگرتبوایە لێى دەدا و لێپێچینەوەى لەگەڵدا دەکرد. دواى ئەوەى ئافەرینى بەشێکى کرد و لە بەشێکیشى دا. ڕووى لە من کرد و گوتى: کێ بۆى نووسیوى. منیش لەو هەستە تۆقێنەرەى چەند چرکەیەک پێشتر تێیدا خولم دەخوارد و بیرۆکەى پەرت و بڵاو گەمارۆی دابووم. زۆر بە ئارامییەوە گوتم: ئەدى مامۆستا لە پۆلدا نەماننووسى. نەختێک چووەوە ناو زەینى خۆى و تووڕەیییەکەى خاو بووەوە و خوێنێکى خۆشیی لە دەموچاوی خۆش سروشتیدا گەڕا. ئینجا نمرەى لەسەر داڕشتنەکەى منیش دانا و گوتى: ئافەرین (سەت). ئاى چۆن سەرکەوتنێکى بچووک لە دنیاى ژێرى دەتباتە دنیاى سەروو. ڕۆژى دوایى هاتەوە کۆشیعرى: (تاریک و ڕوون)ى هێمنى بۆ هێنابووم. منیش هێندە شەیدا و دڵبردە و دڵەدووى ئەو ئافەرینە بووم، نیو هێندە شەیداى شیرى ناو گوڵەگەنمى کێڵگەى گوندەکەمان نەبووم. مەگەر ئەو دەمەوعەسران و زەردەى ئێوارانەى لەسەر گردى پشت ماڵمان، یان گردى ئاشناییم گوێم لە بەرنامەى گۆرانى داواکراو ڕادەگرت و دەچوومەوە ناو زەینى خۆم و لە خودام دەخواست ناولەپ و ناوچەوانم ڕێگاوبان بوونایە، گۆرانیبێژەکان بەناویدا هاتوچوویان بکردبووایە.
سەرەتاى ڕێگا و بەرکەوتن و یەکەمین پەیوەندیم لەگەڵ خانمى کتێبدا لەم ڕووداو و خۆشبەختییەوە دەستى پێکرد و بووە هێڵ و هێماى بوونم. ئەو هەفتەیە بە هەموو بوونێکمەوە لەناو کۆشیعرەکەدا ژیام، ژیانێک مەگەر بەس متەسەووفەکان لە مانەوەیان لەسەر دووگورد و شەونوێژ و چاوداخستن و وێرد بەرزکردنەوەدا، هێندە چێژیان وەرگرتبێت و لە بوونى خودا و لە خۆیان نزیک بووبێتنەوە و گەیشتبن بە ناخى خۆیان. واتە: یەکبوون لەگەڵ خودا و هێزى ئەدەب. بۆ هەفتەى داهاتوو کۆشیعرەکەم بۆ گەڕاندەوە. گوتى: بۆ ئاوا زوو هێناتەوە. بەدڵت نەبوو، یان لە خوێندنەوەیدا پەلەت کرد. منیش بە بێباکى و نەختێک بە هەوابەرزى و بە خۆهەڵخستنەوە گوتم: مامۆستا زۆرینەم لەبەرە. وەک ئەوەى بڕوام پێنەکات و لە قسەکەم بە گومان و دوودڵ بێت گوتى: دەفەرموو ئەگەر دەمت سپییە وەرە بەر تەختەڕەش و ئەوەى لەبەرتە بیڵێ. منیش گوتم کامە شیعر. دیسان هەڵوەستەیەکى ترى کرد و چووەوە ناو زەینى خۆیەوە. وەک ئەوەى بیەوێت بمخاتە بەر ڕووناکییەکى هێمنەوە و لە بڕوا بەخۆبوون و خۆهەڵخستنەکەم دڵنیابێت. لاپەڕەى هەڵدایەوە و ناونیشانێکى دەگوت. تەواوى وانەکە، چل چرکە بوو. من شیعرم تێیدا خوێندەوە. لە گۆکردن کەمێک هەڵەم دەکرد، بۆى ڕاست دەکردمەوە، لە کۆتایى وانەکەدا پێمى گوت: بەهرەیەکى دەگمەن و کەم وێنەى، ئەو وزەیەى هەتە باش مشتوماڵى بکە، چالاک نیشانت دەدات. هەر هەمان ڕۆژ منى بە کتێبخانەى (تەئمیم) و خاوەنەکانى: (جومعە و ئەحمەد)، کە دوو مرۆڤى هێمن و لەسەرەخۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناکرد و ناوى ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان و کاتى دەرچوونیانى بۆ نووسیم. یەکەمین کتێبیش، کە کڕیم کتێبى: (کاروانى شیعرى نوێى کوردى) کاکەى فەلاح بوو.
لەو ڕۆژەوە لەفە و بەدەمچە و کەوکەو و شەڵغەم و لەوزینەگەزۆ و شەکرلەمە و فەریکەنۆک ..... تاد، خواردن نەما. ڕۆژانەکەم بووە خەرجى ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب، یارمەتى ئەوەى دام توانا لە خۆمدا بدۆزمەوە و ئاراستەى کردم و جیهانى نادیارم کەوتە گەڕ.